کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دانپێدانانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند، کەنەدا و ئوستراڵیاش هەمان بڕیاریاندا و ئەم هەنگاوەیان وەکو فشارێک بۆسەر ئیسرائیل لێکدایەوە، بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ئەمڕۆ بەفەرمی دانمان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا و کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و زیندوو هێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، گوتیشی، " ئەمڕۆ ئێمەش دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو 150 وڵاتەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە". ستارمەر لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە لە تۆڕی ئێکس بڵاوکرایەوە، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حەماس لە داهاتوودا هیچ رۆڵێکی نەبێت، نە ئیداری نە ئەمنی، هاوکات سزای نوێی بەسەر بزووتنەوەی حەماسدا سەپاند و سزاکەش لە داهاتووی نزیکدا جێبەجێدەکرێن، گوتیشی، پێویستە حەماس دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکات و بەردەوامدەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکان دەیانەوێت بەبێ توندوتیژی و ئازاردان، بە ئاشتی بژین و گەلی بەریتانیاش دەیەوێت ئەو ویستەیان بەدی بێت. هاوکات حکومەتی ئوستراڵیاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەوان دان بە خواستی رەوای گەلی فەڵەستین دەنێن، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، بەو مەرجەی حەماس هیچ رۆڵێکی لە داهاتوودا نەبێت. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش داننانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا راگەیاند و جەختی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی و داهاتوویەکی ئاشتییانە بۆ دۆزی فەڵەستین کردەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، هەر هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە وەڵامی توندی دەبێت و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئامانجی دوژمنەکانیان پوچەڵکردووەتەوە. سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئەیلولی 2025، بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی "هەفتەی بەرگریی پیرۆز"، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، کە پڕۆسەی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە بوارە جیاجیاکاندا ناوەستێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری هەر هەڵە یان دەستدرێژییەکی نوێ لەلایەن دوژمنەکانیانەوە، ئێران دەستی باڵای دەبێت لە بەرەکانی جەنگدا و وەڵامی توند و کوشندەی دەبێت. سوپای پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەزموونی جەنگی سەپێنراوی ئەم دواییە دەریخست کە تەنانەت لە سەختترین کاتی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکاندا، هێزە چەکدارەکانیان توانیویانە بە پشتبەستن بە زانست و توانای ناوخۆیی، ئامانجەکانی دوژمن پوچەڵبکەنەوە. لە راگەیەندراوەکەیدا سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن بۆ هەر هێرش و بەرگرییەک، هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانیان ئامادەن و هەروەها لە رووی تەکنەلۆجیا و مووشەکەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان. 22ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لە ئێران ناسراوە، کە تێیدا لە ساڵی 1980 عێراق لەو رۆژەدا هێرشی کردە سەر ئێران و سەرەتای ئەو هەفتەیە بە "هەفتەی بەرگریی پیرۆز" لای ئێرانییەکان ناودەبرێت. لەو هەفتەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئێران بە یادێکی نیشتمانی دایدەنێت. جێی باسە، لە 13ـی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و لە 24ـی هەمان مانگ ئاگربەست راگەیەندرا. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی وڵاتەکە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەزار و 62 کەس کوژراون و نزیکەی 5 هەزار برینداربوون. هەروەها نزیکەی هەشت هەزار باڵەخانەی نیشتەجێبوون، 219 یەکەی پیشەسازی، 7 نەخۆشخانە و 11 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی کرانە ئامانج.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لەم بابەتە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ داوای ڕەزامەندی کۆنگرێس دەکات بۆ فرۆشتنی چەک بە بەهای نزیکەی شەش ملیار دۆلار بە ئیسرائیل.  ئیدارەی ترەمپ بە کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە پلانی هەیە نزیکەی شەش ملیار دۆلار چەک بە ئیسرائیل بفرۆشێت، ئەمەش پەرەسەندنێکی نوێی پشتیوانییە بۆ هاوپەیمانی ئەمریکا لەکاتێکدا ڕووبەڕووی زیادبوونی گۆشەگیری دەبێتەوە بەهۆی بەردەوابوونى شەڕەکەی لە غەززە . فرۆشتنی 3.8 ملیار دۆلار بۆ 30 هێلیکۆپتەری ئەپاچی AH-64 AH-64، نزیکەی دوو هێندەکردنی پشکەکانی ئێستای ئیسرائیل و فرۆشتنی 1.9 ملیار دۆلار بۆ 3200 ئۆتۆمبێلی هێرشبەری پیادە بۆ سوپای ئیسرائیل لەخۆدەگرێت، بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی و کەسێکی دیکەی ئاشنا بەو پێشنیازە کە بەمەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکراوە قسەی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پلانانەی کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون. بڕی ئەو پاکێجە ٦ ملیار دۆلارە لەلایەن دوو کەسی دیکەی ئاشنای ئەو بابەتە پشتڕاستکرایەوە و مۆڵەتی ئەوەیان پێدا ناویان نەهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری، چونکە پلانەکان ئاشکرا نەبوون. کۆنگرێس بە شێوەیەکی ڕۆتینی پێداچوونەوەی نافەرمی بۆ فرۆشتنی ئەو جۆرە چەکانە لە ئاستی لیژنەکاندا ئەنجام دەدات، داواکارییەکان دەنێرێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە بۆ پرۆسەی فەرمیتر. ئەم فرۆشتنانە بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی ١٠ ساڵەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کە نزیکە لە کۆتایی. ئەم فرۆشتنە گەورەیە لە کاتێکدایە پلانەکان و هەوڵەکانى ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نزیکەی دوو ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حەماس وەستاون و هیچ بەرەوپێشچوونێکیان نەبوووە  دوای ئەوەى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەحەی پایتەختی قەتەر، ئیدانەکردنی بەرفراوانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێکەوتەوە. ئەمریکا سەرەڕای پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و هەوڵەکانی ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی چەکی هێرشبەری بە ئیسرائیل، بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی . وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو فرۆشتنە بدات، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکرایەوە. بەریتانیا کە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی هەندێک چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە بۆ پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریان بهێنرێت، لەم دواییانەدا ڕێگری لە بەرپرسانی حکومەتی ئیسرائیل کرد کە بەشداری گەورەترین پێشانگای چەک لە وڵاتەکەیان بکەن. هەروەها تورکیا ڕایگەیاند کە ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی حکومەتی ئیسرائیل و هەر بارێکی چەک بۆ سوپای ئیسرائیل دادەخات و جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش لە وتارێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە توندى شەرمەزار کرد. ترەمپ  ڕۆژى هەینی ڕایگەیاند، بەنیازە هەفتەی داهاتوو لە واشنتۆن چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت، لەگەڵ پلانی تاوتوێکردنی کڕینی فڕۆکەی بۆینگ و گرێبەستێک بۆ فڕۆکەی جەنگی ئێف 16. ئیدارەی بایدن ناردنی بۆمبی دوو هەزار پاوند بۆ ئیسرائیل وەستاند بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی قوربانیانی مەدەنییەوە، بەڵام ترەمپ ئەو دەستبەسەرداگرتنی هەڵگرت کاتێک لە مانگی یەکدا دەستبەکاربوو. ئیدارەی ترەمپ پێشتر نزیکەی ١٢ ملیار دۆلاری وەک هاوکارییە سەربازییە گەورەکان بۆ ئیسرائیل لەمساڵدا پەسەند کردووە. لەم دواییانەدا ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بڕی نیو ملیار دۆلار بە ئیسرائیل. ئەم دوایین داواکارییەی ئیدارەی ترەمپ نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بۆ کۆنگرێس نێردراوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دا لێخۆشبوون لە سزاکانی سەر ئێران درێژنەکرێتەوە. بەمەش ئەگەر رێککەوتنێک نەکرێت، لە 28ی ئەم مانگەوە سزای تووندی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە، کە ئەوە گورزێکی گەورەی ئابوورییە بۆ تاران. تەنیا رووسیا، چین، جەزائیر و پاکستان لە بەرژەوەندیی درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان دەنگیان دا. 9 ئەندامی دیکە، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە نەخێر دەنگیاندا و گایانا خۆی لە دەنگدان بەدوور گرت. ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی لەسەر پڕۆژە بڕیارێکدا کە داوای دەکرد ماوەی هەڵگرتنی سزاكان درێژ بکرێتەوە.  بەڵام پڕۆژە بڕیارەکە تەنیا چوار دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر نۆ دەنگی نەخێر.  سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، تارانیان بە پێشێلکردنی بەڵێنە ئەتۆمییەکانی تۆمەتبارکرد، لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی ئاستبەرز کە گومانی لێ دەکەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکاری بێنێت.  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، پێشنیازێکی "دادپەروەرانە و هاوسەنگ"ـی پێشکێشی زلهێزە ئەورووپییەکان کردووە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاكان. باربارا ودوارد، نوێنەری بەریتانیا دوای ئەوەی دەنگی دژی پڕۆژە بڕیارەکە دا، گوتی: "داوا لە ئێران دەکەین ئێستا هەنگاو بنێت." نوێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگایان لە بەردەم دیپلۆماسی بە کراوەیی ماوەتەوە و لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی داهاتوودا دەرفەت بە ئێران دەدەن دانوستاندن بکات، کاتێک سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرک کۆدەبنەوە. پێش دەنگدانەکە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی مانگ سزا نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێنەوە. بەڵام نوێنەری فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گوتی، بژاردەی چارەسەری لە رێگەی دانوستاندنەوە هێشتا لەسەر مێزە. سەرەڕای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان زلهێزە ئەورووپییەکان و تاران، سێ وڵاتە رۆژئاواییەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە هیچ پێشکەوتنێک بەدینەهاتووە.   دۆرۆسی شیا، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگی دا، گوتی: "کاریگەریی ئەم دەنگدانە ئەوەیە کە نەبوونی هیچ بڕیارنامەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، وا دەکات، ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێش ساڵی 2015 بەسەر ئێراندا سەپێندرابوون، دووبارە بسەپێندرێنەوە، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی ماوە 30 رۆژییەکەی سناپ باک لە 27ی ئەیلوول."

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پێشبینی دەکات، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌؛ ده‌شڵێت، ئێران له‌ دانوستانه‌كان جیددی نییه‌. پێنجشه‌ممه‌، 18ـی ئه‌یلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل پێشبینی كرد، پێش کۆتایی ئه‌م مانگه‌، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان به‌سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا بسه‌پێنرێنه‌وه‌. سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتووشیه‌تی، پێشبینییه‌كه‌ی له‌جێ خۆیه‌تی و پێی وایه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ له‌م باره‌وه‌ جیددی نه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ترۆیكا؛ به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا له‌ باره‌ی پرسی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.                چوارشه‌ممه‌، 17ـی ئه‌یلوولی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی  ئێکس ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان کرد، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدەن. لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا هاتبوو "لایەنە ئەورووپییەکان، لە گفتوگۆکەدا جەختیان کردووەتەوە، ئێران هێشتا ئەو هەنگاوی لۆجیکی و وردی نەناوە کە بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی 2231 پێویستن. پێویستە ئێران دەست بە گفتوگۆکان بکاتەوە، ڕێگە بدات پشکنین بۆ دامەزراوە هەستیارەکان بکرێت و پرسی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز، یەکلا بکاتەوە. " وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها ڕایگەیاندبوو "سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، جارێکی دیکە جەختیان لە په‌له‌كردن له‌ بابەتەکە و سووربوونیان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆکان، لە ئەگەری نەگرتنەبەری هەنگاوی کردەیی لە ڕۆژانی داهاتوودا، کردەوە." هەر دوێنێ چوارشه‌ممه‌، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا، بڵاوی کردەوە، عه‌باس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانیدا، ئاماژەی بە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێران کرد، کە بریتییە لە گرنگیی پاراستنی کەشی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان. هەروەها هەنگاوی سێ وڵاتە ئەورووپاییەکەی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەمارۆیانەی ئەنجوومەنی ئاسایش هەڵیوەشاندبوونەوە، بە بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و لۆجیکی زانی."

حكومەتی بەریتانیا یاسای نوێی بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران جێبەجێكرد كە بە یاسای "کەسێک بۆدەرەوە، کەسێک بۆ ناوەوە" ناسراوە و ئەمڕۆ یەكەمین  كۆچبەر بە فرۆكە دیپۆرتی فەرەنسا كرایەوە. حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو كەسە بەشێوەیەكی نایاسایی بە بەلەمی بچوك لە كەناڵی ئینگلیز پەڕیوەتە وڵاتەكە و رێگەیەكی نەشیاوی گرتەوەبەر و ژیانی خۆی خستوەتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەی دیپۆرتكراوەكان زیاتر دەبێت و رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن.  ئەوەش لەكاتێكدایە لە ئەمساڵدا زیاتر لە 30 هەزار كەس بە بەلەمی بچوك لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە گەیشتونەتە بەریتانیا و شابانا مەحمود وەزیری ناوخۆی وڵاتەكەش رایگەیاند ، رێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەن و ئەو دیاردەیە ناهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی هەوڵەكانی واشنتۆندا "بۆ روبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، سنورداركردنی هەڕەشەی ئەو گروپە چەكدارانەی لەلایەن تارانەوە پشتیوانی دەكرێن دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، ژمارەیەك گروپی عێراق خرانە ناو لیستی تیرۆرەوە".  ئەوانەی خراونەتە ناو لیستی تیرۆری ئەمریكاوە بریتین لە گروپەكانی:  _ بزوتنەوەی نوجەبا _ كەتیبەكانی ئیمام عەلی _ كەتیبەكانی سيد الشهداء _ بزوتنەوەی  أنصار الله الأوفياء وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ: ئەم گروپانە بەشدارییان كردووە لە كردەوەی تیرۆرستی كە هەڕەشە بووە لە ئاسایشی هێزەكانی ئەمریكاو هاوبەشەكانیان لە ناوچەكە، هەروەها لەگەڵ (فەیلەقی قودس)ی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران كاردەكەن، كە ئەویش لە لیستی تیرۆردا دانراوە.  پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك گروپی تری عێراقی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە لەوانە (كەتیبەكانی حزوبوڵا) كە ساڵی 2009 ناوی خراوەتە لیستەكەوە، هەروەها (عەسائیبی ئەهلی حەق) كە لە 2020وە خراوەتە لیستی تیرۆر، هەردووكیشیان لەلایەن واشنتۆنەوە تاوانباركراون بەوەی پاڵپشتی دارایی و سەربازیی لە ئێران وەردەگرن و بەشدارییان لە هێرشە خوێناوییەكاندا كرددووە دژ بە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئەمە بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا. لەبەرانبەر ئەوەدا کەتیبەکانی سەیدولشوهەداى عێراق لەبارەی بڕیاری ئەمریکا بۆ بە "تیرۆریست" ناساندنی گرووپەکەیان رایگەیاند، ئەو بڕیارە "چاوەڕوانکراو بووە"، بەڵام کاریگەری لەسەریان نابێت. کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا  راگەیاند، سزا نوێیەکانی ئەمریکا لە دژی گرووپەکەی چاوەڕوانکراو بووە و پێشتریش هەنگاوی لەو جۆرەیان ناوە. کازم فەرتووسی گوتی: "ئەو جۆرە بڕیارانەی ئەمریکا پێوانەکردنە بە دوو پێوەری جیاواز"، لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارەی واشنتن، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند: "هیچ چالاکییەکمان لە دەرەوەی عێراق نییە، تاوەکو ئەو بڕیارە کاریگەری لەسەرمان هەبێت".

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بڵاوی کردەوە، "کونسوڵی گشتی گرین بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ساڵی 2022.  بەشداربووان بە بەرەوپێشچوونەکانی چاکسازیی پێشمەرگەدا چوونەوە و لەسەر ھەنگاوەکانی داھاتوو ڕێککەوتن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی یاداشتەکە بە ئامانجی دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی پیشەیی و یەکگرتوو. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "ھەردوولا دووبارە جەختیان لەسەر پابەندبوونیان کردەوە بە ھەوڵەکانی چاکسازی لە ھێزەکانی پێشمەرگە. ئەمریکا پشتگیریی ھەرێمی کوردستان دەکات کە ناوچەیەکی سەلامەت و پارێزراو و گەشەسەندووتر دروست دەکەن بۆ ھەمووان". سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان کرا، هاوکات دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوبوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە کراون؛ جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. هاوکات لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران لەوانە: یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکوومەت بگونجێت.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و دیدار لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاگەیاند. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: ئامادەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پوتن کۆببمەوە، یان بە شێوەی سێ قۆڵی یان دوولایەنە، دەشڵێت "ئامادەم بەبێ هیچ مەرجێک کۆببمەوە". زێلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەنیازی ئەوە نییە بۆ دانوستان گەشتی مۆسکۆ بکات، بەڵکو ئامادەیە لەهەر وڵاتێک جگە لەڕووسیا کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بکات." زێلێنسکی ئامادەیی ئۆکرانیای بۆ ئاگربەست دووپاتکردەوە و گوتی "هیوادارین سەرۆک ترەمپ ڕازی بێت بە ئاگربەست، ئێمە ئامادەین بۆ ئاگربەست". دوێنێ سێشەممە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەنگە هەفتەی داهاتوو لە نیویۆرک چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بکەوێت. ئەم کۆبوونەوە ئەگەرییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ترەمپ دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا. پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، حەز دەکات شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام پێدەچێت کارێکی قورس بێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕق و کینەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە خەیاڵدا نایەت."

بودجەی ساڵی (2026)ی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێشکەوتنێكی روونى لە هاوکاری دارایی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان (هێزی پاراستنی هەرێمی کوردستان) دەرخستووە، لە بەرمبەردا ئەم هاوکارییەى بۆ هێزە عێراقییە فیدراڵییەکان كەمكردووەتەوە، ئەمەش رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی بایەخی واشنتۆن و حیساباتی سەربازی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی بەغداد گۆڕانی بەسەرهاتبێت. بەگوێرەی بودجەی نوێی ئەمەریکا، (61) ملیۆن و (140) هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی  هێزی پێشمەرگە لە ساڵی 2026 تەرخانکراوە، کە بە بەراورد بە بودجەی ساڵی 2025, (4.7) ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. لەكاتێكدا پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە  (189.1) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2025 بۆ تەنها (48.2) ملیۆن دۆلار لە بودجەی 2026 کەم دەکرێتەوە. بە وتەی چاودێران، زیادبوونی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە، گوزارشت لە متمانەی واشنتۆن و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان و توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەکات، هەندێک سەرچاوەش باس لە خواستێکی ئەمریکی دەکەن بۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێکی سەرەكی لە ناوەندەكانی دژە تیرۆر لە ناوچەکەدا. کیفاح مەحمود،  راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێی وایە، گرنگیدانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان، رەنگە بەشێکی بگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن لە بەغداد بەهۆی پەرشوبڵاوی ئەمنی و فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان لەناو هێزە ئەمنییەکان و هەژموونی گروپە چەکدارەکان. کیفاح مەحمود بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە: رەنگە کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکی زۆر روونیش بێت لە لایەن ئەمریکاوە بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئێرانییەکان، بەوەی کشانەوەی لە بەغداد ئاسایی نییە، بەڵکو پلانی بۆ دانراوە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی نوێ لەگەڵ تاران.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و مارکۆ ڕوبیو، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لە قودس کۆبوونەوەو دواتر لێدوانێکی هاوبەشیان پێشکەش کرد وپرسەکانی شەڕی غەززە، بارمتەکان و شەڕ دژی ئێران قسەى لەسەر کرا. سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەقسەکانیدا وتى: لەلایەن ئێران و باڵەكانییەوە روبەڕووی ئاڵنگاری زۆر دەبینەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانی باشتری ئیسرائیل نییەو كار بۆ پاراستنی هاوپەیمانەكانی دەكات، سەرۆك ترەمپ باشترین هاوڕێیە كە تائێستا ئیسرائیل هەیبووبێت.  نەتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە: سەرۆک ترامپ پێی وتم: ٧ی ئۆکتۆبەر لەبیرتان بێت، ئێمەش لەبیرمانە، پابەندین بە گەڕاندنەوەی بارمتەكان لە غەززە، وتیشى: ناكرێت رێگە بە غەززە بدرێت ببێت بە هەڕەشە بۆمان، بڕیارەكەمان بۆ لێدانی سەركردەكانی حەماس لە قەتەر بڕیارێكی سەربەخۆ بوو، بەرپرسیارێتییەكەشی هەڵدەگرین.  هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری لێدان لە دەوحە بەتەواوی لەلایەن ئیسرائیلەوە دراوە باسى لەوەکرد ئەنجامی هێرشەكەیان بۆسەر حەماس لە دەوحە پەیام بوو بۆ تیرۆریستان كە ناتوانن هەڵبێن. وتى: هێرشەكەمان بۆسەر سەركردەكانی حەماس لە دەوحە شكستی نەهێنا، پەیامێكمان نارد كە هیچ پارێزبەندییەكیان نییە.  سەبارەت بە بۆردومانکردنى باڵەخانەکانى غەززە جەختى کردەوە، ئەو بینایانەی لە غەززە وێرانیان دەكەن، وەكو پەناگەی حەماس بەكاردەهێنرێن.  