هاوڵاتى باڵیۆزى ئێران له‌عێراق په‌یامێك ئاراسته‌ى خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌یی‌و زیاره‌تكاران ده‌كات، هۆشداریش ده‌دات لەبارەی هاتنەناوەوەی ئێرانییەکان لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق، ده‌شڵێت:"ئەوکەسانەی لەڕێگه‌ی سنورەکانی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەچلەی ئیمام حسێن بێنە عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانه‌وه دەستبەسەردەکرێن". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەعێراق ڕایگەیاند، "پێویستە سەرجەم گەشتیاران لەڕێی ئاسمانییەوە بچنە عێراق‌و بەمشێوەیە ڕێککەوتن لەنێوان عێراق‌و ئێران‌دا کراوە". وتیشى:"هیوادارین زیارەتکارانی چلە، لەڕێی سنوری کوردستانەوە سه‌ردانى عێراق نه‌كه‌ن‌و له‌ڕێگه‌ى ئاسمانیه‌وه ئه‌وكاره بكه‌ن". مەسجدی هۆشداریشیدا لەبارەی هاتنەناوەوەی ئێرانییەکان لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق‌و وتی:"ئەوکەسانەی لەڕێگه‌ی سنورەکانی کوردستانەوە بۆ مەبەستی بەشداریکردن لەچلەی ئیمام حسێن بێنە عێراق، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانه‌وه دەستبەسەردەکرێن‌و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".
هاوڵاتى ئەنگێلا مێرکل دوای 16 ساڵ لە راوێژکاریەتی ئەڵمانیا، ئامادەکاری دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات دەکات. مێرکل لە هامبۆرگ لەدایکبووە، لە تێمپلنی برادینبێرگی ئەو دەمەی ئەڵمانیای رۆژهەڵات گەورە بوو؛ گەورەبوون لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا تاڕادەیەک خاڵێکی لاواز بوو. رالف بۆلمان، نووسەری ژیاننامەی مێرکل دەڵێت، "هەموو ئەو پیاوانەی کە خەڵکی ئەڵمانیای رۆژئاوا بوون و ئەندامی پارتی کریستیان دیموکرات بوون، بە راستی پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ژنێك لە تەمەنی 35 ساڵی کە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە هاتووە بەرەو ئەوە بڕوات کە ببێتە سەرۆکی پارتەکە و دواتریش راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڵام مێرکل زۆرجار سوودی لە کەم هەڵسەنگاندکردنەکەی بینیوە". لە ساڵی 2000 مێرکڵ بووە سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات و لە 2005 بووە راوێژکاری ئەڵمانیا. دوای سێ ساڵ قەیرانی دارایی جیهانیی سەریهەڵدا و یۆنان لە لێواری داڕمانیی تەواودا بوو. یەکێتیی ئەوروپا لەژێر کاریگەریی مێرکل پەیڕەوکردنی سیاسەتی سکهەڵگوشینی بەسەر یۆنانی سەپاند وەک مەرجی وەرگرتنی قەرز. یارمەتییەکە قۆناخ بە قۆناخ باری ئابووریی یۆنانی باش کرد. مێرکل بە بڕیاردەری یەکلاییکەرەوە ناسراوە؛ لە ساڵی 2011 و لە دوای کارەساتی وێستگەی ئەتۆمیی فوکوشیمای ژاپۆن، بڕیاریدا بە داخستنی 8 لە 17 وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەڵمانیا. ئەو دەمەی کە زۆربەی ئەوروپییەکان خۆیان لە قەرەی قەیرانی ئۆکراینا و رووسیا نەدەدا، مێرکل بە جیددی قۆڵی بۆ هەڵماڵی. هەر بەو نەفەسە و لە ریسکێکی سیاسیی دیکە دا، لە 2015دا دەرگەی ئەڵمانیای بە رووی زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر کردەوە. ئەنەس، پەنابەرێکی سوورییە و خوێندکاری پەیوەندییەکانە لە زانکۆی بەرلین دەڵێت، "خاتوو مێرکل ئەو دەرمانەیە کە ژیانی بۆ ناخم گەڕاندەوە، دەرفەتی هاتنمی بۆ ئەم وڵاتە و هەستکردن بە ئارامی پێدام؛ ئەو ئاسایشی پێ بەخشیم. مێرکل بۆ من بەهێزترین ژنی ئەم جیهانەیە". ژنە بەهێزەکەی جیهان لە ساڵی 2017دا و جارێكی دیکە و بۆ چوارەمین خول بە راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە. بەڵام دوای یەک ساڵ، بڕیارێكی دیکەی بێ پاشگەزبوونەوەی دا ئەمجارە تایبەت بە ژیانی سیاسیی خۆی بوو. ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "پێموایە دەبێت ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و پێویستە لەو بارەیەوە بڕیارێكی نوێی خۆمتان پێ رابگەیێنم؛ من خۆم بۆ سەرۆکایەتیی پارتی کریستیان دیموکرات بەربژێر ناکەمەوە، هەروەها چوارەمین خولی راوێژکاریم دوایین خول دەبێت و لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا نامێنمەوە". لە دوا راپرسی کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کراوە، دەرکەوتووە دوو لەسەر سێی ئەڵمانییەکان لە کاری مێرکل رازی بوون. مێرکلی تەمەن 67 ساڵ، زیاتر لە 16 ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و یەکەمین و گەنجترین ژن کە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکە وەردەگرێت و زۆرترین کات لەو پۆستە دەمێنێتەوە، ئێستا ژماردنی پێچەوانەی دەسەڵاتە 16 ساڵییەکەی بە ویستی خۆی بەرەو کاژێر سفر دەڕوات و ئەڵمانیا و ئەوروپا لە سەردەمی گەورە ئاڵنگارییەکانی جیهان جێ دەهێڵێت.
هاوڵاتى سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: "ئومێد دەخوازین هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئەرکەکانی نێردەکە خستەڕوو کە ئامانجیان چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەوان تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ناکەن. مەسرور بارزانیش وێڕای نرخاندنی رۆڵی گرنگیی یەکێتیی ئەوروپا لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن، هيوای خواست کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانيشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ نێردەی یەکێتي ئەوروپا دەربڕی. کۆمیسیۆن دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیداوە 130 چاو‌دێر رەوانە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، هاوکات یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە 100 چاو‌دێر رەوانە بکات، هەروەها کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ 51 وڵات و 25 رێکخراو ناردووە بۆ ئە‌وە‌ی چاودێریی هەڵبژاردن بکەن.
هاوڵاتى ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی دوو ئەندامی پەکەکە لە سلێمانی رادەگەیێنێت. رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە سلێمانی تەقە لە دوو ئەندامی پەکەکە کرا، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا "پیلانەکە" ئاشکرا کراوە و تاوانباری سەرەکیی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیرکرا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارەکە راپێچی دادگە کرا، تاوە‌كو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت"، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە دوو کردەوەکە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە بوون. ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دروستکراوە و لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کورستان و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى و بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تیی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تیی گشتیى دژەتيرۆر و بە‌ڕێوەبە‌رایە‌تیی پۆلیسی سلێمانی پێکهاتووە. رۆژی هەینی شوکری سە‌رحە‌د، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێ‌کرا و کوژرا. هەروەها رۆژی پێنجشەممە تەقە لە ئەندامێکی پەکەکە بە ناوی فەرهاد باشقوندور کە تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی رووهایە لە باکووری کوردستانە، لەبەردەم دووکانەکەی خۆی تەقەی لێ‌کرا و بریندار کرا.
