مارک ساڤایا نوێنەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق بەرەو داهاتوویەکی بەهێز و دوور لە میلیشیاکان بەرەو پێشەوە دەڕوات. لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، ساڤایا وتی، “داهاتووی عێراق بەهۆی خەڵکە بەتوانا و زیندووەکەیەوە گەشاوە دەردەکەوێت، کە بەنرخترین سەرچاوەیە کە هەر نەتەوەیەک خاوەنی بێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق لەم ساڵانەی دواییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وڵاتەکە لە ساتێکی سەرەکی لە گەشتە دیموکراسیەکەیدا، با ئەم زەبریە بپارێزین”. جەختیشی لەوە کردەوە “ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا وەستاوە لەکاتێکدا بەرەو ئایندەیەکی بەهێز و سەربەخۆ دەڕوات، دوور لە میلیشیاکانی سەر بە بیانییەکان”.
دەزگاى پەخشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئێران پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکانی عێراق زیادکردووە و ئەو هەنگاوەی بە "ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل" وەسفکردوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تاران ناوەندی کێشکردنی نفوزی سەربازی خۆی لە لوبنان، سوریا و کەرتی غەززەوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق، ئەوەش دوای ئەو لێدانانەی کە "میحوەری لایەنگری ئێران" لەو بەرانە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرکەوتووە. میدیاکانى ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانیان عێراق بڵاویانکردەوە کە پشتیوانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ گروپەکان و ڕاهێنانی ئەندامەکانیان لە تاکتیکی نوێ لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی سپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "تاران بریکارەکانی خۆی لە عێراق ئامادە دەکات بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل لە ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکەدا"، ڕوونیشی دەکەنەوە کە ئەم کوتلانە "بۆتە هێزێکی کاریگەر کە لە هەندێک بواردا تواناکانی سوپای فەرمی عێراق تێدەپەڕێنێت، لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی نفوزی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا". دەسەڵاتی پەخشەکە دەشڵێت "لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئێران، میلیشیاکان خۆیان لە بەشداری ڕاستەوخۆ بەدوور گرت بەهۆی فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەغدا". ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل و مۆساد خۆیان بۆ هێرشێکی هاوشێوەی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ئامادە دەکەن و ڕوونیشیکردووەتەوە کە شێوازی سەرەکی هێرشەکە بریتییە لە هەڵدانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، پێویستە سووریاییەکانی وڵاتەکەی بگەڕێنەوە، چونکە شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیان نەماوە. دەشڵێت، ئەگەرنا بە زۆر دیپۆرتیان دەکەنەوە، هاوکات بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریای کرد بۆ سەردانی بەرلین بۆ تاوتوێکردنی پلانەکانی دیپۆرتکردنەوەکە. فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ شارۆچکەی هوزوم لە باکووری وڵاتەکەی رایگەیاند، "هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی سووریاییەکان لێرە نەماوە. دەشڵێت، "ئەوانەی رەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەدڵنیاییەوە دیپۆرتدەکرێنەوە". ئەو گوتانەی راوێژکاری ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یۆهان ڤادێپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی دیمەشقی کرد و رایگەیاند، گەڕانەوەی سووریاییەکان بۆ وڵاتەکەیان سنووردارە، چونکە زۆرینەی ژێرخانی سووریا خاپووربووە یان زیانی پێگەیشتووە. راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، بانگێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای بۆ وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی سووریاییەکان لە ئەڵمانیا بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، سووریا پێویستی بە پاڵپشتی و هەموو سووریاییەکانە بۆ ئەوەی بنیات بندرێتەوە. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2011ەوە 14 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە. لەو ژمارەیە 7.4 ملیۆنیان کۆچیان کردووە. هەروەها، 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریایی چوونەتە ئەورووپا، کە 800 هەزاریان لە ئەڵمانیان.