برازایەکی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم کەسایەتی دیاری گەرمیان، زانیاری نوێ ئاشکرادەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەکبەری حاجی رۆستەم لە هەولێر گەڕاوەتەوە بۆ کفری و بە نیاز نەبووە سەردانی گوندی ئۆمەربل بکات، بەڵام دواتر بەخێرایی بەرەو گوندەکەی ڕۆیشتووە. شکار جمهور حاجی ڕۆستەم، برازای ئەکبەری حاجی رۆستەم، بە ماڵپەرى پەنجەرەی ڕاگەیاند: کاتێک مامم لە هەولێر گەڕاوەتەوە، کوڕێکی و برایەکی هاوسەرەکەی لەگەڵ بووە، کوڕەکەی پێیوتوە ئەگەر بۆ ئۆمەربل دەڕۆیت منیش لەگەڵت دیم، بەڵام ئەو ڕەتیکردووەتەوە بڕوات بۆ گوندەکەی. دەشڵێت: دواتر ڕۆیشتووەتە بەنزینخانەیەک و بەنزینی کردووە، پاشان بەخێرایی بەرەو گوندی ئۆمەربل ڕۆیشتووە، پێدەچێت تەلەفۆنی بۆ کرابێت ئەگینا پێشتر نەیویستووە سەردانی گوند بکات. بەپێی وتەی برازاکەی ئەکبەری حاجی رۆستەم، وا دیارە تاوانبارەکە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە کردبێت، بەوپێیەی کاتێک ئەکبەر حاجی ڕۆستەم گەیشتووەتە سەر زەویوزارەکەی تەقەی لێکردووە. شکار جمهور حاجی رۆستەم، وتییشی: ئەوەی دەوترێت گوایە دەمانچەکەی مامم براوە ڕاست نییە، چونکە ئەو لەهەولێر گەڕاوەتەوە و بە کەرکوکدا هاتوچۆ دەکات، بۆیە لەو کاتەدا دەمانچەی پێنەبووە. سەبارەت بە زانیارییەکانی پەنجەرە کە پێشتر بڵاویکردەوە لەبارەی ئەوەی تاوانبارەکە ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەمی بردووە و بە گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە، شکار جمهور وتی: ئەوە ڕاستە، بە گوندی دوانزە ئیمامدا هەڵهاتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە، گەنجە و دوای تاوانەکە بەڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـدا هەڵهاتووە. سەرچاوە ئاگادارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تۆمەتبارەکە گەنجە و ئۆتۆمبیلەکەی ئەکبەر حاجی ڕۆستەمی پێبووە، لەوکاتەی گەیشتووەتە نزیک کامیراکانی چاودێریی سەری داخستووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی. سەرچاوەکە دەڵێت: پێدەچێت تاوانبارەکە بۆیە ڕێگەی گوندی 'دوانزە ئیمام'ـی بۆ هەڵهاتن گرتبێتەبەر، چونکە ئەگەر بەڕێگەکانی تردا ڕۆشتبایە بەتایبەت ڕێگەی زینانە و کفری، بازگەیان تێدا بوو. دوای کوژرانی هاوڵاتی ئەکبەر رۆستەم محەمەد (ناسراو بە ئەکبەر حاجی رۆستەم) لە گوندی ئۆمەربل، پۆلیسی گەرمیان راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای دەکات کە کوژراوەکە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێل و مۆبایلەکەی براون. لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تۆمەتباران دەستیپێکردووە. بەپێی راگەیندراوەکە، شەوی ڕابردوو پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە لە حاڵەتێکی کوشتن لە گوندی ئۆمەربل سەر بە ناحیەی سەرقەڵا. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە کە هاوڵاتی ئەکبەر رۆستەم محەمەد، لەدایکبووی ساڵی 1955، لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکەی خۆیدا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەستداوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دراو و گفتوگۆ لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی هەشت و مانگەکانی دواتریش دەکرێت. سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند: کەمێک پێش ئێستا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا. لە سبەی چوارشەممەوە دەست بە ڕێککارەکانی خەرجکردنی پارە دەکرێت، ڕێککارەکان لە نێوان بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق چەند ڕۆژێکی پێویستە تاوەکو پارە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە هەولێر. دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا ڕاگەیاند: کۆمپانیای سۆمۆ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، بەمەش گرفتێکی گەورەی بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆران چارەسەر دەبێت. کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەردەوامە و گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت. سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی ڕاگەیاند: پارەی پێویستیان بۆ مووچە لەبەردەستە، تەنانەت ئێستا زیاتر لە سێ ترلیۆن دینار پارەی کاشیان هەیە، بەشی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی کوردستان دەکات. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى: لەگەڵ گەیشتی پارە لەماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا پارەی تەواوی مووچەخۆران دابەش دەکەن و لیستی دابەشكردنی مووچەش هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو دەبێت.
عەلی نزار بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت لە مانگەكانی رابردوودا هەوڵێكی گەورە خرایەكار بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان بەغدادو هەولێر، بەرپرسیارێتی باڵا لەسەر وەزارەتی نەوت بە هەموو فەرمانگەو كۆمپانیاكانی لەناویاندا (سۆمۆ)، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم هەبوو. لەلایەكی گرنگی تریش كۆمپانیا جیهانییەكانی بەرهەمهێنی نەوت بوون لە هەرێم. ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە رێككەوتنەكە گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی، بەوپێیەی گەیشتووینەتە میكانیزمی پتەو بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنەوەو پەمپكردنی بڕی بەرهەمی هەرێم، دوای تەواوبوونی چاوەڕێی رێكارەكانی پەمپكردن دەكەین و هەندێك لە كارەكان بە نوسراو دیكۆمێنت دەكرێن. هەروەها وتیشى: كۆمپانیا بیانییەكان پێویستیان بە دڵنیایی هەیە لەبارەی پێدانی شایستەكانیان دوای دەستپێكردنی هەناردەكردن، كۆمپانیاكەمان كاریكردووە بۆ پێدانی دڵنیایی بەو كۆمپانیایانەو بەمزوانە وادەی ئیمزاكردنی فەرمی رێككەوتنەكە رادەگەیەنێت.
نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان لهگهڵ ئهكيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له عێراق کۆبووەوە و " جهختيان له پتهوكردن و فراوانكردنى بوارهكانى هاريكاريى هاوبهشى نێوانيان كردهوه." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دیدارەکە دەڵێت، پهيوهندييهكانى ژاپۆن لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان، دۆخى گشتيى عێراق، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا و ئامادهكارييهكانى ههڵبژاردنى داهاتووى ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراقيان تاوتوێ كرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆنسووڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان لە دیدارەکە بەشدار بووە و پهيوهندييهكانى ژاپۆنيان لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان به مايهى "بايهخ و گرنگ" بۆ ههردوولا له قهڵهم دا. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ههردوولا ئامادهيى و كار و چالاكيى كۆمپانيا ژاپۆنييهكانيان له عێراق و ههرێمى كوردستان به گرنگ دانا و تيشكيان خستەسهر ئهو بوارانهى دهكرێ ژاپۆن وهبهرهێنانيان تيادا بكات. نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانين"ـى بۆ هاوكارييهكانى ژاپۆن، رۆڵ و ئامادهيى و چالاكيى كۆمپانياكانى له عێراق و ههرێمى كوردستان دووپات كردهوه. ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە. لە دیدارەکەدا دوايين پێشهاتهكانى رۆژههڵاتى نێیوهڕاست و لێكهوتهكانى بهسهر عێراق و وڵاتانى ناوچهكهوه، باسکران.
هەولێر و بەغدا لەبارەی پرسی هەناردەی نەوت گەیشتوونەتە کۆتایی، هاوکات بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێدراوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی مانگی حەوتی ئامادەکردووە و چاوەڕێی نووسراوێک دەکات، تاوەکو بۆ بەغدای بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وتى: داهاتی نانەوتی مانگی حەوت ئامادەیە، بەڵام دیار نییە چەندی ڕادەستی بەغدا دەکرێت، ئەم پرسە دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەکلایی دەبێتەوە." ئەنجوومەنی دەوڵەت دوای پێنج کۆبوونەوە بە نووسراوی فەرمی و بە 21 لاپەڕە بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نارد، ماوەتەوە سەر ئەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر بدات. دوێنێ دووشەممە کاتێ ئەنجومەنەکە وەڵامەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نارد چوار لاپەڕەی بۆ زیادکراوە و دەستکاری بەشێک لە ناوەرۆکەکەی کراوە و چەند بڕگەیەکی بۆ زیادکراوە کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە. لەلایەکى دیکەوە، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرکەوە اگەیاند، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت 230 هەزار بەرمیلە. 50 هەزاری بۆ بەکاربردنی ناوخۆیە، ئەوەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی سۆمۆ دەکرێت. دەشڵێت، کێشەی مووچەش چارەسەر بووە. رۆژی دووشەممە رێککەوتنی سێقۆڵیی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و عێراق لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆکرا.
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە: دوو بەرپرسی بواری نەوت رایانگەیاندووە، رۆژی دووشەممە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی بەراییان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت ئەنجامداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا لە ڕێگەی بۆرییەوە. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانەوە، چاوەڕوانی رەزامەندی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە. هاوكات ئاژانسی "بلومبێرگ" لە زاری بەرپرسێکی تورکیاوە رایگەیاندووە: وڵاتەکەی هیچ ئاستەنگێک بۆ رۆیشتنی نەوت دانانێت هەرکاتێک لایەنە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن. ئاژانسه ئەمریکییه له زاری ئەو بەرپرسەوە ئاماژەی بەوەشکردووه: پلانی سەرلەنوێ دانوستان لەبارەی هێڵی بۆرییەكان لە هەرێمی کوردستانەوه بۆ تورکیا نابێته رێگر لەبەردەم رۆیشتنی نه وت و ئاشكراشیكردووە، عێراق ئاگاداری کردوینەتەوە هەناردەکردنی نەوت له چەند رۆژی داهاتوو دەستپێدەکاتەوه . لەلایەکى دیکەوە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بۆ میدیای عێراقییەکان قسەیکردووە دەڵێت: مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە چارەسەرکردندایە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ڕادەگەیێنرێت. دوێنێ دووشەممە، لە هەولێر کۆبوونەوەیەک لەنێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و نوێنەری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت بەڕێوەچوو. ڕەشنووسێک ئامادەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا ڕێککەوتن و واژۆکردنی ڕابگەیێنرێت. لە ڕۆژی 25-3-2023 لەسەر بنەمای سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق دادگای ناوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریدا و هەناردەی نەوت وەستا.
ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتی دیاری سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە گوندی ئۆمەربل کوژرا. کوڕە گەورەکەی جەخت دەکاتەوە باوکی کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکات بە زووترین کات بکەرانی ئەم رووداوە بدۆزنەوە و سزایان بدەن. شەوی رابردوو، ئەکبەر حاجی رۆستەم، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە گوندەکەی خۆیان بەناوی ئۆمەربل، لە سنووری قەزای کفری کوژرا. تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی بە ڕوونی ئاشکرا نەکراوە. کۆچەر ئەکبەر، کوڕە گەورەکەی ئەکبەر حاجی رۆستەم، بە کەناڵ8ی راگەیاند، کە باوکی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەس نەبووە. داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە بە خێرایی تاوانباران دەستگیربکەن و ڕاستیی کوشتنەکە ئاشکرا بکەن. گوتیشی، لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، ئۆتۆمبێلەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. عەلی جەمال قەدوری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی لە سەرەتای رووداوەکەوە زانیارییان پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ڕووداوەکە نازانن و لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکردووە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان. ئەکبەر حاجی رۆستەم، جگە لەوەی کەسایەتییەکی دیاری سنووری ئیدارەی گەرمیان بوو، هاوکات کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بوو. کوژرانی ناوبراو کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیویۆرکەوە ڕایگەیاند، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی نەوت 230 هەزار بەرمیلە. 