هاوڵاتى 6ی تەمموزی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگی 64 پەرلەمانتاری ئامادەبو، دەنگیدا لەسەر ھەمواری یەکەمی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە. وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەمڕۆ لە رۆژنامەى وەقائیع بڵاودەکرێنەوە راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەچنەبواری جێبەجێکردنەوە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەکی نوێی رۆژنامەى فەرمى وەقائیعی کوردستانی بڵاوکردەوە، ئەو یاسا و رێنماییانەی لە رۆژنامەى وەقائیع بڵاودەکرێنەوە راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەچنەبواری جێبەجێکردنەوە. شەش یاسا و رێنمایی لە هەرێمى کوردستان دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژنامەى فەرمى وەقائیعی کوردستان بڵاوکرانەوە، کەوتنەبواری جێبەجێکردنەوە و لەناو ئەوانیشدا یاسای تاپۆكردنی زهوییه زیادەڕۆکان بونی هەیە کە مانگی تەمموزی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان یاساکەی هەموارکردەوە. یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2021، یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019، یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسنوری شارەوانییەکان، زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە ھەرێمی کوردستان – عێراق. یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2021 یاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای رەسمی پولی ئیتیحادی، ژمارە 71ـی ساڵی 2012 لە ھەرێمی کوردستان – عێراق. یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2021، یاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازی ھەردو کەرتی تایبەت و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە 20ـی ساڵی 1998ـی ھەموارکراو لە ھەرێمی کوردستانی – عێراق. رێنمایی ژمارە 7ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ، رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکێلی ھاوردەکراو. رێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کارمەندانی ھێزی جێبەجێکردن سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان – عێراق. بەیانی ژمارە(29-30)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ.
هاوڵاتى سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لەئێستادا 600 بۆ 700 دۆسیە لەژێر لێکۆڵینەوەدان و 100 دۆسیەی دیکەش لە رێرەوی دادگاییکردندان". ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عیراق ئاماژەی بەوەدا، دەستەکەیان راپۆرتی ساڵانەی خۆی ھەیە و لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، راپۆرتی خۆیان لەبارەیەوە پێشکەش کردووە، باسی لەوەشکرد، ھێشتا گەندەڵی مەترسییەکی گەورەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان. ئەوەشی خستەڕوو: "لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵییدا ھەیە". سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: ھەرێم بەشێکە لە عیراقی فیدراڵ و گێڕانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵییەوە دەبێت، ھەروەھا داواکارییەکان لەبارەی گێرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن. ئەحمەد ئەنوەر، ئەوەشی روونکردەوە ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، "لە ھەموو ئاستەکاندا، کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن". ئەوەشی خستەڕوو: "لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی فیدراڵییدا ھەیە". سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ھەرێم بەشێکە لە عیراقی فیدراڵ و گێڕانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵییەوە دەبێت، ھەروەھا داواکارییەکان لەبارەی گێرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان لە رێگای کەناڵە فەرمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن. ئەحمەد ئەنوەر، ئەوەشی روونکردەوە كه ژمارەیەک بەرپرسی کارگێڕیی تێوەگلاون لە گەندەڵی و جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە دەستەکەیان چاودێریی کەرتی گشتی دەکات لە سەرۆکی بەشەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، لە ھەموو ئاستەکاندا، کەسانی تۆمەتبار بە گەندەڵی ھەن.
