هاوڵاتى  لە ئێستادا پلانی روسیا بە ئامانجكردنی بنكە سەربازییەكانی ئۆكرانیایە تا بتوانن لەروی چەك و تەقەمەنی وورەی سەربازەكانەوە كاریگەریان هەبێت،  وەزارەتی بەرگریی روسیا دەڵێت:" ئەو شوێنەی کردوومانەتە ئامانج شوێنی راهێنانکردن بووە بەو چەکدارانەی لە وڵاتانی دیکەوە چوونەتە ئۆكرانیا بۆئەوەی دژی هێزەکانی روسیا شەڕبکەن". ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت "بە 30 مووشەک یەک ناوچەی لڤیڤ کرایە ئامانج. لە ئەنجامدا 35 کەس کوژران و 134 کەسی دیکە بریندار بوون. هیچ شتێکی ئەوتۆ لەوێ نییە کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر خاکی رووسیا. سنوورەکانی ناتۆش 20 کیلۆمەتر لەوێوە دوورن." وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، ئەو شوێنەی کردوویانەتە ئامانج شوێنی راهێنانکردن بووە بەو چەکدارانەی لە وڵاتانی دیکەوە چوونەتە ئۆکراینا بۆئەوەی دژی هێزەکانی رووسیا شەڕبکەن. ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی روسیا وتی "رژێمی کیێڤ لەم بنکەیەدا ناوەندێکی راهێنان و هاوئاهەنگی بۆ بە کرێگیراوی دەرەکی کردووەتەوە پێش ئەوەی دژی روسیا شەڕیان پێبکات. هێرشەکەمان سەروو 180 بە کرێگیراوی دەرەکی کوشتووە. ئەمە چارەنووسی هەموو بەکرێگیراوێک دەبێت کە دەچێتە ئۆكرانیا." 

هاوڵاتى  بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:" لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێ کران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش کرایەوە". نوسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی:" وەفدی باڵای یەکێتی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە پێکھاتبوون لە نووری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھلی حەق و چەند سەرکردەیەک لە ھاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە". بەپێی راگەیێندراوەکەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق کراوە "هەنگاوەکانی زاڵبوون بەسەر کێشەکان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان تاوتوێ کران و جەخت لە زمانی دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەش کرایەوە". بافڵ تاڵەبانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لەوە کرایەوە کە دەبێت کێشەکان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکرێن و رێگەچارەیەکی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بدۆزرێتەوە. هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار دروست بكرێت بەشێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بێت.

هاوڵاتى سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" سەردانەکەی  مستەفا کازمی دەرخەری پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ کوردستان".  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تویتێکی لەبارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردنی هاوڕێم و سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی و وەفدەكەی بۆ هەولێر. سەردانەکەی کە رۆژێک دوای هێرشە ترسنۆکانەکە هات بۆسەر پایتەختەکەمان، دەرخەری پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ کوردستان". سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووسیویەتی، "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە پێشێلکاریی زیاتری سەروەریی عێراق".

هاوڵاتى دوو گروپی ناو حەشدی شەعبین و پاڵپشتی خۆیان بۆ هێرشە موشەكیەكەی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر دەربری و بە "پیرۆزیی" ناویدەبەن. بەپێی هەواڵێکی میدیا عیراقییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ئەکرەم کەعبی، کە گرووپەکەی لە ناو حەشدی شەعبیدا بە لیوای 12ی حەشد ناسراوە، لە تیلیگرامی تایبەتی خۆیان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر هەولێر رایگەیاندووە، "ئەو بۆردوومانە پیرۆزەی کە لە ئێرانی پیرۆزەوە ئەنجامدرا و کرایەسەر چەند بارەگایەکی مۆساد و زایۆنستەکان، کە خاکی پیرۆزی عێراقیان پیس کردووە رەوایە." هەروەها دەشڵێت، "ئەوانەی ئەو زایۆنستە داگیرکەرانەیان لە خاکی عێراق ئامێز گرتووە و هەوڵەکانیان بۆ جیابوونەوە و دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆلاوازکردنی عێراقە، لەگەڵ پارچەپارچەکردنی سەروەریی و یەکێتی خاکەکەی". هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی، "داڵدەدانی گرووپەکانی مۆسادی زایۆنستی دژبەری عێراق و ئێران و گەلانی ناوچەکە لە هەرێمی کوردستان، ماف دەداتە هەر لایەنێک بیانکاتە ئامانج و کۆتایی بە بوونی ناڕەوایان لەوێ بهێنێت." ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا، ئەمریکا لە ساڵی 2008ەوە سزای بەسەردا سەپاندووە و لە مانگی سێی ساڵی 2019ەوە گرووپەکەی بە گرووپێکی تیرۆریستی ناساندووە. ئەم پاڵپشتییەی ئەمینداری گشتیی گرووپی نوجەبا بۆ هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، دوای چەند کاتژمێرێک هات لە پاڵپشتی گرووپی حیزبوڵڵای عێراق، کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ ئەو هێرشە. ئەمە لەكاتێكدایە ئەمرۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری كرد و ئیدانەی هێرشەكەی كرد.

