هاوڵاتی  هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم دوو گروپی تیرۆریستی ئاشکرادەکات کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوە. لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رۆژی ٢٠٢٣/١٠/٢١ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە دەڤەری (پشدەر و بتوێن) لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ڕیزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستی یە". ئاماژەی بەوەشکراوە "دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و دەستخستنی بەڵگەی دروست لەسەر مەرامی تیرۆریستان و ناو و ناونیشانیان، ماوەی ٢٠ رۆژ خرانە ژێرچاودێری بەردەوام و پاشان بەڕەزامەندی دادوەر لە ئۆپراسیۆنێکدا ٢٠٢٣/١٢/١٥لە قەڵادزێ (١٠) تیرۆریست دەستگیرکران و دووانیان ئافرەتن". ئەوەشخراوەتەرووو " دواتر لێکۆڵینەوەکان چڕکرانەوە و لە هەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیای هێزەکانی ئۆپراسیۆن لە٢٠٢٣/١٢/١٧ لە رانیە، قەڵادزێ، ژاراوە، حاجی ئاوا، شکارتە (٢٠) تیرۆریستی تر دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاساکرانەوە". لە راگەیەندراوەکەدا هاتووشە "سەرئەنجام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن".

هاوڵاتی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دوای سەرەخۆشی کردن لە خێزانی  ئەو دوو جوتیارەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەستدا دەڵێت، تورکیا بە یارمەتی پارتی دیموکراتی کوردستان  شاڵاوێکی نوێی کیمیاباران و ئەنفال ئەنجام دەدات. ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ هاوڵاتی نێردراوە کەجەکە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێم بڵاوکردەوە و بەتایبەتیش ئەو هێرشەی تورکیا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو جوتیاری کورد لە هەرێمی کوردستان وباسی لەوەکردووە کە ئەو هێرشە سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تورکیا دژی هەموو کوردێکە و رژاندنی خوێنی کورد و کاولکردنی نیشتمانی کورد بە کارێکی رەوا دەزانێت. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کەجەکە سەبارەت بە سەردانی وەزیرەکانی تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا دەڵێت، ئامادەکارییە و دەیانەوێت عێراق پەلکێشی هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا بکەن "لەم شاڵاوە نوێیەی ئەنفال و داگیرکارییە". هاوکات ئەوەشی ڕونکردۆتەوە کە  "لە ئەنجامی هێرشەکانی  تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند چووڵ و خاپور کراون، بە سەدان هاوڵاتیی شەهید بوون، بە سەدان بریندار بوون و بە دەیان هەزاریش لە سەر زێد و خاکی خۆیان ئاوارە بوون و هەروەها بەسەدان گەریلای ئازادیی کوردستانیش لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا شەهید بوون".   دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە کە وێنەیەکی بۆ هاوڵاتی نێردراوە: کەجەکە؛ تورکیا و پەدەکە ئەنفالێکی نوێ بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن لە ‌هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر چیای “سیارێ’ گۆندی کافیای سەربە شارەدێ دینارتەی هەرێمی بادینان، دوو هاوڵاتیی باشوری کوردستان بە ناوەکانی “بەشیر عومەر عەلی” و “عارف تەها” شەهید بوون. شەهید بەشیر و شەهید عارف لە کاتێکدا بوونە ئامانجی سوپای داگیرکەری تورکیا کە لە نێو باخ و زەوی گوندی خۆیاندا خەریکی کار بوون. لێرەدا وێرای شەرمەزار کردنی ئەم کۆمەڵکوژییە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەموو خەڵکی باشوری کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدان “بەشیر عومەر عەلی” و “عارف تەها” دەکەین. ئەم هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە تورکیا دژی هەموو کوردێکە و رژاندنی خوێنی کورد و کاولکردنی نیشتمانی کورد بۆ خۆی بە کارێکی رەوا دەزانێت. لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان تا ئێستا نزیکەی هەزار گوند چووڵ و خاپور کراون، بە سەدان هاوڵاتیی شەهید بوون، بە سەدان بریندار بوون و بە دەیان هەزاریش لە سەر زێد و خاکی خۆیان ئاوارە بوون و هەروەها بەسەدان گەریلای ئازادیی کوردستانیش لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا شەهید بوون، ئەمە شاڵاوێکی نوێ کیمیاباران و ئەنفالە کە لە سەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجام دەدرێت و دەسەڵاتی پەدەکەش هاوشێوەی جاش و موستەشارەکانی سەردەمی بەعس هاوبەشی ئەم ئەنفالەیە، چاوساخی بۆ دەکات، تاوانەکانیان پەردەپۆش دەکات و تەنانەت رەوایەتییان پێدەدات، هەروەها رێگری لەوە دەکات کە هەڵوێستی جەماوەری و نیشتمانپەروەری لە دژی ئەم کۆمەڵکوژییانە پێش بکەوێت، واتە تورکیا و پەدەکە ئەنفالێکی نوێ بە سەر کوردستاندا دەسەپێنن، لە کاتێکدا کە خوێنی سووری هاونیشتمانیانی باشور بە دەستی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەڕژێت و بەم شێوەیە شەهید دەکرێن، دەسەڵاتدارانی پەدەکە لە سەر فەرشی سوور پێشوازی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن، لە ئامێزیان دەگرن و دەست لە ناو دەست پۆز بۆ کامێراکان دەدەن. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان و باخچەلی خەریکی داڕشتنی پلانێکی نوێ و بەرفراوانی داگیرکارییە لە دژی باشوری کوردستان. سەردانی وەزیرە تیرۆریستەکانی تورکیا بو هەولێر و بەغدا ئامادەکارییەکە بۆ ئەم هێرشە، دەسەڵاتدارانی پەدەکە دەیانەوێت دەوڵەتی عێراق پەلکێشی هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا بکەن لەم شاڵاوە نوێیەی ئەنفال و داگیرکارییەدا، هەربۆیە بانگەوازیمان هەیە بۆ هەموو هێز و لایەنەکانی باشوری کوردستان و هەروەها دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراق کە لە دژی ئەم هێرش و کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەربگرن و بەم جۆرە رێگری لەوە بکەن کە تورکیا زیاتر و زیاتر خوێنی هاوڵاتییانی باشوری کوردستان بڕژێنێت. لێرەدا جارێکی دی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی باشووری کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهید عارف و شەهید بەشیر دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی ئێش و خەم و پەژارەتان دەزانین. لە پەروەردگاری مەزن داواکارین کە گیانی هەر دوو شەهید بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵەی هێژایان ببەخشێت و هەروەها بەڵێن و پەیمان دەدەین کە لە سەر رێبازی شەهید هەڵمەت دێرەلووک بە گوڕترکردن و برەودانی هەرچی زیاتر بە تێکۆشان لە دژی فاشیزم و داگیرکاری و بەکرێگیراوی تۆڵەی خوێنی شەهیدان بکەینەوە”.

هاوڵاتی ڕۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سکاڵایەکی چاکسازی گەورانی هەولێرەوە دەستگیرکرا. ئەیهان سەعید، بەرگریکاری مافی مرۆڤ  لەسەر کەیسەکەی ئۆمێد بەرۆشکی بە هاوڵاتی  وت " ئەمرۆ کاتژمێر 10 هێزیکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنوسە  دوای دەستگیرکردنیشیی لەبنکەی پولیسی ماڵتاوە گوازراوەتەوە بۆ  چاکسازی زرکا. " وتیشی، ئەو ڕۆژنامە نووسە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و تەشهیر دەستگیرکراوەو لە لایەن چاکسازی گەوران لەدهۆک سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە. سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە لایەن چاکسازی گەورانی هەولێرەوە ئەیهان سەعید باسی لەوەکرد کە سکاڵاکە تۆمارکراوە دوای ئەوەی لە ٢٣ ی ئەم مانگەدا ئومێد بەرۆشکی وتوێتی "ٓمەلا نەزیر بەرواری لەلایەن ئاسایشەوە لەچاکسازی زڕکا ڕفێندراوە".  ئەوەشی ڕونکردەوە کە  گرتنی ئۆمێد بەرۆشکی بەماددەی 2 ی خراپ بەکارهێنانی موبایل  یاسایی نیە و دەڵێت قسەکانی ئەو ڕۆژنامەنوسە هیچ تەشهیری تێدا نییە "لەبەرئەوەی هەواڵی رفاندنی مەڵا نەزیر کادری یەکێتی لە چاکسازی زڕکا بۆ ئاسایش ڕاستە هاوکات  کەسوکاریشی ئەم قسەیە دەکەن کەواتە هیچ تەشهیرێکی نەکردوە و پێوستە بەزووترین کات ئازاد بکرێت"

هاوڵاتی کەمال موسلیم, وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ گرانبوونی نرخی گۆشت کردووە و هەموو رێکارێک دەگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشت، هاوتا عێراقییەکەشی دەڵێت،بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت تەنها لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە. كه‌مال موسلیم ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی، له‌باره‌ی گرانبونی نرخی گۆشت له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، "نرخی گۆست لەهەمو جیهاندا بەرزبۆتەوەو نوسراومان كردوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هۆكاره‌كانی گرانبون و هه‌روه‌ها ئه‌و رێكارانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگیدرێته‌ به‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاڕاسته‌مان كردوه‌". لایخۆیه‌وه‌ ئه‌سیر غرێری، وه‌زیری بازرگانی عێراق له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، "گۆشت و هێلكه‌ له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا نرخه‌كانیان به‌رزبونه‌ته‌وه‌ و كه‌موكوڕی هه‌یه‌ له‌ سامانی ئاژاڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جیهاندا بۆیه‌ نرخه‌كان به‌رزبونه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ زۆر هۆشیار بین له‌وه‌ی مه‌ڕو ماڵاتی وڵاتان كه‌ ده‌هێنرێن پشكنرێن چونكه‌ له‌ ئێستادا نه‌خۆشی زۆره‌". په‌یوه‌ست به‌و كێشانه‌ی كه‌ هاوڵاتیانه‌ هه‌یان له‌ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا،  وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، کوالێتی هەموو ماددەکانی بەشەخۆراک لە باشترین جۆرەکانن و خراپی کوالێتی و هەموو کەموکوڕییەک قبوڵنەکراوە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەمان ماددە دابەشدەکرێن. لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا نرخی گۆشتی سور بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆوەو لە ئێستادا بە زیاتر لە ٢٤ هەزار دینار دەفرۆشرێت،له‌كاتێكدا پێشتر نرخی كیلۆیه‌ك به‌ 20 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرا.  

هاوڵاتی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر کورسیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگاى فیدراڵی بڕیارێکی سیاسییە و تورکیای نیگەران کردووە. ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادپەروەرانە نەبووە و تەواو سیاسییە. بەشداریی تورکمان لەم هەڵبژاردنە وەکو یەکەم ئەزموونی بەشداریی تورکمانە لە دەرەوەی کۆتاکان و ئایدن مەعرووف وتی، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەن و وەک لیستی تورکمان بەشداردەبن.  باسی لەوەشکرد، قورسایی ژمارەی دەنگدەرانیان لە سەنتەری هەولێرە کە نزیکەی ٤٠٠ هەزار تورکمان لە هەولێرن، "بەڵام مەرج نییە هەموویان دەنگدەر بن" ،هەروەها وتی، لە سلێمانی و کفریش تورکمان هەیە و چاویان لەوەیە کورسی ببەنەوە. هاوکات هەر لەسەر ئەم بابەتە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ میدیای نزیک لە پارتی باسی لە نیگەرانییەکانی تورکیا کرد سەبارەت بە بڕیارەکە و ڕایگەیاند، "تورکیا نیگەرانە". دوێنێ چوارشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق دوای تاوتوێ کردنی سکاڵایەکی یەکێتی تایبەت بە کورسی کۆتاکان بڕیاریدا کە نادەستورین و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی  لە ١١١ کورسییەوە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی.  