ناتانیاهۆ وتى: دانیشتووانی غەززە هاندەدەن بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن، هەوڵدەدەین ناوچەكانی شەڕ لە غەززە لە دانیشتووان چۆڵ بكەین بەمەبەستی ئازادكردنی رفێندراوان و لەناوبردنی حەماس، دەبێت چەكی حەماس دابماڵرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت چەك ئاودیوی غەززە ناكرێت.   سەبارەت بە شەڕی غەززە، نەتانیاهۆ وتی: ئێمە باڵەخانەکان بۆ ترساندنی خەڵک ناڕوخێنین؛ ئەمانە قەڵای حەماسن، ئێمە بە خەڵکی سڤیل دەڵێین چۆڵ بکەن، بەڵام حەماس تەقە لە قاچەکانیان دەکات بۆ ئەوەی وەک قەڵغانی مرۆیی لەوێ بمێننەوە، جیهان بە هەڵە ئیدانەی ئیسرائیل دەکات. هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باسی لە دۆخی غەززە و قەیران لەگەڵ قەتەر کرد و وتی: ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو ڕۆڵەیە کە قەتەر دەتوانێت لە ئێستادا بیگێڕێت بۆ یارمەتیدانی ئازادکردنی بارمتەکان و دروستکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ دانیشتوانی غەززە، بە مەرجێک حەماس و بارمتەکان لەوێ بمێننەوە قسەکردن لەگەڵیان”. ئەو وتیشى: دەبێت هەموو بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازادبكرێن؛ حەماس ناتوانێت بەردەوامی بەكاری چەكداریی بدات، لەگەڵ ئیسرائیل بەبارەی ئێرانەوە هاوكاریمان كرد، كە موشەكەكانی هەڕەشە لە وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا دەكات.  مارک رۆبیۆ جەختى کردەوە هاوپەیمانەكانمان لە ئەوروپا هاندەدەین بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، ئەو وتیشى: دەبێت كۆتایی بە حەماس بهێنرێت وەكو لایەنێكی چەكدار كە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكات هیچ دەرفەتێك بۆ ئاشتیی نییە تاوەكو گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەكان لە عەززەوە، پاڵپشتییەكی بێسنور بۆ ئیسرائیل هەیە.  سەبارەت بە هەڕەشەی ئێران، ڕوبیۆ وتی: ئێمە باسمان لە ئێران و خواستی بەدەستهێنانی چەک و مووشەکی ئەتۆمی کرد، کە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا، دەوڵەتانی کەنداو و ئەوروپا دروست دەکەن، ئێرانێکی ئەتۆمی بە مووشەکەوە مەترسییەکی قبوڵنەکراوە بۆ سەر هەموو جیهان. ئێمە هانی پڕۆسەی سناپ باک دەدەین کە ئەوروپییەکان دەستیپێکردووە و داوایان لێدەکەین بەردەوام بن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، حەز دەکات شەڕی ئۆکرانیا ڕابگرێت، بەڵام پێدەچێت کارێکی قورس بێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕق و کینەی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە خەیاڵدا نایەت." لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ترەمپ گوتی: پوتن و زێلێنسکی نایانەوێت قسە لەگەڵ یەکتر بکەن. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕەخنەی لە ئەورووپا گرت و ڕایگەیاند، ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت، بەردەوامە لە کڕینی نەوتی ڕووسیا و پێویستە سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر بکاتەوە. ترەمپ سزاکانی ئەورووپای بۆ سەر ڕووسیا بە "قورس" نازانێت و جەختی لەسەر ئامادەیی خۆی بۆ سەپاندنی سزای زیاتر کردەوە، بە مەرجێک ئەورووپییەکان ڕێوشوێنەکانیان توندتر بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ کردەوەکانیدا. گوتیشی: "ئەورووپا بەردەوامە لە کڕینی نەوت لە ڕووسیا، منیش نامەوێت ئەوان نەوتیان لێ بکڕن. ئەو سزایانەی هەیانە، ئەوەندە توند نییە. منیش ئامادەم سزاکان بسەپێنم، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنەکانیان توندتر بکەنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوەی من دەیکەم، ڕێکارەکانیان توندتر بکەنەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، "چ غازی سروشتی بێت یان تەنانەت جگەرەش گرنگی پێنادەم، بڕیار نییە لە ڕووسیا بکڕن، لەکاتێکدا ئێمە ئەوەندە پارە بۆ هاوکارییەکان خەرج دەکەین." ترەمپڕاشیگەیاند، "ئێمە تەنیا چەک بە ناتۆ دەفرۆشین و ئەوە بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە. بایدن 350 ملیار دۆلاری خەرجکرد، منیش هیچم خەرج نەکرد، ئێمە پارە پەیدا دەکەین. بەڵام دەمەوێت شەڕیش ڕابگرم."

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگ بۆ ساڵی 2026 پەسەندکرد بڕی ( 130)  ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرخانکردووە. لەو ژمارەیە بڕی (65) ملیۆن دۆلاری بۆ موچەی هێزەکانی هەسەدەیە، بڕی (15) ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و کڕینی چەکە، بڕی (32) ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری لۆجستی و چاککردنەوەو وەرشەیە. جیا لەوەش هەر ئەمڕۆ ئەمریکا لە دەروازەی وەلیدی سنوری نێوان رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان،30 بارهەڵگری پڕ لە چەک و پێداویستی لۆجیستی رەوانەی بنکەی قەسرک لە دەوروبەری حەسەکە کردوە. پنتاگۆن، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمریکا پابەندە بە بەدیهێنانی شکستی هەمیشەیی داعش لەڕێگەی پشتیوانیکردنی هێزە هاوبەشە متمانەپێکراوەکان،  بۆ پاراستنی فشارە بەردەوامەکان لەسەر ئەو رێکخراوە. جەختیشكردووە لە بەردەوامبونی ئەمریکا لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموكرات، لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و سوپای سوریای ئازاد، کە لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و ئوردن و عێراق جێگیرن، ئامانجی ئەم پشتیوانییەش بەرپەرچدانەوەی سەرهەڵدانەوەی رێکخراوەکە و رێگریکردنە لە سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی. ئەو بودجەیەی ئەمریكا بۆ ساڵی دارایی (٢٠٢٦) بۆ هاوكاریكردنی هێزە هاوپەیمانەكانی لە سوریا دیاریكردووە، نزیکەی (١٣٠) ملیۆن دۆلارە، کە بڕێك کەمترە  بە بەراورد بە ساڵی پێشوو. بودجەكەی پنتاگۆن بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانەكانی لە سوریا بۆ شەڕی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی كامپەكانی هۆل و رۆژ تەرخان دەكرێت. وەزارەتی جەنگى ئەمەریكا وردەكاریی زیاتری لەبارەی بودجەی ساڵی 2026 بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەو 130 ملیۆن دۆلارە بەشێكی تەرخانكراوە بۆ موچەی ئەو هێزانە كە بڕەكەی 65 ملیۆن دۆلارە، بودجەی پڕچەككردن و مەشقی سەربازییش 15 ملیۆن و 600 هەزار دۆلارە و بودجەی پاڵپشتی لۆجستی 32 ملیۆن دۆلار و بودجەی فریاگوزاریش یەك ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە. راشیگەیاندووە، بودجەیەك تەرخانكراوە بۆ تێچووی دابینكردنی چەكی سوك و قورسی ئەی كەی 47 و پی كەی ئێم و دۆشكە و گوللە و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و گواستنەوە، جلوبەرگ، ئامرازی پەیوەندیكردن بە بەهای شەش ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر پیت هێگست وەزیری جەنگى ئەمریكا رایگەیاند، بەمزوانە بۆ یەكەمجار بودجەی وەزارەتی بەرگری دەگاتە یەك تریلیۆن دۆلار. لە مانگی نیسانی رابردووش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بودجەی بەرگریی بۆ نزیكەی یەك ترلیۆن دۆلار بەرز دەكەنەوە و دەبێتە گەورەترین بودجە كە تائێستا بۆ كەرتی سەربازیی تەرخان كرابێت. هەر لەچوارچێوەى ئەو هاوکاریانەى وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا وەزارەتى بەرگری و دژەتیرۆری عێراق 114 ملیار دینارو وەزارەتی پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم 61 ملیار دینار تەرخانکراوە لەساڵى ٢٠٢٦دا.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی شەممە و لە کاتی بەڕێکەوتنی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، ئەمریکا لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە قەتەر "نیگەرانە"، بەڵام هێرشەکە ئەو هاوپەیمانییە ناگۆڕێت کە لەنێوان واشنتن و ئیسرائیلدا هەیە. ئامانجی سەردانەکەی روبیۆ ئەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە و بزانێت پلانی داهاتوویان چییە، روبیۆ بۆ رۆژنامەنووسەکان وتی، ئەوەی بوو، بوو. ئێمە و سەرۆک پێی دڵخۆش نەبووین، بەڵام ئێستا دەبێت سەیری داهاتوو بکەین و بزانین هەنگاوی دواتر چییە روبیۆ ماوەیەکی کەم پێش بەڕێکەوتنی لە واشنتنەوە، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئەوەی روویدا، روویدا. بێگومان، ئێمە لێی نیگەران بووین، سەرۆکیش نیگەران بوو." روبیۆ گوتیشی، "ئەمە کڕۆکی پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل ناگۆڕێت، بەڵام دەبێت قسەی لەسەر بکەین، بەتایبەتی کە ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەست دەبێت. پێویستە بڕۆینە پێشەوە و بزانین هەنگاوی داهاتوو چییە، چونکە لە کۆتاییدا، هێشتا گرووپێک هەیە بە ناوی حەماس، کە گرووپێکی شەڕانگێزە." ئیسرائیل ئەو سەرکردانەی حەماسی کردە ئامانج کە لە قەتەر کۆببوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێی ئاگربەست، کە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە خرابووە روو.   ترەمپ هێرشەکەی ئیسرائیلی بە 'ناخۆش' وەسف کردووە، سەرزەنشتی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کردووە و رایگەیاندووە، ئەمریکا زۆر درەنگ بە هێرشەکەی زانیوە و نەیتوانیوە رایبگرێت.   سەبارەت بە سەردانەکەی روبیۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تەنیا ئەوەی راگەیاند، دیپلۆماتکارە باڵاکەی ئەمریکا "ئامانج و ئاراستەی کارکردن" لەگەڵ ئیسرائیل تاوتوێ دەکات و "پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە" نیشان دەدات. سەردانەکەی روبیۆ لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل دێت بۆ سەر سەرکردەکانی حـەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئەمە یەکەم هێرشی لەو جۆرەی ئیسرائیل بوو دژی قەتەری هاوپەیمانی ئەمریکا و فشارێکی نوێی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێنانەدیی ئاگربەست لە غــ،ــەز*زە، و رەخنەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا لەسەر شەڕی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و دوو مەرجی دانا: ناتۆش بە هەمان شێوە و وڵاتانی ئەندامی ئەو وڵاتە باج بەسەر چیندا بسەپێنن. شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئامادەیە سزای گەورە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت، بەڵام بەمەرجێک هەموو وڵاتانی ناتۆ ڕێکبکەون کە بەتەواوەتی کڕینی نەوتی ڕووسیا ڕابگرن و سزاکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی "من ئامادەم سزای گەورە بەسەر ڕووسیادا بسەپێنم، کاتێک هەموو وڵاتانی ناتۆ لە کڕینی نەوتی ڕووسیا دەوەستن". ئاماژەی بەوەش کردووە، "کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هەندێک وڵاتان شۆککە هێنەر بووە، و پێگەی دانوستانەکانیان لەگەڵ مۆسکۆ بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە."  گوتیشی: وەک دەزانن، بردنەوەی ناتۆ لە دانوستانن و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیادا. زۆر کەم بووەتەوە، بەهەرحاڵ، من ئامادەم بڕۆم بۆ دانوستان هەر کاتێک ئێوە ئامادەبن. تەنیا بڵێن کەی؟. ترەمپ ڕاشیگەیاند، پێم وایە سەپاندنی 50% بۆ 100% باجی گومرگ بەسەر چیندا، بە تەواوی دەکشێتەوە، یارمەتییەکی گەورەش دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، دەشڵێت: چین کۆنترۆڵێکی بەهێزی هەیە، تەنانەت دەستەڵاتیشی بەسەر ڕووسیادا هەیە، بۆیە ئەم گومرگانە ئەم دەستەڵاتە دەشکێنن. گوتیشی: ئەمە جەنگی ترەمپ نییە، هەرگیز دەستی پێنەدەکرد ئەگەر من سەرۆک بوومایە،  ئەمە جەنگی بایدن و زێلێنسکییە، من تەنیا لێرەم بۆ یارمەتیدانی ڕاگرتنی جەنگ و ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران ڕووسی و ئۆکرانی. ترەمپ ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر ناتۆ وەک ئەوەی من بڵێم بیکات، جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی دێت، ئەگەر نا، ئێوە تەنیا کاتی من و وزە و پارەی ئەمەریکا بەفیڕۆ دەدەن.