توێژینەوەیەکی ئەم دواییانەی پەیمانگای "توێژینەوەی ئۆتۆمبێل (CAR)" ئاشکرایکردووە، کە ئەو سوودانەی کە کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینی بەدەستی دەهێنن بەم زووانە لە بازاڕی ئەوروپادا لە وڵاتانی دیکەدا ڕەنگدەداتەوە، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی کێبڕکێ لەناو بازاڕی چینیدا. توێژینەوەکە دەریخستووە کە بازاڕی ناوخۆیی چین شاهیدی شەڕێکی توندی نرخەکانە لە نێوان کۆمپانیاکانی وەک "BYD - MG - Great Wall". ئەم کێبڕکێیە هانی کۆمپانیاکان دەدات کە ئۆتۆمبێل بە نرخێکی بەرچاو کەمتر پێشکەش بکەن بە بەراورد بە نرخەکانیان لە بازاڕەکانی هەناردەکردن، وەک ئەڵمانیا. باجەکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینی هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ بۆ بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی ئەوروپی، ئەمەش توانای کۆمپانیا چینییەکان سنووردار دەکات بۆ کێبڕکێی ڕاستەوخۆ سەرەڕای تێچووی بەرهەمهێنانی بەرزتر. فێردیناند دودنهۆفەر، پسپۆڕی ئابووری، لە توێژینەوەیەکیدا پێشبینی دەکات ئەوروپا شاهیدی دابەزینی زیاتری نرخی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بێت لە ئەنجامی فشاری کۆمپانیا چینییەکان، تەنانەت لەگەڵ بەردەوامبوونی باجەکانیشدا. دودنهۆفەر ڕوونیکردەوە کە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی چینی دەتوانن سوود لە تێچووەکانیان وەربگرن بە زیادکردنی قەبارەی بەرهەمهێنان، بەتایبەتی لە کەرتی پاتریدا، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی بازاڕکردن و فرۆشتن بۆ هەر یەکەیەک بە تێپەڕبوونی کات. هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دامەزراندنی کارگەی نوێ لە چوارچێوەی ئەوروپا کرد بۆ بەهێزکردنی بوونی چین و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ. هاتنی ئۆتۆمبێلی چینی بۆناو بازاڕ، بە نرخێکی کەمتر و تایبەتمەندی بەرز بووەتە هۆی زیادبوونی کێبڕکێ لە بازاڕەکانی جیهاندا، کۆمپانیا چینییەکان بە نرخێکی کەمتر ئۆتۆمبێل پێشکەش دەکەن بە بەراورد بە براندا جیهانییەکان و نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش کۆمپانیایەکانی دیکە ناچار دەکات کە بە ستراتیژی نرخەکانیاندا بچنەوە. ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکانی وەک ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵااتی ناوەڕاست، سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە، کە بەکارهێنەران بەدوای ئۆتۆمبێلی گونجاودا دەگەڕێن، ئەم فراوانبوونەش پشکی بازاڕی کۆمپانیا چینییەکان لەبەرامبەر کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرزدەکاتەوە. ئۆتۆمبێلی چینی بووەتە ڕکابەرێکی دیار لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی جیهانیدا، بەهۆی داهێنانی تەکنەلۆژی و نرخە گونجاوەکانیەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، پێشبینی دەکرێت کاریگەری چین لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشە بکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەسۆشیەیتد پرێس (Associated Press)، فەرماندەی سەرەکی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی بە سەرۆکایەتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی ئەو هێزەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت وەک گروپێکی یەکگرتوو لە سوپای نیشتمانیدا. لێدوانەکانی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بە سەرکردایەتی کورد و ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێن، لە چاوپێکەوتنێکدا پێنجشەممە لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، پێدەچێت ئاماژە بێت بۆ پێشکەوتنێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بۆ چەند مانگێک لە دۆخێکی خراپدا بوو. عەبدی وتی: ئێستا هەردوولا لەسەر "میکانیزمێک" بۆ یەکگرتنەوە ڕێککەوتوون. ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە باسی ژمارەیەکی زۆر و دەیان هەزار سەرباز و هەروەها هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو هێزانە ناتوانن وەک کوتلە بچووکەکانی تر بە تاک بچنە ناو سوپای سوریاوە، بەڵکو وەکو پێکهاتەی سەربازیی گەورە پەیوەست دەبن کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی بەرگری پێکهێنراون”. تەواوی لێدوانەکانی عەبدی لە چاوپێکەوتنەکەدا لە چەند خاڵێک خۆی دەبینییەوە کە ئەمانەن: - هەندێک نەرمی لە هەڵوێستی تورکیادا هەیە سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سوپای سوریادا. - هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق لەسەر میکانیزمێک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان لە سوپای سووریا ڕێککەوتوون. - دەیان هەزار لە هێزەكانی سووریای دیموکراتی دیموكرات و هەزاران هێزی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێککەوتنەکەدا بەشدار دەبن. - فەرماندە و ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکرات پۆستی باڵاو گرنگ لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی سوپای سووریا وەردەگرن. - لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ کارکردن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دیکەی سەربازی بۆ پەرەپێدانی میکانیزمی گونجاو. - ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا هۆكاربوون لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی حکومەت دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، دوای ئەوەی بزووتنەوەکەیان بە پێشێلکردنی مەرجەکانی تۆمەتبار کرد. بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەی یەدیۆس ئەهرۆنۆت، بەرپرسانی ئیسرائیل دواکەوتنی حەماس لە ڕادەستکردنی پاشماوەی ئەو بارمتانەی لە ناو کەرتی غەززە کوژراون ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو بیانووانەیان قبوڵ نەکردووە کە بزووتنەوەکە پێشکەشی کردووە. بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ناتوانێت بگاتە ئەو ١٩ کەسەی کە ڕادەست نەکراونەتەوە، جەختی لەسەر پێویستی هەوڵ و کەرەستەی تایبەت بۆ دەرهێنانیان لە داروپەردووەکان کردووەتەوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت وڵاتەکەى پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیەو لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد، بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ستایشی پەیوەندییە مێژوویی و پتەوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە لە کاتە سەختەکاندا کردەوە. هاوکات، واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئێمە ڕابردوویەکی دوور و درێژ و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە و جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتی ئەڵمانیا و کونسوڵخانەکەیان لە کوردستان بکەین، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا." هەروەها ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی ئەڵمانیا کرد لە شەڕی دژی داعش، کە بە هاوکارییەکی "ڕاستەوخۆ و کاریگەر" وەسفی کرد بۆ پاراستنی کوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پەیوەندیی پتەو و پێشکەوتووی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ئەڵمانییەکانی وەک GIZ و THW کرد، کە لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، و پشتیوانیکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕێکخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کردووە، وەک پڕۆگرامەکانی "قودرە" و "کاش فۆر وۆرک" (پارە بەرامبەر کار)، کە جێگەی دەستخۆشییە. خاڵی هەرە گرنگی کۆنفرانسەکە، ڕاگەیاندنی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتنی نوێ بوو. وەزیری ناوخۆ گوتی: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە لێکگەیشتنێکی دیکە واژۆ کرا، کە بۆ یەکەمجارە ڕێکخراوی GIZ یاداشتێکی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژۆ دەکات،" ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. لای خۆیەوە کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر پتەویی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ کردنەوەی ڕێگەی یاسایی بۆ ئەو گەنجە کارامانەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، هاوکات هاوکاریی ئەو کەسانەش دەکەن کە بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. کونسوڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا "ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری کارامە هەیە" و لەم ڕوانگەیەوە، پلانیان هەیە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی کورد. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە، ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و پرۆگرامی گەشەپێدانی کۆچ، بە هاوکاریی هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی گەنجان بکەن تا بە ڕێگەیەکی یاسایی بگەنە ئەڵمانیا." لە لایەکی دیکەوە، کونسوڵی ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر پرۆگرامی پشتیوانیکردنی ئەو کەسانەی کە بە خواستی خۆیان لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئێمە هاوکاریی ئەو کەسانە دەکەین بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێنەوە. لێرە، لە ڕێگەی ئاژانسی پەرەپێدانی ئەڵمانیا (GIZ)، یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی دووبارە ئاوێتەی کۆمەڵگە ببنەوە و هەلی کاریان بۆ دابین بکەین." بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆگرامە، ناوبراو ئاشکرای کرد، ناوەندیی تایبەتیان لە شارەکانی هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردووەتەوە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى ڕاوێژکاری باڵای حکومەتى ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، پارەی ئاوەدانکردنەوە ناچێتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراون و هیچ دەستێوەردانێک ناکات لەو پارەیەدا، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو بەرنامەیەکیان هەیە پاداشت بدەنە ئەو کەسانەى کە هاوکارن لە دۆزینەوەو ناسینەوەى تەرمى ئیسرائیلییەکان لەکەرتى غەززەدا. ڕاوێژکاری باڵاکەى ئەمریکا ئەوەشى باسکردووە، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی غەززەدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ئێستا بەرەو قۆناغی دووەم دەڕۆن، وتیشى: ئێمە چووینە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی غەززەوە، گفتوگۆی زۆر ئەرێنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی کاریگەرانەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە. هەر لەو چاوپێکەوتنەى ئاژانسى رۆیتەرزدا، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، پێکهێنانی هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی بۆ غەززە دەستیپێکردوەو دۆخەکە دوای دوو ساڵ لە شەڕی غەززە تا ئێستا لە ڕادەبەدەر هەستیار ماوەتەوە، وتیشى: هیچ کەسێک لە غەززە ناچار نابێت بچێتە دەرەوە، زۆرێک لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هێزی سەقامگیری لە غەززە دەربڕیوە، لەنێویاندا ئەندەنوسیا.
دانوستانەکانی ڕووسیا و سوریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆتایی هات، لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی، ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرکردەیەکی سووریا بوو بۆ ڕووسیا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی لەکارخراو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەوزی کۆشکی گەورەی کرێملین کاتژمێر ٢:١٥ی پاشنیوەڕۆ دەستیپێکرد بەکاتی مۆسکۆ. لە میانەی دیدارەکەدا سەرۆکی سووریا دووپاتی کردەوە کە سووریا هەوڵدەدات "پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕوسیادا ڕێکبخاتەوە"، هاوکات سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ حەز دەکات لە قۆناغی دوای جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی سووریادا پاڵپشتی سوریا بکات. سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئاشکرای کرد کە دانوستانەکان باس لە پڕۆژەی تایبەت لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، گەشتوگوزار، و تەندروستی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ پێشنیاری کردووە بەشداری بکات لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا کە لە سەردەمی سۆڤیەت دامەزراون و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرتی وزە، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەشمان پێک هێناوە بۆ پێشخستنی دەرهێنانی نەوت لە سووریا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هاوکاری لەگەڵ سووریا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، هەروەها مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداری چالاکانە لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و بە پشتیوانیکاری "تیرۆر" ناوی ئەمەریکا دەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم 2025، لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەربارەی ئێران لە شەرم شێخ ئاماژەی داوە "ئەمەریکا کە وەک گەورەترین دروستکەری تیرۆر و پشتیوانی ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، هیچ مافێکی تۆمەتبارکردنی وڵاتانی نییە." وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێدانی لەڕادەبەدەری چەک بەو ڕژێمە، وایکردووە ئەمەریکا ببێتە گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدەری ئاسایشی ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە و قاسم سولەیمانی بە نموونە هێناوەتەوە، هاوکات ئەمەریکاشی بە دروستکاری داعش تۆمەتبار کردووە. هەروەها هەڵوێستی ئەمەریکای لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە بانگەشەیەکی بێنبەما ناوبردووە و ئاماژەی داوە، هەرگیز بەم قسانە ناتوانن تاوانە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پەلاماردانی خاکی ئێران و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئێران، بشارنەوە؛ بە پێچەوانەوە بەرپرسیارەتی ئەمەریکا بۆ ئەو هەموو تاوانە قورستر دەکات و ڕق و کینەی قووڵی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا بەرانبەر گەلی ئێران دەردەخات. هەروا ڕەخنەی لە هەوڵ و ڕۆڵی ترەمپ گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئارەزووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و گفتۆگۆ، پێچەوانەی ڕەفتارەکانییەتی بەرانبەر گەلی ئێران، بۆ ئەمەش ئاماژەی داوە "چۆن دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر شوێنی دانیشتووان و دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتێک و زیاتر لە هەزار کەس، لەوانەش ئافرەت منداڵی بێتاوان بکوژرێن و پاشان بانگەشەی دۆستایەتی ئاشتیی بکرێت" لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئیرانییەکان بە پشتبەستن بە کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی خۆیان، خاوەن لۆجیک، گفتوگۆ و هەڵسوکەوتن، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی شکۆمەندی و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، بە ئازایەتیی و بێدوودڵی، بەرگریی لە سەربەخۆیی دەکەین."
ڕێکخراوی خێرخوازی هالۆ تراست کە بنکەکەی لە بەریتانیایە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵى ئەوەیە تیمێکی 100 کەسی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەو تەقاندنەوەى بۆمب کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو غەززە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە زۆرە تەقەمەنییە نەتەقیوانەی کە لە دوو ساڵ شەڕدا بەجێماوەو بوونەتە مایەى مەترسى بۆ سەر دانیشتوانى شارەکە. ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى غەززە چووە بوارە جێبەجێکردنەوە و قۆناغى دووەم لە رێگایە کە چەکدانان و بەرێوەبردنى غەززە لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چەندین خاڵى ناکۆک هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە ئازادکران ئەمڕۆ فەلەستینییەکان دوای ٧٣٧ ڕۆژ لە جەنگ جارێکی دیکە گوێیان لە ژیانێکى ئاسایی دەبێت، بۆ ماوەی دوو ساڵە دەنگی گریانی کۆرپەکانیش بەهۆی زەنگی بێکۆتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و بۆمبڕێژکراوەکانی ئیسرائیل و تەقینەوە و هاوار و گریانی بریندارەکانەوە نەدەبیسترا، هاوڵاتیان خەریکە ئەو دەنگە نیشتمانیانە فێر دەبنەوە کە ژیان دروست دەکەن. لە کۆی دەیان هەزار بۆمب کە هالۆ دەڵێت فڕێدراونەتە سەر خاکەکەو نەتەقیوەنەەوە، ئەوان دەڵێن لە 10%یان نەتەقیونەوە - بەڵام تەنها کاتێک ژمارەی ڕاستەقینەی دەزانێت کاتێک شانبەشانی کرێکارانی بیناسازی دەست بە کارکردن دەکەنەوە ئامارى دروستیان بۆ دەردەکەوێت. کارەکە مەترسیدارە، بەرپرسانى ئەو ڕێکخراوە پێیان وایە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری غەززە لە ژێر داروپەردوودا نێژراوە، شارەزایانی فڕێدانی بۆمبەکانیان پێویستیان بە کارکردن دەبێت لەسەر سیستەمێکی بەهێزو پێشکەووتوو وەک ئەوەی لە سوریا ئەوکارەیان کردووە. بەهۆی ئەوەى پێدەچێت بەشێکى جەستەو تەرمى دانیشتوانى شارەکە کەوتبنە ژێر داروپەردوە ڕوخاوەکانەوەو نێژرابن لەژێرخاکدا، ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئیمامێکدا کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ڕەچاوی هەڵگرتنەوەى تەرم و لاشەکانیش بکەن و بۆ ڕێوڕەسمى پێویستى ئیسلامییان بۆ دەکرێت. ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە گەیاندنی شارەزاکانی بۆ ناو هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمپێک و پاککردنەوەیان لە تەقەمەنی ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن پاوەندى تێدبچێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە شاری هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخی میسر، لەوێ سەرۆکایەتی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستى ئاگربەستى شەڕى غەززە دەکات کە کۆمەڵێک سەرکردەی وڵاتانى جیهان بەشداریان تێدا کردووە . هێزی ئاسمانی یەک و فڕۆکە جەنگییەکانی میسریی یاوەریی فرۆکەکەى ترەمپیان کردوە کاتێک گەیشتوەتە ئاسمانى ناوچەکە. شەرم شێخ ئەو شوێنەیە کە هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس و ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تێیدا کۆبوونەوە. هەر پەیوەست بەجێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆسەکە، باڵی سەربازی حەماس کە لیواکانی ئەلقەسامە، ناوی چوار بارمتەی کوژراوی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمەکانیان ڕادەستى ئیسرائیل دەکاتەوە. خاچی سوورى نێودەوڵەتىیش ڕایدەگەیەنێت تیمەکانیان لە ڕێگادان بۆ خاڵێکی کۆبوونەوە لە باشووری غەززە، کە "چەند تابووتێکی بارمتە کوژراوەکان" لە لایەن حەماسەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەو ڕادەستى ئەوان دەکرێت، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنی شین بێت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازاد کران، چاوەڕوانیش دەکرێت 48 بارمتە ئازاد بکرێن لەو ژمارەیەش 20 بارمتەیە زیندوون. سەرجەمیان جگە لە یەکێک لە بارمتەکان نەبێت لە نێو ئەو 251 کەسەدا بوون لە هێرشی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندرابوون و نزیکەی 1200 کەسی دیکە تێدا کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن هەردوو دەوڵەتى ئیسرائیل و میسرەوە بەرزترین خەڵات و ڕێزلێنانى مەدەنى پێشکەش دەکرێت، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی لە دەستەبەرکردنی ئاگربەستی غەززە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات. فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا. ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەک تەنیا هاوکار بوو بۆ هێنانەوەی ئازیزانمان بۆ ماڵەوە، بەڵکو بناغەیەکی بۆ سەردەمێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا کە لەسەر ئاسایش و هاوکاری و هیوای ڕاستەقینە بۆ داهاتوویەکی ئارام بوونیادنراوە، ئەوە شەرەفێکی گەورە دەبێت بۆ من کە مەدالیای ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی ئیسرائیلی پێی ببەخشم". لەلایەکى دیکەوە بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر فەرمانی نیل بە ترەمپ دەبەخشێت، کە دواتر ڕۆژی دووشەممە سەردانی میسر دەکات، "بە پێزانینێک بۆ ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و هێورکردنەوەی ململانێکان و ڕۆڵی پێشەنگی لە وەستاندنی شەڕی غەززە". بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم" بۆ ئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل. سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست؛ هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.