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەگەری هەیە دادگای تایبەت بە دۆسیەی کوژرانی سلێمانی بەڕێوەبچێت". بەوتەی سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو دادگایە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێران و بە دیاریکردنی دادوەرێکی تایبەت لە لایەن ئەو دەزگایەوە، بەڕێوەدەچێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەمین رۆژی دەستبەکاربوونیدا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی وەک، دەسەلاتی دادوەری، فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و چەندین بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە کردووە تێیدا جەختی لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگایە کردووە. خەتیبزادە دەڵێت؛ دۆسیەیەکی چەند سەد لاپەڕەیی سەبارەت بە قاسم سولەیمانی ئامادەکراوە و بڕیارە لە نێوخۆی ئێران، چەندین سکاڵا دژی تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە تۆماربکرێن و هەوڵدەدرێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا لە رێگە یاساییەکانەوە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە و بکوژانی قاسم سلێمانی بکرێت. خەتیبزادە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لە چ رێگەیەکی نێودەوڵەتییەوە بەدواداچوون بۆ کەیسی کوژرانی قاسم سلێمانی دەکرێت. قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، نیوەشەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
هاوڵاتى وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەو ئاردەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتوە ماددەی کوشندەی تێکراوە، لەپێناوی ئەوەی کە تەنها ئاردە سپی بکرێت و کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی تێکراوە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵکی کوردستان هەیە". بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەمیانی وتارێکدا لە مەراسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان رایگەیاند، "پڕۆژەکە هەنگاوی گرنگ دەنێت بە ئاڕاستەی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و هەمو ئەو بەرهەمانەی دانەوێڵە کە پێویستە بخرێنە بازاڕەکانەوە لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵی پار هەموتان گوێبیست بون کە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی کە دەهێنرێنە ناو بازاڕەکان و لە وڵاتانی تر هاوردە دەکرێن ناتوانرێت ئیعتیمادی 100% لەڕوی پاراستنی ئاسایشی خۆراک، کوالێتیەکەی و تەندروستییەوە بخرێتەسەر، ئەمە وایلێکردین ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە پاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران بیر لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە بکەینەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردو نزیکەی 390 هەزار تەن گەنمیان بە بازاڕکردوە لە سایلۆکاندا، بەڵام ئەمساڵ لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە تەنها 126 هەزار تەن وەرگیراوە، کە ئەوەش بەهۆی وشکەساڵی و ئەو بارودۆخە ناهەموارە بو بەسەر بەرهەمی کشتوکاڵیدا هات، ئەو کارگەیەی کە ئەمڕۆ کرایەوە یەکێکە لەو 13 پڕۆژەیەی کە لەگەڵ سایلۆکانی سنوری پارێزگای سلێمانی تەواو دەکرێن و لە ساڵی داهاتودا، گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ئەرکەی وەرگرتوە، لەگەڵ تەواوبونی سایلۆکان گەنمی جوتیاران وەردەگرێتەوە. بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "لە چەند هەفتەی رابردودا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەجۆری ئەو ئاردەی دەهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان دەرکەوتوە ماددەی کوشندەی تێکراوە، لەپێناوی ئەوەی کە تەنها ئاردە سپی بکرێت و کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی تێکراوە کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی خەڵکی کوردستان هەیە، بۆیە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین کێبڕکێی بەرهەمی هاوردە بکەین بە کوالێتییەکی زۆر بەرز بەرهەمەکانمان بخەینە بازاڕەوە و پاڵپشتی جوتیاران بکەن بڕیارماندا ئەم کارگانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری خۆمان بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەوە".
هاوڵاتى بهڕێوهبهرایهتى كارهباى سلێمانى هۆشداری دەدات بە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ریکلامەکانیان بە به ستوونهكانى كارهبادا (لهحیم) نەکەن بە پێچەوانەوە سزادەدرێن. بهڕێوهبهرایهتى كارهباى سلێمانى ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئاگادارى سهرجهم كاندیده ههڵبژاردنى پهرلهمانى عێراق دهكهینهوه، كه ههڵیواسینى ریكڵام به ستوونهكانى كارهبادا به (لهحیم) قهدهغهیه." ئاماژەی بەوەشکردووە، ئهوهش بههۆى ئهوهى زیان بهستوونهكان دهگهیهنێت، بهوپێیهى ههندێك له كاندیدهكان له ههندێك له شهقامهكان ریكلامهكانى خۆیان به لهحیم به ستوونهكاندا ههڵواسیوه. كارهباى سلێمانى داوای له كۆمسیۆنى باڵاى ههڵبژاردنهكان کردووە، كه كاندیده ئاگاداربكاتهوه كه له كاتى ههڵواسینى ریكلامهكانیان لهحیم بهكارنههێنن، "به پێچهوانهوه رێكارى یاسایی بهرامبهریان دهگیرێتهر."
هاوڵاتى وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لەمیانی کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رایگەیاند: "دەبێ ئەو تێڕوانینە ناجۆرەی لەسەر خوێندنی پیشەیی لە کوردستان هەیە، کە خوێندنی پیشەیی وا وێنا کراوە، شوێنی قوتابییە تەمبەڵەکانە دەبێ ئەمە بگۆڕین، بەڵکو خوێندنی پیشەیی شوێنی دروستکردنی کارامەیی مرۆڤە". بەوتەی وەزیری پەروەردەی هەرێم "پێویستمان بە وەرچەرخانێکە لە کۆی پرۆسەی سیستمی خوێندن و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە ئیدی بەسە قوتابی بەس تەلقین بدرێت، بەڵکو قوتابی دەبێ فێری کارامەیی بکرێت، دەبێ ئەوە راستبکەینەوە کە هەڵەمان کردووە تەنها وانەکانی تیۆری بە قوتابیان دەڵێینەوە. ئاماژەى بەوەشکردوە، وانە پراکتیکییەکان زۆر کەمن، لە قۆناغی باخچەی ساوایان سەیری بکەین تا دەگاتە زانکۆکان و خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، کەمتەرخەمی لە فێربوونی کارامەیی، بەشێکی بەهۆی غیابی وانەی پراکتیکییەوە چالاکەوەیە.
هاوڵاتى بڵێسە جەبار فەرمان رایگەیاند:" ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت چونكە لە ٧٠٪ی ئەندامانى ئێستای پەرلەمانى عێراق خۆیان کاندیدکردووتەووە و دیسانەوە داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکدا لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک ئاماژەى بەوەکردووە، ئەوەی لە عێراق و ناوچەکە دەگوزەرێت بانگەشەکردنى دیموکراسییە، نەک بوونى دیموکراسیەت ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە سیستەمێکی چەقبەستوودا بە واتای دیموکراسیی نایەت، چونکە لە ٧٠٪ ی ئێستای ئەندامانى پەرلەمان خۆیان کاندیدکردووەتەوە و دیسان داوای متمانە لە ھاوڵاتیان دەکەنەوە. هەروەها، بڵێسە جەبار فەرمان وتوشیەتى، پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ ئەندام پێکدێت و زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەم خولەى ئێستا دوو خولە ئەندامی پەرلەمانن و ٢٠ ى دیکەش سێ خولە ئەندامی پەرلەمانن. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەش داوە، ١٦ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەى ئێستا لە پێشووتردا وەزیربوون لە کابینە جیاجیاکانی حکومەتدا و زیاتر لە ٢٠ ئەندام پەرلەمانی ئەم خولەش پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوون و چوار پەرلەمانتاریش پێشتر پارێزگاربوون. لە بەشێکى دیکەى نووسینەکەیدا ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، عیراق لە نێو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێتەوە و باڵادەستەکانی ناو پارتە سیاسییەکان ئاڵوگۆڕبە کورسیەکانیان دەکەن لەنێو ئەو بازنە داخراوەدا. لە پاش ساڵى ٢٠٠٥-ەوە هەتا ئێستا ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق چوار هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئەنجامداوە، کە بەمشێوەیەن لە ساڵەکانى ٢٠٠٥ و ٢٠١٠ و ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوون و ئەم هەڵبژاردنەى لە ڕۆژى ١٠ – ١٠ -٢٠٢١، ئەنجام دەدرێت دەبێتە پێنجەم هەڵبژاردنى پەرلەمان لە دوایی ڕووخانى ڕژێمى بەعس.
هاوڵاتى داعش بەرپرسیاریێتی خۆی لە تەقاندنەوەی هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ وێستگەی کارەبای باشووری شاری دیمەشقی سووریا راگەیاند. لە راگەیێندراوێكدا، داعش بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و لەسەر تەلەگرام و بە ناونیشانی ویلایەتی شام رایگەیاندووە: "بە پاڵپشتی خودا و لە چوارچێوەی شەڕی ئابووری سەربازانی خیلافەت توانییان ئەو هێڵە گازەی کە هەردوو وێستگەی "تشرینی حەراری" و وێستگەی "دێر عەلی" بەیەکەوە دەبەستێتەوە و هەروەها دوو تاوەری سەرەکی بۆمبرێژ بکەن و بتەقێننەوە کە بووە هۆی بڕانی کارەبا لە سەرجەم ناوچەکانی باشوور". رۆژی 18-9-2021، لە ئاکامی هێرشێكدا بۆ سەر هێڵی سەرەکی گواستنەوەی گاز لە وێستگەی دێرعەلی بۆ وێستگەی سەرەکیی کارەبای تایبەت بە دیمەشق، کارەبا لە دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەری بڕا. وێستگەی گازی دێر عەلی، گاز دەداتە وێستگەی کارەبای تشرین، کە کارەبای شاری دیمەشق و سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری دابین دەکات.
هاوڵاتى ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان رایگەیاند:" پشتیوانیی براكانمان دەكەین و دەستخەڕۆیان ناكەین، بەشێك لە پشتیوانییەكەشمان پێدانی بەرچاوڕوونی و ئامۆژگارییە، بەردەوامم و ئامانجەكەم دەزانم كە هێنانەئارای زانینێكی ئیسلامییە". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیباندا كۆبووەوە و پشتیوانی خۆی و یەكێتییەكەی بۆ ئەفغانستان ڕاگەیاند. دوای كۆبوونەوەكە، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان دوو تویتی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، "پشتیوانیی براكانمان دەكەین و دەستخەڕۆیان ناكەین، بەشێك لە پشتیوانییەكەشمان پێدانی بەرچاوڕوونی و ئامۆژگارییە، بەردەوامم و ئامانجەكەم دەزانم كە هێنانەئارای زانینێكی ئیسلامییە". لە تویتەكەی تریدا ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان دەڵێت، "دەتوانین لە بواری فێركردندا هاوكاری گەلی ئەفغانی بین، لەپێناو ڕەوشتبەرزكردنی پرۆسەی فێركردن و ئاكارەكانی فێركردن لەڕێگەی پشتبەستن بە بنەما جێگیرەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕاوەكاندا بەپێی ئیجتیهادی زانستی". قەرەداغی ڕوونكردنەوەی لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە، "دەتوانین لەڕێگەی سازدانی كۆڕی سیاسییەوە ئەو كارە بكەین، یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان پسپۆڕی زۆری هەن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا و زاناكانمان لە 93 وڵاتدان".
هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سیستمی پەروەردە پێویستی بە چاککردن و چاکسازی هەیە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستی و ستانداردە جیهانییەکانی ئەمڕۆی پەروەردە و خوێندندا بگونجێت". دەڵێت:" دەبێت کۆڵەکەیەکی گرنگی پەروەردەیی ئەوەبێت کەمرۆڤ بنیات بنێین مرۆڤ سازی بکەین". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لە دهۆک رایگەیاند:" "بەلای منەوە ئەو کۆنفرانسە ئەوەندە گرنگ بوو، لە گەشت بووم هەموو جەختم لەسەر ئەوەبوو کە چۆن بتوانم لەکاتی خۆیدا بگەمە ئەو کۆنفرانسە، هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆنفرانسەدا بکەم." ئەو کۆنفرانسە وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "بابەتێکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەکانمان، پێکەوە کۆمان دەکاتەوە." وتیشی، سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، "پێویستی بە چاککردن و چاکسازی هەیە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێوەرە زانستی و ستانداردە جیهانییەکانی ئەمڕۆی پەروەردە و خوێندندا بگونجێت و بتوانێت تەبا و هاوشانی ئەو پێشکەوتنە خێرایانەبێت کە رۆژانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دێنە پێش." نێچیرڤان بارزانی وتی، زانست و تەکنەلۆژجیا هێندە خێرا پێشدەکەون، ئەگەر بەخۆمان نەکەوین و هەوڵ نەدەین لەگەڵیان بڕۆین، دەمێنینەوە. "خراپیش دەمێنینەوە." هەر ئەو پێشکەوتنانەش، چەمک، بەهاو تێگەیشتنی نوێ لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ دروست دەکەن. پێشکەوتن و پەرەسەندنەکان ئەوەندە خێران، بە وتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "روون و رەوانە کە ئێمە چیتر ناتوانین و ناکرێت دەست بە شێواز و میتۆدی کۆنی پەروەردە و فێرکردنەوە بگرین و لەسەری بەردەوام بین. تا رۆژێک زووترە بکەوینە خۆ و دەست بە چاککردن و چاکسازی لە سیستمی پەروەردە بکەین، ئەوەندە زووتر دەگەینە کاروانی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان لە جیهاندا و ئەوەندە شوێن و پێگەی باشتر لە داهاتووی نزیک و دووردا بۆ وڵاتەکەمان دەستەبەر دەکەین." هەر لە باسی پێشکەوتنەکاندا، نێچیرڤان بارزانی وتی، پیشە و شارەزایی 20 یان 30 ساڵ لەمەوبەر لەوانەیە ئێستا هەمان رۆڵ لە ژیانی زۆر کەس لە ئێمەدا نەبینێت، "ئەمە پرۆسەیەکی سرووشتیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە. پرۆسەی هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕەییەکانمان واتای باوەڕ بەخۆبوونی ئێمە دەگەیێنێت، واتە وەک حکومەت و وەزارەت، بەرپرس و پەیوەندیدار، وەکو گەل و تاکی ئەم نیشتمانە لەگەڵ خۆماندا راستگۆ دەبین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان نموونەی هیندستانی هێنایەوە و پرسی، بۆچی خەڵکی هیندستان، چین، کۆریای باشوور بە نموونە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا سەرکەوتووانە لە وڵاتی خۆیان و لە ئەوروپا و ئەمریکا سەردەستی تەکنەلۆژیا زانست، بازرگانی، سەرمایەداری، داهێنان، جوانکاری و جوانخوازین؟ وڵاتێکی وەک هیندستان بە نموونە سەرباری مێژوویێکی درێژی هێرشی دەرەکی و دابەشبوون و کەمدەرامەتی و هەژاری و زۆری ژمارەی دانیشتووانی، پاش چەند ساڵ تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بەردەوام، هەنگاوی زۆر گەورەی هەڵنا. ئێستا کەم کۆمپانیای جیهانی هەن کە شارەزاو پسپۆری هیندیان تێدا نەبێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "هۆی سەرەکی دەستپێکی ئەو سەرکەوتنە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و سەردەمیانەی سیستمی پەروەردە بووە لە هەموو ئاست و قۆناغەکاندا. حکومەتی هیندستان بە هاوکاری نێودەوڵەتی و کادری خۆماڵی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەن و ئاستی پێویست، پرۆسەی چاککردن و چاکسازی کردە مۆرکی سەرهەڵدانەوەی توانای وڵاتەکەیان. هەمان پرۆسە لە کۆریای باشوور، سەنگاپوور، چین، فینلاند، شانشینی ئوردن، رواندا و چەندین وڵاتی دیکە دووبارە بووەتەوە."
هاوڵاتى وتهبێژی وهزارهتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند:"لهماوهی نێوان مانگی ئابی ساڵی 2021 بۆ مانگی ئابی رابردووی ئهمساڵ، رێژهی ههڵاوسان له عێراق زیاترله 8% بهرزبوهتهوه. عهبدولزههره هنداوی، وتهبێژی وهزارهتی پلاندانانی عێراق ئامارێكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند كه له مانگی ئابی ئهمساڵدا رێژهی ههڵاوسان 1.1% زیادی كردوه لهكاتێكدا مانگی تهمموز رێژهكه 0.6% بوو. وتیشی تێكڕای ههڵاوسانی ساڵانه له عێراق زیاتر بهرزبوهتهوه و له مانگی ئابی 2020هوه تا مانگی ئابی 2021 رێژهكه بۆ 8.1% زیادی كردوه. له ئامارهكهدا وردهكاریی زیاتر باسكراوه، بۆ نمونه نرخی ههندێك له خۆراك و خواردنهوه نا كحولییهكان 4.5% بهرزبوهتهوه، سهوزه 21.7% و میوه 2.3% و نان و گۆشت و دانهوێڵهش به رێژهی 0.9% و ماست و پهنیر و هێلكه 0.5% و ماسی 0.6% و خۆراكهكانی دیكهش 0.1% زیادیان كردوه. ههر بههۆی ئهو ههڵاوسانهوه نرخی بهشێك له چێشتخانه و هۆتێلهكان بهرێژهی 2.6% و نرخی كهلوپهلی ناوماڵ 0.1% زیادیان كردوه.
هاوڵاتى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لە دهۆک رایگەیاند:" قوتابی و خوێندکاران تەنیا بۆ بڕوانامە نەخوێنن و هەوڵی فێربوونی زانست و زانیاری ببن". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی پەروەردەیی لە دهۆک رایگەیاند: "لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەمان بەوەدا کە گرنگییەکی تایبەت بە بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا دەدەین، کاردەکەین بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگەکان و باشترکردنی دۆخی خوێندن بە گشتی لە هەرێمی کوردستان." مەسرور بارزانی باسی کرد، "لە دوو ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری بە داخەوە دۆخێکی نائاسایی هاتە ئاراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەوەستاین و بەردەوامبووین و درێژەمان بە چاکسازییەکاندا لە هەموو بوارەکاندا." سەرۆکوەزیران ئەوەشی وت کە هەوڵێکی زۆر دەدەن و کاردەکەن بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا "بە ئاستێک پێش بخەین، کە گونجاو بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی 21. کە ئامانجمان ئەوەیە قوتابیانی کوردستان و فێری ئەو پسپۆری و شارەزاییە بن کە بۆ بازاڕەکان و سەقامگیری کوردستان پێویستن، بۆ ئەوەی هەم یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، هەمیش پاڵپشتێکی بەهێز بێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ئارامی وڵاتەکەمان." سیستمی پەروەردە پەیوەستە بە قوتابی و مامۆستا و خەڵکی ئەکادیمی، بۆیە مەسرور بارزانی وتی، "پێویستە لە چاکسازیکردن لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا سەرنج و تێبینی و پێشنیاری هەموو ئەو لایەنانە لەبەرچاو بگیرێن." سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە ئامانجی سەرەکی لە خوێندن تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامە نەبێت. بەڵکو ئامانجی سەرەکی فێربوون و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری و کلتووریی کۆمەڵگە بێت." وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکسازی لە بواری پەروەردەو فێرکردن، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئێمە بەنیازی پێکهێنانی دەستەیەکین بۆ هەڵسەنگاندن و متمانە بەخشین بە دامودەزگە ئەکادیمییەکان، ئەوەی پێی دەگوترێت (National Accreditation Body) کە کاری ئەم دەستەیە دانانی هەڵسەنگاندنی دامودەزگە ئەکادیمییەکانە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی خوێندن بە ئامانجی پێشخستنیان و دانانی پلانێکی ستراتیجی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی پەیوەست بە بواری پەروەردە و خوێندن کە دەکرێت ئەم دەستەیە ببێتە نموونەیەکیش بۆ سەرتاسەری عێراق." مەسرور بارزانی راشیگەیاند، "بە کوردی پەروەردە و خوێندن بەشێکی گرنگن لەو پرۆسە چاکسازییەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، دەمانەوێت دڵنیابین کە قوتابیەکانمان و دامەزراوە ئەکادیمیەکانمان لەو ئاستەدان کە ببنە یارمەتیدەری پرۆسەی پێشخستن و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریمان." لەبارەی پرۆسەی خوێندن و کاریگەریی لەسەر قوتابیان و خوێندکاران، "پێویستە پەیوەندیی نێوان قوتابی و مامۆستا پەیوەندیی خۆشەویستی بێت، قوتابی نەچێت بۆ خوێندن چونکە پێیوایە ئەرکێکە و دایک و باوکی داوای لێدەکەن بچێت بۆ خوێندن، پێویستە بیەوێت بخوێنێت. خۆشەویستی و پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ لەگەڵ قوتابخانە و مامۆستاکانی خۆی دروست بکات، لە هەمان کاتدا پێویستە مامۆستا و پسپۆڕانیش کەشێکی وا دروست بکەن کە قوتابی لە قوتابخانە سڵ نەکاتەوە و بە پەرۆشەوە تامەزرۆی ئەوەبێت بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە و درێژە بە خوێندنی خۆی بدات." سەرۆکوەزیران وتی، "چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە تیمی جێبەجێکاری ئەرکەکان پێکبهێندرێت لە هەموو پسپۆڕ و شارەزایان لە مامۆستایان و شارەزایان بە راوێژ و هاوئاهەنگی لەگەڵ قوتابیان، بۆئەوەی ئێمە بتوانین و سەیر بکەین بزانین لەکوێ کێشەی خوێندن و فێرکردنمان هەیە، لەکوێش بەهێزین بۆ ئەوەی بتوانین هەم کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەم خاڵە بەهێزەکانیشمان پتەوتر بکەین و زیاتریان بکەین."
هاوڵاتى سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند:" حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانمان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن". محەممەد حوسێن باقری کە ئەمڕۆ 19-09-2021 لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی، عەزیز نەسیرزادە، وەک جێگری سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران قسەی دەکرد، بە ئاماژە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وتی: ئەوان لە یەک ساڵی رابردوودا بە دنەدانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چالاکییەکانیان پەرەپێداوە و جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامی "ئەم سەربزێوییانە تەحەمول ناکات". محەممەد حوسێن باقری، سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران وتی:" لەم قۆناغەدا بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هێرشەکان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا هێرشەکان بەربڵاوتر دەبن. سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی کرد کە سوپای پاسداران "دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەنێو دەبات و ئۆپەراسیۆنەکانی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام دەبێت" و ئەمەشی بە مافی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەمدا. سوپای پاسداران رۆژی 08-09-2021 دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر ناوبەناوە بەردەوام بووە. دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەربە حدکا رۆژی 13-09-2021 بڵاوی کردەوە، تۆپبارانەکانی زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ژیان و ماڵی خەڵک زەرەری بەرکەوتووە. حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هیچ وڵات و لایەنێک هاوکارییان بکات یان چالاکی بکەن و هاوکات دەڵێن، ئەوان کارێک ناکەن کە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە. ئەوان کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن کە بە بیانووی جۆراوجۆرە دەیەوێ گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنێت. محەممەد حوسێن باقری وتوویەتی: "بە بەرپرسانی هەرێمی باکووری عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراقمان گوتووە کە دامودەزگای ئەم گرووپە تیرۆریستییانە کۆبکەنەوە و رێگە لە چالاکییەکانیان بگرن.. بەڵام بوونی ئەمانە و سەربزێوییەکانیان بەردەوام بووە و ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکانیان درێژە و پەرەی پێبدەن، لەنێویان دەبەین تاوەکو بەتەواوەتی دامودەزگایان کۆبکەنەوە و بڕۆن". محەممەد حوسێن باقری دەڵێ: لە هێرشەکانی دوو هەفتەی رابردوودا بنکەی فەرماندەیی ئەم گرووپانەمان کردە ئامانج و پێش ئۆپەراسیۆنەکە ئەوانمان لە هێرشەکان ئاگادار دەکرد بۆ ئەوە قوربانی لێنەکەوێتەوە. ئەو هەڕەشە دەکات کە ئەگەر چالاکیی ئەو حیزبانە بەردەوام بێت، روبەڕوی چالاکیی بەربڵاوتری کۆماری ئیسلامی دەبنەوە. هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران دژی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 10-08-2021 دەستیپێکرد، کاتێک کە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەو حزبانە کە هەرێمی کوردستان دەربکرێن بۆ ئەوەی ئێران دژیان "کردەی دەستپێشخەرانە" ئەنجام نەدات. لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و جارێکی دیکەش عەلی شەمخانی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڕەشەیان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و داوای دەرکردنی ئەوانیان کرد. سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی 13-09-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "لە کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکاندا ئەوەمان بە گوێی بەرپرسانی عێراقیدا هێناوە کە خاکی عێراق نابێت لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە کەڵکی لێوەربگیرێت". رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە 07.09.2021 داوای لە وڵاتانی دەوروبەر کرد رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و وتی: لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی تەنگەژە و گرفتەکان لە ناوچەکە کەمببنەوە، هەروەها پشتگیری لە زمانی دیالۆگ دەکەن لە نێوان هەموو لایەنە ناکۆکەکان و هەوڵ دەدەین کێشە دروست نەبێت.
هاوڵاتى بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ناوی ژمارەیەك بەنزیخانەی لە قەزا و ناحیەکانی شاری سلێمانی بڵاوكردەوە رایگەیاند:" نۆ بەنزینخانە لە قەزا و ناحیەکانی سلێمانی بەنزینەکەی بەغدا دەفرۆشن". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: " دوای گەیشتنی بڕی ٣٦٠ هەزار لیتر بەنزین لە بەغداوە بۆ سلێمانی، نۆ بەنزینخانە لە قەزا و ناحیەکان و دەرەوەی سەنتەری شاری سلێمانی بڕی یەک لیتر بەنزین بە ٦٩٠ دینار دەفرۆشن ". ئەو بەنزینخانانەی بەنزینەکەی بەغدا دەفرۆشن بریتین لە:-رانیە ـــ وێستگەی رانیە ئۆیڵ -قەڵادزێ ـــ وێستگەی ئاکام - دەربەندیخان ـــ وێستگەی چیا - شارەزوور ـــ وێستگەی دەروازەی شار- پێنجوێن ـــ وێستگەی ئاڵا -کەلار ـــ وێستگەكانی شێروان و برایان - چوارتا ـــ وێستگەی تەگەران- بازیان ـــ وێستگەی بازیان.
