سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. بارەگای بارزانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر سەرۆک بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، مایکل ڕیگەس سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و ڕایگەیاند کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ڕاشیگەیاند ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات. بارەگای بارزانی ڕایگەیاندووە: هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت،لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمەریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون. هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی ئەمەریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
سەرۆکی پارتێکی رەگەزپەرست بە شەرمەزاری بۆ تورکیا وەسفی دەکات بارەگای بارزانی وەڵامێکی تووندی دایەوە و ئەنقەرەش راستەوخۆ هاتە سەر خەت ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە هەرایەکی گەورە لەنێو تورکیا دروستبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی کە ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیە. ئەم ڤیدیۆیانە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیای هەراسان کردووە. با پێتان بڵێم چۆن ئەمە روویدا و کاردانەوەکان چین؟ هەر لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ لە 29ـی مانگی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە زانکۆی شارەکە، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بڵاوبووەیەوە، کە چەکیان پێیە و ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆکان تەقینەوە و رای گشتی تووڕە بوون. یەکەم سیاسەتمەدار قسەی لەسەر کرد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو. باخچەلی هەمان ئەو کەسەیە بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبانگی دەرکردووە. باخچەلی لەسەر ڤیدیۆکان گوتی، شەرمەزارییە بۆ تورکیا رێگەیدا پاسەوانەکانی بارزانی بە چەکەوە هاتوچۆ بکەن. بارەگای بارزانی زوو وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، کارەکە پرۆتۆکۆلی بووە و پێشتر لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا رێککەوتووین، کارێکی ئاساییە و پێشتریش کاتێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکە سەربازییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هێنایە سەر خەت، بەشی کۆتایی راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو کە دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی خودا باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە شۆڤێنییەت هێناوە، بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا. لەسەر ئەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و گوتی: بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەرووی ناوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەوە جێی قبوڵ نییە، تۆمەتی بێ بنەمای تیدایە و بێریزی کراوە، داوامان لە سەرکردایەتی پارتی کردووە روونکردنەوە بدات. تەنانەت عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) قسەی کرد و گوتی: بارەگای بارزانی سووکایەتی بە باخچەلی کردووە و باخچەلی هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ کەسایەتی بەرێز بارزانی نەكردووە. هەرچەندە بە راستەوخۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیا قسەیان لەسەر ئاڵای کوردستان نەکردووە، بەڵام ژووری بازرگانی جزیرە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لەبارەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت: ئامانجی راستەقینەی کاردانەوەکان ئاڵای هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پاسەوانەكانی بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لەسەر شان نەبوایە، کەس ناڕەزایی نەدەبوو. تەنانەت ئەگەر پاسەوانەکانی بارزانی مووشەکیشیان لەسەر شان بووایە کەس هیچی نەدەوت و نارەزایەتییان دەرنەدەبڕی.
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر "بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە." لەبارەی هێرشی هەفتەی پێشووی سەر کۆرمۆریش رایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت." بەپێی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و کۆبوونەوە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و "چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا" کرا. لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە گوتوویەتی، "ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە، کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات." سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دا هاتووە، "هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێندرێت." جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتووشیەتی، "بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان، سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت."
