هەناو بابا رەسوڵ بەنزین لەهەولێر گرانترە بەراورد بەسلێمانی و جیاوازی نرخی لترێك بەنزینی نۆرماڵ 200 دینارە، وتەبێژی بەنزینخانەكانی هەولێر دەڵێت:» دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی عێراق هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزینن». نرخی بەنزین جارێكی دیكە لەهەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا خەڵك چاوەڕێی دابەزینی نرخەكەی بوو، شۆفێران هاواریان لێهەستاوەو بازرگانانیش دەڵێن بەدەست ئەوان نییەو باس لەهۆكارەكانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەن. ئێستا لەهەولێر و دهۆك لیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە هەزارو 100 دینار و لیترێك بەنزینی موحەسەن 1300 دینار و سوپەریش 1450 دینار لەزۆر بەنزینخانەش بەنزینی نۆرماڵ هەرزوو نامێنێ چونكە نرخەكەی لەدوو جۆرەكەی دیكە هەرزانترەو شۆفێران سەرەی بۆ دەگرن، لەسلێمانی و هەڵەبجەش لیترێك بەنزینی نۆرماڵ 900 دینارە. جەنگی مەجید، وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەنزینی حكومی هەروەك خۆیەتی ٧٥٠ دینارە، بازرگانییەكەش بەپێی پێویستی كەم بێت گران دەبێت و زۆریش بێت دادەبەزێت». وتیشی:»هۆكاری كەمبوونەكەی ئەوەیە كەپێشتر رێگاكان نەبوو، سامانە سروشتییەكان لەچەندڕۆژی رابردوودا بڕیارێكی دەركرد كەڕێگاكان بكرێنەوە، هەروەها گرانبوونی دۆلار و نەكەوتنە بواری جێبەجێكردنی بودجەشەوە هۆكارن». وتەبێژی ئەنجومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر دەشڵێت :»رەنگە رێگاكان بكرێنەوەو دۆلاریش وا دادەبەزێت ئەگەر هەیە نرخی بەنزین هەرزان بێت». «پاڵاوگەكانی لانازو كار بەنزینی حكومی بە ٧٣٠ دینار دەدەن و بە ٧٥٠ دەفرۆشرێتەوە، بازرگانییەكەش كە هەرئەوان بەشێكی دابین دەكەن ئەمڕۆ بە ١٠٨٠ دینار دراوە بەبەنزینخانەكان». جەنگی مەجید وای وت. نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی بەنزین زۆر گران بووە، هۆكارەكە بەتەواوی نازانرێت و زیاتر ئەوەیە كەبەرهەمهێنانی لەپاڵاوگەكان كەمبووەتەوە». وتیشی:»ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین و لێكۆڵێنەوە لەهۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین دەكەین، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش رایگەیاندووە كەئاسانكاری دەكەن بۆ بازرگانەكان كەبەنزین بهێنن». لەساڵی 2019 ەوە نرخی بەنزین بەهەرسێ جۆرەكەیەوە لەهەرێمی كوردستان سێ هێندە بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا بەرپرسانی حكومی بەردەوام باس لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەكەن، بەڵام هێشتا چارەسەر نەكراوە. ئازاد كەریم، شۆفێری تاكسی لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»شۆك بووم كە هاتم بینیم بەنزین 75 دینار چووەتەسەر، لەكاتێكدا لە شارەكانی دیكەی عێراق بەنزین كەمترە لە 500 دینارو لێرە(سلێمانی)  نۆرماڵ بە 900 یە». ئەو شۆفێرە داوای  لەبازرگانەكان كرد «ویژدانیان بەكاربهێنن». وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی هۆكاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین لەپارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات. بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «نرخەكان وەك خۆیانن، بەنزین لای ئێمە ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەكان وەكو كارو بێجی زیاتر لەمانگێكە لەكاركەوتوون، پاشان ماوەی مانگێكە ئەو بەنزینەی عێراق بڕدراوە كە بە ٧٥٠ دینار بوو «. وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی پێشیوابوو كە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارو بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبۆرسەی جیهانی كاریگەری هەبوو، وتیشی:»هەموو بازرگانێك لەسنووری خۆماندا ئازاد بووەو كەس سوتەمەنی قۆرغ نەكردووەو كێ سوتەمەنی دەهێنێت و دیفرۆشێت ئازادە». «لەئێستادا بەنزینخانەكانمان لەزەرەردان و هەوڵمانداوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەین، تا ئەو سنورەی بۆمان دیاریكراوە بەنزینخانەكان و بازرگانەكان هەوڵمانداوە نرخ گران نەبێت، بەڵام پاڵاوگەكانی كارو لاناز بەزین گران دەكەن و بەنرخێكی هەرزان نایدەنە بەنزینخانەكان، بەڵام پاڵاوگەیەكی دیكە كەزیاد لەمانگێكە كێشەی سیانەی هەبووە، بڕیارە دەستپێبكاتەوەو هاوكاری بەنزینخانەكان بكاتەوە « بەهمەن قادر وای وت. كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری یەكەم و سەرەكی گرانبوونی نرخی بەنزین قۆرغكارییە چ لەلایەن پاڵاوگەكانەوەو چ لەلایەن بازرگان و خاوەن وێستگەكانەوە، جگە لەوەی هیچ دەزگایەك لەهەرێمی كوردستاندا چاودێری نرخی بەنزین ناكات». وتیشی:» هەندێك هۆكاری تریش هەن وەك بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو بەهای نەوت و ئەمانە دەكەنە بیانوو بۆ ئەوەی زیاد لەپێویست نرخەكەی گران بكەن، لەكاتێكدا پاڵاوگە بۆ خۆی نەوتی خاو پەیدا دەكات و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشێت ئیتر حكومەت چیبكات». «پێویستە حكومەت چاودێری بكات لەڕووی كوالێتییەوەو قازانجەكەی بۆ دیاری بكات و ناكرێت بەمشێوەیە بازاڕی بۆ ئازادبێت و خۆی قازانج بۆ خۆی دیاری بكات، رۆڵی حكومەت لەم پرسەدا خراپەو بووەتە لایەنگیریش ئەگەربێتو لەڕووی نرخ و كوالێتییەوە چاودێری بكرێت نرخی بەنزین كۆنترۆڵ دەكرێت، بەڵام حكومەت مەبەستی نییە». كەریم عەلی وادەڵێت. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت:» چەند چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە هەیە، حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان بەنرخی پاڵپشتی بدرێتە هاووڵاتیان، هەروەها رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقی كەخاڵێكی زۆر گرنگەو كوالێتی و نرخی بەنزین رێكبخەنەوە تاهەرێمی كوردستانیش لەڕووی سوتەمەنییەوە سەقامگیربێت». كەریم عەلی ئاماژە بەوەدەكات «هەروەها چاودێرییەكی چڕی پاڵاوگەكان و بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكان بكرێت و نرخ و قازانجیان بۆ دابینبكرێت ئەوكاتە كۆنترۆڵی نرخی بەنزین دەكرێت و بەرزی و نزمی روونادات».

سەركۆ جەمال دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون، كە بڕیارە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. پێشنیاركراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی ئایار یان سەرەتای حوزەیرانی 2024 ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم چاوەڕێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكات. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەكی پارتی و یەكێتی دەستیكەوتوون، لەدوایین كۆبوونەوەیاندا ئەو دوو حزبە لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەیی‌و دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا. هەر بەپێی بەدواداچوونەكان، لەسەر ناكۆكیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەكێتی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كوردیش لەكەركوك ئەو دوو حزبە هیچ رێككەوتنێكیان نەكردووە. پێش كۆبوونەوەكە سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەگەڵ چەند پرسێكی دیكە تەوەری كۆبوونەوەكەی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی دەبێت». پێشتریش چەند جارێك یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەتەوە، دواكۆبوونەوەیان رۆژی ٩-٧-٢٠٢٣ بوو لەپیرمام، پێش كۆبوونەوەكەی پیرمامیش هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی ٢٥-٦-٢٠٢٣، لە هەولێر كۆبوونەوە. بەوتەی سەرچاوەیەكیش لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ هاوڵاتی پرسی سەرەكی كۆبوونەوەكە هەڵبژاردن بووەو تیایدا هەردوولا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كەمكردنەوەی ناكۆكیەكانیان لەناو حكومەت رێككەوتوون، هەروەها لەبارەی كاتی هەڵبژاردنی هەرێم و چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان بەپێویستیان زانیوە گفتوگۆی زیاتر ئەنجامبدرێت. ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»یەكێتی هەموو كاتێك ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن ئەوەی دەوترێت یەكێتی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت تەنها هەڵمەتێكی میدیایی پارتییە و راست نییە». وتیشی:»یەكێتی لەڕووی مەبدەئییەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و تەنیا رێگریش لەبەردەم هەڵبژاردن ئەو رێوشوێنانەیە بۆ هەڵبژاردنێكی شەفاف پێویستن». وەك ستران عەبدوڵا ئاماژەی پێدەكات «یەكێتی دەیەوێت هەڵبژاردنێكی شەفاف بكرێت نەك هەڵبژاردنێك پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكراو زانراو بێت». هاوكات دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:»سەردانی هەموو لایەنەكانمان دەستپێكردووەو دوای كۆبوونەوەكانیش سەرۆكایەتی هەرێم كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات». ئەمە لەكاتێكدایە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی 31-7-2023 رایگەیاند ئەگەر تاكۆتایی مانگی حەوت سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیارینەكات ناتوانن ئامادەكاریەكان دەستپێبكەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەمانگی شوباتی 2024 ئەنجام بدرێت. دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لەهەولێر كۆبوونەوە. رۆژی 9-7-2023، جارێكی تر كۆبوونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیەش هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بافڵ تاڵەبانی بەنیگەرانییەوە هاتە دەرەوە‌و بە میدیاكانی وت:» یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە». بەڵام دوایین كۆبوونەوەی دەباشان وادەردەكەوێت كەمێك گرژییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كەم كردبێتەوە، بەڵام ناكۆكییەكانی كۆتایی پێنەهێناوە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 3-7-2023 ی پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بەوەفدی پارتییان وتووە «دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێت‌و بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووە‌و یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە». بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لەیەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنیی نوێن‌و دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن. هاوكات هەر لەكۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لەپارتی