هاوڵاتی یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، شاھین وەساف ھاووڵاتیی تەمەن ٢٧ ساڵ  و خەڵکی سەڵماسی سەربە پارێزگای ورمێ کە لە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرابوو، بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ورمێ سزای لەسێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو شاهین وەساف ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ئەیلولی  ٢٠٢٢ لەگەڵ  هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ناسر وەساف  لە ئورمیە دەستبەسەرکرابوو هاوکات دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ هەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و ناسر وەساف ڕۆژانی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کراوە. شایانی باسە ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەریدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و بینینی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك و دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن و دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگای كەركوك کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند خاڵێکی خستە بەردەم لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و رێککەوتنی لەسەرکرا، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت: - بەهۆی گرنگی پارێزگای کەرکوکەوە وەک عێراقێکی بچووک، بەشداربووان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ڕۆڵەکانی کەرکوک لەبەرچاو بگیرێت، پێویستە پێکەوەژیان بپارێزرێت و پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری لەنێوان ڕۆڵەکانیدا بەهێزتر بکرێت و دەستوور ئەو چەترە بێت کە هەمووان تێیدا پەنا بگرن. - رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە شێوازی هاوبەشی و ڕێککەوتن و پەراوێزنەخستن بنەمای کاری هاوبەش بێت لە پارێزگای کەرکوک. - رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرکوک لە هەموو هێزە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و ببێتە چەتری سیاسی بۆی و بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی هاوپەیمانێتێکە بکات هەتا جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە و میکانیزمەکەی و یاسا ناوخۆییەکانی هاوپەیمانێتێکە. - ئامادەکردنی (بەرنامەی بەڕێوەبردنی خۆجێی لە کەرکوک) کە لەلایەن هاوپەیمانێتێکەوە پەسەندکراوبێت، و هێزەکانی هاوپەیمانێتێکە پابەند بن پێیەوە و بەڕێوەبەرایەتی نوێی پارێزگاکە جێبەجێ کردنی لەخۆبگرێت بەپێی میکانیزم و کاتی ڕوون و کرداری. - هێزە سیاسییەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا بەڵگەنامەی کارکردن پێشکەش بکەن، لەوانە تێڕوانینی خۆیان بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی یەکخراو بۆ پارێزگاکە و میکانیزمە گونجاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.  

عەمار عەزیز   قەزای ئامێدی لەشەش ناحیە پێكهاتووەو ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 150 هەزار كەس دەبن، لەو سنورە 23 بنكەی تەندروستی هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی لەناوەندی ئامێدی، لەو 23 بنكەیە لە نۆ بنكە پزیشك هەیە ئەوانەی تر لەڕێگای پەرستارو كارمەندانی پزیشكی بەڕێوەدەبرێت لەسنوری قەزای  ئامێدی هەر كەسێك ئازاری ددانی هەبێت بەناچارییەوە دەبێت سەردانی دهۆك و شارەكانی تر بكات چونكە لەتەواوی سنوری قەزاكە تەنها یەك پزیشكی ددان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوك دەوام دەكات، هاوكات پزیشكی تایبەتمەند بەبواری دەرمانخانە نیە. مامۆستا هەیفا ئامێدی كە ماڵی لەسەنتەری شارە بەهاوڵاتی وت: كێشەی سەرەكیمان نەبوونی پزیشكی ددانە، هەركات كەددانمان ئازاری هەبێت بەبێ‌ دوودڵی دەبێت سەردانی نۆرینگەیەكی تایبەت بكەین یاخود دەبێت سەردانی دهۆك بكەین، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری تایبەت بەپزیشكی ددان هەیە، بەڵام بێ‌ پزیشكە، زیاتر لەساڵێكە ئەوە حاڵمانەو كەسیش نیە ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكات. هەروەها ناوبراو وتیشی من مامۆستام و هەموومان باش دەزانین كەدۆخی مامۆستا و فەرمانبەران لەچ ئاستێكدایە، سەڕەرای ئەمەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەكانی ددان ئینجا ئەگەر شۆردن و پاككردنەوە بێت یان دەرهێنان یاخود داگرتن «حەشووی ددان»بێت، بۆ هەموو ئەمانە یان دەبێت بچینە نۆرینگەیەكی تایبەت یاخود سەردانی دهۆك بكەین، لەنۆرینگەش بەلایەنی كەمی 30 بۆ 40 هەزار دینارت پێویستە، چ خوا قبوڵ دەكات لەهەموو قەزای ئامێدی یەك پزیشكی ددان هەبێت، باوەڕناكەم ئەمە لەهیچ شوێنێكی دونیا هەبێت». هەروەها «بۆ داگرتن واتە «حەشووی ددان» چەند جارێك سەردانی دهۆكم كردووە، هەرجارێك بەلایەنی كەم 100 هەزار دینارم پێویستە، نەك من بەڵكو ئەوە حاڵی هەموو دانیشتووانی ئامێدی-یە، لەنەخۆشخانەی ئامێدی ژووری پزیشكی ددان هەیە، بەڵام بەبێ‌ پزیشكە، خەڵك هەیە هەژارە و پارەی نیە بچێتە نۆرینگە، پێویستە بەرپرسانی تەندروستی ئەم كێشەیەمان بۆ چارەسەر بكەن تاكەی ئەوە حاڵمان بێت « هەیفا ئامێدی وای وت .  