هاوڵاتى مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی ڕایگه‌یاند: " وه‌كو ده‌وترێت حكومه‌ت باوكى میله‌ته، به‌ڵام منیش ده‌ڵێم باوكێكى خراپه، چونكه ده‌ست پیسى هه‌یه‌و خراپه‌كاریی هه‌یه". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریدا له‌سنورى گه‌رمیان ڕایگه‌یاند: "من ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیم، به‌رامبه‌ر زۆرێك له‌حزبه‌كان قسه ده‌كه‌م‌و ده‌مدرێژى ده‌كه‌م، ڕاستگۆیانه ده‌ڵێم ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌میله‌ته‌كه‌ى خۆماندا وه‌كو خۆى جێبه‌جێمان نه‌كرد". ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی ده‌شڵێت:"من بۆخۆم هه‌تا بمێنم یه‌كێتیم، بشمرم ده‌ڵێم به‌ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ى یه‌كێتیه‌وه بمنێژن، به‌ڵام ڕاستیه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خه‌ڵك گله‌یی له‌حكومه‌ته‌كه‌و پارتى‌و یه‌كێتیش هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌بازاڕدا ڕاپرسیه‌ك بكرێت له‌باره‌ى حزبه‌كان، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه زۆرینه دژمانه‌و لێمان ناڕازیه، وه‌كو ده‌وترێت حكومه‌ت باوكى میله‌ته، به‌ڵام منیش ده‌ڵێم باوكێكى خراپه، چونكه ده‌ست پیسى هه‌یه‌و خراپه‌كاریی هه‌یه". مه‌حمود سه‌نگاوى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه وتى:"ئه‌وانه‌ى ئێستا حاكمن كه‌سیان ماندوو نه‌بون، نه ماڵى مام جه‌لال‌و نه ماڵى مه‌سعود بارزانیش كه‌سیان له‌مه‌یدانه‌كه‌دا شه‌هید نه‌بون، ئینكارى له‌مام جه‌لال‌و هێرۆ خان ناكرێت كه قاره‌مان بون‌و خه‌باتیان كردوه، هه‌روه‌ها ماڵى مه‌لا مسته‌فاش به‌رده‌وامبون له‌خه‌بات، ڕه‌نگه كارى خراپى زۆریشیان كردبێت، به‌ڵام كه‌سیان كوڕیان نه‌كوژراوه، ئازارى كوڕ كوشتنى خه‌ڵكیان له‌ناخدا نییه، بۆیه به‌و شێوه‌یه حاكمیه‌ت ده‌كه‌ن، ئومێده‌وارین به‌خۆیاندا بچنه‌وه". ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى وتى:"تكایه بۆ په‌رله‌مانى عێراق واز له‌سزادانى حزبه سیاسییه‌كان بێنن‌و ئه‌و سزایه هه‌ڵبگرن بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌وێ سزایان بده‌ن‌و بۆیان بسه‌لمێنن كه ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر نه‌بێت حزبه سیاسییه‌كان هیچ نین، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا نابێت حزبى سیاسیی خاوه‌نى سامان‌و پاره بێت، حزبى سیاسیى ده‌بێت له‌سه‌ر ئابونه بژى، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا حزب خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو پاره‌و سامانه بێت كه ئێستا هه‌یه‌تى".
هاوڵاتى وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند:" ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی نێوان ھێزەكانی سوپا و ھێزی پێشمەرگە بۆ رێگەگرتن لە جموجۆڵی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچانەی كە ھێزە ئەمنییەكانی لێ نییە، دەستیپێكردووە". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكانی سە‌ر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوكراوەتەوە، رۆژی هەیینی ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەشی لە نێوان ھێزەكانی سوپا و ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی كە ھێزە ئەمنییەكانی تێدا نییە بەڕێوەچووە. لە ھاوینی ساڵی 2014 وە، ئەمە یەكەم جارە سوپای عێراق بەفەرمی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنیی ھاوبەش لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كە بۆشایی ئەمنی تێدایە لە باكووری وڵاتەكە، رادەگەیەنێت. وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:"ناوەندەكانی ھەماھەنگیی ھاوبەش، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش بۆ رێگەگرتن لە تیرۆریستان و جموجۆڵەكانیان لەو ناوچانەی كە ھێزی ئەمنیی فیدڕاڵی تێدانییە و دەكەوێتە نێوان ھێزە فیدڕاڵییەكان و ھێزەكانی پێشمەرگە، كردووە".
هاوڵاتى لیژنەی وەزارەتی ئەنجومەنی ئەوروپا كە چاودێری بڕیارەكانی دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەكات داوا لە توركیا دەكات دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و عوسمان كاڤالا، وەبەرهێنەر ئازاد بكات. لیژنەكە داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای ئەوروپا و هەڵوەشاندنەوەی سزادانی دەمیرتاشی كردووە و 30ـی ئەم مانگەشی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش دیاری كردووە. سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی ھەدەپە لە 4/11/2016، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە و پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی ھاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پەكەكە، لەلایەن حكومەتی توركیا دەستگیركران.
هاوڵاتى سەرۆكی پێشووی جەزائیر لەتەمەنی (84) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتەكەی كۆچی دواییكرد. تەلەفزیۆنی جەزائیری بڵاویكردۆتەوە، (عەبدولعەزیز بۆتەفلیقە) ی سەرۆكی پێشووی وڵاتەكەی لە تەمەنی (84) ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد. بۆتەفلیقە حەوتەم سەرۆكی جەزائیر بوو دوای سەربەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسادا لە ساڵی (1962)، ناوبراو لە ساڵی (1999) حوكمی وڵاتەكەی وەرگرت و دوای (20) ساڵ لە حوكمڕانی و لە ساڵی (2019) لە ژێر فشاری جەماوەری دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات كۆبونەوە و جه‌ختيان له پته‌وكردنى دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، لەلایەن محەممەد بن زاید، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات پێشوازی لێ‌کرا. ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "دۆخى سياسى و هه‌ڵبژاردن و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى عێراق" کراوە. دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: له دوا ڕۆژى سه‌ردانيدا بۆ به‌ريتانيا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له له‌نده‌ن له‌لايه‌ن به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن زاید، جێنشینی ئه‌بوزه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کانی ئیمارات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌بوزه‌بييه‌وه، له شوێنى مانه‌وه‌ى پێشوازى لێكرا. له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌گه‌ڵ ئيمارات، دۆخى سياسى و هه‌ڵبژاردن و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى عيراق، سه‌ردانى هه‌ردوولا بۆ له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه و گفتوگۆيان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بۆريس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا، دوايين پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختيان له پته‌وكردنى دۆستايه‌تى و په‌يوه‌ندييه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه و له‌سه‌ر گرنگي بره‌ودان به هه‌وڵه‌كان و هاريكارى و كارى هاوبه‌ش له‌پێناو پاراستنى سه‌قامگيرى و چارەسه‌ركردنى كێشه و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌دا هاوڕا بوون و له‌مباره‌يه‌وه بيرورايان ئاڵوگۆڕ كرد.
هاوڵاتى بەرپرسی دەزگای زانیاری و پاراستن\زانیاری رایگه‌یاند:" تاوانبارى تاوانەکانى ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا". ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاری و پاراستن\زانیاری ڕایگەیاند: "تاوانبارى تاوانەکانى ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا"، ئەو دەشڵیت، "ڕاپێچى بەردەم یاسا کرا. بەزووترین کات بەڵگەکان و دانپێدانان دەخرێتە بەردەم ڕاى گشتى". بەرپرسەکەی دەزگای زانیاری بەبێ ئاماژەدان بە کام تاوانە کە "ئەنجامدرابێت" دەشڵێت، "ڕیسوایى بۆ تێکدەرانى ناوماڵى کورد". ئەوەشی نوسیوە، "دەستخۆشی بۆ شێرەکوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس". دوێنێ هەینی، شوكری سە‌رحە‌د بەرپرسی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە باشوری كوردستان، لە نزیک بنكەی پۆلیسی چوارچرا لەشاری سلێمانی لەلایەن كەسانی نەناسراو تەقەی لێكراو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. هاوکات هەر دوێنێ هەینی، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، "بە‌توندی ئیدانە‌ی تیرۆر كردنی (شوكری سە‌رحە‌د) دە‌كە‌م، كە ئە‌مڕۆ ھە‌ینی 17ی ئه‌یلوولی 2021، لە سلێمانی تیرۆر كرا". ئه‌وه‌شی وتووه، "داوا لە لایە‌نە ئە‌منییە‌كان دە‌كە‌م؛ شە‌و و رۆژ بخە‌نە سە‌ر یە‌ك لە‌پێناو دە‌ستگیركردنی تاوانباران و رادە‌ستكردنیان بە دادگا بۆ ئە‌وە‌ی سزای یاسایی خۆیان وە‌ربگرن".
هاوڵاتى ئاسۆ حاجی لە نوسینێكیدا سەبارەت بە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا ڕایگەیاند:" رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سە‌ر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان". ئە‌مڕۆ هەینی، 1ئەیلولی 2021، ئاسۆ حاجی، نوسەر و ڕۆشنبیر، لە نوسینێكیدا بە ناونیشانی "سێ رەخنە لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی" رەخنە لە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێت و نوسیویەتی:" رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سە‌ر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەنگە دەستەواژەی ‘رەخنە’ هەندەک توند بی و سە‌ر و دڵی هەندێک کەسیش بگری، بۆیە دەکرێ دەستەواژەی ‘تێبینی’ لە جێگای دابنێین". لەنوسینەكەیدا بە سێ رەخنە باس لە سەردانەكەو كاریگەریەكان و كاردانەوەكانی لە مییداكاندا دەكات. دەقی وتارەكەی ئاسۆ حاجی:... رەخنەکان لە ناوەڕۆکی سەردانەکە نیە کە بەرهەمی دونیابینی و لێزانی نێچیرڤان بارزانیە، وەک کەسایەتیەکی کاریگەر لە سە‌ر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، بەڵکو رەخنەکان لە شێوازی مامەلەکردنی میدیاییە لەگەڵ ئەو بزاڤە دبلۆماسی و سیاسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رەنگە دەستەواژەی ‘رەخنە’ هەندەک توند بی و سە‌ر و دڵی هەندێک کەسیش بگری، بۆیە دەکرێ دەستەواژەی ‘تێبینی’ لە جێگای دابنێین: یەکەم، بۆتە چیڕۆکێکی دووبارە کە سەرکەوتنی هەموو سەردان و بزاڤێکی دبلۆماسی لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کورت بکرێتەوە، چونکە هەڵکردنی ئاڵا رێکارێکی پڕۆتۆکۆلیە و بە گوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقی فیدڕال، دان بە ئاڵای کوردستان نراوە، ناکرێ وڵاتان لە پێشوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان هەر بەرپرسێکی دیکەی پلە باڵا نادیدە بگیرێ و ئەو خاڵەی پڕۆتۆکۆڵ جێبەجێ نەکرێ، بۆیە دەبێ هەڵنەکردنی ئاڵا ببێتە جێی سەرنج و قسە لەسەر کردن. دووەم، زوو داپۆشینی ئەو سەردانانە لە رێگای هەلمەتی سۆشیال میدیا، کە زیاتر خۆی لە ستایشکردنی کەسی دەبینێتەوە و هەوڵ دەدرێ ئەو کارە مەزنانە لە چەند پۆستەرێکی بێ گیان و هەندێک دەستەواژەی قەبەی بێ ناوەڕۆک گچکە دەکرێنەوە، ئەو هەلمەتانە رێکخراو و ئاراستەکراون، لە رووی ژمارەوە رەنگە بتوانن رووبەرێکی گەورە بگرن لە دونیای گریمانەیی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، بەڵام لە واقیعدا دەرئەنجامەکەی بە پێچەوانە دەشکێتەوە، چوونکە لادانی سەرنجی خەڵکە لە سە‌ر ناوەڕۆکی بابەتی سەردانەکە بۆ سە‌ر هەندێک وشە و دەستەواژەی دروشمبازی و پێهەڵگوتنی کەسی. سێیەم، ئەو کەرستە و ئامرازانەی بۆ هەڵمەتەی مارکێتینگەکە بەکاردێن، ئامراز و کەرستەی بەردەوام دووبارە و تاقیکراوەن، کە لە هەموو چالاکیەک بەکاردەهێندرێنەوە کە بریتین لە گروپ و کەسانێک لە رێگای چەند ئەپلیکەیشنێکی سۆشیال میدیا رێکخراون وەک(واتس ئاپ، ڤایبەر، تەلەگرام و هتد) و لە رێگای ئاگادارکردنەوە هەموویان یەک بابەت بە یەک شێواز و ناوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە، کە زۆرینەیان وەک ئەرکی حیزب یان کار پێیەوە پابەندن، بۆیەشە هەر سەردانێکی گرنگی کاک نێچیرڤان بێت یان هەر بەڕێزیکی دیکە بێت، لە چوارچێوەی ئەندامانی حیزبێک دەخولێتەوە و وەک چالاکیەکی حیزبی بەرخوردی لەگەڵ دەکرێ. لێکەوتەکانی ئەو جۆرە مامەلەیە رێگر دەبن لە چەند شتێکی گرنگ،لەوانە: - کەسانێک کە لە دەرەوەی حیزبی سەرۆکی هەرێمن ئەگەر خوێندنەوە و لێکدانەوەی پۆزەتیڤ و گرنگیان بۆی هەبێت، رەنگە خۆیان دوورە پەرێز بگرن لە ترسی ئە‌وە‌ی کارەکەی ئەوانیش نەچێتە نێو ئەو هەلمەتە میدیاییەی لە سەرەوە باسمان لێوە کرد. - ئەو کەرستانەی لەو هەلمەتە سۆشیال میدیایانە بەکاردەهێندرێن(ئەندامانی گروپە رێکخراوەکانی سە‌ر ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیال میدیا)، لە هەمان کاتدا بۆ بابەتی دیکەش بەکاردەهێندرێن کە کەسانی دیکە کاریگەری ناو حیزب یان خودی حیزبەکە پێویستی بە هەبوونیانە و لە بابەتی دیکە بەکاردەهێندرێنەوە، ئەوەش تێکەڵەیەک دروست دەکا و پەیام و ناوەڕۆکی چالاکیەکە بەباشی ناگات، چونکە وەک بابەت و پرسێکی جدی مامەلەی لەگەڵ ناکرێ بەڵکو وەک ئەرکێکی رۆتینی و بابەتێکی کاتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. - لە سەردەمی ئێستا خەڵک زیاتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین(مەعریفە) نەک زانیاری(معلومە) چونکە کۆمەڵگەی دونیای ژمارەیی (ئەنتەرنێت) کۆمەڵگەی مەعریفیە نەک مەعلومە، ئەوە لە رێگای کەلەکەبوونی زنیاریەوە دروست دەبێت( کەلەکەبوون بە مانای دووبارەبوونەوە نایێ بەڵکو بە مانای زۆربوون دێ) ئە‌وە‌ی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێ تەنها دووبارەکردنەوەیە(کۆپی پێست) نەک زۆرکردنی زانیاری. گرنگترین خاڵ لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەکرێ لە یەک دێڕی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە زلهێز و کاریگەرە کورت بکەیەنەوە کە گوتی:”پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ تۆ و وڵاتەکەت ئێجگار گرنگە”. ئەوە گۆڕانە لە دونیابینی بەریتانیا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و عێڕاق شتێکی نوێیە و لە ئایندە رەنگدانەوەی لە زیاتر بەهێزبوونی کوردستان دەبێت لە ناوچەکەدا.
هاوڵاتى بزوتنەوەی تاڵیبان وەزارەتی کاروباری ئافرەتانی هەڵوەشاندەوە و ناوەکەی گۆڕی بۆ وەزارەتی "فەرمان بەچاکە و ڕێگرتن لە خراپە". ئە‌مڕۆ هه‌ینی 17ی ئه‌یلوولی 2021، بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بڕیارەکەی تاڵیبان بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی کاروباری ئافرەتان و لە جێگەی ئەوە دروستکردنی وەزارەتێک بەناوی "فەرمان بەچاکە و ڕێگرتن لە خراپە". هەر ئە‌مڕۆ چەکدارانی تاڵیبان ناوی وەزارەتە نوێیەکەیان لەسەر باڵەخانەی وەزارەتی پێشوو کە وەزارەتی کاروباری ئافرەتان بووە هەڵواسیوە. لە پاش بڕیارەکەی تاڵیبان کارمەندانی وەزارەتی پێشوو دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە دژی بڕیارەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان. لەوكاتەی ئەفغانستان لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە داگیركراوە و حكوم دەكرێت، زۆر گۆڕانكاری لە سیستمی حكومڕانی و بەڕێوەبەرایەتی و بەرێوەبردندا كردووە بەتایبەت لە بواری ژنان و ئافرەتاندا.
هاوڵاتى وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند:" به‌داخه‌وه كه‌یسی سزادراوانی بادینان بو به كه‌ره‌سه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و به ناڕه‌وا به ناوی وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵێَك درۆ‌و بوختانی هه‌ڵبه‌ستراو دور له هه‌ر به‌هایه‌ك و نه‌ریتی رۆژنامه‌وانی بڵاوكراوه‌ته‌وه". ئە‌مڕۆ هه‌ینی 17ی ئه‌یلوولی 2021، ئاریان ئه‌حمه‌د مسته‌فا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه كه‌یسی سزادراوانی بادینان بو به كه‌ره‌سه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و به ناڕه‌وا به ناوی وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵێَك درۆ‌و بوختانی هه‌ڵبه‌ستراو دور له هه‌ر به‌هایه‌ك و نه‌ریتی رۆژنامه‌وانی بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئێمه به‌پێویستی ده‌زانین لێره‌وه راستیه‌كان بخه‌ینه‌ڕو". ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، "وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپرسه له‌هه‌مو سزادراوان له پاراستنی ژیان و دابینكردنی هه‌مو پێداویستیه‌كانیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌به‌رده‌وامی سه‌ردانی چاكسازیه‌كان ده‌كات و له‌ژیان و گوزه‌رانیان ئه‌كۆڵێته‌وه، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌و 4 (چوار) سزادراوه‌ی بادینان راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به به‌رپرسانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێره‌وه كردوه و له ته‌ندروستیانی پرسیوه، له‌گه‌ڵ گه‌یشتینیان پشكنینی كۆڕۆنا و پشكنینی گشتیان بۆ كراوه و راسته‌خۆ چاودێریان ده‌كات". ئاریان ئه‌حمه‌د مسته‌فا باسی له‌وه‌شكرد، "وه‌زیری كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوش سه‌ردانی چاكسازی گه‌ورانی هه‌ولێری كردوه‌و له ته‌ندروستیانی پرسیوه‌و به‌شێك له‌هۆڵه‌كانی به‌سه‌ر كردوه‌ته‌وه كه شڤان له یه‌كێك له‌و هۆڵانه بوه، ته‌نیا ئه‌یاز كه‌ره‌م مانی له خواردن گرتوه له‌گه‌ڵ دو سزادراوی ئێرانی، رۆژانه كارمه‌ندی ته‌ندروستی و توێژه‌ره‌كان سه‌ردانی ئه‌یاز و دو سزادراوه ئێرانیه‌كه ئه‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ كه رۆژی هه‌ینیه سه‌ردانیان كردون و ته‌ندروستیان باشه، هاوكات بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌ردانكردنیان بۆ رێكده‌خه‌ین له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان كه بۆ سزادراوه‌كان بینینی كه‌سوكاریان ئارامیان پێده‌به‌خشێت". وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "چاكسازییه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی كار، یاسا‌و رێسای تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه بۆ هه‌مو سزادراوه‌كانه، هه‌ربۆیه به‌پێی په‌یڕه‌و و ڕێنماییه‌كانی چاكسازیه‌كان، هیچ راگه‌یاندكار و ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی و هیچ به‌رپرسێك ڕێگا پێدراو نیه به‌ته‌نیا سزادراو ببینێت، ته‌نیا لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیداری په‌رله‌مان و وه‌زیر و ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ده‌توانن هۆڵه‌كان به گشتی به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه". ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، "هه‌مو سزادراوان به برا و كه‌سی خۆمان ده‌زانین و بۆ سه‌لامه‌تی گیانیان یه‌ك ساڵ و شه‌ش مانگه سه‌ردانیكردن و مۆڵه‌تمان به‌هۆی كۆرۆناوه راگرتوه، له‌م دۆخه دژوار و هه‌ستیاره‌ی كۆرۆنادا سه‌لامه‌تی گیانی سزادراوانی بادینان له‌پێش هه‌مو موزایه‌ده‌و خۆده‌رخستنێكه‌وه‌یه، هه‌ر بۆیه ئێمه ئه‌و كارانه‌مان نه‌كردوه‌ته بابه‌تی راگه‌یاندن، ئه‌و جۆره موزایه‌ده‌و كارانه له خزمه‌ت و دڵسۆزی و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانمان ساردمان ناكاته‌وه".
هاوڵاتى وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جەخت لە دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق كراوە و . هێزەکانی ئەمریکا بەڵێنیان دایەوە کە ئەو دوو لیوایە پڕچەک بکەن و هاوکاربن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانیان. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی پێنجشەممە 16-9-2021 و لە بارەگای فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەغدا، لیژنەی باڵای ئەمنی و سەربازی نێوان عێراق و ئەمریکا کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، سوپاسالاری عێراق و جەنەڕال جۆن برینان لە سوپای ئەمریکا و بە ئامادەبوونی عەمید روکن هەژار عومەر ئیسماعیل، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێک کرا، لەوانەش دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق. هێزەکانی ئەمریکا بەڵێنیان دایەوە کە ئەو دوو لیوایە پڕچەک بکەن و هاوکاربن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانیان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی گواستنەوەی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرا کە بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەرکی ئەو هێزانە لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی پاڵپشت، راوێژکار و راهێنەر بگۆڕدرێت. تاوتوێکردنی رەوشی ئەمنیی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بڕیاریش درا کە لیژنەی باڵای ئەمنی و سەربازیی تایبەت بە دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا مانگانە کۆببێتەوە. هاوكات لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ناوچانەدا کە هیچ هێزێکی ئەمنی لێ نەبوو، ناوەندەکانی هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە کارکردن کردوە، ئەوەش بەئامانجی رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئەو ناوچانە لەلایەن چەکدارانی داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی دیکە. ئەوەشی خستوەتەڕو، هەماهەنگی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی کاری هاوبەشدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەروەها لەو ناوچانەدا هێزە هاوبەشەکان لەژێر چاودێری حکومەتی عێراقدا دەبن. وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان باسی لەوەشکردوە، هیچ بەرنامەیەک بوونی نیە بۆ دووبارە داڕشتنی پلانی بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، بەڵکو هێڵی جیاکەرەوە و پێگەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەهەمان شوێنی پێشوودا دەمێننەوە. بەرپرسانی هەردوو لیوای 1 و لیوای 2ی پێشمەرگە لە سنوری کەرکوک لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆبونەتەوە و لەسەر ئەو شوێنانە ڕێککەوتون کە سەنگەری هاوبەشی تێدا دروست دەکرێت. هێزە هاوبەشەکە پێکدێت لە سوپای عێراق بەڕێژەی 50% و هێزەکانی پێشمەرگەش لە 50%ی هێزەکان پێکدەهێنن. پەیوەست بەم بابەتەش 15ی ئەیلول نوێنەرانی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ، لەئێستادا ژمارەیەک لایەن بۆ رێککەوتنی سیاسی و بەناوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگای کەرکوک و ئەو هەنگاوەش "جێگەی نیگەرانییە و رەتیدەکەینەوە".
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نەدیم زەهاوی، وەزیرە بە رەچەڵەک کوردە تازە دەستبەکاربووەکەی پەروەردەی حکومەتی بەریتانیا کۆبوونەوە؛ لە کۆبوونەوەکەیاندا نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند:"مايه‌ى شانازييه كه ده‌بينين بۆ يه‌كه‌مجاره كوردێك له به‌ريتانيا له بوارێكى گرنگدا ده‌بێته وه‌زير و له زۆر بوارى ژيانى سياسى و كارگێڕيیدا سه‌رده‌كه‌وێت". ئە‌مڕۆ هه‌ینی 17ی ئه‌یلوولی 2021،نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوایین رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا لەگەڵ نەدیم زەهاوی، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا کۆبووەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مايه‌ى شانازييه كه ده‌بينين بۆ يه‌كه‌مجاره كوردێك له به‌ريتانيا له بوارێكى گرنگدا ده‌بێته وه‌زير و له زۆر بوارى ژيانى سياسى و كارگێڕيیدا سه‌رده‌كه‌وێت". بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نه‌ديم زه‌هاوى خۆشحاڵيى خۆى به سه‌ردان و ديدارى نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها جه‌ختى له ئاماده‌يی به‌ريتانيا بۆ هاوكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عێراق له بوارى په‌روه‌رده‌دا كرده‌وه و رايگه‌ياند، هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك وڵاتانى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵاتى نێوەڕاست، ده‌توانێت له بوارى كارى هاوبه‌ش سوودمه‌ند بێت. نەدیم زەهاوی بە رەچەڵەک کوردە و وڵاتینامەی بەریتانیای هەیە، لە ساڵی 1967 لە بەغدا لەدایکبووە. لە کۆلێژی لەندەن بڕوانامەی بەکالۆیۆسی لە بواری ئەندازیاریی کیمیادا بەدەستهێناوە. نەدیم زەهاوی ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیایە و لە ساڵی 2010 بووە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، دواتر لە ساڵی 2018 تاوەکو تەممووزی 2019 وەزیری دەوڵەت بەوەکالەت بۆ کاروباری خێزان و منداڵان بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پێویستیی وڵاتان بە خێراترکردنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاکسین، نەدیم زەهاوی بووە وەزیری دەوڵەت بەوەکالەت بۆ کاروباری ڤاکسین. دوو رۆژ پێش ئێستاش بووە وەزیری پەروەردەی بەریتانیا.