كردووە، رێگری دەكەن لەدانانی كەسێك بەوەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییە‌و ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، لەكاتێكدا پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بەوەكالەت. سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات. نێچیرڤان بارزانی بە نووسراوی فەرمی داوای لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوە‌و رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بەمەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووە‌و هەڵبژاردنیش نەكراوە ئەویش بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی. راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی رۆژی 3-7-2023 ی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێت:» هەردوولا پشتیوانی لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەوكاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لەدوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان». ئەو دەقەی دەڵێت «دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت» دەریدەخات پارتی و یەكێتی تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هەڵبژاردن بكرێت ئەگەرنا لەسەر كاتەكەی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. بەوتەی دوو سەرچاوە لەپارتی و یەكێتی بۆ هاوڵاتی، لەدوایین كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان‌و شێوازی سازدانی هەڵبژاردن. هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە هێشتا یەكێتی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرەبازنە (چوار بازنەیی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێت‌و سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە. هەر بەپێی زانیاریەكان، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بەبازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە. بەردەوامیی ناكۆكیەكانی پارتی و یەكێتی لەكاتێكدایە، بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری 2023 هەڵبوەشێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوون‌و نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت بەنێوەندگیری نەتەوەیەكگرتووەكانیش. هەر بەپێی ئەو بەدواداچوونەی هاوڵاتی كردوویەتی، بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بەیاسا كۆنەكە بكرێت، كەئەمەش یەكێتی لەگەڵیدا نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لەكوردستان بەشێوەی یەك بازنە دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لەسنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوە‌و هیچ كوردسییەك بەسنوری سلێمانی نادات. ئەوەش لەكاتێكدایە زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6-8-2023 ، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات.   هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتی‌و یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە». وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن». بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت».

هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی موچەی فەرمانبەران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، نەك شایستەی دارایی نەنێردرا تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردراوە. دەقی راگەیەندراوەکە.... ئێمە بۆ دابینکردنی مووچە پێویستیمان بە ۹۱۲ ملیار دینارە کە لەعێراقەوە بێت،بەڵام نەک شایستەی دارایی نەنێردرا تەنانەت پارەی پێویستی مووچەش نەنێردراو تەنها ٥۹۸ ملیار دینار واژۆی لەسەرکراوە کە بنێردرێت بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، بەرێز سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی ڕاسپارد، بەخێرایی خشتەی مووچە ڕابگەیەنن و دەست بەدابەشکردنی مووچە بکرێت و ئەو کورتهێنانەشی هەیە پڕبکرێتەوە. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات هەر ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕی 598 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی كوردستان نێردرا. ئەمانە لە کاتێکدایە تایبەت بەدابەشكردنی مووچە لەهەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی گەیشتووەتە بانكی هەرێم و ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی مووچە بڵاودەكەینەوەو دەست بەدابەشكردنی دەكەین». چاوەڕوان دەكرێت رۆژی پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات و لە 10 رۆژدا دابەش بكرێت. هەر ئەو سەرچاوەیە گوتیشی بڕی 912 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكی هەرێم لەهەولێرو بڕیارە بەغداد دوای لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم پارەی دیكە رەوانە بكات بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت تەنها 598 ملیار دینار نێردراوە لە لایەن عێراقەوە. لەم ڕاپۆرتەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی هاوڵاتی تەواوی زانیارییەکان بخوێنەرەوە: مۆتەكەی نەگەشتنی مووچە كۆتایی هات

هاوڵاتی سلێمانی، عێراق | 31 ـی تەمموزی 2023 ئاسیاسێڵ، پێشەنگی کۆمپانیاکانی مۆبایل لەعێراق، لەمدواییانەدا هەڵسا بە رێکخستنی دەستپێشخەرییەکی داهێنەرانە بۆ ئاوێتەکردنی شارەزایی کارمەندان لەگەڵ بەخششی خێرخوازی. ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە، کە ناوی ‹فێربوون لە پێناو چاکە›ی لێنرا، بووە ئامرازێک بۆ کارمەندانی ئاسیاسێڵ تا لەڕێێەوە پێشکەوتنی پیشەییان بگۆڕن بۆ بەشداریکردنی خێرخوازییانە، ئەمەش پابەندبوونی توندوتۆڵی کۆمپانیا نیشاندەدات بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکانەوە. دەستپێشخەریی «فێربوون لە پێناو چاکە» کە لەبەشی سەرچاوە مرۆییەکانی ئاسیاسێڵەوە دەستیپێکرد، هانی کارمەندان دەدات کە پێشوەختە بڕێک لەو کاتەی هەیانە تەرخانی بکەن بۆ گەشەپێدانی خۆیان لە ڕووی شەخسیی و پیشەییەوە لە ڕێی کۆمەڵێک خولی ڕاهێنانەوە. ئاسیاسێڵیش بەڵینیدا کە لە بەرامبەر هەر کاژێرێک کە کارمەند تەرخانیدەکات بۆ ئەم هەوڵی فێربوونە بڕی 8 دۆلار ببەخشێت پێیان. وەکو کاردانەوەیەک بۆ پرەنسیپە جەوهەرییەکانی ئاسیاسێڵ و یەکخستنی هەوڵەکان لەناو کۆمپانیادا، بە سەدان کارمەند بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بەشدارییان لە دەستپێشخەرییەکەدا کرد و سەرەنجام بڕی زیاتر لە 22,000 دۆلاری ئەمریکییان کۆکردەوە. و سەرجەم هەموو ئەو بڕە پارەیە دابەشکرا بەسەر هەریەک لە نەخۆشخانەی هیوا بۆ شێرپەنجە لە سلێمانی و «البیت العراقي للإبداع» لە بەغدا. عومە فالح، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و میدیا لە ئاسیاسێڵ سەرسامی خۆی دەربڕی بە دەستپێشخەرییەکە کە لە چەند ڕوویەکەوە تایبەتمەندی و سوودی خۆی هەیە و وتی: «ئەم پڕۆژەیە بەرجەستەکردنی گیانی هاوکارییە و بەهێزکردنی خود و هاوسۆزی و بەخشندەییە. کارمەندەکانمان تواناو شارەزاییگەلێکیان هەیە کە بەهیچ نرخێک ناخەمڵێنرێت، هەروەها کاریگەرییەکی بەرجەستەشیان بەسەر کۆمەڵگەوە هەیە. من پێموایە دەستپێشخەرییەکی گرنگ و بێوێنەیە چونکە بەشێوەیەکی جوان گەشەپێدانی خودی کارمەندو بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پێکەوە کۆدەکاتەوە کە دەبێتە مایەی بەدیهێنانی چەندین سوودی گەورە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندیدارن بە دەستپێشخەرییەکەوە». فەندی تایبەت بە دەستپێشخەرییەکە لەلایەن ئاسیاسێڵەوە بەوپەڕی سەخاوەتەوە دابینکرا، ئەمەش تەبا دێتەوە لەگەڵ پابەندبوونی کۆمپانیا بە پەیڕەوکردنی ڕێبازێکی گشتگیری تایبەت بە لێپرسراوێتی کۆمەڵایەتی کۆمپانیاکان لەگەڵ برەودان بە فێربوونی بەردەوام. ئەم ڕێبازە داهێنەرانەیە مژدەی دووبارە ئاڕاستەکردنەوەی دیدگای گشتیی تایبەت بە ڕاهێنانی پیشەیی دەدات بە گوێماندا، لەگەڵ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی بۆ دەرەوەی کۆمپانیاکان تا بتوانێت کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەرجەم کۆمەڵگە دابنێت. دەستپێشخەریی ‹فێربوون لە پێناو چاکە› چەمکی کەمپینە خێرخوازییە نەریتگەراییەکانی تێپەڕاندووە. دەستپێشخەرییەکە زیاتر شایەتییەکە لەسەر پابەندبوونی نەگۆڕی ئاسیاسێڵ بە گەشەپێدانی بەهرەکانی هێزی کار، و لەهەمان کاتدا باشترکردنی باری بژێوی خەڵک. ئامانج لە کەمپینەکە تەنها گەشەپێدانی تواناکانی کارمەندان نیە و بەس، بەڵکو ئامانجی برەودانیشە بە پرەنسیپگەلێکی جەوهەریی وەکو یەکگرتوویی و سەخاوەت و دەست و دڵفراوانیی.    چاوەڕواندەکرێت ئاسیاسێڵ درێژە بەم جۆرە دەستپێشخەرییانە بدات، کە ئەمەش گیانی خۆتەرخانکردنی بەهێزتردەکات چ بۆ گەشەپێدانی پیشەیی بەردەوامی هێزی کارەکەی و چ لە پێناو قوڵکردنەوەی رۆحیەتی بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکەی کە ڕەگ و ڕیشەیەکی قوڵی هەیە لەو شوێنانەدا کە کاریان تێدا دەکات. ئەم دیدگایە تەنها بەرجەستەکردنی باوەڕبوونی ئاسیاسێڵ نیە بە پرەنسیپی بەخشینەوە بە کۆمەڵگە، بەڵکو بەردەوامیدانە بە ستراتیژە فراوانەکەی بۆ برەودان بەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی کۆمەڵگەی دەکات، بە تایبەت لە ڕێی بەرنامەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە کە چەندین خەڵاتی جیهانیی بەنرخی بەدەستهێناوە. ئەم ڕێبازە بەرنامە بۆ داڕیژراو و ڕێکخراوە بەشێکە لە پابەندبوونی ئاسیاسێڵ بە بەتواناکردنی عێراقەوە لەڕێی چارەسەرە دیجیتاڵییەکان و بەشداری پێكردنی کۆمەڵگە و دانانی بناغە بۆ ئایندەیەکی گەشتر. --تەواو---   دەربارەی ئاسیاسێڵ   ئاسیاسێڵ «کۆماندەکاتەوە»، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2023 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووی 17 مليۆنی تێپەڕاندووە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزارییەکانی 4G بە کوالیتییەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات. تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر .0699٪ ـى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات.     ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان، هاوپشکی تایبەت، بەڕێوەبەرێتی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیاری زیاتر: www.asiacell.com  

سەركۆ جەمال ماوەی چەند رۆژێكە مانگرتن و بایكۆتكردنی دەوام لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم دەستیپێكردووەو فەرمانبەران داوای مووچەكەیان دەكەن، پاش زیاتر لە 40 رۆژیش بەغدا بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەران بۆ هەرێم رەوانە بكات، بەوەش هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیەكی دیكەیان دەمێنێت وەریبگرن. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 1-8-2023  دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق قسەی بۆ رۆژنامەوانان كرد.  لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند: بەشێك لەپشكی هەرێمی كوردستانیان لەبودجەدا ناردووەو ئاماژەی بەوەشكرد، ناردنی پارەكە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراقدایە. هەروەها لەبارەی ئەوەی كەپەیوەندی بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند:» رێككەوتنمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەو لیژنەش لەهەردوولا پێكهێندراوە بۆ چاودێریكردنی رێككەوتنەكە. بڕی 912 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكی هەرێم لەهەولێرو بڕیارە بەغداد دوای لێكتێگەیشتنەكانی لەگەڵ وەفدی حكومەتی هەرێم پارەی دیكە رەوانە بكات. تایبەت بەدابەشكردنی مووچە لەهەرێمی كوردستان، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی گەیشتووەتە بانكی هەرێم و ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی مووچە بڵاودەكەینەوەو دەست بەدابەشكردنی دەكەین». چاوەڕوان دەكرێت رۆژی پێنجشەممە 3ی ئابی 2023 دابەشكردنی مووچە دەستپێبكات و لە 10 رۆژدا دابەش بكرێت. بەشێكی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەتە بەنەوت ، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوە بكرێت، یان لە ناوخۆدا بەكاربهێندرێت.  محەمەد شیاع سوودانی لەو بارەیەوە وتیشی: تاوەكو ئێستا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەستیپێنەكردووەتەوەو رۆژانە 55 هەزار بەرمیل لەهەرێمی كوردستان وەردەگرن. دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەكاتێكدا لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم جوتیار عادل كەئەوكات وتەبێژی حكومەت بوو بەڵێنیدا هەموو 25 ی مانگێك مووچە دابەش بكرێت، بەڵام ئێستا مانگی هەشتە، فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، بەو هۆیەوە فەرمانبەران لەچەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم بایكۆتی دەوامیان دەستپێكردووە. رۆژی 01-08-2023 دكتۆر زانا عەلی، نوێنەری پزیشكانی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: بەهۆی دواكەوتنی مووچەكانمان ناچینە سەر كارەكانمان و پێنجشەممە دوایین مۆڵەتە بۆ لایەنی پەیوەندیدار. رۆژی 31ـی تەممووز، پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و پزیشكانی پلەبەند راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێدا ئاماژەیان بەوە كرد، «لەپاش تێپەڕبوونی زیاتر لە 44 رۆژ بەسەر دابەشكردنی كۆتا مووچە و ناڕوونی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی 6 و 7،  دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناو شاری سلێمانی، دەرەوەی سلێمانی فریاكەوتنەكانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنكە و مەڵبەندە تەندروستیەكان و سەنتەرەكان، بایكۆت دەكەین تاوەكو داواكاریەكانمان جێبەجی دەكرێت.» رۆژی دواتر بەشێك لەپزیشكانی نیشتەجێی خولاوو پلەبەندی نەخۆشخانەی شار لەپێش نەخۆشخانەكە گردبوونەوەو یەكێك لەپزیشكەكان رایگەیاند: بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی مانگی شەش و حەوت گردبوونەتەوە، چەندینجار رێككەوتن لەسەر ئەوە كراوە مووچە لەكاتی خۆی دابەشبكرێت و جێبەجێ نەكراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئاشكرا كرد كە ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچە رادەگەیەنین و پێنجشەممە دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت بەغداد بڕی 912 ملیار دیناری رەوانە كردووەو سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» ئەو پارەیەی عێراق ناردوویەتی گەیشتووەتە بانكی هەرێم و ئەمڕۆ چوارشەممە خشتەی مووچە بڵاودەكەینەوەو پێنجشەممە 3ی ئاب دەست بەدابەشكردنی دەكەین».  

هاوڵاتی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پشكی ئه‌م مانگه‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌كرا و دەشڵێت: سبەینێ تیمەکانی بەغداد و هەرێم تاوتوێی رەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجە دەکەن. بەشێکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا تایبەتە بە نەوت و، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات بۆ ئەوەی هەناردەی دەرەوە بکرێت، یان لە نێوخۆدا بەکاربهێندرێت.  محەمەد شیاع سودانی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ، تاوەکو ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەستی پێنەکردووەتەوە و گوتیشی، "رۆژانە 55 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن". وتیشی: پشکی ئەم مانگەی بودجەی هەرێم رەوانەی کوردستان کراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ کۆبونەوەیەکی گرنگ هەیە لە سەرکردەی کوتلە و هێزە سیاسییەکان و تیمە تەکنیکییەکانی نێوان هەردو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی رەشنوسی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز.  

هاوڵاتی بە پێی هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئەمڕۆ ٣ شەممە ١ی ئاب، محەممەد ساڵەح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی و یەکێک لە پارێزەرە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران دادگایی دەکرێت. بە پێی زانیارییەکان، ئەم پارێزەرە  کوردە " تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی"دراوەتە پاڵ، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری "پزیشکی داد" کە تێیدا هاتبوو " ژینا ئەمینی" پێشتر پێشینەی نەخۆشی دڵی بووەو جەڵدە لێی داوەو هۆکاری مردنی " ژینا ئەمینی"یان بەوە ناوبردبوو. ساڵەح نیکبەخت پارێزەری خۆبەخشی بنەماڵەی ژینا، ئەم بڕیارەی "پزیشکی داد"ی بە ناڕاست ناوبرد. رۆژی ١١ی مارسی ٢٠٢٣، ساڵەح نیکبەخت بانگ کرایە لقی ٢ی دادسەرای گشتی شۆڕش و تۆمەتەکەی پێ راگەیەنراو بە کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. تا ئێستە هیچ زانیارییەک دەربارەی ئەنجامی دادگایی کردنی ئەمڕۆ سێ شەممە ١ی ئاب، بڵاو نەکراوەتەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری پشتیوانی خۆیان لەم پارێزەرە دەربڕیوە. ساڵەح نیکبەخت لە چەند ساڵی رابردوودا، بە شێوەی خۆبەخش پشتیوانی لە ژمارەیەکی زۆر دۆسیەی سیاسی- ئەمنییەتی کردووە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای قورسیان بۆ بڕاوەتەوەو ناوبراو هەموو هەوڵی خۆیداوە خۆبەخشانە بەرگری لەو کەسانە بکات.

هاوڵاتی ژمارەیەک نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و میدیا و میدیاکارانی ئەهلی فیدراسیۆنێکیان ڕاگەیەند بە ناوی " فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ" سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی ئەم فیدراسیۆنە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایانگەیاند، " وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێویستییەکانی ئێستای کوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێک لە (میدیاکاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ) دروست بکەین"   دەقی ڕاگەیەندراوەکە: بۆ ڕایگشتی، نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و میدیا و میدیاکارانی ئەهلی و ئازاد. پشتیوانانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی وشە و قەڵەم. دۆخی باشووری کوردستان  و ناوچەکە ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەرییەکانی ئەم ناسەقامگیرییە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیادتر دەردەکەوێت. سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناتەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوەکی، لە دەستدانی متمانەی خەڵک، نەبوونی گوتاری نیشتمانی هاوبەش و نەخشەڕێگەیەکی ڕوون لەبارەی پرسە ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەمانکات ناکاریگەربوونی ئۆپۆزسیۆن، کە بتوانن جێگەی ئومێدی گواستنەوەی خەڵکی کوردستان بن بەرەو دۆخێکی ئارامتر و پەروەردەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشتر، هەروەها شکستهێنان لە دروستکردنی ڕایگشتی سەبارەت بە پرسە گرنگە ژیانییەکان، ڕەنگە بەشێک لەو هۆکارانە بن، کە نە تەنیا دۆخی باشووری کوردستانی لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، ڕووبەڕووی چەقبەستووییەکی ترسناک کردووەتەوە، بەڵکو ڕێگەخۆشکەریش بووە بۆ هەرچی زیاتر فراوانکردنی ڕووبەرەکانی ستەمکاری و بەرتەسککردنەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین، بچووککردنەوە و لە قاڵبدانی کاری پیشەییانەی سەندیکایی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. کۆی ئەم هۆکارانە و بێگومان هی دیکەیش، کەم تا زۆر، کاریگەرییان بەسەر پەرتکردنی دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە و وزە و هێزی یەکخستنی ڕووبەری ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکارییەوە داناوە.   لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتن و خوێندنەوەیەدا، وەک وەڵامدانەوەیەک بە پێویستییەکانی ئێستای کوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێک لە (میدیاکاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ)، بە تایبەت ئەوانەی بە ڕاستی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ڕابگەیەنین و هەوڵدەدەین هەمووان لە دەوری پرۆژەیەکی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەک ئامانج کۆببینەوە.   ئەم فیدراسیۆنە، ڕاستە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئازاد و سەربەخۆ لە ڕووی ئینتیمای حیزبییەوە، ڕادەگەیەنرێت و سەرپەرشتی دەکرێت، بەڵام ڕووبەری کۆمەڵایەتی کارکردن و ئامانجەکانی، کوردستانی و گشتییە. فیدراسیۆن، نەک تەنیا گەرەکییەتی لە پشتی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی ئازاد بوەستێت، بەڵکو دەخوازێت کۆی دەنگ و ڕەنگەکانی، کە خەونی ئازادی و ژیانێکی ئازادیان هەیە، خۆیان بە بەشێک لە فیدراسیۆنەکەو، خەون و ئامانجەکانیشیان، بە بەشێک لە خەون و ئامانجەکانی فیدراسیۆن بزانن، هەر بۆیە ڕایدەگەیەنین فیدراسیۆن دەرگای کراوەیەو هەموو ئەوکەسانە خاوەنی دەبن کە تێدەکۆشن لە پێناو فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و، دەوەستنەوە لە دژی ستەم و نادادی و سەرکوتکردنی دەنگە ئازاد و بوێرەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداران.   ئامانجه‌كانی فیدراسیۆن:   - هەوڵدان بۆ فراوانکردنی فەزای گشتی. - چاونەپۆشین و لە قاودانی هەموو جوڵە و هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین. - هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕایگشتی لە دژی هەر یاسا و ڕێسایەک، کە ئازادی ڕادەربڕین بخاتە ژێر پرسیارەوە. - وەستانەوە و هەڵوێست نواندن بەرانبەر هەر دەستدرێژی و پەلامارێک بۆ سەر میدیا و میدیاکار، نووسەرانی سەربەخۆ و ئازاد. - هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێکی ئەرێنی بۆ کاری میدیایی و ئازادی نووسین. - دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی، کە لەگەڵ ئامانجەکانی فیدراسیۆن کۆک و تەبا دێنەوە بە ئامانجی بە جیهانییکردنی ئەو گرفت و ڕێگریانەی بۆ میدیاکاران و نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ئازاد دروستدەکرێت لە هەرێمی کوردستان.         بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ "

هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند،  كردنەوەكەی تونێلی دەربەندیخان  بۆ كاتژمێر 6:00ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە دواخرا. هاتوچۆی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، بڕیاربو سبەینێ چوارشەممە تونێلی دەربەندیخان بە ڕوی شۆفێراندا بكرێتەوە، بەڵام لەئێستادا كردنەوەی تونێلەكە دواخراوە. سەبارەت بە هۆکاری دواخستنەکەی مقدمی هاتوچۆ جاسم محەمەد عەلی خان لێپرسراوی بنكەی هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند "بە هۆی وشك نەبونی قیرتاوی شەقامی ناو تونێلەكەوە، كردنەوەی تونێلەكە تاوەكو رۆژی پێنج شەممە كاتژمێر 6:00ی بەیانی بەیانی بە روی شۆفێراندا دواخرا". لە كاتژمێر 6:00ی بەیانی ئەمڕۆوە تونێلی دەربەندیخان بەڕوی هاتوچۆی شۆفێران داخرا، بڕیاربو سبەینێ چوارشەممە كاتژمێر 6:00ی بەیانی بكرێتەوە بەڵام کردنەوەکەی ڕۆژێک دواخرا.

هاوڵاتی ژمارەیەك لەپزیشكانی گەنجی سنوری هەردو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان و شار و شارۆچكەكانی سنوری سلێمانی لەبەرامبەر دواكەوتنی موچەكانیان، مانگرتنیان راگەیاند و داوادەكەن، موچەی مانگەكانی (حوزەیران/6 و تەمموز/7)ی 2023یان بۆ خەرجبكرێت. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەر دەم خەستەخانەی شاری سلێمانی ڕایانگەیاند، "بریارماندا لەپای بێباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دواكەوتنی  موچەكانمان لەئەمڕۆ كاتژمێر 8:00ی بەیانیەوە دەوامی سەرجەم نەخۆشخانەكانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی فریاكەوتنەكانی ناو شار و دەرەوەی شار، بنكە و مەڵبەندە تەندروستیەكان و سەنتەرەكان، بایكۆت دەكەین تاوەكو داواكاریەكانمان جێبەجی دەكرێت". داواکاری پزیشکانی ناڕازی  لە دوو خاڵدا خۆی دەگرێتەوە،  دەستبەجێ دابەشكردنی موچەی مانگەكانی 6 و 7 و ڕێكخستنەوەی موچە و دابەشكردنی هەمو مانگێك لە كاتی خۆیدا و بەبێ دواكەوتن. ئەوەشیانخستۆتەڕو، "ئێمە وەك پزیشكانی گەنج لە چەندین قۆناغی جیاواز و سەختدا لەگەڵ خەڵكی خۆمان بوین، بەبێ موچە دەوامی مەترسیدارترین شوێنەكانمان كردوە و دانمان بە خۆماندا گرتوە و قەیرانی دارایی و ئەو باردۆخە سەختەی كوردستانمان لەبەرچاو گرتوە، بەڵام لەم كاتەدا موچەخۆران دوای چەند مانگێك لە دەوامكردن هێشتا چارەنوسی موچە و سەرەتاییترین مافیان رون نییە و موچەخۆر و فەرمانبەران بونەتە بەشێك لە ململانێ سیاسییەكان، لە كاتێكدا كە پزیشكانی گەنج تاكە سەرچاوەی بژێوییان موچەكەیانە بۆ بەردەوام بون لەسەر ئەرك و كارەكانیان و بەم دواكەوتنە قورساییەكی زۆرمان لەسەر دروستبوە".  

هاوڵاتی هەپەگە کوژرانی دوانزە سەربازی تورک ڕادەگەیەنێت. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "گەریلا لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا گورزی قورسیان لە سوپای توركیا وەشاندووە". راشیگەیاند "لەو چالاكییانەدا، ١٢ سەربازی سوپای توركیا كوژراون و سەربازێكی دیكەش برینداربووە". ئاماژە بەوەش دەكات "سەنگەرێك و چەكێكی ئەی ٤ لەناوبرا. گورزیش لە حەفارەیەك و ٤ سەنگەر وەشێنرا".  

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە رونکردنەوە لەبارەی بڵاوکردنەوەی نوسراوێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەدات کە تێیدا هاتوە بەبڕی زیاتر لە دو ملیار دینار خانو بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراوە. وەزارەتی پێشمەرگە لەڕونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، چەند نوسراوێکی فەرمی وەزارەت لە چەند پەیجێکدا بڵاو کراونەتەوە، دەربارەی کڕینی خانو و ئۆتۆمبێل بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دو خانوەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، وەک تەواوی ئەو خانوانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریاندەهێنن". وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: ١. ئەو دوو خانووەی لە نوسراوەکەدا باس کراون، موڵکی حکومەتن و بە ناوی کەسێکی تایبەتەوە نەکڕدراون، وەک تەواوی ئەو خانووانەی تر بەکاردەهێنرێن، کە وەزیر و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا بەکاریان دەهێنن. ٢. بەڕێز بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان کار ناکات، تەواوی ئەو فەرمانە وەزاریانەی، کە واژۆی لەسەر کردوون فەرمی و یاسایین. ٣. لەم ساڵدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کڕدراون لەناویاندا ئۆتۆمبێلێک دراوە بە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە. ٤. بڵاوکردنەوەی نوسراوە فەرمییەکانی وەزارەت لێپێچینەوەی یاساییان لەسەرە و لەمبارەوە، تەواوی ئەو کەسانە دەدەینە دادگای سەربازی، کە کار لەسەر دزەپێکردنی نوسراوە فەرمیەکانی وەزارەت دەکەن و لە میدیاکاندا بڵاویان دەکەنەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، ئەمساڵ دو خانو بە بڕی یەک ملیارو 285 ملیۆن دینار بۆ بریکاری وەزیری پێشمەرگە کڕدراون، هەر ئەمساڵیش 160 ملیۆن بۆ نۆژەنکردنەوەیان تەرخانکراوە.

هاوڵاتی نێچيرڤان بارزانى ئەمڕۆ دووشەممە  له‌ يادى ئه‌نفالكردنى بارزانييەکاندا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، یەکڕیزی تاکە رێگەی سەرکەوتنمانە. ئەمڕۆ 40 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بێسەروشوێن کردن و ئەنفالکردنی هه‌شت هه‌زار ژن و پیاو منداڵ و پیری  بارزانیدا.  سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا  ئەمڕۆ 31-7-2023  لەبارەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان ڕایگەیاند،  "له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌." دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌، يادى چل ساڵه‌ى ئه‌نفالكردن و بێسه‌روشوێنكردنى هه‌شت هه‌زار مێرمنداڵ و گه‌نج و پياو و پيرى بارزانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كۆتاييى ته‌ممووز تا ناوه‌ڕاستى ئابى 1983 له‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆرملێكاندا، بوونه‌ قوربانيى تاوانێكى دڕندانه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وساى عێراق و ئيتر هه‌رگيز نه‌گه‌ڕانه‌وه‌. به‌ هه‌زاران خێزانى بارزانيى بێ ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانى قوشته‌په‌ و به‌حركه‌ و هه‌رير و سۆران و چه‌ند شوێنێكى ديكه‌، بێ باوك و برا و به‌ هه‌زاران خانمى ڕووسوورى بارزانى، بێ مێرد مانه‌وه‌ و ناچار بوون به‌ ته‌نيا ڕووبه‌ڕووى چاره‌نووسێكى ناديارى سه‌خت ببنه‌وه‌ و به‌رگه‌ى ده‌يان ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى بگرن و بمێننه‌وه‌. ئه‌وان بۆ منداڵه‌كانيان بوون به‌ باوك، بۆ په‌يداكردنى بژێوى ژيان و په‌روه‌رده‌كردنيان، ئازار و سه‌ختى و ناخۆشيى زۆريان كێشا. به‌رگه‌ى نه‌بوونى و هه‌ژارى و بێكه‌سييان گرت و به‌ گيانێكى ئاڵنگارييانه‌ى به‌رزه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ژيان بوونه‌وه‌ و لێهاتووانه‌ نه‌وه‌يه‌كى نيشتمانپه‌روه‌ر و وڵاتپارێزيان په‌روه‌رده‌ كرد. ده‌ستى يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بان و دڵسۆزانه‌ ماچ ده‌كه‌م. ئه‌نفالكردنى بارزانييان وه‌ك هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى كوردستان كران، نه‌ك هه‌ر هێز و تينى گه‌له‌كه‌مانى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سته‌م و دیكتاتۆرى خاو نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو گيانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ئيراده‌ى سه‌ركه‌وتن و ئازادى، لاى ته‌واوى گه‌لى كوردستان به‌گوڕتر كرده‌وه و به‌ بڕوايه‌كى پته‌وتره‌وه‌ به‌رده‌وامى به‌ تێكۆشان دا. له‌م ياده‌دا سڵاو و دروود بۆ قوربانييانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين. سڵاو و سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌و جوامێرانه‌ى له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى، له‌ هه‌رير و باتاس و سۆران و له‌ هه‌ر كوێ بوون، يارمه‌تيى خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوانى بارزانييان دا و په‌نايان دان. هه‌ر له‌م ياده‌ و له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى هه‌ستياردا تێده‌په‌ڕێت، جه‌خت له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ى سه‌فرازى و سه‌ركه‌وتنمانه‌.   نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

هاوڵاتی کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ و سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانى گەرما یەک تا دوو پلە بەرز دەبنەوە. کەشناسى هەرێم بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرای با لەنێوان پێنج بۆ ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و مەوداى بینین لە نێوان هەشت بۆ ١٠ کیلۆمەتر دەبێت . پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ بەەم شێوەیە دەبن: لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەکانى گەرما یەک تا دوو پلە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : هەولێر : 43 پلەى سیلیزى سلێمانی : 42پلەى سیلیزى دهۆک : 42 پلەى سیلیزى کەرکوک : 45 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 44 پلەى سیلیزى حاجی ئۆمەران : 34 پلەى سیلیزى زاخۆ : 43 پلەى سیلیزى سۆران : 41 پلەى سیلیزى گەرمیان : 45 پلەى سیلیزى