بڕیارە سبەی دووشەممە میسر میوانداری لوتکەی نێودەوڵەتی بکات لە ناوچەی شەرم شێخ بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی غەززە و ئیسرائیل. ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025, لوتکەی ئاشتیی شەرم شێخ بەڕێوەبچێت و تێیدا 25 سەرکردە و سەرۆک و نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەشدار دەبن. ماڵپەڕەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، لوتکەکە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی میسر و ئەمەریکا دەبێت. بەپێی سەرچاوەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە دەبن، هەروەها لە دیارترین بەشداربووان کە ئامادەبوونیان پشتڕاستکراوەتەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا. تائێستا هیچ راگەیەندراوێک سەبارەت بە بەشداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لوتکەکەدا بڵاونەکراوەتەوە. حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "حەماس لە پرۆسەی واژۆکردندا بەشدار نابێت، تەنها نێوەندگیری و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بەشدار دەبن". هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "بزووتنەوەی حەماس وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە".
ئەمشەو شەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2025، لەسەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان پێکدادانی قورس لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات دروستبووە. لە راگەیەندراوێکدا سەربازیدا تاڵیبان ئاشکرایانکردووە، "وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان، هێزەکانیان لە چەند ناوچەیەکی سنووری جیاوازدا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی پاکستان، پێکدادانی قورس لە نێوانیان بەردەوامە". تاڵیبان هێزەکانی رێکخستووەتەوە و هێزی زیاتریشی بۆ سنوورەکانی وڵاتەکەی ناردووە، هەروەها وەزیری جەنگی تاڵیبان رایگەیاندووە، "ئێستا لە ژووری بەڕێوەبردنی جەنگم و سەرپەرشتی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی ئاسمانی ئەفغانستان دەکەم بۆ سەر چەند خاڵێکی سنووری پاکستان". هۆکاری شەڕەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کابول، ئیسلامئابادی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لەناو خاکی وڵاتەکەیدا. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی تاڵیبان شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.
ڕۆژنامەی دى زێتى ئەڵمانى بە ڕاپۆرتێک وردەکارى ژیانى شاراوەى بەشار ئەسەد سەرۆکى پێشووى سوریاى لەشارى مۆسکۆى پایتەختى ڕوسیا ئاشکرادەکات، بەپێى ڕاپۆرتەکە ئەسەد بە ئازادی بەدەوری مۆسکۆدا دەسوڕێتەوە، سەردانی مۆڵێک دەکات و چەندین کاتژمێر یاری کۆمپیوتەر دەکات. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سوریا بەرەو مۆسکۆ هەڵهات ، ئەمەش لە ناوەڕاستی کودەتایەکدابوو لە وڵاتەکەیدا کە ئەحمەد شەرعی هێنایە سەر دەسەڵات . ئێستا دوای نزیکەی ١٠ مانگ، ڕۆژنامەی دی زەیت ئەڵمانی توانیویەتی بگاتە شوێنی مانەوەو خۆ حەشاردانی ئەسەد لە پایتەختی ڕووسیا - کە ئاسمان ڕوتێکی لوکسە، کە خێزانەکە خاوەنی نزیکەی ٢٠ (یەکە) شوقەن لە سێ نهۆمدا. ئیستا بە تەواوی لە ژێر دەسەڵات و چاودێرى ڤلادیمێر پوتین و حکومەتى ڕوسیادا، بەگوێرەی زانیارییەکان، پوتین "کۆنتڕۆڵى تەواوى لەسەر جموجوڵ و زانیاریەکانى داناوە ئەمەش بە وتەی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب کە قسەی لەگەڵ رۆژنامە ئەڵمانیەکە کردووە. ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە قسەی لەگەڵ خ. کردوەو باسى ئەوەى کردووە کە ئەو لە "خێزانێکی کاریگەری سوریی" لەدایک بووە و لە منداڵیدا زۆرجار میوانی ماڵی بنەماڵەی ئەسەد بووە. لە تەمەنی گەورەییدا وەک ئەفسەرێکی پلە باڵا لە سوپادا کاری کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەسەد لە ساڵی 2012 هەوڵیدا لەناویببات، ژمارەیەک پاسەوانی کوژراون، پاشان بڕیاریداوە سوریا بەجێبهێڵێت، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە هێشتا ڕژێمی نوێ وەک بەشێک لە "نوخبەی کۆن" سەیری دەکات. خ ـ بەرپرسە سوریەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زانیاریانەی لەگەڵ ڕۆژنامەکە ئاڵوگۆڕ کردووە لە "سەرچاوەی متمانەپێکراو"ەوە وەریگرتووە هەروەها ووتوشیەتى: ئەو و خێزانەکەی دەتوانن بە ئازادی لە مۆسکۆ جوڵە بکەن، ئەوان پاسەوانی کۆمپانیایەکی تایبەتی ئاسایش دادەمەزرێنن، کە لەلایەن حکومەتی ڕووسیا پارەی بۆ دابین دەکرێت. ئەو وتویەتى: ئیستا بەشارو بنەماڵەکەى لە سێ شوقەدا دەژین لە تاوەرێکدا کە مۆڵێکی بازرگانی لە ژێرەوەیە، ناوبەناو سەردانی ئەو شوێنە دەکات. جگە لەوەش هەمان کەس ئاشکرایکردووە کە "ئەسەد چەند کاتژمێرێک بە یاری ڤیدیۆیی ئۆنلاین بەسەر دەبات". بەوتەى هەمان سەرچاوە، باری تەندروستی ئەسمای هاوسەری ئەسەد لەڕادەبەدەر خراپە. لە ساڵی ٢٠١٨ تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و چاکبووەتەوە، بەڵام لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤ نەخۆشییەکە گەڕایەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بارودۆخی بە "ناجێگیر" دادەنرێت. جگە لەوەش، خ ئاماژەی بەوەشکردووە، ماهیر، برا بچووکەکەی ئەسەد، لە هۆتێلی فۆڕ سیزن لە شارەکەدا دەژی و "کاتەکانی بە سەرخۆشبوون و جگەرەکێشانی نێرگەلە بەسەر دەبات". سەرەڕای ئەو نهێنییە گەورەیەی کە لە دەوری حەشارگەی دیکتاتۆرە شاراوەکەدا هەبوو، ستافی ڕۆژنامەکە توانیان بچنە ناو بیناکەو لەوێ بریکارێکی خانووبەرەی ناوخۆییان ناسیوە کە بەناوی ساختەی ناتاشا خۆی ناساندوە. ئاماژە بەوەکراوە، ناتاشا لە هۆڵی چوونە ژوورەوە چاوەڕێی ستافى ڕۆژنامەکەى کردوەو چەند شوقەیەکى پیشان داون لەڕووی بەرزی و دیزاینەوە هاوشێوەی شوقەی بنەماڵەی ئەسەدبووەو بە گوتەی ئەو، "زۆرێک لە سیاسەتمەداران بیانییەکان لەم تاوەرانەدا دەژین. لە نهۆمی ٦٧، ناتاشا بە کارت و کۆدەکەی کردەوە. "شووقەکە مۆبیلیاتی تێدایە و بە تەواوی گونجاوە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕۆژێک چێژیان لە کۆشکەکانی دیمەشق، ئەبوزەبی یان دوبەی وەرگرتووە. دولابی جل و بەرگ لەگەڵ چوارچێوەی زێڕین، دارە بەنرخەکان و قەنەفەی فراوان، هەروەها جێگەی نوستن و جێگەی شەوانە و ئاوێنەی ماکیاژ هەموویان مۆدێرن." بەپێی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە، "چێشتخانەکەى بریقەدار و مۆدێرن بووە، لەگەڵ چەندین ئامێری دروستکراوی ئەڵمانی. هەموو ژوورەکان تەلەفزیۆنی گەورە و بڵندگۆی ناوەوە و پەنجەرەی ئەرز تا سەقفیان لەسەر ئاستی هەورەکان هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، حەمامەکەیە. هەمووی مەڕمەڕی کارارایە. بانیۆیەکی زەبەلاح و گەرمکراوی سیرامیک لەبەردەم پەنجەرەکەدا هەیە کە بەرزییەکەی چوار مەتر دەبێت". لە مانگی شوباتدا، لە هەنگاوێکی نائاساییدا، کوڕەکەی حافز کورتە ڤیدیۆیەکی لە مۆسکۆوە بڵاوکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە - ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فۆڵۆوەرەکانی هەوڵبدەن بە تەواوی بزانن لە کوێی شارەکەدایە. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە حافز بەناو گەڕەکێکی ئاست بەرزی مۆسکۆدا دەڕوات، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دوای هەڵهاتنی، و باسی ساتەکانی پێشووی دەکات. ئیدیعای کرد: هیچ پلانێک نەبوو، تەنانەت یەدەگیش نەبوو بۆ ئەوەی دیمەشق بەجێبهێڵێت، چ جای سوریا. دوای ئەوەی باوکی سەدان هەزار خەڵکی خۆی کۆمەڵکوژ کرد، ئەسەد جونیۆر وتی: لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا سوریا بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕیوە کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەسەریدا تێپەڕیوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە پێش ئەوەی ئەو ڕووداوانەی کە بوونە هۆی ڕووخانی ڕژێم دەستپێبکات، بۆ تەواوکردنی تێزی دکتۆرای خۆی گەیشتە مۆسکۆ، لە کاتێکدا دایکی ئەسما لەو کاتەدا دوای چاندنی مۆخی ئێسک لە پایتەختی ڕووسیا بوو. ڕوونیشیکردەوە، بڕیاربوو بۆ ماوەیەک لەو شارە بمێنێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بە بڕوانامەکەی، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی سوریا، لە 1ی کانونی یەکەمدا گەڕایەوە دیمەشق بۆ ئەوەی لەگەڵ باوکی و کەریمی برای بێت. دایکی بۆ تەواوکردنی چارەسەرەکەی لە مۆسکۆ مایەوە و خوشکەکەی بەناوی زەین ئەسەد لەگەڵیدا مایەوە. نووسیویەتی، لە ٧-٨ی کانوونی دووەم، ئەو ڕۆژانەی کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستبەسەرداگرتنی شارە سەرەکییەکانی سووریا و دیمەشقیان تەواو کرد، ئەو هێشتا لەو وڵاتە بوو و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرد کە کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە خێزانەکەی پێشتر هەڵاتوون، وێنەی خۆی لە پارکێکی ناوخۆیی گرتووە و وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە هیچ ئامادەکارییەک و هیچ شتێک نەکراوە کە ئاماژە بە ڕۆیشتنیان بکات، تا "بەرپرسێکی ڕووسی" هاتە ماڵەکەیان و داوای کرد سەرۆک ئەسەد بچێتە لازقییە - کە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا هەڵکەوتووە. لە پۆستەکەدا نووسیویەتی "بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بەڕێکەوتین، نزیکەی کاتژمێر ٣ی بەیانی گەیشتینە فڕۆکەخانەکە لە کارمەندان چۆڵ بوو، لەنێویاندا تاوەری کۆنترۆڵ". "پاشان بە فڕۆکەیەکی سەربازی ڕووسیا چووینە لازقییە، لەوێ پێش بەیانی لە فڕۆکەخانەی خمەیمیم نیشتوینەتەوە".
وتەبێژی کۆشکی سپی بەهۆی نەبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنە لە لیژنەی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەگرێت، هاوکات براوەی خەڵاتەکەش دەڵێت: بەهۆی پشتیوانییە بەردەوامەکەی، نۆبڵی ئاشتی پێشکەشی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەم. هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025،ستیڤن چیونگ، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی، کۆتاییهێنان بە جەنگەکان، و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک بەردەوام دەبێت. دەشڵێت: ئەو دڵێکی باشی هەیە و کەسێکی مرۆڤدۆستە و هەرگیز کەسێکی وەک ئەو نابێت کە بتوانێت بە هێزی ئیرادەی خۆی هەموو ئاستەنگەکان تێبپەڕێنێت و کاری ئەستەم بکات؛ "لیژنەی نۆبڵ سەلماندیان کە سیاسەت لە سەرووی ئاشتی دادەنێن." لایخۆیەوە، ماریا کۆرینا ماچادۆ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەم ڕێزلێنانە لە ئەنجامی خەباتی هەموو ڤەنزوێلییەکان و پاڵنەرێکە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەمان و بەدەستهێنانی ئازادی. دەشڵێت: "ئێمە لە سەرکەوتن نزیکین و ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێک، پشت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گەلی ئەمەریکا، گەلانی ئەمەریکای لاتین و وڵاتە دیموکراتییەکانی جیهان وەک هاوپەیمانی سەرەکیمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی دەبەستین. هەروەها نووسیویەتی: من ئەم خەڵاتە پێشکەش بە گەلی ستەملێکراوی ڤەنزوێلا و ترەمپ دەکەم بۆ پشتیوانییە یەکلاکەرەوەکەی لە دۆزەکەمان. هەر ئەمڕۆ هەینی، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی پارتی بەرهەڵستکاری ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی2025ی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوونی بێوچانی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا، بەهۆی خۆڕاگری لە بەرانبەر سەرکوتی سیاسیدا ناوی "خاتوونی پۆڵاینی" ی لێنراوە، دوای هەڕەشەکانی دەستگیرکردن زیاتر لە ساڵێک لە دەربەدەریدا بووە.