50 هەزاری بۆ بەکاربردنی ناوخۆیە، ئەوەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی سۆمۆ دەکرێت. رۆژی دووشەممە رێککەوتنی سێقۆڵیی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و عێراق لەبارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت واژۆکرا. د. فوئاد حوسێن دەڵێت: "ئەمە رێککەوتنێکی گرنگە، ئاسان نەبوو. تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی وا نەکراوە." وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها گوتی، "ئەمە رێککەوتنێکی زۆر جیاوازە؛ رێککەوتنێکە لە نێوان هەولێر و بەغدا و، لە نێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکان." هەروەها "ئەم رێککەوتنە راستەوخۆ پەیوەندی بە بودجەوە هەیە و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت." د. فوئاد حوسێن ئەوەشی گوت کە پرسی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەبێت. لەلایەکى دیکەوە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی " الشرق" لە نیویۆرکەوە، دەڵێت: جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران. فوئاد حسێن، هۆشداریی دا لە سەپاندنەوەی سزاکانی پێشوی ئەوروپا بەسەر ئێرانداو وتی: گەڕانەوە بۆ ئەو سزایانە هەموو لایەک بەرەو بنبەست دەبات، کە بە مەترسیدار وەسفی کرد. راشیگەیاند:هەڕەشەكانی ئیسرائیل له دژی ئێران دەبێتە هۆی گرژیی زیاتر و کێشەی گەوره له ناوچەکه بە دوای خۆیدا دەهێنێت. سەبارەت بە مەترسییەكانی عێراقیش، فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەكرد: جوگرافیا و ئاسمانی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕ، ئەوەش لێكەوتەی ئەو هێرشانەیە (جەنگی ئێران و ئیسرائیل)، هیواشی خۆی دەربڕی ئەو گرژییانە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا ڕایگەیاند: بۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دووپاتمان کردووەتەوە، مافی کورد لە سووریا دەپارێزین، بەڵام ئەوان سستن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق. دووشەممە 22ـی ئازاری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەچوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا لە نیویۆرکی ئەمەریکا گوتی: دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بگەینە ڕێککەوتنی ئاشتی و زۆر بەخێرایی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەتایبەتیش ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئازاری ڕابردوو واژۆمان کرد. شەرع دووپاتی لەوە کردەوە، پرەنسیپی زۆرینەیان لە هەڵبژاردندا ڕەت کردووەتەوە، چونکە باوەڕیان بە بەشداریی تەواوی لایەن و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سووریا هەیە. سەرۆکی سووریا گوتیشی: نکۆڵی لە پێکهاتەی کورد و پێکاتەکانی دیکەی سووریا ناکەین، داوامان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کردووە تێکەڵی سوپا بن بۆ ئەوەی کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەربگرین. لەبارەی ڕووداوەکانی دوایی سووریاش، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکان پێکهێناوە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن. سەبارەت بە ئاڵۆزی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلیش، سەرۆکی سووریا گوتی: دەکرێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ لایەن هەوڵدەدەن ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن. گرنگنرین قسەکانى ئەحمەد شەرع... 🔹سوریا پێویستی بە دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ژیان، سەرۆك ترەمپ سزاكانی لەسەر هەڵگرت، دەبێت كۆنگرێس كار بكات بۆ ئەوەی بەیەكجاری سزاكان لاببات. 🔹تائێستا زیاتر لە 250 هەزار بێسەروشوێن لە سوریا هەن، ملیۆنێك مرۆڤیش لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا كوژراون. 🔹كەوتنی رژێم دەرگای قۆناغێكی مێژوویی نوێی بۆ ناوچەكە كردەوەو، ئەمڕۆ بەرژەوەندی هاوتا لەنێوان سوریاو خۆرئاواو ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە. 🔹سوریا لە 60 ساڵی رابردوودا ئاڵۆزی زۆری بۆ بەجێماوەو ناتوانین بە یەكجار كێشەكان چارەسەر بكەین. 🔹كۆنترۆڵی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، سوریا دەپارێزێت لە ململانێ و ئاڵۆزیی. 🔹پێشنیارمان بۆ هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) كردووە لەگەڵ سوپای سوریا تێكەڵ ببێت بۆ سودوەرگرتن لە شارەزاییان، بەڵام دواكەوتن هەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە). 🔹مافەكانی كورد لە سوریا بەپێی دەستور پارێزراوە. 🔹مانەوەی هێزەكانی (هەسەدە) لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا عێراق و توركیاو سوریا روبەڕووی مەترسی دەكاتەوە. 🔹سوریا دەوڵەتی یاسایەو بە یەك مەودا لە هەموو هاوڵاتیانی سورییەوە رادەوەستێت. 🔹پێویستە بگەینە چارەسەری ئاشتیانەو خێرا بەتایبەت رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە)دا. 🔹بنەمای پشك پشكێنەمان رەتكردەوەو لە پێكهێنانی حكومەتدا پشتمان بە بنەمای شەراكەت بەست. 🔹گرنگترین ئەولەویەتمان بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنییە لەرێگەی یەكڕیزی گەل و كۆنترۆڵی چەك لە دەستی دەوڵەتدا. 🔹لیژنەمان پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی راستییەكان لەبارەی رووداوەكانی (ساحیل)و (سوەیدا)وە، رێگەمان داوە بە هاتنی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی. 🔹پابەندین بە لێپێچینەوە لەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر هەر هاوڵاتییەكی مەدەنی، چونكە سوریا دەوڵەتی یاسایە. 🔹هەندێك لایەن هەوڵی وروژاندنی ململانێی تائیفی دەدەن بۆ ئەوەی دەستوەردات لە كاروباری ناوخۆی سوریا بكەن. 🔹كار بۆ هێوركردنەوە دەكەین لەگەڵ ئیسرائیل، دەكرێت لەدوای رێككەوتنی ئەمنیی، باس لە پەیوەندی ئایندەمان لەگەڵ ئیسرائیل بكەین. 🔹خاكی سوریا نابێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ كەس، دیمەشق نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و دانوستان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی 1974.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی گشتیی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کراون. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. نيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 2025/9/22 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له بهڕێز محسن مهندهلاوى، جێگرى يهكهمى سهرۆكى ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق و شاندێكى ياوهرى كرد كه له بهڕێزان جێگرى دووهمى سهرۆكى ئهنجومهنى نوێنهران و ژمارهيهك له ئهندامانى ئهنجومهن پێكهاتبوو. له كۆبوونهوهيهكدا دۆخى گشتيى عێراق، پرۆسهى سياسى و ههڵبژاردنهكانى داهاتووى ئهنجومهنى نوێنهران، كار و بهرنامهكانى ئهنجومهنى نوێنهران، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا و دۆخى ناوچهكهيان تاوتوێ كرد. ههردوولا جهختيان له گرنگيى چارهسهركردنى كێشهكانى عێراق، بهتايبهتى چارهسهركردنى كێشهكانى ههولێر ـ بهغدا لهسهر بنهماى دهستوور و ڕێككهوتنهكان كردهوه كه له بهرژهوهنديى ئارامى و سهقامگيريى وڵات و پێشكهوتنيدايه. ههر لهمبارهيهوه سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى ههموو ئهو كهسايهتى و لايهنانهى كرد كه كار بۆ چارهسهركردنى كێشهكان دهكهن، ههروهها پشتيوانيى خۆى بۆ ههوڵهكان و لێكگهيشتنى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و حكوومهتى فيدراڵ دهربارهى پرسى شايسته داراييیهكان و مووچهى مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان، دووپات كردهوه. ههردوولا هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى بهڕێوهچوونى ههڵبژاردنهكانى داهاتووى ئهنجومهنى نوێنهران و باسيان له ئامادهكارييهكان كرد. لهمبارهيهوه ههردوولا برهودانيان به پرۆسهى ديموكراسى به پێويست و گرنگ بۆ پاراستنى ئارامى و سهقامگيريى وڵات له قهڵهم دا. گرنگيى كارى هاوبهش و هاريكاريى نێوان پێكهاته و لايهنه سياسييهكانى وڵات و چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان واژۆکرد. دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان لە هەولێر واژۆ کرد، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایدەگەیەنێت، کەمێک پێش ئێستا لە هەولێر، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرا. بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەقى ریککەوتنەکە رەوانەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بکرێت، بۆ ئەوەى لەکۆبنەوەى سبەینێ گفتوگۆو بڕیارى لێبدرێت، لەدوای ئەم رێککەوتنە چاوەڕوان دەکرێت، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە ڕابگەیەنرێت و دواتر وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان. لە مانگى تەمموزى رابردوودا، حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ رێککەوتبوون. بەپێی ئەو رێککەوتنە، لەبەرامبەر ناردنى مووچەى مووچەخۆران لەلایەن بەغدادەوە، دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت بکرێت. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان مانگانە بەشى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکان بداتە بەغداد. بە ئەنجامدانى رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت، بەربەستێکى گەورەى بەردەم مووچە چارەسەردەکرێت. تەنیا رێککەوتن لەبارەى پشکى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکانى هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، کە ئەویش هەنگاوى باشى بڕیوە و ئەنجوومەنى دەوڵەت راو سەرنجى خۆى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران ناردووە.