هاوڵاتی تۆڕی زاگرۆسانە هەڵمەتێکی چاندنی بەڕووی راگەیاند و داوا لە هاووڵاتییان دەکات رۆژی هەینی بەشداربن. تۆڕەکە بانگەوازێکی کردووە بە دروشمی "هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە، ژیانەوەی سروشتی نیشتمانە" و دەڵێت، لە ساڵی حەوتەمی زاگرۆسانە یەکەم چالاکی زاگرۆسانەی باشووری کوردستان 2025 لە قۆپییەکان قەرەداخ بەڕێوەدەبات و هەموو کەس دەتوانێت بەشداربێت. بەگوێرەی بانگەوازەکە، تۆڕەکە هەڵدەسێت بەڕێکخستن و بەڕێوەبردنى هەرەوەزیانەى زاگرۆسانە و دابینکردنى: (بەڕوو، ئامێرى هەڵکەندن، تورەکە، و پێداویستى دیکەى هەڵمەتەکە). ئەمەش تەواوی زانیارییەکانە بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتەکە: • لەڕۆژى هەینى2025/12/5 • کات و شوێنى کۆبوونەوەى بەشداربووانى سلێمانى - پارکى ئازادى – دەرگاى سەرەکى بەرامبەر عەقارى. • کاتژمێر7:30 ى سەرلە بەیانى کۆدەبینەوە. لە کاتژمێر 8:00 بەڕێدەکەوین. • هاتووچۆ بەپاس دەبێت - کرێى هاتووچۆ (5,000) دینارە. پێداویستییەکانى بەشداربوو: • جل و بەرگ و پێڵاوى وەرزشى + بارانگیر(مەتەرى) + کۆڵەپشت + ژەمە خواردنى سوک و ئاوى پێویست، جل و بەرگى زیادە. تکایە دووربن لە بەکارهێنانى کەرەستەى پلاستیکى. تێبینى: • لەڕێگا ناوەستین، پێویستە بەشداربووان نانى بەیانییان خواردبێت و کۆى پێداویستییەکانیان پێ بێت. • ناونوسین تا ڕۆژى پێنج شەمەـ کاتژمێر 12:00ى نیوەڕۆ دەبێت. • تکایە ئەگەر دڵنیانیت لە بەشداربوونت ئەوا ناو مەنوسە. چونکە بەپێى ژمارەى بەشداربووان پاس دەبین دەکەین. • داغڵى گروپى وەتس ئەپى هەڵمەتى زاگرۆسانە ببن. بۆ ناونوسین و زانیارى زیاتر پەیوەندى بکەن بەوەتس ئەپى: 07862948179 گروپى بەشداربووانى زاگرۆسانەى باشور2025 https://chat.whatsapp.com/HUzkoRBKqDgGdlVAGs7CYf تۆڕى زاگرۆسانە – باشورى کوردستان
شاندی ئیمراڵی وردەکاریی دیدارە چوار کاتژمێرییەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەکە پێویستی بە "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە" هەیە. شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر سەردانی لیژنە پەرلەمانییەکە کراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەو سەردانە "کاریگەریی ئەرێنی" هەبووە لەسەر ڕەوتی پڕۆسەکە. لە بەشێکی دیدارەکەدا ئۆجەلان باسی لەو لێدوان و کردارانە کردووە کە دژی پڕۆسەی ئاشتین و ڕایگەیاندووە: "لە هەموو پڕۆسەکاندا کاری تێکدەرانە دووبارە دەبنەوە و ئەمانە هاوشێوەی کودەتان." شاندەکە دەڵێت، ئۆجەلان کارە تێکدەرانەکانی پڕۆسەکانی ڕابردووی وەبیر هێناوەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە نابێت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. ئۆجەلان نەخشەڕێگای بۆ قۆناغی ئێستا خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە: پێویستمان بە ئاشتییەکە کە پشت بە بنەمای گشتگیر ببەستێت. توندوتیژیی سیاسی و ڕێکاری دەرەوەی دیموکراسی دەبێت لە ڕۆژەڤی تورکیا بچنە دەرەوە. دەتوانین بەم هەنگاوە بڵێین "یاسای ڕاگوزەری ئاشتیی سەدە". بۆ ئەم مەبەستەش، ڕاگەیێنراوەکەی 27ی شوبات ڕێگەنیشاندەرە. ئۆجەلان پەیامی داوە کە ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە "بەشداریکردنی کورد لەڕێگەی یاساییەوە لەناو کۆماری تورکیا" کە پشت بە فراوانترین پێکەوەیی کۆمەڵایەتی دەبەستێت و خواستی پێکەوەژیان نیشان دەدات. دوای داواکارییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، شاندی ئیمراڵی پێکهێنرا و بەمشێوەیە سەردانەکان دەستیان پێکرد: 28ی کانوونی یەکەمی 2024: یەکەمین دیدار لەلایەن سڕی سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان ئەنجامدرا (دوای 13 ساڵ دابڕان). بەردەوامی: بەگشتی مانگی جارێک سەردانەکان دەکرێن و پێش ئەم دیدارە، دوایین سەردان لە ٣ی تشرینی یەکەمدا بوو.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بەڕێوەبردن و سەرچاوەکان کرد و کۆبوونەوە. مایکڵ ریگاس ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و بڕیارە بەشداری لە کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی بکات لە هەولێر. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تێچووی پڕۆژەی دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەولێر 796.1 ملیۆن دۆلارە. ئاماژە بەوەش دەکات، لەنێو باڵەخانە نوێیەکەدا 7 ئاژانس و وەزارەتی ئەمریکی کارمەندیان دەبێت و کاری تێدا دەکەن. کونسووڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە 6ی تەممووزی 2018 بەردی بناخەی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەو کاتی ئەمریکا لە بەغدا دانرا.
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) رایگەیاند، لە سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد دا دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق "کە ناویان لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنرابوو، سزاکانی سەریان هەڵنەگیرابوون.. هەندێ قسەی خۆش و شیرین لەبارەی پێکهاتەکان" کرد و، ئەوانیش پێی دڵخۆش بوون، بەڵام ئێستا ئەو هەڵوێستەیان گۆڕاوە" دواتر کە سزاکان لەسەریان هەڵگیران و ناویان لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، گرێبەستی بە ملیاران دۆلار لەگەڵیان واژۆکران، هەڵوێستەکەیان بووە شتێکی دیکە، بەڕاستی ئەمە جێگەی مەترسییە". محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی (ئەنەکەسە) لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا کە رۆژی 30-11-2025 لە شاری هەولێر سازکراوە، رایگەیاند کە رێککەوتنی 10ی ئادار پەیوەستە بە بواری سەربازی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە، ئەو شاندەی دانوستاندن لەسەر مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد دەکات شاندی هاوبەشە کە لە ئەنجامی کۆنفرانسی یەکڕیزیی کورد لە شاری قامشلۆ لە 25ی نیسانی 2024 دروست بووە، بەڵام دیمەشق ئامادە نییە پێشوازی لەم شاندە بکات. هەروەها لەوبارەوە رەخنە لە نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا دەگرێت و دەڵێ "فەرەنسی و ئەمریکییەکان رۆژانە لای ئێمە بوون و دەیانگوت ئێوە رێکبکەون ئێمە لەگەڵتان دێین بۆ دیمەشق و وادەیەک دیاری دەکەین و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە لەنێوخۆماندا رێککەوتین، هەردوولا دیار نەماون"، بەڵام ئاماژە بە گۆڕانێکی "ئەرێنی" دەکات و دەڵێ "ئەمریکییەکان نێوەندگیریی دەکەن لە بواری تەکنیکی دا و دەڵێن بوونی دوو شاند لە دیمەشق دەبێتە هۆی سەرلێشێوان، بەڵام ئەم دوواییانە باوەڕێک دروستبووە کە ئەگەر هەردوو شاند لە دیمەشق بن باش دەبێت". محەممەد ئیسماعیل، کە لە هەمان کات دا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریایە، دەڵێ ئەوان راگەیاندنی دەستووریی دیمەشقیان رەتکردەوە و، ئەو پەرلەمانەش کە ئێستا دروستکراوە سەرکەوتوو نییە و ناتەواوە، هەروەها دەڵێ یەک کەس و یەک حیزب ناتوانن سووریا بەڕێوەببەن و "مومکین نییە سووریا بگەڕێتەوە بۆ ناوەندیبوون"، هەروەها دەڵێ پاراستنی یەکێتی سووریا بە ناناوەندیبوون دەکرێت "سووریا یان پارچە دەبێت یان دەبێ خاوەنی سیاسەتێکی ناناوەندی بێت".
کۆمپانیای دانەگاز ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لەدوای هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو 26-11-2025 ئاسایی بووەتەوە. دانەگاز باس لەوە دەکات، دوای تووندکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بەرهەمهێنانی گازیان دەستپێکردووەتەوە و سوپاسی هەردوو حکومەت بۆ ئەو مەبەستە دەکات. دانەگاز رایگەیاندووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان پابەندن بە سەلامەتیی کارمەندانیان و دابینکردنی کارەبا و گازی ئێڵ پی جی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق. هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی سەر کۆرمۆر بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سەرەکی و راوەستانی بەرهەمهێنانی رۆژانەی 750 ملیۆن پێ سێجا گاز، ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی نزیکەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان. رۆژی یەکشەممە 30-11-2025 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کارەبای نیشتیمانی گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و کارەبای 24 کاژێری لە پڕۆژەی رووناکیش ئاسایی بووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەڵێت: ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن نوسینگەی وتەبێژی سەرکردایەتی بارزانیەوە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەی كردووەتە ئامانج، هەم لە ناوەڕۆک و هەم لە زمانەکەیدا جێگای قبوڵ نییە. وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، سەبارەت بەم لێدوانە بێ ڕێزی و ئیستفزازییە، کە تۆمەتی بێ بنەمای تێدایە، رونکردنەوەی بخاتەڕوو و بەپەلە رێوشوێن لە بەرامبەر بەرپرسیارانی بگرێتەبەر. لەلایەکى دیکەوە عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان دەڵێت: پشتیوانی بارزانی بۆ پرۆسەكەی تورکیا و دامەزراندنی ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی زۆر باش و دۆستانەی لەگەڵ تورکیادا پاراستووە لە هەموو بابەتەکاندا جگە لە پرسێک: كە ریفراندۆم بوو. وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "خەبەر تورك" وتیشی: لێدوانی وتەبێژی نوسینگەی بارزانی بێ رێزییە، زاراوەی وەک رەگەزپەرست و فاشیست بەکاردەهێنێت، باخچەلی هەڵسەنگاندنی بۆ پاسەوانانی بارزانی کردووە، هەڵسەنگاندنێکی نەرێنی بۆ بەڕێز بارزانی بە شەخسی نەكردووە. هیچ لێدوانێکی نەرێنی لەسەر بارزانی بە شێوەیەکی شەخسی و سەردانەکەی نەداوە، ئەو کەسەی ئەو لێدوانەی داوە، راستەوخۆ سوکایەتی بە باخچەلی کردووەو ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە و دەبێت راست بکرێتەوە. ئەو هەموو کۆمەڵگای سیاسیی کۆکردۆتەوەو کار بۆ ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر دەکات و بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمانە گەمژەیی و تێنەگەیشتنە، هەرکەس ئەمەی نووسیوە دەبێت راست بکرێتەوە. ئەم زمانە خەریکە زیان بە پرۆسەی دامەزراندنی ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر دەگەیەنێت.
وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە سەرەتای دەوامدا، مەراسیمی تایبەت ساز بکەن. بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دەبێت سەرەتا یادەکە بەرز ڕابگیرێت و دواتر دەست بە تاقیکردنەوەکان بکرێت. بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە. بەگوێرەی گشتاندنەکە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، ناحکوومی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت کاتژمێری یەکەمی دەوام تەرخان بکەن بۆ سازدانی مەراسیمی تایبەت بە پیرۆزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان. ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە، بوونی تاقیکردنەوەکان نابێتە ڕێگر لە بەردەم یادکردنەوەکەدا، بەڵکو پێویستە سەرەتا بە ڕێوڕەسمێکی شایستە یادەکە بکرێتەوە و پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە، ئینجا دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بکرێت.
لەو کاتەدا کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەدا بوون سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، میدیاکانیان هێرشی ئاگرینیان دەکردە سەر یەکتری و دەستیان لە ئاراستەکردنی دەستەواژەی زبر و ناوناتۆرە نەدەپاراست. لە دیمەنێکی پڕ دووفاقییدا کە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان نامۆ نییە، دوێنێ شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆ بوون بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و "پێکهێنانی کابینەی دەیەم"، کەچی هاوکات لە دەرەوەی ژوورەکە، ماشێنی میدیایی هەردوولا بە توندترین شێواز و بە بەکارهێنانی زبرترین دەستەواژە، "تەخوین"ـی یەکتریان دەکرد لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان. ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی دیپلۆماسیەتی نەرم لە ژوورەوە و جەنگی سەخت لە میدیاکانەوە، پرسیارێکی جەوهەریی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ئەمە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەستی سیاسی، یاخود تەنها تاکتیکێکی دانوستاندنە بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان؟ دیپلۆماسیەت لەژێر ڕەحمی بۆردومانی وشەدا بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بە ئامادەبونی هۆشیار زێباریی لە پارتی، باس لە کێشەی نێوان هەردوو حزب و ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵ و پەیجە فەرمی و سێبەرەکانی هەردوو حزب، دۆسیەی نوێ و کۆنیان هەڵدەدایەوە. میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵێکی خەستی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان و لێکەوتەکانیان دەکرد، پارتیان بە ڕاگواستن و تاکڕەویی تۆمەتبار دەکرد. لەبەرامبەریشدا میدیای پارتی باسی لە ئاژاوەگێڕیی یەکێتی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکرد. ئەم دۆخە، دوو گریمانەی زەقی هێناوەتە بەرباس، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین: گریمانەی یەکەم: بنبەستی سیاسی و نەمانی متمانە بۆچوونێک کە بەشێک لە شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە، پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێ متمانەیی قوڵـە. ئەویش بەم هۆکارانە: * شکستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو: هەردوو لا هەست دەکەن ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو جێبەجێ نەکراون. یەکێتی پێیوایە پەراوێز خراوە، پارتیش پێی وایە یەکێتی لەمپەر بۆ حکومەت دروست دەکات. * شەڕی مانەوە: هێرشە میدیاییەکان دەریدەخەن کە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ئابوری و ئەمنییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دانوستانەکان لە چەقی خۆیاندا چەقیبن و کۆبوونەوەکان تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقام و دۆستە دەرەکییەکان بێت. گریمانەی دووەم: تاکتیکی کاتیی لە بەرامبەردا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەشێکە لە تاکتیکی سیاسی، ئەویش بۆ بەدییهێنانی ئەم ئامانجانە: * بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی: کاتێک میدیاکانت ئاگرین دەکەیت، پەیامێک بە بەرامبەر دەدەیت کە "ڕازیکردنی بنکەی جەماوەریمان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت سازشی گەورەتر بکەن." * شەرعیەتدان بە سازشەکان: هەردوو حزب پێویستیان بەوەیە لەبەردەم جەماوەری خۆیاندا وا دەربکەون کە "بە زەحمەت" و دوای "ململانێیەکی سەخت" دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، نەک بە ئاسانی سازشیان کردبێت. دەرئەنجام؛ حکومەتێک لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک ئەم دۆخە تاکتیک بێت یان بە بنبەست گەیشتن، دەرئەنجامەکەی بۆ داهاتووی کابینەی دەیەم کە ژانی پێکهێنانی درێژترینە لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیدارە. چونکە پێکهێنانی حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهێنراوە و پێکهێنەرەکانی خەریکی هاڕینی ئێسکی یەکتری بن لە میدیاکانەوە، ئاماژەی ئەوە دەدات کە سەقامگیریی سیاسی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەژێر پرسیاردا دەبێت. خۆ ئەگەر کۆبوونەوەکان بۆ بنیاتنانی متمانە بن، ئەوا "ناوناتۆرە" میدیاییەکان، ئەو متمانەیە دەڕوخێنن بەرلەوەی دروست ببێت. یان پێدەچێت ئەم دۆخە گوزارشت لەو دیمەنە بکات کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لە وەسفی دۆخی کوردیدا وتی: "کوردەکان لە بەیانیاندا دەستی یەک دەگرن و لە ئێواراندا خەنجەر لە سێبەری یەک دەدەن!"