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند تاران تەنیا لە دەرفەتێکدا بیر لە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا دەکاتەوە کە سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و واز لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بهێنێت. دووشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: ئەگەر ئەمەریکا بە تەواوی واز لە پشتیوانی ئیسرائیل بهێنێت و سەربازەکانی لەم ناوچەیە بکشێننەوە و دەست لە دەستتێوەردان لەم ناوچەیە هەڵبگرن، ئەو کاتە دەکرێت بیر دەستپێکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بکەنەوە. خامنەیی دەشڵێت: ئەمەریکا جگە لە ملکەچبوون لایەنی بەرانبەر هیچی قبووڵ نییە، ئەمەش پێشتر لە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا هەست پێکراوە، بەڵام ئەم سەرۆکەیان بە ئاشکرا ئەوی پیشان داوە. ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵات بەهێز بێت و دوژمنەکەی هەست بەوە باکات کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وڵاتە بەهێزە سوودی نابێت بەڵکوو زیانی دەبێت، ئەمە وڵات بەهێزتر دەکات. دوێنێ یەکشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاندبوو، تاران بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ واشنتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی "ئامادەیە، بەڵام و هەر گفتوگۆیەک لەسەر تواناکانی مووشەکی ڕەت دەکەینەوە. هەروەها گوتی، گفتوگۆکان دەکرێت دەست پێ بکەنەوە "هەر کاتێک ئەمەریکییەکان ئامادەبن بۆ دانوستان لەسەر بنەمای یەکسان و بەرژەوەندی هاوبەش. دیارە ئەوان پەلەیان نییە. ئێمەش پەلەمان نییە. بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێران (سناپباک)یان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندیی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی 22ـی حوزەیران 2025، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی بە ئامانج گرت کە بریتی بوون لە، وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ، دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز و ناوەندیی تەکنۆلۆژیای ئەسفەهان لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هۆشداری دەداتە حەماس و دەڵێت؛ ئەگەر ڕەفتارتان باش نەکەن لەناوتان دەبەم. لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "سی بی ئێس" پەخشکرا، ترەمپ هۆشداریی دایە حەماس و گوتی: "ئەگەر حەماس ڕەفتاری باش نەکات دەتوانێت دەستبەجێ بیسڕێتەوە، ئەوانیش ئەمە دەزانن." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت زۆر بەخێرایی چەک بە حەماس داماڵێت." ترەمپ ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد و بە "پیاوێکی زۆر بەتوانا" ناوی برد، هاوکات بەڵێنی دا یارمەتی بدات بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "پێشتر کەس پشتگیریی نەکردووە، بەڵام من پشتگیریم لێکردووە." لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوونیکردەوە "هەندێک لە کردەوەکانی ناتانیاهۆم بەدڵ نەبووە" و ئاماژەی بە سەپاندنی ئاگربەستەکەی غەززە کرد. مانگی ڕابردوو، ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ چارەسەری کێشەی فەڵەستین خستەڕوو، چەکداماڵینی غەززە، گواستنەوەی ئیدارەی غەززە بۆ لیژنەیەکی تەکنۆکراتی کاتی لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا، ئاوەدانکردنەوە و کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیلی لەخۆگرتبوو. ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە لە 10ـی تشرینی یەکەمەوە کاری پێدەکرێت، مەرجی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل و گەڕاندنەوەی تەرمی کوژراوەکانی لەخۆگرتبوو، هەنگاوی یەکەمی جێبەجێ کراوە. تا ئێستا حەماس تەرمی 20 بارمتەی گەڕاندووەتەوە. هەروەها بڕیارە سوپای ئیسرائیل ناسنامەی ئەو سێ تەرمە ئاشکرا بکات کە ئێوارەی یەکشەممە ڕادەست کرانەوە، لە کاتێکدا هێشتا چارەنووسی هەشت بارمتەی دیکە نادیارە. سەرۆکی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە، ڕووفاتی عومەر نیوترا، هاووڵاتیی ئەمەریکی-ئیسرائیلی کە وەک فەرماندەی کەتیبەیەکی تانک لە سوپای ئیسرائیلدا خزمەتی کردووە، لەنێو گەڕێنراوەکاندایە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیلیدا، ئیسرائیل ڕووفاتی 10 فەڵەستینی ڕادەست دەکاتەوە.
مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، لە تازەترین پۆستیدا لە سەكۆی "ئێكس" نوسیویەتی: لە سایەی سەرکردایەتی ژیرانەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، عێراق ئێستا گەڕاوەتەوە، من لەسەر كارەكەم... با جارێکی تر عێراق مەزن بکەینەوە!. ساڤایا پێشتر لە یەكەم بەیاننامەی فەرمیدا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە روونی رایگەیاندووە، هیچ شوێنێک بۆ ئەو گروپە چەکدارانە نییە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن، بەرژەوەندییەكانی عێراق و ناوچەکه به گشتی بە نده بەوەی عێراق خاوەن سەروەری تەواوی خۆی بێت، دوور لە دەستوەردانی دەرەكی خراپ، له نێویاندا، ئێران و بریکاره کانی. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی دژ بە نایجیریا کرد، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە "مەسیحییەکان دەکوژرێن". بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ داوای لە وەزارەتی جەنگی کردووە ئامادەکاری بکات بۆ ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە نایجیریا، ئەگەر حکوومەتی ئەو وڵاتە "بەردەوام بێت" لە "ڕێگەدان بە کوشتنی مەسیحییەکان". سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "Truth Social" نووسیویەتی؛ حکوومەتی ئەمەریکا دەستبەجێ هەموو یارمەتی و هاوکارییەکانی بۆ نایجیریا ڕادەگرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە ڕەنگە ئەمەریکا "بە هێزێکی تەواوەوە بچێتە ناو ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو تیرۆریستانە لەناو ببات کە ئەم دڕندەییە ترسناکانە ئەنجام دەدەن". ڕۆژی هەینی، ترەمپ نایجیریای خستە لیستی "ئەو وڵاتان کە نیگەرانی دەهێنن" (CPC) سەبارەت بە ئازادی ئایینی، بەهۆی "هەڕەشەی وجودی" بۆ سەر مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە. ئەم بڕیارە دوای چەندان مانگ لە فشاری ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا هات، کە پێیان وایە مەسیحییەکان لە نایجیریا، پڕ دانیشتووترین وڵاتی ئەفریقا، ڕووبەڕووی "جینۆساید" دەبنەوە. دەسەڵاتدارانی ئەبوجا ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە. نایجیریا ڕووبەڕووی چەندان کێشەی ئەمنی بۆتەوە، لەوانە: لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، گروپی چەکداری بۆکۆحەرام و باڵەکەی، ویلایەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا (ISWAP)، هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا لاواز بوون، بەڵام هێشتا چالاکن. بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکانیان لە ساڵی 2009وە زیاتر لە 40 هەزار کوژراو و دوو ملیۆن ئاوارەی لێکەوتۆتەوە. هەروەها لە ناوەڕاستی وڵاتدا، پێکدادان بەردەوامە لە نێوان شوانەکان کە زۆربەیان موسڵمانن و جووتیاران کە زۆربەیان مەسیحین ڕوودەدات. ئەم پێکدادانانە زۆرجار وەک کێشەی ئایینی وێنا دەکرێن، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکەیان کێبڕکێیە لەسەر زەوی و سامانە سروشتییەکان. هەروەها لە باکووری ڕۆژئاوا، باندە چەکدارەکان گوندەکان تیرۆر دەکەن، خەڵک دەکوژن و دەڕفێنن بۆ وەرگرتنی فیدیە، هەروەها ماڵەکان دەسوتێنن.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق بە باشی بەڕێوە دەچن؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕوو نادات، دەشڵێت: لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان لەنێواندا هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ڕێککەوتنە. تۆم باراک، ئاماژەشی دا، لە 10 مانگی ڕابردوو سەرەڕای ئاڵنگارییەکان ئەحمەد شەرع،سەرۆکی سووریا کاری باشی کردووە، ئامانجی ئەمەریکاش ئەوەیە گەلی سووریا بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەیان بژین. تۆم باراک، کە باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: ئاگربەستی غەززە بەبێ تورکیا ڕووی نەدەدا، چونکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس یارمەتیدەر بوو بۆ فشارخستنە سەر ئەو بزووتنەوەیە بۆ ڕازیبوون، بە ئاگربەستەکە. دەشڵێت: ئیسرائیل لە ڕۆڵی تورکیا لە بەشداریکردن لە هێزی ئاشتیپارێز لە غەززە نیگەرانە، بەهۆی ئەو لێدوانە توندانەی لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بەردەوام