وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە سەرەتای دەوامدا، مەراسیمی تایبەت ساز بکەن.  بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دەبێت سەرەتا یادەکە بەرز ڕابگیرێت و دواتر دەست بە تاقیکردنەوەکان بکرێت. بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە. بەگوێرەی گشتاندنەکە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، ناحکوومی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت کاتژمێری یەکەمی دەوام تەرخان بکەن بۆ سازدانی مەراسیمی تایبەت بە پیرۆزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان. ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە، بوونی تاقیکردنەوەکان نابێتە ڕێگر لە بەردەم یادکردنەوەکەدا، بەڵکو پێویستە سەرەتا بە ڕێوڕەسمێکی شایستە یادەکە بکرێتەوە و پاش تەواوبوونی مەراسیمەکە، ئینجا دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بکرێت.

لەو کاتەدا کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەدا بوون سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، میدیاکانیان هێرشی ئاگرینیان دەکردە سەر یەکتری و دەستیان لە ئاراستەکردنی دەستەواژەی زبر و ناوناتۆرە نەدەپاراست. لە دیمەنێکی پڕ دووفاقییدا کە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان نامۆ نییە، دوێنێ شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆ بوون بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و "پێکهێنانی کابینەی دەیەم"، کەچی هاوکات لە دەرەوەی ژوورەکە، ماشێنی میدیایی هەردوولا بە توندترین شێواز و بە بەکارهێنانی زبرترین دەستەواژە، "تەخوین"ـی یەکتریان دەکرد لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان. ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی دیپلۆماسیەتی نەرم لە ژوورەوە و جەنگی سەخت لە میدیاکانەوە، پرسیارێکی جەوهەریی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ئەمە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەستی سیاسی، یاخود تەنها تاکتیکێکی دانوستاندنە بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان؟ دیپلۆماسیەت لەژێر ڕەحمی بۆردومانی وشەدا بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بە ئامادەبونی هۆشیار زێباریی لە پارتی، باس لە کێشەی نێوان هەردوو حزب و ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵ و پەیجە فەرمی و سێبەرەکانی هەردوو حزب، دۆسیەی نوێ و کۆنیان هەڵدەدایەوە. میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵێکی خەستی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان و لێکەوتەکانیان دەکرد، پارتیان بە ڕاگواستن و تاکڕەویی تۆمەتبار دەکرد.   لەبەرامبەریشدا میدیای پارتی باسی لە ئاژاوەگێڕیی یەکێتی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکرد. ئەم دۆخە، دوو گریمانەی زەقی هێناوەتە بەرباس، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین: گریمانەی یەکەم: بنبەستی سیاسی و نەمانی متمانە بۆچوونێک کە بەشێک لە شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە، پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێ متمانەیی قوڵـە. ئەویش بەم هۆکارانە: * شکستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو: هەردوو لا هەست دەکەن ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو جێبەجێ نەکراون. یەکێتی پێیوایە پەراوێز خراوە، پارتیش پێی وایە یەکێتی لەمپەر بۆ حکومەت دروست دەکات. * شەڕی مانەوە: هێرشە میدیاییەکان دەریدەخەن کە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ئابوری و ئەمنییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دانوستانەکان لە چەقی خۆیاندا چەقیبن و کۆبوونەوەکان تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقام و دۆستە دەرەکییەکان بێت. گریمانەی دووەم: تاکتیکی کاتیی لە بەرامبەردا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەشێکە لە تاکتیکی سیاسی، ئەویش بۆ بەدییهێنانی ئەم ئامانجانە: * بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی: کاتێک میدیاکانت ئاگرین دەکەیت، پەیامێک بە بەرامبەر دەدەیت کە "ڕازیکردنی بنکەی جەماوەریمان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت سازشی گەورەتر بکەن." * شەرعیەتدان بە سازشەکان: هەردوو حزب پێویستیان بەوەیە لەبەردەم جەماوەری خۆیاندا وا دەربکەون کە "بە زەحمەت" و دوای "ململانێیەکی سەخت" دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، نەک بە ئاسانی سازشیان کردبێت. دەرئەنجام؛ حکومەتێک لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک ئەم دۆخە تاکتیک بێت یان بە بنبەست گەیشتن، دەرئەنجامەکەی بۆ داهاتووی کابینەی دەیەم کە ژانی پێکهێنانی درێژترینە لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیدارە. چونکە پێکهێنانی حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهێنراوە و پێکهێنەرەکانی خەریکی هاڕینی ئێسکی یەکتری بن لە میدیاکانەوە، ئاماژەی ئەوە دەدات کە سەقامگیریی سیاسی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەژێر پرسیاردا دەبێت. خۆ ئەگەر کۆبوونەوەکان بۆ بنیاتنانی متمانە بن، ئەوا "ناوناتۆرە" میدیاییەکان، ئەو متمانەیە دەڕوخێنن بەرلەوەی دروست ببێت. یان پێدەچێت ئەم دۆخە گوزارشت لەو دیمەنە بکات کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لە وەسفی دۆخی کوردیدا وتی: "کوردەکان لە بەیانیاندا دەستی یەک دەگرن و لە ئێواراندا خەنجەر لە سێبەری یەک دەدەن!"

ساڵح موسلیم، تورکیا تۆمەتبار دەکات بە رێگریی کردن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئادار و گروپە چەکدارەکانیش هان دەدات دژی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، دیمەشقیش هەماهەنگی داعش دەکات. پێیوایە حکومەتی نوێی سوریا بە تەواوەتی لە ژێر کاریگەریی ئەنقەرەدایە. ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی لە دەرەوە ئاراستە دەکرێن و نایانەوێت کێشەی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت. ساڵح موسلیم ئەندامی ئەنجومەنی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە: پێشئەوەی بچێتە واشنتن، ئەحمەد شەرع لەگەڵ شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کۆبوەوە و لیژنە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 10ـی ئادار درووستکرا، بۆ ئەوەی نیشانی بدات نەرمی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمەریکاش دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، باسی رێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنران. ساڵح موسلیم، رەخنە لە بەرپرسانی تورکیا دەگرێت بەوەی بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار دەکەنەوە، بەڵام لە پشت پەردەوە سیاسەتی دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیڕەو دەکەن، دیمەشق بە تەواوەتی لەژێر کاریگەری تورکیادایە، هەرچی تورکیا بیەوێت دەیکات، گروپەکانی سەر بە تورکیا هەندێکجار هێرش دەکەنە سەر سنوورەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەوان دەیانەوێت شەڕ لە دێرەزوور و شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن. ئەو گروپانە تا ئەمڕۆش پشتیوانی لە تورکیا وەردەگرن و هەوڵی درووستکردنی ئاستەنگ دەدەن. ساڵح موسلیم ئەوەی خستووەتەڕو، هەندێک گروپ هەن لەناو تورکیا کێشەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت پشێوی دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن، کەسانێک هەن لەناو تورکیادا نایانەوێت دانوستانەکان بەردەوام بێت، ئەوەندەی دەبینین لە ئێستادا پرۆسەکە لەلایەن تاکەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، یەکێکیان شەرعە و ئەوی دیکەیان شەیبانییە. ئەوان پەیوەندی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەندامەکەی سەرۆکایەتی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکردووە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سنورەکانی لەگەڵ تورکیادا بکرێنەوە و هاوڵاتیان بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، بەڵام تائێستا حکومەتی سوریا داواکارییەکی لەو شێوەیەی نەکردووە. سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی حکومەتی دیمەشق دژی عەلەوییەکان و دروزەکان، موسلیم دەڵێت: رێککەوتنی 10ـی ئادار بۆ هەموو سوریا بوو، مادەی 1 و 2 بۆ هەموو نەتەوەکانی سوریا بوو. ئەو رێککەوتنە لە کاتی کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان ئەنجامدرا، بۆ راگرتنی کۆمەڵکوژییەکان کراوە. پێدەچێت ئێستا بۆچوونی حکومەتی کاتی سوریا لەگەڵ ئەمەدا نەگونجێت، چونکە یەک هێزی حوکمڕانی دەوێت. بۆیە دووژمنایەتی درووز و عەلەوی و کورد دەکات. ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەکەن. سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکومەتی دیمەشق و داعش ساڵح موسلیم وتوویەتی: "کاتێک داعش شەڕی ئێمەی دەکرد، ئەوان چوونە ئیدلب و ناو و جلوبەرگیان گۆڕی، ئەوەی ڕوویدا شانۆیەکی نهێنی بوو، کاتێک حکومەتی تەحریر شام هاتە سەر دەسەڵات و رژێمی سوریا رووخا، ئەوان لە ئیدلەب مابوونەوە. شانە نووستوەکان بەئاگاهاتنەوە گروپێکی زۆریان چەکیان هەڵگرت. بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەت شەڕی داعش دەکات. ئەوان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتوون، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەو پرسە دەکەن.

محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێک لە بارەی دواین پەرەسەندنەکانی عێراق پێشکەش کرد. محەممەد حەسان لە گوتارەکەیدا گوتی: داوا دەکەم حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات پێبهێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان، چونکە بەغدا و هەولێر پێویستی بە هەماهەنگی نێوانیان هەیە، لەسەر بنەمای دەستوور. دەشڵیت: لە عێراق ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە، هەروەها زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی خەڵکی شنگال دوای 11 ساڵ هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون. ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوە عێراق بەسەر ململانێیە ناوخۆییەکان سەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کێشەی ئەمنی و ئابووری بە تەواوی چارەسەر نەکراون. نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق باسی لەوەش کرد، لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی عێراق و بە تایبەت هێرشەکەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر نیگەرانە و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە بەرپرسیارن دەبێت بدرێنە دادگا.

وتەبێژی بارەگای بارزانی لە وەڵامی لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەدا ڕایگەیاند، ناوبراو هێشتا بە عەقڵیەتێکی شۆڤێنیانە مامەڵە دەکات و لێدوانەکانی سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ، دوورن لە هەموو نەریتێک و خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکەن. بارەگای بارزانی سەبارەت بە وردەکارییە ئەمنییەکان و شێوازی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری، ڕوونی کردەوە، سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەپێی ڕێککەوتن و تەوافوقی پرۆتۆکۆلیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بووە.  هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و بەردەوام لە کاتی سەردانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا بۆ هەرێم، یەکە سەربازییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە یاوەرییان دەکەن و هیچ گرفتێک دروست نەبووە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە،  ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی، پشتیوانیکردن بووە لە پرۆسەی ئاشتی، کە خودی باخچەلی بانگەشەی پشتیوانی لێ دەکات. گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پێیان وا بووە گۆڕانکاری بەسەر بیرکردنەوەی باخچەلیدا هاتووە و دەستبەرداری ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیەت بووە، بەڵام دەرکەوتووە کە ناوبراو هەمان گورگە بۆرەکەی جارانە و ئێستا تەنیا لە پێستی مەڕدا خۆی نمایش دەکات. ئەمە دەقی وەڵامەکەیە:  بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.  قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر، بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک ڕووینەداوە. سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست، دەکرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە،   ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ڕێککەوتی 3 و 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت. هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لەو دوو ڕۆژەدا، مووچەی هەردوو مانگی ئازار و ئەیلوولی ساڵی 2025 بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە لە دوای ڕێکەوتی 1ـی تەممووزی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون. ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی لاجان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قووڵی نیگەرانە لەو گرژییانەی کە لەم دواییانەدا لە گوندی لاجان لە هەولێر ڕوویانداوە." بافڵ جەلال تاڵەبانی داوا لە حکومەت دەکات هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدات و دەڵێت، "نیگەرانییەکانی ئەو خەڵکەش مافی ڕەوای خۆیانە و دەنگەکەیان دەبێت ببیسترێت." سەرۆکی یەکێتی باسی لەوەش کردووە، "پەیامی هەرکییەکان و هەموو ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو ڕووداوەدان گەیشت و داوا لە خۆپیشاندەران دەکەین کە پابەندی یاسا بن." وەکو بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت، "گرژییەکان دەبێت بوەستن. ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەین بۆ هاوکاری و گەڕاندنەوەی ئارامی و دەستەبەرکردنی داواکارییە ڕەواکانی هاونیشتمانییان. ئەمە ساتێکی هەستیارە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و دەبێت کورد بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە بە تایبەتی ئێستا کە کاتی پێکهێنانی حکومەتە لە بەغداد." سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە ئامادەین کار لەگەڵ خۆپیشاندەران و لایەنی دەسەڵات بکەین بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئاشتییانە و دەبێت ناوچەکان لە هێزی سەربازی دابماڵرێت."

لە هەفتەی داهاتووەوە، بەناوکردنی ئۆتۆمبێل بە گرێبەستی ئەلیکترۆنی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش هاتوچۆی هەڵەبجە هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ هەفتەی داهاتوو هەرشۆفێرێك سەردانی پشکنینەکانی هەزەو بەڕاد دەکات بەمەبەستی “بەناوکردنی ئۆتۆمبێل” پێویستە شۆفێر گرێبەستی ئەلیکترۆنی لەگەڵ خۆی بهێنێت بە پێچەونەوە کاروباری یاساییان بۆ ئەنجام نادرێ لە پشکنینەکان. ئەوەشی وتووە: بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 7ی کانوونی یەکەم، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دانەگاز رەتیدەکاتەوە لەلایەن ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە داوای راگرتنی بەرهەمهێنانی گازیان لێکرابێت لە هەرێمی کوردستان. دانەگاز هەواڵەکەی ماڵپەری ئەمریکی ( ئەلمۆنیتۆر) بە تەواوەتی بە "هەڵە و بێ بنەما" ناودەبات و دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روونی ئارەزووی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز بە زووترین کات راگەیاندووە." دانەگاز دەڵێت، "سوپاسی تایبەتی سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەی دەکەین بۆ پاڵپشتییەکانیان و بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان و  سوپاسی بەرپرسانی دیکەی عیراق دەکەین بۆ سەردانی بەپەلەیان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەسەر روووداوەکە". پێشتر بەرپرسێکی باڵای کورد لە عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی (ئەلمۆنیتەر)ی ڕاگەیاندبوو: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە." مشتومڕەکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بوونەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییەی 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڕا. سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەگاز کردووە، کە لە کۆرمۆر کار دەکات، تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو دەکات بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، ئەم هەنگاوە کوردستان لە تاریکیدا دەهێڵێتەوە، ژێرخان پەکدەخات و دەبێتە هۆی سەختی و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سوودانی هیچ پاساوێکی بۆ ئەمە نەخستووەتە ڕوو. سوودانی 72 کاتژمێری بۆ لیژنەکە دانابوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام وادەکە بەسەرچووە بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەنجامەکان هەبێت. سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و بودجەی فیدراڵی، لەگەڵ ئەمەشدا بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەرهەمهێنانی گاز بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبێتەوە. هەروەها ئێستا بەراورد بە پێشوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ئەو گفتوگۆ سیاسییە گەرمانەی ئێستا لە بەغدا هەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

شاندی ئیمراڵیی "دەم پارتی" بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێككەوتن. بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، شاندەكە پێكهاتوون لە پەروین بوڵدان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ، پەرلەمانتار میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ پارێزەری نووسینگەی یاسایی سەدە. ئەمە یەكەمین سەردانی شاندەكەیە دوای كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی "دیموكراسی، خوشك-برایەتی و یەكگرتنی نەتەوەیی" بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی. شاندی كۆمسیۆن لە 24ـی تشرینی دووەمی 2025دا لە زیندانی ئاسایشی توندی جۆری ئێفی ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت. شاندەكە پێكهاتبوو لە گوڵستان كلچ كۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆكانی دەم پارتی، فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆكی گشتیی مەهەپە و لە ئاكەپەش حسێن یامان، بە هێلیكۆپتەر چوونە دوورگەی ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كەوت. لە هەژدەیەمین كۆبونەوەی خۆیدا كە رۆژی هەینی (21ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەچوو، كۆمیسیۆنی هاوپشتی برایەتی و دیموكراسی نیشتمانی لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا شاندێكی كۆمسیۆنەكە بچنە دوورگەی ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆببنەوە. رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2025)، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە كۆبونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی حیزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: ئێستا كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كارەكانیان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمرالی. وتیشی: "ئەگەر كۆمسیۆنەكە كەسی دیاری نەكرد بۆ سەردانی ئیمرالی، دەتوانم سێ هاوڕێ لەگەڵ خۆم ببەم و بچم بۆ ئیمرالی بۆ كۆبونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان". دوای بڕیاری كشانەوەی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی باكوری كوردستان لە (26ـی تشرینی یەكەمی 2025) دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە پەیامێكی بڵاوكردەوە و پێشوازی لە كشانەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا و باكوری كوردستان كرد، وتیشی "مەهەپە ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی". باخچەلی رایگەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردۆتەسەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن.

بەرپرسێکی باڵای کورد لە عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی (ئەلمۆنیتەر)ی ڕاگەیاندووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کرد، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە." مشتومڕەکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بوونەوە، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بەغدا لیژنەیەکی وەزاریی پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مووشەکییەی 26ی تشرینی دووەم کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڕا. سوودانی فەرمانی بە کۆمپانیای دانەگاز کردووە، کە لە کۆرمۆر کار دەکات، تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە کارەکانی تەواو دەکات بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت. بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، ئەم هەنگاوە کوردستان لە تاریکیدا دەهێڵێتەوە، ژێرخان پەکدەخات و دەبێتە هۆی سەختی و ناڕەحەتی بۆ هاووڵاتییان. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە سوودانی هیچ پاساوێکی بۆ ئەمە نەخستووەتە ڕوو. سوودانی 72 کاتژمێری بۆ لیژنەکە دانابوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام وادەکە بەسەرچووە بەبێ ئەوەی هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەنجامەکان هەبێت. سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر پشکی داهاتی نەوت و بودجەی فیدراڵی، لەگەڵ ئەمەشدا بە تووندی ڕەتیکردەوە کە بەرهەمهێنانی گاز بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبێتەوە. هەروەها ئێستا بەراورد بە پێشوو، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە هەموو کاتێک ئاڵۆزترە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ئەو گفتوگۆ سیاسییە گەرمانەی ئێستا لە بەغدا هەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بە سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق داوە، کە وەک بەهێزترین پارتی سیاسیی پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگی مسۆگەر کردووە، بەمەش لە ئاستی هەموو حزبەکانی عێراق، هێزێکی گەورەی دانووستاندنی پێدەبەخشێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و پێکهاتووە لە پارتە تاکەکەسییەکان و بە (چوارچێوەی هەماهەنگی) ناسراوە، زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی بەدەستهێنا کە 46 کورسییە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا 27 کورسی بەدەستهێناوە. سەرەڕای خواستی سوودانی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ خولی دووەم، کەم کەس باوەڕیان وایە بتوانێت پارێزگاری لەم پێگەیەی بکات، بەتایبەتی بەبێ پشتیوانیی کورد. کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان، سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم دابین دەکات. ڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2025، دانە گازی ئیماراتی، کە شانبەشانی نەوتی هیلال (Crescent Petroleum)  کێڵگەکە بەڕێوەدەبەن، ڕایگەیاند، مووشەکێک بەر کۆگای گازی کێڵگەکە کەوتووە، کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی و پچڕانێکی فراوانی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان. هیچ گرووپێک دەستبەجێ بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرت، هەرچەندە کۆدەنگییەکی بەرفراوان هەیە کە هێرشەکە لەلایەن یەکێک لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدرابێت، کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت پلانی هێرشی هاوشێوەیان بۆ سەر دامەزراوە وزەییەکانی هەرێم داڕشتبێت و لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پارەدار بکرێن. هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە گەورەترین دەستدرێژی دادەنرێت لە دوای زنجیرەیەک هێرشی درۆنی لە مانگی تەممووزدا بۆ سەر پێنج کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە بڕی 220 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دابەزینی بەرهەمهێنانی گشتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 70%. بەرپرسە باڵاکەی کورد بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، بێنە بەرچاوەکانت و بیر لەوە بکەرەوە ئاخۆ دۆخمان چۆن دەبوو ئەگەر ئەو ئامانجەی بهاتایەتەدی." پێگە هەواڵییەکە ئاماژەشی دا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی وەڵامی داواکاریی ئەلمۆنیتەری بۆ لێدوان نەداوەتەوە. ئیدارەی ئەمەریکا لە ڕێگەی (مارک ساڤایا)، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، ڕوونیکردووەتەوە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێکی نوێ ناکات کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی بریکارەکانی ئێراندا بێت. ساڤایا، کە نزیکە لە دۆناڵد ترەمپ و بە ڕەچەڵەک عێراقییە، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس هێرشی کردە سەر ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و گوتی: "پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسانی ئەم پەلامارە دەستنیشان بکات و ڕووبەڕووی دادگایان بکاتەوە. با ئەوە ڕوون بێت: لە عێراقێکی خاوەن سەروەریی تەواودا هیچ شوێنێک بۆ گرووپی چەکداریی لەو شێوەیە نییە."

دوای ئەوەی خەڵكی گوندی لاجان گوندەكەیان چۆڵكرد و لە دەرەوەی گوندەكە مانەوە، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكەیان، داواى ئەوەش دەکەن تەواوی هێزە ئەمنییەكان لەنزیک گوندەکەیان بکشێنەوە و سەرجەم دەستگیركراوەكانیان ئازادبكرێت، دوای چەند رۆژێک ئاڵۆزی لە گوندی لاجان لە سنووری پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "دۆخەکە تەواو ئاسایی بووەتەوە". لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجاندا، دوێنێ بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە ماڵەکانیان چۆڵکرد و بەهۆیەوە ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی لاجان ئاسایی بووەتەوە و خەڵک هەمووی گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی". پارێزگاری هەولێر گوتی، "هیچ پشێوییەک نەماوە، ئێستا خەڵک لە گوندی لاجان و دەوروبەری سەرقاڵی بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی خۆیانن". ئومێد خۆشناو شەوی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە سەرجەم ئەو چەکانەی لە گوندی لاجاندان "جەرد" دەکرێن و چەک لە خەڵک وەرناگرنەوە. هاوکات خورشید هەرکی، خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری هەرکی ڕایدەگەیەنێت کێشەی گوندی لاجان چارەسەرکراوە و خەڵک گەڕاونەتەوە. نیوەڕۆی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گوندەکەیان چۆڵکرد، خورشید هەرکی گوتی، "دەنگۆیەکی وا لەنێو خەڵکدا دروستکرابوو، کە خەڵک دەگیرێن و چەکدەکرێن و دەنگۆی دروستبوونی ئاژاوە وایکرد خەڵک گوندی لاجان چۆڵبکەن." لە گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی لاجاندا، کەسێک گیانی لەدەستدا کە بە گوتەی کەسوکارەکەی "شۆفێری بارهەڵگر بووە و بە گوـلەی وێڵ شەهید بووە".

پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەنگۆکان و دڵنیاییدان بە هاووڵاتییان گەیشتە گوندی لاجان و لە پەیامێکی تونددا پەردەی لەسەر پیلانێکی دەرەکی و میدیایی هەڵمای.  ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دروستکردنی ئاژاوە لە گوندی لاجان، هەوڵێکی نەزۆکی نەیارانە بۆ لەبیربردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و کەمکردنەوەی شانازیی سەرکەوتنەکانی پارتی، بەڵام عەشیرەتی هەرکی و هێزە ئەمنییەکان بە یەکەوە ئەو پیلانە لەبار دەبەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو گوندی لاجان، داوای لە دانیشتووانی گوندەکە کرد کە بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ناوبراو هەموو ئەو پروپاگەندانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئازاردانی خەڵک دەکەن و ڕوونی کردەوە کە هاتنی هێزە ئەمنییەکان تەنها بۆ پاراستنی سەروماڵی خەڵکی لاجان و ڕێگریکردنە لەو دەستە دەرەکییانەی دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن، نەک بۆ لێدان لە خەڵکی کاسبکار و نیشتمانپەروەر. لە بەشێکی گرنگی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر هێرشی توندی کردە سەر بەشێک لە دەزگا میدیاییەکان و ئاشکرای کرد کە ئامانجی ئەو میدیایانە لە گەورەکردنی کێشەی لاجان و پێچواندنی بە دۆخی (لالەزار)، تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شەرمەزارییە گەورەیە بووە کە لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر تووشیان بووە.  خۆشناو جەختی کردەوە، ئەم سیناریۆیانە ناتوانن سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان لەکەدار بکەن و خەڵکی کوردستان ڕاستییەکان لەبیر ناکەن. سەبارەت بە هەڵوێستی عەشیرەتی هەرکی، ئومێد خۆشناو ستایشی ڕۆڵی مێژوویی ئەو عەشیرەتەی کرد و بە پارێزەرانی سەنگەرەکانی پێشەوەی کوردستان وەسفی کردن، ئەو ڕوونی کردەوە، چەند کەسێکی ئاژاوەگێڕ بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی عەشیرەتێکی گەورەی وەک هەرکی ناکەن، بەڵکو خودی هەرکییەکان لە پێشەوەی حکوومەتن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستە تێکدەرانە و خۆیان بە خاوەنی ڕاستەقینەی حکوومەت و وڵات دەزانن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا: ــ  ئەو دەزگا ئیعلامیانەی كە دەڵێن لاجان داگیركراوە بە دڵنیایی حەزدەكەن هەموو كوردستان داگیربكرێت، ئەوانە هەر حەزیان لە سێبەری داگیركارانە. ــ  دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دەدەین بەسەر ئەو فیتنەگێڕییەدا سەردەكەوین. ــ دەستی ئەوانە دەبڕدرێت كە دەیانەوێت ئاژاوە لە كوردستان دروست بكەن. ــ هیچ كەسێك لە لاجان دەستگیرناكرێت و ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن. ــ تەنها لێپرسینەوە لە خەڵكی ئاژاوەگێڕ دەكرێت لە خەڵكی ئاسایی ناكرێت. ــ پیلانەكە لای ئێمە ئاشكرایەو هی ئەمڕۆ نییە. ــ هەندێك لە دەزگا ئیلامییەكان دەیانەوێت كارە شەرمەزراییەكەی كۆرمۆر بزر بكەن. ــ دەیانەوێت بیشوبهێنن بەو رووداوە ناشرینەی لە لالەزار بووەو ئەوەی پێ پەردەشۆش بكەن، ئەوە مەحاڵە لە بیروەری خەڵكی كوردستان ونبێت. ــ ئەئەوانەی دەیانەوێت كۆرمۆر لەبیرببنەوە، بە گروپی تیرۆرست و لە یاسا دەرچوەكان و بەوانەی كە لە هەرێمی كوردسانیشەوە چاوساغیان بۆ دەكەن دەڵیین، كۆمۆر بە سەرتاندا تێناپەڕێت. ــ هیوادارین وەزارەتی رۆشنبیری بێلایەنانە كاری خۆی بكات و یاسا بەسەر دەزگاكانی راگەیاندن جێبەجێبكات، چونكە بەشێكن لە فینەگێڕییەكە.

ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتەسەر بەمەبەست بووە و بێجگە بڕینی کارەبا ئامانجێکی دیکەی لەپشت بووە ئامادەکردنى: هاوڵاتى عێراق دەزانێت بکەری هێرشەکە کێیە و دەریناخات لەدوای هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر پرسیار دروست بوون لەبارەی هێرشەکەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە کیڵگەکە بکرێت تا هێرشی دیکەی نەکرێتە سەر.  بەگوێرەی روانگەی "ئیکۆ عێراق"، دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکە. یەکەمیان بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە بەنێو کیڵگە هەستیارەکانی غاز و نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە تەکنەلۆجیا و چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن تاوەکو توانای پاراستنی کیڵگەکەیان هەبێت.  دووەمیان ئەوەیە ئەرکی پاراستنی کیڵگە نەوتی و غازییەکان بدرێت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بەشێوەی گرێبەست و پێشتر حکومەتی عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا هەبووە. روانگەی ئیکۆ دەڵێت، ئەمە بەرمەرجێکە کە حکومەتی عێراق تێچووی دارایی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە لەئەستۆ بگرێت.  کیڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنێت. پێشتر کێڵگەکە 375 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەو کۆگایەی هێرشی کراوەتەسەر ئامانجی سەرەکی بووە و مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە وردی ئەو کۆگایە بووە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەو کۆگایە بەشێکە لە پرۆژەی کەی ئێم 250 کە ئەمساڵ لە کیڵگەکە بەگەڕخراوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، دامەزراوە نوێیەکانی پڕۆژەی کەی ئێم 250 بەشێکی لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین کراوە و لەلایەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە.  ئامانجی هێرشەکە زۆر دیاریکراوە و بەرژەوەندی ئەمریکا بەئامانجگیراوە. بەناراستەوخۆ میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن تۆمتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چووە کێڵگەکە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و تەنها دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە دووزخورماتووەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە. کیفاح مەحمود، کە یەکێکە لە راوێژکارەکانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەواڵگریی وڵاتەکە بكەران و ئەو گرووپانە دەناسن هێرش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگن، ئەنجامی هێرشەکە راناگەیەنن و یەک تاوانبار دەستگیر ناكەن.

راگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی: بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، رێككەوتی 1/12/2025، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو. تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و تێڕوانین و ستراتیژی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ. جەخت لەوەكرایەوە، مەهامی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەت خزمەتكردنی هاوڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەكانە بەبێ جیاوازی. کۆبوونەوە جەختی کردەوە، کە یەکێتی دەوری خۆی دەگێڕێ و هێزی کۆمەڵانیی خەڵکی کوردستان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە سیاسیەکانی عیراق بۆ بەدیهێنانی عیراقێکی بەهێز و سەربەخۆ، کە بگات بە ئاستی چاوەڕوانی گەلەکەی و بە پرۆژەیەکی سیاسی و ئابووریی نوێ خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵکی عیراق بە هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێکهاتەکانییەوە بکات بەبێ جیاوازی. هەر لەكۆبوونەوەكەدا، هەڤاڵی تێكۆشەر و خۆشەویست، دوای 49 ساڵ خەبات و قوربانیدان، هەروەها ئامادەبوونی لەهەموو قۆناغەكانی شاخ و شار، هەڤاڵی تێكۆشەر (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری)، بەویستی خۆی داوای لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە لە دەرەوەی ئۆرگان و بەرپرسیارێتی حزبی داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و لەهەر وێستگەیەكی خەباتیشدا لەپێناو یەكێتی ئامادەیی دەبێت. لەبەرامبەردا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانی خۆی و خانەوادە سەربەرزەكەیانی كرد. هەروەك رۆڵی هەڤاڵ شاڵاوی بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی كردوویەتی و ووتی، "دەگمەنن ئەو سەرکردانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری پۆست دەبن، ئەوەی باوە بەرپرسانی ناوچەکە هێندە لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، کە خەڵک کارە باشەکانیان لەیاد دەکەن، بۆیە ئەوەی هەڤاڵ شاڵاو ئەمڕۆ کردی نموونەی سەرکردەیەکی سەربەرز و بوێر و نیشتیمان پەروەرە". هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رۆڵی هەڤاڵ شاڵاویان بەرز نرخاند، لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی چەندین ساڵەی رابردووی لەنێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان