بەرهەمی هەنگوین لە پارێزگای ورمێ زۆر دەبێت و بەرپرسێکیش دەڵێت: بڕیارە جگە لە کەنداو هەنگوینی ورمێ رەوانەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بکرێت. خەسرەو شەهبازی، بەڕێوبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ زیاتر لە 24%ی کۆی بەرهەمی هەنگوین لە ئێران لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت و بڕێکی بەرچاوی رەوانەی دەرەوە دەکرێت. شەهبازی وتویەتی: پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 32 هەزار تۆن هەنگوین لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ بەرهەم بهێنرێت. ئاماژەی بەوە کردوە لە ئێستادا ورمێ جگە لە دابینکردنی بەشێکی بەرچاوی هەنگوینی ئێران، بڕیارە دوای تۆمارکردنی وەک براندێکی نێودەوڵەتیی رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. بە وتەی شەهبازی: بەشێکی زۆری هەنگوینی بەرهەمهاتوی ورمێ رەوانەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت و لەگەڵ تۆمارکردنی براندەکە ئەو هەنگوینە بۆ وڵاتانی دیکەی جیهانیش رەوانە دەکرێت.
هاوڵاتی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان چەندین گۆڕانكاری ڕاگرت . بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆتایی بە 15 مانگ مشتومڕو ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان هێنا، بەبێ ئەوەی پەرلەمانی ماوەدرێژكراوە بتوانێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارا بكاتەوەو یاسای هەڵبژاردن هەموار بكات. دوای زیاتر لە پێنج مانگ دانیشتنی دادبینیو دواخستن، دواجار 30-5-2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایانە راگەیاند كە لەبارەی درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرابوون. دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بەمەش هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، هەڵوەشایەوە، بەڵام ئەم بڕیارە هێشتا ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كۆتایی پێناهێنێت و بەشێكی بڕیارەكە لەبەرژەوەندی پارتییە و بەشێكیشی لەبەرژەوەندی یەكێتی. سكاڵاكارەكانی كەیسی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵی بریتی بوون لە هەریەكە لە (یوسف محەمەد) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، (شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقو (كاوە عەبدولقادر) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان. یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم كەیسە لە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی 2022 بەڕێوەچوو، تێیدا دادگای فیدراڵی هەموو سكاڵاكانی یەكخست، واتا زیاتر لە پێنج مانگ ئەم كەیسە لەبەردەم دادگادا بوو. بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو یاساو بڕیارانە دەگرێتەوە كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، واتا لەدوای ئەم رێكەوتەوە هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی كە لە پەرلەمانەوە دەرچوون، بە پوچەڵ ئەژماردەكرێن، كە دیارترینیان ئەمانەن: یەكەم: یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2022 یاسای پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق دووەم: یاسای ژمارە (14)ی ساڵی 2022 یاسای ڕێكخستنی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵیو بێلانەكان سێیەم: یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2022 یاسای بەركاركردنو هەمواری پیادەكردنی یاسای واژۆی ئەلیكترۆنیو مامەڵە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (78)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان-عێراق. چوارەم: یاسای ژمارە (16)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبردنی ئەوقافی عێراقی ژمارە (64)ی ساڵی 1966ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق پێنجەم: یاسای ژمارە (17)ی ساڵی 2022 یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 2008 شەشەم: بڕیاری ژمارە (10)ی تایبەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی لە هەرێمی كوردستان سەرباری هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوون، هەموو ئەو دەستلەكاركێشانەوەو سوێندخواردنانەی پەرلەمانتارانیش بە هەڵوەشاوە هەژماردەكرێت كە لەماوەی درێژكراوەی تەمەنی پەرلەماندا كراون. رۆژی 22-5-2023 پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ رەزامەندی یەكێتیی نیشتمانیو لایەنەكانی تر، درێژەی بە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، تێیدا زۆرینەی بەكارهێناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی كوردستانی كاراكردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە رۆژنامەی "وەقایع"ی كوردستان بڵاوكرایەوە. پەلەكردنی پارتی بۆ ئەوە بوو، پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی بكەوێتو كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، كۆبونەوەی 22ی ئەم مانگەی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەكرێت، واتا دادگای فیدراڵی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە، چونكە دادگا لە حوكمەكەیدا دەڵێت هەموو ئەو یاساو بڕیارانەی لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانەوە دەرچوون، پوچەڵن. ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانی شكایەوە، چونكە یەكێتیی دژی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بوو، سەرۆكی پەرلەمان رێواز فایەق كە سەربە یەكێتییە، دانیشتنەكەی 22ی مانگی هەڵگرت، بەڵام هێمن هەورامی جێگری كە سەربە پارتییە، درێژەی بە دانیشتنەكەدا، ئەمە ناكۆكییەكی تری لەنێوان پارتیو یەكێتیی دروستكرد. بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گورزێكیش بوو كە بەر ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان كەوت وەكو دەسەڵاتی سێیەم لەئاستی هەرێم، چونكە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم سەرباری دژایەتی سەرۆكی پەرلەمان، نوسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی جێبەجێكردو لەسەر ئەو بنەمایە سوێندخواردنی دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی پەسەند كرد، بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكەی هێمن هەورامی، ئەنجومەنی دادوەریی تەنانەت نیسابی یاسایی خۆشی شكاند. ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بە كۆبونەوەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە، سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی دەربكات، یەكێتیی بەپێی رێككەوتنێك كە لەگەڵ پارتی كردبووی، داوای دەكرد كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستانو هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێكەوە لە یەك رۆژدا لە پەرلەمان ئەنجام بدرێن. پارتیو یەكێتیی لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان بە هەمان پێكهاتەی خۆیەوە رێككەوتن، بەڵام لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەدیاریكراویش لەسەر بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی (11) كورسییەكەی "كۆتا"ی پێكهاتەكان ناكۆك بوون، ئەم ناكۆكییەش درێژەی كێشا تا ئەوكاتەی دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، یەكێتی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی خۆی دەبینێت، هەرچەندە هیچ بەرپرسێكیان ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن. بەڵام پێشتر لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"هیچ دەنگدانێك نەبووە لەپەرلەماندا جگە لەوەی شەڕكراوە، دوو كەسیان بە ناشەرعی بردووەتە بەردەم ئەنجومەنی دادوەری، ئەو ئەنجومەنە خۆی ئەگەر سەروەری یاسا هەبێت دەبێت دادگایی بكرێن ". بەوتەی لوقمان وەردی " لەدەرەوەی سازانی نیشتیمانی و ناكۆكی نێوان هێزە سیاسیەكانیان قوڵتركردەوە، لای ئێمە هیچ شتێك نیە بەناوی كۆمسیۆن و هیچ گفتوگۆیەكیش لەبارەی كۆمسیۆن و هەڵبژاردنەوە نییە". ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە لەو بابەتەدا بە سودی یەكێتیی نیشتمانی شكابێتەوە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم بەڕێوەببات، ئەوا لەبەرامبەردا لەوەدا بە زیانی یەكێتیی دەشكێتەوە كە هەڵبژاردنەكە دەبێت بە یاسای پێشووی هەڵبژاردنەكان بكرێت. لەماوەی 15 مانگی رابردوودا یەكێتیی چووە ناو كێشمەكێشێكی زۆرەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، لەم كێشمەكێشو دانوستانانەدا پارتی قایل كرد بەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، سەرباری ئەمە لە پرسی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا، لەكۆی (11) كورسی پەرلەمان داوای دەكرد (4) كورسی بدرێت بە سنوری سلێمانی، لەسەر ئەم بابەتە تاڕادەیەك گەرەنتی بەدەستهێنانی (2) كورسی كۆتاكانی كرد. بەڵام ئێستا كە دادگای فیدراڵی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتییە، بەتایبەتیش كە یاساكە شێوازی (یەك بازنە)ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كوردستان دیاریكردووە، ئەم شێوازە یەكێتییو زۆرینەی لایەنەكانی دژی بوون، چونكە پێیانوابوو لە شێوازی (یەك بازنە)یدا پارتی دەتوانێت جارێكی تر (زۆرینە) لەناو پەرلەمانی كوردستان دروست بكات. یەكێتیی مانگی ڕابردوو لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سێ سكاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە، هێشتا دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایانە بەڕێوەنەبردووە، رەنگە ئەمە هەندێك كێشە دروست بكات، هەرچەندە ئیتر پەرلەمانێك نەماوە بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكاتەوە بەوشێوەی كە یەكێتیی دەیەوێت. رۆژی (6ی تشرینی دووەمی 2022) تەمەنی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات. نزیكەی مانگێك بەر لە تەواوبوونی تەمەنی یاسایی خۆی، پەرلەمان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا لە دانیشتنێكدا بۆ ماوەی (یەك ساڵ) تەمەنی خۆی درێژكردەوە. 26ی مانگی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ جاری دووەم وادەی هەڵبژاردنی دیاریكردەوە، ئەمجارە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی دیاریكرد، ئەم وادەیەش لەبەردەم ئەگەری دواكەوتنێكی تردایە، بەتایبەتی ئەگەر دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، پارتیو یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی عێراقو یاسا كۆنەكە نەگەنە رێككەوتن. ئەم دۆخە نوێیە گەڕێكی نوێی دانوستانی دەوێت لەنێوان پارتیو یەكێتییو لایەنەكانی تر، كە دیار نییە چەند مانگ دەخایەنێت. ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"رێكارە ئیداریەكانمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەستپێكردووەو نوسراویشمان ئاراستەی كۆمسیۆنی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی لیستی تۆماری دەنگدەرانمان رادەست بكەن". وتیشی:"سەرەتا رێكارەكان بۆ ئەوەیە هەندێك لایەنی ئیداری رێك بخەینەوە و كارەكانی فەرمانبەرەكانیش رێكبخەینەوە، بەڵام تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرێوەنەچووە". وەك سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 25 ملیۆن دۆلاری پێویستە و ئەو پارەیەش زیاتر بۆ كارمەندەكانە". پێشتریش عومەر گوڵپی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:"دەمانویست پێش بەسەرچوونی وادەی یاسایی پەرلەمان كۆمسیۆن كارابكرێتەوە، لەدوای شەشی 11 ی 2022 كە وادەی یاسایی پەرلەمان بەسەرچووە، پێمان وایە پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە یاسا دەربكات". وتیشی:"هەردوو حزبی دەسەڵات دۆخێكیان دروستكردووە كە ئێستا دەزگاكان هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە و كێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە". ڕاپۆرتێكی ئێنستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەش داوە تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی خۆراك دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لەساڵی (1996)ەوە دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو كەسانەی كە مردوون لە ساڵی (1996)ەوە بە دەگمەن نەبێت ناویان لە تۆمارەكە نەسڕاوەتەوە، كە بە سەدان هەزار كەس دەخەمڵێنرێت. پشكی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكی دیكەیە لە خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەندێكش بە "گرێكوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. ئارام جەمال – بەرپرسی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن پێی وایە "ئەو یانزە كورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بۆ پێكهاتە نەتەوەییەكان تەرخانكراوە، بۆ یەكەمجارە بووەتە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی". ئارام جەمال پێشیوابوو كە چارەسەری دروست ئەوەیە و كە ئەو پێكهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونكە ڕەگی كێشەكە ئەوەیە هەتا ئێستا هاوڵاتیانی ئەو پێكهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەبووە.
هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربون رێنمایی نوێی دەرکرد و دەڵێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت، هەروەها پێویستە هاوڵاتیان گۆشت لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەستبکەن. لە نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بەسەرەوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکانی کردووە، چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون. لە نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی تای خۆێنبەربوون کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی زۆر مەترسیدارە، لەبەر تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراو لە هەندێک پارێزگای هەرێمی کوردستان پێویستە ئەم شوێنانە بگیرێنەبەر: 1-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەمووشێوەیەک قەدەغەیە و تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت. 2- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی کەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەبەرکردنی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچی بە توندی سزادەدرێن. 3- دوای سەربڕین ئاژەڵ دەبێ شوێنەکە پاک بکرێتەوە و بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر. 4-پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەست بکەن و ئاگاداربن دەستیان بریندار نەبێت و تەختەی لەتکردنی گۆشت جیاواز بێت لە هی سەوزە، پاشان شوێنەکە بە ئاوی گەرم و پاکبکرێتەوە. 5- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لەکاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاوە، بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە دروورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ. 6- بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ بکەن دەربارەی رێکارەکانیان سەبارەت بە رشاندنی ئاژەڵان بە قڕکەر. 7-جەخت کردنەوە لە کاری پتەوکردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوکردنەوەی رێنمایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری دروست. 8- جێبەجێکردنی چالاکییەکانی رشاندنی شوێنی گەنەکان بە گوێرەی پلانی ساڵانەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان. 9- پابەندبوونی کارمەندانی تەندروستی بە لەبەرکردنی کەرەستەی خۆپارێزی کەسی بەشێوەیەکی زانستی دروست.
هاوڵاتی لەكاتێكدا هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لە نۆی مانگەوە دەكەوێتە پشووەوە و ئەگەر تائەو كاتە پەسەند نەكرێت، ئەوا چەند مانگێك دوادەكەوێت. لەم بارەیەوە ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی ٩ی ئەم مانگە دەچێتە نێو پشووی وەرزی یاسادانان و بەر لەو وادەیەش دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە دەدرێت. سەعد مانع ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ماددەکانی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان کە لە نێو لیژنەی دارایی دەنگیان لەسەردراوە، بوونەتە ھۆی دواکەوتنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە. وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران رۆژی نۆی ئەم مانگە دەچێنە نێو پشووی وەرزی یاسادانان و پێویستە بەر لەو وادەیە دەنگ لەسەر بودجە درابێت، ھەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە یاخود دووشەممەی داھاتوو دیاری بکرێت بۆ دەنگدان لەسەر بودجە لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران. پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بەراور بە ساڵانی ڕابردوو زۆر دواكەوتووە و ئەگەر تا نۆی مانگ پەسەند نەكرێت، ئەوكاتە یان دەبێت پەرلەمان پشووەكەی دوابخات یان پەسەندكردنی پرۆژەیاساكە دەكەوێتە دوای تەواوبوونی پشووەكەوە و زیاتر لە مانگێك دوادەكەوێت. پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە. لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار. هەروەها لەماددەی 14و بڕگەی 12ی پڕۆژەكەدا ئاماژە بەگەڕاندنەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكان كراوە كەمانگانە 10% بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران كەحكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار دەداتە مووچەو بەو شێوەیە مانگانە 91 ملیار دینار خەرجی دارایی دیكەی بۆ دروست دەبێت.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاماری رێکخراوێکی بەرگریکردن لە ژنان، لە ماوەی مانگێکدا لە تورکیا و باکوری کوردستان ٤٠ ژن کوژراون. رێکخراوی ( ئێمە کوشتنی ژنان رابگرین) کە لە باکوری کوردستان و تورکیا بەرگری لە ژنان دەکات ئاماری مانگی ئایاری توندوتیژی سەر ژنانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە ماوەی مانگێکدا لە تورکیا و باکوری کوردستان ٤٠ ژن کوژراون. لەو ژمارەیە ١٢ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە، ٨ ژن لەلایەن پیاوانی دیکەوە، ٧ ژن لەلایەن خۆشەویستیەکانیانەوە، ٣ ژن لەلایەن هاوسەرەکانی پێشوویانەوە، ٣ کن لەلایەن کوڕەکانیانەوە، ٢ ژن لەلایەن برکانیانەوە و ٢ ژنیش لەلایەن خزم و کەسوکاریانەوە کوژراون و بکوژانی سێ ژنیش دیار نییە و ئاشکرا نەکراون. لە ئاماری ( ئێمە کوشتنی ژنان رابگرین) هاتووە، جگە لەوەش ٢٢ ژنی دیکە بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە کە تاوەکو ئێستا هۆکاری گیان لەدەستدانیان روون نییە. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردبوو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە تورکیا و باکوری کوردستان ٣٣٤ ژن کوژراون و ٢٤٥ ژنیش بە شێوەیەکی گۆماناوی گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر پرسیارەکانی تاقیکردنەوە وێنەی بگیردرێت و بچێتە دەرەوە ئەوا "دەزانین لە چ هۆڵێکە و هیچ چ خوێندکارێکە و چۆن چوەتە دەرەوە، پێش تاقیکردنەوەکانیش چوار باندی فرۆشتنەوەی پرسیار دەستگیرکرابون، هەفتەی رابردو یەکێکیان بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا". دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەیانی ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەمو رۆژێک لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی بۆ 8:30ی بەیانی لە هەمو کۆمپانیاکان ئینتەرنێت دەوەستێت، ئاگادار چاودێر و بەڕێوەبەرەکانیشمان کردوە بەوپەڕی هێمنی مامەڵە لەگەڵ خوێندکاران بکەن و هاوکاریان بن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پرسیارەکانی تاقیکردنەوەش وێنەی بگیردرێت و بچێتە دەرەوە ئەوا "دەزانین لە چ هۆڵێکە و هیچ چ خوێندکارێکە و چۆن چوەتە دەرەوە، بۆیە راستەوخۆ ئیجرائات دەکرێت، پێش تاقیکردنەوەکانیش چوار باندی فرۆشتنەوەی پرسیار دەستگیرکرابون، هەفتەی رابردو یەکێکیان بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزا درا". کۆی ئەو قوتابى و خوێندکارانەى مافی تاقیکردنەوەیان هەیە 117 هەزار و 364 قوتابى و خوێندکارن کە بەم شێوەیە دابەشبوون: بەشى زانسى: 75 هەزار و 239 بەشى وێژەیى: 39 هەزار و 113 بەشى پیشەیى: سێ هەزار و 12 ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێم وتیشی،" قوتابیان و کەسوکاریان دڵنیا دەکەین تەواوى کارى لۆجستى بۆ پڕۆسەکە ئامادەکراوە".
باران بارین لە ورمێ زیاد دەکات و بەرپرسێکیش دەڵێت زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە روبەڕوی کەمئاویی مەترسیدار بونەتەوە. ئیسماعیل سیمایی، بەڕێوبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند؛ تا سەرەتای ئەمساڵ 56%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە روبەڕویی کەمئاویی مەترسیدار بونەتەوە و 13%ی زەوییەکانیش لە دۆخی کەمئاویی قورسدان. بە وتەی سیمایی: ئەمساڵ لە ورمێ 260.6 ملیم باران باریوە کە بەراورد بە ساڵی رابردو کە نزیکەی 258 ملیم باریوە تەنها 1% زیادی کردوە بەڵام پاڕێزگاکە روبەڕوی 16% کەمئاویی درێژماوە بوەتەوە. ئەو پێشبینی کردوە؛ پلەکانی گەرما بە رێژەی 2% لە ورمێ بەرز ببێتەوە کە ئەوەش کاریگەریی زیاتری لەسەر کەمئاوایی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبێت. لێدوانی سیمایی لە کاتێکدا دەریاچەی ورمێ زیاتر لە 10 ساڵە روبەڕوی وشکەساڵیی بوەتەوە و هەندیکجار بە بیناوی گواستنەوەی ئاوی سەرچاوەکانی ئاوی رۆژهەڵات بۆ دەریاچەکە، ئێران ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە رۆژهەڵاتەوە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی ماوەی زیاتر لەمانگێكە بەهۆی بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران كێشەیەكی 150 ساڵە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەریهەڵدەداتەوەو ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن پەلەیان كردووە لەقبوڵكردن و دانپێدانان بەتاڵیباندا. سەرۆك كۆماری ئێران و بەرپرسانی وڵاتەكە چەند جارێك بەفەرمی داویان لەتاڵیبان كردووە كەبەنداوی سەر روباری هێلمەند (هیرمەند) بەربداتەوە بۆ ئەوەی ئاو بگاتە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و قەیرانی وشكەساڵیی زیانی زیاتری لەو ناوچەیە لێنەكەوێتەوە، بەڵام تاڵیبان ئەو داوایەی رەتكردەوەو رایگەیاند؛ ئاوی پێویست لەو رووبار و بەنداوەوە بوونی نییە لەكاتێكدا بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان و لێدوانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاو لەو بەنداوە هەیەو بەرنادرێتەوە. بەرپرسانی تاڵیبان لەبەرامبەر داواكارییەكانی سەرۆك كۆمارو ئەو بەرپرسانەدا داوایان كردووە ئێرانییەكان نزا بكەن بۆ ئەوەی باران ببارێت و ئاوی ئەفغانستان زۆر بێت و ئەوانیش ئاوی بەنداوەكانیان بۆ بەربدەنەوە. ئێران تاڵیبان تۆمەتبار دەكات بەهۆی كشتوكاڵی خەشخاش بەمەبەستی بەرهەمهێنانی تریاك رێگە نادرێت ئاوی روباری هێلمەندو لەڕێگەی گرتنەوەی دوو بەنداوی كەجەكی و ئەرغەنداب بگاتە ئێران و لەلایەكی دیكەوە تاڵیبان سەرقاڵی تەواوكردنی بەنداوێكی دیكەیە بەناوی (كەمال خان) كە گومانی تێدا نییە ئەو بەنداوەش گرژییەكانی نێوان تاران و تاڵیبان توندتر دەكاتەوە. ئەگەرچی لەگەڵ گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان ناكۆكیی و گرژیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە، بەڵام پێكدادانی رۆژی شەممە (27/5/2023) لەنێوان پاسەوانانی سنوری ئێران و چەكدارانی ئەو رێكخراوە بووە بریسكەیەكی بەهێز بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئیمارەتی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی بەتایبەت كەچەكدارانی تاڵیبان دوای پێكدادانەکە نوێژی سوپاسگوزارییان لەخاكی ئێراندا خوێند. بەوتەی بەرپرسانی ئێران لەماوەی یەك ساڵدا چەكدارانی تاڵیبان زیاتر لەهەشت جار هێرشیان دژی بنكە سەربازییەكانی سەر سنوری ئێران ئەنجامداوەو رۆژنامەیەكیش ئاشكرای دەكات لەكاتی گەڕانەوەی تاڵیبان لەئایاری ساڵی 2021 بۆ ئەفغانستان زۆرترین پاسەوانی سنوری ئێران لەلایەن ئەو چەكدارانەوە كوژراون. سوپای ئێران دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشەوە رۆژێك دوای پێكدادانەكە سنوری ساسولی نێوان ئەفغانستان و ئێران كەكوژراوو برینداری لێكەوتەوە دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی ئێران خۆیان گەیاندە پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لەگەڵ بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكان كۆبوونەوە و حاڵەتی ئامادەباشیان بە بێدەنگی راگەیاند. قاسم رەزایی، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پۆلیسی ئێران لەكاتی سەردانی بۆ ناوچەی پێكدادانەكە رایگەیاند: سنورەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئەفغانستان، سنوری ئاشتییە بۆیە نابێت رێگەبدەین دۆخی نائاسایی لەو سنورانە رووبدات. هاوكات ئەمیر كەیومەرسی مەنسوری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای فەرمیی ئێران رایگەیاند؛ تا ئەوكاتەی وڵاتانی دراوسێ لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەنگاو بنێن رێزیان لێدەگیرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو یاسایانە جموجۆڵ بكەن ئەوا بەشێوازێكی دیكە وەڵامیان دەدرێتەوە. زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی سوپای پێشووی ئەفغانستان لەئێران داڵدە دراون و دوور نییە ئەگەر كۆماری ئیسلامی لەلایەن تاڵیبانەوە فشاری زیاتری بخرێتەسەر ئەوا ئەو كەسانە دژی تاڵیبان پڕچەك بكاتەوە ئەوەش لەكاتێكدایە دوای كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان زیاترین ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەكی قورسی سوپای وڵاتەکە رەوانەی ئێران كران و ئەگەری هەیە ئەو چەك ئۆتۆمبێلە سەربازییانە دژی تاڵیبان بەكاربهێنرێت. دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیماراتی ئیسلامی پردی ئاوریشم لەنێوان ئەفغانستان و ئێران بۆ ماوەی 24 كاتژمێر داخرا كەگرنگترین پردی هاتوچۆی سەر سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتەیە. تاڵیبان تێنوی جەنگە لەگەڵ پێكدادانەكانی رۆژی شەممە ڤیدیۆی دەیان تانك و زرێپۆش و تۆپ و چەكی قورس بڵاوكرایەوە كە لەلایەن تاڵیبانەوە رەوانەی سنورەكانی نێوان ئەفغانستان و ئێران كران. عەبدولحەمید خوراسانی، یەكێك لەفەرماندەكانی تاڵیبان هەڕەشەی ئەوەی لەئێران كرد كەهاوشێوەی ئەمریكا شەڕ لەدژی كۆماری ئیسلامی رادەگەیەنن، بەڵام تەنها 12 كاتژمێر دوای هەڕەشەكانی لەپۆستی قائیمقامیەتی ویلایەتی پەكتیا لەئەفغانستان لادرا. ئەو لەپەیامێكیدا لەتویتەر بڵاویكردبووەوە كەدەمێكە شەڕیان نەكردووەو بەزمانی فارسی نووسیویەتی: پەروەردگار بیەوێ لەگۆڕەپانی جەنگدا رووبەڕووی نەوەی زەردەشت ببێتەوە، چونكە ئەو وڵاتانەی لە شكستی رۆژئاوا تێنەگەیشتوون دەبێت تێگەیەنرێن. رۆژنامەی «هەم میهەن» بڵاویكردووەتەوە لەساڵی 2021 تادوایین هێرشی تاڵیبان زیاتر لەپەنجا پاسەوانی سنوری ئێران لەناوچە سنورییەكان كوژراون كەزۆربەیان لەسنوری نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەفغانستان و پاكستان بووە. ئەبولفەزڵ زۆهرەوەند، باڵیۆزی پێشوی ئێران لەئەفغانستان بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە كە ناكرێت هەموو شتێك ئاشكرا بكرێت، بەڵام جەنگی كۆماری ئیسلامی و تاڵیبان ئەگەرێكی بەهێزە چونكە ئەو چەكدارانە هۆكارێكن بۆ تێكچوونی ئاسایشی ناوچەكە. هەندێك كەس شكستی كۆماری ئیسلامی لەدژی تاڵیبان دەخەنە ئەستۆی حەسەن كازمی قومی، باڵیۆزی ئێستای ئێران لەئەفغانستان، چونكە پێیانوایە ئەو توانای نوێنەرایەتیی راستەقینەی وڵاتەكەی لەبەرامبەر تاڵیباندا نییە. كازمی قومی رۆژی شەممە دوای كوژرانی دوو پاسەوان و برینداربوونی دوو پاسەوانی سنوری دیكەی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تاڵیبان كۆبووەتەوەو پێی راگەیاندوون كۆماری ئیسلامی لەكۆبوونەوەی دەوحە بەرگریی لەتاڵیبان كردووە و چاوەڕێی ئەوەیان نەكردووە دەسەڵاتی ئێستای ئەفغانستان دژی بوەستنەوەو هێرش بكەنەسەر سنورەكانی ئێران. قومی وتووشیەتی لەدوایین كۆبوونەوەدا لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان، ئێران ماوەی یەك مانگی بۆیان دەستنیشانكردوە كەئاوی هێلمەند بەربدەنەوەو ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەكرا ئەوا تاران بەشێوازێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ تاڵیبان دەكات، ئەو وتەیە تەنها هەفتەیەك پێش پێكدادانەكەی سنوری ئێران و ئەفغانستان بوو. ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران لەساڵی 1872 كێشەی نێوان ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند بەردەوام بووە كەدەكەوێتە ویلایەتێك بەهەمان ناو لەئەفغانستان و ئاوی ئەو روبارە لەدیوی باشوری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەڕژێتە دەریاچەی هامون و بەپێی دوایین رێككەوتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت لەهەر چركەیەكدا 26 مەترسێجا بۆ ئێران بەردرێتەوە كە لەساڵیكدا دەكاتە 850 ملیۆن مەترسێجا ئاو. دەریاچەی هامون بەسێیەم گەورەترین دەریاچەی ئێران دوای دەریاچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەژمار دەكرێت و دەریاچەیەكی ستراتیژییە بۆ ئەو وڵاتە. لەدوای دەسەڵاتی تاڵیبان لەكۆی ئەو 850 ملیۆن سێجا ئاوە تەنها چوار ملیۆن مەترسێجا ئاو لەئەفغانستانەوە بۆ ئێران بەردراوەتەوە. پرسی ئاو لەنێوان ئەفغانستان و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ناسرەدین پاشای قاجارو دوای ئەویش لەسەردەمی رەزا پەهلەوی بۆ ماوەی حەوت ساڵ دانوستان كراوە تادواجار بەدەستوەردانی بەریتانیاو فەڕەنسا 1935 رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بەمافی ئاوی ئێران لە روباری هێلمەند كراوە. ناكۆكی و گرژیی توند زیاتر لە 20 جار لەساڵانی 1935 تا 2023 لەنێوان دەسەڵاتەكانی ئەفغانستان و ئێران لەسەر ئاوی روباری هێلمەند روویداوە كە تائێستاش بەردەوامەو رەنگە هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەریی ئەو كێشەیە بوونی نەبێت تەنها ئەوەی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زیاتر لە 100 ساڵە باجی ئەو ناكۆكی و گرژییانە دەدات و بەبەردەوامی كێشەی وشكەساڵی لەو پارێزگایە قوربانیی لێدەكەوێتەوە. كۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان زیاتر لە 25 كۆبوونەوەی تەنها تایبەت بەئاو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان كردووە كە دەركەوتووە هیچ ئەنجامێكی لەبەرژەوەندیی ئەو وڵاتەدا لێنەكەوتووەتەوە. تاڵیبان بەتیرو توانج وەڵامی تاران دەداتەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتی سەردانی هەفتەی رابردووی بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند؛ داوا لەبەرپرسانی تاڵیبان دەكەم ئاوی بەنداوەكان بەربدەنەوەو بەپێچەوانەوە كاردانەوەی تریان دژیان دەبێت، بەڵام ئەو وتانەی رەئیسی كاردانەوەی گاڵتەئامێزی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە لێكەوتەوەو هاوكات لەبەیاننامەیەكدا ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان بەفەرمی داوای لە رەئیسی كرد كە بەو شێوازە داواكارییەكانەی دەرنەبڕێت. جەنەڕاڵ موبین یەكێك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان لەڤیدیۆیەكدا دەردەكەوێت دەبەیەكی 20 لیتری ئاوی بەدەستەوەیەو لێدەپرسن بۆچیتەو ئەویش لەوەڵامدا بەتوانجەوە دەڵێت رەئیسی هەڕەشەی كردووەو ترساوم، بۆیە بەو دەبەیە ئاوی بۆ دەبەم. حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێكدا لەسەر بەرنەدانەوەی ئاو لەئەفغانستانەوە وتی: وڵاتەكەی لێدوانی بەرپرسانی تاڵیبان لەسەر ئەو بابەتە بەناڕاست دەزانێت و لە رێككەوتنی كابول و تاران لەساڵی 1972 بەئاشكرا مافی ئێران لەئاوی هێلمەند روون كراوەتەوەو دەبێت لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە ئەو رێككەوتنە لەبەرچاو بگیرێت. ئەو وتووشیەتی: تاڵیبان بەشێكە لەئەفغانستان بەڵام هەمو وڵاتەكە لەدەستی ئەودا نییەو كۆماری ئیسلامی بەپێی قورسایی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. تاڵیبان شكۆی تاران دەشكێنێت لەبەیاننامە فەرمییەكانی تاڵیبان سەبارەت بەبەردانەوەی ئاو بۆ ئێران باس لەوشكبوونی بەنداوەكان و رووبارەكان كراوە بەڵام بەپێی وێنەی مانگە دەستكردەكان كەوەزارەتی وزەی كۆماری ئیسلامی بڵاویكردووەتەوە ئەو شوێنانە ئاوی پێویستیان تێدایە بۆیە داوایان كردووە دەستەیەكی شارەزا لەئێرانەوە سەردانی ئەو بەنداوانەی ئەفغانستان بكات لە بەرامبەردا تاڵیبان رایگەیاندووە هیچ دەستەو كەسێك بۆی نییە لەئێرانەوە سەردانی ئەو شوێنانە بكات و لەهیچ رێككەوتنێكی ئەفغانستان و ئێران ئەو خاڵە باس نەكراوە. حیشەمەتوڵڵا فەڵاحەت پیشە، سەرۆكی پێشوی دەستەی ئاسایش لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ هۆكاری ئەوەی تاڵیبان بەئاشكرا درۆ لەگەڵ ئێران دەكات بڵاوكردنەوەی سیاسەتی ترسە لەلایەن بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی سەبارەت بەئەفغانستان و تاڵیبان. بەوتەی ئەو وەزیری دەرەوەو باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لەكابول هۆكاری سەرەكین بۆ ئەوەی تاڵیبان بێباكانە مامەڵە لەگەڵ تاران دەكات بەجۆرێك لەئاست و شكۆی كۆماری ئیسلامی ئێراندا نییە. ژمارەیەك لەفەرماندە سەربازییەكانی تاڵیبان شەڕیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەفتوحاتی ئیسلامی وەسف كردوەو رایانگەیاندووە ئەگەر فەرمانی جیهاد بدرێت ئەوا تاكۆنتڕۆڵكردنی تاران ناوەستن.
هاوڵاتی بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە. لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە. بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە. هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن.
هاوڵاتی حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە. پشكی كورد لە پڕۆژە بودجەی عێراق جێگیر كراوەو لەماددەكانی (12،13،14) ئاماژە بەشایستەو پابەندبوونەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام پارتی ناڕازیەو رێككەوتنی لەگەڵ شیعەكان كردووە بۆ دەستكاریكردنی بەشێك لەبڕگەكانی ماددەی 14ی پڕۆژە یاساكە. لەماددەی 12ی پڕۆژەكە ئاماژە بەوە كراوە كە لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2023)دا، پشكی هەرێم بەڕێژەی (12.67%) لەبودجەی گشتی دیاریكراوە، بڕەكەشی دوای لێدەركردنی خەرجی سیادی حاكیمە، زیاتر دەبێت لە 15 ترلیۆن دینارو مانگانە دەگاتە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینار. حكومەتی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو بودجەیەی كە لەعێراقەوە بۆی رەوانە دەكرێت كەمانگانە ترلیۆنێك و 250 ملیار دینارە، هاوكات داهاتی نانەوتی بێجگە گومرگ كە 50% بۆ عێراقە، تەنها لەباج و زەریبە مانگانە 200 ملیار دیناری دەستدەكەوێت و لانی كەم مانگانە 50 ملیار دینار زیاتری لەداهاتی گومرگ بۆ دەمێنێتەوە كە نیوەەی دەدرێتە بەغداد، بەو پێیە حكومەتی هەرێم پارەی كاشی بەردەستی مانگانە ترلیۆنێك و 500 ملیار دینار دەكات. حكومەتی هەرێم مانگانە 910 ملیار دینار بۆ مووچەو 91 ملیار دینار 10% پاشەكەوتی مووچە بداتەوە ئەوا مانگانە 509 ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە كە زۆر بەئاسانی دەتوانێت بەو بڕە پارەیە هاوشێوەی ساڵەكانی (٢٠١٠،٢٠١١، ٢٠١٢) پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوەو بەشێك لەو پارەیەش بۆ دانانەوەی قەرزەكانی بێت.
شەنای فاتح «چوار كوڕم هەیە هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزم و ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، جل لەبەرخۆیان دەدڕێنن و فرە جوڵەن، هاوسەرەكەم پێشمەرگەیە بەهۆی دەوامی ئەوەوە كە 10 رۆژ لەدەوامەو 10 رۆژ لەماڵەوەیە فریای خزمەتی تەواوی مناڵەكان ناكەوم و مووچەشیان نییە»، نیان فەرەج دایكی ئەو چوار مناڵە بۆ هاوڵاتی وادەڵێت. لەشاری سلێمانی خێزانێك رووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی ژیان كردن بوونەتەوە كەخاوەنی چوار منداڵن و هەر چواریان نەخۆشی ئۆتیزمیان لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا (مینحە) بۆ ئەو منداڵانەیان نەبڕاوەتەوە لەخانووەیەكی كرێدا دەژین كەكرێی ساڵێكیان لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ دابین كراوە. بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو زۆرینەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مینحەیەكی مانگانەیان پێدەدرێت كەبڕەكەی 150 هەزار دینارە تابەشێك لەپێداویستییەكانیان بەو مینحەیە بەڕێبكەن. نیان فەرەج تەمەن 35 ساڵ، باس لەژیانی خۆیان بۆ هاوڵاتی دەكات و وتی:» نزیكەی ١٤ساڵە هاوسەرگیریم كردووەو زیاتر لەهەشت مانگە لەم خانووەدا لەگەڕەكی ڕاپەڕین لەكرێچیداین، كوڕە گەورەكەم تەمەنی هەشت ساڵەو كوڕەكەی دیكەشم حەوت ساڵە، دوو كوڕی دووانەشم هەیە تەمەنیان سێ ساڵ و نیوەو هەرچوار كوڕەكەم نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كەمناڵەكان هیچ كامیان مووچەیان نییەو خەرجییان گرانەو جلوبەرگ و شیرو دایبیان پێویستەو لەگەڵ ئۆتیزمەكەشیاندا نەخۆشی ئەكزیمای پێستیان لەگەڵدایە، وتیشی:»پزیشك پێی راگەیاندووم كە چاك نابنەوە جگە لەچاكبوونێكی كاتی». «مناڵەكان فرە جوڵەن و جلوبەرگ لەبەر خۆیاندا دەدڕێنن ئاگاداری و چاودێریان پێویستە، رۆژانە فریای كاروباری ناوماڵ ناكەوم، دەمەوێت هاوسەرەكەم دەوام نەكات و هاوكاریم بكات، چونكە بەتەنیا فریای چاودێریكردنیان ناكەوم»، نیان دایكی چوار مناڵی ئۆتیزم وادەڵێت. هاوسەرەكەی نیان فەرەج (هەرێم مینە) پێشمەرگەیەو دەوامی لەمیحوەری مەخمورو-گوێر نزیك موسڵەو ١٠ رۆژ بە ١٠ رۆژ دەوام دەكات و ئاگاداری سەرووی خۆی كردووەتەوە لەبارودۆخ و گوزەرانیان، بەڵام هیچیان بۆ نەكردووە، نیان وتی:» هاوسەرەكەم بەهۆی فێڵێكەوە كە لەدەوامدا لێیان كردووە موچەكەی لێدەگێڕنەوە، مانگانە تەنها ٢٠٠ هەزار دیناری پێدەدەن و كرێی خانووەكەشمان مانگانە ٢٢٠ هەزار دینارە». ئەو خێزانە لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، تا بارودۆخیان باشتر بێت، كە چووە سەردانی كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كردووەو و پێم راگەیاندووە كە مووچەیان بۆ ببڕێتەوە، كە منداڵەكانی ئۆتیزمیان هەیەو فرە جوڵەن و نەخۆشی پێستیشیان هەیە، پێی راگەیاندووە كەناویان تۆماربكەو فۆڕمەكە پڕبكەرەوە، دایكی چوار مناڵەكەش رێكارەنی ئەنجامداوەو چاوەڕێی هاتنەوەی ناوەكانیانە. مناڵەکان هیچ کامیان مووچەیان نییە و خەرجییان گرانە و جلوبەرگ و شیر ودایبییان پێویستە ولەگەڵ ئۆتیزمەکەشیاندا نەخۆشی ئەکزیمای پێستیان لەگەڵدایە دایكی ئەو چوار مناڵە كە نەخۆشی ئۆتیزمیان هەیە زیاتر روونكردنەوەی لەسەر بارودۆخی ژیانیان بۆ هاوڵاتی باسكردو ئەوەی خستەڕوو كە كرێی ساڵێكی خانووەكەیان قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆیان دەدات و لەسەر ئەركی ناوبراو دووان لەمنداڵەكانی بۆ سەنتەرو بۆ قوتابخانە دەبات. بەپێی ئامارێكی وەزارەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستاندا نزیكەی سێ هەزار توشبووی نەخۆشی ئۆتیزم تۆماركراوەو سەبارەت بەوەی كە لەماڵێكدا زیاتر لەنەخۆشێكی ئۆتیزم هەبێت زیاتر لەموچەیەك دەبڕنەوە. ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كەهەر ماڵێك چەند توشبووی ئۆتیزمی هەبێت بەمەرجێك ڕێژەكەی ئەو رێژەیە بێت كە بەپێی یاساكان دەستنیشانكرابێت بەخاوەن پێداویستی تایبەت ئەژمار دەكرێت و مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە، وتیشی:» خێزانمان هەیە سێ منداڵ و دایكەكەشیان خاوەن پێداویستی تایبەتن مووچە بۆ هەر چواریان بڕدراوەتەوە». نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە بەردەوام چاودێری دایك یان باوك و كەسوكاری پێویستەو بەردەوام دەبێت ببرێنە سەنتەرەكانی راهێنان. یوسف عەبدوڵا، پزیشكی دەروونی لەسەنتەری تەندروستی دكتۆر زامدار لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نەخۆشی ئۆتیزم یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە چاكبوونی نییەو تەنها پێویستیان بەڕاهێنانە بۆ ئەوەی ئەركی دایك و باوكیان كەمبكرێتەوە». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو جۆرە نەخۆشیە پێویستی بەچاودێری وردی دایك و باوك هەیە لەماڵ و لەسەنتەرەكانیش راهێنانیان پێدەكرێت.
هاوڵاتی-دهۆک ژنێکی عەرەب کە خەڵکی بەغدایە لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشتەجێی دهۆکن، بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی بەچەقۆ هاوسەرەکەی کوشتووە بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری هاوڵاتی کەوتووە لە دهۆک ،روداوکە لەگەرەکی حی شورتە لەناوەندی دهۆک ڕویداوە، ژنەکە لەدایک بووی ساڵی2000و لەیانەیەکی شەوانە ئیش دەکات. سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی دهۆک بە هاوڵاتی وت"پۆلیس ئەو ژنەی دەستگیرکردوە و دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە و تا ئێستا هۆکاری ڕوداوەکە دیار نییە". وتیشی،" پێش ماوەیەک ئەو ژن و پیاوە لەیەکتر جیابوونەتەوه، تەنها یەک کچ یان هەیە"
هاوڵاتی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان خەباتی كورد لەباكور سەختتر دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافەكان و چاوەڕواندەكرێت ئەردۆغان مامەڵەكانی توندتر بكاتەوە بەو هۆیەی دەنگیان بۆ كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بووە. ئەردۆغان: دەمیرتاش ئازاد ناكرێت ئەردۆغان لەیەكەم گوتاریدا لەبەرامبەر لایەنگرانی لەكۆشكی بێشتەپە لەئەنقەرە، هێرشی كردەوە سەر ئۆپۆزسیۆن و جارێكی دیكە كلیچدار ئۆغڵۆ و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەی كردە ئامانج. ئەردۆغان وتی، ئەوانەی دژایەتی توركیایان كرد لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتن و باسی دەمیرتاشی كردو رایگەیاند، كلیچدار ئۆغڵۆ باسی لەهەوڵەكانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكردو دەیوت ئەگەر دەتانەوێت سەلۆ (سەڵاحەدین دەمیرتاش) لەزیندان ئازاد بكرێت، دەنگ بە من بدەن، بەڵام گەل چی وت؟ چونكە گەلەكەی من باش ئەمە دەزانێت كەئەو كەسەی لەئامەد بووە هۆكاری گیانلەدەستدانی 51 برای كوردم، ئەو سەلۆ (تیرۆریستە) بوو و بۆیەش ئازاد ناكرێت.» كڵیچدار ئۆغڵۆ: بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی دەدەین لەبەرامبەردا، كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ كاتژمێر نۆو نیوی شەوی هەڵبژاردن كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو وتی، « كارەكانمان تەواو نەبووەو بەردەوامی بەخەباتی دیموكراسی لەتوركیا دەدەین. ناحەقی زۆر بەرامبەر خەڵكەكەمان دەكرێت و منیش نەمتوانی بێدەنگ بم، هەوڵمدا گەل لەم دۆخە دەربهێنم.» ‹لەدوو كەس كەسێك گۆڕانكاری دەوێت› دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و سەرنەكەوتنی كلیچدار ئۆغڵۆ، چاوەكان زیاتر لەسەر هەدەپەو پارتی چەپی سەوز بوون كەهەڵوێستیان چی دەبێت كەپشتگیری تەواوی خۆیان بۆ كلیچدار ئۆغڵۆ دەربڕیبوو. دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكە، هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوزو میدحاد سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە، كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا. سانجار لەكۆنفڕانسە رۆژنامەنووسیەكەدا رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن بە روونی دەریدەخات كە لەدوو كەس لەتوركیا كەسێك گۆڕانكاری دەوێت. بۆیە ئەركی ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە كەهەوڵ بۆ گۆڕینی سیستم بدات و وتی، «لەئێستادا جەمسەرگەرایی لەنێو كۆمەڵگادا دروست بووەو ئەمەش هۆكارە بۆ لەناوبردنی بنەماكانی دیموكراسی.» دەنگەكانی كلیچدار ئۆغڵۆ لەباكوری كوردستان كەمی كرد بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دەركەوت كەدەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ لەزۆربەی پارێزگاكانی باكوری كوردستان كەمی كردووەو ئەمەش بووە جێگەی پرسیار لەلایەن چاودێرو هاووڵاتیانەوە. بەپێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی توركیاو جیهان، كەمی دەنگی كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە كلیچدار ئۆغڵۆ پرۆتۆكۆلێكی لەگەڵ ئومید ئوزداغ سەرۆكی پارتی سەركەوتن واژۆ كرد كە بەیەكێك لەدوژمنە سەرسەختەكانی هەدەپە دەناسرێت و باسی ئەوە دەكرێت كە باپیری یەكێك لەو كەسانە بووە كە شێخ سەعیدی پیرانی لەسێدارە داوە. هۆكارێكی دیكەش ئەوە بووە كە كلیچدار ئۆغڵۆ لەبانگەشەی خولی دووەمدا، زیاتر لە لایەنە نەتەوەپەرستەكان نزیك بووەتەوەو لێدوانی توندی لەدژی پەكەكە داوەو رایگەیاندووە كە بەردەوامی بەیاسای قەیوم لەژێر ناوێكی دیكەوە دەدات. ئەمەش وایكردووە كەدەنگدەرە كوردەكان لە كلیچدار ئۆغڵۆ سارد ببنەوەو بەشێكی كەمیان بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا نەكەن. لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا لەشارەكانی باكوری كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان چوار ملیۆن و 479 هەزارو 423 دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی خولی دووەم، چوار ملیۆن و 576 هەزارو 854 دەنگی بەدەستهێناوە. واتر بەبەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 97 هەزارو 431 دەنگی زیادكردووە. لەبەرامبەردا كەمال كڵیچدار ئۆغڵۆ، لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سێ ملیۆن و 992 هەزارو 119 دەنگی لەپارێزگاكانی باكووری كوردستان بەدەستهێنابوو، بەڵام لەخولی دووەمدا سێ ملیۆن و 877 هەزارو 203 دەنگی بەدەستهێناوە. بەو پێیە، كڵیچدار ئۆغڵۆ لەخولی دووەمدا، بە بەراورد بەخولی یەكەمی هەڵبژاردن، 114 هەزار و 916 دەنگی لەباكوری كوردستان لەدەستداوە. رۆژهەڵاتییەكان خۆشحاڵ و رۆژئاواییەكان نیگەرانن دوای ئەوەی جارێكی دیكە ئەردۆغان وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوە، سەرۆكانی وڵاتانی جیهان، دەستیان بە پەیامی پیرۆزبایی بۆ ئەردۆغان نارد. ڤیلادیمیر پوتی سەرۆكی روسیا وتی ‹دۆستی ئازیزمان سەركەوت›. ئێران، ئازەربایجان، پاكستان، قەتەرو چەندین وڵاتی دیكە پیرۆزبایی گەرمیان لەئەردۆغان كرد. لەئاستی هەرێمی كوردستانیشدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو و عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریش خۆشحاڵی خۆیان بەسەركەوتنی ئەردۆغان دەربڕی. لەلایەکی دیكەوە، رۆژئاواییەكان، تێبینیەكانی خۆیان بەئاشكرایی دەربڕی، سەرۆكەكانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەگشتی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ناتۆ داوایان لە ئەردۆغان كرد لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆدا كاربكات و لەئەوروپاو ئەمریكا نزیك بێتەوە. ‹ئەردۆغان ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كە چێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت› هەڵبژاردن كۆتایی هات و ئەردۆغان هەڵبژێردرایەوە، بەڵام ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی كەتوركیا بەرەو كەشێكی ناسەقامگیر پاڵ پێوە دەنێت، چاوەڕێی ئەردۆغان دەكەن و بەتایبەتی پرسی قەیرانی ئابوری، بێكاری، گرانی. بەپێی ئامارە فەرمیەكان، لەئێستادا، رێژەی بێكاری 10٪، رێژەی هەڵاوسان 43٪یـــە. بەڵام ئۆپۆزسیۆن دەڵێت، رێژەی هەوسان 100٪ی تێپەڕاندووە. سنوری برسیبوون گەیشتووەتە 12 هەزار لیرە كەنزیكەی هەشت هەزار لیرە وەك موچە بەكارمەندان دەدرێت. توركیا 230 ملیار دۆلار قەرزداری وڵاتانی جیهان و بانكی ناوەندیە. نرخی لیرە بەشێوەیەك دابەزیوە كە لەمێژووی توركیادا هاوشێوەی نەبووەو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی دوو هەزار لیرەی تێپەڕاندووە. بۆیە چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەوە ئاماژە بەوە دەكەن كەدۆخێكی سەخت چاوەڕێی توركیاو ئەردۆغان دەكات. لەم بارەیەوە رۆژنامەی فایناشناڵ تایمزی ئەمریكی راپۆرتێكی لەبارەی سەركەوتنی ئەردۆغان و لێكەوتەكانی بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە، ئەگەر ئەردۆغان قەیرانی ئابوری چارەسەر نەكات، متمانەی نامێنێت و بۆیە ماوەیەكی كەمی لەبەردەمدایە كەچێژ لەسەركەوتنەكەی ببینێت. قەیرانی ئابوری سەركەوتن لەئەردۆغان تاڵ دەكات؟ دوای كێبڕكێیەكی سەخت، دوای هەموو تێبینیەكان سەرەنجام رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پێنج ساڵی دیكە، وەك سەرۆككۆماری توركیا هەڵبژێردرایەوەو كەمال كلیچدار ئۆغلۆ ركابەرە سەرسەختەكەی بۆ هەمیشە چانسی بوون بەسەرۆككۆماری لەدەستدا. لەگەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا كە 28ی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەڕێژەی 52.18%ی دەنگەكان، كەمال كڵیچدار ئۆغڵوی شكستپێهێنا كە رێژەی 47.82%ـی دەنگەكانی بەدەستهێنا. رێژەی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا 86.09٪ بوو و بەگشتی ئەردۆغان 27 ملیۆن و 833 هەزارو 991 دەنگ و كلیچدار ئۆغڵۆش 25 ملیۆن و 503 هەزارو 703 دەنگیان بەدەستهێنا. بەو پێیەش كلیچدار ئۆغڵۆ بەپێی خولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیكەی ملیۆنێك دەنگ و ئەردۆغانیش نزیكی 700 هەزار دەنگیان زیاد كردو بەم شێوەیە كۆتایی بەكەشی هەڵبژاردن لەتوركیا هات و داشەكان شوێنی خۆیان گرتەوە.
هاوڵاتی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کامێرای (پۆینت تو پۆینت) داوایەک ئاڕاستەی شۆفێران دەکەن و دەڵێن: هەرکاتێک شۆفێر بە کامێرای پۆینت تو پۆینت سزا دران و پسوڵەی سەرپێچیان بۆکرا، راستەوخۆ پەیوەندیان پێوەبکەن بۆئەوەی پارێزەری خۆبەخشیان بۆ دابینبکرێت. لە راگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاماژەی بەوەکردوە، "پاش هەوڵەکانیان لەساڵی رابردو سەبارەت بەرەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرای تیژڕەوی جێگیر لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕوی یاداشت سەبارەت بەنایاسایی بونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبونی گرێبەستەکە لەگەڵ یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 و رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەهەمانشێوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم بێ گوێدانە رای ئەنجومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و رێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردەوام بو لەجێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە 29ی (ئایار/5)ی 2023". ئەوەش هاتوە "ئێمە لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگاداری هاوڵاتیان دەکەینەوە، لەهەوڵەکانمان بۆ رەتکردنەوەی گرێبەستەکە بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتیەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا، بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، دوای وەرگرتنی پسوڵەکەی، پەیوەندی بەفیدراسیۆنەوە بکات بەمەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری رێکاری یاساییە دژی ئەو سیستمە لەدادگای پەیوەندیدار لەپێناو سەروەری یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بەئاشکرا پێچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی"
هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لەمانگى ڕابردوودا لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە ئاماری مانگی ئایاری شەڕ و پێکدادانەکانی بەرامبەر سوپای تورکیا ئاشکراکرد و ڕایگەیاندووە، لەمانگى ڕابردوودا تورکیا ٥٨٠ جار هێرشیکردووەتە سەر سەنگەرەکانی گەریلا، دەشڵێن، لە شەڕ و پێکدادانەکاندا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون و ١٣ گەریلاش شەهیدبوون. لە شەڕی مانگی ئایاردا ٥٤ سەربازی تورک کوژراون هەپەگە ئاشکراشی کردووە، کە سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا هەشت جار بە چەکی کیمیایی سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان کردووە. دەشڵێن، جگە لەوەش سوپای تورک ١٢٦ جار بە فڕۆکەی جەنگیی، ١١ جار بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر، ٤٣٥ جار بە تۆپ، هاوەن و تانک سەنگەرەکانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران کردووە. ئەوەشی خستووەتەڕوو،" کە لە ئەنجامی هێرشە داگیرکارییەکاندا شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ٥٤ داگیرکەر کوژراون و دوو داگیرکەریش برینداربوونو هەروەها لەو هێرشانەدا ١٣ هاوڕێمان شەهیدبوون."
