هاوڵاتى یاساناسو ئەندامێكى پێشوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان بۆ پشگیری لە زیندانیانی بادینان رایگەیاند: "گرنگه جهماوهرى ههموو حزبهكان بهشداربن، ھیوادارم سەرپەرشتیاران ڕێگهنەدەن ئەو کەیسە بکرێتە کەیسێکی سیاسیو بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن ھیچ کاندیدو حزبێکەوە". حاكم شێخ لەتیف یاساناسو ئەندامى پێشوی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لهفهیسبوكى خۆى نوسیویهتى:"خۆپیشاندانو گردبونەوەکەی ڕۆژی 4ی مانگ بۆ سزادراوانی بادینان كه کۆمەڵێک چالاکوان سەرپەرشتیدەکەنو پێی ھەڵدەستن، گرنگه ڕهچاوى سێ خاڵ بكهن". دهشڵێت:"یهكهمیان، کاتەکە ھەستیارەو سەروبەندی ھەڵبژاردنەو مەترسی زۆرە، ئەم کەیسە مرۆییە لەلایەن حزبەکانو کاندیدەکانەوە بکرێت بەبابەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن، خۆزگە دوادەخرا بۆدوای ڕۆژی دەنگدان". ئاماژهى بهوهشكردوه، "دوهمیش، ئەگەر دوانەخرێو لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێ، ھیوادارم سەرپەرشتیاران ڕێگهنەدەن ئەو کەیسە بکرێتە کەیسێکی سیاسیو بانگەشەی ھەڵبژاردن لەلایەن ھیچ کاندیدو حزبێکەوە، بەڕاستی کارێکی نائەخلاقیە ھەر کاندیدو حزبێک ئەم کەیسە بکاتە بانگەشەی ھەڵبژاردنو یاری بەئازارەکانی خەڵک بکات بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆی". وهكو دهڵێت:"بەڵام گرنگە حزبەکانو جەماوەرەکەیان بەشداری بەرچاوو فراون بکەن بێئەوەی بیقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی سیاسییو ھەڵبژاردن، لێرەدا دەردەکەوێ کە بەڕاستی دژی نادادپەروەرین یان نا، بەڕاستی لەبەرەی خەڵکن یان نا؟". لهسێیهم تێبینیدا حاكم شێخ لهتیف ئهوهشى ڕونكردۆتهوه، "ھیوادارم واش پیشان نەدرێ کە ئەمە دژی لایەنێکە «بەتایبەتی ئەگەر ھەر لەشارو شارۆچکەکانی ناوچەی سلێمانی ئەنجامدرا»، چونکە لەھەردوو ناوچەکە پێشێلکارییو دەستتێوەردانی دادگا وەک یەک ھەیە، سەرەڕای ئەوە سەرۆکی حوکمەت وەک سەرۆکی حکومەت تەدەخولی کردوە لەکەیسەکە، حوکمەتیش ھەمولایەنە بەشدارەکانی وەک یەک بەرپرسن، چونکە کاتی خۆی بێدەنگبونو قبوڵیانکردوە، «ئێستا گرنگ نییە بۆ بانگەشە قسەیەک دەکەن». بهوتهى ئهو، "تەنانەت ھێزەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتیش بەرپرسن کە تائێستا نەماندیوە ھەڵوێستێکی جدیان ھەبێ بۆ نمونە داوای کۆبونەوەیەکی پەرلەمان بکەن بۆ ئەو مەبەستە یان کۆبونەوەیەکی پەرلەمانی لەسەر تێکبدەن یان ھەر ھەڵوێستێکی تری جدی وەک حزبو کوتلە نەک وەک ھەڵوێستی فەردی تاک پەرلەمانتار".
هاوڵاتى کەنەکە، ڕەخنە لە بێدەنگی دەوڵەتانی جیهان دەگرێت لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کمیایی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە و داوای هەڵوێست دەکات. کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی تاوانەکان و پێشێلکردنى یاساکانى جیهان، کە لەلایەن دەوڵەتى توركیاوە ئەنجام دەدرێت و تێیدا گاز و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە سەرەتاى ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی توركیا لە دژی گەلی كورد شەڕێكی دژوار و قورس بەڕێوەدەبات و هەر رۆژێك كە تێپەڕ دەبێت داگیركارییەكانی خۆی لە رۆژئاوا و باشوورى کوردستان فراوانتر دەكات و كامپی پەنابەرانی مەخموور و هەرێمی شەنگال بە شێوەیەكی بەردەوام دەکرێنە ئامانجی هێرشی فرۆكەی جەنگى و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، کە بەهۆیانەوە بە دەیان هەزار مرۆڤ گوندەكانی خۆیان چۆڵ كردووە و ژمارەیەكی زۆر شەهید و برینداریشی لێكەوتووەتەوە. لە بەشیکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە، لە هێرشەکانیشدا تەنها گەلی كورد و خۆڕاگرانی ئەم گەلە كۆمەڵكۆژ ناكرێن، بەڵكو سەروەریی وڵاتانی عێراق و سوریاش پێشێل دەكرێت بە شێوەیەكی ئاشكرا یاسای نێودەوڵەتیى و سەروەری وڵاتان پێشێل دەكرێت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان، ناتۆ، ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا، شورای ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و رووسیا تەنها سەیر دەكەن و دەوڵەتی عێراقیش بە بێدەنگیی خۆی پشتیوانی لەم هێرشانە دەكات. کەنەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە مەتینا و زاپ ئاڤاشین، دەوڵەتی تورک یاساكانی جەنگ بە شێوەیەكی ئاشكرا پێشێل دەكات و لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی گەورەی جەنگ ئەنجام دەدات. ڕاشیگەیاندووە: نزیکەی شەش مانگە ئەو سوپایە نەیتوانیوە بەو شێوەیەی كە دەیویست هەرێمەكانی گەریلا داگیر بكات، بۆ ئەوەی كە بتوانێت بچێتە ناو تۆنێلەكانی شەڕی گەریلاوە تا ئێستا ١٦٣ جار گازی كیمیاوی بەكار هێناوە و سەرەڕایی ئەوەی كە راپۆرت و بەڵگەی پێویست بۆ سەلماندنی ئەم هێرشە كیمیاییانە لەبەر دەستن، هێزە نێودەوڵەتییەكان هێشتاش هەر بێدەنگن، کە بەهۆیانەوە تا ئێستا بە دەیان گەریلا گیانیان لە دەستداوە. لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، لە رۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢١یش لە گوندی هرۆری سنورى دهۆك دەولەتى داگیرکەرى تورک هێرشی كیمیایی ئەنجامدا و خەڵكی گوندەکە كەوتنە بەر ئەو گازە ژەهراوییانە و بەهۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان كران. لەبارەى هەڵویستى وڵاتانى جیهانەوە کەنەکە باسی لەوەکردووە، نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكان بە بێدەنگیی خۆیان لە بەرامبەر دەوڵەتى داگیرکەرى تورک ئەم تاوانانە قبوڵ دەكەن و بوونەتە هاوكار و پشتیوان و ئەو هێزانەی كە فڕۆكە و بۆمب و چەكی كیمیاوییان داوە بە بەو دەوڵەتە و ئەو هێزانەی كە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگن، هەموویان هاوبەشی تاوانەكانی دەوڵەتى داگیرکەرى تورکن. لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەنەکە داوا لە وڵاتانى جیهان دەکات، کە لە بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی داگیرکەرى تورك بۆ سەر كورد و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی، هاوكاری حكومەتی وڵاتەكەتان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرن و پێویستە رێكخراوەكانى كۆمەڵگای مەدەنی، پەرلەمانەكانى وڵاتان، پارتە سیاسییەكان، زانكۆكان و هەر مرۆڤێك كە هەستی مرۆڤایەتی تێدایە لە بەرامبەر هێرشی ئەو دەوڵەتە بۆسەر بە كورد و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی هەڵوێست وەربگرن.
هاوڵاتى ڕۆبەرتۆ پاڵهدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بەسەقامگیریی عێراقو هەرێمی کوردستانەوە". ڕۆبەرت پاڵەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند :"ئەمریکا پابەندە بەهاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانو جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، دۆخی ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بەسەقامگیریی عێراقو هەرێمی کوردستانەوە". کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان وتیشی:"ئەمریکا هاوکار دەبێت بۆ سەقامگیریی هەرێم لەلایەنی ئەمنیو پەرەپێدانی لەڕوی ئابورییەوە". ڕۆبەرتۆ پاڵهدینۆ جەختیشیکردەوە : "کاردەکەین بۆئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە بێنە هەرێمی کوردستانەوەو ڕۆڵیان هەبێت لەبواری وەبەرهێناندا".
هاوڵاتى قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" بەشێكی زۆرتان بێ مامی و بێ كاك نەوشیروانیتان پێوەدیار بێت، هەر كەسێكمان نەمانتوانیبێت ئەو بۆشاییەتان بۆ پڕبكەینەوە، داوای لێبوردنتنا لێ دەكەین، چونكە ئەو بۆشاییە بەهەموومان پڕدەكرێتەوە". ئەمرۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021، قوباد تاڵەبانی، لە كەرنەڤاڵی پێشمەرگە دێرینەكانی هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند، دەزانم بەشێكی زۆرتان گلەییی و تێبینتان هەبێت، بەشێكی زۆرتان بێ مامی و بێ كاك نەوشیروانیتان پێوەدیار بێت، هەر كەسێكمان نەمانتوانیبێت ئەو بۆشاییەتان بۆ پڕبكەینەوە، داوای لێبوردنتنا لێ دەكەین، چونكە ئەو بۆشاییە بەهەموومان پڕدەكرێتەوە. قوباد تاڵەبانی وتیشی، بۆ هەڵبژاردن دروشمی بەیەكەوە بەهێزترینمان هەڵبژاردوە، چەند ساڵی رابردوو پێكەوە نەبووین، لەسلێمانی بۆ هەڵبژاردن ململانێیەكی نابەجێی ناخۆیمان هەبوو كە زیانی بەخۆمان و شۆڕشەكەی ئێوەو ئەم ناوچەیە دەگەیاند، بەڵام ئەمجار پێكەوەین، ئەم ناوچەیە پڕە لەكەسی دڵسۆزی وەك ئێوە، بۆیە بەیەكەوە باشتر دەتوانین داكۆكی لەماف و شایستەكانی ئێوە بكەین و داكۆكی لەقەوارەی هەرێم بكەین. قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، پێكەوە دەتوانین بەرگری لەو خاكی كوردستانە بكەین كە ئێوە شۆڕشتان بۆ كرد، بۆیە دەتوانین لەبەغدا كە ناوەندی بڕیارە گرنگەكانی ئەم وڵاتەیە بەرگری لەئێوەو ماڵ و منداڵتان بكەین، لەماوەی دوو ساڵی رابردوو لەبەغدا لایەنی عیراق و كوتلەی پەرلەمانی نەما نەیبنین، ئەوەی بۆمان دەركەوت نیەتێك هەیە بۆ سنورداركردنی قەوارەی هەرێم و لاوازكردنی، بۆیە تەنها ناتوانین لەسلێمانی و هەولێر روبەڕووی ئەو مەترسیە ببینەوە، بۆیە دەبێت لەبەغدا روبەڕووی ببینەوە، بۆیە بەیەكڕیزی ئێمە لەبەغدا توانیمان بەشێك لەمافەكان بپارێزین. سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، داوا لەپێشمەرگە دێرینەكان دەكەین خۆتان و كەسوكارتان متمانەی خۆیان بەهاوپەیمانی بدەن و رۆژی 10ی 10ی 2021 بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەهاوپەیمانی كوردستان بدەن، ئەوانەشی ناڕازین و دەڵێن دەنگ نادەین، دڵنیام بەهیچ شێوەیەك پشت لەحزبەكەی خۆیان ناكەن و رۆژی دەنگدان دەنگ هاوپەیمانی کوردستان دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، بە متمانەدان بەهاوپەیمانی دەتوانین خزمەتگوزاری زیاتر بكەین، چونكە دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، ئەمجارە لەسەر ئاستی بازنەیەو هەر ناوچەیەو كاندیدەكانی دیاریكراون و دەبێت بەوریاییەوە رۆژی دەنگدان دەنگبدەن و لەسەر كاغەزی دەنگدان لۆگۆی هاوپەیمانی هەیە كە هاوپەیمانییەكەی مام كاك نەوشیروانە، بۆیە دەبێت دەنگ بەهاوپەیمانی و كاندیدەكانی بدەن.
هاوڵاتى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند:"هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای دژە تیرۆری عێراق و زیندانییەکان لەچوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن". ئەمرۆ شەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند:" هەریەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆیی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای دژە تیرۆری عێراق و زیندانییەکان، ئەو دەستانەن کە دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە". ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان. لەلایەن خۆشییەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکانی ئامادەکردووە و رێکارە یاسایییەکان گیراونەتەبەر و هەموو شتێک ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە.
هاوڵاتى وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند:گ بەهۆی هەڵبژاردنەكانەوە ماوەی شەش رۆژ دەكرێتە پشووی فەرمی لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندندا". وەزیری پەروەردە دەڵێت، لە رۆژی 6ی مانگ ناوەندەکانی خوێندنی حکومی سەرجەمیان پشوویان دەبێت تاوەکو رۆژی 12-10-2021، رۆژی 10-10-2021 پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ی مانگیش کۆمیسیۆن پێویستی بە ناوەندەکانی خوێندنە، واتە لە رۆژی 12ی 10 دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەستپێدەکاتەوە. ئەمڕۆ شەممە 02-10-2021، لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە گەڕەکی گەلاوێژ لە شاری هەولێر، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە بڕیارماندابوو هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی فیدراڵ بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پێشبینی ئەوەمان دەکرد 3 رۆژیان پێویست بێت بۆ ئەوەی ناوەندەکانی خوێندنیان پێ بدەین، بەڵام وادیارە کۆمیسیۆنی باڵا داوای کاتێکی زیاتر دەکات". ئالان حەمەسەعید ئەمڕۆ شەممە فەرمانێکی وەزاری لەوبارەیەوە دەردەچێت و وتی: "لە رۆژی 6ی مانگ ناوەندەکانی خوێندنی حکومی سەرجەمیان پشوویان دەبێت تاوەکو رۆژی 11-10-2021، رۆژی 10-10-2021 پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، رۆژی 11ی مانگیش کۆمیسیۆن پێویستی بە ناوەندەکانی خوێندنە، واتە لە رۆژی 12ی 10 دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەستپێدەکاتەوە. واتە دەوام لە 6ی مانگ رادەگیرێت و لە 12ی مانگ دەوام لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی دەستپێدەکاتەوە". هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 10ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتى شەوی هەینی خولەک سێ ھێلیکۆپتەری نەناسراو نێوان گوندەکانی کورکا شێخ و سپیمالیان لە سنوری ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاکرێ گولـلە باران کرد. گوندەکانی سپیمال و کورکا شێخ بە دووری نزیکەی 20 کیلۆمەتر دەکەونە باشووری رۆژئاوای قەزای ئاکرێ. 300 ماڵ لە گوندی سپیمال نیشتەجێن و کورکا شێخیش 120 ماڵی تێدایە.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی بەغدای كرد كە هاوكات ساڵیادی خۆپیشاندانە گەورەكەی ساڵی رابردووە، و رایگەیاند:" چەند رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردن و پێویستە کەسانی دەستپاک هەڵبژێردرێن بۆ نوێنەرایەتیکردنی گەل. ئەمڕۆ ههینی 1ی تشرینی یهكهمی 2021،مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لەبارەی دووەم ساڵڕۆژی خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 نووسی، خۆپێشاندانەکان داوای دەوڵەت و چاکسازییان کردووە و دژی گەندەڵی بوون. لە 01-10-2019 لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق خۆپێشاندان دەستیپێکرد، دواتر بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپێشاندەران کرا، لە 25ی هەمان مانگ جارێکی دیکە خۆپێشاندانی فراوان و بەردەوام دەستیپێکردەوە و جارێکی دیکە بە زەبری هێزە ئەمنییەکان کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان هێنرا. گۆڕانکارییەکانی حکومەت هێشتا نەیتوانی ناڕەزایەتیی شەقام کپ بکاتەوە، بۆیە ئەمڕۆ وەکو یادکردنەوەیەک بۆ خۆپێشاندانەکانی 1ی تشرینی 2019، لە 14 پارێزگای عێراق خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. لە تشرینی 2019 لە پارێزگای زیقار سەرهەڵدانی خۆپێشاندەران هەبوو کە دەرئەنجامەکەی بە کوژرانی نزیکەی 280 خۆپێشاندەر و برینداربوونی سێ هەزار خۆپێشاندەری دیکە کۆتاییهات تاوەکو گەیشتە ئەو راددەیەی حکومەتی عێراق بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بدات.
هاوڵاتى هۆشیار زێبارى ئهندامى مهكتهبى سیاسى پارتى و بهرپرسى بانگهشهى ههڵبژاردنى ئهو حزبه له پارێزگاى دهۆك ڕایگهیاند:" له سێ بازنهكهى دهۆك لهههندێك ناوچه ڕكابهرى لهگهڵ یهكگرتوو دهكهن و لهههندێك ناوچه ڕكابهرى لهگهڵ یهكێتى دهكهن". هۆشیار زێبارى ڕایگهیاند، دهیانهوێت بانگهشه تا ئێستا چۆن بهئارامى ڕۆشتوه بهو شێوهیه بێت و نایانهوێت وهڵامى چهواشهكاریهكان بدهنهوه. زێبارى وتیشى ، له پارێزگاى دهۆك لهههندێك ناوچه ڕكابهریان لهگهڵ یهكگرتووى ئیسلامى توندهو لهههندێك ناوچه لهگهڵ حزبهكانى تر بهتایبهت یهكێتى ڕكابهرى دهكهن و لهههندێك ناوچهش دهیانهوێت كۆرسى كۆتاى مهسیحیهكان ئهو كاندیدهى دهردهچێت له حزبهكهى خۆیان بێت بهلام ڕكابهریان ههیه. هۆشیار زێبارى باسى لهوهشكرد، لهكۆتا ههڵبژاردن شهش كورسیان له پارێزگاى موسڵ هێناوهو 2تا 3 كورسیشیان بهمهبهست لهو پارێزگایه دهنگهكانى سوتێندراوه. لهئێستادا لهههرێمى كوردستان حزب و لایهنه سیاسیهكان ههوڵى فراوانكردنى بانگهشهى ههڵبژاردن دهدهن و پارتى پێشوهخته ڕایگهیاندوه ههوڵى پارێزگارى له رێژهى كورسیهكانیان دهدهن كه لهههڵبژاردنى پێشوو بهدهستیان هێناوه.
هاوڵاتى سەرۆککۆماری تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند:"کێشەی کوردیان بە هەموو رەهەندەکانییەوە چارەسەرکردووە. ئەمڕۆ ههینی 1ی تشرینی یهكهمی 2021، رهجهب تهیب ئهردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی021 چووە پهرلهمانی وڵاتەکەی و له رێوڕهسمێكدا لهلایهن جهلال ئادان، بریكاری سهرۆكی پهرلهمانی توركیاوه پێشوازی لێكرا و گوتارێكی پێشكێشکرد. ئەردۆغان لەبارەی بوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە سووریا رایگەیاند، ئەوانەی بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەوێن، تاوەکو ئێستا بە کرداری رووبەڕووی ئەو رێکخراوە نەبوونەتەوە. ئەردۆغان بێ ئەوەی ناو بهێنێت ئاماژەیکرد کە بەشێک لەو لایەنانە بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاریی هەسەدە دەکەن کە ئەردۆغان بە "رێکخراوی تیرۆریستی" ناویبردن. پرسی کوردیش یەکێک لەو تەوەرانە بوو کە ئەردۆغان قسەی لەسەرکرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی پارتەکانی گەلی کۆماری - جەهەپە بە سەرۆکایەتیی کەمال کلچدارۆغلو، پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغلو و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان باس لە هەوڵ و پلانەکانی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن. ئەردۆغان رەتیکردەوە لە تورکیا کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد مابێت و وتی: "ئێمە ئەو کێشەیەمان چارەسەرکردووە".
