هاوڵاتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فۆڕمی دابەشكردنی نۆ هەزار یەكەی نیشتەجێبونی راگەیاند و بەپێی پرۆژەكەش، بەبێ پێشەكی و بەقیستی 25 ساڵ ئەو یەكانە دەدرێنە هاوڵاتیان. دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ئەمڕۆ سێشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو یەكانە بەبێ پێشەكی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە كەمدەرامەتان. وەزیری ئاوەدانکردنەوە روونیکردەوە، ئەو یەکانە بەبێ پێشەکی بە قیستی 25 ساڵ دەدرێن بە هاووڵاتییانی کەمدەرات. گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە دەتوانن فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە و زانیارییەکان بخەنەڕوو، کە بەشێوەیەکی زانستی و بەهاوکاری کۆمەڵەی کرێنشینان فۆڕمەکان ئامادەکراوە". سەبارەت بە چۆنییەتی پێشکەشکردن بۆ بەدەستهێنانی ئەم یەکانە دانا عەبدولكەریم دەڵێت : "لە ماوەی سێ مانگدا هاووڵاتییان دەتوان فۆڕمەکانیان پێشکەش بکەن" ئەوەشیخستەڕو، "دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لیژنەی تایبەت لە سنوری ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆكان پێكدەهێنرێت بۆ دیاریكردن و هەڵسەنگاندنی خاڵەكان، یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانیش ئەوەیە ئەو كەسەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبون پڕدەكاتەوە دەبێت تەمەنی لە سەروی 18 ساڵ و خێزاندار بێت".
هاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ناوی ئەو زانکۆ و پەیمانگە تایبەتانە بڵاودەکاتەوە کە مۆڵەتیان هەیە و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستاندا 17 زانکۆ و 12 پەیمانگەی تایبەت هەن کە لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتیان هەیە. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندوە "جگە لەم زانكۆ و پەیمانگە تایبەتانەی لە لیستی هاوپێچدا هاتون و پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی وەزارەتن، هیچ زانكۆ و پەیمانگە و كۆلێژ و زانكۆیەكی تر، لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مۆڵەتیان پێ نەدراوە و باوەڕپێكراو نین". بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردووەتەوە، لە پارێزگای هەولێر هەشت زانکۆ و شەش پەیمانگەی تایبەت هەن؛ لە پارێزگای سلێمانی حەوت زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن و لە پارێزگای دهۆکیش دوو زانکۆ و سێ پەیمانگەی تایبەت هەن. زانکۆ تایبەتەکان لە سنوری هەولێر: زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك زانكۆی جیهان - هەولێر زانكۆی لوبنانیی فڕەنسی زانكۆی نۆلج زانكۆی بەیان زانكۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی زانكۆی كاسۆلیك كۆلێژی قەڵای زانكۆیی بۆ دیراساتی ئایینی زانکۆ تایبەتەکان سنوری سلێمانی: زانكۆی ئەمریكی لە عێراق/ سلێمانی زانكۆی كۆمار بۆ زانست و تەكنەلۆجیا زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی زانكۆی جیهان - سلێمانی زانكۆی نێودەوڵەتیی تیشك/ لقی سلێمانی زانكۆی قەیوانی نێودەوڵەتی كۆلێژی گۆیژەی زانكۆیی بۆ دیراساتی ئایینی زانکۆ تایبەتەکانی سنوری دهۆک: زانكۆی جیهان - دهۆك زانكۆی نەورۆز پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری هەولێر: پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ڕواندز پەیمانگەی نۆبڵی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی پایتەخت پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ئایندە پەیمانگەی تەكنیكیی هەیبەتسوڵتان پەیمانگەی تەكنیكیی گەشەی تایبەت پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری سلێمانی: پەیمانگەی تەكنیكیی كوردستان پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەت لە كەلار پەیمانگەی تەكنیكیی ناشناڵ بۆ تەكنەلۆجیا پەیمانگا تایبەتەکانی سنوری دهۆک: پەیمانگەی تەكنیكیی دهۆكی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی ئاراراتی تایبەت پەیمانگەی تەكنیكیی تایبەتی ڕواندز - لقی زاخۆ
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی ئاب، لە ماڵپەڕ و رۆژنامە ناوخۆییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەکانەوە تا ئێستا، زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ئاب ( ١٧ی گەلاوێژ) لە ئێران بە رۆژی رۆژنامەنووس ناسراوەو بەم بۆنەوەیە رۆژنامەکان باسیان لە دۆخی ئازادی و دۆخی رۆژنامەنووسەکان کردووە رایانگەیاندووە لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس و دەستبەسەر کراون و بەشێکیان سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. رۆژنامەی (هم میهن)، لیستێکی دوور و درێژی بڵاو کردۆتەوە لە ناوی ئەو رۆژنامەنووسانەیی تێدایە کە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا گیراون و ئاماژەی بە ناوی ٧٦ رۆژنامەنووس و پەیامنێر کردووە . هاوکات ئەکبەت مونتەجی، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی :" لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠٠ رۆژنامەنووس دەستگیرکراون"، وتشی :" بەم قۆڵبەستکردن و زیندانیکردنانە رەوتی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان ناوەستێت و وەک ئاو رێگای خۆی ئەدۆزێتەوە". هاوکات بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی رۆژنامەنووسەکانی تاران، ساڵی رابردووی وەک " سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی" ناوبردو وتی :" سەردەمی رەشی رۆژنامەنووسی کۆتایی نەهاتووەو یەکدەستکردنەوەی سیستەم مانای سڕینەوەو دوورخستنەوەی دەنگە جیاوازەکان و هەروەها زیندانی کردن و دوورخستنەوەی میدیاکار و رۆژنامەنووسەکانە." لە راپۆرتەکاندا یەکێک لەو رۆژنامەنووسانەی ئاماژەی پێدراوە، نازیلا مەعرووفیان، کچە رۆژنامەنووسی سەقزییە کە لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرەو لە ئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو چەن رۆژ لەوە پێش گەیەنرایە نەخۆشخانە. هەروەها ئاماژە دراوە بە ناوی "نیلووفەڕ حامیدی" پەیامنێری رۆژنامەی شەرق و ئیلاهە محەممەدی پەیامنێری رۆژنامەی (هم میهن) کە ٣٢٠ رۆژە لە زیندانن بە هۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی سەردەمی خۆپیشاندانەکانی ژن ژیان ئازادی. ئێران بە گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوەو یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئازادی راگەیاندن تێیدا زۆر سنووردارە. دوای چین ئێران وەک گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسەکان لە دونیا دەناسرێت.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک دوای شەش ڕۆژ لە مردنی لە ماڵەکەی خۆی لەسەنتەری دهۆک دۆزرایەوە. سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دهۆک بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بینایەکی نیشتەجێبوون سکاڵایان لە بوونی بۆنێکی ناخۆش کردووە پۆلیس چۆتە ئەو جێگەیەو تەرمی هاوڵاتییەکیان لەناو شوقەیەکدا دۆزیوەتەوە و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە پێنج ڕۆژە مردووە." وتیشی ،" ئەو لاشەی ئەمرۆ دۆزراوەتەوە،هی کەسێکی بووە کەتەمەنی لەنێوان 60 بۆ65 ساڵدا بووە کە بە تەنیا لەو شوقەیەدا ژیاوە". لەئێستادا تەرمی ئەو هاوڵاتییە رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە.
هاوڵاتی ئەمشەو لەئەنجامی شەڕی نێوان دو خانەوادە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ، شەش كەس برینداربون كە پێنج كەسیان بەگوللـە و یەكێكیشیان بەبلۆك برینداركراوە. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە گەڕەکی قادر کەرەمییەکان لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە شەڕ لەنێوان دو بنەماڵەدا دروستبوە و شەڕەتەقە رویداوە، لە ئەنجامدا شەش کەس برینداربون بە گوێرەی زانیارییەکان بریندارەكان دو ئافرەت و چوار پیاو بون، سێ لە بریندارەكان كە دو پیاو و ئافرەتێكن بەهۆی دۆخی تەدروستیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی كراون هاوکات هێزە ئەمنیەكان گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و دۆخەكەیان كۆنتڕۆڵكردوە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیش بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان دەستیپێكردوە.
هاوڵاتی رێنمای جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ دوشەممە رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجەی گشتی عێراق بڵاوکرایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی دو مانگ بەسەر پەسەندکردنی یاساکەدا لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکراوەتەوە کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، کە لە 36 ماددە پێکهاتوە و بەسەر حەوت بەشدا دابەش بون. یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بڵاوکردنەوەى رێنماییەکانی جێبەجێکردنى بودجەى گشتى لەدواى ئەوە هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى سەرجەم سکاڵاکانى لەبارەى یاساى بودجە یەکلاکردەوە.
هاوڵاتی دادگاى فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "نادەستورییە"، دەشڵێت، "یەکلایی کردنەوەی کێشەی هەرێم و بەغدا لە پەرلەمان نادەستورییە". دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ لەبارەی ژمارەیەک سکاڵای یاسایی کۆبۆوە، کە دووان لە سکاڵاکان تایبەتبوون بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە دژی چەند بڕگە و ماددەیەکی یاسای بودجە. لە کۆبونەوەکەدا دادگاکە بڕیاریدا کە کە ئەو دەقەی نوسراوە (بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق) کە لە ماددەی (11/یەکەم)دا و بڕگەی (لە کاتێکدا نەگەیشتنە چارەسەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری پێویست دەدات) کە لە ماددەی (13/حەوتەم) هاتوە، "نادەستورییە". یەکێک لەو دەستەواژانەى دادگا بە نادەستوریى زانی، تایبەتە بە خەرجکردنى پشکى هەرێمى کوردستان بە رەزامەندیى سەرۆکوەزیرانى عێراق، کە لە بڕگەى یەکى مادەى 11ـی بودجەدا هاتووە، بەوەش وەزارەتى دارایی عێراق لایەنى بەرپرس دەبێت لە ناردنی پشکەکە. دەستەواژەی دووەم لە بڕگەى حەوتى مادەى 13ـدا هاتووە، کە تایبەتە بە بڕیاردانى کۆتایی لەسەر کێشەى نێوان هەولێر و بەغدا لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێککەوتن. لە سەر ئەو بنچینەیە، هەر کێشەیەکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بواری بودجەدا لەلایەن لیژنەی هەردوو حکومەتەوە یەکلایی دەبێتەوە، نەوەک ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدات.
هاوڵاتی ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لە کوژرانى موقەدەمێکی وەزارەتى پێشمەرگە لە شارى هەولێر راگەیانرا و بە وتەى پۆلیس،" خۆى خۆى کوشتووە". پۆلیسى هەولێر، ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى موقەدەمێکى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوکردەوە و دەڵێت: عەقید فواد زرار، موقەدەمی وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان خۆی بە شۆستەی شەقام و بارهەڵگرێکدا داوە و دواتر بە چەکی کڵاشینکۆڤ گولـلەیەکی لە قاچی چەپی خۆی داوە. پۆلیس دەشڵێت: بەڵگەکانی کامێرکانى چاودێرى و پزیشکی داد پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئاراستەی گولـلەکە لە ناوەوە بۆ دەرەوەیە و یەک قەوانی بەتاڵی کڵاشینکۆڤ لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دۆزراوەتەوە؛ تووشی خوێنبەربوون بووە و گیانی لەدەستداوە
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەڕی "هەنگاو" بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی شەممە ٥ی ئاب، هێزە چەکدارەکانی ئێران، کۆڵبەرێکی ٥٠ ساڵ تەمەنیان بە ئەنقەست کردووە بە ژێر ئۆتۆمبیلەوەو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست داوە. ماڵپەڕی هەنگاو ڕایگەیاند، ڕەسووڵ گاگەشی، خەڵکی گوندی "کانی زەرد" ی سەردەشت، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە ئەنقەست و بە ئۆتۆمبێل لە سنووری شێڵمان کرایە ژێرەوە و لەکاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری کوژراو، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوکی پێنج منداڵ بووە. تەرمی ڕەسووڵ گاگەشی هێشتا لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی بانە ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هاوکات لەگەڵ تەقەکردن لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەرسنوور، رۆژی پێنج شەممە ٤ی ئاب، لە سنووری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا. سەرچاوەیەک لەم بارەوە بە ماڵپەڕی "کوردپا"ی راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە، لە خاڵی پشکنینی "خوریاوا"، کراوەتە ئامانج و تەوەی لێکراوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما روو لە کوردستان دەکات و لە هەندێک ناوچە بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سیلیزی. بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "شەپۆلێکى گەرما ڕو لە ناوچەکەمان دەکات سبەى دوشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دەستپێدەکات و تاوەکو هەفتەى داهاتو ئەو بارستە هەوایە گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە". ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بەرزبونەوەیە لە پلەکانى گەرما رۆژى پێنجشەممە دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى. پلەی گەرمای شارەکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت: - هەولێر: 47 پلەی سیلیزی - سلێمانی: 45 پلەی سیلیزی - دهۆک: 46 پلەی سیلیزی - کەرکووک: 50 پلەی سیلیزی - هەڵەبجە: 47 پلەی سیلیزی - گەرمیان: 51 پلەی سیلیزی - راپەڕین: 45 پلەی سیلیزی سەبارەت بە پلەی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان کەشناسی ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما لە سەرووى ٤٢ پلەى سیلیزى دەبێت ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى ٣٤ پلەى سیلیزى دەبێت. باسی لەوەشکردووە، ئەم شەپۆڵی گەرمایە ماوەی مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک درێژدەبێتەوە بۆیە جیاوازە لە شەپۆڵەکانی تر ئەمەش وا دەکات هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکی گەرمای چەند ڕۆژە بێت .
هاوڵاتی بەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان گوندى چنارتوو لە سنورى ناحیەى ئاغجەلەر بۆردومانکرا. بەگوێرەی زانیارییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە، نزیک کاتژمێر هەشتی بەیانی گوندی چنارتوویان بۆردوومان کردووە، لە سنووری شارەدێی ئاغجەلەری سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. هاوکات بەرێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر ڕایگەیاند، ئاگر لە سنورەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانى بەرگرى شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەکى دیکە لەبارەى بۆردومانەکەوە ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی ئەبولفەزل قەدیانی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پێشتری کۆماری ئیسلامی و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی سەوز و نزیک بە میرحسێن مووسەوی، لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی " سحام نیوز" نووسیویەتی :" شەپۆلی دووهەمی بزووتنەوەی گۆڕان خولقێن و پڕخێر و بەرەکەتی ژن، ژیان، ئازادی" بەم زوانە سەر هەڵدەداتەوە. ئەم کەسایەتییە دیارەی پێشتری کۆماری ئیسلامی دوای ٢٠١٠ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، یەکێکە لە رەخنەگرەکانی دەسەڵات دەربارەی رەشنووسی نوێ بۆ داسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لە مەجلیس نووسیویەتی :" ئەم گەڵالە و رەشنووسە هەر لە ئێستاوە شکستی هێناوەو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژی دەوەستنەوەو عەلی خامنەیی سەرکوتگەر ناتوانێ بە ئامانجەکانی بگات". دوای چەند مانگ لە بانگەشە و پڕووپاگەندە حکوومەتییەکان دەربارەی شێوە نوێکانی کۆنتڕۆڵی جل پۆشینی ژنان، ئێران رەشنووسی یاسایەکی نوێی ناردۆتە پەڕلەمانی ئێران بۆ پەسەندکردن، کە بە پێی ئەو یاسا نوێیە کۆمەڵێک سزای نوێ بە سەر ئەوانەدا دادەسەپێنرێت کە حیجابی زۆرەملێ رەچاو نەکەن و نەیپارێزن. لەو سزایانەی کە ئاماژەی پێدراون ئەمانەن:" بێبەبەری بوون لە خزمەتگوزاری حکوومەتی، دەست بەسەرداگرتنی سەیارە، داخستنی شوێنی کار و سزای نەختی قورس". لە رەشنووسی ئەم یاسایەدا کە دراوەتە پەڕلەمان بۆ پەسەندکردن، بە چەندین جۆر دەرکەوتنی قژی ژنان بە بێ حیجابی پێناسە کراوەو سزای قورسی لەسەرە. ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئەم رەشنووسە یاساییە بە توندڕەوانە ناو دەبەن و لایان وایە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سالڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و مەرگی "ژینا ئەمینی" کچە کوردی سەقزی لە شاری تاران بە هۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە، دەسەڵات هەوڵ دەدات گوشارەکان لە کۆمەڵگا زیاتر بکات و دوای چەند مانگ بە دانانەوەی "پۆلیسی ئەخلاق" لە سەر شەقامەکان، گوشار بۆ سەر کۆمەڵگا زیاتر ئەکات. ئەبولفەزل قەدیانی، کەسایەتی دیاری بزووتنەوەی سەوز و یەکێک لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ رەخنەگرتن لەم رەشنووسە یاساییە، لای وایە ژنان و پیاوانی ئێرانی بەردەوام ئەبن لەم شۆڕشە و شەپۆلی دووهەمی ئەم شۆڕشە زۆر نزیکە.
هاوڵاتی بەشێک لە چالاکوان و گەنجانی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بەتایبەت لە شاری میونخ؛ بە چەندین شێوەی جیاواز تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا دەخەنەڕوو و بانگەوازیی ئەوەیان کرد گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، بۆیە بایکۆتی گەشتەکان بۆ تورکیا بکەن و مەبنە پشتیوانیی ئەو شەڕە. لە چالاکییەکاندا گەنجان بەشێوەی زارەکی و نووسراو، هۆشیارییان بڵاوکردەوە کە، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاریی و جینۆساید بە تایبەت بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان ئەنجام دەدات. ئاماژەیان بەوەشکرد، گەشتیاریی یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی داهات بۆ دەوڵەتی تورک، هەربۆیە گەشتەکانتان بۆ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و بایکۆتی بکەن و مەبنە لایەنگریی ئەو شەڕە. بە وردەکاریشەوە باسیان لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە کە چۆن زیانی گەورەی بە سرووشتی کوردستان گەیاندووە.
هاوڵاتی دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی باڵا لەسلێمانی رۆژی یەكشەممە 30-7-2023 ئەنجامدرا، بەڵام تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كەهەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ناكۆكیەكانیشیان لەناو حكومەت كەمبكەنەوە، جگە لەوەی لەسەر یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق رێكنەكەوتوون. بڕیاربوو لەكۆبوونەوەی 30-7-2023 پارتیو یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان، لەكاتێكدا هەمان رۆژ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە. پارتیو یەكێتییو لایەنە سیاسییەكانی تر كەمتر لەهەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەدیاریكراویش لەكەركوك تۆمار بكەن، بەڵام وەك مەسعود مەلا پەروێز بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی لەكەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:»تائێستا یەك لیستی كورد لەكەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەگەرێكی دوورە». وتیشی:»تائێستا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتی نییە بۆ ئەوەی بەیەك لیست لەكەركوك و ئەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن بكەن». بەڵام وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت «ئەگەر دوو لیستی بەهێزیش هەبێت لەكەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەنگی كورد نافەوتێت». هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و كورد كێبڕكێی زۆرترین كورسی دەكات بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە 16 كورسیە و ئەگەر كورد نۆ كورسیی كەمتر بەدەستبێنێت ناتوانێت پۆستی پارێزگار لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایبكاتەوە. بەپێی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2023ی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاكانی ژمارە (12)ی ساڵی 2018، ژمارەی كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە ژمارەیان (15) پارێزگایە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. هیچ پارێزگایەك نابێت كورسییەكانی لە (12) كورسی كەمتربێت و هەر پارێزگایەك ژمارەی دانیشتوانی بۆ هەر كورسییەك زیاتر بوو لە (200 هەزار) كەس ئەوا بەپێی یاساكە كورسییەكانی بۆ زیاد دەكرێت لەسەر بنەمای ئاماری وەزارەتی پلاندانی عێراق لە ساڵی (2019).
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، لە چالاکییەکی گەریلاکاندا حەوت سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر لە زاپ و حەفتانین کوژران. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی چالاکییەکانی گەریلا و هێرشەکانی سوپای تورکیای لە ڕۆژانى ٤ و ٥ی ئاب بڵاوکردەوە. دەقی زانیارییەکانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو: هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ؛ ٤ی ئاب کاتژمێر٦:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانەشکێنی داگیرکەران کران بە ئامانج، لەو چالاکییە، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە گورز لە سەنگەرێک درا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١١:١٥، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، سەنگەرێکی داگیرکەران کرایە ئامانج، لەم چالاکییەدا گورز لە سەنگەرێک درا، کە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٥:٠٠، لە دژی داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی کۆببوونەوە، لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانمانەوە چالاکییەکی هەماهەنگی گەریلایی ئەنجامدرا، لە دوو قۆڵەوە لە داگیرکەران درا و لانیکەم سێ داگیرکەر سزا دران، ئەم چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٦:٣٠، لە کاتێکدا کە داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە جموجوڵدا بوون، بە چەکی قورس لێیاندرا و گورز لە داگیرکەران وەشێندرا، بەهۆی ئەوەی داگیرکەران گورزیان بەرکەوت، جموجوڵیان ڕاگیرا. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٨:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیک لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا ٢ داگیرکەر سزادران. ٤ی ئاب کاتژمێر ١٩:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، بە تاکتیکی نیشانشکێنی لە داگیرکەران درا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. داگیرکەران بە تاکتیکی نیشانشکێنی تەقەیان لێکرا و لە ئەنجامدا داگیرکەرێک سزا درا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. ھەرێمی زاپ: ٥ی ئاب کاتژمێر ٠٨:٣٠، کاتێک حەفارەیەک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی سیدا هەوڵیدەدا سەنگەرەکانمان بڕوخێنێت، بە چەکی قورس لێیدرا و هێرشی حەفارەکە وەستێنرا، ئەو چالاکییە لەلایەن هێزەکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا. هەرێمی هەفتانین: ٣ی ئاب کاتژمێر ٠٥:٠٠، بە چەکی قورس سەنگەرەکانی داگیرکەران لە گۆڕەپانی شاخی کۆردینەی سەر بە بەکتۆریا کرانە ئامانج. هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر: ٤ی ئاب، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە ھەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٢ جار، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی ٢ جار و گۆڕەپانی گوندی بازێی مەتینا جارێک، بە گشتی ٥ جار لەلایەن فڕۆکەی شەڕ بۆردومان کران. ھەرێمەکانی زاپ، شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا تۆپباران کران.