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی كەوتووە لە 2014وە پزیشكانی ددان دانەمەزراون، هەروەها  ئەو پزیشكانەی خزمەتی خۆیان لەدەرەوەی شار تەواو كردووە گەڕاونەتەوە ناوەندی دهۆك، بۆیە بۆشایی لەئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە. مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بەهاوڵاتی وت: یەك پزیشكی ددانمان هەبوو لەنەخۆشخانەی ئامێدی، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی موڵەتی دایكایەتی بەبێ‌ پزیشكی ددانین، لەئێستادا لەسنوری قەزای ئامێدی تەنها یەك پزیشكی ددانمان هەیە ئەویش لەسەنتەری ناحیەی دێرەلوكە، بەنووسراوی فەرمی داوامان لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك كردووە كەپزیشكی ددانمان بۆ بنێرن، بەڵام تائێستا نەیانناردووە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەزیاتر لە 10 ساڵە دامەزراندنی پزیشكی ددان راگیراوە بۆیە ئەم بۆشاییە دروستبووە». مەسعود بۆتی وتیشی: بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە كاتێك كەسێك كەنەخۆشی ددانی هەبێت سەردانی نەخۆشخانە دەكات و بەدەست خاڵی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، چارەسەر لای بەڕێوەبرایەتی گشتی تەندروستی دهۆكەو دەبێت ئەوان بۆمان بنێرن». دكتور سەعید عەلی محەمەد، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پزیشكانی ددان بەهاوڵاتی وت: 700 پزیشكی ددان لای ئێمە تۆماركراون، لەم ژمارەیە تەنها 120یان دامەزراون، ئەوانەی تر بەشێكیان بەخۆبەخشی دەوام دەكەن و بەشی زۆریان لەماڵ دانیشتوون، كۆمەڵێك پێشنیارمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك و لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، لەوانە هاوكارییەكی مانگانە لەگەڵ دابینكردنی شوێنێك بۆ ئەو پزیشكانە كەدەچنە قەزاكان وەكو ئامێدی و ئاكرێ‌ و شارەكانی تر یاخود بكرێنە گرێبەست، بەڵام هیچیان جێبەجێ‌نەكراون». دكتور سەعید عەلی محەمەد دەشڵێت: ئەوەی لەسەر ملی ئێمەیە بەزیادیشەوە كردوومانە، هەر پزیشكێكی ددان كەدەربچێت دەبێت لەسەنتەری شار دوو ساڵ لەنەخۆشخانەیەكی حكومی بەخوبەخش دەوام بكات و ئەوانەی لەدەرەوەی شار ساڵێك خزمەت بكات ئینجا ئێمە موڵەتی پێدەدەین نۆرینگەیەك بكاتەوە یاخود لەشوێنێكی ئەهلی كاری پزیشكی بكات، دوای خزمەتكردنی كاری خۆیان ئێمە زیاتر ناتوانین پێیان بڵێین دەبێت هەر بەخۆبەخشی دەوام بكەن، پێویستە حكومەت شتێكیان بۆ بكات ئەوانیش دەڵێن لەئێستادا ناتوانین، بۆیە كێشەكە رۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت».  

شەنای فاتیح   لەشاری هەولێر دوو کارمەندی کۆمپانیایەکی عەقارات بەتۆمەتی بردنی  نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری هاووڵاتیان  دەستگیرکراون و چارەنووسی موڵکی ئەو هاووڵاتیانەش نادیارە، سەرچاوەیەکیش لەکۆمپانیاکە ئەوەی بۆ هاوڵاتی پشتڕاستکردەوە کە لەسەر سکاڵای ئەوان ئەو دوو کارمەندە دەستگیرکراون و موڵک و مافی هیچ کەسێکیش نافەوتێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی لەشاری هەولێر نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ کەس چارەنووسی نادیارەو ئەو کەسانەش چارەنووسی پارەکانیان نادیارە بەسێ جۆر مامەڵەیان لەگەڵ لقێکی کۆمپانیایەکی خانووبەرە کەئەو لقە بریکاری فرۆشتنی پڕۆژەیەک بووە، هەروەها هەندێ هاووڵاتی موڵکیان پێ فرۆشتووەو پارەیان وەرنەگرتووە، هەندێکیشیان لەشێوەی وەبەرهێنانی هاوبەش پارەیان پێدراوە. هەروەها لەسەر ئەو کەیسە دوو کارمەندی کۆمپانیاکە دەستگیرکراون کە بەوتەی سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە لەسەر سکاڵای ئەوان بووە. ئەو دوو کارمەندەی کۆمپانیا عەقارییە کەدەستگیرکراون  لەئۆفیسی یەکێک لەگەورەترین کۆمپانیاکانی عەقاراتدا کاریان کردووەو پارەی نزیکەی ٨٠٠ کەسیان لەبەردەست بووە بۆ مامەڵەو کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، هەروەها زانیارییەکان دەڵێن، ئەوان مۆرو وەسڵی کۆمپانیاکەیان بەکارهێناوەو بەپارەکانیان موڵکیان کڕیوەو فرۆشتووەتەوە، هەروەها بەشێوەی سوو پارەکانیان وەرگرتووەو لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکدا بەڵێنی گێڕانەوەی زیاتریان بەخاوەنەکەی داوە. سەرچاوەیەک لەکۆمپانیاکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: ئەو ژمارانەی بڵاوکراونەتەوە کەباس لەبردنی چەند ملیۆن دۆلار دەکرێت، ئەوانە دوورن لەڕاستییەوەو ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە،  ئێمە وەک کۆمپانیا خەریکی پێداچوونەوەی حساباتین بۆ ئەوەی بگەین بەئەنجامێکی وردو بزانین بڕە پارەکە چەندە. وتیشی: موڵک و پارەی هیچ  کەسێک نافەوتێت و هەموو خاوەن مافەکان دەگەنەوە بەمافی خۆیان، بەڵام ئێمە چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی حساباتی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی داتایەکی دروستمان لەبەردەستدا بێت بزانین بڕەکە چەندەو ئەو رووداوە چۆن چۆنییە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کەئێمە وەک کۆمپانیا، سکاڵامان لەسەر ئەو دوو کارمەندە تۆمارکردووەو لەئێستادا دەستگیرکراون و راگیراون، «بێگومان ئەوان خیانەتیان کردووە لەئەمانەت و لۆگۆو ناوو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ هەندێ کاری دەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا». «لەدەرەوەی رێنماییەکانی کۆمپانیا هەندێک کارکراوە وەک بابەتی قیستی سەیارەو هێنانی شیش و پارەی نەقدو قیستات،  ئاڵوگۆڕی دینارو دۆلار، بابەتی ڕیبا زۆر شتی دیکەش کە لەدەرەوەی کاروباری عەقاراتن، کە ئەمانەش بەبێ ئاگاداری کارگێڕی و بەڕێوبەری کۆمپانیا، سودیان لە ناو و لۆگۆی کۆمپانیا وەرگرتووەو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە بۆ ئەو کارانە» سەرچاوەکە وای وت. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد کە ئەوان هاوکار دەبن لە یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، بەڵام رایان وایە کە پێویستیان بە هەندێک کاتە تا پێداچوونەوەی حساباتیان  تەواو دەبێت بۆ ئەوەی ئەنجامێکی دروستیان لەبەردەستدا بێت، وتیشی: « کاتێکی دیاریکراویش نییە بڵێین لەو ماوەیەدا حساباتەکانمان تەواودەکەین لەبەرئەوەی بابەتەکە کەمێک ئاڵوزە». سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کەمتر لە ١٠٠ کەس مامەڵەیان هەبووە لەگەڵ ئەم لقەدا و سەرجەمیان فایلی خۆیان هەیە،  ئێمە چێکی سەرجەم فایلەکان دەکەینەوەو پێداچوونەوەی بەسەرجەم حساباتەکاندا دەکەین چونکە ئەم بانەتە هی ماوەیەکی دیاریکراو نییە، هاوڵاتی هەیە سێ ساڵە  مامەڵەی لەوێ کردووە ئێمە پێداچوونەوە بەسەرجەمیاندا دەکەین تا بزانین هەڵە لەکوێدایە.  « لەهەندێک حساباتدا بۆمان دەرکەوتووە کە هەڵەی دیار لەژمارەی حساباتدا هەیە، ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی ورد ئەنجام دەدەین تا ئەنجامەکانمان چارەسەربن بۆ کێشەی هەموو لایەک، چونکە  ئێمە لەگەڵ چارەسەرداین و هاوکار و یارمەتیدەریش دەبین بۆ گەیشتن بەچارەسەری کێشەکە «. بەوتەی سەرچاوەکە ئەو دوو کارمەندەش لەسەر سکاڵای ئەوان دەستگیرکراون لەبەرئەوەی ناوو لۆگۆو مۆری کۆمپانیایان بەکارهێناوە. یەکێک لەزیانکەوتووەکان رایگەیاند: ئێمە کڕین وفرۆشتنمان ئەنجامداوە لەشاری هەولێرو پارەمان داوە بەو کۆمپایایەو ئەوانیش هەستاون بێ بەرپرسیارانە موڵکەکانی ئێمەیان فرۆشتووەو هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ ئێمە نەگەڕاندووەتەوە. وتیشی: ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا کڕین و فرۆشتنمان ئەنجامداوەو موڵکمان  لێکڕیوون و بەناومانەوە ناکرێت، زیاتر لەچەندەها ملیۆن دۆلار شوقە هەیە خەڵک کڕیویەتی و نەیانکردووە بەناوی خۆیانەوە لەسەر متمانەی ئەوان، ئەوانیش نەیانکردووە بەناوی خەڵکەوەو لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکان کێشەیان بۆ دروستبووەو خاوەن پڕۆژەکەش هیچ موڵکێک بەناوی خەڵکەوە ناکەن.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە بکەری سەرەکی رووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی گوڵانی پارێزگای هەڵەبجە بوو. لە راگەیەندراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای لێکۆڵینەوەی وورد و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان بکەری سەرەکی ڕووداوی کوشتنی هاوڵاتییەکەی گەڕەکی (گوڵان)لە پارێزگای هەڵەبجە بەناوی (ی، ع، م) دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر ئەو چەکەی تاوانەکەی پێ ئەنجامدرابوو". ئاماژە بەوەشکراوە "رووداوەکە لەشەوی ٢٠٢٤/١/٢٨ دوای ئەوەی هاوڵاتیەکی تەمەن (٨٥)ساڵ بەناوی ( ع ، أ ) دەستڕێژی گولەی لێکرا، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات، هێزەکانی ئاسایش لە ماوەی کەمتر لە (٤٨)کاتژمێر تۆمەتباری ڕووداوەکەیان دەستگیرکرد و دانی نا بەتاوانەکەیدا، بەهەڵە تەقەی لەم هاوڵاتییە کردووە و کێشەی لەگەڵ کەسێکی تردا هەبووە". ئەوەشخراوەتەڕوو "لەئێستادا بە مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە".

