بەبۆنەی 35ـەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی رانیە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانی دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دابنرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی رانیە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، بنیاتنان و پلان و کارنامە و پتەوکردنی ئەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم ئاسان نەبوو، بەڵکو تاکو ئەمڕۆش روبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و گیروگرفتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبێتەوە، بەڵام بە باوەڕ و دڵسۆزیی گەل و هێزە نیشتمانییەکان و قوربانییدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە. پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(٣٥)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕین:: لاپەڕە گەشەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بە قوربانیدان و خۆڕاگری و ئیرادەی ڕۆڵە دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، هێزێک کە هەمیشە سەنگەری دژ بە ستەم و زۆرداری بوو و سەلماندی کە هێزی گەل تاکە هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودانە. یەکێک لەو ئەڵقە چارەنووسسازانەی خەباتی بەردەوام و نەپساوەمان، ڕاپەڕینی شکۆداری (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوو، کە لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دەستیپێکرد و کڵپە و گڕی ڕاپەڕین خامۆش نەبوو تا ئازادکردنی کەرکوکی دڵی کوردستان، ڕاپەڕین وەستانەوەبوو دژ بە ستەم و سەرکوتکاری رژێمی بەعس و دارودەستەکەی و، بوو بە هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بۆ بنیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی کورد، کە خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و بنیاتنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ـدا نیشان دا. بنیاتنان و پلان و کارنامە و پتەوکردنی ئەو قەوارە دەستوورییەی هەرێم ئاسان نەبوو، بەڵکو تاکو ئەمڕۆش ڕوبەڕووی کۆمەڵێک بەربەست و گیروگرفتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەبێتەوە، بەڵام بە باوەڕ و دڵسۆزیی گەل و هێزە نیشتمانییەکان و قوربانییدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە. هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەکان و رەنج و تێکۆشانی پێشمەرگە نەبەزەکان و پەیڕەوانی ڕێبازی بارزانی و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بوو لەژێر سایە و حیکمەت و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سەرکەوتنی نەتەوەکەمان لە یەکدەنگی و برایەتیمان دایە و، ناتەبایی و پەرتەوازەییش تەنیا زیان بە میللەتەکەمان دەگەیەنێ. لەم یادە شکۆمەندەدا، لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردستانی دەکەینەوە و، بە ئەرکی هەموو لایەکی دەزانین لە پرسە ستراتیژییەکاندا هاوئاراستە و هاوگوتار بین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دابنرێت. کوردستانییانی هێژا هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، جەنگ هەڵگیرساوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نیە لەو شەڕە بەڵام بارودۆخێکی گرژ هاتۆتە ئارا. پێویستە و کاری لە پێشینەی هەموو لایەکە کار بۆ سەقامگیریی هەرێم و پاراستنی دەستکەوتەکانمان و پاڵپشتی دامەزراوەکان و حکومەتی هەرێم بکەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەبێت عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دوربێت لە شەڕ و بەلکێشی شەڕ و ململانێکان نەکرێن و ڕێگا لە میلیشیا و چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان بگیریت لەو هێرشانەی دەیکەنە سەر هەرێمی کوردستان، پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی هەڵسێت لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژیانەی کە لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و بۆتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتیانمان. پارتیمان جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نەبووە و ناشبێتە پێگەیەک بۆ نیگەرانکردنی دراوسێکانمان و لەو ئاراستەیەش بەردەوام دەبین هەروەکو چۆن مافی خۆمانە ئەو چاوەڕوانیەشمان لە دراوسێکانمان هەبێت. هاوکات پێداگرین لەسەر ماف و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هاووڵاتیانیشمان هان دەدەین پاڵپشت و هاوکاری دامودەزگا ئەمنی و پەیوەندارەکان بن لەم هەلومەرجەدا هەروەکو هەمیشە هاوکاربوون. لە یادی ڕاپەڕین دا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین. دروود بۆ شەهیدانی ڕاپەڕینی شکۆداری ئاداری ١٩٩١. سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و کوردستان.