  هاوڵاتى کونسوڵی گشتی روسیا لە هەولێر پەیامێکی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی دەکات و رایگەیاند:" هیوادارین ئەم بۆنە پڕ شکۆیە ببێتە هەوێنی خێر و خۆشی و ئارامی و تەبایی سەقامگیری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و کۆماری عێراق".  هەر لەنوسراوەکەدا هاتوە، ئاواتەخوازین ساڵی تازە بۆ هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەڕێزتان ببێتە ساڵێکی پڕ سەرکەوتن و دەستکەوتەکان. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە تۆری كۆمەڵایەتی تایبەتی خۆی وێنەی نوسراوەكەی كۆنسلوڵخانەی روسیای بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی :" روسیا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە سلێمنی دەكات".  

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی  لەگەڵ مەسرور بارزانی، دەڵێت:" لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد و پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکمان کرد کە عێراقییەکان و خاکەکەیان بپارێزێت". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بلینکن دەڵێت:"پاڵپشتیی خۆم دەربڕی بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانم کرد بۆسەر هەولێر کە پێشێلی سەروەریی عێراقە". وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە: " لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد و پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکمان کرد کە عێراقییەکان و خاکەکەیان بپارێزێت". لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە پێشتر مەسرور بارزانی رایگەیاند، "هاوڕابووین کە ئەم هێرشە تیرۆریستییە، پێشێلکاریيەکی زەقی سەروەریی عێراقە". سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "جەختی لەسەر پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەنگۆ و بانگەشە ناڕاستانە كردەوە کە لەم ساڵانەی دواییدا بڵاودەکرێنەوە و دەکرێنە پاساو بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر". بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-03-2022 بە 12 مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر و  سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و لەبارەی هۆکاری هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە دا، "لە ئەنجامی تاوانەکانی ئەمدواییەی رژێمی ساختەی زایۆنی و راگەیاندنی پێشتر بەوەی کە ئەو تاوانانە بێ وەڵام نامێننەوە.

هاوڵاتى لەودای ئەوەی دوێنێ‌ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە 12 موشەك كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر كرایە ئامانج، ئەمرۆ مستەفا كازمی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی وەفدێك کە پێکهاتوون لە جومعە عناد، وەزیری بەرگری و عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق، گەیشتنە شاری و هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر پێشوازیان لێکرا. مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی کۆبووەوە، پاشان سەردانی ئەو شوێنانەیان لە شاری هەولێرکرد کە مووشەکباران کرابوون. مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت پێشوازی لێکرا. مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی گرنگیان دەبێت و تێیدا پەیامی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بگەیێندرێت بە خودی مستەفا کازمی و چاوەڕوانیش دەکرێت هەردوولا پەیامی هاوبەشیان هەبێت. بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ووەفدی یاوەری بکات بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەوێشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری بگەڕێنەوە بەغدا.  بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران و سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت. هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، سەرۆک بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کرد، بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، هەردوولا رێککەوتن لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی بوونی بنکە و بارەگای ئیسرائیل لە هەولێر بکرێت.   بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە رۆژی یەکشەممە 13ی ئاداری 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەید موقتەدا سەدر کرد: "لەو پەیوەندییەدا بیروڕا لەبارەی پەلاماری مووشەکیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر ئاڵوگۆڕ کرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لیژنەیەکی لێکۆلینەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکبهێندرێت لەسەر ئەو ئیدعایەی کە گوایە بارەگای ئیسرائیلی لە هەولێر هەن و کراوەتە بیانوو بۆ پەلاماردانی هەولێر".  

هاوڵاتى وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" بەر لە هێرشەکەی سەر هەولێر، چەند جارێک هۆشداریمان دابووە عیراق کە خاکی وڵاتەکەیان لە لایەن لایەنی سێیەمەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان بەکارنەهێندرێت. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئەلعەرەبییە، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، "بەر لە هێرشەکان چەند جارێک هۆشداریمان داوە بە حکومەتی عیراق بۆ ئەوەی رێگربێت لایەنی دەرەکی خاکەکەیان بەکاربهێنێت لە دژی ئێمە." خەتیبزادە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر جۆرە هێرشێکیش لە لایەن ئیسرائیل و سەهیۆنییەکانەوە دژی وڵاتەکەمان بکرێت، بە توندترین شێوە بەرپەرچی دەدەینەوە. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوی سه‌ر هه‌ولێر، سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند كه‌ به‌رپرسن له‌و هێرشه‌ و ئامانجیان وه‌شاندنی گورز بوه‌ له‌و بنكانه‌ی كه‌ ئیسرئیل له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌تی.

 پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" ماوەی 50ساڵە دەنگۆی بنکەی بونی مۆساد بڵاودەکرێنەوە، بەڵام ئەوانە هەموی ناراستن و هیچ بنکەیەکی مۆساد لە هەولێر بونی نییە، بەڵام بنکە و کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە زۆر وڵات بونیان هەیە". ئاشکراشیکرد، پێویستە عێراق هەڵوێستی هەبێت و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، چونکە وڵاتێک سەروەری وڵاتێکی دیکەی پێشێل کردوە و موشەکبارانی کردوە بەبێ هیچ هۆکارێک. هاوكات رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی ئیسرائیل ده‌نگۆكانی ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ و دەڵێت:" به‌ خودای موسا، ئه‌گه‌ر موساد بنكه‌ی له‌ هه‌ولێری كوردستان هه‌بوایه‌، سوپای پاسداران نه‌یده‌وێرا بۆردومانی بكات". ئیدی كۆهین، رۆژنامه‌نوسی به‌ناوبانگی ئیسرائیل ده‌نگۆكانی ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ به‌ موشه‌كه‌كانیان، بنكه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرئیلیان له‌ هه‌ولێر كردوه‌ته‌ ئامانج. كۆهین له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نوسیویه‌تی: "به‌ خودای موسا، ئه‌گه‌ر موساد بنكه‌ی له‌ هه‌ولێری كوردستان هه‌بوایه‌، سوپای پاسداران نه‌یده‌وێرا بۆردومانی بكات". ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه‌ كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوی سه‌ر هه‌ولێر، سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند كه‌ به‌رپرسن له‌و هێرشه‌ و ئامانجیان وه‌شاندنی گورز بوه‌ له‌و بنكانه‌ی كه‌ ئیسرئیل له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌تی.

هاوڵاتى وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "به‌ پێویستی ده‌زانین سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران دڵنیابكه‌ینه‌وه‌ كه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ته‌نانه‌ت له‌ رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆزیش به‌رده‌وام ده‌بێت" وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوەش دەدات، خشته‌ی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە کە دابەشنەکراون،‌ له‌ پێگه‌ی فه‌رمی وه‌زاره‌ت رۆژانه‌ بڵاوده‌كه‌نەوە. لە کۆبوونەوەی رۆژی 5-3-2022 ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی کرد کە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی 2022 بکرێت، بەبێ لێبڕین. لە 10ی ئەم مانگەوە دەست بەدابەشكردنی موچە كراو و تائێستا تەنیا وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكانی سەر بە وەزارەتەكە موچەی وەرگرتووە. لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچە خۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات

هاوڵاتى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا، ئیره‌ج مه‌سجیدی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وە كردوه‌ و به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌، نامەیەکی ناڕەزایی داوەتێ. به‌پێی ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراق، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران له‌ به‌غدا، ئیره‌ج مه‌سجیدی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وە كردوه‌ و به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌، نامەیەکی ناڕەزایی داوەتێ. ئەمەش لەكاتێكدایە شەوی رابردوو ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رایگەیاند:« لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا سێ بنكەی دیكەی موساد لەهەولێر دەكەینە ئامانج ».

هاوڵاتى یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند:" دژین بە هەوڵی تێکدانی ئارامیی و تۆقاندنی هاوڵاتیان و کردنی هەرێم بە مەیدانی ته‌سفیه‌ی حساباتی دەوڵەتان". یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند:" هێرشەکەی شەوی رابردوی سەر شاری هەولێر ئیدانە دەکەن و باوەڕیانوایە نابێت رێگە بدرێت هەرێم بکرێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەوڵەتان، بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەن کاربکەن بۆ ئەوەی  سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی و تێکدانی ئاسایشی وڵات دابنرێت. ئاماژەی بەوەشکردوە: "خەڵکی کوردستان شایستەی خزمەت و فریاکەوتنە، نەک ئەمنیەتیشی بکرێتە ئامانج ، بۆیە خوازیارین کە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگریی بکەن لەم جۆرە پەلامارانەو سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی و تێکدانی ئاسایش و دەستدرێژیی بۆ  سەر بارەگا دبلوماسییەکان دابنين".  شەوی رابردوو 12 مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە. پاشنیوەرۆی ئەمرۆش، سوپاسی پاسدارانی ئیران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

هاوڵاتى   ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند:"  رووداوەکە هێرشە بۆ سەر پرەنسیپی هاوسێیەتیی باشی نێوان عێراق و ئێران و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ. لەگەڵ ئەوەشدا "پێشێلکردنی" یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە". ئەمڕۆ یەکشەممە 13-03-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە کۆبووەوە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، داوای روونکردنەوەی روون و راشکاوانەیان لە لایەنی ئێرانی کردووە و چاوەڕێی هەڵوێستی سەرکردایەتیی سیاسیی ئێران دەکات، بۆ رەتکردنەوەی ئەو هێرشە. ئەنجوومەنەکە دووپاتی دەکاتەوە، رووداوەکە هێرشە بۆ سەر پرەنسیپی هاوسێیەتیی باشی نێوان عێراق و ئێران و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ. لەگەڵ ئەوەشدا "پێشێلکردنی" یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە. ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتریش عێراق رایگەیاندووە، پێشێلکردنی سەروەریی و بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ یەکلاکردنەوەی حیساباتی نێوان وڵاتان و لایەنەکان رەتدەکاتەوە و جەخت لە هەڵوێستی عێراق دەکاتەوە، کە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە. ئەنجوومەنەکە دەشڵێت، عێراق لە رێگەی دیپلۆماسییەوە داوای روونکردنەوەی روون و راشکاوانەی لە لایەنی ئێرانی کردووە. ئەنجوومەنەکە دووپاتیکردەوە لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشهاتەکان و تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی گەرەنتی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق. 

  هاوڵاتى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق - یونامى رایگەیاند:" پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانى ئەو ھێرشە "ترسنۆکانەیە" بکرێت". لە راگەیێندراوێکدا یونامى ئاماژەی بەوە کردووە: "بەتووندى سەرکۆنەى ئەو هێرشە ناڕەوایە دەکەین کە کرایە سەر هەولێر، پێویستە عێراقییەکان بەیەکڕیز بەرەوڕووى هەر کارێک بوەستنەوە کە سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەى يان سەقامیگیرییەکەى پێشێل دەکات." يونامى دەڵێت: "پێویستە لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانى ئەو هێرشە ترسنۆکانەیە بکرێت." هێرشەکەی سەر هەولێر بە 12 مووشەکی بالیستی بوو. هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشەکە راگەیاند، بە پاساوى ئەوەى پێگە بۆردوومانکراوەکە، ناوەندێکى نهێنیى دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیل - مۆساد بووە.

هاوڵاتى کۆمپانیای گازپرۆمی روسی رایگەیاند:" خواست بۆ گازی سروشتی بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبووەتەوە و هەناردەی گازی سروشتی روسیا بە ناو خاکی ئۆکرانیادا بەردەوامە". بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئینتەر فاكسی روسی، کۆمپانیای گازپرۆم رایگەیاندووە:" خواست بۆ گازی سروشتی بە گوێرەی گرێبەستە درێژخایەنەکان بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبووەتەوە کە لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا (13ـی ئاداری 2022) گەیشتووەتە 40 ملیار مەتر سێجای ساڵانە یاخود 109 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا". بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ئاژانسی ئینتەرفاکسی روسی، سەرەڕای گرانبوونی نرخ بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست بۆ گازی سروشتی ژمارەی کڕیارانیش زیادیکردووە.