شەنای فاتیح پێشبینی دەكرێت گەنمی جووتیارانی هەرێم لەمساڵدا زیاتر لەملیۆنێك تۆن بێت و وەزارەتی كشتوكاڵیش رێككەوتنی لەگەڵ عێراق كردووە كەسەرجەم بەرهەمی گەنمی هەرێم وەربگرن. پاش ئەوەی بۆ ئەمساڵ بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم دیاریكرا كە لەجووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ناڕەزایی بەشێك لەجووتیارانی لێكەوتەوە، لەئەنجامدا وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق گەیشتنە رێككەوتن پشكی هەرێمی كوردستان لەوەرگرتنی گەنم زیادبكرێت. پاش رێككەوتنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كێشەی جووتیارانی هەرێم چارەسەركراو بودجەی پێویست بۆ وەرگرتنی گەنم لەبەردەستدایەو بڕیاری ئەوە دراوە سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت. جووتیاران لەهەر جێیەكدا بن دەتوانن پشتگیری هۆبە كشتوكاڵیەكانی خۆیان وەربگرن و گەنم رادەستی سایلۆكان بكەن. هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «كێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر كراوە، رۆژی 31-5-2023  چوارشەممە كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت و پێشنیاركراوە گەنم هاوشێوەی شارەكانی عێراق بەبێ پسوڵە فری بكرێت». وتیشی: «لەهەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ گەنم ئاستێكی زۆرباشی بەرهەمهێنانی تۆماركردووە بەهۆی لەباری كەشوهەواوە، نزیكەی چل هەزار جووتیار لەسەر رووبەری زیاتر لەدوو ملیۆن و نیو دۆنم زەوی كەپێشبینی دەكەین بەپێی ئەو ئامارانەی كە لەوەزارەتەوە وەرگیراوە ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمیان هەبێت». وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم پاڵپشتی جوتیاران دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمی دانەوێڵە «ئەو داتایانە داتای پێشبینیكراوی فەرمانگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە،  مەرج نییە هەموو ئەو پێشبینییە راست بێت، چونكە كۆمەڵیك كورتهێنانی دیكە دروستدەبێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و هەندێك لەجووتیارانیش نایانەوێت گەنمەكانیان رادەستی سایلۆكان بكەن و بۆ بابەتی دیكە بەكاریدەهێنن» هیوا عەلی وای وت. جەمیل حسێن تەمەن ٥٠ ساڵ، جووتیارێكی شاری هەڵەبجەیەو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەشێوەیەكی گشتی وەك ساڵی رابردوو گەنممان چاندووە، چونكە لەهەمان زەوییەكانی پاردا گەنم دەچێنین و بەشێك لەگەنمەكان هێشتا دروێنە نەكراوە.»  وتیشی :» حەوت تۆن بنە تۆوم لەنزیكەی ٢٠٠ دۆنم زەویدا چاندووە، ئەگەر بێت و ئەو بڕیارە جێبەجێبكرێت كەسەرجەم گەنمی جووتیاران وەربگیرێت كارێكی باشە هاوكاریەكی باشی جووتیارانە». ماوەی سێ رۆژە زیاتر لە 10 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە سێ هەزارو ٥٠٠ تۆن لەهەولێرو سێ هەزارو ٦٠٠ تۆن لەسلێمانی و چوار هەزارو ٩٨١ تۆنیش لەدهۆكە. ساڵی رابردوو لەهەرێمی كوردستاندا ٣٠٦ هەزارو ٤٦٨ تۆن گەنم لەجووتیاران وەرگیراوە، بەجۆرێك لەپارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن و لەسلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن و لەدهۆكیش 52 هەزارو 195 تۆن. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رێككەوتنی بۆ زیادكردنی پشكی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە رێككەوتنێكی گرنگ وەسفكرد كەپاڵپشتی جووتیاران دەكات بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمەی هەیانە ساغ بكرێتەوە لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە. هەر تۆنێك گەنم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان 500 هەزار تۆن بەرهەم رەوانەی بەغداد بكات، ئەوا پارەكەی دەکاتە 425 ملیار دینار ، بەڵام ئەگەر بڕی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بگاتە یەك ملیۆن تۆن ئەوا پارەی گەنمی جووتیاران دەگاتە 850 ملیار دینار كەوەزارەتی كشتوكاڵ چاوەڕێی ئەوەیە سەرجەم بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەربگیرێت لەلایەن عێراقەوە. حكومەتی عێراق لەساڵی رابردوودا بڕی 900 هەزار تۆن گەنمی لەدەرەوەی وڵات كڕیوەو لەڕێگەی بەندەری بەسرەوە داخڵی عێراق كراوە. لەسەرتاسەری عێراقدا دوورینەوەی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە دەستیپێكردووەو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەوەی ئاشكرا كردووە چاوەڕواندەكرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن. لەهەرێمی كوردستاندا هەشت سایلۆ بوونیان هەیە كەچوار سایلۆیان لەپارێزگای سلێمانی و سێ سایلۆیان لەپارێزگای دهۆك و یەك سایلۆیان لەپارێزگای هەولێردایە، بێجگە لەوەی لەچەندین شوێن دیوارو شوێنی كۆكردنەوەی گەنم دروستكراوەو گەنم لەجووتیاران وەردەگیرێت. جووتیاران پێویستە ناویان هەبێت لەهۆبەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ تا لەو رێگەیەوە رێكارە كارگێڕییەكان ئەنجامبدەن. نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ئەوەی راگەیاندووە كە 40 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خراوەتەسەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم و دوای رادەستكردنی گەنم لەلایەن جووتیارانەوە بەسایلۆكان ئەوا راستەوخۆ پارەی بەرهەمی گەنمەكە كە بۆ هەر تۆنێك 850 هەزار دینارە دەدرێتە جووتیاران.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند بەتۆمەتی‌ ئەنجامدانی‌ سیحر و جادو و فریودانی‌ هاوڵاتیان، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئەزمەڕ ژنێكی‌ تەمەن 79 ساڵیان دەستگیركرد. پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر سكاڵای‌ هاوڵاتییەك‌ و دوای‌ وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوە، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ ئەزمەڕ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هاوڵاتیانی‌ فریودابو كاری‌ سیحرو جادوی‌ ئەنجامدابو. پۆلیس دەڵێت:  له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی تۆمەتبارەکەدا و دوای‌ پشكنینی‌ ماڵەکەى ده‌ستگیراوە به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی‌ زۆر نوشته‌دا . ئەوەشیخستەڕو، "تۆمەتبار (ف، ج، ع) تەمەن 79 ساڵ بەبڕیاری‌ دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 25-05-2023 لە پارێزگای دهۆک ژنێکی تەمەن 56 ساڵ دەستگیرکرا کە بە زیاتر لە 300 دۆلار نوشتەی کردووە. 

سازدانی: سەركۆ جەمال یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان كەیەكێكە لەو كەسانەی سكاڵاكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەقۆناغێكی گرنگ لەبەرەو پێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان لەقەڵەمدەدات. یوسف محەمەد باس لەوەشدەكات بەهۆی ئەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان كارا نەبووەتەوە، داوای كردووە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لەهەرێمی كوردستان بكات، دەشڵێت بەپێی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، هەر بڕیارو یاسایەك دوای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە 6-11-2022ـەوە لەپەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووبێت نایاسایی و نادەستوورییە. هاوڵاتی: دوای بڕیارەكە پێویستە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چی بكرێت؟ یوسف محەمەد: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكەنەوە لەڕووی تەكنیكییەوە لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رێكبكەون، كەئەوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكەن، تاوەكو ساڵی 2013 كەكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان نەبووە، كۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەكانی لەهەرێمی كوردستانیش بەڕێوەبردووە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لەپێشی كارەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدایەو ئەگەر رێككەوتن بكرێت، دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا بكرێت. هاوڵاتی: دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بەنادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چی روودەدات؟ یوسف محەمەد: لەڕاستیدا بۆ لەمەودوا ئیتر دەبێت درێژكردنەوە كۆتایی پێهاتبێت كە لەساڵی 1995 ەوە پەنای بۆ دەبرێت و چەندین كێشەی دروستكردووە. هاوڵاتی: كەواتە ئەم كۆمسیۆنەش نایاساییە كەپەرلەمان دەنگیپێداوە؟ یوسف محەمەد: بەڵێ لەدوای شەشی 11ی ساڵی رابردووەوە پەرلەمانی كوردستان هەر پرۆژەیەكی دەركردبێت یاخود هەر رێكارێكی گرتبێتەبەر نایاساییە. هاوڵاتی: وردەكاری بڕیارەكە چییە ئایا دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش ئیتر نادەستورین؟ یوسف محەمەد: بەڵێ پەرلەمانی كوردستان ئیتر نادەستورییە، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمیش دەگۆڕێت بۆ كاربەڕێكەر، ئەو وادەیەش بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە بەمەرجێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت جێبەجێی بكات هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نابێت، واتە هەركاتێك كۆمسیۆنی عێراق بتوانێت هەڵبژاردنەكە ئەنجامبدات لەوكاتەدا دەبێت ئەنجامبدرێت، دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان رەوایەتییان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوەو  ئەوەشی رەوایەتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردە. هاوڵاتی: هۆكاری داخستنی چەندین جاری دانیشتنەكان چی  بوون؟ دوای چەند جار بڕیاردرا؟ یوسف محەمەد: كەیسێكی ئاڵۆزبوو بەڕاستی و كێشەی زۆری تێدابوو، فشاری زۆریش لەسەر دادگای باڵای فیدراڵی هەبوو، بۆیە پێویستی بەكاتی زیاتر هەبوو بۆ بڕیاردان. هاوڵاتی: ئەگەر هەرێمی كوردستان بەبڕیارەكەوە پابەند نەبێت چی روودەدات؟ یوسف محەمەد: ئەگەر پێوەی پابەندنەبن كێشەی گەورە دروستدەبێت، دامەزراوەكانی هەرێم هیچ شەرعیەتێكیان نامێنێـت. هاوڵاتی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق چی كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟ یوسف محەمەد: ئەم بڕیارە دوو خاڵی گرنگی تێدایە، یەكەم ئەوەی كەدرێژكردنەوە نادەستورییەو پێویستیش دەكات شەرعیەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بگەڕێندرێتەوە، خاڵی دووەمیش ئەوەیە كەپێویستە دوای بڕیارەكە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت. هاوڵاتی: پێشتر كەوادەی پەرلەمان درێژدەكرایەوە بۆچی دادگای فیدراڵی بڕیاری لەو شێوەیەی دەرنەدەكرد؟ یوسف محەمەد: پەیوەندی بەوەوە هەیە كەپێشتر كەس نەبووە سكاڵا تۆماربكات، پێشتریش كەس بەرچاوڕوونی نەبووە كەپێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی سكاڵا تۆماربكرێت، چونكە پێویستی بەوردبوونەوەی زۆرو پارێزەرە، پێش ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەین زانیاریمان لەوبارەیەوە كۆكردووەتەوە ئەم بڕیارەش دوای نۆ جار لەدواخستن هات. هاوڵاتی: لەمەودوا تاچەند حكومەتی فیدراڵ دەستكراوە دەبێت دژ بەهەرێمی كوردستان؟ یوسف محەمەد: دژ بەهەرێمی كوردستان نا بەڵام دژ بەو لایەنانەی كەماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكانیان درێژكردووەتەوە دەستكراوە دەبێت و بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بەهەند وەربگرن و جگە لەو بڕیارەش هەر رێوشوێنێكی دیكە بگیرێتەبەر شەرعی نابێت. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات.

هاوڵاتی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاسا‌و بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی 9ـی تشرینی یەكەمی 2022، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكردەوە، لەكاتێكدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 كۆتایی هات. 1-   بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بەكاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی كوردستان 2-   یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق 3-   یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 4-   یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای رێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی‌و بێلانەكان 5-   یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردن‌و هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنی‌و مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان-عێراق 6-      یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق

هاوڵاتی هەدەکە، کەجەدە، هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز ئەنجامی یەکەم کۆبونەوەی خۆیان دوای هەڵبژاردن، ئاشکرا کرد. هاوسەرۆک و هاووتەبێژانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (هەدەکە)، پارتی هەرێمەکانی دیموکراتی (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبسەنگێنن و نەخشەڕێگەی قۆناغی نوێ دیاری بکەن، کۆبونەوە. دوای کۆبونەوەکە لایەنەکان راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و وتیان، " پێویستە بێمۆڕاڵ و چاوترسێن نەبین. لە ئاییندەدا قۆناغی نوێ، بۆ پێکهاتەکانمان و دەزگاکانمان و گەلەکەمان بە فراوانی شیدەکەینەوە. دۆخەکە لەبەرچاو دەگرین. لەدژی ئەم رژێمەی دوژمنی رەنج، ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی، سروشت، گەنج و ژیانە، هەنگاوێکیش بەرەو دواوە نانێین. پێویستە کەس گۆمانی نەبێت و بێگۆمان تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین." پارتی چەپی و سەوز و هاوپەیمانەکانی لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا، ٦١ کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنابوو. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) کە هاوپەیمانی پارتی چەپی سەوزە ٤ کورسی بە دەست هێنا.

هاوڵاتی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: "داوا لە هەموو لایەنەکان و هاووڵاتیانی کوردستان دەکەین، هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و رێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد." مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "لای هەمولایەک ئاشکرایە پارتی کە لە کاتی یاسایی و کۆتایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، هەمو هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لەکاتی یاسایی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبونەوە و سەردانی لایەنەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی داوای هەنگاوی جددی لێکردن بۆ ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بە گوێرەی تەوقیتاتی یاسایی دیاریکراو". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستاش ناگەڕێینەوە بۆ باسکردنی هەنگاوەکان و بە خەمەوەبونمان بۆ پڕۆسەکە، بەڵکو داوا لە هەمو لایەنەکان و هاوڵاتیانی کوردستانیش دەکەین هەریەکە و بە ئەندازەی بەرپرسیاریەتی خۆی هاوکار و ڕێخۆشکەربن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد". وتەبێژی پارتی دەڵێت، "داوا لە حکومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین هەنگاوی پێویست بهاوێژن بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە، ئەوەی بۆ پارتی گرنگە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە".  

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، ئامادەن گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک و سەبارەت بە پاشەکەوتی موچەش ڕایگەیاند، "هۆکاری سەرەکیی پاشەکەوتکردنی موچە بەغدا بوە و حکومەتی هەرێم نەبوە بۆ دانەوەشی پێویستمان بە بڕیاری بەغدا نیە". مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە رێورەسمی کردنەوەی کارگەی شیرەمەنیی زۆم لە گوندی ژاژۆک-ی سەر بە قەزای مێرگەسۆر،وتی "گرنگیدان بە کشتوکاڵ لە بەرنامەی کابینەی حکومەتدا پێموایە دیارە و ئێمە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە" لەبارەی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا، سەرۆکی حکومەت وتی، "ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و لەگەڵ سەرۆک وەزیران کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی ماون لە نێوان بەغدا و هەولێر بێنە چارەسەر کردن، هەندێک لەوانە لەسەر نەوت و غاز و لەسەر بودجە و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئێمە گەیشتینە چەندین ڕێککەوتن، بەڵام بەداخەوە دیسان چەندین بابەتی دیکەی یاساییان هێنایە پێش و بەربەستیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دروستکرد". ئەوەشی خستەڕو، "پێش چەند ڕۆژێکیش چەند کەسێک لە لیژنەی دارایی هەندێک خاڵیان هێناوەتە پێش کە بەحەقیقەت ئەگەر جێبەجێ بکرێن، زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بە خەڵکی کوردستان دەکەوێت، ئەو خاڵانەش دەستوری نین و بەشێکیش نین لەو ڕێککەوتنەی کە ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی هەمانە". پەیوەست بە پاشەکەوتی موچە وتی، "بەغدا بووە كە بودجەی هەرێمی بڕیووە، بۆیە هەرێم ناچار بووە هەندێك پارەی قەرز كردووە یانیش چەندین جاریش نەیانتوانیوە مووچە بدەن یان نیوەیان داوە، هەرچەندە ئێمە لەم كابینەیە، هەموو مووچەی خۆمان داوە، ڕاستە ئێمە رەنگە مانگێك دواكەوتبین بەڵام هەموو مووچەكانمان داوە، سەرەڕای ئەوەش، ئەو پاشەكەوتی مووچەیە كە باسی دەكەن، قەرزێكە لەسەر حكومەتی عێراق، كاتێك ئێستا دێتە باس كردن، پێویستە ئەو پاشەكەوتی مووچەیە بۆ خەڵك بگەڕێندرێتەوە". رونیشیکردەوە، "پێویستە ئەو پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو ئەو پاشەکەوتی موچەیە جارێکی دیکە بۆ خەڵک خەرج بکرێت، ئەگەر مەبەستیش ئەوەیە ئەو پارەیە لە بەشی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت، پێویستیم نە بە بڕیاری حکومەتی عێراق هەیە و نە ئێمە پێویستیمان بە چ بڕیاری دیکەش هەیە".    

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیای راگەیاند کە 14ی ئایار بەڕێوەچووبوو. بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کورسی لایەنەکان لە پەرلەمانی تورکیادا بەم شێوەیەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٢٦٨ کورسی پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) ١٦٩ پارتی چەپی سەوز ( یەسەپە) ٦١ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٥٠ پارتی باش (ئیی پارتی) ٤٣ پارتی رەفاحی نوێ ٥ پارتی کرێکارانی تورکیا ٥ لەنێو پێکهاتەی فراکسیۆنی ئاکەپەدا، ٤ پەرلەمانتاری هوداپار هەیە کە پارتەکە درێژکراوەی حزبوڵای تورکیایە و لە ساڵانی نەوەتەکاندا، دەستیان لە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی کوردی باکوری کوردستاندا هەیە. لەلایەکی دیکەوە لەنێو پێکهاتەی فراکسینی جەهەپەدا، ١٥ پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و پێشەکوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی ئاییندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغلۆ، ١٠ پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل قەرەمەلائۆغلۆ و ٣ پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی گولتەکین ئویساڵ هەن.

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوای سێجار لەدواخستن، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوەوەو بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. ئەمڕۆ سێشەممە، 30-05-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، پاش سێجار لەدواخستنی دانیشتنەكە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە. رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات. سکاڵاکە بە ناوی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پێشکەشکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ سێ سکاڵای دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کرابوون. لەو سکاڵایەدا سكاڵاكار داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی ناکۆکبوونی لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."

هاوڵاتی هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر پێشنیازی گەڕانەوەی پاشەكەوت كراوە، با پارەی بۆ تەرخانبكرێت" و دەشڵێت "بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەک خەرج ناکرێت، ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەکیش لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت.  وتەبێژی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رەخنە لەدەستكاریكردنی رێكەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا لە لیژنەی دارایی دەگرێت و راشیدەگەیەنێت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەناچاری و بەهۆی قەیرانی داراییەوە بو، ئێستاش ئەگەر پێشنیازكراوە پاشەكەوت بگەڕێندرێتەوە با پارەی بۆ تەرخانبكرێت. هونەر جەمال باسی لەوەشكرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی بۆ دیارینەكرێت و هیچ گواستنەوەی پارەش لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساكەدا نەهاتبێت، ئەمەش لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوە و لە هەمو ساڵانی رابردوشدا هەر بەمجۆرە بوە" ئەوەشی رونكردەوە، " ئەو رێژەی 10%یەی پاشەكەوتی مانگانەی موچەی فەرمانبەران كە باسدەكرێت، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانەش پێویستی بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینارە، ئەم بڕە پارەیە چۆن دابین دەكرێت با پێمان بڵێن، بەدڵنیاییشەوە بەغدا پارەمان بۆ تەرخان بكەن، نەك 10%بەڵكو 30%ی پاشەكەوتی موچە دەدەینەوە". ئەو وتەبێژە وتیشی "ئەگەر پێشنیازی پێدانەوەی پاشەكەوتی موچە جێگیركراوە لەناو پرۆژەیاسای بودجە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرمون پارەی بۆ تەرخان بكەن. با رێژەی 10% نەبێت و رێژەی 30% بێت، بۆئەوەی بتوانین لە زوترینكاتدا پاشەوكەوتی موچە بدەینەوە موچەخۆران".    

هاوڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووە و ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا کۆبووەتەوە و هەرچەندە لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە، هیچ زانیاریەکی فەرمی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەگوترێت کە ئەردۆغان ئامادەکاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات. لە کاتێکدا کە تورکیا لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریدایە، داوا کە محەمەد شیمشەک دەکرێت ببێتە وەزیری ئابوری. بەر لە هەڵبژاردنەکانیش ئەردۆغان لەگەڵ شیمشەک کۆببووە. هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە ئەردۆغان رۆژی هەینی یان شەممە کابینەی نوێی حکومەت ئاشکرا دەکات و گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە کابینەکەی پێشوودا ئەنجام دەدات. بەگوێرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا، چاوەڕێ دەکرێت، ئەردۆغان هاکان فیدان کە ١٣ ساڵە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیایە (میت) بکاتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆککۆماریش بکاتە وەزیری دەرەوە. هەروەها دەوترێت ئەردۆغان بەنیازە، وەزیری بەرگری، بەڕێوەبەری دەستەی ئاسایشی نیشتیمان و وەزیری وزە گۆڕێت. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە رێژەی بێکاری ١٠٪ی تێپەڕاندووە، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆپۆزسیۆن رێژەی هەڵاوسانیش ١٠٥٪ـە. هەروەها رێژەی هەژاریش لەخوار ١٢ هەزار لیرە تۆمار کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە موچەی کارمەندێکی ئاسایی حکومەتی ناگاتە ١٠ هەزار لیرە. هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمیەکان، تورکیا ٢٣٠ ملیار دۆلار قەرزارە و بۆیەش ئەردۆغان لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستی بۆ بواری ئابوری بردووە و دەیەوێت محەمەد شیمشەک کە کوردێکی شاری وان باکوری کوردستانە، لە بوژاندنەوەی ئابوری تورکیادا هاوکاری بکات.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، سێ داواکراویان دەستگیرکرد کە کەسیان کوشتوە و لەئێستاشدا لێۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت. دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ، لە بازگەی (بانیمەقان) سێ داواکراوی بەڕەگەز عەرەبیان دەستگیرکرد کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوبون بە پێی ماددەی  406 لە یاسای سزادانی عێراقی. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە تۆمەتباران لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی ( 6 ) کەسیان کوشتوە و هەڵاتون و ویستویانە بە ناسنامەى ساختەوە بێنە هەرێمى کوردستان و لە ئێستادا بەپێى ماددەکانى 289 و 298 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و رادەستى دادگاى تایبەتمەند دەکرێن. بەپێى زانیارییەکانى دەزگاى ئاسایشى هەرێم ئەو کەسانەى دەستگیر کراون تەمەنیان 23 ساڵ و 28 ساڵ و 61 ساڵن و دانیشتوى پارێزگاى ناسریەى عێراقن.  

هاوڵاتی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هۆشداریی دەدات لەوەی ئۆباڵی ئافات و گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێک لە سلێمانی، لە ئەستۆی بانکی هەرێمە و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، دەشڵێت: ئەو بانکە نازانێت جیاوازی ناکات لە نێوان کەرتی تەندروستی و گەشتوگوزاردا. د.هێرش سەید سەلیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "لە ماوەی شەش مانگ لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بو، بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات، تەنها پێنج ملیار کە بەشی تەنها مانگێکە خەرجیکردوە، بۆیە نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆکاری ئافات و گیانلەدەستدانی نەخۆش ئۆباڵەکەی ئەخەینە ئەستۆی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە". ئاماژەی بەوەشکردوە، بانکی هەرێم نەیتوانیوە و نەیزانیوە تەنانەت جیاوازی تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاخود دەستەی گەشتوگوزاردا بكات و هاوشێوەی تەندروستی پارەی بۆ دابین كردوە بێ ئاگا لەوەی لە ئێستادا چارەسەری نەخۆش لەپێشینەی هەمو پرسەكانی ترە و پێویستی بە هاوكاری زیاتر لەو بڕە پارەیەشە كە بۆی دانراوە ئەمە لەكاتێكدا ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابین كردنی پارەی پێویستی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم و بانكەكانی سلێمانی .

هاوڵاتی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجە و یەکلاکردنەوەی ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد لە کۆبوونەوەدایە و دواپێشھاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە و ناکۆکییەکان لەسەر ماددەکانی ( ١٣ و ١٤)کە پەیوەستن بە پشکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ھاوکات مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاندووە، یەکێتی بە پاڵپشتی ئەوان بڕگەی گەڕاندنەوەی ١٠%ی پاشەکەوتی ناچاریی مووچەی فەرمانبەرانی زیادکردووە، بەڵام پارتی داوای لابردنی ئەو ماددەیەی کردووە و رایگەیاندووە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە، کە رەنگە ھێزە سیاسییەکان وەڵامی داواکەی پارتی بدەنەوە. هەروەها  سالم عەنبەکی پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە چاوەڕێی وەڵامی کوردە.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، پەلە بکات لەدیارکیردنی رۆژێک بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و راشیدەگەیەنێت، "ئەم یاسایە گرنگییەکی گەورە و هەستیاری هەیە کە پەیوەندی بە بەهێزی گەلی عێراق و کاریگەرییە ئابوری و ئیداری و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە". عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە: دوای گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەوڵدان بۆ پێگەیشتن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و مافەکانی خەڵکی ئازیزمان مسۆگەر بکەین، داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین بەپەلە بڕیاری دانیشتنی دەنگدان لەسەر یاساکە بدات لەم هەفتەیەدا." ئاماژەی بەوەشکردوە، "جەختکردنەوەمان لەسەر گرنگی خێراکردنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی لە پێناو دەستپێکردنی پلانی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری، بەردەوامبونی چاکسازی ئابوری، گرنگیدان بە پڕۆژە لەپێشینەکان بەتایبەتی تەندروستی، نیشتەجێبون، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پشتیوانیکردن لە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەتە". سەرۆکی لیژنەی دارای ڕاشیگەیاند، "داوا لە دەستی هێزە سیاسییەکان دەکەین بەسەر جیاوازییەکانیاندا زاڵ بن و بە ڕۆحێکی نیشتمانی کاربکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم مافە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی لەلایەن پەرلەمان و نوێنەرانی خەڵکەوە دراوە بۆ خزمەتکردنی وڵات ."