قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەیامێکدا بە توندی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد و بە تاوانێکی تیرۆریستی گەورە و بەئامانج گرتنی ژیانی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی کوردستان و عێراقی لە قەڵەمدا. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان، پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و پێویستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە. لە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: "ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە بە خێرایی بکەران و ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزا و لێپرسینەوەی یاساییان بکاتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە چیتر قبوڵکراو نییە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و ئەمنی. بۆیە، دەبێت هەنگاوی سەرەکی حکومەتی داهاتووی عێراق، کۆتاییهێنان بەم دۆخە و سزادان و کۆکردنەوەی چەکی ئەو گروپانە بێت.
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە پەیامێکدا هێرشەکانی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە "تیرۆرستی و تاوانکاری" ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت، "ڕەخنەگرتن و دژایەتیمان بۆ گەندەڵی و نادادی حوکمڕانانی هەرێم هەرگیز نابێت دڵخۆشمان بکات بە هێرشی تاوانکاری بۆ سەر هەرێمی کوردستان." عەلی حەمە ساڵح، پێشنیازی کردووە کە پێویستە لە ئەمڕۆوە نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق بکرێت، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە کێڵگەی کۆرمۆر. بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی (1700) مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە بە شارەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشرێت. هەروەها وتیشی، "بڕیارە لە ساڵی ئایندەدا بەرهەمی غازی کۆرمۆر بەڕێژەی 50% زیادبکات و کاریگەری لەسەر زیادبوونی نزیکەی (2000) مێگاوات کارەبای دیکە دەبێت؛ بۆیە دوورنیە بە ئامانجگرتن زیاتر ڕووبدات." لە کۆتاییدا، عەلی حەمە ساڵح، ڕەخنەی لە شێوازی پاراستنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان گرت و ڕایگەیاند، "لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان ملیۆن دۆلاری داهاتی گشتی بەناوی سکویریتی کێڵگەی نەوت و غاز خەرجکراوە، بەڵام هیچ شتێک نەکراوە، جگە لە دانانی کۆمەڵێک کەس بە چەکی ئاسایی."
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا، سوودانی بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد. کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرت و هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم کرایەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق هێرشەکەی بە "هێرشکردنە سەر هەموو عێراق" ناوبرد و هەروەها بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێکبهێنرێت، کە بە زووترین کات دەست بە کارەکانی دەکات بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەدران و دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە دادگا. بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، بە "درۆن" هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە، تەواوی هەناردەی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا ڕاگیراوە. جەخت لەوەش کراوەتەوە "تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە غاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە." بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاگیرانی پرۆسەی هەناردەکردنی غازی شل بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات کەمبووەتەوە. هاوکات کۆمپانیای 'دانە غاز' لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێرشەکەی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر" بە "مووشەک" بووە. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ئەنجامی هێرشەکە هیچ کارمەندێکیان بریندار نەبووە. کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە "بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بەرهەمهێنان ڕاگیراوە، بەردەوامیشین لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەرهەم بە بازاڕ بکەین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات و دەڵێت "هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات." ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و گوتی "به توندى سهركۆنهى ئهو هێرشه تيرۆرستييه دهكهم كه شهوى ڕابردوو كرايه سهر كێڵگهى كۆرمۆر." وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی جەختی لێ کردووەتەوە "ئهم هێرشه دژى ژێرخانی ئابوورى و خزمهتگوزارييه گشتييهكانی عێراق و هەرێمى كوردستانه و ههڕهشهيهكى ڕاستهوخۆيه لهسهر ئاسايش و سهقامگيريى وڵات." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە "ئهرك و بهرپرسياريهتيى حكوومهتى فيدراڵى عێراق و دامهزراوه ئهمنییه پهیوهندیدارهکانه و پێويسته به زووترین كات ههوڵی جددی بدهن و ڕێكارى پێویست و کاریگهر بگرنهبهر بۆ لێپێچينهوه و سزادانى ئهنجامدهرانى ئهم تاوانه و ڕێگهگرتن له دووبارهبوونهوهى." ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2025، لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، توانییان دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی بەردەوامی تیمەکانیان، ئاگرەکەی کێڵگەی غازی "کۆرمۆر" کۆنترۆڵ بکەن. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشەکە، نزیکەی نۆ کاتژمێر ئاگر لە کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کەوتبووەوە و بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنترۆڵ کراوە.
کۆمپانیای دانە گاز لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەوی رابردوو کۆگەیەک لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە مووشەک بە ئامانج گیراوە. دانە گاز دەڵێت، بەرهەمهێنان وەستاوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کۆمپانیاکە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لەسەر هێڵە بۆ بەدواداچوونی زیاتر. کۆمپانیای دانا گاز (PJSC) بازاڕ ئاگادار دەکاتەوە کە کۆگایەکی عەمبارکردنی شلەمەنی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە مووشەک بە ئامانج گیراوە. هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە. پرۆسەی بەرهەمهێنان بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە راگیراوە. کۆمپانیاکە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و لە کاتی گونجاودا زانیاری و نوێکاریی زیاتر بە بازاڕ رادەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت: حکومەتی داهاتووی عێراق دەبێت گرنگی بە پرۆسەی گەشەپێدان و هەمەچەشنکردنی ئابووری بدات و زەمینەی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەموو کەرتەکان و لە هەموو ناوچەکانی عێراق. لە راگەیەندراوێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەكات قوباد تاڵەبانی: لە کۆبونەوەم لەگەڵ پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەم بەوەدا کە ئەرکی هەردوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێمە کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن و پێکەوە کاربکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریی عێراق و کوردستان. سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمیش روونمکردەوە کە حکومەتی داهاتوو دەبێت بەپێی پرەنسیپی هاوبەشی راستەقینە پێک بهێنرێت و یەکێتی بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و ناوچەکان نەکات.
هاوڵاتی بەگوێرەی چەند زانیارییەک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، دوو هاوسەر لە دادگای سلێمانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) دەستگیرکراون و ئاسانکارییان بۆ دەزگاکە کردووە لە کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی لە شاری سلێمانی. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دادگای سلێمانی دزەی پێکراوە، ئەم دوو کەسە کە پێشتر لەنێو تەڤگەری ئازادیدا بوون، دەستیان هەبووە لە کوژرانی پێنج چالاکوان لە سنووری سلێمانی. ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون باس لەوە دەکەن، ئەم دوو هاوسەرە پێشتر خۆیان لە تەڤگەری ئازادی نزیک کردووەتەوە و بەشدارییان لە چالاکییەکانی جوڵانەوەکە کردووە، لەم رێیەشەوە توانیویانە شوێنی قوربانییەکان بۆ میتی تورکیا دیاری بکەن، بە دانانی جی پی ئێس لە شوێن و جانتای قوربانییەکان و چاودێریریکردن لەرێی کامێراوە. دوان لەوانەی بوونەتە قوربانی لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی بووە و سێ کەسی دیکەش کە هەرسێکیان ژن بوون لەڕێی درۆنەوە لە دەوروبەری سلێمانی بەئامانجگیراون. زانیارییەکان بەتەواوی پشتڕاستنەکراونەتەوە و تەنها دزیان پێکراوە، تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی فەرمیش لەوبارەیەوە راگەیاندراوی نییە.
وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە بەهۆی چاککردنەوە لە تۆڕی کارەبا لەچەند مانگی داهاتوودا دەکرێت بەشێک لە هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبایان بپچڕێت. وەک بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، کاری چاککردنەوەی پێویست بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت بۆ تۆڕی کارەبا کە سوودی دەبێت لە باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبای نیشتیمانی. لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی سازدانی تۆڕی کارەبا لەلایەن تیمەکانی چاککردنەوە، دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا بپچڕێت. وەزارەتی کارەبا هاووڵاتیان دڵنیادەکاتەوە کە لەکاتی هەر پچڕانێکی کارەبا، هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانە سەرەکییەکان بەردەوام دەبن لەکارکردن و تیمەکان کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بەزووترین کات. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین پشوو درێژبن لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی سازدانەوەی تۆڕەکانی کارەبا. کە لەکاتی ڕوودانی هەر پچڕانێکی پلان بۆ داڕێژڕاو، وەزارەتی کارەبا پێشوەختە هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە. بۆیە وەزارەتی کارەبا هانی هاووڵاتیان دەدات کە خۆیان تۆماربکەن لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەوەی کورتەنامەی ئاگادارییان پێبگات.
ڕۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان - سوریا كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر یەكڕیزی و تەبایی و سیاسەتی هاوبەشی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا و پشتبەستن بە شێوازی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن لە نێوان لایەنە كوردییەكان و حكوومەتی سووریا كرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری بڵاوکراوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە، کە ئامارەکە پشتی بە سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا بەستووە، دهۆک یەکەمە لە هەژاری و بێکاریی و زۆرترین خەرجیی مانگانەدا. هەروەها بە گوێرەی داتاکانی نێو سەرژمێرییەکە، کەمترین ڕێژەی بێکاری لە سلێمانییە و کەمترین ڕێژەی هەژاری لە هەولێرە و کەمترین ڕێژەی خەرجیی خێزان لە سلێمانییە. تێكڕای خەرجی، هەژاری و بێکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری هەرێمی کوردستان؛ 14.79٪ عێراق؛ 13.48٪ ڕیژەی هەژاری هەرێمی کوردستان؛ 8.6٪ عێراق؛ 17.5٪ تێكڕای خەرجیی خێزان هەرێمی کوردستان؛ یەک ملیۆن و 411 هەزار و 494 دینار عێراق؛ یەک ملیۆن و 434 هەزار و 422 دینار تێكڕای خەرجی، هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دهۆک؛ 17.5٪ هەولێر ؛ 14.7٪ سلێمانی؛ 13.6٪ ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان دهۆک؛ 14.8٪ سلێمانی؛ 7.9٪ هەولێر؛ 5.9٪ تێكڕای خەرجیی خێزان لە مانگێکدا بە دینار دهۆک؛ یەک ملیۆن و 913 هەزار و 172 دینار هەولێر؛ یەک ملیۆن و 511 هەزار و 679 دینار سلێمانی؛ یەک ملیۆن و 275 هەزار دینار
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رێککەوتنێکی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیای جیهانی Evam واژۆکرد بەمەبەستی بەکارهێنانی پلاتفۆرمی EvamX بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کڕیاران و گەیاندنی هەڵمەتی بازرگانی پێیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی ئاسیاسێڵ و Evam هاوبەشیی نێوانیان ڕادەگەیەنن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارلێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیاران لە سەرتاسەری دیمەنی دیجیتاڵیی عێراقدا دەوحە – 25ـی تشرینی دووەمی 2025 - کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی و دیجیتاڵی لە عێراق، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەشیی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیای "Evam" ڕاگەیاند، کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی جیهانییە لە بواری کارلێک و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کڕیاران و ئاڕاستەکردنی گەشتە دیجیتاڵییەکانیان. لە ڕێی ئەم هاوبەشییەوە، ئاسیاسێڵ پلاتفۆڕمی پێشکەوتووی "EvamX" بەکاردەهێنێت کە تایبەتە بە کارلێک لەگەڵ کڕیاران بۆ گەیاندنی هەڵمەتی بازرگانیی دەستبەجێ "real-time" و زۆر کەسییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بنکە بەرفراوانەکانی کڕیارانی لە سەرانسەری عێراقدا و لە رێی هەموو خاڵەکانی پەیوەندییە دیجیتاڵیی و تەقلیدییەکانەوە، ئەمەش پێوەرێکی نوێی ناوچەیی بۆ ئەزموونی کڕیاران لە کەرتی پەیوەندییەکانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنێت. لە ڕێی ئەم هاوبەشییەوە، ئاسیاسێڵ کارنامەی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی خۆی بەرەوپێش دەبات بە بەهێزکردنی تیمەکانی بەبازاڕکردن و تیمەکانی ئەزموونی بەشداربووان 'Customer Experience' بە سوودوەرگرتن لە داتا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ، بە بەکارهێنانی ئۆتۆماندنی پاڵپشتکراو بە ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای فێربوونی ئامێر بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی هەر کارلێکێک لەگەڵ کڕیاراندا پەیوەندیدارە و گرنگی خۆی هەیە و گونجاوە، لە هەمانکاتیشدا دیزاینکردنی گەشتی داینامیکیی کڕیاران 'customer journey' و بەهێزکردنی ڕادەی دڵسۆزییان لە ڕێی کارلێکی تەواو پەیوەندیدار و خێراوە. بە سوودوەرگرتن لە پلاتفۆڕمی evamXـی کۆمپانیای Evam، ئاسیاسێڵ پێگەی خۆی وەک یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگە هەرێمایەتییەکان پتەوتر دەکات لە پرسی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کارلێكکردنی پشتبەستوو بە ژیریی دەستکرد کە کواڵیتیی هەر کارلێکێک لەگەڵ کڕیاراندا بەرزتر دەکاتەوە. لە ڕێگای پلاتفۆرمی evamXـی کۆمپانیای Evamـەوە، ئاسیاسێڵ سەردەمێکی نوێی کارلێککردن لەگەڵ کڕیاراندا دەستپێدەکات لەسەر بنەمای خێرایی و زیرەکی؛ ئەو چارەسەرانەی خراونەتە بەردەم ئاسیاسێڵ، وا دەکەن کارلێکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ و کەسیی لە چەندین کەناڵەوە و لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی یەکگرتوودا ڕووبدات، لە هەمان کاتیشدا شیکارییە پێشکەوتووەکان و تێگەیشتنە بەهێزەکانی ژیریی دەستکرد بوار بۆ بڕیاردانی خێراتر و پشتبەستوو بە داتا دەڕەخسێنن کەلە کارلێکی کڕیاران باشتر دەکەن و لە هەمان کاتیشدا هەر ئەزموونێک مانادارتر دەکەن، ئەمەش دڵسۆزیی کڕیاران زیاتر دەکات و سیستەمی دیجیتاڵی لە عێراقدا بەهێزتر دەکات. چرا حسێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی بازرگانیی (CCO) ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ئێمە لە ئاسیاسێڵ پابەندین بە داڕشتنی سیماکانی داهاتووی دیجیتاڵیی عێراق لە ڕێگەی داهێنانەوە؛ داهێنانێک کە خزمەت بە کڕیارەکانمان دەکات. هاوبەشییمان لەگەڵ Evam بوارمان بۆ دەڕەخسێنێت ملیۆنان کارلێکی ڕۆژانە بگۆڕین بۆ ئەزموونی دەستبەجێ و مانادار کە بە ژیریی دەستکرد و داتا پاڵپشتکراون، ئەمەش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەر ئەزموونێکی کارلێک [لەگەڵ کڕیاران] لە کاتی گونجاوی خۆیدا بێت، و لە هەمان کاتیشدا کەسیی بێت و پەیوەندیدار بێت بە خواستەکانی هەر یەکێک لە کڕیارەکانەوە." لە لای خۆیەوە دێروک موتلو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Evam ڕایگەیاند: "ئێمە زۆر خۆشحاڵین بە پێشوازیکردن لە ئاسیاسێڵ بۆ نێو خێزانی Evam. ئەم هاوبەشییە ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی ڕوولەزیادی کۆمپانیاکانی پەیوەندییە لە ناوچەکەدا بە ئاڕاستەی لەخۆگرتنی کارلێکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ 'real-time' لەگەڵ کڕیاراندا. دیدگای ئاسیاسێڵ بۆ داهاتوو بە تەواوی هاوتەریبە لەگەڵ ئەرکی Evamـدا بۆ یارمەتیدانی براندە بازرگانییەکان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ئاماژەکانی هەڵسوکەوتی کڕیاران 'customer signals' و گۆڕینی هەر کارلێکێک بۆ دەرفەتێکی گەشەکردن." دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ ـى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیای زیاتر: www.asiacell.com دەربارەی Evam: کۆمپانیای Evam کۆمپانیایەکی جیهانییە لە بواری تەکنەلۆژیای بەبازاڕکردندا، کاری بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکانە لە بواری پێشکەشکردنی ئەزموونی کارلێکردنی کەسی و ڕاستەوخۆ "real-time" و پاڵپشتکراو بە ژیریی دەستکرد بە کڕیاران لەسەر ئاستێکی بەرفراوان. لە ڕێگەی ئۆفیس و هاوبەشەکانییەوە لە سەرانسەری ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیادا، Evam یارمەتی کۆمپانیا گەورەکان دەدات لە کەرتی پەیوەندییەکان و خزمەتگوزاریی بانکیی و فرۆشتن بە تاک بۆ دیزاینکردنی گەشتی داینامیکیی کڕیاران، و لە هەمانکاتیشدا بەرزکردنەوەی ڕێژەی گۆڕان 'conversion' (گۆڕینی هەڵسوکەوتی کڕیار) و بنیاتنانی دڵسۆزییەکی درێژخایەن لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی دەستبەجێەوە بۆ بۆچوونی کڕیاران و گۆڕینیان بۆ کرداری بەجەستە. بەشی پەیوەندی میدیا: Evam – دیلارا ئاگار، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن | [email protected]
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی لیژنەیەک بۆ یەکخستنی هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان پێکهات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، میدیای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی یەکخستنی هەڵوێستی هێز و لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردن لیژنەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی پێکهات. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لیژنەکە پێکدێت لە (هۆشیار زێباری، د پشتیوان سادق و عەلی حوسێن) و، بڕیارە سەردانی هێز و لایەنە سیاسیەکان بکات و، لەیەکەم سەردانیاندا ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی 11ی 2025، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و کارکردن بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی پێکەوەیی لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان و پرۆسەی سیاسیی عێراق. ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی ئاسیاسێڵ هاوبەشی لەگەڵ Google Cloud ڕادەگەیەنێت بۆ دابینکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد لە عێراق و لەنێویشیاندا Google Workspace دەوحە، قەتەر – 26ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگی بواری پەیوەندییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ واژۆوکردنی ڕێککەوتننامەی هاوبەشی لەگەڵ Google Cloud ڕاگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی Google Workspace و ئامرازەکانی دیکەی هاوکاریکردنی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد بۆ کەرتەکانی بزنس و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە سەرانسەری عێراقدا. ئەم هاوبەشییە پێگەی ئاسیاسێڵ پتەوتر دەکات وەک یەکەمین کارپێکەری پەیوەندییەکان لە عێراقدا، کە ئامرازەکانی چارەسەریی بەرهەمهێنان و هاوکاریکردن لە Google Cloudـەوە دابین دەکات، ئەمەش پاڵپشتیی گەشەی ئابووریی دیجیتاڵیی وڵات و هەوڵەکانی بەمۆدێرنکردنی کەرتی بزنس و کارسازی دەکات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هاوبەشییەدا، ئاسیاسێڵ هەڵدەستێت بە دابینکردنی هەر یەکە لە ئامرازەکانی Gemini Enterprise و Google Workspace و Google Workspace for Education، لەگەڵ ئامرازەکانی دیکەی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد، لەوانەش Google NotebookLM، بۆ ئەوەی دامەزراوەکان بەشێوەیەکی کاراتر پەیوەندی و هاوکارییەکانیان ئەنجام بدەن و داهێنان بکەن. بەڕێز عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ئەم هاوبەشییە لەگەڵ Google Cloud وامان لێدەکات کە چارەسەری بەرهەمهێنانی متمانەپێکراو و پارێزراو و ئامادە بۆ داهاتوو بۆ کەرتی بزنس و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراقدا دابین بکەین. ئەم هەنگاوە وێستگەیەکی گرنگە لە گەشتەکەماندا بۆ خێراکردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی لە عێراق لە ڕێگای هاوبەشیکردن لەگەڵ پێشەنگە جیهانییەکانی دابینکردنی تەکنەلۆژیا." لەلای خۆیەوە غەسان کۆستا، بەڕێوەبەری گشتیی هەرێمی لە کۆمپانیای Google Cloud ڕایگەیاند: "پێکهێنانی ئەم هاوبەشییە لەگەڵ ئاسیاسێڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی دامەزراوەکان لە سەرتاسەری عێراقدا بە سوودوەرگرتن لە توانا ناوازەکانی Google Workspace و ئامرازە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد. لە ڕێگای ئاوێتەکردنی تێگەیشتنی قووڵی ئاسیاسێڵ بۆ بازاڕی ناوخۆیی و پەخش و ئامادەیی بەرفراوانی لە سەرتاسەری وڵاتدا لە لایەکەوە، لەگەڵ چارەسەرە داهێنەرەکانی Googleـدا لە لایەکی ترەوە، ئێمە پابەندین بە پاڵپشتیکردنی گەشتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرەوپێشبردنی کۆمپانیا و دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ گەشەکردن لە سەردەمی دیجیتاڵدا." ئەم هاوبەشییە لە چوارچێوەی کۆنفرانسی MWC 2025ـدا لە دەوحە ڕاگەیەندرا. هاوکات هەردوو کۆمپانیاکە مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەیان لە کۆشکی Google Cloud ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی باڵای هەردوولا. (کۆتایی) ________________________________________ دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژمارهى بهشدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی +4G بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 06.99٪ ـى دانيشتوانى عێراق دهگرێتهوه، ئهمهش وا دهكات كه تۆڕهكهى ببێته بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیای زیاتر: www.asiacell.com
مەسرور بارزانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 9 دەڵێت هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نییە، جێی داخە مووچەی مانگی 9 لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و بەغدا دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی دەستپێکردووە. چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن. مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە و پێکهێنانی باسی لەوەشکرد، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، جێی داخە کە ئێستا ئێمە چاوەڕێی مووچەی مانگی 'نۆ' ین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کردووە یان خەریکە دەستی پێدەکات. سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەختیشی کردەوە، ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە و داوامان کردووە کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی لە کاتی خۆیدا بنێرن، ئێستاش چاوەڕێ دەکەین، ئەوەی بیستوومانە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە بە زووترین کات ئەو مووچانە بنێرن. بەڵام ئەمە تەنیا مووچەی مانگی نۆ نییە، ئێمە خەریکین بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن. دەشڵێت: ئەگەر ئەمە نەکرێ، دەبێ گلەییەکە ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە لە دابینکردنی داهاتی نانەوتی، لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە، هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستانن جێبەجێ کراون، ئیتر ئێستا نۆرەی حکوومەتی فیدراڵییە کە ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
