هاوڵاتى وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:" ئەو دوو درۆنە ئێرانیەی کە مانگی رابردوو لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە لە نزیک شاری هەولێر خرانە خوارەوە، بۆ ئەوە نێردرابوون تاوەکو لە نێو ئیسرائیل بتەقنەوە". هێزی بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیل ئاشکرای نەکردووە کە بە دیاریکراوی لە کوێوە درۆنەکان ئاراستە کرابوون، بەلام رایگەیاند "درۆنەکان بە درێژایی گەشتەکەیان لە لایەن یەکینەکانی کۆنتڕۆلی زەوینییەوە دۆزرابوونەوە و شوێنیان کەوتبوون." سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "پێش ئەوەی درۆنەکان بگەنە سنووری ئاسمانیی ئیسرائیل، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆزرابوونەوە." هەفتەی رابردوو، میدیای نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، هەر لە مانگی شوباتدا ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی سەدان درۆنی ئێرانیی لە بنکەیەکی ئاسمانیی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوبردووە. لە دوای ئەو هێرشە، ئێران 12 مووشەکی بالیستی ئاراستەی پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش بە پاساوی بە ئامانجکردنی پێگەیەکی ئیسرائیلی کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە دەنگۆیێکی بێ بنەما ناوی دەبەن.
هاوڵاتى حەشدی شەعبی ئەمرۆ نوسراوێكی بلاوكردۆتەوە بۆ لایەنگرەكانی و تێیدا چەندین بریاری جۆراوجۆری راگەیاند و بەو پێیە لایەنگرەكانی ناچار دەكات پەیرەوی بكەن. دەستەی حەشدی شەعبی بەپێی نووسراوی ژمارە 134 کە رۆژی 20ی ئاداری 2022 دەرچووە چەند بڕیارێکی بۆ ئەندامانی دەکردووە و بەپێی نووسراوەکە کە لە رۆژی دورچونییەوە جێبەجێدەکرێت، ئەم شتانەی خوارەوەی لە پیاوان قەدەغە کردووە: 1- لەبەرکردنی پانتۆڵی کاوبۆ و کراسی خەتخەت. 2- لەبەرکردنی ئەو جلانەی کە ئاڵا و نووسینی بیانیان لەسەرە. 3- سەرتاشین بەشێوازی رۆژئاوایی. 4- نابێت پێڵاو بەبێ گۆرەوی لەپێبکرێت. 5- نابێت تاتۆی زەق دەربکەوێت. 6- پابەندبوون بە لەبەرکردنی ئەم جۆرە جلانەوە؛ رەنگی سپی، ئاسمانی، رەش، شین و قاوەیی. 7- هەرچی پەیوەندیی بە بەشەکانی ئاسایش، دیزاین، لوجستی، چاککردنەوەوە هەیە دەبێت بەدیاریکراوی جلوبەرگی سەربازی بپۆشن. 8- وێنەگرتن بە مۆبایل قەدەغەیە. ئەوەشی بۆ ئافرەتان لەناو دامەزراوەکانی حەشدی شەعبی و بۆ ئەندامانی قەدەغەیە ئەمانەن: 1- لەبەرکردنی جلی تەسک بەهەموو جۆر و رەنگە زەقەکانییەوە. 2- میکیاژی تۆخ. 3-لەبەرکردنی ئەو جلانەی کە ئاڵا و نووسینی بیانییان لەسەرە. 4-پابەندبوون بە لەبەرکردنی ئەو جلانەی ئەم رەنگانەیان هەیە؛ سپی، نیلی، قاوەیی، رەش، ئاسمانی. 5- وێنەگرتن بە مۆبایل قەدەغەیە. حەشدی شەعبی، لە ساڵی 2014 و بە فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە، بۆ شەڕی دژی داعش دروست بووە. حەشدی شەعبی لە نزیکەی 70 گرووپ پێکدێت و ژمارەیان بە 196 هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێت.
هاوڵاتى رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند:" ئەمڕۆ بەهۆی چینێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەتوانین حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنین بۆئەوەی بیسەلمێنین ئەو حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا". موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی دووشەممە 21ی ئاداری 2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند:"هەمووان گومانیان لەو حزبانە هەیە کە لە رووخانی رژێمی پێشووەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە پرۆسەی سیاسی‌دا بەشدارن، ئەوانەی گومانیان هەیە لایەنگری ئەو حزبانە نین و زیاتر چینی سەربەخۆ و بێلایەنی گەلن، بۆیە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا زۆر پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەرکەوتن و زۆر لە حزبەکان بچووک بوونەوە، بەتایبەت حزبە شیعەکان لە باشووری عێراق". موقتەدا سەدر دەشڵێت: "حکومەتەکانی سازان سوودیان بۆ عێراق و عێراقییەکان نەبوو، بەڵکو وەکو کەسانێک دەڵێن، زیانیان هەبوو، هۆکارەکەش سازانە، لەگەڵ دابەشکردنی کێکەکە لەنێو ئەو حکومەتانەدا، بۆیە لە خولی پێشوودا تاقیمانکردەوە کێکەکەیان لەگەڵدا دابەشنەکەین، بەڵام سوودی نەبوو، لەبەر ئەو هۆیە، ئەمڕۆ دەبێت لە تونێلی سازان و تایفەگەری دەربچین بەرەو دەشتی زۆرینە و نیشتمانی؛ پێشتر بەهۆی حیزبەکانەوە نەماندەتوانی ئەو کارە بکەین، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی چینێک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ دەتوانین حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبهێنین بۆئەوەی بیسەلمێنین ئەو حکومەتە سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا". هاوکات بەو پەرلەمانتارانە دەڵێت، "ئەگەر متمانەتان بە فراکسیۆنی سەدری نییە، ئەوا ئێمە دەرفەتتان دەدەینێ بەشداربن لە بەڕێوەبردنی کاروباری عێراق و ئەمەش دوا هەلە، چونکە ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو نەبم، شکستهێنانی خۆم رادەگەیێنم".
هاوڵاتى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە 15 تاوەکو 20ی ئادار، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەولێر و سلێمانییان کردووە، كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون". لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە: "زیاتر لە 52 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشیارییەكانی سلێمانییان كردووە". هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و رۆژی نەورۆزی كوردان، ژمارەیەیك بەرچاو گەشتیار روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
هاوڵاتى سەرۆكی ئۆكرانیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی روسیا و ڕایگەیاند: ئەگەر گفتوگۆ و دانوستان نەكەین لەوانەیە جەنگی جیهانی سێیەم دەسپێبكات. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رڕایگەیاند:" ئامادەیە بۆ كۆتاییهێنانی بە جەنگ لە گەڵ هاوتا روسییەكەی دابنیشێت و گفتوگۆ بكات. سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەشکردوە، كە دڵنیایە بە بێ گفتوگۆ ناتوانن لەو بنبەستە ڕزگار بن، بۆیە رێگای راست گفتوگۆکردنە بەبێ سەپاندنى سیاسەت و بریار بەسەر یەکتردا. سەرۆکى ئۆکرانیا ڕاشیگەیاندوە، هەموو دەرفەت و هەڵێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ بە هەند وەردەگرن و پێشوازی لە هەموو هەوڵێك دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ. پێشتر چەند گفتوگۆیەکى دوولایەنە لەنێوان روسیا‌و ئۆکرانیا بەڕێوەچوو، بەڵام لەو گفتوگۆیانە بۆ راگرتنى شەڕ سەرکەوتوو نەبوون
هاوڵاتى جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکى کۆنسه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى کۆما جڤاکێن کوردستان – که‌جه‌که له‌په‌یامێکیدا رایگه‌یاند:" پێویسته گه‌لى کورد به ڕۆحى نه‌ورۆز له‌دژى سته‌م و داگیرکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بوه‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسییه‌کى گه‌وره له‌سه‌ر گه‌لى کورد هه‌یه"، ده‌شڵێت:" په‌که‌که پشکى هه‌یه له دروستبوونى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان و ده‌شیپارێزێت". جه‌میل بایک، هاوسه‌رۆکى کۆنسه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى کۆما جڤاکێن کوردستان – که‌جه‌که، په‌یامێکى بۆ ئاهه‌نگه‌که هه‌بوو: جه‌ژنه پیرۆزه له گه‌لى کورد له هه‌ر چواربه‌شى کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ڕێبه‌ر ئۆجالان و گه‌ریلا و به‌رخۆدێرانى زیندان پیرۆز ده‌که‌م و شه‌هیدانى ڕێگاى ئازادیى باشورى کوردستان و ته‌واوى کوردستان و جیهانى. ڕێبه‌ر ئاپۆ، په‌که‌که و تێکۆشانى ئازادیى له‌م ڕۆژه‌دا و به‌ڕۆحى نه‌ورۆز دروستکردووه، هیچ هێزێک ناتوانێت پێش به‌و ڕۆحه بگرێت، چونکه ئه‌و ڕۆحه ڕۆحى یه‌کێتی، به‌رخۆدان، ئازادیی، بردنه‌وه و ژیانه‌وه‌یه، واتاى چاره‌سه‌رییه، تێگه‌شتنه له کێشه‌کان و چاره‌سه‌رکردنیانه، ڕێبه‌ر ئاپۆ به ڕۆحى نه‌ورۆز ڕۆحى سه‌رۆکایه‌تى پارتێکى پێشخست و گه‌یاندییه ئه‌مڕۆ که ده‌ستکه‌وتى گه‌وره‌ى بۆ گه‌لى کورد هه‌بووه، ئه‌گه‌ر له باشوورى کوردستان ستاتۆیه‌ک دروستبووه به‌شێکى به ڕۆڵى په‌که‌که بووه و په‌که‌که‌ش به‌شێکه له پاراستنى ئه‌و ستاتۆیه. بڕوام به گه‌لى کورد و به‌تایبه‌تى باشورى کوردستان هه‌یه که له‌م نه‌ورۆزه‌دا بۆ ئازادیى ڕێبه‌ر ئاپۆ و ده‌رکردنى په‌که‌که له لیستى تیرۆر ئه‌رکى خۆیان جێبه‌جێبکه‌ن، قه‌ندیل سیمبۆلى یه‌کێتى و به‌رخۆدان و بردنه‌وه‌یه و نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو گه‌لى کورد ده‌کات، قه‌ندیل بۆ کوردان قه‌ڵاى به‌رخۆدان و ئازادییه، پێویسته گه‌لى کورد ڕاست له جه‌ژنى نه‌ورۆز بڕوانێت، نه‌ورۆز ته‌نها ڕۆژى سه‌یران نییه به‌ڵکو دروستکردنى یه‌کێتى و پێشخستنى به‌رخۆدان و ژیانه‌وه‌یه بۆ سه‌رکه‌وتن. ئه‌مڕۆ جه‌نگى جیهانى سێیه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت، مه‌یدانى سه‌ره‌کى ئه‌و شه‌ڕه‌ش کوردستانه، له ناوچه‌کانى دیکه‌ش ئه‌و شه‌ڕه هه‌یه جه‌نگى ئۆکراین و ڕوسیا به‌شێکه له‌شه‌ڕى جیهانى سێیه‌م، سیستمى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌داریى بۆ گه‌لان و مرۆڤایه‌تى نه‌خۆشى جه‌نگى پێشخستووه، له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه هیچ شتێکیان نییه بۆ مرۆڤایه‌تی، ته‌نها به ڕۆحى نه‌ورۆز پێش له‌م جه‌نگ و نه‌خۆشییه ده‌گیرێت. ئه‌وه‌ى که کوردستانى پارچه‌کردووه و خستوویه‌تییه خزمه‌تى داگیرکه‌رانه‌وه مۆدێرنیه‌تى سه‌رمایه‌دارییه، پێویسته گه‌لى کورد زیاتر له‌هه‌موو گه‌لان دژى ئه‌م سیستمه بوه‌ستێته‌وه، ئێمه له ماوه‌ى ساڵى ڕابردوودا تێکۆشانێکى مه‌زنمان کرد، قوربانى گه‌وره‌ماندا و ئازارى زۆرمان چه‌شت، به‌ڵام به‌و قوربانییانه پلانه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و تێکمانشکاند، گه‌ریلا داستانى گه‌وره‌ى نوسییه‌وه له گاره، وه‌رخه‌لێ، مام ڕه‌شۆ، زه‌ندورا و ته‌په‌ى سوور. ئه‌و شه‌هیدانه‌ى که له‌م تێکۆشانه‌دا گیانى خۆیان به‌خشی، نه‌ک ته‌نها بۆ په‌که‌که و باکورى کوردستان به‌ڵکو بۆ ته‌واوى به‌شه‌کانى کوردستان و گه‌لان و مرۆڤایه‌تى تێکۆشینیان کرد و شه‌هیدبوون، شه‌هیدى مه‌زنن شه‌هیدى گه‌لى کورد و هه‌موو مرۆڤایه‌تین، ئێستا ده‌وڵه‌تى فاشیست و قڕکه‌ریى تورک له‌م شه‌ڕه‌دا ده‌یه‌وێت نه‌ورۆزى کوردان له‌ناو ببات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هێرشى دڕندانه له‌سه‌ر یه‌ک به‌ڕێوه‌ده‌بات، له‌هه‌موو لایه‌کى کوردستان. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تى تورک ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گه‌لى کورد سیاسه‌تى قڕکردن به‌ڕێوه‌ده‌بات و سیاسه‌تى داگیرکاریى پێشده‌خات و دیمۆگرافیاى کوردستان ده‌گۆڕێت و کۆمه‌ڵکوژیى ئه‌نجامده‌دات، ئه‌م بوێرییه له په‌ده‌که وه‌رده‌گرێت، په‌ده‌که له‌هه‌موو به‌شه‌کان خزمه‌تى سیاسه‌تى ده‌وڵه‌تى تورک ده‌کات، ده‌مانویست که په‌ده‌که به‌شداریى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کورد ببێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه په‌ده‌که خزمه‌تى دوژمنى کرد و له‌گه‌ڵ دوژمن دژى گه‌لى کورد وه‌ستایه‌وه. ده‌یانه‌وێت په‌که‌که و کوردى ئازاد له‌ناوببه‌ن، پێویسته گه‌لى ئێمه ئه‌م ڕاستییه ببینن و له دژى ئه‌م خیانه‌ته بوه‌ستنه‌وه، ئه‌وکاته ده‌توانێت خۆى بپارێزێت و تێکۆسانى ئازدیى پێشبخات و ئامانجى ئازادبوونى خۆى ب ه‌دینهێنێت، ئه‌گه‌ر راستینه‌ى په‌ده‌که نه‌ناسن و له‌دژئ نه‌وه‌ستنه‌وه ناتوانن هیچ کاتێک به ئامانجى ئازادیى و دیموکراسى بگه‌ن، ده‌وڵه‌تى تورک به هاوکاریى په‌ده‌که مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌یان بۆ گه‌لى کورد و باشوورى کوردستان دروستکردووه. په‌که‌که باشوره ڕێبه‌ر ئاپۆ باشووره و ئێوه‌یه ڕاستى ئه‌وه‌یه که‌س ناتوانێت باشوورى کوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وان ببینێت، ئێمه بۆ ئازادیى جه‌سته‌یى ڕێبه‌ر ئاپۆ و ده‌رکردنى په‌که‌که له لیستى تیرۆر هه‌ڵمه‌تێکمان ده‌ستپێکردووه که له هه‌رچواربه‌شى کوردستان و جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ڕێبه‌ر ئاپۆ خزمه‌تى گه‌وره‌ى به کورد کردووه نرخى گه‌وره‌ى خوڵقاندووه بۆ ئه‌وه ئێستا له ئیمراڵیدایه، نابێت گه‌ل ئه‌م دڕنده‌ییه له‌سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ قبوڵبکه‌ن، پێویسته تێکۆشان بکه‌ن چونکه ئه‌و تێکۆشانه بۆ ئازادیى گه‌ل خۆیه‌تی. پێویسته گه‌لى کورد به ڕۆحى نه‌ورۆز له‌دژى سته‌م و داگیرکاریى ده‌وله‌تى تورک و هاوکاریى په‌ده‌که بوه‌ستێته‌وه، ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسییه‌کى گه‌وره له‌سه‌ر گه‌لى کورد هه‌یه، هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانى کورد له‌ناوده‌چن بۆیه له‌دژى داگیرکاریى و هاوکارییه‌کانى بوه‌ستینه‌وه ئه‌وکات ده‌توانین خۆمان بپارێزین و ئازادببین، ئێمه ده‌که‌وینه ناو په‌نجا ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ڕێبه‌رایه‌تى و تێکۆشانى په‌که‌که و ڕێبه‌ر ئاپۆ، به تێکۆشان و قوربانییه‌کى گه‌وره گه‌شتینه ئه‌م ڕۆژه، له‌مه‌ودواش ده‌بێت به‌هان ڕۆح به‌رده‌وامبین و ده‌ستکه‌وتى مه‌زنتر به‌ده‌ستبهێنین، هاوکات ژنانى کورد ڕۆڵێکى مه‌زنیان هه‌بووه له‌م تێکۆشانه‌دا به‌م شێوه‌یه زامنى داهاتووى کوردن، بۆ ئه‌مه‌یه که‌هه‌موو جیهان حورمه‌ت نیسانى ژنانى کورد ده‌ده‌ن، هه‌م خۆیان و هه‌م گه‌لى کورد به جیهان ده‌ناسێنن، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر فکر و ڕامانى ڕێبه‌ر ئاپۆ بیچم ده‌گرێت. سڵاو ڕیزى تایبه‌ت ده‌نێرم بۆ ژنان و گه‌نجان که به قاره‌مانێتى و فیداکارییه‌کى مه‌زنه‌وه تێکۆشانى بێ کۆتا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا داواى هیچ ناکه‌ن، له گیانى خۆیان به‌نرختر شک نابه‌ن ئه‌ویش ده‌به‌خشن به گه‌لى خۆیان و ئه‌م تێکۆشانه.
هاوڵاتى وته‌بێژى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى ده‌ڵێت:"خه‌ڵک له مه‌مله‌که‌تى ئێمه خه‌ریکى ڕاکه ڕاکه بۆ ئه‌وه‌ى ئاسایى بژی، چونکه ئه‌گه‌ر یه‌ک هۆکارى هه‌بێت بۆ ده‌ستخستنى داهات، حکومه‌ت ده هۆکارى بۆ دروستکردووه بۆ رووتانه‌وه‌و وه‌رگرتنى باج لێی". محه‌مه‌د حه‌کیم جه‌بار، وته‌بێژى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌باره‌ى سه‌یران و خۆشى ده‌ربرینى هاوڵاتیانه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌دات له‌م ڕۆژانه‌دا که خه‌ڵکى خۆشى ده‌رئه‌برن، به جلى ره‌نگا و ره‌نگه‌وه ده‌چنه ده‌ره‌وه، سه‌یران ده‌که‌ن، ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ڕه‌نگبێت ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى ئه‌وه‌یان بۆى هه‌بێت که شکور میلله‌ت مورتاحه‌و گرفتى نیه و شام شه‌ریفه‌و وڵات شه‌فافه‌و خه‌ڵکى تێره و برسى نیه‌و و هه‌موو پاره‌ى هه‌یه‌و هیچ گرفت نیه. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" به‌ڵام دروست ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک به درێژایى ساڵ له نه‌هامه‌تى و ناخۆشى و ده‌رده‌سه‌رى و له‌نێو هه‌زارو یه‌ک معاناتا ئه‌ژى که ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بۆى هێناوه‌ته به‌رهه‌م، خه‌ڵک ده‌رچه‌یه‌کى نیه بۆ پشوودان و حه‌سانه‌وه‌و خۆشى وه‌رگرتن، ئه‌و خه‌ڵکه جگه له‌م ڕۆژانه نه‌بێت که وه‌ک هۆکارێک دێته پێش بۆى پشوویه‌ک به جه‌سته‌و ناخى بدات که به درێژایى ساڵ به‌ده‌ست ئه‌و هه‌زارو یه‌ک قه‌یران و نه‌هامه‌تییه‌وه ماندوو بووه". هاوکات وته‌بێژه‌که‌ى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه که ئه‌و لێکدانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران کاتێک له‌جێى خۆى بوو که هیچ نه‌بێت مووچه له کاتى خۆى و له ساڵێکدا هاووڵاتیانى ئه‌م هه‌رێمه، خێزان له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بیتوانیبا بچێته ده‌ره‌وه‌ى وڵات، پشوویه‌ک وه‌ربگرێت، به‌ڵام "به‌هۆى ئه‌و نه‌هامه‌تى و هه‌زارو یه‌ک قه‌یرانه‌وه که به‌تایبه‌تى ئه‌م کابینه‌یه بۆ میلله‌تى هێناوه‌ته به‌رهه‌م، خه‌ڵک به زه‌حمه‌ت فریاى ژیانى خۆیشى ئه‌که‌وێت چ جاى ئه‌وه‌ى وه‌ک هاووڵاتیانى وڵاتانى دیکه گه‌شت و سه‌یرانى ئاسایى هه‌بێت". محه‌مه‌د حه‌کیم پێشیوابوو که "خه‌ڵک له مه‌مله‌که‌تى ئێمه خه‌ریکى ڕاکه ڕاکه بۆ ئه‌وه‌ى ئاسایى بژی، چونکه ئه‌گه‌ر یه‌ک هۆکارى هه‌بێت بۆ ده‌ستخستنى داهات، حکومه‌ت ده هۆکارى بۆ دروستکردووه بۆ رووتانه‌وه‌و وه‌رگرتنى باج لێی".
هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له تویته‌که‌یدا نووسیویه‌تی:"هێرشه‌کانى سه‌ر سعودیه سه‌رکۆنه ده‌که‌م. ئامانج له هێرشه دووباره‌بووه‌کان بۆ سه‌ر ژێرخانه مه‌ده‌نییه‌کان تێکدانى سه‌قامگیرى ناوچه‌که‌یه". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 21ى ئازارى 2022، مه‌سرور بارزانى تویته‌که‌یدا ده‌شنوسێت: "پاڵپشتى ته‌واوى حکومه‌ت و گه‌لى سعودیه ده‌که‌ین". حوسییه‌کانى یه‌مه‌ن کۆمه‌ڵێک فڕۆکه‌ى بێفڕۆکه‌وان و موشه‌کیان ئاڕاسته‌ى دامه‌زراوه سه‌ره‌کییه‌کانى وزه‌ى سعودیه کردووه، له یه‌کێک له هێرشه‌کاندا ئه‌و موشه‌کانه بۆ ماوه‌یه‌کى کاتى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى ڕاگرتووه.
هاوڵاتى لایه‌نه‌کانى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى له به‌غدا که نورى مالکى زۆرترین کورسى ناو هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ى هه‌یه‌و کۆده‌بنه‌وه‌و پێنج خاڵ ده‌ده‌ته سه‌در له‌باره‌ى پێکهێنانى حکومه‌ته‌وه. میدیا عێراقیه‌کان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بڵاویانکرده‌وه، لایه‌نه‌کانى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى کۆده‌بنه‌وه‌و کۆبونه‌وه‌که‌ش بۆ خستنه‌ڕووى دواین داواکاریانه بۆ ڕه‌وتى سه‌در هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که لایه‌نه‌کان پێنج خاڵ ده‌ده‌نه سه‌در و داواى مانه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى و دابه‌شکارى پۆسته‌کان به یه‌کسانى و چونى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى نێو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى بۆ ناو حکومه‌ت و پێدانى به‌شێک له‌وه‌زاره‌ته سیادیه‌کان ده‌که‌ن و کۆتاخاڵى داواکاریه‌که‌شیان ئه‌وه‌یه که سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتوو به‌بیانوى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کان به ئامانج نه‌گرێت. رۆژى 10ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجامدراو چوار مانگ و 10 رۆژ زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا تێپه‌ر بووه‌و هێشتا لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار‌و پێکهێکهێنانى حکومه‌ت رێککنه‌که‌وتوون.
هاوڵاتی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بڕیاری دەستلەکار پێکێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەڕۆی دەرکردووە. دەشلێت:" لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاوڵاتیە پێكدەهێنین كە ئەمرۆ لەكاتی موچە وەرگرتندا گیانیان لەدەستدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە بڕیارماندا بە دەستلەکار پێکێشانەوەی بەڕێوەبەری بانکی تانجەرۆ (روقیە عومەر سەعید) و بەڕێوەبردنی کارەکانی لەلایەن (تارا ساڵح محەممەد) جێگری بانکەکە. ئەمڕۆ دوو خانەنشین لەکاتی نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەیان لە بەردەم بانکی تانجەرۆی سلێمانی گیانیان لەدەستدا. وەزیری دارای بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکبهێندرێت کە پێکهاتبێت لە زانا محەممەد قادر، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی سلێمانی، ئاشتی کەریم سەیف، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم سلێمانی، دەرسیم نەوزاد محەممەد، بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سلێمانی.
هاوڵاتی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند:"ئیتر لەدوای ئەو دۆخەوە ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار.. هەتا لە(16)ی ئۆكتۆبەر پارێزگاكە لەدەستدرا. كە پێمانوایە، نە دۆخی دوای رووخاندنی بەعس بەم نزیكانە دێتەدی، نە دۆخی پێش (16)ی ئۆكتۆبەریش، بەئاسانی هەڵدەكەوێتەوە..! تەنها مەگەر دۆخێكی وەكو دوای روخاندنی سەدام بڕەخسێتەوە. ئەویش ئەگەر بەهۆی ناكۆكی یەكێتی و پارتییەوە لەدەست نەدرێتەوە..!!" مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بابەتێکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە دەڵێت: "21/3 یەكەم رۆژی نەورۆز یادی 31 ساڵەی راپەڕینی كەركووكە؛ لەدوای رووخاندنیشەوە، هەتا 16ی ئۆكتۆبەر رزگاركرا بوو! پێشەكی پیرۆزبایی ئەم جەژنە ویژدانییەی نەتەوەی كورد لە هەموو كوردێكی ئازادیخواز دەكەم لە هەر كوێیەكی دونیا بن. دڵنیام ئەمساڵیش، دۆخەكە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی دڵخۆشكەری تێدا بەدینایەت! بۆیە تەنها دەڵێم: ئومێدەوارم هۆشیارتر و خۆڕاگرتبین بەرامبەر نەهامەتییەكان، ئاسۆی خەباتیش روونە." لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک یشەوە وتی:" لە قۆناغی راپەڕیندا رەخنەكان زیاتر لەسەر بەرنامەی شێواوی رزگاركردنی شارەكە و نەبوونی ستراتیژیی عەسكەری پاراستنی بوو. بۆیە، عێراق توانیی بەئاسانی داگیری بكاتەوە، بەڵام لەدوای رووخاندنەوە، یەكێتی بەرنامەیەكی تۆكمەی بۆ دەركردنی تەعریب هەبوو، بەرنامەكەش وابوو، كە دەوروبەری شارەكان لە تەعریب پاك بكرێتەوە. هەتا تەعریبەكانی ناو شارەكان پشتوێنی بەرگرییان نەمێنێ و بەئاسانی لە شارەكان بۆ شوێنی باو و باپیرانیان دووربخرێنەوە." ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کە ماوەیەکە رەخنە لە ئەدای سیاسیی حیزبەکان و بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەگرێت و چەند جارێکیش بە راشکاوی باسی لە کەمتەرخیی بەرامبەر بە هاونیشتیمانییان کردووە، لە گوتارەکەیدا دەڵێت، "بەندە..تاقە ئەندامی سەركردایەتی بووم، لەسەر ئەو بەرنامەیە بۆ دەركردنی تەعریب، لە خانەقین و دەوروبەری، لەگەڵ هەڤاڵانی تر لە فەرماندە، پێشمەرگە، كادری سیاسی و ئیداری دانراین، بە هەموومان (600) پێشمەرگە دەبووین. (80) چەكی زیادەمان پێدرا، لەگەڵ (8) هەزار دۆلار و بەس. بڕیارەكەشمان وەكو خۆی، لە دێهاتەوە جێبەجێكرد. شارەكەشمان پاككردەوە، تێكڕا (54) هەزار تەعریبمان (تەعریب ئاوای!!) خانەقین كرد." "یەكەم: چەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و فەرماندە نێردرانە كەركووك و دەوروبەری؟! دووەم: بەپێی زانیاری كە لە سەرۆك مام جەلالم بیستووە، (500) چەك و نیو ملیۆن دۆلار بۆ سەرخستنی بەرنامەی كەركووك دابینكراوە. سێیەم: دەی بۆچی نەیانتوانی بە هەزاران پێشمەرگە و سەدان چەكی زیادە و سەدان هەزار دۆلارەوە نیوەی ئەركەكانیان لە كەركووك جێبەجێ بكەن؟ لە داقووقەوە هەتا دووز خورماتوو، بەشێکی دەوروبەری لە تەعریب پاککرایەوە. كەركووك و دەوروبەری، هەزار مەخابن.. لەبەر گەلێ هۆكاری تاڵانی و كاری نابەجێ و ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی، هەفتەی یەكەمی دوای رزگاركردنی كەركووك لەدەستدرا. شارەكە و گەڕەكە عەرەبنشینەكان دەستیان لێنەدرا.. دوای ئەوە ئەمریكییەكان لەژێر گوشاری عەرەب، هاتنە مەیدان و رێ‌یان لەدەرپەڕاندنی تەعریب گرت." لە کۆتایی وتارەکەیدا لەبارەی کەرکووک، مەلا بەختیار دەڵێت: "ئیتر لەدوای ئەو دۆخەوە ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بەپار.. هەتا لە(16)ی ئۆكتۆبەر پارێزگاكە لەدەستدرا. كە پێمانوایە، نە دۆخی دوای رووخاندنی بەعس بەم نزیكانە دێتەدی، نە دۆخی پێش (16)ی ئۆكتۆبەریش، بەئاسانی هەڵدەكەوێتەوە..! تەنها مەگەر دۆخێكی وەكو دوای روخاندنی سەدام بڕەخسێتەوە. ئەویش ئەگەر بەهۆی ناكۆكی یەكێتی و پارتییەوە لەدەست نەدرێتەوە".
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" هیوا دەخوازین ئەم رۆژە نوێیە لەشساخی و دڵخۆشی و دەرفەت بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی واتادار لەگەڵ دۆست و ئازیزان بەدوای خۆیدا بهێنێت". ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بەبۆنەی نەورۆزەوە رایگەیاند: "بەناوی وەزارەتی دەرەوە، هیوای نەورۆزێکی خۆش بۆ هەموو ئەوانە دەخوازم کە لە سەرتاسەری جیهان ئاهەنگدەگێڕن. لە ئەمریکا بن یان لە ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، لە ئەوروپا و لە هەرشوێنێکی جیهان بن، هیوا دەخوازین ئەم رۆژە نوێیە لەشساخی و دڵخۆشی و دەرفەت بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندی واتادار لەگەڵ دۆست و ئازیزان بەدوای خۆیدا بهێنێت". لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هاتووە، "کۆبوونەوەی خێزان و دۆستان، رازاندنەوەی حەوت سین و کۆبوونەوە لەسەر خوان و نەریتی دیکەی وەکو حەوت میوە بەشێکن لە چەندین نەریت لە سەرتاسەری جیهان کە ئەم بۆنەیە تایبەت دەکەن. لەکاتێکدا پەتای جیهانی (کۆرۆنا) وایکردووە ئاهەنگگێڕانی ئەم بۆنانە زەحمەت بێت، ئێمە هیوا دەخوازین ئەمساڵ جیهانێکی تەندروستتر لە رۆژانی داهاتوودا بەدوای خۆیدا بهێنیت". هەروەها دەشڵێت، "نزادەکەین هەموولایەک نوێ بێتەوە بەو وزەیەی وەرزی بەهار لەگەڵ خۆی دەیهێنێت. نەورۆزتان پیرۆز. نەورۆز موبارەک."
هاوڵاتی مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە رایگەیاند:" هیوادارم ئەو جەژنە مایەی خێر و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەک بێت و، ئاشتی و برایەتی باڵ بەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکەدا بکێشێت". لە بەشێکی پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی دەڵێت، "هیوادارم ئەو جەژنە مایەی خێر و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەک بێت و، ئاشتی و برایەتی باڵ بەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکەدا بکێشێت". دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2722ی کوردی گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە و هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەم و هیوای خۆشی و کامەرانیان بۆ دەخوازم. هیوادارم ئەو جەژنە مایەی خێر و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەک بێت و، ئاشتی و برایەتی باڵ بەسەر وڵاتەکەمان و ناوچەکەدا بکێشێت. مسعود بارزانی 29ی رەشەممەی 2721ی کوردی 20ی ئاداری 2022ی زایینی
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، "ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت"> مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیی لە کوردستانیان، بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، داوایش لە هاونیشتمانیان دەکات کە لەکاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا "پاکوخاوێنیی ژینگەکەیان بپارێزن و رێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، "ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت". لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بەردەوام لەپاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە رەواکانیدا، رۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە". دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە: بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانيان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم رۆژانی پشوو، لە کەشێکی ئارام و شادی و خۆشی‌دا بەسەرببەن. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک‌و خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و رێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن. لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان به خەبات و ئازاديی و ڕزگاربوون بووە. گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت. لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە ڕەواکانیدا، ڕۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە. نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و سياسى و فيدراليى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى تێكۆشانى هه‌موو كوردستانييانه، ئاواش به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موومانه بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و ڕووناكترى دڵنيا هه‌نگاو بنێين و سه‌ركه‌وين. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "داوا له هاووڵاتييانى ئازيز ده‌كه‌م له كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه و گه‌شت و سه‌يرانى ناو سروشتى جوانى كوردستان، تا ئه‌وپه‌ڕى، پابه‌ندى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى و پاراستنى ژينگه‌ى دڵڕفێن و به‌هاريى وڵات بن. ئاگادارى خۆيان بن و ڕه‌چاوى خۆپارێزى و ڕێنماييى ته‌ندروستى بكه‌ن". سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و سياسى و فيدراڵیی هه‌رێمى كوردستان، وه‌كو چۆن به‌رهه‌مى تێكۆشانى هه‌موو كوردستانييانه، ئاواش به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موومانه بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و ڕووناكترى دڵنيا هه‌نگاو بنێين و سه‌ركه‌وين". نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە كه هه‌رێمى كوردستان وه‌كو هه‌ميشه ئاماده‌يه هه‌موو كێشه و ناكۆكييه‌كانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵیى عێراق به گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. وه‌كو هه‌ميشه فاكته‌رى چاره‌سه‌رى ده‌بين بۆ كێشه‌كانى عێراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات‌دا، يارمه‌تيده‌ر و هاوكار ده‌بين". دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى، زۆر به گه‌رمى و له دڵه‌وه له خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له گه‌لى كورد و ته‌واوى گه‌ل و پێكهاته و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م. هيوادارم هه‌مووان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ويستان و ئازيزانيان جه‌ژنێكى خۆش له ئارامى و سه‌قامگيريدا به‌سه‌ر به‌رن. داوا له هاووڵاتييانى ئازيز ده‌كه‌م له كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه و گه‌شت و سه‌يرانى ناو سروشتى جوانى كوردستان، تا ئه‌وپه‌ڕى، پابه‌ندى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى و پاراستنى ژينگه‌ى دڵڕفێن و به‌هاريى وڵات بن. ئاگادارى خۆيان بن و ڕه‌چاوى خۆپارێزى و ڕێنماييى ته‌ندروستى بكه‌ن. نه‌ورۆز كه جه‌ژنی ئازادی و گيانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه و بڕوابه‌خۆبوونه، ساڵى تازه و نوێبوونه‌وه‌يه، له‌سه‌ر ئاستى تاك و كه‌سى، با هانده‌رى نوێبوونه‌وه‌ى بير و ڕامانى هه‌موومان بێت و بيكه‌ينه ده‌سپێك و سه‌ره‌تايه‌كى تازه بۆ ژيان و په‌يوه‌ندييه‌كانمان، بۆ ئاشته‌وايى و ئومێد و گه‌شبينى و بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ پێشهات و ڕووداوه‌كانى ده‌وروبه‌رماندا. له‌سه‌ر ئاستى گشتيش، له هه‌موو كاتێك زياتر ئه‌ركى هێز و لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستانه به‌گشتى، يه‌كڕيز و ته‌با بن و به هاوبه‌شى پێكه‌وه كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان به يه‌كگرتوويى به‌ره‌وڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه و سه‌ركه‌وتووانه تێيانپه‌ڕێنين. پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و سياسى و فيدراليى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى تێكۆشانى هه‌موو كوردستانييانه، ئاواش به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موومانه بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر و ڕووناكترى دڵنيا هه‌نگاو بنێين و سه‌ركه‌وين. له‌م بۆنه‌يه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه ئاماده‌يه هه‌موو كێشه و ناكۆكييه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عيراق به گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. وه‌ك هه‌ميشه فاكته‌رى چاره‌سه‌رى ده‌بين بۆ كێشه‌كانى عيراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات‌دا، يارمه‌تيده‌ر و هاوكار ده‌بين. هه‌ر لێره‌وه، له كوردستانى لێبورده‌يى، يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژيانه‌وه، ڕێز و سڵاوى نه‌ورۆزى و بۆندارانه‌ى به‌هارى، بۆ گه‌لانى عيراق و ناوچه‌كه، جيهان و دۆستانى كوردستان له هه‌ر كوێيه‌ك بن، هه‌روه‌ها بۆ UN ده‌نێرين كه جه‌ژنى نه‌ورۆزى كرده ڕۆژێكى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ هه‌مووان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیری و ئاشتيدا كار ده‌كه‌ين. نه‌ورۆز له هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌موو ساڵيك به خۆشى. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 20ى ئازارى 2022