هەرچەندە فەرشی ئێران لەسەر ئاستی جیهان خاوەن ناوبانگێکی گەورەیە، بەڵام بەهۆی خراپی بازاڕەکەیەوە، شەپۆلێکی فراوانی کۆچ، لەفەرشچنان یاخوود پیشەسازی رستن و چنین لەو وڵاتەوە دەستی پێکردووە بەرەو هەرێمی کوردستان و تورکیا، هاوتەریب لەگەڵ گواستنەوەی ئەو پیشەسازییەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەست رەنگینانی تەبرێز و شارەکانی تر بەرەو هەولێر کۆچ دەکەن، ئەمەش وایکردووە یەکێک لە پیشەسازییە مێژوویی و دیارەکانی ئێران لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئابووری رووی لەو وڵاتە کردووە. لێپرسراوانی کەرتی پیشەسازی شاری تەبرێز ئاشکرایان کردووە، شەپۆلێکی کۆچی فراوان لە دەست رەنگینان و فەرش چنانی ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەو هەرێمی کوردستان و بەدیارکراویش بۆ هەولێری پایەتەخت دەستی پێکردووە، ئەوەش بەهیوای دۆزینەوەی هەلی کارو دەستبەرکردنى ژیانێکی باش بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، لێپرسراوانی ئەو کەرتە هۆشداری دەدەن لە لێکەوتە خراپەکانی ئەو کۆچە، بەو پێیەی دەبێتە هۆی پاشەکشەی کەرتی رستن و چنین و فەرشی دەستی لە ئێران. ئەیوب بەشیری، جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی وتووە، ئێستا شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بوونەتە دوو جێگەی دیار بۆ کۆچکردنی فەرشچنانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ئەو لێپرسراوەی ئێران، ئەم دیاردەی کۆچکردنەی بە "زەنگێکی مەترسیدار " ناوبردوو جەختی کردەوە، ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ چۆڵ بوونی ناوچەکە لە کەسانی دەست رەنگین ، کە خاوەن توانایەکی بەرزى مرۆین، نەشی شاردەوە کە گرنگی نەدان بە ژیان و گوزەرانی دەست رەنگیان و فەرشچنانی ناوچەکە، هۆکاری سەرەکیی بووە لە پشت ئەم کۆچەوە بەرەو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەوێ ژینگەیەکی نوێ و سەقامیگر بۆ کارەکەیان بدۆزنەوە. جێگری سەرۆکی لیژنەی فەرش و گەشتیاریی ئێران، روونیکردەوە، پیشەسازی فەرش تەنها پیشەیەکی دەستی نییە، بەڵکو "زنجیرەیەکی ژیانە" بۆ پاراستنی گوزەرانی هەزاران خێزان، بەشێوەیەک بەرهەمهێنانی یەک فەرش دەبێتە هۆی دابینکردنی بژێوی 15 خاوەنکاری جیاواز، وەک دیزاینەر، بۆیاخچی، فەرشچن، کرێکاری گواستنەوە و هەناردەکارو چەندین کەسی تر بەراستەو خۆ و ناڕاستەوخۆ.
ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، رێژەی زەکاتی پارە، سەرفیترە، فیدیە، زێڕ، زیو و خشڵی ئافرەتی بۆ ئەمساڵ دیاریکرد. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، رێژەکان بەمشێوەیەن: - رێژەی زەکاتی پارە بۆ ئەمساڵ بریتییە لە سێ ملیۆن دینار، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە پارەی هەبوو، ساڵیشی بەسەردا تێپەڕی، دەبێت زەکاتی 2.5 % لێ بدات، واتە لە یەک ملیۆن، 25 هەزار دینار، لە یەک دەفتەر دۆلار، 250 دۆلار. - رێژەی زەکاتی زیو بریتییە لە 200 درهەم، کە دەکاتە 140 مسقاڵ، هەر موسڵمانێک ئەو بڕە زیوەی هەبوو، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% زەکاتی لێ بدات. - رێژەی زەکاتی زێڕ بریتییە لە 20 مسقاڵ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە نیو مسقاڵی لێ بدرێت، ئەگەر 40 مسقاڵ بوو، یەک مسقاڵ واجبە. - رێژەی زەکاتی خشڵی حەڵاڵی ئافرەتان کە بۆ خۆیان بەکاریبهێنن و بازرگانیی پێوەنەکەن بریتییە 200 مسقاڵ زێڕ، ئەگەر ساڵی بەسەردا تێپەڕی، واجبە 2.5% لێ بدات. - زەکاتی سەرفیترە بۆ ئەمساڵ، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی. - فیدیەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ ئەمساڵ، بۆ ئەوانەی عوزری شەرعییان هەیە، ئەگەر بە پارە بوو، بریتییە لە سێ هەزار دیناری عێراقی.
حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چرکردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی لەدابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆی دروست بووە، بەو پێیەی رێژەی 90%ی کۆی گشتی بودجە بۆ مووچە دەڕوات، بەگوێرەی ئامارەکانیش زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەر لەعێراق هەن، ئەمە جگە لەوەی لەشکرێکی گەورە خانەنشین و سوودمەندان لەچاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە مووچە لەدەوڵەت وەردەگرن. شارەزایانی دارایی و ئابووری چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەنە حکومەت، کەپرسی مووچە قەیرانی گەورە بۆ عیراق دروستدەکات، مانگی رابردووش ئەو قەیرانە بەدیکرا، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانیش مووچهی مانگی شوباتیش لهكاتی خۆیدا دابهش ناكرێ و دوادهكهوێ، به هۆی نهبوونی پارهی كاش و نهختینه لهبانكهكان، چونكه لایهنە پهیوهندارەکان پارهی پێویستیان بۆ دابین ناکرێت. بەگوێرەی میدیاکان، ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەڕێگەی گشتاندنێکی نوێوە، بڕیاری ژمارە (770)ی ساڵی 1987ی “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە”ی کاراکردەوە، ئەم هەنگاوەش بەئامانجی کەمکردنەوەی فشاری دارایی سەر حکومەت و چارەسەرکردنی کێشەی “فەرمانبەرانی زیادە” دێت، لەکاتێکدا کەهەموارکردنەوەی یاساکانی خزمەت و خانەنشینی لەپەرلەمان دواکەوتووە. ناوەڕۆکی بڕیارەکە ئەوەیە ڕێگە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت دەدات ئەو فەرمانبەرانەی وەک “زیادە” (فائچ) پۆلێن دەکرێن، بخرێنە دۆخێکی هاوشێوەی “خانەنشینی کاتی”. ئەمەش وادەکات تێچووی مووچەکانیان لەسەر میلاکی کارا کەم ببێتەوە، بەبێ ئەوەی بە فەرمی دەستکاری یاساکانی ئێستای خانەنشینی بکرێت. ئەم گشتاندنە نوێیە ترسی لای فەرمانبەران دروستکردووە، زۆرێک نیگەرانن لەوەی ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی کارەکەیان و گۆڕینی فەرمانبەر بۆ خانەنشینێکی کاتی ڕەنگە هەرگیز نەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەروەها گومان هەیە کە ئەم میکانیزمە وەک “کاڵایەکی هەڵبژاردن” یان بۆ مەرامی سیاسی و حزبی بەکاربهێندرێت و تەنها ئەو کەسانە بگەڕێنەوە سەر کار کە پشتگیریی سیاسییان هەیە. عەلی هادی شەریفی، شارەزای کاروباری سیاسی و یاسایی، دەڵێـت: پەنابردنی حکومەت بۆ ئەم دەقە کۆنانە، بەهۆی بوونی بۆشاییەکی گەورەی یاسایی و کێشە لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014دا وەیە. ئەو شارەزایە پێی وایە پێویستە ئەم بڕیارە کەرتی سەربازی (بەرگری و ناوخۆ) بگرێتەوە تا یاسایەکی نوێ دەردەچێت. هاوکات نەبیل مەرسومی، مامۆستای ئابووری لەزانکۆی بەسرە، دان بەگرنگی چاکسازییە ئابوورییەکان دەنێت و دەڵێت "دواکەوتنیی تێچووی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، بەڵام پێی وایە چینی سیاسی نایەوێت چاکسازی بکرێت چونکە زیان بە بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت، بەڵکو چاکسازییەکی دەوێت کە زیان بەخەڵک بگەیەنێت، وەک لێبڕینی مووچەو زیادکردنی باجی گومرگی. لەلایەکی ترەوە لێپرسراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دووساڵە دژی سیاسەتی دامەزراندنەو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانیشی لەو پرسە ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ناوبراو راشکاوانە وتوویەتی، یان دەبێت خەڵک لەکەرتی گشتی دابمەزرێنین یان دژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بینەوە کە داوای هەلی کار دەکەن. ئەو لێپرسراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کەنەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت، تەئکیدیکردۆتەوە، حزب و لایەنە سیاسییەکان هۆکاری سەرەکی بوون بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووری، چ لەڕێگەی دامەزراندنی ملیۆنان کەس، تاوەکوە هاوسۆزی سیاسیان هەبێت بۆیان، یان لەڕێگەی سێکتەرە ئابوورییەکانیانی خۆیانەوە کە سامانی گشتی بۆ خۆیان دەبەن، سەرەڕای ئەوانەش ئێستا ئامادەنین سنوورێك بۆ گەندەڵی دابنێین كە هەموو جومگەكانی وڵاتی گرتۆتەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕەزامەندی کۆتایی بانکی ناوەندی دەکات بۆ دەستبەکاربوونی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەن ڕەوانە کراون، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و پێدانی مۆڵەتی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغەکانی کۆتایی دامەزراندنی بانکی نیشتماندایە، کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ نوێکردنەوە و ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان، بڕیارە لەماوەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت. د. هاوڕی کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندوە،باڵەخانە دابینکراوەو شاندی بانکی ناوەندیش بینیویانەو ڕەزامەندیان لەسەرداوە، ناوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی هەڵبژێردراون و ڕەوانەی بانکی ناوەندی کراون، دوای ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان و پێدانی مۆڵەتی کۆتایی کارکردن لەلایەن بانکی ناوەندی، بانکی نیشتمان دەست بە کارەکانی دەکات. بانکی نیشتمان، چەند جۆر قەرزو سولفەیەک بەفەرمانبەران و هاووڵاتییان دەدات، ئەم خزمەتگوزاریانە بوارەکانی کڕینی خانووبەرە (عەقارات)، ئۆتۆمبێل، پڕۆژەی کشتوکاڵی، پیشەسازی و قەرزی بچووک دەگرێتەوە، بڕ و جۆری قەرزەکان بەپێی توانای دارایی بانکەکە دیاری دەکرێن.
فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی گەورەو هاوئاهەنگیکراوی جۆری (DDoS) بۆ سەر پۆرتالی خزمەتگوزاریی رووناکی پووچەڵ بکەنەوە، کە لە رۆژانی 15 و 16ی شوباتدا کراوە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە پێکهاتبوو لە نزیكەی 10 شەپۆلی یەک لەدوای یەک، کە هەر شەپۆلێک قەبارەی داتاکەی گەیشتووەتە نزیكەی 180 گێگابایت لە چرکەیەکدا. ئەم هێرشە لە رێگەی هەزاران ئایپی (IP)ی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا و ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکییەوە (Automated Requests) کراوە. کاردانەوەی خێرا و بەرگریی فرەچین فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە دەستبەجێ سیستمی وەڵامدانەوەی رووداوەکانیان (Incident Response) کارا کردووە و بەرگرییەکی "فرەچین"یان جێبەجێ کردووە، کە پێکهاتبوو لە: دەستنیشانکردن و پاڵاوتنی هێرشەکان بە شێوەی راستەوخۆ. سنووردارکردنی رێژەی داواکارییەکان. کۆنترۆڵکردنی جوگرافیی سەرچاوەی هێرشەکان. هاوئاهەنگی لەگەڵ دابینکەرانی ئینتەرنێت (ISP) بۆ بلۆککردنی هێرشەکان لە سەرچاوەوە. گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ پارێزەری هەوری (Cloud DDoS Protection) و گۆڕینی ئایپیی گشتی. فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری دڵنیایی داوە کە بەهۆی ئەم رێوشوێنانەوە، پۆرتالی رووناکی لە کار نەکەوتووە و خزمەتگوزارییەکانی بەردەوام بوون.
کامەران عوسمان لەرێکخراوى سى پى تى:لە هێرشێکی درۆنیدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش بە سەختی برینداربوو. لە کاتژمێر ٧:٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (لاندکرۆزەر - ژمارە سلێمانی - گوللە نەبڕ) لەسەر ڕێگای نێوان دوکان بۆ سلێمانی، بەرامبەر گوندی حەسەن تەپە لەلایەن درۆنێکی نەناسراوەوە بە ئامانجگیرا. بەوتەى کامەران عوسمان لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، کەسێک گیانی سپارد و کەسێکی تریش بە سەختی برینداربوو. قوربانییەکان هەڵگری ناسنامەی ئێرانین. لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە سنووری سلێمانی تەقییەوە؛ لاند کروزەرێکی گولەنەبڕ بووە، لەدواى ئەو ڕووداوەشەوە، رێگای دوکان - سلێمانی بە هەردوو ئاڕاستە داخراوەو قەرەباڵغیەکى زۆر دروستبووە. لەلایەکى دیکەوە سیروان سەرحەد، قائیمقامی دوكان لەبارەی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی کەڵەوانان وتى: ئۆتۆمبێلەکە چەک و تەقەمەنی تێدابووە، بەڵام تائێستا دیارنییە بە ئامانج گیراوە یان خۆی ئاگری گرتووە. سەرچاوەیەک لە کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕى کوردستان، وتى: ئەو ئۆتۆمبێلەی بە ئامانج گیراوە هی عومەری ئیلخانیزادەیە، بەڵام خۆی تێدا نەبووە بەڵام پێشمەرگەیەک شەهید بووە. کەمێک لەمەوبەر دووەم سەرنشینی ئۆتۆمبێلە بە ئامانجگیراوەکەی کەڵەوانان کە برینداربوو بوو گیانی لەدەستدا. ئەو دوو پێشمەرگەیەی کۆمەڵە کەبەهۆی هێرشی درۆنی ئێرانەوە و لەرێگەی نێوان سلێمانی و قەزای دوکان، گیانیان لەدەستدا، ناویان "هێرش رەنجبەر" و "ئارام بەهرامی".
ئهگهرچى هێشتا ماوهیهك لهمهوبهر دهنگى رهتكردنهوهى ناسنامه و پێگهى كورد له توركیا و سوریا به بڵندى دهبیسترا، بهڵام رووداوهكانى كهمتر له یهك ساڵى رابردوو نیشانیدا كه چیتر كورد له قۆناغى نكۆڵیكردندا نهماوهتهوه و له ههردوو بهشى باكوور و رۆژئاواى نیشتمانه داگیركراوهكهیدا هێزى خۆى بۆ جێگیركردنى پێگهكهى دهستپێكردووه. له باكوورى كوردستان و توركیا 16 مانگه ههنگاوهكان بۆ ئاساییكردنهوهى پهیوهندییهكان لهگهڵ كورد و داننان به مافهكانیدا دهستیپێكردووه كه لهلایهن عهبدوڵا ئۆجهلان، سهرۆكى زیندانیكراوى پارتى كرێكارانى كوردستانهوه به قۆناغى "بانگى ئاشتى و جڤاكى دیموكراتى" ناونراوه و، بۆ جێبهجێبوونى پرۆسهكهش پهكهكه لهماوهى رابردوودا چهند ههنگاوێكى گرتهبهر كه دیارترینیان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەیی و تێکۆشانی چەکداری بوو و، به وتهى ئۆجهلان له ئێستادا قۆناغى یهكهمى پرۆسهكه كۆتایى هاتووه و قۆناغی "یەکگرتنەوەی دیموکراسی" دەستیپێکردووە. لهگهڵ بهردهوامیی سهردانهكان بۆ ئیمراڵى و كار و كۆبوونهوهكانى لیژنهى تایبهت به ئاساییكردنهوه كه لهلایهن پهرلهمانى توركیاوه پێكهێنراوه. دوێنێ كۆبوونهوهى شهشهمى تیمى نووسینى راپۆرتى هاوبهش دهربارهى پرسى كورد له توركیا له ئهنقهرهى پایتهخت بهڕێوهچوو. له ههمان ئهو رۆژهى شاندى ئیمراڵى سهردانى ئۆجهلانیان كرد. راپۆرتهكه لهلایهن ئهندامانى ئهو لیژنهیهوه دهنووسرێتهوه كه لهلایهن پهرلهمانى توركیاوه بۆ تاوتوێكردنى پرسى كورد پێكهێنراوه و لهبارهوه موراد ئهمیر، جێگرى سهرۆكى فراكسیۆنى پارتى گهلى كۆمارى له وهڵامى رۆژنامهنووساندا ئاشكرایكرد كه له كاركردن تیایدا بهردهوام دهبن. به وتهى فهتى یهڵدز-ى پهرلهمانتار له پارتى بزوتنهوهى نهتهوهییش "بهمنزیكانه" كارهكانیان تهواودهكهن. وتهى ئهو پهرلهمانتارانهى، پارتهكانیان تهنها زیاتر له ساڵێك لهمهوبهر پرسى كورد و تهنانهت ههندێك جاریش بوونى كوردیان له وڵاتهكهیان رهتدهكردهوه. لهبارهى دیدارهكهى ئیمراڵیشهوه میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) له زارى ئۆجهلان-هوه رایگهیاند، له قۆناغی دووەم كه ئێستا دهستیپێكردووه، تێیدا جەخت لەسەر "رەهەندی یەکگرتنەوە" دەکرێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو رێگەیانە دەکرێت کە پێویستە لەمەودوا بگیرێنەبەر. ههرچى سهبارهت به بهشى رۆژئاواى كوردستانه له ههمان ئهو رۆژانهدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بهرپرسى پهیوهندییهكانى دهرهوهى ئیدارهى خۆسهر بهشدارییان له چالاكییهكانى كۆنگرهى ئاسایشى میونشن كرد، لهو بارهیهوه سانجار وتی، "ئامادەبوونی کورد وەک ئەکتەرێکی هاوبەش لەگەڵ شاندی سوریا لەو كۆنگرهیهدا، نیشانەی ئەوەیە کە کورد پێگەی خۆی لە داهاتووی سوریادا جێگیر دەکات". میدحەت سانجار ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای 110 ساڵ لە سایکس-بیکۆ سەرلەنوێ دروستدەکرێتەوە و وتی: "ئەو وێنەیەی لە میونشن دەرکەوت، بۆ کردنەوەی رێگەیەک بوو کە تێیدا دان بە ماف و پێگەی کورددا بنرێت. وتارەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە كۆنگرهكهدا نیشانەی زۆر روونی تێدایە کە واشنتن چۆن سەیری داهاتووی ناوچەکە دەکات." ئهندامهكهى شاندى ئیمڕاڵى جەختیشیکردەوە کە دەرکەوتنی کورد وەک ئەکتەرێکی دیپلۆماسیی کاریگەر لە جیهاندا، بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر سیستەمێکی نوێ کە کورد تێیدا پشتگوێ بخرێت، گرنگییەکی "ژیانی و مێژوویی" هەیە.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، وێڕای پیرۆزبایی لە جیهانی ئیسلامی، داوای کۆتاییهێنان بە گوتاری رق و کینە دەکات و هیواخوازە ئەم مانگە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و سەرێکانی بۆ سەر زێدی خۆیان. چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز بڵاو کردەوە. لە پەیامەکەیدا، عەبدی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان و گەلانی ناوچەکە کردووە و هیوای خواستووە کە ئەم مانگە ببێتە مایەی "رەحمەت، ئاشتی و سەقامگیری" بۆ ناوچەکە. فەرماندەی هەسەدە لەم بۆنەیەدا یاد و بیرەوەریی شەهیدان و قوربانیانی بەرز ڕاگرتووە و هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادەکانیان دووپات کردووەتەوە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی رووی دەمی کردووەتە هاووڵاتییانی سووریا و داوای کردووە کە کار بۆ "بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و رەتکردنەوەی گوتاری ڕق و کینە" بکرێت لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا. سەبارەت بە پرسی ئاوارەکان، فەرماندەی هەسەدە هیواخوازە کە هاتنی مانگی رەمەزان ببێتە وێستگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان و رایگەیاندووە: "ئومێدەوارین ئەم مانگە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی، عەفرین و سەرجەم ناوچەکانی دیکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان رایگەیاندووە، "سەردەمی نكۆڵیكردن لە زمان و نەتەوەی كورد كۆتاییهاتووە، پێویستە راپۆرتی كۆمیسیۆنی ئەنجومەنی نیشتمانیی توركیا لەگەڵ واقیعە كۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەكان یەكبگرێتەوە". عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان وتوشیەتی: ئێستا كاتی كۆبوونەوە و پێكەوە ژیانە و سەردەمی نایاسایی كۆتایهاتووە. شاندی ئیمراڵی لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا، هەڵسەنگاندنە گرنگەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەم دیدارەدا بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو: کۆبوونەوەی دەستپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک "ژیانی من، لە سەرەتای ڕاپەڕینمەوە لەنێو خێزانەکەم تا ئەمڕۆ، بە ڕیتمێکی خێرا دەربازبووە. هێشتاش هەر وایە. ئەم پرۆسەیەی کە تێمانپەڕاند، بەکورتی تێپەڕینە لە سیاسەتی توندوتیژی و جیاکارییەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن، ئەمەش هێز و توانای ئێمەی بۆ دانوستان پشتڕاست کردەوە. پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان. ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە، ئەمریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەروەها بە چاوی رێزەوە سەیری رۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات، هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیشدا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات. هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی كردەوە، كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت. بە گرنگیشی زانی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا رەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت. بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتگوزارییەکی نوێی دیجیتاڵی بۆ شوفێران راگەیاند و ئاشکرای کرد، لەمەودوا شوفێران دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مۆڵەتی شوفێری پیشانی پۆلیسی هاتوچۆ بدەن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنییکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئەپڵیکەیشنی (KRDPass) زیادکرا کە تایبەتە بە مۆڵەتی شوفێری. بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو هاووڵاتیانەی هەڵگری "مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵین"، دەتوانن لە ئێستاوە کۆپی ئەلیکترۆنی و وردەکاریی مۆڵەتەکەیان لە ناو مۆبایلەکانیان ببینن، هەروەها هەموو وردەکارییەکانی مۆڵەتی شوفێری و کۆپییەکی دیجیتاڵی کەوتووەتە بەردەست شوفێران. سەبارەت بەوەی ئەگەر شوفێرێک مۆڵەتی فیزیکی (پلاستیک)ی لەبیرچووبێت، راگەیەنراوەکە دڵنیایی دەداتە شوفێران و دەڵێت: "لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن". ئەپڵیکەیشنی KRDPass وەک دەروازەی ئەلیکترۆنی هاووڵاتیانی کوردستان، لەسەر هەردوو سیستمی (Android) و (iOS) بەردەستە و بەشێکە لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، لایەنە باڵاکانی حکومەتیان ئاگادارکردووەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا چاوەڕێی وەڵامین لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە عەلی نزار شەتری دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی کراوە یەکێکە لە باشترینەکان و بەدڵنیاییەوە درێژ دەکرێتەوە. بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت و نەوتەکەش دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا. رۆژى 25ی کانوونی یەکەمی 2025 هەر سێ لایەنی حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بڕیاریان دا رێککەوتنەکەی نێوانیان تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ئەم ساڵ درێژبکەنەوە. بەگوێرەى رێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێ تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاری (وود مکێنزی) بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە، بڕیارە کۆمپانیای وود مکێنزی تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ئەم ساڵ کارەکانی تەواو دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، سەرۆک بارزانی بە بۆنەی 73یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا رۆڵی مێژوویی ئەو رێکخراوەی لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا بەرز نرخاند. سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازێت. لە بەشێکی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان و راپەڕین و قۆناغەکانی دیکەدا، بووەتە شوێنی پەروەردەکردنی خەباتگێڕان و نیشتیمانپەروەران و کادری بەتوانا. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، رۆڵی شایستەیان لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا گێڕاوە و قوربانییان داوە. سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: "ئەرکی رێکخراوی قوتابیان و لاوانە لە هەموو بارودۆخ و قۆناغێکدا پابەندی بەها بەرزەکانی رێبازی کوردایەتی بن و لە رێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نیشتیمانی و بڕوابەخۆبوونی نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگادا، خزمەتی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەن."
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان هەیە، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک و بەشێک لە ئیدارەی سۆران. کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ چوار شەممە 18-2-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور هەندێ کات نیمچە هەور دەبێ بە گشتی , ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنووریەکان ناو بە ناو ئەگەری کەمێک نمە بارانی هەیە بە تایبەت ناوچە سنووریەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێک لە ئیدارەی سۆران . خێراى با / لەسەرخۆ (5-10) کم / کاتژمێر هەندێ کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی (20)کم/کاتژمێر ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات دەبێت. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوە بەراورد بە پلەکانی دوێنێ . هەولێر: 22 پلەی سیلیزی پیرمام: 19 پلەی سیلیزی سۆران: 18 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 14 پلەی سیلیزی سلێمانی: 21 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 22 پلەی سیلیزی دهۆک: 21 پلەی سیلیزی زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی سبەى پێنج شەممە 19-2-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت ناوچە شاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێ .ئەگەری نمە باران لە سەر بەشێک لە ناوچەی جیاجیای شاخاویەکان هەیە لە هەندێ کاتدا ,کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد لە ناوچە سنووریەکان نزیک دەبێتەوە لە ئەنجام سبەی پێشبینی نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما هەیە بە نزیکەی (4-6) پلەی سیلیزی . خێراى با / لەسەرخۆ (5 – 15) کم/کاتژمێر ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (4-6) پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر: 17 پلەی سیلیزی پیرمام: 15 پلەی سیلیزی سۆران: 15 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 7 پلەی سیلیزی سلێمانی: 16 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 16 پلەی سیلیزی دهۆک: 15 پلەی سیلیزی زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی
سەرۆک بارزانی، بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسوڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت: لە خوای مەزن داواكارم ڕۆژوو، نوێژ و نزای هەمووان قبووڵ بكات و ئەو مانگە پیرۆزە، خێر و بەرەکەت و ئارامی بۆ هەموو لایەك بە دی بهێنێت. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی (ڕەمەزان)ـەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم. لە خودای مەزن داواكارم ڕۆژوو و نوێژ و نزای هەمووان قبووڵ بكات و ئەو مانگە پیرۆزە، خێر و بەرەکەت و ئارامی بۆ هەموو لایەك بەدی بهێنێت. مسعود بارزانی 29ی شەعبانی 1447ی كۆچی 17ی شوباتی2026ی زایینی