بێت و تیمەکان لە غەززە پێشکەوتن بەدەستبهێنن، بەم زووانە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەبێت، جەختیشی کردەوە، ئەو دوو وڵاتە بە هیچ شێوەیەک شەڕ لەگەڵ یەکتر ناکەن. هەروەها تۆم باراک لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی، وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ لوبنان کار دەکات و باسی لەوە کرد، لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە، بانکی ناوەندی نییە سیستەمی بانکی داڕماوە، کارەبا نییە، خەڵک پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن، خزمەتگوزاری ئاو و بواری پەروەردە بۆ باشترکردنی پێویستی بە کەرتی تایبەت هەیە. گوتیشی: دەوڵەت لە دەستی حزبوڵڵا دایە، بە شێوەیەک لە باشووری وڵات، ئاو و پەروەردە دابین دەکات؛ هاوکات حزبوڵڵا 40،000 سەربازییان هەیە، بەڵام سوپای لوبنان 60،000ـی هەیە، سەربازانی حزبوڵڵا مانگانە 2،200 دۆلار وەردەگرن، لە هەمانکاتدا سەربازانی سوپای لوبنان 275 دۆلار وەردەگرن. ئاماژەشی دا، حزبوڵڵا 15 بۆ 20 هەزار مووشەک و ڕۆکێتی هەیە؛ سەربازانی سوپای لوبنان و کڵاشینکۆفی (AK-47s) هەیە. تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەحمەد شەرع، لەم مانگە بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن بکات.
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداریی تووند لەبارەی "دەستدرێژی" بۆ سەر هێزەکانیان بە عێراق دەدات و بە هاوتا عێراقییەکەی ڕاگەیاندووە کە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و وەزیری جەنگی ئەمریکا، پێت هێگسسی ئاشکرا کرد، کە تێیدا هێگسس بە ڕوونی هۆشداریی داوەتە عێراق سەبارەت بە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای عێراق. وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێی ووتوە "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەیە لەم بارەیەوە." چونکە هێزەکانی ئەمریکا بە ئازادی لە ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک "دەستدرێژی یان هێرش لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە قبووڵ ناکات". عەباسی ئاماژەی بەوەکرد، "ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە توندوتیژی و یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکانیدا ناسراوە". وەزیری بەرگریی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم "هۆشدارییە بە جددی وەربگیرێت".
دۆناڵد ترەمپ، داوای لە ئەندامە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران کرد، کە رێگە بە تێپەڕاندنی یاسای بودجە بدەن و کۆتایی بە لەکارخستنی حکومەت بهێنن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘تروس سۆشیاڵ’ نووسیویەتی، “ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمارییەکان کار بە کارتی ترەمپ بکەن، کە بژاردەی ئەتۆمییە، بۆیە هەرئێستا کۆتایی بە رێگریکردن لە یاسای بودجە بهێنن”. ترەمپ بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت، بژاردەكانی بەردەمتان رونن، دەتوانن لە ئەتۆمەوە دەستپێبكەن، دەستبەرداری لەكارخستنی حكومەت ببن، وتیشی، دوای گەشتەكەی بۆ ئاسیا، زۆر بیری كردووەتەوە تا بژاردەی ئەتۆمی دیاریكردووە. تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، پێویستی بە 60 دەنگی ئەنجومەنی پیران هەیە، ئێستا کە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی پیران پێکدەهێنن، لە 1ی تشرینی یەکەمەوە بەربەستیان بۆ تێپەڕاندنی یاساکە دروستکردووە و بەوهۆیەشەوە زیانێکی زۆر بە ئابوریی ئەمریکا کەوتووە، لەگەڵیدا زۆر کەرت و فەرمانگەی حکومی وەستاون لە کارکردن.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لە کۆریای باشوور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییەوە (Air Force One) وردەکاریی گفتوگۆکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرا کرد. ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو" وەسف کرد و ئاماژەی بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانیی گرنگ و هاوئاهەنگی لەسەر دۆسییە هەستیارەکانی وەک ئۆکرانیا کرد. یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی کۆبوونەوەکە، واژۆکردنی ڕێککەوتنێک بوو لەبارەی کانزا دەگمەنەکان. ترەمپ ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنمان لەبارەی کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ چین واژۆ کرد." ناوبراو ئاشکرای کرد کە "ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی ساڵێکە و دەکرێت درێژبکرێتەوە." هاوکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کەمکردنەوەی باجی پەیوەست بە ماددەی فێنتانیل بۆ 10% و جەختی کردەوە کە ناکۆکیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات "چارەسەر کراوە." سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پرسی ئۆکرانیا بە فراوانی لە گفتوگۆکاندا باس کراوە. ترەمپ وتی: "لەگەڵ چین لەسەر دۆسییەی ئۆکرانیا کاردەکەین،" و ئاماژەی بەوەدا کە شی جینپینگ بەڵێنی هاوکاری داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک. سەبارەت بە دیداری لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور، ترەمپ ڕایگەیاند کە بەهۆی "سەرقاڵییەوە" نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت، بەڵام حەز و ئارەزووی خۆی نیشان دا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر. ترەمپ وتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە بگەڕێمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور." لە وەڵامی پرسیارێکدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە بابەتی تایوان بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەکەدا باس نەکراوە. وتی: "بابەتی تایوان هەرگیز نەهاتە پێشەوە. لە ڕاستیدا گفتوگۆی لەسەر نەکرا." لە کۆتاییدا، ترەمپ جارێکی تر کۆبوونەوەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوودا سەردانی چین بکات. هەروەها ستایشی شی جینپینگی کرد و بە "سەرکردەیەکی مەزنی وڵاتێکی زۆر بەهێز" ناویبرد، کە ئاماژەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین.
ماڵپەرى بەغدا ئەلیەومى عێراقى، ئەمڕۆ لەهەواڵێکدا بڵاویکردەوە، مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر بە نهێنی سەردانی بەغدادى کردوەو چاوی بە ژمارەیەکی بەرپرسی عێراقی کەوتوە. ئەم سەردانە نهێنیەشى دوای ئەوەیە 10 رۆژ لەمەوبەر وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق دیاریکراوە، بەپێى هەواڵى میدیا عێراقیەکە، لە میانەى کۆبونەوەکانیشیدا، بابەتى پرسی هەڵبژاردن و مانەوەی سوپای ئەمەریکا لە عێراق و ستراتیژی واشنتن تەوەری سەرەکیی کۆبونەوەکانی بووە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کە تائێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستینەکردووەتەوە، سەردانەکەی ساڤایا دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن ئەنجامدراوە، بە هۆی ئەوەی سەردانەکەی بۆ پرسی سیاسی هەستیار بووە و گفتوگۆ لەسەر ستراتیژی داهاتووی ئەمەریکا بۆ عێراق، مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکانی دوای هەڵبژاردن کراوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرپرسانی عێراق، دوو رۆژ لەمەوبەر مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، بە نهێنی سەردانی بەغدادی کردووە و زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و بەرپرسانی عێراق ئەنجامداوە. یەکشەممەى ڕابردوتر، ٢٠ى ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 'مارک ساڤایا'ـی وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق دەستنیشانکرد، کە بازرگانێکی ویلایەتی میشیگنە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرپەرشتیی تیمی بانگەشەی ترەمپی لەو ویلایەتە دەکرد. مارک ساڤایا، بازرگانێکی خەڵکی ویلایەتی میشیگنە و بە کارەکانی لە پیشەسازیی "کێنەبس"دا بەناوبانگە، کە جۆرە گیایەکە لە بواری پیشەسازیی دەرمانیشدا سوودی لێ دەبینرێت. مارک ساڤایا یەکێکە لەو کەسانەی رۆڵێکی کاریگەری لە ئازادکردنی ئیلیزابێس تسورکۆڤدا هەبووە. ئەو بارمتەیەکی ئیسرائیلی بوو کە 9ی ئەیلوولی ئەم ساڵ دوای چەند ساڵێک لە بارمتەبوونی لەلای گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئازاد کرا. دانانی مارک وەکو نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکادا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە، ئەوەش بەهۆی ڕابردووی بازرگانیی پێشووی و نەبوونی ئەزموونی پێشووتری لە بواری دیپلۆماسیدا.
دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەگەری کاندیدکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا دروستبوو، ترەمپ کۆتایی بە هەموو گومانێک هێنا و دەرگای لەسەر خەونی خولی سێیەمی داخست، دوای ئەوەی خولی ئێستای لە مانگی یەکی ساڵی 2029 کۆتایی دێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: جێگەی داخە رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات. ترەمپ لەناو فرۆكەكەی لە رێگای رۆیشتنی بەرەو کۆریای باشور بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: بەپێی راپرسییەکان ئاستی جەماوەریم لە بەرزترین ئاستیدایە، بەڵام وەک دەزانن لەسەر بنەمای ئەوەی خوێندومەتەوە، پێموانییە رێگەم پێبدرێت خۆم كاندید بكەم، بۆیە بزانین چی روودەدات... چونكە ئەوە جێگەی داخە. بەگوێرەی بیست و دووهەمین هەمواری دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ساڵی ١٩٤٧ پەسەند کراوە، "نابێت هیچ کەسێک لە دوو جار زیاتر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت". ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠٢١ خولی یەکەمی خۆی بەڕێوەبردووە، لە ٢٠ی كانونی یەكەمی ئەمساڵیشەوە دەستی بە خولی دووەمی کردووە. ترەمپ لەم دواییانەدا بە ئاشکرا باسی لە داواكاری لایەنگرانی دەكرد بۆ ئەوەی خۆی بۆ خولی سێیەم کاندید بکات، بەبێ ئەوەی ئەگەری ئەوە رەتبکاتەوە، هاوكات چەندین جار کڵاوی سوری نمایش کردووە کە دروشمی "ترەمپ ٢٠٢٨"ی لەسەرە، کە ساڵی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتییە. پێدەچێت ترەمپ بەم لێدوانە، کۆتایی بە هەر ئەگەرێکی هەوڵدانی بۆ خۆكاندیدكردنەوە هێنابێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕایگەیاند لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی 20 فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای نزیکەی 11 ملیار دۆلارە ڕێککەوتوون. دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد. دوای کۆبوونەوەکە ستارمەر ڕایگەیاند: لەگەڵ تورکیا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی یورۆفایتەر بە بەهای 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ واژۆ کردووە، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی زۆر گرنگە، چونکە بۆ ماوەی ئەو هەموو ساڵە ئەو فڕۆکە جەنگیانە دروست دەکەین، بەمەش دەستی کار لە بەریتانیا زیاد دەکات. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەو بارەوە ئاماژەی داوە، ڕێککەوتنەکە لە 20 فڕۆکەی یورۆفایتەر پێکدێت، کە دەبێتە گەورەترین ڕێککەوتنی فڕۆکەی جەنگی، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تواناکانی تورکیا و هێزی ناتۆ لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکات. ئەردۆغان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نوێی هاوکاریی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا کرد و دوای واژۆکردنەکە گوتی: "ئێمە ئەم ڕێککەوتنە وەک هێمایەکی نوێی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان دوو هاوپەیمانە نزیکەکە دەبینین. ئاژانسی فرانس پرێسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا دەیەوێت هێزی ئاسمانیی خۆی نوێ بکاتەوە و هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەلایەن بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیاوە دەدات. ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی تورک ڕایگەیاندووە، بەریتانیا ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە ڕادەستی تورکیا دەکات، بەبێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات و بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە فەرەنسییە پێ دەچێت دوو فڕۆکە بێت. واشنتن لە ساڵی 2019دا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ڕووسیی S-400، ئەنقەرەی لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگیی F-35 دوور خستەوە. هەروەها چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی تورکیا سەردانی واشنتنی کرد و به مەبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک.
