هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە دەربارەی ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی کە ٥ـی ئابی ٢٠٢٥ دامەزرا، لە ١٩ـی شوباتی ٢٠٢٦ ئەنجامی کارەکانی لە چەند مانگی ڕابردوودا وەک ڕاپۆرتێک بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەکرێت. لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەڤگەرەکەمانەوە، بەپێویستمان زانی بۆچوونەکانمان دەربارەی ڕاپۆرتەکە بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتی بخەینەڕوو. لێگەڕینی ڕێبەرێتیمان بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا، ٣٣ ساڵ پێش ئێستە، واتە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە دەستی پێ کردووە و هێشتاش بەردەوامە. ئەو پرۆسەیەی لەکاتی سەرۆکایەتیی ئۆزەلەوە دەستی پێ کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. گفتوگۆ و دانوستانەکان لەسەر چارەسەری شەڕێکی ٣٣ ساڵە بەردەوامە، لە خاڵی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبووندا، ئەزموونی گەورە بەدەستهاتوون. ئاشکرایە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٨٨ لە چاوپێکەوتنەکەیەوە لەگەڵ محەمەد عەلی براند تا ئێستە، هەردەم هەوڵیداوە بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوون. لە هەموو دەرفەتێکدا بانگەوازی کردووە بۆ چارەسەری دیموکراتیک و زەمینەی چارەسەری ئافراندووە، چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاندووە. هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لەم ڕووەوە، لای گەلەکەمان و ڕای گشتی ناوخۆیی و دەرەوەش، ڕوون و ئاشکرایە. دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش بەباشی ئاگاداریی ڕاستیی ئەم هەڵوێستەی ڕێبەر ئاپۆن. لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، بانگەوازێکی ئاراستەی ڕێبەر ئاپۆ کرد. بێگومان ئەم بانگەوازە بەبێ ئاگاداریی سەرۆککۆمار تەیب ئەردۆغان نەکراوە. لە بەرانبەر ئەمەشدا، ڕێبەر ئاپۆ دووپاتی کردەوە، ئەگەر دەرفەتی بدرێتێ، خاوەنی ئەو هێزەیە کە بتوانێت پرسی کورد و پرۆسەی تێکۆشانی بەردەوام بهێنێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. ڕێبەر ئاپۆ پاش دیدارەکانی لەگەڵ شاندی دەم پارتی و بەرپرسانی تورک، لە ٢٧ـی شوبات لە ئیمراڵییەوە بە ئامادەبوونی شاندی دەم پارتی، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕاگەیاند. پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک بە دەنگی بەرز ئەم بانگەوازەیان لەبەردەم سەدان ڕۆژنامەنووس خوێندەوە. ڕێبەر ئاپۆش بە کەسێکی دیموکرات و شۆڕشگێڕیی هێژای وەک سری سورەیا ئۆندەری گوت، خاڵەکانی ئەم بانگەوازە تەنها بە جێبەجێکردنی هەلومەرجە یاسایی و سیاسییەکان بەدی دێن. پاش خوێندنەوەی بانگەوازەکە، سری سورەیا ئۆندەریش ئەم خاڵانەی بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند. پەکەکە لەنێوان ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، دوانزەهەمین کۆنگرەی خۆی بەست، بڕیاریدا هەموو کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی خۆیدا کۆتایی پێ بهێنێت و کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی بهێنێت. بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ٢٧ـی شوبات، بڕیاردرا کە دەبێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ بگێڕێت. بە کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا و وەستاندنی تێکۆشانی چەکداریی، قۆناغی جێبەجێکردنی پێویستییە سیاسی و یاساییەکانی ئەم پرۆسەیە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستی پێ کرد. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە کاتی ئاگربەست و دیدارەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا ڕایگەیاندووە کە پێویستە پەرلەمان دەستبەکاربێت. لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا هاتووە کە کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بەرپرسیار بێت لە پرسی کورد کە پرسی بنەڕەتی تورکیایە. پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش لەوانە دەم پارتی و جەهەپەش ڕایانگەیاند کە ئەم بابەتە دەبێ لە ڕۆژەڤی پەرلەماندا بێت. دوای ئەوەی ڕای گشتی دیموکراتیکیش ئەم داوایەی کرد، هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش بڕیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی دا. دامەزراندنی کۆمیسیۆنی بەرفراوانی ٥١ کەسی کە زۆرینەی پارتەکانی پەرلەمانی گرتووەتەخۆ، هەنگاێکی گرنگە لە مێژووی تورکیادا. هەرچەند ناوی "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی"ـە بەڵام وەک دەزانرێت تایبەت بە پرسی کورد و پرسەکانی گرێدراو بەمەوە دامەزراوە. ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان و گەلەکەمان بە گرنگییەوە لەم کۆمیسیۆنەیان ڕوانی. ڕای گشتیی تورکیاش ئەمە دەزانێت. بۆیە چاوەڕوانییەکان لەم کۆمیسیۆنە لەوپەڕییدا بوو. بۆیە هەمیشە لە ڕۆژەڤدا مایەوە. هەرچەند کەموکورتییش هەبووبن، بەڵام چەندین کەس و لایەن گوێیان لێ گیرا، لەوانەش سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمان. زۆرینەی ئەو کەس و لایەنانەش بۆچوونی خۆیان دەربارەی چارەسەری پرسی کورد خستەڕوو. سەرەڕای کەموکورتی و درەنگکەوتن، بەڵام کۆمیسیۆنەکە چووە ئیمراڵی و گوێی لە ڕێبەر ئاپۆ گرت. ڕێبەر ئاپۆش بە کۆمیسیۆنەکەی ڕاگەیاند، دەبێت هۆکارەکانی پرسی کورد لەسەر بناغەی هاوپەیمانی و خوشک-برایەتیی مێژووی نێوان کورد و تورک هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەردا، چارەسەرەکەش لەسەر بناغەی بەدیهێنانی مافە دیموکراتیکە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد لەڕێی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت پرسی کورد لەڕێی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکەوە چارەسەر بکرێت. جەختی کردووەتەوە کە ئەمەش بە دەستبەرداربوون لە نکۆڵی، بەدیهێنانی مافە دیموکراتیکە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد و خۆبەڕێوەبەرییەک لەسەر بنەمای دیموکراسیی خۆجێی دێتەدی. گەلی کوردیش هەمیشە دەستنیشانی کردووە کە پشتیوانی لە پرۆسە چارەسەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەکات. بۆیە هەمیشە ئەم گەلە ڕێبەر ئاپۆی وەک دانوستانکاری سەرەکیی خۆی ڕاگەیاندووە. هەمووان دەزانن کە ئێمە گرێدراوین بە ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆوە.
وەزارەتی دارایی ههرێمی كوردستان، لەبارەی وردەكاریی رێكخستنەوەی داهاتەكان و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەیان، وەزارەت و فەرمانگەكان لە بڕیاری نوێ ئاگادار دەكاتەوە. بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 10ی 2ی 2026 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (هاوڵاتى) كەوتووە، لەبارەی پۆلێنكرن و رێكخستنەوەی داهات و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەیان و خەرجكردنەوەیان، وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە كار بە میكانزم و بڕیاری نوێ بكەن. لە بڕیارەكەدا ئەوە هاتووە كە: "بەشەداهاتی زیادكراو، لە تەرازووی پێداچوونەوەی یەكە ژمێریارییەكاندا پۆلێنێكی نوێی بۆ زیاد دەكرێت بە ناوی (سپاردەی دیكەی جۆراوجۆر- رێژە).“ بەپێی نووسراوەكە، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكانی ئاگادار كردووەتەوە، پابەند بن بە خەرجكردنی رێژەكانی داهات بەپێی رێنوێنی و بڕیارەكانی وەزارەتەكە. بەپێی خشتەیەك كە لە رێنوێنیی دارایی ژمارە 11ی ساڵی 2025 هاتووە، 16 وەزارەت داهاتی جۆراوجۆریان هەیە و بەشێكی ئەو داهاتانە بۆ خودی وەزارەتەكان خەرج دەكرێتەوە و بەشێكیش بۆ گەنجینەی گشتیی حكوومەتە، بۆ نموونە: "داهاتی گشت فەرمانگەكانی كارەبا 80%ی بۆ خودی وەزارەتی كارەبایە و 20%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی كۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانان 6%ی بۆ وەزارەتەكەیە و 94%ی بۆ گەنجینەیە، داهاتی تۆماری كۆمپانیاكان 25%ی بۆ خودی وەزارەتی بازرگانییە و 75%ی بۆ گەنجینەی حكوومەتە." بەگشتی، 26 جۆر داهاتی وەزارەتەكان پۆلێن كراون كە بەشێكیان بۆ خودی وەزارەتەكانە و بەشێكی دیكەی داهاتەكەش بۆ گەنجبنەی گشتیی حكوومەتە.
قوباد تاڵەبانی لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نووسەر و شاعیر و خەباتکارانە دەکەین، کە دەیان ساڵە سینە و زاریان كردۆتە قەڵغان لە پێناو پاراستنی زمانی کوردیدا، وەك سەربازی ون؛ ڕەنج و تاڵی و مەینەتیی زۆریان بۆ زمانەكەمان چەشتووە. لەمڕۆدا لەگەڵ پارێزەرانی زمان، ئاواتمانە هەموو منداڵانی کورد ئەو مافە سەرەتاییەیان بۆ بەدی بێت، کە پەروەردەكردن و فێركردنە بە زمانی شیرینی کوردی. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا، ئەركی ئێمە لە زمان پاراستنەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی، دەبێت حکومەت و ناوەندە زانستییەكان، بە پێی پلان و چنینێكی هاودەنگ، کار بکەن، تا زمانی کوردی لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشکەوتنە زانستی و بەجیهانیبوونەكاندا، برەو بسەنێت، بۆ ئەوەی نەک لە مەترسیی پەراوێزکەوتن و پاشکۆبوون رزگاری بکەین، بەڵکو شانبەشانی زمانە زیندووەکانی جیهان، وەك چۆن رەگدارە، وەهاش پایەدار و بەكار بێت.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەبۆنەى رۆژى جیهانى زمانى دایک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: پاراستنی زمانی دایک، پاراستنی ناسنامە و مێژووی دەوڵەمەند و داهاتووی کوردستانە. دەشڵێت، شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان لانکەی فرەیی و پێکەوەژیانی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینی و زمان و کولتوورە جیاوازەکانە. دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان لانکەی فرەیی و پێکەوەژیانی پێکهاته نهتهوهیی و ئایینی و زمان و کولتوورە جیاوازەکانە. پابەندیمان بە برهوپێدان و پێشخستنی زمانی دایک بۆ هەمووان دووپات دەکەینەوە؛ لە زمانی کوردییەوە تا زمانی پێکهاتە نەتەوەیییەکان (تورکمانی، سریانی و ئەرمەنی). پاراستنی زمانی دایک، پاراستنی ناسنامە و مێژووی دەوڵەمەند و داهاتووی کوردستانە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت: گۆڕینی ناونیشانی ئیداری جەلەولا لە ناحیەوە بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیموگرافیای ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی مادەی 140 ی دەستوری عیراقە. میدیاى یەکێتى بڵاویکرۆدتەوە، فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاندوە: گۆڕینی ناونیشانی ئیداری جەلەولا لە ناحیەوە بۆ قەزا، بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق، لە لایەن بەغدادەوە، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیموگرافیای بەشێکی تری ناوچە کوردستانییەکان و پێچەوانەی بێ چەندوچوونی بنەما گشتییەکانی مادەی 140 ی دەستوری هەمیشەیی عیراقە، ئەم هەنگاوە تاک لایەنانە لەو ناوچانە، ئاماژەیەکی روونە کە نیشانی دەدات نیەتی جدییان نییە پابەندی دەستور و لێک تێگەیشتنی هاوبەشبن. فەهمی بورهان دەشڵێت: سەرئەنجام رانەگرتنی ئەم هەڵوێست و بڕیارانە لە لایەن نوێنەرانی کوردستانەوە لە بەغداد، بۆ بڕیاری خەراپتر و مەترسی زیاترمان دەبات. رۆژی پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، بەفەرمی لەلایەن عومەر کوڕووی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەقەزابوونى گوڵاڵە راگەیێنرا و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەش داوە کە ژمارەى دانیشتوانى گوڵاڵە زیاتر لە 140 کەسەو لە دوای ئەوەی داواکارییەکە گەیشتە بەغدا و وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ، بەفەرمی گوڵاڵە کراوەتە نۆیەم قەزاى دیالە، وتیشی: "لەپشت پەردەوە چەندین پیلانگێڕی هەبووە بۆ ئەوەی نەکرێتە قەزا." گوڵاڵە ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین بوو، یەکێکە لەو ناوچانەی ماددەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە و کێشەلەسەرە، بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ١٩٧٥ زیاتر لە ٧٥٪ـی دانیشتووانەکەی کورد بوون، بەڵام چارەنووسی کارگێڕیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا یەکلا نەبووەتەوە.
شاڵاو هیدایەت شارەزاى کەشناسى ڕایدەگەیەنێت: لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 24 ی ئه م مانگەوەو بەولاوە تاکۆتایی ئەم مانگەوە جارێکی تر شەپۆلێکی باران بارین له م مەودایه تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە. بەوتەى ئەو شارەزایەى کەشناسی، سەڕەرای ئەوەی کە لەچەند ڕۆژی داهاتوودا شەپۆلی تاڕادەیەک گەرماو کەشی بەهاری بەردەوام بێت تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە وە خێرایی باش بەزۆری لەسەرخۆ ، بەڵام لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 24 ی ئه م مانگەوەو بەولاوە تاکۆتایی ئەم مانگەوە جارێکی تر شەپۆلێکی باران بارین له م مەودایه تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و بۆ نزیک کۆتایی هەفتەی ترو بەولاوە سەرمایه کی توندو ڕاستەقینەیی زستانیش دەگەرێتەوە ناوچەکان پلەکانی گەرما بەڕێژەی 15 تاوەکو 18 پلەی سیلیزی دادەبەزنەوە، هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرچاوەی سەرەکی شەپۆلەکە دەریای ناوەڕاستەو بارستە هەوایه کی ساردی جەمسەری باکور تێکەڵ بەشەپۆل دەبێت تایبەت لەدوای ناوەڕاستی شەپۆلەکەو بەولاوە گرنگ گەر بارسته هەوایەکە بەسەر دەریای ناوه ڕاستدا بێتە سەر ناوچەکانمان باران زیاتر دەبێت لەبەفرو بەڵام گەر بەسەر دەریای ڕەشو تورکیادا داخڵ بێتو بێته ناوچەکان لەگەڵ شەپۆل ئەوا هاوشێوەی شەپۆله کانی پێشتر بەفری بەرفراوان دەبێ و دەگاتەوە سەنتەرەکانیش .
ئەمشەو شاندێکی باڵای حزبی دەعوەی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. عەباس بەیاتی، گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. بڕیارە سبەی شاندەکە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە. ئەمشەو هەینی 20ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای حزبی دەعوەی عێراق، کە پێکهاتبوون لە؛ د. عەباس بەیاتی، حەسەن سنەیدو، د. کەمال ساعدی، سادق بەهادلی، د. عامر خەزعەلی و د. ئەحمەد موبەرقەع. لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە پایتەختی هەرێمی کوردستان. لە مەراسیمی پێشوازیکردندا، هەریەک لە د. کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. عەرەفات، نوێنەری بارەگای بارزانی، بە گەرمی پێشوازییان لە شاندە باڵاکەی حزبی دەعوە کرد. پارێزگای هەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەر لە فڕۆکەخانەی هەولێر دیدارێکی کورت لە نێوان شاندی میوان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، تێیدا جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی سیاسی کرایەوە. بە پێی راگەیەنراوەکەی پارێزگا، تەوەرەی سەرەکیی سەردانەکە بۆ سبەی شەممە دانراوە، کە بڕیارە شاندی باڵای حزبی دەعوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبێتەوە. هەروەها بڕیار وایە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بە ئامانجی لێکتێگەیشتنی زیاتر لەسەر پرسە هەنووکەییەکانی عێراق و ناوچەکە.
لە رۆژى 30ى کانوونى دووەمى 2026وە کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختی مرۆییدایە، کێشەی تەندروستیی، خۆراک، سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەکی دیکەی ڕۆژانە بۆ هاوڵاتییان درووست بووە، تا ئێستاش گەیشتنی بەشێک لە هاوکارییەکان بۆ شارەکە ڕێگرییان لێ دەکرێت. گرووپە چەکدارەکانى سەر بە حکومەتی سووریا، لە ٦ـی کانوونی دووەمەوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، پاشان هێرشیان کردە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەهۆی هێرشەکانەوە ئاوارەکانی تەبقا و ڕەقە و عەین عیسا و گوندەکانی کۆبانێ جارێکی دیکە بەرەو شاری کۆبانێ ئاوارەبوون. بەردەوامى گەمارۆکان وایکردووە دانیشتوانى کۆبانێ زۆر بەئاستەنگ پێداویستییەکانى رۆژانەیان دەست بکەویت، لەسەروى هەموویانەوە نان، بەو پێیەى ئێستا تەنها یەک فڕنى دروستکردنى نان لە شارەکە کاردەکات و تاکە سەرچاوەى تەواوى دانیشتوانى کۆبانێیە بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیەکانیان. سەبارەت بە سەختی کارکردن و دەستەبەرکردنی نان، محەممەد حسێن سەرپەرشتیاری کرێکارانی نانەواخانەی ئۆتۆماتیکی کۆبانی دەڵێت، ئەمە تاکە نانەواخانەیە لە کۆبانی کاردەکات، نزیکەی ١٠٠ کرێکاری تێدایە، لە کاتی شەڕ و هێرشەکاندا، کارکردن بە درێژایی 24 کاتژمێر بەردەوامە، دانیشتوانى شارەکەش بەشداری دەکەن لەیارمەتیدانمان. حوسێن باسى لەوەشکرد، بەهۆی ئاوارەبوونی خێزانەکان لە گوندەکانەوە بۆ شار، ژمارەی دانیشتوان زیادی کردووە، نانەواخانەکە ٢٤ کاتژمێر کاردەکات، ڕۆژانە 40 هەزار کیسە نان بەرهەم دەهێنرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بەشێک لە کرێکاران بەهۆی قورسی کارەکەیانەوە تووشی مەترسی هاتوون، بەڵام سەرەڕای ئەو سەختییانەی کە بەهۆی گەمارۆکانەوە هاتوونەتە ئاراوە، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەمان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، بە وتەی پزیشکەکانی کۆبانێ، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێک لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە تەواو بووە، توشبووانی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی کۆبانێ بۆ درێژەدان بە چارەسەرەکانیان. هەروەها، ناتواندرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بکرێت و بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی سووتەمەنییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخۆشخانەکان داخراون، بەگوێرەی سەرچاوە تەندرووستییەکان، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەکرێن، کێشەی تەندرووستی گەورە درووست دەبێت. جگە لەوەش لە بازاڕی کۆبانێ، سەوزە و کەرەستە سەرەکییەکانی خۆراک تەواو بوون، ناتوانرێت سووتەمەنیش پەیدابکریت، لە ئێستادا ژیانی ٦٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدایە.
پەروین بوڵدان ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕوونکردەوە و دەستنیشانی کرد ئەنتێگراسیۆن بە مانای قبوڵکردنی مافەکانی یەکترە. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتی نەتەوەیی بۆ کوردان پێویستییەکی حەتمییە و بۆچونی ڕێبەر ئاپۆیش لەم ڕووەوە ڕوونە. ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلەتیکا، زانیاری وردی دەربارەی کۆتا دیداری ئیمراڵی خستەڕوو کە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجامی دا. 'بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە' پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداردا وێڕای تەندرووست باشیی، بە مۆراڵەوە وزەی لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە وەرگرتووە و گوتی: "بەڕێز ئۆجالان بە مۆراڵە و سەرنجی لەسەر پرۆسەکەیە." بوڵدان ئاماژەی بەوەدا لە دیدارە سێ کاتژمێری و نیوەییەکەیاندا ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژەڤەکانی بەشێوەی یاداشت لەگەڵ شاندەکەدا هاوبەش کردووە و وەک هەموو جارێک بە ئامادەباشییەوە بەشداری کۆبوونەوەکان بووە. ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا پەیامی بۆ کێ ناردووە؟ بوڵدان ئاشکرای کرد ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی دۆخی زیندانیان پرسیاری لێ کردوون و بە تایبەت سڵاوی بۆ زیندانیانی ژن لە گرتووخانەی سینجار ناردووە. هەروەها پەیامێکی بۆ ئیسماعیل بێشکچی نارد. بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی سەلیم ساداک ناردووە. 'گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا ڕووی نەداوە' هەرچەند لەگەڵ بەرەپێشچوونی پرۆسەکەدا ڕای گشتی لە چاوەڕوانی گۆڕین و باشکردنی دۆخی دانوستانکاریانەی ڕێبەر ئاپۆدایە کە بەردەنگی پرۆسەکەیە، لەم ڕووەوە بوڵدان جەختی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا نەهاتووەتەگۆڕێ و گوتی: "مرۆڤ ناتوانێت بڵێت گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە دۆخی ئیمراڵیدا هاتبێتە گۆڕێ. هەرخۆی جگە لە ئێمە و شاندە دانوستانکارەکان دەرفەت بۆ کەسی دیکە نەڕەخساوە دیدار بکات، ئەوەی ئێمەش وەک شاندەکە تەنها مانگی جارێک دەتوانین دیداری ئەنجام بدەین. ئەوەش بڵێین جار جار بنەماڵەکەی سەردانی بەڕێز ئۆجالانیان کردووە، هەروەها جارێک پارێزەران ڕۆشتوون بۆ ئیمراڵی." دەربارەی ئەنتێگراسیۆن؛ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراسی چۆن دەڕەخسێت؟ بە گوتەی پەروین بوڵدان، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە دوو قۆناغ هەڵدەسەنگێنێت و لەم ڕووەوە گوتی: "بەڕێز ئۆجالان کاتێک باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکات مەبەستی لە یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە، بەڕێزیان دەربارەی پرۆسەکە کە بە دوو قۆناغ پێناسی دەکات ئەمەی گوت"کۆتاییمان بە قۆناغی یەکەم هێنا و تێمان پەڕاند. یانی شەڕ و پێکدانان کۆتایی هات، گەر سیموڵیانەش بێت، چەک دانرا"، بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند بە هەموارکردنەوەی یاساییەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بە دڵنیایەیەوە ئەمەش یەکگرتنێکی کلاسیکیانە نییە. بەڕێزیان کاتێک باسی ئەنتێگراسیۆنیان کرد جەختی کردەوە دەبێت ئەنتێگراسیۆنەکە مافەکانی یەکتر مسۆگەر بکات. لێرەدا بێگومان مەبەستی بەڕێزیان چەندین بابەتی پەیوەست بە مافەکانی کوردانە، لە سەروی هەموویانەوە بابەتی پەروەردە و خوێندنە بە زمانی کوردی. بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە کوردان پێویستی بە گەرەنتی یاسایی هەیە. ئەوەیشی دەستنیشان کرد دەبێت ڕێکارێک بگیرێتەبەر کە مافەکانی گەلی کورد لە ناسنامە، زمان و چاندیی کوردیی بپارێزێت. بەڵێ ئەنتێگراسیۆن بەم میکانیزمە یاسایی و ڕێکارانە دێتەدی." دەربارەی ڕاپۆرتی هاوبەشی کۆتایی کۆمیسیۆن پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن 'گرنگ و سەنگینە'، بەڵام شرۆڤەیان لەسەر دوو بەشی دا. دەربارەی ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی پەروین بوڵدان سەرنجی خستەسەر ئەو هاودەنگییە نەتەوەییە کە دوای هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا لە ناو کوردان و دۆستانی کورددا دەرکەوت و ئاماژەی بەوەدا ئەم هاودەنگییە ڕۆحی نەتەوەیی بەهێزتر کردووە و لەم ڕووەوە ئاماژەی بە بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ کرد لەسەر ئەم مژارە. پەروین بوڵدان گوتی: "لە مێژە ئاشنای دیدگا و بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانین دەربارەی بابەتی یەكێتیی نەتەوەیی. دیارە لەگەڵ هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆحی نەتەوەیی گڕوتینێکی دیکەی وەرگرت و ئەم ڕۆحێتە لە هەموو جێگەیەک کە کوردانی لێ دەژین نیشان درا. بەڕاستی یەکێتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان مێژوویی بوو. هاودەنگییەک بوو لە خاوەنداریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێموایە لە چارەسەکردنی ئەم بابەتەدا لە کاتی گفتوگۆ و دانووستاندا ئەم یەكێتییە کاریگەرە. بەڕێز ئۆجالان لەم بابەتەدا هەوڵدانی بێپایانی هەیە." پەروین بوڵدان چی گوت لە بارەی هەڵویستی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانەوە؟ پەروین بوڵدان لەسەر پرسی دەرکەوتنی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی لە باشووی کوردستان ئەمەی گوت: "مامەڵە و نزیکایەتی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان زۆر گرنگە. کە زۆر سەنگینە و بە دڵیناییەوە بە سەنگینی دەبینین و مانادارییەکی مەزن دەداتە ئەم بابەتە. هەمووان ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکەوتنی بەهێزیی ڕۆحی یەکێتی نەتەوەییدا. ئەم ڕۆحێتە پشکوتووە و کاتی ئەوەیە کاریگەری دانێت. بۆچوونی بەڕێز ئۆجالانیش لەسەر بابەتی یەکێتی نەتەوەیی ڕوونە. یەکێتی نەتەوەیی بابەتێکی حەتمییە لە پێشماندا. لێرە بەدواوە دەبێت بە ڕێبازگەلی جیاوازەوە لە ئاستی ڕاگەیاندن، دانووستان و گفتوگۆ و تەنانەت لە ژیانی ئاسایشدا پەیڕەو بکرێت."
حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانى هەرێم، لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایکەوە، رایگەیاند، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینە لەبەردەم هەڕەشەدایە. وەزیری رۆشنبیری دەڵێت، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، پیرۆزبایی لە ئاخێوەرانی تەواوی زمانەکانی جیهان بە گشتیی و زمانە دێرین و ڕەسەنەکان لە کوردستان بە تایبەت دەکەین. لە پەیامەکەى وەزیری رۆشنبیریدا هاتووە، 21 ی شوبات، ڕۆژی ئاوڕدانەوە و بایەخدانی هەمەلایەنەیە بە فەرهەنگ، مێژوو، پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی زمانی دایک، لەم یادەدا خوازیارین هیچ زمانێکی دایک، نەبێتە قوربانی فەرامۆشکردن و لەناوچوون، منداڵانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و دیالێکتەکان مافی ڕەوای خۆیانە بە زمانی دایک، پەروەردە و گۆش بکرێن. ئەوەشى خستۆتەڕوو، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەوڵمانداوە زەمینەی پاراستن و گەشەپێدان بۆ زمانی دایک لە کۆمەڵگەی کوردستانی فەراهەم بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی ڕۆشنبیری و هونەری سریان و تورکمان چالاکانە کاردەکەن. حەمەی حەمەسەعید دەشڵێت، هەورامی (گۆران)، یەکێکە لەو زمانە دێرینانەی لە مێژوودا، زمانی باڵای ئەدەب و نووسین بووە، گەنجینەیەکی گەورەی ئەدەبی بەو زمانە وەک میراتی ڕۆشنبیری لە بەردەستماندایە، بەڵام بەداخەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو زمانە دێرینەی سەر زەمینی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەدایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان، ئێمە لە وەزارەت پڕۆژەی خوێندنی تەنیا یەک وانەمان لە پۆلە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردەدا پێشکەش بەوەزارەتی پەروەردە کردووە. ئاماژەى بەوەشداوە، سەرەڕای کۆششەکانمان و تاوتوێکردنی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پشتگیری جەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە لە کەرتی پەروەردەدا جێبەجێ نەکراوە، بەو پێیەی خوێندن بە زمانی دایک، هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی زمان لە کۆمەڵگەی کوردستان دروست ناکات و بگرە خزمەتێکی گەورە بە کاروانی ڕۆشنبیری و میراتی کولتووریمان دەکات، بۆیە چاوەڕوانین بەڕێز وەزیری پەروەردە لەم کابینەدا ئەو پڕۆژە بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئێمە ئەم بۆنە جیهانییە بە دەرفەت دەزانین، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەینەوە، هەموو منداڵێکی کۆمەڵگەی کوردستان مافی ڕەوا و بنەڕەتی خۆیەتی بە زمانی دایک بخرێتە بەر خوێندن، ڕێز لە کەسایەتی و مۆرکە کولتوورییەکانی بگیرێت، بە زمانی دایکی پەروەردە و گۆش بکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بێت و بتوانێت بە ناسنامە کولتوورییە دێرینەکەیەوە بیر بکاتەوە. داواکاریشین لە ڕاگەیاندنی کوردی، دامودەزگا بڵاوکەرەوە و چاپەمەنییەکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گرنگییەوە کار بۆ پاراستنی زمان بکەن، ڕێگە بە خۆیان نەدەن ببنە بەشێک یان ئامرازێک بۆ شێواندن و پەراوێزخستنی زمانی دایک.
هەرچەندە فەرشی ئێران لەسەر ئاستی جیهان خاوەن ناوبانگێکی گەورەیە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەکەیەوە، شەپۆلێکی فراوانی کۆچ، لەفەرشچنان یاخوود پیشەسازی رستن و چنین لەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان و تورکیا، هاوتەریب لەگەڵ گواستنەوەی ئەو پیشەسازییەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەست رەنگینانی تەبرێز و شارەکانی تر بەرەو هەولێر کۆچ دەکەن، ئەمەش وایکردووە یەکێک لە پیشەسازییە مێژوویی و دیارەکانی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئابووری رووی لەو وڵاتە کردووە. لێپرسراوانی کەرتی پیشەسازی شاری تەبرێز ئاشکرایان کردووە، شەپۆلێکی کۆچی فراوان لە دەست رەنگینان و فەرش چنانی ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو هەرێمی کوردستان و بەدیارکراویش بۆ هەولێری پایەتەخت دەستی پێکردووە، ئەوەش بەهیوای دۆزینەوەی هەلی کارو دەستبەرکردنى ژیانێکی باش بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، لێپرسراوانی ئەو کەرتە هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە خراپەکانی ئەو کۆچە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی پاشەکشەی کەرتی رستن و چنین و فەرشی دەستی لە ئێران. ئەیوب بەشیری، جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی وتووە، ئێستا شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بوونەتە دوو جێگەی دیار بۆ کۆچکردنی فەرشچنانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ئەو لێپرسراوەی ئێران، ئەم دیاردەی کۆچکردنەی بە "زەنگێکی مەترسیدار " ناوبردوو جەختی کردەوە، ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ چۆڵ بوونی ناوچەکە لە کەسانی دەست رەنگین ، کە خاوەن توانایەکی بەرزى مرۆین، نەشی شاردەوە کە گرنگی نەدان بە ژیان و گوزەرانی دەست رەنگیان و فەرشچنانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی بووە لە پشت ئەم کۆچەوە بەرەو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەوێ ژینگەیەکی نوێ و سەقامیگر بۆ کارەکەیان بدۆزنەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران، روونیکردەوە، پیشەسازی فەرش تەنها پیشەیەکی دەستی نییە، بەڵکو "زنجیرەیەکی ژیانە" بۆ پاراستنی گوزەرانی هەزاران خێزان، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانی یەک فەرش دەبێتە هۆی دابینکردنی بژێوی 15 خاوەنکاری جیاواز، وەک دیزاینەر، بۆیاخچی، فەرشچن، کرێکاری گواستنەوە و هەناردەکارو چەندین کەسی تر بەراستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ.
ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، رێژەی زەکاتی پارە، سەرفیترە، فیدیە، زێڕ، زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، رێژەکان بەمشێوەیەن: - رێژەی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە سێ ملیۆن دینار، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، دەبێت زەکاتی 2.5 % لێ بدات، واتە لە یەک ملیۆن، 25 هەزار دینار، لە یەک دەفتەر دۆلار، 250 دۆلار. - رێژەی زەکاتی زیو بریتییە لە 200 درهەم، کە دەکاتە 140 مسقاڵ، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە زیوەی هەبوو، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% زەکاتی لێ بدات. - رێژەی زەکاتی زێڕ بریتییە لە 20 مسقاڵ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە نیو مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، یەک مسقاڵ واجبە. - رێژەی زەکاتی خشڵی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاریبهێنن و بازرگانیی پێوەنەکەن بریتییە 200 مسقاڵ زێڕ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% لێ بدات. - زەکاتی سەرفیترە بۆ ئەمساڵ، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی. - فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەمساڵ، بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چرکردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لەدابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆی دروست بووە، بەو پێیەی رێژەی 90%ی کۆی گشتی بودجە بۆ مووچە دەڕوات، بەگوێرەی ئامارەکانیش زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق هەن، ئەمە جگە لەوەی لەشکرێکی گەورە خانەنشین و سوودمەندان لەچاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە مووچە لەدەوڵەت وەردەگرن. شارەزایانی دارایی و ئابووری چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەنە حکومەت، کەپرسی مووچە قەیرانی گەورە بۆ عیراق دروستدەکات، مانگی رابردووش ئەو قەیرانە بەدیکرا، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانیش مووچهی مانگی شوباتیش لهكاتی خۆیدا دابهش ناكرێ و دوادهكهوێ، به هۆی نهبوونی پارهی كاش و نهختینه لهبانكهكان، چونكه لایهنە پهیوهندارەکان پارهی پێویستیان بۆ دابین ناکرێت. بەگوێرەی میدیاکان، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەڕێگەی گشتاندنێکی نوێوە، بڕیاری ژمارە (770)ی ساڵی 1987ی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە”ی کاراکردەوە، ئەم هەنگاوەش بەئامانجی کەمکردنەوەی فشاری دارایی سەر حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەی “فەرمانبەرانی زیادە” دێت، لەکاتێکدا کەهەموارکردنەوەی یاساکانی خزمەت و خانەنشینی لەپەرلەمان دواکەوتووە. ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوەیە ڕێگە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت دەدات ئەو فەرمانبەرانەی وەک “زیادە” (فائچ) پۆلێن دەکرێن، بخرێنە دۆخێکی هاوشێوەی “خانەنشینی کاتی”. ئەمەش وادەکات تێچووی مووچەکانیان لەسەر میلاکی کارا کەم ببێتەوە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی دەستکاری یاساکانی ئێستای خانەنشینی بکرێت. ئەم گشتاندنە نوێیە ترسی لای فەرمانبەران دروستکردووە، زۆرێک نیگەرانن لەوەی ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەیان و گۆڕینی فەرمانبەر بۆ خانەنشینێکی کاتی ڕەنگە هەرگیز نەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەروەها گومان هەیە کە ئەم میکانیزمە وەک “کاڵایەکی هەڵبژاردن” یان بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەکاربهێندرێت و تەنها ئەو کەسانە بگەڕێنەوە سەر کار کە پشتگیریی سیاسییان هەیە. عەلی هادی شەریفی، شارەزای کاروباری سیاسی و یاسایی، دەڵێـت: پەنابردنی حکومەت بۆ ئەم دەقە کۆنانە، بەهۆی بوونی بۆشاییەکی گەورەی یاسایی و کێشە لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014دا وەیە. ئەو شارەزایە پێی وایە پێویستە ئەم بڕیارە کەرتی سەربازی (بەرگری و ناوخۆ) بگرێتەوە تا یاسایەکی نوێ دەردەچێت. هاوکات نەبیل مەرسومی، مامۆستای ئابووری لەزانکۆی بەسرە، دان بەگرنگی چاکسازییە ئابوورییەکان دەنێت و دەڵێت "دواکەوتنیی تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، بەڵام پێی وایە چینی سیاسی نایەوێت چاکسازی بکرێت چونکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت، بەڵکو چاکسازییەکی دەوێت کە زیان بەخەڵک بگەیەنێت، وەک لێبڕینی مووچەو زیادکردنی باجی گومرگی. لەلایەکی ترەوە لێپرسراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دووساڵە دژی سیاسەتی دامەزراندنەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانیشی لەو پرسە ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ناوبراو راشکاوانە وتوویەتی، یان دەبێت خەڵک لەکەرتی گشتی دابمەزرێنین یان دژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بینەوە کە داوای هەلی کار دەکەن. ئەو لێپرسراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کەنەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت، تەئکیدیکردۆتەوە، حزب و لایەنە سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووری، چ لەڕێگەی دامەزراندنی ملیۆنان کەس، تاوەکوە هاوسۆزی سیاسیان هەبێت بۆیان، یان لەڕێگەی سێکتەرە ئابوورییەکانیانی خۆیانەوە کە سامانی گشتی بۆ خۆیان دەبەن، سەرەڕای ئەوانەش ئێستا ئامادەنین سنوورێك بۆ گەندەڵی دابنێین كە هەموو جومگەكانی وڵاتی گرتۆتەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی بانکی ناوەندی دەکات بۆ دەستبەکاربوونی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەوانە کراون، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێدانی مۆڵەتی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی کۆتایی دامەزراندنی بانکی نیشتماندایە، کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ نوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە لەماوەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت. د. هاوڕی کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندوە،باڵەخانە دابینکراوەو شاندی بانکی ناوەندیش بینیویانەو ڕەزامەندیان لەسەرداوە، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی هەڵبژێردراون و ڕەوانەی بانکی ناوەندی کراون، دوای ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان و پێدانی مۆڵەتی کۆتایی کارکردن لەلایەن بانکی ناوەندی، بانکی نیشتمان دەست بە کارەکانی دەکات. بانکی نیشتمان، چەند جۆر قەرزو سولفەیەک بەفەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدات، ئەم خزمەتگوزاریانە بوارەکانی کڕینی خانووبەرە (عەقارات)، ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووک دەگرێتەوە، بڕ و جۆری قەرزەکان بەپێی توانای دارایی بانکەکە دیاری دەکرێن.
فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورەو هاوئاهەنگیکراوی جۆری (DDoS) بۆ سەر پۆرتالی خزمەتگوزاریی رووناکی پووچەڵ بکەنەوە، کە لە رۆژانی 15 و 16ی شوباتدا کراوە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە پێکهاتبوو لە نزیكەی 10 شەپۆلی یەک لەدوای یەک، کە هەر شەپۆلێک قەبارەی داتاکەی گەیشتووەتە نزیكەی 180 گێگابایت لە چرکەیەکدا. ئەم هێرشە لە رێگەی هەزاران ئایپی (IP)ی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا و ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکییەوە (Automated Requests) کراوە. کاردانەوەی خێرا و بەرگریی فرەچین فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە دەستبەجێ سیستمی وەڵامدانەوەی رووداوەکانیان (Incident Response) کارا کردووە و بەرگرییەکی "فرەچین"یان جێبەجێ کردووە، کە پێکهاتبوو لە: دەستنیشانکردن و پاڵاوتنی هێرشەکان بە شێوەی راستەوخۆ. سنووردارکردنی رێژەی داواکارییەکان. کۆنترۆڵکردنی جوگرافیی سەرچاوەی هێرشەکان. هاوئاهەنگی لەگەڵ دابینکەرانی ئینتەرنێت (ISP) بۆ بلۆککردنی هێرشەکان لە سەرچاوەوە. گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ پارێزەری هەوری (Cloud DDoS Protection) و گۆڕینی ئایپیی گشتی. فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری دڵنیایی داوە کە بەهۆی ئەم رێوشوێنانەوە، پۆرتالی رووناکی لە کار نەکەوتووە و خزمەتگوزارییەکانی بەردەوام بوون.