ساڵح موسلیم، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە رێگریی کردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئادار و گروپە چەکدارەکانیش هان دەدات دژی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، دیمەشقیش هەماهەنگی داعش دەکات. پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی ئەنقەرەدایە. ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و نایانەوێت کێشەی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران. ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن. ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەندامەکەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکردووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سنورەکانی لەگەڵ تورکیادا بکرێنەوە و هاوڵاتیان بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی سوریا داواکارییەکی لەو شێوەیەی نەکردووە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق دژی عەلەوییەکان و دروزەکان، موسلیم دەڵێت: رێککەوتنی 10ـی ئادار بۆ هەموو سوریا بوو، مادەی 1 و 2 بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بوو. ئەو رێککەوتنە لە کاتی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان کراوە. پێدەچێت ئێستا بۆچوونی حکومەتی کاتی سوریا لەگەڵ ئەمەدا نەگونجێت، چونکە یەک هێزی حوکمڕانی دەوێت. بۆیە دووژمنایەتی درووز و عەلەوی و کورد دەکات. ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن. سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و داعش ساڵح موسلیم وتوویەتی: "کاتێک داعش شەڕی ئێمەی دەکرد، ئەوان چوونە ئیدلب و ناو و جلوبەرگیان گۆڕی، ئەوەی ڕوویدا شانۆیەکی نهێنی بوو، کاتێک حکومەتی تەحریر شام هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی سوریا رووخا، ئەوان لە ئیدلەب مابوونەوە. شانە نووستوەکان بەئاگاهاتنەوە گروپێکی زۆریان چەکیان هەڵگرت. بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەت شەڕی داعش دەکات. ئەوان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتوون، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن.
محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێک لە بارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق پێشکەش کرد. محەممەد حەسان لە گوتارەکەیدا گوتی: داوا دەکەم حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات پێبهێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان، چونکە بەغدا و هەولێر پێویستی بە هەماهەنگی نێوانیان هەیە، لەسەر بنەمای دەستوور. دەشڵیت: لە عێراق ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە، هەروەها زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی خەڵکی شنگال دوای 11 ساڵ هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون. ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوە عێراق بەسەر ململانێیە ناوخۆییەکان سەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کێشەی ئەمنی و ئابووری بە تەواوی چارەسەر نەکراون. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد، لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی عێراق و بە تایبەت هێرشەکەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر نیگەرانە و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە بەرپرسیارن دەبێت بدرێنە دادگا.
وتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەدا ڕایگەیاند، ناوبراو هێشتا بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنیانە مامەڵە دەکات و لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ، دوورن لە هەموو نەریتێک و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکەن. بارەگای بارزانی سەبارەت بە وردەکارییە ئەمنییەکان و شێوازی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری، ڕوونی کردەوە، سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێی ڕێککەوتن و تەوافوقی پرۆتۆکۆلیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بەردەوام لە کاتی سەردانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بۆ هەرێم، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە یاوەرییان دەکەن و هیچ گرفتێک دروست نەبووە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، پشتیوانیکردن بووە لە پرۆسەی ئاشتی، کە خودی باخچەلی بانگەشەی پشتیوانی لێ دەکات. گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێیان وا بووە گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی باخچەلیدا هاتووە و دەستبەرداری ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیەت بووە، بەڵام دەرکەوتووە کە ناوبراو هەمان گورگە بۆرەکەی جارانە و ئێستا تەنیا لە پێستی مەڕدا خۆی نمایش دەکات. ئەمە دەقی وەڵامەکەیە: بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات. قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر، بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک ڕووینەداوە. سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا