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەشداریی هاوپەیمانیی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکەین و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات. ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشداری لە هاوپەیمانی کوردستان کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان، دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد، هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد.  ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر ڕوونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و  خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین. بەڵام هەموان دەبینین کە لە ڕۆژانی ڕابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە.  هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر ڕۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون.  بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات. بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران   بژی کوردستان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەفتەری سیاسی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی ٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی دەم، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ڕۆژی 26ی شوباتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد. ئۆجەلان لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە، پێگەی ئەو گرنگە و دەبێت یەکلاییبکرێتەوە، چونکە "پێگەی ئەو، پێگەی کوردە". ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەک بۆ سیاسەتی دیموکراسی ڕەخسێندراوە. عومەر ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا کرد و باسی لە ناوەڕۆکی دیداری ٢٦ـی شوبات کرد. بنەماڵەکان لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و ئەرگین ئاتابای و مەحمود یامالاک دیداریان ئەنجامدا. عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند دیدارەکەیان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، تا ئێستە شەش جار دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە و ڕەوشی تەندرووستی باشە. عومەر ئۆجالان گوتی: "لە دیدارەکەدا چەندین بابەتی هەڵسەنگاند، بابەتی ئێران و سووریا و عێراقی هەڵسەنگاند و پێشبینییەکانی خستەڕوو". عومەر ئۆجالان گوتی: ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی پێشوو گوتی، پێویستە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر، چونکە عێراق لەدەستچووە و سووریا هەڵوەشاوەتەوە، گەر ئێرانیش ڕەچاوی دۆخەکە نەکات و دیموکراتیک نەبێت، دەستوەردان لە ئێران دەکرێت. ئێمە لە قۆناغی دووەمی دەستوەردانەکانین. دەستوەردانی یەکەم لە شەڕی دوانزە ڕۆژە دەستی پێ کرد. دەستوەردانی دووەمیان فراوانترە، لە جوگرافیایەکی فراوانتر تەشەنەی کردووە و دەستوەردانێکی گەورە دەکرێت".   'پێویستە گەلەکەمان بپارێزین' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لەڕووی ئازادی و ئەمنییەوە لە پرسەکەی ڕوانیوە و گوتویەتی: " چۆن ئاسایشی گەلەکەمان بپارێزین و چۆن گەلەکەمان ئازاد بکەین؟ پەیوەندییەکی هاوژیانی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە. ئەگەر ئاسایشی گەل بپارێزیت، هەنگاوێکی گرنگ دەنێن لەسەر ڕێگای ئازادی. پاشان ئازادی بەهادار دەکەن و مانای پێدەبەخشن. بەڵام ئەو زیهنیەتانە چین کە زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی گەورە لە جوگرافیای ئێمە و لە کوردستان و لە وڵاتدا خۆش دەکەن؟ پێویستە زۆر بە ڕوونی ئەمە بڵێین؛ پڕۆژە گوتاری شۆڤێنی و ڕێبازی هەڕەشەئامێز خەریکە زیاتر دەبن. گەل باجی ئەمە دەدات". عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بواری سیاسەتی دیموکراتیک لە هەوڵدایە و دەبێت وتوێژەکانی ئێستە بچنە قۆناغێکی ترەوە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی پرۆسەکە بە زەحمەت بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەکی ڕەخساندووە و تا ئاستێک ڕێی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک کردووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'ئێمە هەموو شتێکمان وتووە، لێرەوە کاتی هەنگاوی پراکتیکییە'". عومەر ئۆجالان دووپاتی کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کردووە، سیاسەتێکی ڕوون پێویستە، دەبێت ئەنجامێک بەدەست بێت و ئەمەش ئەرکی هەردوو لایەنەکەیە. 'پێویستە قەیوم نەمێنێت' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ تیشکی خستووەتە سەر ئیدارەی خۆجێیەکان و لە درێژەدا گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پێویستە هەمواری یاسایی بکرێت سەبارەت بە ئیدارەی ناوەندی و خۆجێی. بۆ ئەوەی ئیدارە خۆجێیەکان چالاکتر بن، دەبێت هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێن. ڕێبەر ئاپۆ باسی شارەوانی مێردین و بەڕێز ئەحمەد تورکی کرد، جەختی کردەوە دەبێت ئەو بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی. ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە کۆتاییهێنان بە قەیوم". دەربارەی 'مافی هیوا' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی مافی هیوا قسەی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی؛ 'مافی هیوا گرنگە. لە پەرلەمان باسی ستاتۆی من کراوە. بێگومان ستاتۆی من گرنگە و دەبێت ڕوون بکرێتەوە. ستاتۆی من، هاوکات ستاتۆی کوردە'. لەم کاتەدا محەمەد ئۆجالانی برای قسەی کردووە و وتویەتی؛ 'گەلەکەمان ئیتر دەیەوێت لێرە دەربچن و ئازاد بژین'. ڕێبەر ئاپۆ وتی 'ئازادبوونی من لێرە، ئازادبوونی گەلە. ئازادبوونی گەلیش، ئازادبوونی منە'. ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەم ڕووەوە هەموارکردنەوەی یاسایی هەبێت. نەک تەنها تایبەت بە خۆی، بەڵکوو چەند جارێک تیشکی خستەسەر گرنگیی مافی هیواش". 'خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا گرنگە' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئیدارە خۆجێیەکان لە ڕۆژئاوا، خۆبەڕێوەبردنی کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات؛ گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە بۆ خۆڕاگرتنی کوردانی سووریا تێدەکۆشێت. تێکۆشانێکی گەورەی کردووە. هەوڵدەدات لەم هەلومەرجە سەختانەشدا دیپلۆماسییانە کاربکات. لە دوایین ڕێککەوتندا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا. هەڵسەنگاندنی گرنگیشی لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا خستەڕوو. دەڵێت دەبێت دەوڵەتانی ئێستا هەڵبوەشێنرێنەوە. هەندێک لایەن پڕوپاگەندەی دەوڵەتی بڵاودەکەنەوە و شەڕێکی دەروونی بەرفراوان لە دژی تەڤگەری ئازای و سیاسەتمەداران بەڕێوەدەبەن. بەڵام ئەو شتانە بێمانانن. گەلەکەمان قوربانی زۆر دەدات و ڕەنجێکی مەزن دەدرێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی ناردووە بۆ ئەو چالاکییانەی لە ئەورووپا بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا کراون، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پەیوەست بە کوردانی ئەورووپا بە نیازی خەباتێکە، چاوەڕێی هەمواری یاساییە و دواتر بۆ ئەمە کاردەکات. گوتی 'سڵاوی تایبەتم بگەیەنە بە گەلەکەمان لە ئەورووپا'. هەروەها سڵاوی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کوردانی ئەنادۆڵ هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ جەختی کردەوە کە پرۆسەی چارەسەر بۆ ئەوانیش گرنگە. گوتی: "ئەوان تا ئێستە هەبوونی خۆیان پاراستووە. ئێمە تەنها بە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە سنووردار نابین'. سڵاوی خۆی نارد بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە سەرانسەری ئەنادۆڵ کۆچبەر بوون. گوتی 'ئامرازی نوێی سەردەم، سیاسەتە، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایە. دەبێت ئەوانیش بێن و لەژێر چەتری دەم پارتییدا سیاسەت بکەن". 'هێشتا کوردییەکەم لە هی ئێوە باشترە' هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوەستەی لەسەر زمانی کوردی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'زمانی کوردی زۆر گرنگە'. هەروەها گوتی 'ئەگەر زیهنێک دابەشکرابێت، زمانەکەشی دابەش دەکرێت. ئەگەر هێزی سیاسییان نەبێ، هێزی کەلتوورییشیان نابێت. ئەگەر هێزی ڕێکخراویان نەبێت، ئەوا ناتوان زمانەکەیان بپارێزن'. پێویستە سەرەتا هێزی زیهنی و سیاسی چالاک بکەین و بتوانین لەڕووی کەلتوور و ناسنامەوە بەهاکانمان بپارێزین. پێویستە خاوەنداری لە زمانەکەمان بکەین. تا ئێستە ئێمە لێرە بە کوردی دەدوێین. گوتی؛ 'ئەمە ٢٧ ساڵە لێرەین. ٣٠ ساڵە لەگەڵ کەسدا بە ڕاست و درووستی بە کوردی لەگەڵ کەس قسەم نەکردووە. بەڵام کوردییەکەم هێشتا لە هی ئێوە باشترە'".

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەنێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دواین گۆڕانکارییە سەربازییەکان و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. لەو گفتوگۆیەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دیدگای یەکێتی خستەڕوو کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیالۆگ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەلایەن خۆیەوە، عەباس عراقچی ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان کردەوە.

کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەها بەشێک لە کۆمپانیاکانى نەوت کارەکانیان لەهەرێم راگرت. کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە بارەگاکەی لە پارێزگای کەرکوکە، ئەمڕۆ سێ شەممە 3ى ئادارى 2026 رایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنى نەوتى هەرێم دوای ئەوە هات، کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەبوو. ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، کۆمپانیای نەوتی باکووری ئاگادارکردووەتەوە، کە پڕۆسەی هەناردەکردنەکە بەڕێوەدەبات، بۆ ئەوەی بە فەرمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە ئاگاداربکاتەوە، کە ئەمڕۆ بەتەواوی کارەکانی هەناردەکردن وەستاوە. کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، پێش ڕاگرتنەکە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و ئەم راگرتنەش پەیوەستە بە کاردانەوەی دۆخی هەرێم و پێشهاتە بەردەوامەکانى ناوچەکەوە. پێشتریش کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن.

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: رێككەوتون لەسەر كارپێكردنەوەی موەلیدە ئەهلییەكان و بەگوێرەی ئەو كاتەی بۆیان دیاریكراوە، لە كاتژمێر چوار ئێوارەوە بۆ كاتژمێر یەكی شەو، لەكاژمێر چواری بەیانیش بۆ پێنح و نیوی بەیانی. قایمقامیەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: میكانیزمی كاركردنی موەلیدەكان هاوشێوەی رابردوو دەبێت و قایماقامیەت و فەرمانگەی كارەبا سەرپەرشتی دیاركردنی نرخەكان دەكات. ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی ئەم كێشانە دووبارە نەبێتەوە لەكاتی بڕانی كارەبادا ئەم كۆبونەوانە بەكراوەیی دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا بە هەر هۆكارێك، موەلیدە ئەهلیەكان كاری خۆیان بكەن. داواشیكرد هەر هاوڵاتیەك پێویستی بە كارەبای موەلیدەكان نییە، پێشتر خاوەنی موەلیدەكە ئاگادار بكات.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بارەگای فیرقەی 11ـێ پێشمەرگە لە ناحیەی دێگەڵە بۆردوومان کرا و بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی یەکی پێشمەرگە،  چەند کەسێک برینداربوونە.   لە ڕاگەیێنراوەکەی فەرماندەیی دەڤەری یەکدا هاتووە، "بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک برینداربوون لە ئێستادا هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە." لە ڕاگەیێنراوەکەدا، وردەکاریی هێرشەکە باس نەکراوە و تا ئێستا نازانرێت هێڕشەکە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژی بووە یان هێرشی مووشەکی، هاوکات زانیاریی لەبارەی  بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە. سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی دەڤەری یەک بە ئاڤای وت، "ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا دوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکییان لە کاتژمێر 3:00 ی سەرلەبەیانی بووە ئەوەی دیکەشییان کاتژمێر 8:30 خولەک بووە و زیانی گیانی نەبووە و تەنیا کەسێک بە سوکی برینداربووە و هەندێک زیانی ماددی هەبووە." ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئازاری 2026 بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەورووبەری ناحیەی دێگەڵە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بۆردومانکرا. ئەمڕۆ بەیانی، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی سنووری کۆیە و لەناو لەمپەکەدا بنکەیەکی تەندروستی و جبەخانەیەکی چەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بە سووکی بریندار بووە. دوای هێرشەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتیی هێزەچەکدارەکان  کرد، سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستییانە بێ وەڵام نابێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگای سێ درۆنەوە کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو. تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە لێوای شاری کۆیە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کرایە ئامانج، کەمپەکە کەمپێکی مەدەنیە و تاک و تەرا بنکە و بارەگای حزبی دیموکراتی تێدایە." وتیشی،" درۆنەکان بەر نەخۆشخانەیەک و کۆگایەکی تەقەمەنی و ناو کەمپەکە کەوتووە و لەئەنجامدا کەسێک برینداربووە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کەمپەکە، جاری یەکەم لەئاسماندا تەقیوە و ئیدی نەمانزانی خۆیان کێشەیان تێدا بووە یاخود فڕیدراونەتە خوارەوە." قایمقامی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پریشکی ئەم شەڕە تەنها کۆیەی نەگرتووەتەوە بەڵکو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی، پەنابەرانی ڕۆژهەڵات ئێستا زۆرینەیان کەمپەکەیان چۆڵکردووە و دابەشبوونە بۆ نێو شارەکان.

ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ئادارى 2026، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە عێراق ئەنجامداوە، سەبارەت بە برسى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێکەوتەکانى. بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەى ئەکسیۆس، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لەگەڵ هەر یەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانى  کوردستان بووە، ئەو پەیوەندییەش دواى یەک رۆژ بووە لە هێرشەکانى ئەمریکاو  ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس، گرنگی ئەو پەیوەندییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنى هەزاران چەکدارە لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ ئێران و خاوەنى ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژییە و پەیوەندییەکى بەتین هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و ئێران. ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانەوە ئاشکرایکردووە، ئەو پەیوەندییە زۆر هەستیار بووە و ڕەتیکردووەتەوە وردەکاریی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو. ئەکسیۆس ئاماژەى بەوەشکردوە،  کاتێک پرسیار لە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی کرا لەبارەى ئەو پەیوەندیبە تایبەتەوە، ڕەتیکردەوە وردەکارییەکان باس بکات و تەنها ڕایگەیاند، ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ "زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە" لە پەیوەندیدا بووە.

بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە 28ـی شوباتەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و بەهۆیەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمبووەتەوە. ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە هیچ شوێنێک ناتوانین لە پێنج کاژێر زیاتر کارەبا بدەین". لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا روویداوە، كۆمپانیای دانەگاز هەناردەکردنی گازی سرووشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە". ئەمڕۆ دووشەممە ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا کە ئاگاداری دۆخەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە بۆ تەنیا 1400 مێگاوات بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وایکردووە پێدانی کاژێرەکانی بە یەکجاری کەم بێتەوە". 28ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەم بارودۆخەدا دەتوانین رۆژانە تەنیا 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین."   ئەو ئەندازیارەی وەزارەتی کارەبا گوتی: "داتاکانی وەزارەت کەمێک پەلەی تێدا کرابوو، چونکە لەم دۆخەدا ئەو ناوچانەی زۆرترین بڕی کارەبایان بۆ دابیندەکرێت پێنج کاژێر تێپەڕ ناکات، هەندێک ناوچە کەمتر لە یەک کاژێر کارەبای بۆ دابیندەکرێت". حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبا زۆر خراپە و کەمترین کارەبا دابیندەکەین، کە لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێرە، هەندێک ناوچەمان دەگاتە پێنج کاژێر". هەروەها ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر 150 مێگاوات کارەبا پشکی کارەبامان بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 50 مێگاوات، بەوەش لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەین". گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەت هیچ پەیامێکی پێنەداون، کەی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکان دەستپێدەکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەباش لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەوە گوتی: "دیارنییە و هیچ ئاماژەیەکمان بۆ نەهاتووە بۆ ئێستا بەرهەمی کارەبا زیاد بکات".

کەنەکە بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن، دەسکەوتەکانی گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بپارێزن. کەنەکە دەڵێت: "نەورۆزی ناوەندیی ئامەد و تەواوی ئەورووپا بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و ئیرادەی پتەوەوە، پێکەوە پیرۆز بکەن. هەروەها هیوادارین ئەمساڵ گەلەکەمان لە فرانکفۆرت و لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا و جیهان پێکەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن. پێویستە بە ئیرادە و یەکڕیزییەکی بەهێز پێکەوە جەژنی نەورۆز بگێڕین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ هەموو جیهان نیشان بدەین و پەیامی ئازادی و یەکڕیزیمان بە جیهان بگەیەنین. بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو کوردستانیان بە ڕەنگ و سیمبول و ناسنامەی خۆیانەوە دەست بدەنە دەستی یەک و نەورۆزی ٢٠٢٦ بکەنە نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزیی خۆیان. ئێمە پێمان وایە هەلومەرجی ناوچەیی و ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانی تێیدایە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەموومان. بۆیە جارێکی تر بانگەوازی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە بە یەکێتی و بەدیهێنانی یەکڕیزیمان دەتوانین هێزی گەلەکەمان زیاد بکەین و ئامانجەکانمان بەدی بهێنین".

ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئاڕاستەی ئاسمانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کران و دەنگی تەقینەوەیەکی بەرزیش بیسترا. سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەولێر ڕێگری لە هێرشەکان کرد. ڕۆژنامەنووس عەبدولحەمید زێباری، دانیشتووی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوو ڕۆژە هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بەردەوامن، بەڵام هێرشەکەی ئێوارەی یەکشەممە بەهێزترین هێرش بوو." فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر یەکێک بوو لە ژمارەیەک ئامانجی سڤیل کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. ڕۆژنامەنووس زێباری ڕایگەیاند، تا ئێستا نازانرێت هێرشەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون یان مووشەک، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی زۆربەی هێرشەکانی پوچەڵ کردووەتەوە و دوکەڵ لە هەندێک ناوچەی هەولێرەوە بەرزبووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا دوکەڵ و بڵێسەی ئاگرێکی زۆر لە ناوچەیەکی بەردەم دیواری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بەرز دەبێتەوە، هەروەها بڵێسەی ئاگریش دیارە." بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ڕوونە کە پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان یان مووشەکێک لە شەقامی 120 مەتری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و دوکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە. ڕۆژنامەنووس زێباری گوتی "تا ئێستا نازانرێت ئەو هێرشانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک ئەنجام دەدرێن، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕێگرییان لێدەکات و زۆربەیان لە ئاسماندا لەناو دەچن." لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی ئەفسانەیی"ی ئەمریکا لە دژی ڕژێمی ئێران، هەولێر وەک دەیان ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە ئامانجی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا. لە هەولێر بنکەیەک هەیە بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا. بنکەکە دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆماری سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و ڕایانگەیاند، بۆ چارەسەری کێشە هەرێمییەکان پێویستە پەنا بۆ ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ ببرێت. ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەرۆکایەتی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی قسەیان کردووە، تێیدا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و ئارامی هەرێمی کرد. ٠ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەحمەد شەرع بە سەرۆک بارزانی وتووە، گرنگە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن هەبێت بەجۆرێک ببێتەهۆی ئاسانکاری بۆ چارەسەری کێشە هەرێمییەکان لەڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆوە. ٠ سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع هۆشدارییاندا لە مەترسییەکانی بەردەوامی گرژییە بێ پاساوەکان و بە ئامانج گرتنی وڵاتانی عەرەبی.  

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: کەناڵی (یەکى عێراقی - قناة الأولى العراقية) هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای (50)ی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان کردووە. ​ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە. هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە. ​وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکى عێراقی) تۆمار بکات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.

هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریری سەربە پارێزگاری هەولێر و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو فڕۆکەخانەکە بیستراوە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە دوێنێوە چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان  و لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانان تێکشکێنراون. سەرچاوەیەک لە قەزای هەریری سەربە هەولێر وتى: کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2026، هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر، بەهۆیەوە دەنگی بەهێز بیسترا و دووکەڵ لە فڕۆکەخانە بەرز بووەوە، بەڵام دیار نییە بە درۆن یان مووشەک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانە.  فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر کەوتووەتە سنووری ناحیەی هەریر سەر بە پارێزگای هەولێر و هێزی هاوپەیمانانی لێیە.