هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا نامەیەک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەنێرێت،  پشتیوانی خۆی دەردەبڕێت بۆ خواستی نێچیرڤان بارزانی بۆ چاکسازیی لە ریزەکانی پێشمەرگە. ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانونی دوەمی 2022، بەپێی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامه‌يه‌كى له‌ بۆريس جۆنسن، سه‌رۆكوه‌زيرانى به‌ريتانيا‌وه‌ پێگەیشتووە كه‌ تێیدا پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ سه‌قامگيريى درێژخايه‌نى عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه‌ و دوا سه‌ردانى نێچیرڤان بارزانی بۆ له‌نده‌ن وه‌ك ده‌رفه‌تێكى گرنگ بۆ تاوتوێكردنى هاريكاريى نێوان هه‌ردوولا له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. له‌ وه‌ڵامى نامه‌يه‌كى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستاندا، بۆریس جۆنسن سه‌رۆكوه‌زيرانى به‌ريتانيا نووسیویەتی: "خۆشحاڵ بووم کە ئەیلوولی رابردوو لە لەندەن میوانداریم کردن، دوای ئەوەی ساڵى 2015 سەردانی هەولێرم کرد. بەریتانیا هاوبەشیمان زۆر بەرز دەنرخێنێت و پابەندی سەقامگیریی و ئاسایشی درێژخایەنی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق دەمێنێتەوە". بۆریس جۆنس هه‌روه‌ها لە نامەکەیدا بۆ سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى نووسيويه‌تى: "دیدارەکه‌مان دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندیی نزیکمان و تاوتوێکردنی ئەو هاوکارییە زۆر گرنگەی کە دژ بە داعش هەمانە، هەروەها بۆ راگۆڕینەوەمان لەبارەی پرسە ناوچەییەکانەوە". له‌ به‌شێكى ديكه‌ى نامه‌كه‌دا نووسيويه‌تى: "بە بیستنی باشتربوونی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا زۆر خۆشحاڵ بووم. هه‌روه‌ها بەریتانیا پشتگیریی لە خواستی بەڕێزتان بۆ چاکسازیی لە ریزەکانی پێشمەرگەدا دەکات".

  هاوڵاتی  سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند، بەهۆی "لاوازی و بێتوانایی" جۆ بایدن مەترسی دروستبوونی جەنگی جیهانی سێیەم هەیە و مەترسی راستەقینەش لەسەر ئەمریکا دروستبووە.  ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانونی دوەمی 2022، دۆناڵد ترەمپ لەدواین لێدوانیدا بۆ لایەنگرانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس باسی لەوەشکرد، "لاوازی و بێتوانایی" جۆ بایدن مەترسی راستەقینەیە بۆ دروستبوونی جەنگی جیهانی سێیەم. باسی لەوەشکردوە، لەو ماوەیەدا کە بایدن سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، کۆریای باکور ژمارەی تاقیکردنەوە موشەکییەکانی گەیاندووەتە لوتکە، بۆیە داوا دەکات بایدن سەرنج بخاتەسەر كۆچبەرانی نایاسایی لەسنورەکانی ئەمریکا و مەکیسک، نەک هێزی سەربازی  بۆ ئۆکرانیا بنێرێت. سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕو، وڵاتەکەیان پێش ئۆکرانیا روبەڕوی داگیرکاری بووەتەوە، بۆیە دەبێت پێش ئەوەی سەرکردەکانیان باس لە داگیرکردنی وڵاتێکی ئەوروپا بکەن، پێویستە "داگیرکاری" وڵاتەکەی خۆیان رابگرن.  

هاوڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە یەكەم كۆبونەوەی تایبەت بە وردبینیكردن بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەڕێوەچووەو  لەو پرۆسەیەشدا راست و دروستی بەڵگەنامە، بڕوانامەكان، هەڵسەنگاندنی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە و دەستەی نەزاهە دەكرێنە پێوەر. حاكم زاملی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو كە ئەمڕۆ شەممە 29ی كانونی دووەمی 2021 سەرۆكایەتی یەكەم كۆبونەوەی لیژنەی وردبینكردن بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆماری كردوە، كە لەكۆبونەوەكەدا وەزیری خوێندنی باڵا، سەرۆكی دەستەی نەزاهە، جێگری سەرۆكی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ ئامادەی بون. ئاماژە بەوەشكراوە كە لەكۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بەڵگەنامە و سیڤی سەرجەم كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار كرا كە ژمارەیان 26 كاندیدە. هاوكات هەڵسەنگاندن بۆ بڕوانامە، دەستپاكی و  بۆچونی دەستەی دادپەروەری و لێپرسینەوە لەسەر دیاریكردنی شیاوبونی كاندیدەكان كراوە. جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەكۆبونەوەكەدا ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەڵسەنگاندنەكان بۆ كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر بنەمای بەڵگەنامە، بڕوانامە، سی ڤی و زانیارییە كەسییەكان بە ئەوپەڕی پیشەیی و شەفافیەتەوە كاریان لەسەر دەكرێت و نابێت هیچ فشارێكی سیاسی لەسەر كاری لیژنەكە هەبێت كە رێگری بكات لەكارەكانیان. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵحی وەك تاكە كاندید دیاریكردوە، لەبەرامبەریشدا پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشیار زێباری بۆ ئەو پۆستە كاندید كردوە. رۆژی 9-1-2022 یەكەمین كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچو، محەمەد حەلبوسی بە 200 دەنگ بە سەرۆك،  حاكم زاملی بە 182 دەنگ بە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵا بە 180 دەنگ بە جێگری دوەم هەڵبژێردران.  

هاوڵاتی سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی ھاوردە و ناردنکاران ڕایگەیاند:" قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان گەشتۆتە 20ملیار دۆلار"، ئاماژە بەوەشدەکات، "تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ھەرێم پەرەپێدەدات". ئەمرۆ شەممە 29ی کانوونی دووەمی 2022، مستەفا عەبدولرەحمان سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "تورکیا لە چەند ڕوویەکەوە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ھەرێم پتەو دەکات و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی زیاتر دەکات". وتیشی، "ساڵی ڕابردوو بە قەبارەی 20 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان کراوە، لەو ڕێژەیەش بە بڕی 10 ملیار دۆلار لەگەڵ تورکیا و 7 ملیار دۆلار لەگەڵ ئێران و بە بڕی 3 ملیار دۆرلار تریش لەگەڵ وڵاتانی تر ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجامدراوە. پێشتر لە بەیانێکدا، سەرۆکی یەکێتی پیاوانی خاوەنکاری تورکی-عێراقی ڕایگەیاند، بڕیارە لە مانگی ئایاری داھاتوودا لوتکەی وەبەرھێنان لە مێرسین ئەنجام بدرێت، یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێم و عێراقیش بۆ بەشداریکردن لەو لوتکەیە بانگھێشت کراون.

هاوڵاتی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند:" بڕیاریانداوە کاندیدەکەیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشێننەوەو دەنگ بە یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی دیکە بدەن، ئەگەر دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بدەن مەرجیان دەبێت".  ئەمڕۆ شەممە 29ی کانوونی دووەمی 2022، ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ لە سلێمانی کۆبووەو دوای کۆبوونەوەکە شاسوار عەبدولواحید لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" بڕیاریانداوە کاندیدەکەیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بکشێننەوەو دەنگ بە یەکێکی دیکە لەو کاندیدانەی دیکە بدەن، ئەگەر دەنگ بە یەکێک لە کاندیدەکانی یەکێتی و پارتی بدەن مەرجیان دەبێت".  سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، ''مەرجەکانی نەوەی نوێ بۆ هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی پێکهاتووە لە 10خاڵ، ئەگەر هەر لایەنێک ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات ئەوا نەوەێ نوێ دەنگ بە کاندیدی ئەو لایەنە دەدات.''  شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی ڕاگەیاند، "پێویستە ئەم مەرجانە بەزووی پێش وادەی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆککۆمار بێت".  مەرجەکانی نوێ بریتین لە 10 خاڵ کە بەوتەی سەرۆکی جوڵانەوەکە بۆ دەنگدان بە یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆککۆمار: 1. دەستبەجێ هەرزانکردن و ئاساییکردنەوەی نرخی غاز، بەنزین، نەوت و پێداویستییەکانی دیکەی هاووڵاتییان. پێویستە ئەم هەنگاوە پێش دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت. 2. دەستبەجێ لابردنی باج و هەموو جۆرە رسوماتێکی حکومی یان هی کۆمپانیاکان لەسەر هاووڵاتیان و دووکاندار و کاسبکارەکان. 3. دەستبەجێ کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دانانی کات و وادە کە مانگانە بڕێک مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران بگەڕێتەوە سەر ئەو ژمارە بانکیە. 4. دەستبەجێ دەستبکرێت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران. 5. بەڵێندان بە جێگیرکردنی بابەتی گێڕانەوەی کەرکووک و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە و هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و جێگیرکردن و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران لەناو بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراقدا و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی خانەنشینانی عێراق. 6. دەستکردن بە دابەشکردنی دەرماڵە بۆ تەواوی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان. 7. دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و هەروەها فەرمانبەرانی خۆبەخش و کردنیان بە هەمیشەیی و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان. 8. پێدانی مووچەی خانەنشینان لە رێگەی کارتی بانکییەوە 30 رۆژ جارێک لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان بچێتە سەر ئەژمارە بانکییەکانیان و دانانی چەندین ئامێری پارە راکێشان لە چەندین شوێنی جیاوازی شار و شارۆچکەکان تاوەکو خانەنشینان بە ئارەزووی خۆیان لە هەرکاتێکدا بیانەوێت مووچەکانیان وەربگرن. 9. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆی و لە ئەمساڵدا. 10. هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هەروەها یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بە جۆرێک ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بێلایەن بن و لە کۆمەڵێک دادوەری بێلایەن و سەربەخۆ پێکبێن.  

  هاوڵاتی وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم خشته‌ى موچه‌ى مانگى یه‌كى 2022ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌ت‌ێكى ئاشكراكرد. له‌و خشته‌یه‌ى موچه‌ى وه‌زاره‌تى داراییدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، سبەینێ‌ یەكشەممە 30ى 1ى 2022 موچەی وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامە دابەشدەكرێت. ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، ڕۆژی دوشەممەش 31ى 1ى 2022 موچەی وەزارەتی شەهیدان‌و كەسوكاری شەهیدان‌و ئه‌نفالكراوان‌و زیندانیه‌ سیاسییه‌كان دابه‌شده‌كرێت له‌گه‌ڵ موچه‌ى لیوای یەك‌و دوی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگاكانی نەوت‌و هێزه‌كانى زێرەڤانی‌و بەرگری فریاكەوتن. به‌گوێره‌ى خشته‌كه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی، ڕۆژى 1ى 2ى 2022 كه‌ ده‌كاته‌ ڕۆژى سێشه‌ممه‌، موچەی وەزارەتی پەروەردە دابەشدەكرێت. رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کرا، یەکەم وەزارەتی کە مووچەی وەرگرت، وەزارەتی تەندروستی بوو. لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.

هاوڵاتی بڕیاربوو ئەمڕۆ  ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبێتەوە، ‏بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. وەفدێكی پەكێتی لەئێستادا لە بەغدان، بەهۆی نەگەڕانەوەی ئەو وەفدەوە كە بریار بوو بەرهەم ساڵح یش لەگەڵیان بێتە سلێمانی و ئامادەیی كۆبونەوەكە بێت بەڵام هاتنەوەكەیان دواخست و هەر بەو هۆیەوە كۆبونەوەكەش دواخرا. تائێستا یەكێتی كانیدیی نوێی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیارینەكردووە و چەندین جار رایگەیاندووە تەنیا كاندیدی پەكێتی بەرهەم ساڵحە.    

هاوڵاتی  كه‌شناسی هه‌رێم رایگه‌یاند:" ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاسمان له‌ نێوان هه‌ور و نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری نمه‌بارانی پچڕ پچڕ له‌كات و شوێنی جیاجیا، هه‌روه‌ها دابارینی به‌فرێكی كه‌م له‌ناوچه‌ شاخاویه‌كان، به‌رزترین پله‌ی گه‌رما 10 پله‌ ده‌بێت و نزمترین پله‌ی گه‌رما 1- ده‌بێت". به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاسمان له‌ نێوان هه‌ور و نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری نمه‌بارانی پچڕ پچڕ له‌كات و شوێنی جیاجیا، هه‌روه‌ها دابارینی به‌فرێكی كه‌م له‌ناوچه‌ شاخاویه‌كان، به‌رزترین پله‌ی گه‌رما 10 پله‌ ده‌بێت و نزمترین پله‌ی گه‌رما 1- ده‌بێت. به‌پێی كه‌شناسی:" سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ ئاسمان له‌نێوان هه‌ور و نیمچه‌ هه‌ور ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری بارینی نمه‌بارانی پچڕ پچڕ له‌ناوچه‌ شاخاویه‌كان".  

 روسیا و ئێران لەزۆرترین قۆناغەکانی پێنج سەدە رابردوودا رکابەرو نەیاری یەکتر بوون ، تاران دەیەوێت وا پیشان بدات ئێستا لەگەڵ مۆسکۆ لەمانگی هەنگویندان بەڵام مۆسکۆ بە نەفرۆشتنی فڕۆکە و قەڵغانی دژە موشەکی زاری تارانی تاڵ کرد. ئێران و چین و روسیا وەک سێکوچکەیەکی ئەمنی و سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و ئەوەش بە قۆناغێکی نوێی پەیوەدنیی نێوان تاران و ئەو دوو وڵاتە لێکدرایەوە، بەڵام چین و روسیا تا ئێستا پێچەوانەی هیچ سزایەکی ئەمریکا دژی ئێران هەنگاویان نەناوە، بۆیە نە پارەکانی ئێران لە چین ئازاد کراوەو نە روسیا ئامادەبوو چەک بەو وڵاتە بفرۆشێت. بڕیاربو ئێران بە بڕی 10 ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگیی (سو 35) و قەڵغانی دژە موشەکیی (ئێس 400) لە روسیا بکڕێت و هاوکات گرێبەست و رێککەوتنی 20 ساڵەی نێوان ئەو دو وڵاتە واژۆ بکرێت کە دوو ساڵە لە لایەن ئێرانەوە رادەستی روسیا کراوە، بەڵام  سەرۆک کۆماری ئێران بەدەستی بەتاڵەوە لە مۆسکۆ گەڕایەوە تاران. گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ مۆسکۆ کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە چونکە سەرنجی زۆر هەبوو لەسەر شێوازی پێشوازیی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە رەئیسی. شارەزایان پێیانوایە ئەوەی روسیا بەرامبەر ئێران کردویەتی بەجۆرێک ئاوی پاکی کردووە بەدەستی تاراندا چونکە لە ئێستادا مۆسکۆ دەیەوێت دڵی ئسرائیل راگرێت و هاوکات بە فرۆشتنی چەک بەئێران نەبێتە مایەی نیگەرانیی سعودیە، سەرەڕای ئەوانەش ئابوریی ئێران هیچ کاتێک بۆ روسیا جێگەی بایەخ نەبووە بە تایبەت کە ئێران لە ماوەی رابردودا گرێبەستی 25 ساڵەی ئابوریی بەبڕی 400 ملیار دۆلار لەگەڵ چین خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە . پێشوازیی ساردوسڕی مۆسکۆ لەگەرموگوڕیی رەئیسی رۆژی چوارشەممە (19/1/2022) ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی مۆسکۆی کردو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا کۆبووەوە  کە چەند خاڵی ئەو گەشتە مایەی لێکدانەوەی جیاوازو جێی سەرنج بووە. شێوازی پێشوازیی لە رەئیسی هاوشانی سەرۆک کۆماری وڵاتێکی وەک ئێران نەبووە، چونکە پوتین لەفڕۆکەخانە پێشوازیی لێنەکردو سرودی نیشتیمانیی ئێران لێنەدرا و تەنانەت ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێچ شوێنێکی دیدارە فەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی تاران و مۆسکۆ لەو وڵاتە دانەنرا. بەشێک لە میدیاکانی ئێران وایان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا ئەو گەشتەی رەئیسی گەشتێکی فەرمی نەبووە بۆیە زۆر ئاساییە کە پێشوازییەکە بەم شێوەیە بێت، بەڵام میدیاکانی سەر بە محافزکاران و لایەنگرانی رەئیسی هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی گەشتەکە بڵاویان کردەوە ئەو گەشتە لەسەر دوای پوتن بووە و بڕیارە روسیا فڕۆکەی جەنگیی و قەڵغانی دژە موشەکیی بە بڕی 10 ملیار دۆلار بەقەرز رادەستی ئێران بکات و دواتر ئێران ئەو قەرزە لەو 20 ملیار دۆلارەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە چین بلۆک کراوە بۆ مۆسکۆ بگەڕێنێتەوە. ئەگەرچی رەئیسی لە پەرلەمانی دۆما لە روسیا وتارێکی ئاگرینی بەدڵی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە دژی ناتۆ و ئەمریکا پێشکەش کردو رایگەیاند؛ سەردەمی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بەناتۆ کۆتایی هاتووە و پێشبینی دەکرێت کە ناتۆ لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوەشێتەوە بەڵام ئەم وتارەشی نەبووە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەی و هیچ دەستکەوتێکی لێنەکەوتەوە. دواتر رەئیسی لە مزگەوتی گەورەی مۆسکۆ کە پێشنوێژیشی پێ رەوا نەبینرا وتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند روسیاو ئێران دژی داگیرکاریی ئەمریکاو ئیسرائیل  لەسوریا دەجەنگن نەوەک دژی کفر و بێ باوەڕیی. ئەم وتارەی رەئیسیش پێناچێت هیچ کارگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تەلئەبیب هەبێت بەتایبەت کە ساڵانێکە مۆسکۆ دەیەوێت دڵنیایی بدات بە تەلئەبیبی هاوپەیمانی ئەمریکا کە رێگە بەهێرشی هیچ وڵاتێک نادات بۆسەر ئیسرائیل لە کاتێکدا ئێران بەبەردەوامی هەڕەشە لەو وڵاتە دەکات. ئێران روو لەڕۆژهەڵاتە و چاوی لەڕۆژئاوایە کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی ئێستا دەیەوێت بەهەموو نرخێک رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندو بکرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوەکانی تاقی دەکاتەوە چونکە ئابوریی ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە لێواری هەڵدێردایە و تاکە رێگا بۆ دەربازبوون لەقەیرانە ئابورییەکان واشنتۆنە بەتایبەت کە سیستمی ئابوریی ئێستای جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایەو روسیا ساڵێک زیاترە لە ژێر کاریگەریی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی پەراوێزخستنی نێودەوڵەتیی بووەتەوە. تەنانەت ئەگەر روسیاو چین دەیان گرێبەستی ئابوریی واژۆ بکەن بەبێ ئەمریکا ئاستەمە گرێبەستەکان بگەنە ئەنجام، نموونەی بەرچاویشی ئەو 20 ملیار دۆلارەی ئێرانە کە زیاتر لەسێ ساڵە لە چین بلۆک کراوە و تاران ناتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە ، سەرەڕای ئەوانەش بە پێی هەندێک ئامار زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە بانکەکانی جیهان بلۆک کراوە و چارەنووسی ئەو پارانەش هەموی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە گرێ دراوەتەوە. سەرجەم بازرگانیی ئێران و روسیا لە ئێستادا ناگاتە سێ ملیار دۆلار لەساڵیکدا ئەوەش قەبارەیەکی گەورە نییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەکاتێکدا بڕی بازرگانیی نیوان روسیاو تورکیا دەگاتە نزیکەی 30 ملیار دۆلار بۆیە تاران لە لایەک بە رێککەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەگەڵ روسیاو لە لایەکی دیکەوە بە رێککەوتنی 25 ساڵەی بازرگانیی لەگەڵ چین دەیەوێت ئەمریکا هانبدات بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی. دەوترێت ئەم هەنگاوانە چاوداگرتن و ئاماژەی ئێرانە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا، چونکە لە ماوەی رابردوودا رۆبەرت مالی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا پێشنیاری کردووە کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستی ئابوریی لەگەڵ ئێران بکەن وەک دڵنیاییەکی واشنتۆن بۆ تاران کە ئەو کۆمپانیایانە پاڵپشت دەبن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ بەرپرسێکی ئەمریکا هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی وڵاتەکە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نەکشێتەوە. لەماوەی رابردوودا ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی ئێران لەپێناو دروستکردنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەئێران بەڵام ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە لەلایەن لایەنگرانی توندڕەوی محافزکارانەوە بەرپەرچ درایەوە و سایتی (تەسنیم) کە زمانحاڵی ئەو باڵەی کۆماری ئیسلامییە لە بابەتێکی شیکاریدا بڵاوی کردەوە کە رەنگە وەزیری دەرەوە تێگەیشتنی تەواوەتیی بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی نەبێت یان پەیامەکەی بەهەڵە گەیاندوو پێنج سەدە پەیوەندیی روسیا و ئێران تەمەنی پەیوەندیی و ململانێکانی ئێران و روسیا 500 ساڵ تێدەپەڕێنێت و بەدرێژایی مێژووی ئەو پێنج سەدەیە یان دوژمنی یەکتر بوون یان دۆست بۆیە قۆناغی پێچەوانەو چەندلایەنی زۆریان لەگەڵ یەکتر تۆمار کردوە. ئێران و روسیا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە ئێران پەیوەندییان هەبوە بەڵام ساڵانی (1804تا 1813) و ساڵانی (1826 تا 1828) گەورەترین و دوایین جەنگ لە نێوان ئیمپڕاتۆریەتی روسیا و دەسەڵاتی قاجارەکان لەئێران رویدا و هەر ئەوەش بوە هۆی بچوکبوونەوەی خاکی ئێران بۆ نیوە و دو رێککەوتنی گەورەی بە ناوەکانی تورکمانچای و گولستان لێکەوتەوە و باشوری قەوقاز و داغستان و سەرجەم خاکی ئەرمینیا و جۆرجیا رادەستی روسیا کرا کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بو. بە پێی بەڵگەنامە مێژوییەکان روسیا تا سەرهەڵدانی یەکەم جەنگی جیهانی لەساڵی 1914 دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئێراندا هەبوە و تەنانەت دەستی هەبوە لە دەستنیشانکردنی کەسانی نزیک لەخۆی لە ناو دەسەڵات و حوکمڕانیی ئەو سەردەمەی ئێرانداو زۆر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی بە سیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کردووە. ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لەو سەردەمەدا، روسیا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی سەرچاوەی داهاتەکانی لە باکوری ئێران کردبو و لەباشوریشەوە بەریتانیا ئەوەی مەبەستی بوایە لەئێران بەدەستی دەهێنا بۆیە دەسەڵاتی سەردەمی پەهلەوی لەگەڵ ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر رێککەوتن دەکات ئەوەش لەگەڵ سەرهەڵدانی دوەم جەنگی جیهانیدا بوە هۆی ئەوەی بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت خاکی ئێران بە تەواوەتی داگیر بکەن ئەگەرچی تاران بێلایەنیی خۆیشی لەو جەنگە راگەیاندبو. گەورەترین پاشەکشێ یان شکستی دەسەڵاتی ئێران لەو سەردەمەدا لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی روسیا بووە و ئێستاش ئەو برینەی ئێرانییەکان ساڕێژ نەبووە ، چونکە خاک و هەیمەنەی وڵاتەکاین بۆ زیاتر لە نیوە کەم بوەوە بویە لەم سەردەمەشدا کاتێک رێککەوتن یان گرێبەستێکی سیاسی و سەربازیی و ئابوریی لەنێوان مۆسکۆ و تاران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەخنەگران ئەو رێککەوتنانە بە گوڵستان و تورکمانچایی ناوزەد دەکەن وەک ئاماژەیەک بە پاشەکشێی گەورەی ئێران لە بەرامبەر روسیادا. ئێران لەنێوان روسیاو ئەمریکپەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1899 بەڵام ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ زیادبونی دەسەڵاتی سۆڤیەت بەسەر ئێراندا چوەتە قۆناغێکی توندوتۆڵە و بەریتانیا و ئەمریکا وەک دو هاوپەیمانی سەرەکیی لە دوای دوەم جەنگی جیهانییەوە بە بەردەوامی هەوڵی دورخستنەوەی روسیا دەدەن لە ئێران بۆیە لە ساڵی 1946 و دوای کۆتایی ئەو جەنگە، ئەمریکا داوای لە یەکێتی سۆڤییەت کرد کە سوپاکەی لە خاکی ئێران بکشێنێتەوە و بە پێچەوانەوە بۆمبی ئەتۆم لە دژی سۆڤیەت لە خاکی ئێراندا بەکار دەهێنێت. هەڕەشەکەی ئەمریکا بوە مایەی ئەوەی ستالین سەرکردەی ئەوکاتی سۆڤیەت بڕیاری کشانەوەی سوپای سور لە ئێران بدات و ئەوەش بە قۆناغیگی گرنگی کۆتایی داگیرکاری روسیا لەسەر دەستی ئەمریکا لە ئێران لەقەڵم دەدرێت. ئەمریکا لەو سەردەمەوە ئێرانی بەهاوپەیمانێکی نزیکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار کرد و تەنانەت سوپای ئێرانی بە ئاستێک پڕچەک و بەهێز کرد کە بوە چوارم سوپای بەهێز و رێکخراوی جیهان و هەر لەو سەردەمەدا ئەمریکا 80 فڕۆکەی ئێف 14ی رادەستی ئێران کرد کە تەنها سوپای ئەمریکا ئەو جۆرە لە فڕۆکەیی هەبو کە تا ئێستاش بە یەکێک لە فڕۆکە بەهێزەکان و گرانەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت و لە جەنگی ئێران و عێراقیشدا تەنها خاڵی بەهێزی ئێران ئەو فڕۆکانە بون کە بە (تام کەت) بەناوبانگن. بە پێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی ئەمریکا کە لەساڵی 1996 بڵاوکراوەتەوە بەربەیتانیا و ئەمریکا بڕیاریانداوە ئەگەر سۆڤیەت لە خاکی ئێران نەکشێتەوە ئەوا خاکی ئەو وڵاتە و سعودیە بە بۆمبی ئەتۆم بۆردومان بکرێت بۆ ئەوەی سۆڤیەت سود لە سەرچاوە گەورەکانی نەوتی ئەو دو وڵاتە وەرنەگرێت. لە ساڵی 1979 دوای روخانی سیستمی پاشایەتیی پەهلەوی کە بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە دۆستایەتییەوە بوەتە دوژمنایەتی چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەگەل گرتنەدەستی دەسەڵات لەو وڵاتە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکای هەڵگرتوە و رۆژانە ئەو دروشمە وێردی سەر زمانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە ئەگەر لە دڵیشەوە خواستی تریان هەبێت بەڵام بەزمان مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە و واشنتۆنیش لە ماوەی ئەو 42 ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە دو هەزار سزای بەسەر تاران و بەرپرسانیدا سەپاندوە و تەنانەت ئابوریی ئەو وڵاتەی خستوەتە لێواری هەڵدێرەوە. هەوڵەکانی ئیران لەپێناو تێگەیاندنی ئەمریکا نزیکەی 42 ساڵ لەئێران دروشمی دژی ئەمریکا دەوترێتەوە و چەند ساڵێکیشە هەوڵەکانی لەگەڵ چین و روسیا خستوەتەگەڕو لە نوێترین هەنگاویشدا رۆژی پێنجشەممە (21/1/2022) سێکوچکەی ئێران و چین و روسیا مانۆڕێکی سەربازییان لە باکوری ئێرانەوە دەستپێکرد و لە زەریای هندی کۆتاییان پێهێنا. تاران ئەو مانۆڕەی وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ وڵاتەکەی لەقەڵەم دا بەڵام بەرپرسانی ئێران بە باشی درک بەوە دەکەن چین و روسیا لە قەبارەی گەورەدا دژایەتیی سیستمی سیاسی و ئابوریی جیهان ناکەن لە پێناو ئێراندا، چونکە لە رابردوشدا ئەو دوو وڵاتە هاوشانی ئەمریکا دەستیان هەبووە لە دەرکردنی 15 بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لەدژی ئێران، بۆیە هەموو هەوڵەکانی تاران بۆ ئەوەیە سەرنجی ئەمریکا راکێشێت بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و رێگریی لەنوقمبونی لەقەیرانی ئابوریی

هاوڵاتی هادی عامری له‌ کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌فدى یه‌کێتى به‌ سه‌رۆکایه‌تى بافڵ تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ پێویسته‌ رێگه‌ چاره‌یه‌کى گونجاو بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ناکۆکیه‌کانى نێوان یه‌کێتى و پارتى. نووسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح  بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە وه‌فدى یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کرد". وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا "باسیان لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق کرد و جەختیان کردەوە لە پێویستیی دیالۆگ و تێگەیشتن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی راستەقینە و قبووڵکراو کە پشت بە چوارچێوەی دەستووری و ئەو نەریتە سیاسییانە ببەستێت کە پرۆسەی سیاسییان لەسەر بونیادنراوە". نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، "عامری جەختیکردەوە لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکییەی لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیدان بەو جیاوازییە لە عێراق رەنگدەداتەوە، هەروەک چۆن ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی دیکەش رەنگدەداتەوە". لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، وه‌فدى یەکێتیش "جەختیکردەوە لە پێویستیی یەکخستنی تێڕوانینە سیاسییەکان، بەردەوامیدان بە دیالۆگ و گەیشتن بە تێگەیشتن بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت". سەردانەکەی وه‌فدى یەکێتی لە کاتێکدایە، شاندێکی پارتی یش لە بەغدایە و هەردوولا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە. کاندیدى پارتی  بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بریتییە لە هۆشیار زێباری و بەربژێری یەکێتیش بریتییە لە بەرهەم ساڵح. هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رۆژی 7ی شوباتی 2022ی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاریکرد. دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بڕیاری لەسەر دوو خاڵ دا؛ لە راگەیێندراوێکیدا هاتووە، "رۆژی دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022 ناوی بەربژێرانی سەرۆککۆمار کە مەرجە یاساییەکانییان تێیدا دەستەبەر بووە، بڵاودەکرێتەوە؛ ئەوەش دوای تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەکان بە پشتبەستن بە یاسای حوکمەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ژمارە 8ی ساڵی 2021". هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، "7ی شوباتی 2022 رۆژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".

هاوڵاتی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا  بە تووندی ‌هێرشیکردە سەر موقتەدا سەدر  و رایگەیاند:" وەڵامی من لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوان پارێزگاریی لە عێراق و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و وەستاندنی ئازاری دەستی ئەوان بووە، کە سووکایەتی بە خوێن دەکەن و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و ئازادیدا دەگرن". نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-01-2022 لە تویتێکدا و بە تووندی ‌هێرشیکردە سەر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەعێراق و رایگەیاند: "وەڵامی من لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوان پارێزگاریی لە عێراق و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و وەستاندنی ئازاری دەستی ئەوان بووە، کە سووکایەتی بە خوێن دەکەن و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و ئازادیدا دەگرن". رۆژی چوارشەممە 26-01-2022 دادگای فیدڕاڵی تانەکانی لەسەر یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و سەرۆکایەتی پەرلەمانی بە "دەستووریی و یاسایی"ی دانا. موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دوای بڕیارەکەی دادگە، وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند ئەو لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی هێشتا سوورە و بۆ یەکەمجاریش بە ئاشکرا لە زاری خۆیەوە وتی، حکومەتی بەبێ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای دەوێت. لەوڵامی ئەو قسانەی رێبەری رەوتی سەدر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە خاوەنی 33 کورسییە لە پەرلەمان لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وا راهاتووم وەڵام و وەڵامکارییم نەبێت بۆ ئەوانەی زێدەڕۆیی دەکەن و ناکۆکییە سیاسییە نیشتمانییەکان بە کەسیی دەکەن". هاوپەیمانی دەوڵەتیی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە لە شەش لایەنی شیعە پێکدێت و داوای حکومەتی سازان و رێککەوتن دەکەن، لە کاتێکدا موقتەدا سەدر داوای حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" دەکات.

رەزا مەنوچەهری لەدوای تێکشکاندنی یەک لەدوای یەکەکانی داعش لەکۆبانێ بۆ منبج و لەوێوە بۆ رەققا و دێرەزۆر و لە کۆتاییدا لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ لەباغۆز، دیلە داعشەکان بوونە بۆمبێکی چێندراو لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا. زیاتر لە ١٢هەزار و ٥٠٠ دیلی داعش، کە کەسانی راهێنراوو ئەمیر و سەرکردەی ئەو گروپەن لە ١٢ زیندانی رۆژئاوای کوردستاندا راگیراون، جگە لە ٧٠ هەزار خێزان و منداڵی داعش لە کامپەکانی هول و رۆژدان و خەڵکی ٤٦ وڵات و هەرێمن. وەرنەگرتنەوەی دیلەکانی داعش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان چەندین جار لە دانوستانەکان و شاندەکانیدا داوای لەهێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەوانەی پلاندانەر و بەشداربوون لە تەیارکردنی داعشداو دوای ئەوە چەکدارەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و زیندانی بکرێن. جگە لەژمارەیەکی کەم لەخێزانی هەندێک لە چەکدارەکانی داعش هیچ یەک لەوڵاتەکان ئامادە نەبوون، چەکدارەکانی داعش کەهاووڵاتیی خۆیانن وەربگرنەوە و هەندێکجار بە پاساوی ئەوەی ئیدارەی رۆژئاوا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانی پیادانەنراوە ناتوانن مامەڵەی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوادا بکەن، بۆیە ناتوانن داعشەکان وەربگرنەوە، چونکە ئەو ناوچەیە بەشێکە لە سوریا، بەڵام ئەو وڵاتانە هاوکاریی مرۆیی و سەربازی و لۆجستی دەگەیەننە رۆژئاوا و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوادا دەکەن و نوێنەرایەتییان لە پایتەختی زۆربەی وڵاتانی جیهانی رۆژئاواو زلهێزەکاندا کردوەتەوە و هەروەها ئامادەن بەشێوەیەکی کەم و سنوردار لەگەڵ ئیدارەکەدا مامەڵە بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ژن و منداڵە داعشەکان، بەڵام پاساو بۆ وەرنەگرتنەوەی چەکدارەکانی داعش دەهێننەوە، سەرباری هەموو ئەوانە بەهۆی گوشارو داواکارییە بەردەوامەکانەوە وڵاتە جۆراجۆرەکان تا ئێستا لە ماوەی ٤ ساڵدا بە فەرمی ٨٣٨ ژن و منداڵی داعشیان لە ئیدارەی رۆژئاوا وەرگرتووەتەوە، کە ئەوەش دەکاتە رێژەی سەدا ١.١ی ژن و منداڵەکانی داعش. ئەگەر رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەخایەنێت، کە تەنها ژن و منداڵەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئیدی چەکدارەکانیش دیار نییە. ئاماری ژن و منداڵە داعشە گەڕاوەکان له‌ ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا، ١٨٣ ژن و ٢٠٦ منداڵ له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. له‌ ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٢٥ منداڵ و ٤ ژن له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. لە ساڵی ٢٠٢١دا‌، ٢٥٢ منداڵ و ٦٦ ژنی داعش له‌لایه‌ن وڵاتەکانیانه‌وه‌ وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌. بە گشتی لە چوار ساڵدا ٨٣٨ ژن و منداڵی داعش لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە ٢٥٣ ژن و ٥٨٣ منداڵ. مامەڵەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا لەگەڵ دیلەکان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا سەرباری ئەوەی دەوڵەت نییە و دانی پیادا نەنراوە و ناچار نییە پێبەندنی یاسا نێونەتەوەییەکان بێت و جێبەجێیان بکات، بەڵام هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانی جنێڤ، کە پەیوەندیدار بە دیلەکانەوە پەسەند کردووەو بەپێی ئەو یاسانە مامەڵە لەگەڵ دیلەکاندا دەکات. تەنانەت دیلەکان رادەستی ئەو وڵاتانە ناکاتەوە، کە سزای لەسێدارەدانیان تیادا هەبێت، مەگەر ئەوەی لایەنێکی نێونەتەوەیی ناوبژیوانی بکات. ئەو مامەڵەیەی شەڕڤانان سەرسامیی بۆ هێزە نێونەتەوەییەکان دروستکردووە، بەڵام وەرنەگرتنەوەی چەکدارە دیلکراوەکان و پشتگوێ خستنیان مەترسییەکە، کە هەموو ساتێک ئەگەری روودانی یاخیبوون و شەڕو پێکدادان و هەڵهاتنیان هەیە. تۆڵەی کۆبانێ و رەققای پایتەختەکەیان و رووخانی خەلافەتەکەیان گەورەترین رووداوی ٤ ساڵی رابردوو لەلایەن داعشەوە لە رۆژئاوای کوردستان و لە زیندانی ناوچەی سەناعە لەگەڕەکی غوێرانی حەسەکە روویدا. داعش بە پلانێکی ورد لەلایەن پلاندانەرەکانی و راهێنەرەکانییەوە و بە چەکدارە خۆکوژەکانی زیاتر لە ٦ مانگ لەسەربازگەکانی باشیک و زیلکان و گرێ سپی و کامپەکانی راهێنانی دەوڵەتی تورکیا راهێنانی بۆ رفاندنی ٥ هەزار چەکداری  زیندانیکراوی کرد، کە لەزیندانی گەڕەکی سەناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکەدا بوون. داعش دەیخواست لە حەسەکەوە بۆ ناوچەکانی رێگای ئێم ٤ و تل تەمر رێڕەوێک بکاتەوە و خۆی بگەیەنێتە سنووری گرێ سپی. مەودای ئەو رێگایە کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەترە و کەمتر لە ٣٠ خولەکی دەویست بۆ بە یەک گەیاندنەوەی حەسەکە بە سنووری گرێ سپی، کەلایەن تورکیاوە داگیراوە. بۆ ئەوەی ئەو پلانە سەری بگرتایە، دەبوایە هێزێکی راهێنراو و تۆکمەی چەند هەزار کەسییان بخستایەتە کار، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی زیندانێک، کە نزیکەی ٥ هەزار ئەمیر و چەتەی سەرکردە و راهێنراوی داعشی تیادایە باشترین بژاردە دەبوو، کە زیاتر لە ٦ مانگ راهێنانیان لەسەر زیندانەکە و گەڕەک و شەقامەکانی دەورووبەری و پەیوەندی لەگەڵ داعشە زیندانیکراوەکاندا کردبوو. داعش لەشەوی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاواو ساڵیادی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە نزیک عەمباری سوتەمەنی لە بینای زیندانکە و بە زیاتر لە ٢٠٠ چەتەی خۆکوژەوە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر زیندانەکە، هاوکات داعشە زیندانیکراوەکان لە زینداندا راپەڕین و کارگوزاران و کارمەندانی تەندروستی و چێشتلێنەرەکان و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی ناو زیندانەکەیان دەستگیرکرد، کە تا ئێستا تەنها ٩ کەسیان لەلایەن شەڕڤانەوە ئازادکراون و چارەنووسی ئەوانی تریان نادیارە. هەر داعشێک لە زیندانەوە خۆی بگەیاندایەتە دەرەوەی زیندان و پەیوەست دەبوو بەوانەی دەرەوە خێرا چەکدار دەکراو ئەویش دەستی بە هێرش دەکرد، بەوەش لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە سەدان داعشی راهێنراو دەستیان دەکرد بە پێشڕەوی بەرەو رێگای ئێم ٤ و گرێ سپی و لەگەڵ ئەو پێشڕەوییەدا چەکدارەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی لە گرێ سپی و رێگای ئێم ٤ ەوە بەرەو ئەو چەتانە رێڕەوێکیان دەکردەوە و بەو شێوەیە سوپای تورکیا و چەتەکانی لە سنوری تورکیا تاوەکو حەسەکە بڵاو دەبوونەوە و ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانتریان لەگرێ سپی و عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکرد. ئەوەش هەمان ئەو خواست و پلانەی ئەردۆغان بوو بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا، کە بە گۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا و هەندێک هاوکێشەی تر گڵۆپی سەوزێ بۆ هەڵنەکرا، کە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی تری وەک باب و جەرابلوس، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانی ئەنجام بدات. بەپێی ئەو پلانە، کۆبانێ و ناوچەی جزیر بە تەواوی لە یەک دادەبڕان و هەموو رێگاکانی پەیوەندیی شەڕڤانان بە رەققای پایتەختی پێشوی داعشەوە دەپچڕێنرا. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا شەڕڤانان بەدرێژایی زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر لەگرێ سپییەوە بۆ سەرێکانی و رێگای ئێم چوار و بۆ کۆبانێ و حەسەکە و باکووری رەققا بەرەی شەڕیان لە دژ دەکرایەوە. لە دوای ئەوەش یەک بەیەک کۆبانێ و رەققا دەکرانە ئامانج و داگیر دەکران، یان بە تەواوەتی دەخرانە ژێر گەمارۆ و بۆردومان و هێرشی سەربازییەوە، دوای ئەوەش شەڕ بە هەموو ناوچەکانی رۆژئاوادا بڵاودەکرایەوە و هیچ بستە خاکێکی ژێردەستی شەڕڤانان ئارامیی تیادا نەدەما و هەمووی بۆردومان دەکرا. بەوەش ملیۆنەها کەس ئاوارە دەبوون و چەندین شەنگال دووبارە دەبوونەوە. قۆستنەوەی هەلەکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریا و ئێران و روسیا لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی رژێمی سوریاو دیفاع وەتەنی و میلیشیاکانی ئێران بە پشتیوانیی روسیا لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ و لە باشوری دێرەزورووە دەستیان بەهێرش دەکرد. سوریا بە پشتیوانیی روسیا پەلاماری کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزووری دەدا، کە تا ئێستا میلیشیاکانی ئێران چەندجارێک لە ئەلبوکەمالەوە تاوەک کێڵگەکانی عومەر و تەنک  کۆنیکۆ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیان بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا. روسیاش بەوە ئەمریکای لە سوریا دەردەکردو دەستی بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا دەگرت، کە لەمێژە داوای دەکات و چەندیجاریشە رایدەگەیەنێت ئەمریکا هێزێکی ناشەرعییە لەسوریا دەبێت و سوریا چۆڵ بکات.  بەپێی ئەو پلانە رۆژئاوای کوردستان و ئەزموونەکەی و خۆبەڕێوەبەرییەکەی و ئەو دەستکەوتە لەناودەبرا و کورد بۆ هەتاهەتایە لە سوریا و رۆژئاوا خۆی پێنەدەگیرایەوە. رۆڵی روسیا لە لاوازکردن و تێکشکاندنی رۆژئاوای کوردستان روسیا لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٥دا بۆ رزگارکردنی رژێمی سوریا دەستتێوەرادانی سەربازیی لە سوریا دەستپێکرد. لە دوای نزیکەی ٢ ساڵ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئاستانەی لە ساڵی ٢٠١٧ و لە دوای ئەوەش سۆچی بۆ قەیرانی سوریا کرد. لەهیچ یەک لەو کۆبوونەوانەدا هەر وەک کۆبوونەوەکانی جنێڤ کورد و خواستەکانی لە بەرچاو نەگیراون. روسیا کەوتە مامەڵە لەگەڵ تورکیا، تورکیا چەتەکان و ناوچەکانی بە روسیا دەفرۆشت و روسیاش ناوچەکانی ژێر دەستی کوردی بە تورکیا دەفرۆشت. روسیا نزیکەی ٥ ساڵە بەزمانی هەڕەشە و تۆقاندن و ئاگر دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە ناوببات. روسیا بۆ ئەوە بە زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەمنی و موخابەراتیی نێوان دەزگای میتی تورک و هەواڵگریی رژێمی سوریا، کە  لەساڵی ١٩٩٨دا واژۆیان کردبوو، پلانەکانی بۆ گوشارخستنە سەر رۆژئاوای کوردستان و لاوازکردن و لە ئەنجامدا هەڵوەشاندنەوە و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان خستەگەڕ. بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا و سوریا دەتوانن تاوەکو ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی یەکتردا ئۆپراسیۆن لە دژی نەیارەکانیان ئەنجام بدەن. بێگومان سوریا هەرگیز ئەوەی پێناکرێت و ئەوە تەنها بۆ تورکیا دانراوە، کە تورکیا لەدژی کورد ئەو ئۆپراسیۆنانە ئەنجام بدات. تورکیا پەیەدە و یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت و ئەوەشی کردووەتە پاساو بۆ هێرشەکردنە سەر دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان. هەنگاوی دوای ئەوە کردنەوەی ئاسمانی عەفرین و رێگادان بوو بە تورکیا، کە لە بەرامبەر غوتەدا، عەفرین داگیر بکات و تورکیا لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشی کردەسەر عەفرین و لەدوای بەرەنگارییەکی سەخت و ١٥٠٠ شەهید داگیری کرد. لەساڵی ٢٠١٩دا و لەکاتی رەزامەندیی ترەمپ بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی، رووسیا بەخێرایی هەلەکەی قۆستەوە و بە بڵاوکردنەوەی هێزو دروستکردنی پشتێنە و دەورییەی هاوبەش لەگەڵ تورکیا خۆی زیاتر لە سنوورەکانی رۆژئاوادا سەپاند. لەدوایین کۆبوونەوەی ئاستانە بە سەرۆکایەتیی روسیا، کە ١٧هەمین دانیشتنی بوو، لە کۆی ١٠ بڕیارە لەسەر سوریا، ٨ بڕیاریان لە دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان بوو و بەناوچەیەکی مەترسیدار، کە دەیەوێت لە سوریا جیا ببێتەوە  دەبێت رێگریی لبکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. رووسیا هەموو ئەوەی بۆ تورکیا کردووە، چونکە تورکیا سیستمی ئێس ٤٠٠ و هەروەها بۆریی گازی روسیا لەدەریای رەشەوە بۆ ئەوروپا دەگوێزێتەوە. دژایەتییەکانی روسیا بەرامبەر بە رۆژئاوا هەر بەوانەوە سنوردار نەبوو، بەڵکو پێش چەند مانگێک بە ڤیتۆ رێگەی لەوە گرت، کە دەروازەی تەل کۆچەر لەڕۆژئاوا بۆ هاوکارییە مرۆیەکان بکرێتەوە، چونکە بەپێی سزاکانی قەیسەر لەلایەن ئەمریکاوە، هەموو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و خاڵە سنوریەکانی سوریا دادەخرێن، بەڵام رێگایان دەدا تەنها لە دەروازەی تەل کۆچەرە وە هاوکاریی مرۆیی بگاتە سوریا، کە ئەوەش جۆرە دانپیانانێک دەبوو بەڕۆژئاوادا، بەڵام روسیا رێگەی لەوەش گرت. ئەوەی دەبینرێت رووسیا بە پاساوی بێ بنەماو جۆراجۆر سیاسەتی ئیمپریاڵی و ئاگر و ئاسن لەدژی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبات. داخستنی سنووری سێماڵکا و بۆردومانی عەین عیسا و شەنگال لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووخانی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان و ئەو دەستکەوتە، دەبێت هەموو رێگا و سنوورەکان دابخرێن و هەموو رێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن و دەرچوون پەک بخرێن. پارتی وەک هاوپەیمانی تورکیا و نەیاری رۆژئاوای کوردستان خۆی بە سوودمەند دەزانێت لەوەدا رکابەرێکی بەهێزی سیاسیی لە ناوبچێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا سنوری سێماڵکای داخست و تورکیاش هاوکات هێرشی کردەسەر عەین عیسا و رێگای ئێم ٤ و شەنگال. بۆ ئەوەی هەموو هێڵەکانی پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندی و هاوکارییە مرۆیی و لۆجستی و سەربازییەکان تێکبشکێنن. گەرچی شەڕڤانان لە هەموو ناوچەکاند تا دواهەناسە و دوا دڵۆپی خوێنیان وەک عەفرین و سەرێکانی بەرەنگارییان دەکرد، بەڵام ئەو پلانە، کە هەر یەک لەهەمو گروپە چەتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، تورکیا، سوریا، روسیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجۆرێک لە جۆرەکان تیایدا بەشدارن، ئەنجامەکەی بۆ لەناوبردنی ئەزمون و دەستکەوتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوایە و تا لەناوبردنیشی درێژەیان بەشەڕ و پەلامارەکانیان دەدا. منداڵەکانی ئەشبال خەلافە ئەوەی ئێستا لەحەسەکە وودەدات رووداوێکی ئاسایی نییە و پلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بۆ لەناوبردنی هەموو رۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەو پلانە ٧٠٠ منداڵی خەلافەت، کە باوک و دایکیان کوژراون، یان باوکیان دیار نییە و لە کاتی خەلافەت و زەواجی نیکاح دا لەدایکبوون و پێیان دەوترێت ئەشبال خەلافە، لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە کراون بە قەڵغان تاوەکو بەو منداڵانە و لە ترساندا خۆیان لەگورزی شەڕڤانان بپارێزن. ئەوە دووبارە کردنەوەی هەمان سیاسەتی تورکیایە، کە کۆچبەرانی بۆ سواڵی ئیمتیازو پارە لە ئەوروپا بەکاردەهێنا و هەزارانی دا بەدەم دەریاوە و خنکاندنی. داعش وەک خەلیفەکەیان لە کۆشکی چانکایا هەموو رێگایەکی بەدەر لەمرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت. بازنەی ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان فراوان کراوە بۆ بەری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و رووباری خابور ئەوەی ئەو پلانە وردو تۆکمەیەی تێکشکاند، بەرەنگاری و فیداکاری و گیان لەسەر دەست بوونی شەڕڤانان و هەڵمەتەکەیان بوو بۆ دەستگیرکردنەوەی چەتە هەڵاتوەکانی داعش لە ناوچەی غوێران و سەناعەی حەسەکە. لە ماوەی چوار رۆژدا زیاتر ١٧٥ چەتە کوژراون، ١٢ چەتە دەستگیرکراون. نزیکەی ١٠٠ هەڵاتووی تر لە پەسێو و پاسارەکان دا دەستگیرکراون. ٣٠٠ چەتەی تریش لەدوای ئەوەی هەموو رێگاکانی هەڵهاتنیان لێ گیرا و خۆیان لە بینایەکەی نوێ تازە دروستکراو لە حەوشەی زیندانەکەدا حەشار دابوو، خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە. ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان لە دژی چەتە هەڵاتوەکانی داعش بەردەوامە و گەرچی بەشێکی زۆری زیندانەکە لە کۆنترۆڵی شەڕڤاناندایە، بەڵام بە وتەی داعش ٨٠٠ چەتە لە زیندانەکە هەڵهاتوون، ئەەش لە کۆی ٥ هەزار زیندانی دەکاتە سەدا ١٦ی زیندانیکراوەکانی ئەو زیندانە. شەڕڤانان بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو چەکدارانە و هەروەها دەستگیرکردنەوەیان سنووری ئۆپراسیۆنەکانی تاوەکو رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و باکووری رەققا و بەری رووباری خابوور بەرفراوانکردووە. لە حەسەکەشدا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆی راگەیاندووە و هەڵمەتی گەمارۆدان و پشکنینی ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی غوێرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، زوهرو سەناعەی بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکانی داعش بەردەوامە. لەو بەرەنگارییە چارەنووسسازەدا نزیکەی ٥٠ شەڕڤان، ئاسایش، دژەتیرۆر، هاووڵاتیی مەدەنی و پاسەوان و خزمەتگوزار شەهید بوون

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند بە بڕیاری وەزیری پێشمەرگە جیاوازی مووچەی پێشمەرگەو پلەدارانی یەکەی 70 بەستراوە و هاوتای یەكەی 80 كراوە. وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی هەنگاوە بەردەوامەکانی پڕۆسەی چاکسازی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە، دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزیری پێشمەرگە بۆ رێکخستن و یەکسانکردنی تەواوی بودجە و مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بەنووسراوی ژمارە 756 لەرۆژی 16ی کانوونی دووەم، بە ئیمزای ( شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگه، کە بۆ یەکەی حەفتا نێردراوە.  تیایدا ئاماژە بۆکراوە، پاش رەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوبەرایەتی ژمێرکاری بڕیاردرا بە (خەرجکردن و بەستنی جیاوازی مووچەی سەرجەم پێشمەرگە و پلەدارانی (یەکەی 70 )هاوشێوەی (یەکەی 80) لە مانگی یەكی ساڵی 2022 وە.

هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی حەوتی شوباتی بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق دیاریكرد، ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی و یەكێتی هێشتا ڕێكنەكەوتوون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار و خەریكی لۆبی كردنن بۆ كاندیدەكانیان، دوو رۆژیشە وەفدی ئەو دوو حزبە بەجیا لەبەغدان. بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق رۆژی 31 ی ئەم مانگە واتە دوو شەممەی داهاتوو ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەفەرمی ڕادەگەیەنرێت دوای تەواوكردنی رێوشوێنە یاساییەكانی تایبەت بە كاندیدكراوانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمار ژمارە هەشتی ساڵی 2012 . هەر بەپێی بەیاننامەكەی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی حەوتی شوباتی داهاتوو وەك كاتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق. تەنیا 11 رۆژ ماوە بۆ كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی كە بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆككۆماری عێراقی تێدا هەڵبژێردرێت، ئەو پۆستەی كە وەكو عورفێكی سیاسیی پشكی كوردە، یەكێتی و پارتی كەوتوونەتە ململانێیەكی قووڵی سیاسییەوە بۆ بەدەستهێنانی و ئێستا لە بەغداوە كاری بۆ دەكەن.

هاوڵاتی هەسەدە ڕایگەیاند، کە ٦٠ بۆ ٩٠ داعش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتوخانەی سەناعەدا خۆیان عاسیی کردووە و هێزەکانمان داوایان لێدەکەن خۆیان ڕادەست بکەن. هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵویکردەوە، “دوای ئەوەی هێزەکانمان گرتوخانەی سەناعەیان بەتەواویی کۆنترۆڵ کرد و سێ هەزار و ٥٠٠ داعشی زیندانەکە خۆیان ڕادەستکردەوە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان کرد لە گرتوخانەکەدا”. هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لەو ئۆپەراسیۆنانەدا ئاشکرابوو، کە ٦٠ بۆ ٩٠ داعش خۆیان لە ژووی تاکەکەسیی زینداندا حەشارداوە، هێزەکانمان داوایان لێدەکەن خۆیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر وەڵامی بانگەوازییەکەیان نەدایەوە، هێزەکانمان بەگوێرەی پێویست هەڵسوکەوت دەکەن.