هاوڵاتى ئەمڕۆ بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان دەکرێتەوە كە زیاتر لە هەزار هەلی كار دەرەخسێنێت. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:" ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن دەکرێت لەماوەیەکی کوردتدا پێکەوە دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێن". ئەمڕۆ یەكشەممە، 19 ئەیلولی 2021 نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی بەئامادەبونی هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و ئابوری، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كارگەی بەرھەمھێنانی ئارد لە سنوری بازیان دەکاتەوە، كە لەچوارچێوەی پڕۆژەی نیشتمانی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانە". قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ لەمیانی وتارێکدا لەمەراسیمی کردنەوەی کارگەی ئاردی سلێمانی لە سنوری بازیان رایگەیاند، "لەماوەی رابردودا بەهۆی نرخی دراو و کێشەی هاوردەکردن نرخی ئارد بەرزبوەوە، ئەمەش نیگەرانی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، دەستخۆشی لەو لایەنانە دەکەم کە توانیان بە زویی چارەسەری بەرزبونەوەی نرخی ئارد و نان بکەن، بەڵام ئەم کێشەیە وەکو هەمو کێشەکانی تر پێویستی بە چارەسەری کۆتایی هەیە کە ئێمە بەرلەوە هەنگاومان بۆ نابو، ئێستاش ئەنجامەکەی دەبینین کە کردنەوەی کارگەی ئاردە لە پڕۆژە نیشتیمانی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، بڕیارنەبو ئەم پڕۆژەیە بەم نزیکانە تەواوببێت، بەڵام دوای بەرزبونەوەی نرخی ئارد ئێمە لە حکومەت، وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆمپانیای قەیوان و هەمولایەنە پەیوەندیدارەکان پێکەوە هەمو هەوڵێکمان خستەگەڕ لانیکەی کارگەی ئاردی ناو پڕۆژەکە بە زوترین کات تەواوبکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەگەر حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن دەکرێت لەماوەیەکی کوردتدا پێکەوە دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن، تەنها بەتەواوکردنی ئەم بەشەی پڕۆژەکە کە کارگەی ئاردە توانراوە 400 هەلی کار دابینبکرێت، بە تەواوبونی کۆی پڕۆژەکەش لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا پێنج هەزار هەلی کاری تر راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێت، ئەمە جگە لەوەی کە جوتیاران چیتر نیگەرانی ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنم نابن و چیتر چاو لە دەستی بەغدا نابن". قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، "هەموتان دەزانن لەدو ساڵی رابردودا چەند باسی هەلی کارم کردوە، ئاگاداری گلەیی و رەخنەکانیشم کە هێشتا بەشێکی هاوڵاتیان پێیان وایە، کە هەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئێمە باسی هەلی کار دەکەین و بە کردار هیچ وانەکراوە، بەڵام ئەوەی راستی بێت یەکێک لە بنە سەرەکییەکانی هەر پلان و پڕۆژەیەکی ئابوری کابینەی نۆیەم رەخساندنی هەلی کارە، بۆ ئەمەش لەماوەی دو ساڵی رابردودا کاری زۆر باش کراوە و بە بەڵگە و داتا دەیسەلمێنین لەگەڵ تەواوبونی وادەی ئەم خولەی کابینەکە زۆر زیاتر هەلی کارمان رەخساندوە لەچاو ئەو بەڵێنانەی کە داومانە، دڵنیاتان دەکەم کۆڵنادەین و خۆشگوزەرانی بۆ هەمو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان فەراهەم دەکەین". ئەوەشی خستەڕو، لەماوەی دو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان بە 860 پڕۆژەی گەورە، مامناوەند و بچوک دراوە، کە سەرجەمیان زیاتر لە 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێـت، هەندێکیان تەواوبون و لەماوەیەکی نزیکیشدا لەم دو ساڵەدا تەواو دەبن، کارگەی ئاردی بازیان یەکێک لەو پڕۆژانە، کە پێنج هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت. قوباد تاڵەبانی وتیشی، "هەمو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە ئێمە خەریکە دەکەوینە سەر رێگا راستەکەی حوکمڕانی، بەو متمانەی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت دروستبوە، بەو چاکسازییانەی کە دەستمان پێکردوە بۆ نەهێشتنی رۆتین و دەستتێوەردان لە بازاڕ و کاری بازگانی و نەهێشتنی مافیا گەری و سەرانە وەرگرتن، بەو کارئاسانییە کە لەمەودوا بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەران دەیکەین بە دڵنیاییەوە لەداهاتودا پڕۆژەی گەورە و زیاتر جێبەجێ دەکرێت کە هەمو ئەمانەش هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنن و ئابوریەکەمان هەمە جۆر دەکات". کارگەکە، گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت و لەو رێگەیەوە گەنمی ناوخۆی جوتیاران ساغ دەکرێتەوە، ئەوەش پێداویستی ھاوردەکردنی ئارد لە وڵاتانی دراوسێوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە. پرۆژەکەی کارگەی ئاردی سلێمانی یەکێکە لەو 13 کارگەیەی كەپێشتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان،رایگەیاند و لە رێگەیەوە ھەزاران ھەلی کار دابین دەکرێن و خەرجی رۆژانەی ھاوڵاتیانیش کەم دەکاتەوە.