هاوڵاتى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر لە 615 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەیەكی تۆڕی ئاوەڕۆی لوولەیی لە شاری سلێمانی خەرجدەکات. ئەمڕۆ ههینی 1ی تشرینی یهكهمی 2021، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی خۆیان بڵاویانکردەوە، کۆی گوژمەکە 615 ملیۆن و 547 هەزار دینارە کە 15٪ـی ئەو بڕە لە داهاتی شارەوانی بووە. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاتر لە 381 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی سێ پرۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە رانیە خەرجدەکات. ئەو پارەیەی کە لە رانیە بۆ پرۆژەکان خەرجدەکرێت بەسەر سێ گەڕەکەکەدا دابەشکراوە، بەپێی راگەیێندراوەکە 135 ملیۆن و 215 هەزار دیناری بۆ گەڕەکی شادی، 145 ملیۆن و 615 هەزار دیناری بۆ گەڕەکی چوارچرا و 101 ملیۆن و 905 هەزار دیناری بۆ گەڕەکی ئایندە دەبێت.
هاوڵاتى ئهندامێكى مهكتهبى سیاسى یهكێتى له شهنگالهوه رایگەیاند:"دهكرا كارهساتى شهنگال ڕونهدات ئهگهر ئهو هێزانهى پێش كارهساتى شهنگال لهوێ بوون بهرگریان بكردایه بۆیه پێویسته لێپرسینهوهیان لهگهڵ بكرێت". سهعدى ئهحمهد پیره ئهندامى مهكتهبى سیاسى یهكێتى له شهنگال لهكۆبونهوهیهكدا ڕایگهیاند، بەداخەوە ژمارەیەکی زۆری ژنان و كچانى ئێزیدى بوونە قوربانی و ژمارەیەکیش بە دڕندانەترین شێوە دوور لە بەها مرۆڤایەتیەکان کە هیچ ئاینێکی ئەرزی و ئاسمانی قبوڵی ناکات ئازاریان چەشت ، بەداخەوە تا وەکو ئێستاش بەسەدان لەو کچ و ژنانە کە ئێمە بەدایک و خوشک و کچی خۆمانیان دەزانین بێ سەر و شوێنن . سهعدى پیره ئهوهشى خستهڕوو، لەسەرەتای دروستبوونی کارەساتەکە کە بەداخەوە دەکرا روونەدات ئەگەر ئەو هێزانەی پێش کارەساتەکە لە شەنگال بوون شەنگال و ناوچەکەیان چۆڵ نەکردبا، بۆیە پێیان وایە دەبێت لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بەهۆی کەمتەرخەمیان ئەو کارەساتە گەورەی لێ کەوتەوە ، قوربانی یەکەمیش کچان و ژنانی شەنگال بوو ، لە ئێستاشدا کە هەڵبژاردنی پێش وەختەی عیراق بەڕێوەیە پێویستە پێش هەموو چین و توێژێک کچان و ژنانی شەنگال بەدەنگەکانیان تۆڵەی خۆیان لەو کەس و لایەنەنانە بکەنەوە کە بوونە هۆی ئەو مەینەتیەی بەسەریان هات .
هاوڵاتى ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند:" لە بواری چاودێریدا پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هیچ پرساندنێكی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە، هیچ لیژنەیەكی لێكۆلینەوە پێك نەهێنراوە، هیچ وەزیرێك متمانەی لێنەسەنراوەتەوەو هیچ دەنگدانێكیش بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر نەكراوە". دەڵێت:"پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە چاودێری حكومەت بكات". ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راپۆرتی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پـەرلەمانـی كــوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " لە بواری چاودێریدا پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هیچ پرساندنێكی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە، هیچ لیژنەیەكی لێكۆلینەوە پێك نەهێنراوە، هیچ وەزیرێك متمانەی لێنەسەنراوەتەوەو هیچ دەنگدانێكیش بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر نەكراوە". راشیگەیاندووە:"لە خولی بەهارەدا (18) دانیشتن ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو پێویست بو بەلای كەمەوە (40) دانیشتن ئەنجامبدات، بەڵام نە لە خولی بەهارەو نە لە هیچ كام لە خولەكانی تریدا دانیشتنەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە، كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 31/8/2021) واتە بە (دو ساڵا و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)ی تەمەنی خولی پێنجەمی، تەنها (74) دانیشتن بوە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە (200) كۆبوونەوەی ئەنجامبدابوایە". لەراپۆرتەكەدا ئەوەش رونكراوەتەوە:"ماددەكانی (106، 107، 108) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان باس لە بودجەی پەرلەمان دەكات و ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵ دیوانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان رێكبخەن و بیخەن بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن، بەڵام پەرلەمان ئەوەیشی نەكردوە". ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان باسی لەوەشکردوە، "ئەركێكی لیژنەکانی پەرلەمان، بەپێی ماددەی (41)ی پەیڕەو، بەداوداچونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نمونەیەك بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ بەجێ نەكردوە، لەباشترین حاڵەتدا بە یاننامەیەكیان دەركردوە، كە كاریگەریی لەسەر دۆخەكە نەبوە". (پوختەی راپۆرتی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) راپۆرتی چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پـەرلەمانـی كــوردستان راپۆرتی شەشەم خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی سێیەم/ خولی گرێدانی بەهارە (1ی ئازاری 2021 بۆ 31 ی ئابی 2021) پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگی وەرزی بەهارەیدا كە لە (1ی ئازارەوە دەست پێدەكات تا (31ی ئابی 2021)، لەهەڵسەنگاندنی راپۆرتی چاودێریماندا بەم شێوەیە خراوەتە روو: یەكەم: دانیشتنەكانی پەرلەمان: لە خولی بەهارەدا (18) دانیشتن ئەنجامدراوە. لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو پێویست بوو بەلای كەمەوە (40) دانیشتن ئەنجامبدات. بەڵام نە لە خولی بەهارەو نە لە هیچ كام لە خولەكانی تریدا دانیشتنەكان نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە، كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 31/8/2021) واتە بە (دوو ساڵا و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)ی تەمەنی خولی پێنجەمی، تەنها (74) دانیشتن بووە، ئەمە لەكاتێكدا بەپێی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە (200) كۆبوونەوەی ئەنجامبدابووایە. دووەم: دۆخی یاسادانان: لە خولی بەهارەدا، (9) یاسا پەسەندكراون، كە (2) یاسای هەمواری یاسا كۆنەكانە، (2) یاسای بەركاری یاساكانی عیراقە، واتە تەنها (5) یاسای لەلایەن پەرلەمانەوە دانراون. بەگشتیش لەماوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەماندا تەنها (20) یاسا پەسەندكراون. سێیەم: دۆخی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان: لەم خولەدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (24) پێشنیاز و پرۆژەیاسا كراون، لەوانە: (11) پێشنیازە یاسا لەلایەن ئەندامانەوە پێشكەشكراون، (13) پرۆژە یاساش لەلایەن دەسەلاتی جێبەجێكردنەوە ناردراون، بەپێی پەیرەو دەبوو لیژنەكان دوای خوێندنەوەی هەر پرۆژەیاسایەك لە ماوەی (21) رۆژدا راپۆرتیان لەسەر بنوسیایە، كە دەكاتە (49) راپۆرت، بەڵام تەنها (31) راپۆرت نوسراوە. دۆخی لیژنە هەمیشەییەكان لە سەرەتای خولی پێنجەوە خراپە، لەماوەی (دوو ساڵا و دە مانگ و بیست و چوار رۆژ)، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (59) پێشنیاز و پرۆژەیاسا و بڕیار كراوە، دەبوو لەو ماوەیەدا لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانەوە (124) راپۆرت بنوسرایە، بەڵام تەنها (53) راپۆرت نوسراوە، واتە (71) راپۆرت كە پێویست بوو بنوسرێت نەنوسراوە. ئەركێكی تری لیژنە، بەپێی ماددەی (41)ی پەیڕەو، بەداوداچوونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام بە وەرگرتنی چەند نموونەیەك بۆمان دەردەكەوێت لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێ بەجێ نەكردووە، لەباشترین حاڵەتدا بە یاننامەیەكیان دەركردووە، كە كاریگەریی لەسەر دۆخەكە نەبووە، بۆ نموونە: -لێبڕینی موچەی فەرمانبەران. -بەدوادانەچوون و چاودێرینەكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردن وەك پێویست. -چاودێرینەكردنی ئەو پێشێلكارییە یاساییانەی رۆژانە دەكرێن. -مانەوەی چەندین چالاكوانی دەستگیركراوی بادینان لە زیندانەكان بەبێ هیچ مافێكی یاسایی. -بەردەوامی بۆردومانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم و كوژران و برینداربوونی دەیان كەس و چۆڵبوونی دەیان گوند. -پابەند نەبوونی حكومەت بەرامبەر ئەركە داراییەكانی هاولاتیان. -دانانی باج و زیادكردنی لەدەرەوەی یاسا. -پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان و كارنەكردن بە یاسای رۆژنامەگەری. -پێشێلكردنی مافی چالاكوانانی مەدەنی و رێكخراوەكان و كارنەكردن بە یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان. -بەنایاسایی دابەشكردنی زەوی و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن بەرپرسانەوە. -تەواو نەكردنی پرۆژە تەواو نەكراوەكان و دیارنەمانی ئەو بودجانەی بۆیان تەرخانكرابوو. -رێگری كردن لەو هەموو زێدەرۆییانەی دەكرێنە سەر مولكی گشتی. -بێ هیوابوونی گەنجان و كۆچی بە لێشاویان بۆ دەرەوەی ولات. -گران بوونی نرخی بەنزین و سوتەمەنی. -ئەمانەو چەندانی تر. چوارەم: دۆخی چاودێری دامەزراوەكان: لە پێناو ئەنجامدانی ئەركی چاودێری لەسەر دامەزراوەكانی جێبەجێكردن، پەرلەمانتاران دەتوانن پشتبەست بە ماددەكانی (58 تا 76)، چەند هەنگاوێك بگرنەبەر: 1-پرسیار: ئەندامان چەندین پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، بەڵام حكومەت خۆی لە وەڵامی پرسیارەكان دەدزێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. بەردەوام پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكاندا لە رێگەی خاڵی پەیڕەوییەوە ناڕەزایی دەردەبڕن لە وەڵام نەدانەوەی پرسیارەكانیان. 2-خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ: بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (66) ی پەیرەوی ناوخۆ، (12) ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنەكانی (كۆمەڵ، نەوەی نوێ، یەكگرتوو) داوای دانیشتنێكیان كرد سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەو گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام داواكەیان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی جێبەجێ نەكرا. 3-زیادكردنی بڕگە بۆ بەرنامەی كار: بەپێی بڕگەی چوارەمی ماددەی (48) ی پەیرەوی ناوخۆ، (5) یاداشتی جیا لە پێنج كاتی جیاوازدا، ژمارەی یاسایی ئەندامان پێشكەشیان كردووە تا لەبڕگەی كار زیادبكرێت: -(17) ئەندام لە 6/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (6) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان). -(19) ئەندام لە 26/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (10) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (سیستەمی پەروەردەو خوێندن و چارەنوسی قوتابیان و خوێندكاران و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان). -سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە 26/4/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (10) داوای زیادكردنی بابەتێكی كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان). -(15) ئەندام لە 7/7/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (18) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (چارەنوسی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچووە سێ یەكەمەكانی زانكۆ و فەرمانبەرانی گرێبەست). -(27) ئەندام لە 7/7/2021 بۆ دانیشتنی ژمارە (18) داوای زیادكردنی بابەتێكیان كردبوو لەبەرنامەی كار سەبارەت بە: (بەنایاسایی ناساندنی لێبڕینی موچەو كۆتایی هێنان بە لێبڕینی 21%ی موچەی فەرمانبەران و پابەندكردنی حكومەت بە گێڕانەوەی تەواوی داهاتەكان بۆ خەزێنەی گشتی و دابەشكردنی موچە بەپێی یاساكان). بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێی بە هیچ كام لەم داواكاریانە نەداو نەیخستە بەرنامەی كارەوە. بەڵام سەبارەت بە پرساندن و لێسەندنەوەی متمانە لە ئەندامانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لەم خولەدا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە هیچ هەنگاوێك نەنراوەو هیچ یاداشتێك پێشكەش نەكراوە. پێنجەم: پرسی بودجە و ژمێرەی كۆتایی: 1-پرۆژە یاسای بودجە: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك ئەنجومەنی وەزیران، بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام ماوەی (8) ساڵە (2014-2021) حكومەت پرۆژەی بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان. 2-ژمێرەی كۆتایی: بەپێی ماددەی (98) برگەی دووەم لە پەیرەوی ناوخۆ، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە، كۆتایی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك، ژمێرەی كۆتایی ساڵی پێشوو، بۆ پەرلەمان بنێرێت، بەڵام ژمێرەی كۆتایی و بەیانی مالیش ماوەی (10) ساڵە (2011-2020) نەچۆتە پەرلەمان. 3- بودجەی پەرلەمان: ماددەكانی (106، 107، 108) پەیڕەو باس لە بودجەی پەرلەمان دەكات و ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵا دیوانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان رێكبخەن و بیخەن بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. بەڵام پەرلەمان ئەوەیشی نەكردووە. سزای پەرلەمانتار و پێشێلكردنی پەیڕەو لە دانیشتنی ژمارە (5) ی رۆژی 31/3/2021، لەكاتی وەرگرتنی خاڵی پەیڕەویدا گرژی لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ (د.كازم فاروق) و سەرۆكی پەرلەماندا دروستبوو، سەرۆكی پەرلەمان رێگریی كرد لە پەرلەمانتاری ناوبراو قسەكانی تەواو بكات، وەك كاردانەوەیەك پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ پێلاوەكانی داكەند و فرێی دایە بەردەم ستێجەكەی، ئەمەش دەستەی سەرۆكایەتی توڕەكرد. لەئەنجامدا پەرلەمانتارەكە لەدانیشتنەكە كرایە دەرەوە، لە هەمان دانیشتندا بە بڕیاری ژمارە (2) كە بەدەنگی (73) ئەندام پەسەند كرا، پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ بێبەشكرا لە دانیشتنەكانی پەرلەمان تا ئەوكاتەی بەفەرمی داوای لێبوردن دەكات. پەرلەمانی كوردستان پەیرەوێكی ناوخۆی هەیە كە كاروبارەكانی خۆیی پێ بەرێوەدەبات، ئەم پەیرەوە لە ماددەی (57) دا ئەو حالەتەی دیاریكردوە كاتێك ئەندامێك قسەیەك یان كردارێكی بی نەشیاو ئەنجام بدات چۆن مامەلەی لەگەڵ دەكرێت. بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە بریارەكە خرایە دەنگدان و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەندكرا، ئەمەش حاڵەتَكی نامۆیە، چونكە لە پەیرەوی ناوەخۆدا هیچ دەقێك نیە لەسەر ئەوەی كە بریاری سزادانی ئەندامانی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوەو بڕیاری پێ دەربكرێت، لەوەش خراپتر ئەندامی پەرلەمان بێبەشبكرێ لە كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان. ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی نەبوونی دەستورو دادگایەكی دەستوریەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی پەرلەمان ناتوانێ تانەش لە بریارەكەی پەرلەمان بدات. لە دانیشتنەكانی رۆژانی (7/4/2021)، (14/4/2021)، (20/4/2021)، (27/4/2021)، (5/5/2021)، (18/5/2021)، (28/6/2021)، د.كازم فاروق چووەتە سەردانی پەرلەمان، بەڵام هەر لە دەرگای دەرەوە لەلایەن پاسەوانانی پەرلەمانەوە رێگری لێكرا بچێتە ناو تەلاری پەرلەمانەوە. ئەمانەی دەگوزەرێت هەمووی پێچەوانەی پەیڕەو و یاسایە، تەنانەت خودی سەرۆكی پەرلەمان لەدانیشتنی كاتی پەسەند كردنی بڕیارەكەدا رایگەیاند: "ئێمە لە دەستەی سەرۆكایەتی ئەم بڕیارەمان سەبارەت بە دكتۆر كازم ئامادەكردووەو داواتان لێدەكەم دەنگ بدەن، چونكە لەپەیڕەوی ناوخۆ هیچ چارەسەرێك بۆ ئەم جۆرە بابەتە نیە". ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە خودی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیش دەیزانن كە بڕیارەكەیان ناپەیرەو و نایاساییە. پرسیاری ئەوە دێتە كایەوە: ئاخۆ ئەگەر ئەو ئەندامەی پەرلەمان داوای لێبوردنی نەكرد، وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، ئایا دەكرێ ئەندامیەتی هەر بەو شێوەیە هەڵپەسێردرێت؟ لەكاتیكدا ناوبراو نوێنەرایەتی خەڵك دەكات. ئایا دەكرێ تا كۆتایی خولەكە بە بڕیاریكی پەرلەمانی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە (111) ئەندامەوە كەمبكرێتەوە بۆ (110) ئەندام؟ هەڵسەنگاندنی پەرلەمانی كوردستان بە پێوەرە نێودەوڵەتیەكان یەكێتی پەرلەمانەكانی جیهان (IPU) پێوەرێكی پێنج پلەیی بۆ پێوانەكردنی ئاستی چالاكی پەرلەمانەكان و هەڵسەنگاندنی خودی پەرلەمانتاران داناوە، ئێمە لە راپۆرتەكەماندا بەدرێژی باسمان لێوەكردووەو بەسەر رەوشی پەرلەمانی كوردستاندا جێبەجێمان كردووە. بەكورتی لە چوارچێوەی ئەو پێوەرانەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە: ئاستی پەرلەمان لە دانیشتنەكاندا لاوازە، رێژەی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی كۆنترۆڵ نەكراوە، ئاستی بالانس لە بەشداری ئەندامان لاوازە، ئاستی چالاكی یاسادانان سنوردارە كە تەنها (9) یاسا پەسەندكراوە. ئاستی دەستپێشخەری پرۆژە یاساكان لەلایەن ئەندامانەوە لەم خولەدا سنوردارە. بەشداری ئەندامان لەكاری چاودێری لە ئاستێكی لاوازدایە. ئاستی دەسپاكیی پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە گومان خراوەتە سەر ئەندامانی پەرلەمان. لە بواری چاودێریدا پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هیچ پرساندنێكی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە، هیچ لیژنەیەكی لێكۆلینەوە پێك نەهێنراوە، هیچ وەزیرێك متمانەی لێنەسەنراوەتەوەو هیچ دەنگدانێكیش بەمەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیر نەكراوە، تەنانەت ژمارەی ئەو پرسیارانەش نازانرێت و راناگەیەنرێت كە ئاراستەی دەسەلاتی جێبەجێكردن كراون كە ئاخۆ چەندیان وەلامدراونەتەوەو چەندیشیان بێ وەلامن. لەدانیشتنەكانی پەرلەماندا وەك پێویست شەفافیەت نیە، زوو زوو پەخشی راستەوخۆ دەوەستێت، هەموو بابەتەكانی تایبەت بەپەرلەمان لە ماڵپەرەكەیدا دانانرێت، رێگە بە هاولاتیان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی نادرێت بەشداری بینینی دانیشتنەكان بن لە هۆڵی پەرلەماندا. سزای ئەندامان دەدرێت لەدەرەوەی پەیرەو و بە میزاج وتەكانیان لە پرۆتۆكۆل دەسڕدرێنەوە و گەلێ جار لە دانیشتنەكان دەكرێنە دەرەوەو بێبەش دەكرێن. ئەمانە هەمووی ئەوە دەگەیەنن كە پەرلەمانی كوردستان كارەكانی لەگەل پێوەرە نێودەوڵەتییەكاندا وێك نایەتەوە. ئەنجام یەكەم: ئەركی پەرلەمان لە یاساداناندا: 1-پەرلەمان نەیتوانیوە وەك پێویست بە ئەركی یاسادانان هەڵسێت، لەكاتێكدا بۆشاییەكی زۆری یاسایی لەهەرێمدا هەیەو زۆرینەی یاساكانیش بەهۆی گۆڕانكاریی سەردەمەوە پێویستیان بە هەموار كردنەوە هەیە، كەچی لەم خولی گرێدانەدا تەنها (9) یاسای پەسەند كردووە. 2-ئەو یاسایانەی پەرلەمان دەریكردوون هەم لە رووی (شكلی) و (مەوزوعی)ەوە گرفتیان هەبووەو كوالیتیان وەك پێویست نیە، هەر بۆیە زۆرترینیان یا نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە یا دوای دەرچونیان پێویستیان بە هەموار هەبووە. 3-لەماوەی خولی بەهارەی پەرلەمان ژمارەیەكی كەم پرۆژە یاساو بڕیار خوێندنەوەیان بۆ كراوە. ژمارەیەك پرۆژە یاساش هەیە ئەندامان پێشكەشیان كردووە بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی بۆ نەكردووە. دووەم: ئەركی پەرلەمان لە چاودێریكردنی دەسەلاتی جێبەجێكردندا: 1-وێرای ئەو هەموو ناڕەزایی و كەموكوڕی و داوایەی هەبوو، متمانە لە هیچ وەزیرێك نەسەنراوەتەوە. 2-لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێك بەمەبەستی داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەش نەكراوە. 3-لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا نازانرێت ئەندامانی پەرلەمان چەند پرسیاریان ئاراستەی حكومەت كردووە، چونكە سەرۆكایەتی پەرلەمان شەفاف نیەو ئەو داتایانە ناخاتە روو، بەڵام بەپێی راگەیاندنێكی سەرۆكایەتی تا تەواو بوونی ئەم خولە (126) پرسیار بێ وەلامن. 4-سەرۆكی پەرلەمان لەنوسراوێكدا پێچەوانەی پەیرەوو یاساكان رێگری لە پەرلەمانتاران دەكات كە پرۆژەكان بەسەربكەنەوە بەمەبەستی چاودێری، بەمەش گومانی خستەسەر كۆی پەرلەمانتاران و كاری پەرلەمانی. 5-هەردوو پەرلەمانتار (عەلی حەمەسالح) و (دابان محمد حسین) بەهۆی كاری چاودێری و بەدواداچوونیان لەدادگا لە 3/3/2021 سكالایان لەسەر تۆمار كراو لەدادگا نوسراوی بانگهێشتیان ئاراستە كرا. سێیەم: ئەركی پەرلەمان لە پەسەندكردنی بودجەی هەرێمدا: 1-بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك، ئەنجومەنی وەزیران بودجەی خەمڵێنراو رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام ماوەی (8) ساڵە (2014-2021) بودجە نەچۆتە پەرلەمان. 2-بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، لەسەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە، لە كۆتایی مانگی نیسانی هەموو ساڵێكدا، ژمێرەی كۆتایی ساڵی پێشوو، بۆ پەرلەمان بنێرێت. بۆ زانینی چۆنیەتی سەرفكردنی بودجەو بوارەكانی سەرفكردن، بەڵام ژمێرەی كۆتایی و بەیانی مالیش ماوەی (10) ساڵە (2011-2020) نەچۆتە پەرلەمان. 3-بەپێی پەیڕەو، ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵا دیوانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانە و ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان، رێكبخەن و بیخەن بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن. بەڵام پەرلەمان تا ئێستا بەم ئەركەی هەڵنەستاوە. چوارەم: پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی بالای نیشتمانی: 1-دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە ئاستی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان نیە، پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵی مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی هەرێم بگێرێت، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، لەوانە (بڕوانەبوونی هێزە سیاسیە باڵا دەستەكانی هەرێم بە كاری پەرلەمان، زاڵبوونی هەژموونی حزبی بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان). 2-دەستوری هەرێمی كوردستان كە كە پێویستییەكی گرنگ بوو دەبووایە كاری لەسەر بكرێت، سەرباری ئەو بەلێنانەی درابوون بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ نەنراوە. 3-لە دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدادا دەبوایە پەرلەمانی كوردستان مەرجەع و كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و بۆچوونەكان بێت و لەهۆڵی پەرلەماندا بڕیارەكان یەكلا بكرێنەوە و حكومەت لەژێر چاودێری پەرلەماندا هەنگاوەكانی بنابووایە، بەڵام وا نەكەوتەوە. 4-وێرای چەندین جار داوای ئەندامان بۆ گفتوگۆ لەسەر قەرزەكانی سەر حكومەت لەم خولەدا هیچ كارێكی لەسەر نەكرا. 5-سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (24) بەیانی راگەیاندووە، كە پێكهاتووە لە: (10) پەیامی هاوخەمی بەبۆنەی پرسەوە، (6) پەیامی پیرۆزبایی، (5) پەیامی یادكردنەوە، (1) پەیامی سەركۆنە، (1) پەیامی نیگەرانی، (1) پەیامی ئیدانە. لەكاتێكدا زۆر پرسی گرنگ هەبوون و پێویست بوو پەرلەمان هەڵوێستی لەبەرامبەریاندا هەبێت. 6-ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (6) مانگدا (55) پەیامیان راگەیاندووە، كە تێكڕایان بریتین لە: (13) پەیامی هاوخەمی بەبۆنەی پرسەوە، (40) پەیامی پیرۆزبایی، (2) سوپاسنامە. پێنجەم: پێشێلی پەیرەو لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان: 1-لەماوەی خولی گرێدانی پاییزەدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (18) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی پەیرەو پێویست بوو لەو ماوەیەدا بەلای كەمەوە (40) كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام بدات، ئەمە جگە لە كۆبوونەوەی نائاسایی كە لەكاتی پشووەكاندا دەكرێت. 2-لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (81:52) هەشتاو یەك كاتژمێرو پەنجاو دوو خولەك كۆبۆتەوە، ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم خولەدا پەرلەمان (120) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرابووایە. 3-پەرلەمان بەبڕیارێك مانگێك تەمەنی خولی گرێدانی بەهارەی درێژكردەوە، كەچی لەم مانگەدا تەنها دوو كۆبوونەوەی ئەنجامدا كە (6) كاتژمێر بوو. 4-بەهۆی گوێنەگرتن لە داوای ئەندامان، بەشی زۆری دانیشتنەكان گرژی تێدەكەوێت، سەرۆكایەتیش بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە پەخش رادەگرێت و چەند جارێكیش لەم خولەدا دانیشتنەكەی هەڵگرتووە. 5-بەپێی ماددەی (48) بڕگەی چوارەم، (5) یاداشتی ژمارەی یاسایی ئەندامان هەبووە كە (24) كاتژمێر بەر لەدانیشتن بەمەبەستی زیادكردنی بڕگەیەك بۆ بەرنامەی كار پێشكەشیان كردووە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی نەیخستۆتە بەرنامەی كارەوە. 6-بەرنامەی كاری دانیشتنەكان لەگەڵ خواستە هەنوكەییەكانی خەڵكی كوردستاندا وێك نایەتەوە، بۆیەش بەردەوام نارەزایی لەلایەن ئەندامانەوە دەربڕدراوەو پەشێوی دروستبووە. 7-لەماوەی ئەم خولی گرێدانەدا و تەنها لە (2) كۆبوونەوەدا تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوەو خوێندراوەتەوە. 8-زۆرینەی دانیشتنەكان لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا وەك لەبەرنامەی كاردا هاتووە دەستیان پێنەكردووەو دواكەوتوون. راسپاردەكان 1-پێویستە پەرلەمان كار لەسەر پرۆژە یاساكانی (بودجەی 2021، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان) بكات، كە لەگەڵا فرە بازنەیی بگونجێنرێت و چارەسەری ناكۆكییەكانی نێوان یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بكات. 2-ئەركی پەرلەمانە سەرۆكایەتی دەستەی (دەستپاكی) و كۆمسیارانی (كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان) بگۆڕێت یا نوێیان بكاتەوە كە ماوەی یاساییان بەسەر چووە. 3-لیژنە هەمیشەییەكان لە زووترین كاتدا راپۆرت لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە بنوسن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێن. 4-بۆشایی یاسایی لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا هەیە، پێویستە هەموار بكرێتەوە. 5-دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وردتربێت و ئەو پێشێلكاریانەی پەیرەو كە كراون رایان بگرێت. 6-پەرلەمان چاودێریی دەسەلاتی جێبەجێكردن بكات لەو پێشێلكارییە یاساییانەی دەیكەن رایان بگرێت. 7-پەرلەمان بڕیاری ژمارە (2)ی ساڵی 2021 سەبارەت بە بێبەشكردنی پەرلەمانتار (د.كازم فاروق) هەڵبوەشێنێتەوە. 8- هەڵوەشانەوەی ئەو نوسراوەی سەرۆكی پەرلەمان دەریكردووە كە پەرلەمانتاران قەدەغەدەكات لە چاودێریكردنی پرۆژەكان. 9-ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی كەم و كوڕی زۆرە، چاك بكرێت. 10-لە دانیشتنەكانی پەرلەمان كار بەسیستمی ئەلكترۆنی دەنگدان بكرێت.
هاوڵاتى رێكخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێسنور لەگەڵ سەنتەری میترۆ داوای ئازادكردنی پێنج رۆژنامەنوسی سزادراوی بادینان دەكەن كە سیانیان نزیكەی مانگێكە وەك ناڕەزایەتییەك دژبە سزادانیان و دۆخی زیندان، مانیان لە خواردن گرتوە. ئەمڕۆ ههینی 1ی تشرینی یهكهمی 2021، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند:" رۆژنامەنوسانی سزادراو شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار زێباری، لە رۆژی 6ی مانگی رابردوەوە وەك ناڕەزایەتییەك دژبە دۆخی زیندان، مانیان لە خواردن گرتوەو چونەتە پاڵ مانگرتنی زۆربەی دەستگیركراوانی بادینان كە ژمارەیان 82 كەسە". پەیامنێرانی بێسنور ئاماژەی بەوەداوە دوای ئەو ماوەیە لە مانگرتن، ئێستا دۆخی تەندروستی هەندێك لە دەستگیركراوان جێی نیگەرانییە، بەتایبەت دۆخی ئەیاز كەرەم كە بەپێی راپۆرتەكان لەهۆش خۆی چوەو چارەسەریی پزیشكی گونجاویشی پێ ناگات. رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە ئەو سێ رۆژنامەنوسە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا سزای شەش ساڵ زیندانیان بەتۆمەتی "سیخوڕیكردن" بەسەردا سەپێنراوەو شێروان شێروانی كە یەكێكیانە چەندین جار ئیدانەی ئەوەی كردوە كە لەژێر ئەشكەنجەدا بەزۆر دانپێدانانی لێوەرگیراوە. هەروەك رێكخراوەكە باسی لەوەش كردوە كە رۆژی 23ی مانگی رابردو، دادگای هەولێر سزای ساڵێك زیندانی بەسەر رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشكی-دا سەپاندوە بە تۆمەتی "تەشهیر"، لەكاتێكدا ناوبراو لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە دەستگیركراوە، بەوجۆرە واتە ئێستا ساڵی دوەمی لە زیندان بەسەردەبات. هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە لەمانگی حوزەیران رۆژنامەنوس قارەمان شوكری، بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە بەبێ ئەوەی تۆمەتێكی رەسمی روبەڕوبكرێتەوە كە لەمانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسینی رەخنەگرانە دەستگیركراوە. سابرین ئەلنەوی، بەرپرسی نوسینگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور رایگەیاندوە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەین دەستبەجێ ئەو پێنج رۆژنامەنوسە ئازادبكەن كە تۆمەتی هەڵبەستراویان ئاڕاستەكراوەو بۆ دانپێدانان روبەڕوی ئەشكەنجە بونەتەوەو ئێستاش سێ لەو رۆژنامەنوسانە بەهۆی مانگرتنیانەوە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە. جەختیشی كردۆتەوە كە بەشی ئەوە هۆكار هەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەریی لە كوردستانی عێراق سنورێك بۆ ئەم دەستگیركردنە بێ پاساوانە دابنێت. هەروەها دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، وێڕای داوای ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنوسانە، رایگەیاندوە، توندكردنی رۆژنامەنوسان لە زیندانداو بەكارهێنانی توندوتیژی دژی دەستگیركراوان، كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر ناوبانگی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت.
هاوڵاتى ئێران 57 قەڵای سەربازیی لە سنووری پشدەر، چۆمان و سیدەکان دروستکردوون، ژمارەیەک لە قەڵاکان دەکەونە خاکی باشووری کوردستان، لە گوندی وێزەی قەزای چۆمان، سێ قەڵای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکراون و بە رێگەیەکی 12 کیلۆمەتریش لە دیوی باشووری کوردستانەوە بەیەک بەستراونەتەوە. ماوەیەکە ئێران بە چەکی قورس و مامناوەند سوپای پاسداران بەرەو قەڵاکان بەڕێدەکات. ڕۆژی چوارشهممه 29ی ئهیلوولی 2021، محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران لە کۆبوونەوەی "رێزگرتن" لە کوژراوانی "پێشمەرگە موسڵمانەکانی کورد" لە شاری سنە وتی: پێشتر رامانگەیاندووە جوڵە و بنکەی دژبەرانی شۆڕش قبوڵ ناکەین و بە تووندی بەرەنگاری دەبینەوە". بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زۆر جار پێداگرییان لەسەر ئەو داواکارییانە لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و هەڕەشەیان لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. ئێران حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆی دەزانێت و بەم بیانووەوە لە یەک مانگی رابردوودا بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران رۆژی 10.08.2021 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای دەرکردنی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد. دواتر محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رۆژی 06.09.2021 رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی تووندی ئەو چالاکییانە دەداتەوە. حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1983 و دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بەسەر ناوچە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتەوە، بنکە و بارەگاکانیان لە باشووری کوردستان جێگیرکرد. ئەو حزبانە ساڵانێکە چالاکی پێشمەرگانە و چەکدارییان راگرتووە و هۆکاری ئەمەش بۆ رەچاوکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە