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە ڕاگەیاند، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە و ئەوانیش سوورن لەسەر ئۆپەڕاسیۆنەكانیان لە دژی داعش. ئەبجەر داوود، وتەبێژی هەسەدە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی لە حەسەكە رایگەیاند، لە 8ـی كانوونی یەكەمی 2024ـەوە تا ئێستا، داعش 153 جار هێرشی كردۆتە سەر هێزەكانی هەسەدە. هەروەها ئاشكراشی كرد لە هێرشەكانی داعشدا 30 شەڕڤانیان شەهید بووە و 12 شەڕڤانیش بریندار بوون هەروەها 6 هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشەكانی داعشدا گیانیانلەدەستداوە. لە بەردەوامی قسەكانیدا، ئەبجەر داوود وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردسات نیوز دایەوە و وتی، ئەوان ئارامی و سەقامگیری هەموو سوریایان دەوێت و بۆ ئەم مەبەستەش دانووستانەكانیان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە. ئەبجەر داود ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە ناشرینكردنی هەسەدە بڵاو دەبنەوە، پلانی دوژمنانە و هەموو دەزانن هەسەدە بەرگری لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەكات و هێزیكی رێكخراوە.
دەستەی مافی مرۆڤ چوار دانیشتنیان لەگەڵ زیندانیان لالەزار کردووە و زانیارییان لەسەر چۆنیەتى ژیانیان خستوەتەڕوو دەڵێن ئێستا لە زیندانن دەڵین دۆخیان باشە و بەیانین ماست و قەیماخیان بۆ دەچێت لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەستگیرکراوانی دیکەی لالەزار لە زیندانی کانی گۆمەی ئاسایشی سلێمانی دەمێننەوە، دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی کردوون و دەڵێت، لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژیانیان و رەفتاری ناو زیندانییەکان بوون. تیمەکە سەرەتا سەردانی بازنەی یەکەمی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی کرد، ژمارەیان لە نێوان 8 بۆ 9 کەس دەبوو، لەوانە: یاسین بەرزنجی، بەرپرسی دەستی ئەمنی، ئەحمەد فاتیح، بەڕێوەبەری نووسینگە، موحسین خۆشناو، پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی. دەستەکە ئەوانەی هەموو پێکەوە بینیوە، جلوبەرگی ئاساییان لەبەربووە، هەموویان جلی رەشیان لەبەر بوو، سەرۆکی دەستە لەبەرئەوەی پیشتر نەیناسیون سەرەتا وایزانیوە زیندانی نین، تاوەکو پێیان ناساندبوون، دەڵێن: ئەو کۆمەڵە ریشیان تاشراو و خاوێن بوون، رەنگ و روویان لە زیندانیی نەدەچوو. شاندەکەی دەستی مافی مرۆڤ ماوەیەک لەگەڵیان دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووە، لە میانەی قسەکانیان، موحسین خۆشناو رایگەیاندووە: دۆخیان باشە، کێشەیان نییە، لە چەند رۆژی رابردوو منداڵەکانی بینیوە. رێبوار حامید حاجی غالی، فەرماندەی هێزی دووپشک گوتوویەتی بریندار نییە و خواردنیشیان "خۆشە". ئەحمەد فاتیحیش بە هەمان شێوە باسی خۆشیی خواردنەکانی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ماست و قەیماغیشیان بۆ دەبەن. هیچ کام لە نێوبراوان باسی لێدان یان ئازاردانیان نەکردووە لە زینداندا، بەڵکو ستایشی هەڵسوکەوت و رەفتاری کارمەندانی زیندان و ئاسایشیان کردووە. هەروەها، هەموویان رایانگەیاندووە پێویستیان بە پارێزەر نییە و چاوەڕێی دادگە دەکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو ببن. بەرپرسانی ئاسایش بۆ دەستەی مافی مرۆڤیان روون کردووەتەوە کە داواکاری گشتی و دادوەر سەردانی دەستگیرکراوانیان کردووە و هەر کەسێکیش داوای پارێزەری کردبێت، بۆیان دابین کراوە. لە قۆناخی دووەمدا، دەستەکە داوای بینینی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی کردووە. بەر لەوەی دەستەکە ببەنە لایان، بەرپرسانی ئاسایش رەخنەیان لە دەستەی مافی مرۆڤ گرتووە بەهۆی دەرکردنی بەیاننامە کە رێگەیان لێگیرابێت سەردانی زیندانەکان بکەن و پێیان گوتوون، سەرەڕای هاوکاری و رێگەپێدان راگەیێندراوتان لە دژ دەرکردووین، ئێستا دەچنە لای هەمووان و دوایی کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی بکەن. سەرۆکی دەستە گوتوویەتی بە مەرج کار ناکات، خۆیان بڕیار دەدەن چی دەکەن. دواتر، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگییان لە ژووری تایبەت و جیاواز بینیوە. هەردووکیان تەلەڤزیۆن، کتێب و خواردنی جۆراوجۆر، لەگەڵ چەرەساتیان لابووە. لاهوور شێخ جەنگی بە دەستەی مافی مرۆڤی گوتووە، چاوەڕێی دادگە دەکات و هێشتا لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبوون. ناوبراو نیگەرانیی خۆی لە درێژبوونەوەی ماوەی لێکۆڵینەوەکان دەربڕیوە و گوتوویەتی: دەمەوێت لەنێو خەڵک بم. ژوورەکەی لاهوور شێخ جەنگی نزیکەی نۆ مەتر چوارگۆشە بووە، ژورێکی باش، سپلیت، تەلەڤزیۆن و راخەر و سیسەمی خەوتنی تێدابووە. دواتر دەستەی مافی مرۆڤ چوونە لای پۆڵاد شێخ جەنگی، ئەویش ئاماژەی بەوەداوە کە دکتۆر سەردانی دەکات و کتێب دەخوێنێتەوە و سەیری یارییەکانی تۆپی پێ دەکات. ژوورەکەی ئەویش وەک هی لاهوور بووە و گوتوویەتی هیچ کێشەی نییە. دۆخی برینەکەی پۆڵاد بەرەو باشبوونەوە دەچوو. هیچ کام لە لاهوور و پۆڵاد مۆبایلیان پێنەبووە، بەڵام کاتی تەلەفۆنکردنیان دیاریکراو بووە و بە بەرنامە تەلەفۆنیان کردووە. لە کۆتایی سەردانەکەدا، ئاسایش بە تیمەکەی گوتووە کوێی دیکەتان دەوێت، ئەوانیش گوتوویانە ئەو کۆمەڵەی لەگەڵ ئەوان دەستگیر کراون، دەستگیرکراوان زیاتر لە 200 کەسن، بەسەر چەند هۆڵێک دابەشکراون، دەستەی مافی مرۆڤ بەدڵی خۆیان هۆڵێکیان هەڵبژاردووە نزیکەی 50 کەسی تێدابووە. ئەم هۆڵە سپلیت و تەلەڤزیۆنی تێدابووە. دەستگیرکراوان لەو هۆڵەدا رایانگەیاندووە، هیچ پارێزەرێکیان نییە و داوایشیان نەکردووە، ئەوانەی لە هۆڵەکەبوون هەندێکیان خۆیان بە "قوربانی" وەسف کردووە، هەریەکێکیان شتێکی گوتووە، بەشێکیان گوتوویانە هیچ پەیوەندییان بە حیزبایەتی نەبووە و تەنیا بۆ کارکردن لەوێ بوون، هەیان بووە گوتوویەتی بە میوانی چووە و دەستگیرکراوە. بەرپرسانی ئاسایش دووپاتیان کردووەتەوە کەسوکاری دەستگیرکراوان بە بەردەوامی و تەنانەت لە رۆژانی جگە لە کاتی سەردانیشدا، سەردانی دەستگیرکراوانیان کردووە.
بانکی ناوەندیی عێراق پێشبینی دەکات مانگی تەممووزی ساڵی 2026 وادەی کۆتاییهێنان بێت بە پارەدانی کاش لە هەموو دامەزراوە حکومییەکان و دامەزراوەکانی دیکە. د. زرغام موسا، بەڕێوەبەری چاودێری دامەزراوە داراییە نابانکییەکان لە بانکی ناوەندی بە ڕۆژنامەی "سەباح"ـی ڕاگەیاند: بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی یاسادانان و ڕێنماییەکاندا و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیران و پسپۆڕانی وەزارەتەکانی دیکە، پێشکەوتنێکی باشی لە بواری پارەدانی ئەلیکترۆنیدا بەدەستهێناوە، تریلیۆنەها دینار بە شێوەی ئەلیکترۆنی دراون، جگە لەوەی بە تەواوی مامەڵەی کاش لە فەرمانگەکانی وەزارەتی ناوخۆدا نەماوە. لە 30 ئابی ئەمساڵ، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بە میکانیزمی پەرەپێدانی پارەدانی ئەلیکترۆنی کرد و جەختی لە پابەندکردنی سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بە مامەڵەکردن بە پارەدانی ئەلیکترۆنی لەبری کاش کردەوە. لەهەمان کاتدا د.زرغام ئەم ئاماژانەی بە "نایاب" ناوبرد و هیوای خواست ئەم ئەزموونە بڵاوبکرێتەوە بۆ سەرجەم وەزارەتەکانی دەوڵەت، ڕوونیشی کردەوە "زیاتر لە دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ هاندانی دامەزراوە حکومییەکانی دیکە بۆ چوونە ناو چوارچێوەی پارەدانی ئەلیکترۆنی." زرغام پێشبینی کرد "عێراق بە تەواوی ماڵئاوایی لە مامەڵەی کاش لە دامەزراوە حکومییەکان و تەواوی دامەزراوەکاندا بکات لە تەممووزی ساڵی داهاتوو". خالید جابری، سەرۆکی "دامەزراوەی ئەسڵ بۆ پەرەپێدانی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام" ڕایگەیاند، بەردەوامی هەیە لە چاکسازییەکانی سیاسەتی دارایی و نەقدی و هێڵەکانی چاکسازی بانکی، بەڵام "بەم چاکسازییانە ناتوانرێت لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بێت بۆ ئەوەی مامەڵەکانی کاش بەم خێراییە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە پێویستی بە یاسادانان و ڕێکخستنەوەی هەندێک ڕێکاری دیاریکراو و زۆر وردەکاری دیکە هەیە".
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری کەرکوک – جەیهانەوە، بەغداد نزیکە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەوەش دوای لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. سەباح سوبحی ، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکە، هەروەها رێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە زووترین کاتدا. سەباح سوبحی، بە رۆژنامەی "العربي الجدید"ی وتووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە زۆر نزیکە، لە هەنگاوێکدا كە رەنگە کۆتایی بە گرێیەك بهێنێت دوو ساڵە و نیو لە نێوان بەغدادو هەولێر بەردەوامبوو، کە گەورەترین بەربەستی بەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو. رونیشیکردووەتەوە: حکومەت نەرمییەکی روونی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان، بە دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەمەش رێژەی لێکتێگەیشتنەکانی بۆ زیاتر لە (90%) بەرزکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، لانیکەم (230) هەزار بەرمیلی رۆژانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەكان، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی دارایی عێراق و هەرێم دەبێت، بەشداریش دەبێت لە بەهێزكردنی سەقامگیری ئابوری و پاڵپشتیکردنی بودجەی گشتی.