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گۆهەرزێ لە روژهەڵاتی چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. رەڤەند گۆهەرزێ، دانیشتووی گوندی گوهەرزێ بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ کاتژمێر ٤:٠٠ جارێکی دیکە سوپای تورکیا بەرزاییەکانی گوندی گوهەرزێ لە رۆژهەڵاتی چیای مەتین بۆردوومانکرد، زیانی بۆردوومانەکە نەزانراوە". بۆردوومانەکەی ئێوارەی ئەمرۆ لەکاتێکدایە کە دوێنێ لە گوندی کافیای سەر بە ناحیەی دینارتە بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، هەروەها ئەمرۆ هێزێکی پاسەوانی سنوور لەگەلی باڵندا لە سنووری ناحیەی شیلادزێ جێگیربوون.

هاوڵاتی بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە. م. ئاوات ئازاد، ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران بە هاوڵاتی وت "بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە مووچە و راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ساڵی ٢٠١٦وە بەشێوەیەکی نایاسایی کۆبێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازیی سکاڵاکەمان لەسەر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەدا داوامان کردووە مووچەکانمان هاوتای مووچەخۆرانی شارەکانی دیکەی عێراق بکرێت و دابەشکردنەکەشی دوانەکەوێت". ئەوەشی خستەڕوو "خۆشمان ئامادەی کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەی دادگای فیدراڵی دەبین، پێمان وایە لەو دانیشتنەدا دادگا بڕیاری کۆتایی بدات یان تەنیا یەک دوو رۆژێک دانیشتنەکە دوابخات و دواتر بڕیار بدات".

هاوڵاتی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای چڕە کەسوکاری ئەو خێزانەی کە پێشتر کەسێک یان لێی کۆژرا بوو هێرشیان کردە سەرماڵی تاوانبارەکان و دوو ماڵیان سووتاند، هاوکات هێزێکی زۆر لەدهۆکەوە گەیشتنە شوێنەکە ئەوەش بۆ کۆنتروڵکردنەوەی دۆخەکە. رۆژی ١١ی مانگە لەسەر رێگەی کەلەکچی بۆ چڕە-ی پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبیلێک درایە بەر دەستڕێژی گولـلە کوڕ و باوکێک لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا بوون و باوکەکە کوژرا، رووداوەکەش بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییە و لەسەر زەوی و زار. مەهران نێروەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆک تایبەت بە هاوڵاتی وت "ئەم کێشەیە لەنێوان جوتیارەکان و خاوەن زەوییەکان دایە، رۆژی ١١ی ئەم مانگە کور و باوکێک بەتەقەی گولـلە برینداربوون دواتر باوکی کورەکە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا، ئەمرۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ کەسوکاری لایەنی جوتیارەکان چوونەتە سەرماڵی لایەنی دووەم کە خاوەن زەوییەکان و دوو ماڵ یان سووتاندوە، لەسەر ئەم کێشەیە بۆماوەیەک رێگەی سەرەکی دهۆک و هەولێر داخرا دواتر رێگایەکە بەڕووی شوفێران دا کرایەوه". نێروەیی زیاتر وتی "هێشتا بە تەواوی کێشەی ئەو دوو بنەماڵەیە چارەسەر نەکراوە، بوویە روداوەکەی ئەمرۆ لێکەوتەوه، هێزێک لە دهۆکەوە گەیشتووەتە کۆمەڵگای چڕە بۆ کۆنتروڵکردنەوەکە دۆخەکە، بە هەموو شێوەیەک کارلەسەر ئەوە دەکەین دۆخەکە کونتروڵبکەین وکێشەکەیان لەبنەڕەتەوە چارەسەربکەین". کۆمەڵگای چڕە سەربەناحیەی قەسرۆکە لە سنووری قەزای شێخان دەکەوێتە سەر رێگای دهۆک - هەولێر.

سازگار ئەحمەد محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق «پارەی پێویست»ی تەرخاننەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، لەکاتێکدا پێش پێکهێنانی کابینەکەی نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی کاراکردنەوەی ماددە پەکخراوەکەی دابوو بەکورد کەتایبەتە بەدیاریکردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا، دەبوو ماددەی ١٤٠ بەسێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، کە ئەوانیش بریتین لەقۆناغی قەرەبووکردنەوە، راپرسی، سەرژمێری، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناغی یەکەمی جێبەجێکراوە بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حکومەتی عێراق و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە. محەمەد شیاع سودانی دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی کاراکردەوە کە لەساڵی ٢٠١٤ پەکخرابوو بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، بەڵام دوای نزیکەی ساڵێک دەستی کرد بەجێبەجێکردنی کارەکانی، بەرپرسانی کورد  دەڵێن ئەو پارەیەی کە بۆ لیژنەکە جێبەجێکراوە لەلایەن حکومەتەوە وەکو پێویست نییە. فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی وت «ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زۆر سەرەتایین، لەئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبوون، بەڵام ئەم لەم کابینەیەی حکومەتی عێراقدا بەراورد بەکابینەکانی پێشتر هەندێک هەنگاوی ناوە». ئەم کابینەیەی حکومەت کە دروستبوو رێککەوتن لەنێوان سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقدا کرا کە ماددەکە کارابکرێتەوەو بوودجەیەکی بۆ تەرخانبکرێت، فەهمی بورهان وتی «ئەم دوو هەنگاوە ئەرێنین». ئەگەرچی لیژنەکە کاراکراوەتەوە، بەڵام هێشتا ماددەکە لە قۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوە بەهۆی ئەوەی پارەیەکی کەمی بۆ تەرخانکراوە. حکومەتی عێراق ساڵانە تەنیا بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ قۆناغی قەرەبووکردنەوە، نوێنەرانی کورد دەڵێن ئەو بودجەیە لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بە جۆرێک چارەسەری کێشەی زەوی و زارو قەرەبوو، هەروەها گەڕانەوەی ئاوارەکان و عەرەبەکان بۆ زێدی خۆیان و ئەنجامدانی سەرژمێریکردن. فەهمی بورهان وتی «بەشێوەیەکی گشتی کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کراوە، بەڵام کارکردنەکان لەئاستی گەورەیی بابەتەکدا نەبوون، بەم پارەیە ناتوانرێت ئەو هەنگاوانە بنرێت». هەروەها وتی «یەکەم هەنگاو کە پێویستە بنرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ماددەی ١٤٠ هەبوونی جددیەتە لەبەغداوە، بەڵام ئەم جددیەتەی بەغدا نابینم، نیەتێک نییە بەئاڕاستەی جێبەجێکردنی ماددەکە، هەروەها ئەو ماددانەی دیکە کەپەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە حکومەتی عێراقی جددی نین لەجێبەجێکردنی و بیانوویان زۆرە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی هەیە پێی دەڵێت لیژنەی ماددەی ١٤٠، لەم لیژنەیەدا ئەندامی کورد هەیە، بەڵام فەهمی بورهان پێیوایە پرسی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ «گەورەترە» لەتوانای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی «ئەم پرسە زیاتر پرۆسەیەکی سیاسییەو دەبێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بێنە سەرخەت بۆ جێبەجێکردنی». بەپێی ئاماری بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ لەساڵی رابردوودا ٣٤١ خێزانی ئاوارەی کەرکوک چەکی قەرەبوویان بەبڕی ١٠ ملیۆن دینار وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٥٦ چەکی قەرەبوو بەسەر ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراوە. هەروەها ٥٤٦ چەک لەساڵی ٢٠٢٣دا لەکەرکوک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە، لەساڵی ٢٠٢٤یش تەنها ٨٠ چەک بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشکراوە. لەساڵی ٢٠٢٣دا لەخانەقین ٨١ خێزانی ئاوارەو ١٤١ عەرەبی هاوردە چەکی قەرەبوویان وەرگرتووە، هەروەها لەساڵی ٢٠٢٤ لەخانەقین تەنها چەک بەسەر ١٠٠ خێزانی ئاوارەدا دابەشکراوە». کۆی گشتی ئەو چەکانەی کە تائەمساڵ بەمەبەستی قەرەبووکردنەوە بەسەر خێزانە ئاوارەکان و عەرەبی هاوردەدا دابەشکراون لەکەرکوک و خانەقین و شنگال، بریتین لە ٤٢ هەزارو ٤٦ چەک کە بەسەر خێزانە ئاوارەکانی کەرکوک دابەشکراون و هەروەها بۆ عەرەبی هاوردەش لەکەرکوک ١٤ هەزار و ٢٢٨ چەک دابەشکراون. هەروەها لەخانەقین ١٠ هەزارو ٩٠٥ چەک دراوە بەخێزانە ئاوارەکان و دوو هەزارو ٧٧٦ چەکیش دراون بەعەرەبە هاوردەکان، هەروەها تائێستا لەقەزای شنگال ١٦ هەزارو ٩٦٦ چەک بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشکراون. هەندێک لەعەرەبە هاوردەکان کەدەستیان بەسەر زەوی کشتوکاڵی کوردا گرتووە نایانەوێت بگەڕێنەوە بەوپێیەی پارەی گەڕانەوەیان بۆ خەرجنەکراوە، ئەگەرچی بڕیارێک لەساڵی ٢٠١٢ گرێبەستەکانی تەعریب تایبەت بەزەویە کشتوکاڵیەکان هەڵوەشاوەتەوە. کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوکی ماددەی ١٤٠ بەهاوڵاتی راگەیاند «ئێمە داوامانکردووە قەرەبووی جوتیارانی هاوردە بکرێتەوە، تەنها بەشێک لەوانە ماوە کەقەرەبوو بکرێنەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئەوانە قەرەبوو بکرێنەوەو دۆخەکە ئاسایی بێتەوەو دەست لەزەوییەکان هەڵبگرن». وتیشی «ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠، بەڵام هەنگاوەکان لەسەرخۆیەو ئێمە لەوە زیاتر پێویستمان بەبودجە هەیە، چونکە ئەو بودجەیەی بۆی دیاریکراوە کەمەو ئەمەش وادەکات جێبەجێکردنی ماددەکە زۆر بخایەنێت». روونیشکردەوە «بەهۆی ئەوەی کابینەکانی دیکەی حکومەتی عێراق لەساڵی ٢٠١٤وە لەشەڕی دژ بەداعشدا بوون هیچ پارەیەکیان بۆ ئێمە تەرخان نەکرد، ئەمەش وایکرد جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ زیاتر دوابکەوێت». لەدوای کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لەڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠٢٣ یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەکە بەسەرۆکایەتی هادی عامری، سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەكە بەڕێوەچوو کەدوو ئەندامی کوردیشی تێدایە. دژوار فایەق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلیژنەی ماددەی ١٤٠ وتی «بۆ ئەوەی بتوانین داواکارییەکانی خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان جێبەجێ بکەین و دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەین، پێویستە لایەنە کوردییەکانی ئەو ناوچانە یەکگرتوو و یەکدەنگ بن». بەشێک لەبەرپرسانی کورد پێیانوایە، ژمارەیەک هێزو لایەنی عیراقی و ئەوانەی تاوەکو ئێستا دۆسییەی ماددەی ١٤٠یان بەڕێوەبردووە کەمتەرخەم بوون، چونکە جێبەجێکردنی ماددەکە لەقۆناغی قەرەبووکردنەوەدا چەقیوەو هەر ئەو لایەنانەو ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن هۆکاری پەکخستنی ماددەکەن. دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهاوڵاتی وت «لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەی ماددەی ١٤٠ کاراکراوەتەوە، هیوادارین ئەو لیژنەیە بتوانێت بەڕۆڵ و ئەرکی خۆی هەستێت و کۆتایی بەگرفت و کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بهێنێت». بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەو بڕە پارەیەی بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تەرخانکراوە، بڕی 200 ملیار دینارە بۆ هەر ساڵێک، واتە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ کەکۆی گشتیی دەکاتە ٦٠٠ ملیار دینار کەوەک بەرپرسان ئاماژەی پێدەکەن ئەو بڕە بودجەیە «کەمە» بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە. ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بریتین لەشاری كەركوك، مەخمور، قەزاکانی خانەقین، دوزخورماتوو، شنگال، ئەو گوندو ناحیانەی سەر بەو شارو قەزایانەن دەگرێتەوە، هۆكاری ناكۆكی لەسەر ئەم ناوچانە ئەوەیە كەدانیشتووانەكانیان كوردو عەرەب و توركمانن، هەر پێكهاتیەكیش لەوانە ئەو ناوچانە وەك ناوچەی خۆیان دەبینن، زۆرینەی كوردەكان دەیانەوێت ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و زۆرینەی عەرەب و توركمانەكانیش دەیانەوێت ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بێت. دوابەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانییەوە لەساڵی ٢٠٠٣، عێراق دەستوورێکی نوێی نووسیەوە، یەکێک لەماددەکان ماددەی ١٤٠ بوو بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکان. بەپێی دەستووری عێراق کەساڵی ٢٠٠٥ بەزۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسەند کرا، دەبووایە تاوەکو٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرایە کە لەسێ قۆناغ پێکهاتبوو، ئەویش ئاساییکردنەوەو سەرژمێری و راپرسی لەكەركوك و ناوچەكانی دیکە كەناكۆكییان لەسەرە بۆ دیاریكردنی ویستی هاووڵاتییان، بەڵام دوای ١٩ ساڵ تەنها بەشێکی کەمی ماددەکە جێبەجێکراوە.

هاوڵاتی ئەمرۆ چوارشەمە 21/2/2024 ، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکی تایبەت بە ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و هەروەها یەک بازنەیی و فرەبازنەیی پڕۆسەی هەڵبژاردن دا . هاوڵاتی دەقی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:   یەکەم/ نادەستووری بوونی دەستەواژەی 11 ی هاتوو لە مادەی یەکەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ی ژمارە یەک ی ساڵی 1992 ی  هەمواکراو ، رستەکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە : " پەرلەمانی کوردستان لە 100 ئەندام پێک دێت. دووەم/ نادەستووری بوونی رستەی ، " بە پێی رێساکانی یاسای برگەی چوار لە مادەی دووی یاسای کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارە 11 ی ساڵی 2007 ، تا پێک هێنانی لیژنەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ریفراندۆم لە کوردستانی عیراق" هاتوو لە مادەی شەشیت دوبارەی یەکەم لە یاسای هەڵبژارتدنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەک بۆ ساڵی 1992 ی هەموار کراو ، یاساکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە ؛" یەکەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێگەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق هاتوو لەم یاسایەدا دەگرێتەوە و سەرپەرشتی و بەرێوە چوونی هەڵبژاردنەکان دەکات و بەندی چواری مادەی شەشی سەبارە نادەستوورییە". سێیەم/ نادەستووری بوونی مادەی نۆی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەکی ساڵی 1992 ی هەموارکراو و بە کارهێنانی دەقی پێشووی لەکارخستوو بە پێی مادەی چوار لە هەمواری سێیەم ی ژمارە 47ی ساڵی 2004 و دەقەکە بەم جۆرە دەخوێنرێتەوە: " کوردستانی عیراق بۆ چەند بازنەیەکی هگەڵبژاردن دابەش دەکرێت ، بە مەرجێک لە چوار بازنە کەمتر نەبێت". چوارەم / نادەستووری بوونی مادەی سێیەم لە یاسای ژمارە 15ی ساڵی 2013 ی یاسای هەموارکردنەوەی حەوتەم بۆ یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق ژمارە یەک بۆ ساڵی 1992 ی هەموارکراو کە بەپێی مادەی 17 لە یاسای باسکراو لە کارخراوە و گەرانەوە بۆ بەگەرخستنەوەی مادەی باسکراو بەم جۆرە: " فەرمانگەی باری کەسێتی کارتی دەنگدان بۆ هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە تەمەنیان هەژدە ساڵە دابین دەکات، بە جۆرێک کە لەکاتی دەنگداندا کەسی دەنگدەر بناسرێتەوە . پێنجەم / نادەستووری بوونی دەستەواژەی (لەناوچەکانی کوردستانی عیراق) و رستەی ( نابێت ژمارەی کاندیدەکان لە هەر لیستێکی هەڵبژاردن لە سێ کەس کەمتر بێت)  ی هاتوو لە مادەی 22 لە یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عیراق بۆ ساڵی 1992 و دەبێت بەم جۆرە بخوێنرێتەوە : " هەموو کیانێکی سیاسی لە کوردستانی عیراق دەتوانێت لیستێکی تایبەت بە خۆی کە ناوی کاندیدەکانی لە خۆگرتبێت پێشکەش بکات و دەبێت لیستە پێشکەشکراوەکە لە لە ٪30 ی ژنان پێک هاتبێت و بە جۆرێک ناوی کاندیدەکان ریزکرابێت کە دڵنیایی لەو رێژەیەی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بدات. شەشەم / نادەستووری بوونی مادەکانی "شەش" و "حەوت" و " برگەی یەک / یەک و دووی مادەی 36) و ( 36 ی دوبارە) و ( برگەی "٢" لە مادەی 56 ) و (58) لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (1) بۆ ساڵی 1992 ی هەموارکراو. حەوتەم / رەتکردنەوەی سکاڵای سکاڵاکاران لەبارەی مادەکانی دیکەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ی عیراق ، ژمارە یەک ی ساڵی 1992ی هەموارکراو.