شەنای فاتح «چوار كوڕم هەیە هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزم و ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، جل لەبەرخۆیان دەدڕێنن و فرە جوڵەن، هاوسەرەكەم پێشمەرگەیە بەهۆی دەوامی ئەوەوە كە 10 رۆژ لەدەوامەو 10 رۆژ لەماڵەوەیە فریای خزمەتی تەواوی مناڵەكان ناكەوم و مووچەشیان نییە»، نیان فەرەج دایكی ئەو چوار مناڵە بۆ هاوڵاتی وادەڵێت. لەشاری سلێمانی خێزانێك رووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی ژیان كردن بوونەتەوە كەخاوەنی چوار منداڵن و هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزمیان لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا (مینحە) بۆ ئەو منداڵانەیان نەبڕاوەتەوە لەخانووەیەكی كرێدا دەژین كەكرێی ساڵێكیان لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ دابین كراوە. بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو زۆرینەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مینحەیەكی مانگانەیان پێدەدرێت كەبڕەكەی 150 هەزار دینارە تابەشێك لەپێداویستییەكانیان بەو مینحەیە بەڕێبكەن. نیان فەرەج تەمەن 35 ساڵ، باس لەژیانی خۆیان بۆ هاوڵاتی دەكات و وتی:» نزیكەی ١٤ساڵە هاوسەرگیریم كردووەو زیاتر لەهەشت مانگە لەم خانووەدا لەگەڕەكی ڕاپەڕین لەكرێچیداین، كوڕە گەورەكەم تەمەنی هەشت ساڵەو كوڕەكەی دیكەشم حەوت ساڵە، دوو كوڕی دووانەشم هەیە تەمەنیان سێ ساڵ و نیوەو هەرچوار كوڕەكەم نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كەمناڵەكان هیچ كامیان مووچەیان نییەو خەرجییان گرانەو جلوبەرگ و شیرو دایبیان پێویستەو لەگەڵ ئۆتیزمەكەشیاندا نەخۆشی ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، وتیشی:»پزیشك پێی راگەیاندووم كە چاك نابنەوە جگە لەچاكبوونێكی كاتی». «مناڵەكان فرە جوڵەن و جلوبەرگ لەبەر خۆیاندا دەدڕێنن ئاگاداری و چاودێریان پێویستە، رۆژانە فریای كاروباری ناوماڵ ناكەوم، دەمەوێت هاوسەرەكەم دەوام نەكات و هاوكاریم بكات، چونكە بەتەنیا فریای چاودێریكردنیان ناكەوم»، نیان دایكی چوار مناڵی ئۆتیزم وادەڵێت. هاوسەرەكەی نیان فەرەج (هەرێم مینە) پێشمەرگەیەو دەوامی لەمیحوەری مەخمورو-گوێر نزیك موسڵەو ١٠ رۆژ بە ١٠ رۆژ دەوام دەكات و ئاگاداری سەرووی خۆی كردووەتەوە لەبارودۆخ و گوزەرانیان، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووە، نیان وتی:» هاوسەرەكەم بەهۆی فێڵێكەوە كە لەدەوامدا لێیان كردووە موچەكەی لێدەگێڕنەوە، مانگانە تەنها ٢٠٠ هەزار دیناری پێدەدەن و كرێی خانووەكەشمان مانگانە ٢٢٠ هەزار دینارە». ئەو خێزانە لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، تا بارودۆخیان باشتر بێت، كە چووە سەردانی كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووەو و پێم راگەیاندووە كە مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، كە منداڵەكانی ئۆتیزمیان هەیەو فرە جوڵەن و نەخۆشی پێستیشیان هەیە، پێی راگەیاندووە كەناویان تۆماربكەو فۆڕمەكە پڕبكەرەوە، دایكی چوار مناڵەكەش رێكارەنی ئەنجامداوەو چاوەڕێی هاتنەوەی ناوەكانیانە. مناڵەکان هیچ کامیان مووچەیان نییە و خەرجییان گرانە و جلوبەرگ و شیر ودایبییان پێویستە ولەگەڵ ئۆتیزمەکەشیاندا نەخۆشی ئەکزیمای پێستیان لەگەڵدایە دایكی ئەو چوار مناڵە كە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە زیاتر روونكردنەوەی لەسەر بارودۆخی ژیانیان بۆ هاوڵاتی باسكردو ئەوەی خستەڕوو كە كرێی ساڵێكی خانووەكەیان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆیان دەدات و لەسەر ئەركی ناوبراو دووان لەمنداڵەكانی بۆ سەنتەرو بۆ قوتابخانە دەبات. بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو سەبارەت بەوەی كە لەماڵێكدا زیاتر لەنەخۆشێكی ئۆتیزم هەبێت زیاتر لەموچەیەك دەبڕنەوە. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كەهەر ماڵێك چەند توشبووی ئۆتیزمی هەبێت بەمەرجێك ڕێژەكەی ئەو رێژەیە بێت كە بەپێی یاساكان دەستنیشانكرابێت بەخاوەن پێداویستی تایبەت ئەژمار دەكرێت و مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، وتیشی:» خێزانمان هەیە سێ منداڵ و دایكەكەشیان خاوەن پێداویستی تایبەتن مووچە بۆ هەر چواریان بڕدراوەتەوە». نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە بەردەوام چاودێری دایك یان باوك و كەسوكاری پێویستەو بەردەوام دەبێت ببرێنە سەنتەرەكانی راهێنان. یوسف عەبدوڵا، پزیشكی دەروونی لەسەنتەری تەندروستی دكتۆر زامدار لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە چاكبوونی نییەو تەنها پێویستیان بەڕاهێنانە بۆ ئەوەی ئەركی دایك و باوكیان كەمبكرێتەوە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو جۆرە نەخۆشیە پێویستی بەچاودێری وردی دایك و باوك هەیە لەماڵ و لەسەنتەرەكانیش راهێنانیان پێدەكرێت.

هاوڵاتی-دهۆک ژنێکی عەرەب کە خەڵکی بەغدایە لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشتەجێی دهۆکن، بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی بەچەقۆ هاوسەرەکەی کوشتووە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتی کەوتووە لە دهۆک ،روداوکە لەگەرەکی حی شورتە لەناوەندی دهۆک ڕویداوە، ژنەکە لەدایک بووی ساڵی2000و لەیانەیەکی شەوانە ئیش دەکات. سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی دهۆک  بە هاوڵاتی وت"پۆلیس ئەو ژنەی دەستگیرکردوە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هۆکاری ڕوداوەکە دیار نییە". وتیشی،" پێش ماوەیەک ئەو ژن و پیاوە لەیەکتر جیابوونەتەوه، تەنها یەک کچ یان هەیە"  

هاوڵاتی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان خەباتی كورد لەباكور سەختتر دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و چاوەڕواندەكرێت ئەردۆغان مامەڵەكانی توندتر بكاتەوە بەو هۆیەی دەنگیان بۆ كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بووە. ئەردۆغان: دەمیرتاش ئازاد ناكرێت ئەردۆغان لەیەكەم گوتاریدا لەبەرامبەر لایەنگرانی لەكۆشكی بێشتەپە لەئەنقەرە، هێرشی كردەوە سەر ئۆپۆزسیۆن و جارێكی دیكە كلیچدار ئۆغڵۆ و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەی كردە ئامانج. ئەردۆغان وتی، ئەوانەی دژایەتی توركیایان كرد لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتن و باسی دەمیرتاشی كردو رایگەیاند، كلیچدار ئۆغڵۆ باسی لەهەوڵەكانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكردو دەیوت ئەگەر دەتانەوێت سەلۆ (سەڵاحەدین دەمیرتاش) لەزیندان ئازاد بكرێت، دەنگ بە من بدەن، بەڵام گەل چی وت؟ چونكە گەلەكەی من باش ئەمە دەزانێت كەئەو كەسەی لەئامەد بووە هۆكاری گیانلەدەستدانی 51 برای كوردم، ئەو سەلۆ (تیرۆریستە) بوو و بۆیەش ئازاد ناكرێت.»   كڵیچدار ئۆغڵۆ: بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی دەدەین لەبەرامبەردا، كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاتژمێر نۆو نیوی شەوی هەڵبژاردن كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو وتی، « كارەكانمان تەواو نەبووەو بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی لەتوركیا دەدەین. ناحەقی زۆر بەرامبەر خەڵكەكەمان دەكرێت و منیش نەمتوانی بێدەنگ بم، هەوڵمدا گەل لەم دۆخە دەربهێنم.»   ‹لەدوو كەس كەسێك گۆڕانكاری دەوێت› دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و سەرنەكەوتنی كلیچدار ئۆغڵۆ، چاوەكان زیاتر لەسەر هەدەپەو پارتی چەپی سەوز بوون كەهەڵوێستیان چی دەبێت كەپشتگیری تەواوی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغڵۆ دەربڕیبوو. دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكە، هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوزو میدحاد سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا. سانجار لەكۆنفڕانسە رۆژنامەنووسیەكەدا رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن بە روونی دەریدەخات كە لەدوو كەس لەتوركیا كەسێك گۆڕانكاری دەوێت. بۆیە ئەركی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كەهەوڵ بۆ گۆڕینی سیستم بدات و وتی، «لەئێستادا جەمسەرگەرایی لەنێو كۆمەڵگادا دروست بووەو ئەمەش هۆكارە بۆ لەناوبردنی بنەماكانی دیموكراسی.»   دەنگەكانی كلیچدار ئۆغڵۆ لەباكوری كوردستان كەمی كرد بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە. هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە. لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە. بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە. رۆژهەڵاتییەكان خۆشحاڵ و رۆژئاواییەكان نیگەرانن دوای ئەوەی جارێكی دیكە ئەردۆغان وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوە، سەرۆكانی وڵاتانی جیهان، دەستیان بە پەیامی پیرۆزبایی بۆ ئەردۆغان نارد. ڤیلادیمیر پوتی سەرۆكی روسیا وتی ‹دۆستی ئازیزمان سەركەوت›. ئێران، ئازەربایجان، پاكستان، قەتەرو چەندین وڵاتی دیكە پیرۆزبایی گەرمیان لەئەردۆغان كرد. لەئاستی هەرێمی كوردستانیشدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریش خۆشحاڵی خۆیان بەسەركەوتنی ئەردۆغان دەربڕی. لەلایەکی دیكەوە، رۆژئاواییەكان، تێبینیەكانی خۆیان بەئاشكرایی دەربڕی، سەرۆكەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەگشتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ناتۆ داوایان لە ئەردۆغان كرد لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا كاربكات و لەئەوروپاو ئەمریكا نزیك بێتەوە.   ‹ئەردۆغان ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كە چێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت› هەڵبژاردن كۆتایی هات و ئەردۆغان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی كەتوركیا بەرەو كەشێكی ناسەقامگیر پاڵ پێوە دەنێت، چاوەڕێی ئەردۆغان دەكەن و بەتایبەتی پرسی قەیرانی ئابوری، بێكاری، گرانی. بەپێی ئامارە فەرمیەكان، لەئێستادا، رێژەی بێكاری 10٪، رێژەی هەڵاوسان 43٪یـــە. بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، رێژەی هەوسان 100٪ی تێپەڕاندووە. سنوری برسیبوون گەیشتووەتە 12 هەزار لیرە كەنزیكەی هەشت هەزار لیرە وەك موچە بەكارمەندان دەدرێت. توركیا 230 ملیار دۆلار قەرزداری وڵاتانی جیهان و بانكی ناوەندیە. نرخی لیرە بەشێوەیەك دابەزیوە كە لەمێژووی توركیادا هاوشێوەی نەبووەو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی دوو هەزار لیرەی تێپەڕاندووە. بۆیە چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەوە ئاماژە بەوە دەكەن كەدۆخێكی سەخت چاوەڕێی توركیاو ئەردۆغان دەكات. لەم بارەیەوە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی لەبارەی سەركەوتنی ئەردۆغان و لێكەوتەكانی بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەر ئەردۆغان قەیرانی ئابوری چارەسەر نەكات، متمانەی نامێنێت و بۆیە ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كەچێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت.   قەیرانی ئابوری سەركەوتن لەئەردۆغان تاڵ دەكات؟ دوای كێبڕكێیەكی سەخت، دوای هەموو تێبینیەكان سەرەنجام رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیكە، وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوەو كەمال كلیچدار ئۆغلۆ ركابەرە سەرسەختەكەی بۆ هەمیشە چانسی بوون بەسەرۆككۆماری لەدەستدا. لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا كە 28ی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێژەی 52.18%ی دەنگەكان، كەمال كڵیچدار ئۆغڵوی شكستپێهێنا كە رێژەی 47.82%ـی دەنگەكانی بەدەستهێنا. رێژەی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا 86.09٪ بوو و بەگشتی ئەردۆغان 27 ملیۆن و 833 هەزارو 991 دەنگ و كلیچدار ئۆغڵۆش 25 ملیۆن و 503 هەزارو 703 دەنگیان بەدەستهێنا. بەو پێیەش كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیكەی ملیۆنێك دەنگ و ئەردۆغانیش نزیكی 700 هەزار دەنگیان زیاد كردو بەم شێوەیە كۆتایی بەكەشی هەڵبژاردن لەتوركیا هات و داشەكان شوێنی خۆیان گرتەوە.

هاوڵاتی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کامێرای (پۆینت تو پۆینت) داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن و دەڵێن: هەرکاتێک شۆفێر بە کامێرای پۆینت تو پۆینت سزا دران و پسوڵەی سەرپێچیان بۆکرا، راستەوخۆ پەیوەندیان پێوەبکەن بۆئەوەی پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابینبکرێت. لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەی بەوەکردوە، "پاش هەوڵەکانیان لەساڵی رابردو سەبارەت بەرەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی یاداشت سەبارەت بەنایاسایی بونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبونی گرێبەستەکە لەگەڵ یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 و رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەهەمانشێوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردەوام بو لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە 29ی (ئایار/5)ی 2023". ئەوەش هاتوە "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە، لەهەوڵەکانمان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتیەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا، بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، دوای وەرگرتنی پسوڵەکەی، پەیوەندی بەفیدراسیۆنەوە بکات بەمەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاساییە دژی ئەو سیستمە لەدادگای پەیوەندیدار لەپێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بەئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی"

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لەمانگى ڕابردوودا  لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ئاماری مانگی ئایاری شەڕ و پێکدادانەکانی بەرامبەر سوپای تورکیا ئاشکراکرد و ڕایگەیاندووە، لەمانگى ڕابردوودا  تورکیا  ٥٨٠ جار هێرشیکردووەتە سەر سەنگەرەکانی گەریلا، دەشڵێن، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. لە شەڕی مانگی ئایاردا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون هەپەگە ئاشکراشی کردووە، کە سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا هەشت جار بە چەکی کیمیایی سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان کردووە. دەشڵێن، جگە لەوەش سوپای تورک ١٢٦ جار بە فڕۆکەی جەنگیی، ١١ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر، ٤٣٥ جار بە تۆپ، هاوەن و تانک سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو،" کە لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکاندا شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ٥٤ داگیرکەر کوژراون و دوو داگیرکەریش برینداربوونو هەروەها لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڕێمان شەهیدبوون."  

هاوڵاتی بەهۆی بەردەوامی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە سوریا بەرەو لاوازی دەچێت و بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ڕوسیا لە ناوچەی شەهبای ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە. بە پێی هەواڵی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک لە میدیاکانی سوریا، ڕوسیا هێزەکانی لە ناوچەی شەهبای سەر بە هەرێمی عەفرین کشاندۆتەوەو هێزەکانی بردۆتە شاری حەلەب. ڕوسیا لە سێپتەمبەری ٢٠١٥ لەسەر داوای سوریا هێزی سەربازی ناردە سوریا .

هاوڵاتی شەوی رابردوو لە قەزای کفری شەڕەتەقە لەنێوان ئەندامانی خانەوادەیەک روویدا و بەهۆیەوە سێ برا بە گوللـە برینداربوون. لەم بارەیەوە پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، شەوی هەینی لە قەزای کفری بەهۆی کێشەیەکی خێزانیەوە شەڕەتەقە لەنێوان خێزانێک دروست بوو دوو برا لە گەڵ دووبرا ناکۆکی کەوتۆتە نێوانیان و تەقەیان لەیەک کردووە لەئەنجامدا سێ کەسیان بەفیشەک برینداربوون دەشڵێت، لەئێستادا لەنەخۆشخانەی قەزاکە چارەسەری پێویست بۆبریندارەکان کراوەو ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەزای کەلار کراون. ئاماژە بەوەشدراوە، پۆلیسی قەزای کفری چونەتە شوێنی ڕوداوەکە و دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە و بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 405 / 31 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەرچوار تۆمەتبار کەبرای یەکترن دەرچووە. هاوکات سێ لە تۆمەتباران بەبرینداری دەستگیر کراون و یەکێک لەبریندارکان هەڵاتوە پۆلیس لەهەوڵی دەستگیرکردنیدان. .     .

هاوڵاتی نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەلایەن بنکەی پۆلیسی خانەقا لە شاری هەولێر ئاگادارکراونەتەوە خۆی و نوێنەرێکی دیکەیان رۆژی یەکشەممە لە دادگە ئامادەبن بۆ دادگاییکردن بە تۆمەتی خۆپێشاندانی بێ مۆڵەت. عەلی رەئووف ، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت" بـڕیـارە ڕۆژی یـەك شـەمـمـە 4 ی 6 ی 2023 لـە داواڪـاری گـشـتی هـەولێر دادگایی بڪرێین لەسەر ئەم مافە سەرەڪی و یاسـایی و ئاسـاییەی خـۆمان ڪە بریتیە لـە دامـەزراندن و بــەرزڪردنەوەی ئـەم دروشـمـانـە ( وەك مامۆستای هەمیشە بمانڪەن بـە هەمیشـە ، بەڵێ بۆ دامەزراندن ) و ئەنجامدانی خـۆپـیـشــاندانـی مـەدەنـی و ئـاشـــتـیـانـە لـەبـەردەم بـینای ئـەنجـومـەنی وەزیـران ڪە لــە ڕێڪەوتـی 6 ی 9 ی 2022 ئــەنجاممانـدا ودەستگیرکراین  دوواتـر بـە ڪەفـالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد ڪرایــن " ئەوەشی ڕونکردەوە،" ساڵی رابردوو پێش ئەوەی خۆپێشاندان بکەن، هەوڵیانداوە مۆڵەت وەربگرن، بەڵام داواکارییەکەیان لە پارێزگای هەولێر لێ وەرنەگیرا". ئەو نوێنەرە وتیشی " لــــە پـــاش نـزیڪەی 9 مــانـگ ئــازادڪردنـمـان بـە ڪەفـالـەت ، لـە ئـێسـتـادا بـڕیارە لە ڕێڪەوتـی 4 ی 6 ی 2023 دا ڪۆتا دادگـایـی بڪرێـیـن " لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن. بەپێی یاسای خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان؛ هەرکەسێک بەبێ مۆڵەت خۆپێشاندان بکات، سزاکەی بەندکردن دەبێت بە ماوەیەک کە لە مانگێک زیاتر نەبێت یان بە سزایەک لە 50 هەزار دینار کەمتر و لە 500 هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکی سزا دەدرێت.

هاوڵاتی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق سێ بڕگەی لە ماددەی 14 پڕۆژە بودجە جێگیركردووە كەئەولەویەت بدرێت بەدابەشكردنی مووچەو 10% ی مووچەی پاشەكەوتكراوەكان مانگانە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و پارێزگای ناڕازی ئەو مافەی هەبێت بەغدا راستەوخۆ بودجەی بۆ رەوانە بكات. رۆژی هەینی رابردوو لیژنەی دارایی كارەكانی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی عێراقی پەسەند كرد، بەڵام دوای بڵاوبونەوەی بەشێك لەبڕگەكان پارتی لەڕێگەی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمان دانیشتن و كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی راگرت. پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە. لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار. هەروەها لەماددەی 14و بڕگەی 12ی پڕۆژەكەدا ئاماژە بەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە كەمانگانە 10% بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران كەحكومەتی هەرێم مانگانە 910  ملیار دینار دەداتە مووچەو بەو شێوەیە مانگانە 91 ملیار دینار خەرجی دارایی دیكەی بۆ دروست دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كەمانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە  200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات. حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو  بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت. فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 11 ملیار دۆلار مووچەی پاشەكەوتكراو نەدراویان لای حكومەتی هەرێمە كە بەدینار دەكاتە زیاتر لە 18 ترلیۆن دینار. بەشێوەیەك كە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران حەوت موچەی تەواویان پێنەدراوەو (23) مانگی تەنها چارەكە مووچەیان پێدراوەو (11) مانگیش بەشێكی كەم بەڕێژەی لەسەدا (21،18،15،12،10) مووچەی فەرمانبەران  پاشەكەوت كرا. یەكەم؛ پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق پاڵپشت بەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023) هاوكات خەرجی گشتی بە (199 ترلیۆن و 22 ملیارو 111 ملیۆن و 663 هەزار) دینار دەخەمڵێندرێت. لەو خەرجیانەش پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) جێگیر كراوە ، بەجۆرێك؛ گێرانەوەی پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، دابینكردنی پژێوی و موچەی موچەخۆرانە، ئەم پرسە لای یەكێتی بەئەولەویەتی كارەكانی فراكسیۆنی یەكێتی دادەنرێت و پارتیش دەڵێت پێویستە بەغداد بودجەی بۆ تەرخان بكات. لەهەرێمی كوردستاندا ژمارەی موچەخۆران یەك ملیۆن و 251 هەزار كەسەو ئەگەر تەنها 10% پاشەكەوتی مووچە بگەڕێندرێتەوە ئەوا مانگانە 91 ملیار دیناری دیكە دەكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمەوەو جوڵەی ئابووری زیاتر دەكات و بوژانەوەی ئابووری لێدەكەوێتەوە. هەرێمی كوردستان دانیشتوانەكەی زیاترە لە شەش ملیۆن كەس كە لەهەزارو 200 خێزان پێكهاتووە، واتا هەر خێزانێك بەتێكڕا مووچەخۆرێكیان بەردەكەوێت، كەواتە گێڕانەوەی 10%  پاشەكەوتی مووچە پەیوەندی راستەوخۆی بەدۆخی ئابووری هاووڵاتیانەوە دەبێت و متمانەی حكومەت لای خەڵك زیاتر دەكات. شیعەکان نایانەوێت کێشە بۆ حکومەتەکەی سودانی دروست ببێت و چاوەڕوان دەکرێت پارتی ڕازی بکەن و بڕگەی گەڕاندنەوەی ٪١٠ پاشەکەوتی مووچە لاببرێت دوێنێ سێشەممە هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە «بەپێی یاسای بودجە هیچ بڕە پارەیەك خەرج ناكرێت، ئەگەر تەرخانكراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەكیش لەشوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە ناگوازرێتەوە ئەگەر بەدەق لەیاساكەدا نەهاتبێت، كە ئەمە لەپڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا جێگیركراوەو لەهەموو ساڵانی رابردووشدا هەر وابووە». هونەر جەمال راشیگەیاند كەئەو لەسەدا 10ـی پاشەكەوتی مانگانەی مووچە كە لەلایەن خەڵكەوە باسی لێودەكرێت، مانگانە پێویستی بەزیاتر لە 90 ملیار دینارو ساڵانەش پێویستی بەزیاتر لەیەك ترلیۆن دینارە، وتیشی:» ئەگەر پێشنیاری پێدانەوەی پاشەكەوتی مووچە جێگیركراوە، سوپاستان دەكەین، بەڵام فەرموون پارەی بۆ تەرخان بكەن با سەدا 10 نەبێت، با سەدا 20 و 30 بێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەزووترین كاتدا پاشەوكەوتی مووچە بەمووچەخۆران بدەینەوە». كۆی پارەی پاشەكەوتی موچەخۆران  كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەی رۆژی 5ی تشرینی یەكەمی 2022 لەپەرلەمان رایگەیاند، قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم زیادیان كردووەو بوونەتە 28 ملیارو  500 ملیۆن دۆلار لەماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نیوێك زیادبووە. هاوكات رۆژی 28ی حوزەیرانی 2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند «كۆی قەرزەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی سێی 2020 (28 ملیارو 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلار بووە، بەڵام لە مانگی سێی 2021 واتا لەماوەی ساڵێكدا  گەیشتووەتە 31 ملیارو  بە: 637 ملیۆن دۆلار». هەروەها زیاكردنی ئەو سێ ملیارەی دۆلارەی بۆ شایستە داراییەكانی مووچەخۆران بۆ مانگەكانی (5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020)ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە. لە  13ی ئازاری ئەمساڵدا  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەشنوسی بودجەی ساڵی 2023ی پەسەند كرد كە بۆ ساڵانی (2024 و 2025)یش بەكاردێت. لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنجی نیسانی 2023 خوێندنەوەی یەكەم و لە 18ی نیسانی 2023  پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساكە ئەنجامدا، چاوەڕواندەكرێت لەسەرەتای مانگی حوزەیران پرۆژەیاساكە پەسەند بكرێت. لەپرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا داهاتی گشتی بە (134 ترلیۆن و 552 ملیارو 919 ملیۆن و 63 هەزار) دینار دەخەمڵێنرێت و داهاتی نانەوتیش بە 17 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوەو كورتهێنانی بودجەكەش 64 ترلیۆن دینارە.

هاوڵاتی دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، هەندێك لەپێشنیازەكان یەكێتی و چەند لایەنێك كردوونی، بەڵام هەندێكیان لەڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە 4-4-2023 هاتوون، ئەمەش بەوتەی دوو پەرلەمانتاری عێراق. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" پێشنیازەكانی ئێمە تەنها تایبەت بووە بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچەو پێدانی ئەولەویەت لەدابەشكردنی هەر بڕە پارەیەك كەدەگاتە هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بێت، پێشنیازی سێیەمیشیان ئەوەیە كە لەدابەشكردنی پشكی هەرێم بەسەر پارێزگاكاندا حكومەتی هەرێم دادپەروەر بێت و بەپێی بەركەوتەی پارێزگاكان پارەیان بۆ خەرج بكات" ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت:» ئەوانەی دیكە پێشنیازی یەكێتی نییەو لایەنەكانی دیكە كردوویانە. سەبارەت بەبڕگەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەر دروستبوو، نەرمین مەعروف وتی: »پارتی رازی نەبوون لەدەقەكاندا ناوی كۆمپانیای سۆمۆ بنووسرێت، ئەو هەژمارە بانكیەش كەپارەی نەوتەكەی تێدا هەژماردەكرێت پارتی نەیدەویست لەبانكی ناوەندی عێراق بێت، بەڵام دواتر كە رێكنەكەوتن لایەنەكانی دیكە ئەوەی خۆیان ویستیان بەزۆرینە دەنگیان لەسەردا». ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات یەكێتی لەگەڵ ئەو بڕگەیەدا نەبووە كە رێگەنادات نەوت لەكێڵگەكانی نەینەواو كەركوك، هەروەها ئەو بڕگەیەش كەئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەڕادەستكردنی نەوت، پشكەكەی ببڕدرێت. نەرمین مەعروف هەروەها دەڵێت: بەشێك لەو بڕگانەی لەماددەی 13 و 14 دا هاتوون و پارتی دەڵێت دەستكاری كراوە لەدەقی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەبووەو هیچ لایەنێك پێشنیازی نەكردووە واتە چەند بڕگەیەكی گۆڕانكاری تێدا كراوە نەك هەردوو مادەكە. کلیک لێرە بکە بۆ خوێندنەوەی تەواوی لێدوانەکەی نەرمین مەعروف سەبارەت بە دوو ماددەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق كەتایبەتن بەهەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی.

هاوڵاتی وتەبێژى پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە)، لە بارەگای گشتیی هەدەپە لە ئەنقەرە بە ئاماژەدان بەوەی کە دوای هەڵبژاردنەکان دەستیان کردووە بە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و میکانیزمی رەخنە لەخۆگرتن، تیشکى خستە سەر ئەوەی وانە لە هەڵەکانیان وەردەگرن. ئەبرو گونای ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەشکرد، ئامادەکاری بۆ کۆنگرە کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوایان خست، کار پێ دەکەنەوە  دەڵێت، "تاکە ئامانجمان باشترکردنی تواناکانمان و خۆبەرەو پێشبردنمانە، بەهۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پڕۆسەی گەورەی کۆنفرانس کۆنگرەمان دواخست و بەمەش ئێستا ئەو پڕۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، ئێمە بەم باس و هەڵسەنگاندنانە پرۆسەی ناوەڕۆکی کۆنفرانس و کۆنگرە دادەڕێژین، بە دڵنیاییەوە ڕێگایەک بۆ کۆنفرانس و کۆنگرە گەورەکە لەگەڵ گەل و ئەندام و ڕێکخراوەکانمان دروست دەکەین". ئەبرو گونای باسى لەوەکرد، دوای راوێژ و راگۆڕینەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی هەدەپە و ئەندام و لایەنگرانیان کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە دیاریی دەکەن. ئەوەشی خستەڕو، "بانگەوازی ئێمە بۆ هەمو دۆستانی حزبەکەمان ئەمەیە؛ با بە پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ڕەخنەلەخۆگرتندا تێپەڕین، بە هەمو ئیرادەیەکمانەوە کۆببینەوە و بە مۆڕاڵێکی زۆرەوە بچینە کۆنگرە، ئەمە ئامانجی ئێمەیە، هەمو ئەو لایەنانەی ئێمە کە دەیانەوێت بەشێک بن لە پڕۆسەی نوێ، پێویستە بچنە ناو پڕۆسەی خۆ بنیاتنانەوە و خۆ ڕەخنەگرتنەوە، تازە سەردەمێکی نوێ بۆ ئێمە دەستی پێکردوە".

هاوڵاتی- دهۆك لەتشرینی یەكەمی 2020 شێروان شێروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە16ی شوباتی 2021دا بەدەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر بە «سیخوڕكردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ كودەتا» تۆمەتباركران و بەشەش ساڵ زیندانی حوكمدران. لە16ی ئاداری 2023 سیان لەو حوكمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، بەڵام هەریەكە لەشێروان شێروانی و گۆهدار زێباری هێشتا لەزیندانن و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە. دوو دۆسیەی «تەزویرو هەڕەشە»  لەدژی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كراونەتەوە لەناوەڕاستی مانگی نیسان رەوانەی دادگای لێكوڵینەوەی دەشتی هەولێر لەكەسنەزان كران بۆ وەرگرتنی وتە، بەڵام ئامادەنەبوو بەبێ ئامادەبوونی پارێزەران قسە بكات. دۆسیەی دووەم، تۆمەتی هەڕەشەكردنە لەئەفسەرێكی دادگا، تۆمەتی هەڕەشەكردنەكە لەئەفسەرێكی زێرەڤانی لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر پەڕاوێكی لێكۆڵینەوەیان لەبنكەی پولیسی كەسنەزان بەپێی ماددەی 229 لەیاسای سزادانی عێراق بۆ كردووەتەوە. بەشدار حەسەن، پارێزەری كەیسی حوكمدراوانی بادینان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» تائەمڕۆ هیچ پێشهاتێكی تازە لەسەر كەیسی شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری نیە، تەنها ئەوەیە لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەردووكیان حوكمەكەیان تەواو دەبێت و ئازاد دەبن «. بەشدار حەسەن وتیشی» ئەوەی گۆهدار زێباری دۆسیەكی نویێ بۆ كراوتەوە، ئەویش لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی كەحوكمەكەی سێ مانگە، مانگی نۆ تەواو دەبێت و ئازاددەكرێت، شێروان شێروانیش بەهەمان شێوە ئازاد دەبێت». دۆسیەی رۆژنامەنووسانی بادینان، یەكێك بوو لەو دۆسییانەی كە لەناوەندە جیهانییەكان دەنگدانەوەی هەبووەو زۆرینەی نوێنەری وڵاتان داوای ئازادكردنیان گەیاندە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەڵام پاش بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی سزاكانیان بەشێك لەئومێد بۆ ئەو زیندانیانە گەڕایەوەو بەشێكیان ئازاد كران. بێجگە لەوڵاتانی نێودەوڵەتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەڕۆژنامەنوسان و سەرجەم رۆژنامەنوسان و میدیاكاران لەهەرێمی كوردستاندا داوای ئازادكردنیان بۆ رۆژنامەنوسانی بادینان دەكرد. زێدان برای گوهدار زێباری لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» تائێستا هیچ شتێك نیە كەببێتە رێگر لەبەرامبەر ئازادكردنی، چونكە دەبوایە لە 16ی ئازاری ئەمساڵ ئازادبكرایە، بەڵام بەداخەوە لەسەر لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی حەوت مانگی تر ماوەكەی زیادكرا». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای ئەو سزایەی بەناهەق كە بەسەر گوهدار سەپێندرا، بڕیارەكە چووە تەممیز، دوای گەڕانەوەی ماوەكە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، دەبوایە هەر ئەو بڕیارە هەڵبوەشایەتەوە، چونكە تائێستا لەعێراق و كوردستان بەو تۆمەتەی كەئاراستەی گوهدار كرابوو كەئەویش لۆگۆی ئوتومبێل بوو كەس بەیەك رۆژیش سزانەدراوە، چونكە سزاكەی تەنیا بەغرامە دەكرێت. «دۆخیان لەزینداندا  باش نیەو شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەكرێت لەناو چاكسازی گەورانی هەولێر، هەر لەناو ئەو چاكسازییەش رێگری دەكەن كە گوهدارو شێروان یەكدی ببینن، هەتا لەكاتی چوونە دەرەوە بۆ ناو گوڕەپانی چاكسازی لەوێش یەكتر نابینن»زێدان برای گۆهدار زێباری وای وت. بەپێی وتەی پارێزەرەكەیان، شێروان شێروانی لەمانگی ئەیلول و گوهداریش لە 16ی ئاب ئازاددەكرێن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرای دەکەن رێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە حەوت ساڵی رابردو زیادی کردوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا 142 کەس لەو وڵاتە لەسێدارە دراون ئەوەش زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانە کە لە مانگێکدا تۆمار کرابێت. بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لانیکەم 22 هاوڵاتیی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون. ئاماژە بەوە کراوە لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لانیکەم 307 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون کە بەراورد بە ساڵی رابردو رێژەی لەسێدارەدان 76% بەرز بوەتەوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رونی کردوەتەوە؛ لە کۆی ئەو کەسانەی لە مانگی ئایاردا لەسێدارەدراون شەش کەسیان بە تۆمەتی سیاسیی و 83 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیی ماددەی هۆشبەرەکان و 47 کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون و ژمارەیەکیشان بە چند تۆمەتێکی دیکە لەسێدارە دراون.    

گومرگی ئێران بڵاوی دەکاتەوە لە ساڵێکدا بڕێ ئاڵوگۆڕی بازرگانییان گەیشتوە 113 ملیارد دۆلار و عێراق و هەرێمی کوردستان دووەم شوێن بون کە زیاترین کاڵا و بەروبومیان بۆ هەناردە کراوە. محەمەد رزوانی، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران رایگەیاند؛ بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و وڵاتانی جیهان لە ساڵی رابردودا 11% بەرزبوەنەوەی بەخۆیەوە بینوە و بەوەش گەیشتوەتە 113 ملیارد دۆلار. ئاماژەی بەوە کردوە بە بەهای 10 ملیارد دۆلار، 19%ی کۆی هەناردەی کاڵا و بەروبومەکانی ئێران رەوانەی عێراق کراوە کە 22%ی هەناردەکان لە رێگەی سێ مەرزی هەرێمی کوردستانەوە بوە. لە دوای چین زیاترین کاڵا و بەربومی کشتوکاڵیی لە ئێرانەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەناردە کراوە و 5%ی سەرجەم هاوردەی ئەو وڵاتەش بۆ هەرێمی کوردستان بوە. ئەو بەرپرسە وتوشیەتی کار بۆ ئەوە دەکرێت هاتوچۆی بازرگانیی نێوانیان لە سنورەکانی هەرێم بە تایبە مەرزی نێوان ورمێ و حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان 24 کاتژمێر کراوە بێت. لێدوانی سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران بۆ بەرزبونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەی لە ساڵی رابردودا لە کاتێکدایە بە پێی ئاماری گومرگی وڵاتەکە و وڵاتانی ئەوروپا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نیوان ئێران و وڵاتانی جیهان لە ئەمساڵدا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بنیوە.

بەڕێوبەڕێک ئاشکرای دەکات نیوەی زێڕی ئێران لە ناوچەیەکی سەر بە سنە بەرهەم دەهێنرێت و ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووەم پارێزگایە لە روی یەدەگی زێڕ. بەختیار خەلیقی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی پیشەسازی و کانزاکان و بازرگانیی پارێزگای کوردستان (سنە) رایگەیاند؛ ئەو پارێزگایە بە یەکەم پارێزگا لە ئێران ئەژمار دەکرێت کە 50% زێڕی وڵاتەکەی تێدا دەردەهێنرێت. ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو رێژە زێڕە تەنها لە ناوچەیەکی سەر بە شاری قوروە لە پارێزگای سنە بەرهەم دەهێنرێت کە بە نزیکەی پێنج هەزار کیلۆ زێڕ لە ساڵێکدا دەخەمڵێنرێت. تەنها لە ناوچەکانی شاری قوروە دوو کانی زێڕ هەیە و بە وتەی بەرپرسان زیاتر لە هەزار و 400 کەس کاری تێدا دەکەن. بە وتەی خەلیقی لە ئێستادا 356 کان لە ناوچەکانی پارێزگای سنە هەیە کە 18 ماددەی کانزاییان لێ دەردەهێنرێت و بەوەش پێنجەم پارێزگایە کە زیاترین کانی ئاسنی لە ئێران هەیە. ئەو پارێزگایە جگە لە زێڕ خاوەنی کانزاکنی ئاسن و بەردی گرانبهایە وەک مەنگەنیز، گرانیت و دەرکەوتوە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات سەرچاوەی ماددە کانزاییەکانی وەک زێڕ و ئاسنن.