هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:" بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هەموو ئامرازێكی یاساییو شەرعی كە حكومەتی ناوەندی بەدەستیەوەبێت بەكاریدەهێنین". ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "ئێمە لەبەغدا سورین لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بەنەوتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە هەموو ئامرازێكی یاساییو شەرعی كە حكومەتی ناوەندی بەدەستیەوەبێت دژی هەرێمی كوردستان بەكاریدەهێنین". دادگای فیدراڵی عێراق لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا بڕیاریدا بەنادەستوریبونی یاسای نەوتو گازی هەرێمی كوردستان. ڕۆژی 11ی نیسانی 2022 وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكە ئەوە خرایە روو كەبەغدا داوای كردووە كۆمپانیا نەوتییەكان پێداچونەوە بە گرێبەستەكانیاندا بكرێت كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت و سەرجەم فرۆشی نەوت پارەكەی لە بانكێك دابنرێت بە چاودێری وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی رەتكردووەتەوە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیاری میدیا عێراقییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو مەرجی بۆ بەشداری كردن لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا هەیە كە یەكێكیان تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە تا ئەو كاتەی لێكتێگەشتن و رێككەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت دەكرێت بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ نەكرێت. ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەكە ڕایگەیاند، "ئامانجی كۆبوونەوەكە ئەوەیە پێداچوونەوە بۆ سەرجەم گرێبەستو ڕێككەوتنە نەوتییەكانی هەرێم بكرێت، بەئامانجی چاكتركردنیان". وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشدا، یەكێك لەبنەماكان ئەوەیە دەبێت هەرێمی كوردستان سەرجەم گرێبەستو ڕێككەوتنەكانی بەوەزارەتی نەوت بدات، ئامانجیش لەمە پێداچوونەوەو چاككردنیەتی. كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، تەواوی ڕێكارەكانیان گرتۆتەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی كە لە 15ی شوباتی ڕابردوو لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستان دراوە.
هاوڵاتی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە و رایگەیاند:" دەسەڵاتی تەواو دراوە بە لیژنەكانی قائمقامیەت و فەرمانگا تەندروستیەكان بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان"، داواش لە حكومەتی هەرێم دەكەن بودجەی كتوپڕیان بۆ دابین بكات. ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە دیوانی پارێزگادا، سەرپەرشتیی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی پەتای كۆلێرا كرد. دەقی بڕیارەكانی كۆبونەوەكە:
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئەوەی هەفتەی رابردوو لە دادگای سلێمانی رویدا هەڵەیەكی تاكە كەسی بوو... من دەپرسم ئەمە لە چەند شوێن دوبارە بوەتەوە؟ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمە یەكەمجارە روبدات". ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بەداخەوەم بۆ ئەو روداوەی هەفتەی رابردوو لەناو دادگای سلێمانی رویدا، پێم سەیرە دەزگاكانی راگەیاندن ویستیان وای پیشان بدەن كە ئەمە دیاردەیە و لە شوێنی دیكە دوبارە بوەتەوە". ناوبراو راشیگەیاند:" من دەپرسم ئەمە لە چەند شوێن دوبارە بوەتەوە؟ لەماوەی چەند ساڵی رابردودا ئەمە یەكەمجارە روبدات، هەرچۆنێك بێت ئەوەی رویدا هەڵە بوو، دەربڕی رای حكومەت و دادگا و هێزەكانی پۆلیس نییە، ئەمە هەڵەی كەسییە، ئەو كەسەی ئەم كارەی كرد سزا دەدرێت". وەزیری ناوخۆ پێشیوابوو كە هەندێك ویستیان خۆیان بكەن بە خاوەنی دادگا و دادوەر، هەندێك ویستیان خۆیان بكەن بە خاوەنی مافی ئافرەت، حكومەتی هەرێم لە هەموو ئەمانە بەرپرسە، بۆیە بەرپرسانە مامەڵەمان كردووە و دواتر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان رادەگەیەنن. " حكومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی مافی ئافرەتان و رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان، بەڵام دەبێت لە چوارچێوەی كۆنفرانس و كۆنگرەكان بچینە دەرەوە و بە فعلی كاربكەین بۆ پاراستنی مافەكانیان"، رێبەر ئەحمەد وای وت.
هاوڵاتی وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند:" بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا، دوو سزادراو لە چاكسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە"، راشیگەیاند:"سەردانی زیندانیان قەدەغەیەو نەخۆشخانەی چاكسازایمان خستوەتە ئینزارەوە". ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوەزیرانی 2022، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لە سەردانێكی مەیدانیدا چاكسازیی گەورانی سلێمانی بەسەركردەوە و لە لێدوانێكدا بە میدیای گۆڕانی راگەیاند:"بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆلێرا، دوو سزادراو لە 24 كاتژمێری رابردودا لەچاكسازی گەورانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و دو سزادراوی دیكەش دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە". هەروەها راشیگەیاند:" نەخۆشخانەكەی چاكسازیی گەورانمان خستوەتە ئینزارەوە و سەرجەم پێداویستییەكانی پەیوەست بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم نەخۆشییە دابینكراوە و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوی مانگی سوری عێراقی بۆ ئەو مەبەستە لەسەر هێڵین". هاوكات، ئەوەشی روونكردەوە كە لەمڕۆوە سەردانیكردنی سزادراوان لە چاكسازیی گەوران راگیراوە تا دۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. سەبارەت بەو دو سزادراوەی بەهۆی پەتای كۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی هێمای بۆ ئەوەكرد كە سزادراوی یەكەم بە ماددەی 406 حوكمی 15 ساڵ دراوە و لەدایكبوی ساڵی 1989یە و سزادراوی دوەمیش كە گیانی لەدەستداوە، لەدایكبوی ساڵی 1971یە و ماوەی سزاكەی 10 ساڵ بووە.
هاوڵاتی "تیمە نیمچە گەڕۆكەكانمان داگیركەرانیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و بە تاكتیكی چوونە سەر دووژمن و دەستبەسەردا گرتن و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراو 18 سەربازی تورك كوژران". میدیای رۆژنیوز نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان ڤیدیۆی گەریلاكان لە زاپ بڵاودەكاتەوە كە چۆن دەدەن بەسەر سوپاكەی ئەردۆغاندا كە پێشتر ئەو سەربازانە چەكی كیمیاویان بەكارهێناوە دژی بەرخودانی گەریلاكان. دەقی راگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە: داگیركەران بە چەكی كیمیایی و تەقەمەنی سەنگەرەكانی شاخی جەهەنەم-یان لە گۆڕەپانی بەرگریی و بەرخودانی چیاڕەشی زاپ بۆردومان كرد، بەڵام هێزەكانمان ئەو داگیركەرانەیان خستە ژێر چاودێریی و كۆنترۆڵی خۆیان. ئەو داگیركەرانە، كە چەكی كیمیاییان لە دژی گەریلاكانی ئازادیی كوردستان بەكاردەهێنا، لە ٢٤ی ئایاردا بە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕانەی هێزەكانمان سزادران”. تیمە نیمچە گەڕۆكەكانمان داگیركەرانیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و لە كاتژمێر ٠٥:٠٠ دا بە تاكتیكی چوونە سەر دووژمن و دەستبەسەردا گرتن و بە چالاكیی گەریلایی هەماهەنگ لە دووژمنیان دا”. لە قۆڵی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا سێ چادری سەربازیی و دوو سەنگەریان كردە ئامانج، نارنجۆكی دەستییان هەڵدایە ئەو شوێنانە و بە چەكی تاكەكەسی لێیاندان. دواتر هێزەكانیان چوونە سەر داگیركەران، كە دوو فەرماندەی گەورەی داگیركەریان تێدابوو و بە خێرایی سەنگەرەكان و چادرەكانیان تێكشكاند، لەوێدا دوو فەرماندە باڵاكە و بەگشتیی حەوت داگیركەر سزادران. هێزەكانمان ناوچەكەیان خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان و چوونە سەر داگیركەران. دەستیان گرت بەسەر چەكێكی ئێم-١٦ی كورت دا، دەمانچەیەك، مۆبایلێك، ئەنگوستیلەیەكی پەیمانگەی سەربازیی و هێلەكێكی هێرش دا گرت، كە هی فەرماندەیەكی باڵای داگیركەر بوو، هاوكات هێزەكانمان چوونەتە سەر تەرمی داگیركەران و دەستیان بەسەر چەكێكی ئێم-١٦ و چەكێكی بۆمبهاوێژ و و سەرچاوەیەكی دروستكردنی وزەدا گرت. لە قۆڵی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەوە بە چەكی تاكەكەسی و نارنجۆكی دەستی لە دوو سەنگەر و چادرێكی سەربازیی درا. تیمە نیمچە گەڕۆكەكانی گەریلا چوونە سەر سەنگەرەكان و لە ١٠ مەترییەوە لە داگیركەرانیان دا، هێزەكانیان لەماوەیەكی كەمدا دەستیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرت و چوونە سەر تەرمی پێنج داگیركەر و دەستیان بەسەر چەكێكی ئێم پی تی، چەكێكی بۆمبهاوێژ، هێلەكێكی پۆڵاین دا گرت. ئەو داگیركەرانەی لە هەرێمەكەدا بوون دەیانویست دەستوەردان لە ناوچەی چالاكییەكە بكەن، بەڵام لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج. لەوێ بەلانیكەمەوە ٦ داگیركەر سزادراون. ئەو ئۆپەراسیۆنە تۆڵەسێنە شۆڕشگێڕییە لە ماوەی ١٢ خولەكدا و وەك هەورە بروسكە ئەنجامدرا، لەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەدا كەمەوە دوو فەرماندەی پلەبەرز و بە گشتی ١٨ داگیركەر سزادران. وەك بەڵگەی كوژراو و بریندارەكانی سوپای تورك، كە هەموو جارێك دەیانشارێتەوە، هێزەكانمان چوونە سەر تەرمی ١٢ داگیركەر و دەستیان بەسەر ئەنگوستیلەیەكی پەیمانگەیی سەربازییی داگیركەران، چەكێكی بی كەی سی، ١٥٠ فیشەكی بی كەی سی، سێ چەكی ئێم – ١٦ / M-16ی كورت، ١٨٠ فیشەكی ئەوچەكانەدا، دوو چەكی بۆمبهاوێژكراو، چەكێكی ئێم پی تی MPT، دەمانچەیەك، دوربینێكی لەیزەری و شەوبین، موبایل، هێلەكێكی هێرش، هێلەكێكی پۆڵا، قەمەیەكی سەربازی و سەرچاوەیەكی دروستكردنی وزەدا گرت. هەروەها ٤ چادری سەربازی و ٤ سەنگەری داگیركەرانیش بە تەواوی تێكشكێنران
هاوڵاتی ئهمڕۆ ئهندامانی لیژنهی وزەو سامانە سروشتیەکان لهگهڵ وهزیری سامانه سروشتییهكان بهوهكالهت كۆبونهوه و لهبارهی پرسی بهنزین گفتوگۆیان كرد، پهرلهمانتاران داوایانکردوه بە پشت بەستن بە پاڵاوتنی ناوخۆ بەرهەمی بەنزین زیادبکرێت. وهزیری سامانە سروشتیەکان ڕایگەیاند:"بڕیاری وەزارەتی سامانه سروشتییهكان ئهوهیه كه بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی (690 دینار)ی بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت". ناوهڕۆكی كۆبونهوهی وهزیری سامانه سروشتییهكان و پهرلهمانتاران لهبارهی سوتەمەنی: بەنزین خواستی ڕۆژانە لەسەر بەنزین (٥ بۆ ٦ ملیۆن لیترە).. لیژنەکەمان بە وردی باسی کوالێتی و نرخ و پێداویستی خەڵکی کرد بۆ بەنزین.. لیژنەمان پێداگیریکرد لەسەر کوالێتیەکی باش بەنرخێکی گونجاو.. پاش خستەڕوی گرفت و خواستی خەڵک.. بڕیاری وەزارەت لە ئێستادا ئەمەیە: بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی(٦٩٠ دینار)ی بە دادپەروەری بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەشبکرێت.. هەوڵدەدرێت ئاستی بەرهەمی (بەنزینی ٨٠٠ دیناری) ڕۆژانە بگاتە (٣ ملیۆن لیتر)… … بڕیارە لە ماوەی ئایندەدا پاڵاوگەی لاناز بەنزین بەرهەم بهێنێت، داوامانکرد ئەو بەنزینەش بە سیستم و نرخێکی گونجاو دابەش بکرێت بەسەر سەرجەم شارەکاندا .. داوامانکرد بە پشت بەستن بە پاڵاوتنی ناوخۆ بەرهەمی بەنزین زیادبکرێت، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕایگەیاند: لێکۆلینەوە دەکەین، بەڵام بڕی هەناردەکردن کەم بکەینەوە کاریگەری لە داهات دەکات بۆ موچە و پێشتریش گرێبەستمان لەگەڵ کڕیاران کردوە… گازوایل: لە ئێستادا جگە لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، ڕۆن و ماددەی دیکە تێکەڵدەکرێت وەک گازوایل دەفرۆشرێت.. بەکارهێنانی لەلایەن مۆلیدەی گەڕەکەکانەوە زیانی زۆری بە تەندروستی هاوڵاتیان گەیاندوە.. بەڵگەی پێویستمان پێدان.. داوامانکرد ئەو گازوایلەی دەبرێتە دەرەوە لە ناوخۆدا بەکاربهێندرێت، بڕیارە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان بەدواداچون بکات، وەزارەت ڕایانگەیاند : تێکەڵکردنی ئەو ماددانە تاوانە… غاز LPG بۆ غازی ماڵان و بازرگانی و ئەو غازەی بۆ ئۆتۆمبیل بەکاردێت.. لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی (١١٠٠ تەن بەرهەمە) و بڕیارە ئەم ساڵ (٢٥٠ تەن) ی دیکە بۆ ئەم بڕە زیادبکرێت.. داوامانکرد کۆنتڕۆڵی نرخ بکرێت و نرخ دابەزێت و تاوەکو خواستی ناوخۆ دابیننەکرێت، هیچ بڕێک نەبرێتە دەرەوە.. چاودێری توندبکرێتەوە.. ڕایانگەیاند: وەزارەت پلانێک ئامادەدەکات بۆ سود بینین لە غاز بۆ دابینکردنی بەرهەمی ناوخۆ پێش هەناردەکردنی بۆ دەرەوە.. نەوت: داوامانکرد بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان لە زستاندا، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بکرێت… لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی.
هاوڵاتی سهرۆكى ههرێمى كوردستان، ڕایگەیاند:"به چاوى هاوبهش و وهك بهشێك له سيستمى بهرگريى عيراقى سهيرى پێشمهرگه بكرێت كه بۆ ههمان ئامانج كار دهكهن، ئهويش پاراستنى وڵات و ئارامى سهقامگيرييه". ئهمڕۆ يهكشهممه، 2022/6/19 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى سەربازی و ئهمنيى عيراق به سهرۆكايهتيى جهنهراڵ عهبدولئهمير رهشيد ياروڵڵا سهرۆكى ئهركانى سوپاى عيراق كرد كه له بهڕێزان فهرماندهكانى هێزى زهمينى، ئاسمانى، پاسهوانى سنوور، پۆليسى فيدراڵى، ههواڵگرى، ههوالگریی سهربازى و ئۆپهراسيۆنه هاوبهشهكان و چهند پلهدارێكى ديكهى سهربازى و ئهمنى پێكهاتبوو. له ديدارێكدا شاندهكه پيرۆزبايييان له گۆڕانكارييهكانى ئهم دواييهى وهزارهتى پێشمهرگهى حكوومهتى ههرێمى كوردستان كرد و هيواى سهركهوتنيان بۆ ئهو فهرمانده و پلهدارانه خواست كه له پۆستهكانى وهزارهتدا دهستبهكار بوون. شاندهكه دووپاتى كردهوه كه سهردانهكهيان بهشێكه له بهرنامهى هاوكارى و ههماههنگيى سوپا لهگهڵ پێشمهرگه و ئامادهيييان بۆ بهرهوپێشبردنى زياترى پهيوهندييهكان و هاريكارى و ههماههنگيى وهزارهتى بهرگريى عيراق لهگهڵ وهزارهتى پێشمهرگه و لايهنه پهيوهندارهكانى ههرێمى كوردستان، نيشان دا. لاى خۆيهوه نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كردن و دووپاتى كردهوه كه سهردانهكهان پهيامێكى بههێزى پشتگيرى و هاوكارييه و هيواى خواست به چاوى هاوبهش و وهك بهشێك له سيستمى بهرگريى عيراقى سهيرى پێشمهرگه بكرێت كه بۆ ههمان ئامانج كار دهكهن، ئهويش پاراستنى وڵات و ئارامى سهقامگيرييه. تيايدا ههردوولا جهختيان له گرنگيى هاريكارى و ههماههنگيى نێوان سوپا و پێشمهرگه و سوودوهرگرتن له پشتگيريى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى كردهوه بۆ بنهبڕكردنى يهكجارهكيى داعش.
هاوڵاتی دوێنێ خەڵكی چەمچەماڵ هۆشدارییان دابوو لەوەی ئەمڕۆ كاتژمێر 10 خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، لە ئێستادا خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بۆ گرفتی بەنزین دەستیپێكردووە و چوارڕیانی سەرەكی ناوبازاڕ لەلایەن هاوڵاتیانەوە داخرا. هاوڵاتیانی چەمچەماڵ دەڵێن :" بەڵێنیان دابوو گرفتی بەنزینمان بۆ چارەسەربكەن، بەڵام لەجیاتی چارەسەركردنی كێشەكە بەنزینەكە ئەوەندە كوالێتی خراپە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر ئۆتۆمبێلەكان، ئەو بەنزینە هەمان بەنزینە 690 كەی جارانە، بەڵام ئێستا بە 800 دینارە. هاوڵاتیانی چەمچەماڵ لەناوخۆپیشاندانەوە رەخنەی ئەوەشیان لە بەرپرسانی ناوچەكەیان گرت، "حاجییان دەچن بۆ حەجكردن داوایان لێكردن دوعایان بۆ بكەن بۆ چاكبوونی پرۆژەی ئاوی شارەكە، ئەی كەواتە خۆیان كاریان چییە؟." دوێنێ لە قەزای چەمچەماڵ هاوڵاتیان خۆپیشاندانیان كرد و داوای دابەشكردنی بەنزینی 800 دینارییان دەكرد، بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو رۆژبوو لە هەولێر و دهۆك دابەشكرابوو بەڵام لە سلێمانی و دەوروبەری دابەشنەكرا.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی شەش رۆژی رابردودا نزیكەی چوار هەزار حاڵەتی توشبون بەنەخۆشی سكچون و رشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە نوێترین پەیامیدا بڵاویكردەوە، "لە ماوەی شەش رۆژی رابردودا نزیكەی چوار هەزار حاڵەتی توشبون بەنەخۆشی سكچون و رشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی داخڵ كراون و حاڵەتی قورسیشیان تێدایە، خۆشبەختانە لەنەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە". نزیكهی سێ ههفتهیه شهپۆلێكی سكچون و رشانهوه له پارێزگای سلێمانی بڵاوبوهتهوه و دوێنێ شهممه یهكهمین حاڵهتی مردنی منداڵ بههۆی نهخۆشییهكهوه راگهیهندرا، كه بهپێی وتهی دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان بوه و لە نەخۆشخانەکەیاندا بەهۆی سکچون و رشانەوە مردوه. ئەو منداڵە دوای توشبونی بە سکچون و رشانەوە، لەلایەن خێزانەکەیەوە دەرمانی گیایی پێدراوە، بەو دو هۆکارەش منداڵاکە مردوە. 15ی ئەم مانگە سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبونی حاڵەتەکانی سکچون و رشانەوە ناچاربون نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ چاودێری توشبوان تەرخان بکەن، زیادبونی حاڵەتەکان و نیشانەکانیش وایکردوە گومانی ئەوە بکەن کە ئەو پەتایەی ئێستا بڵاوبوەتەوە کۆلێرا بێت. کۆلێرا سکچونێكی ئاوی توندە، بەهۆی پیسبونی سەرچاوەکانی ئاو و خۆراک توشی مرۆڤ دەبێت ئەگەر بەزویی چارەسەر نەکرێت، مەترسی ئەوە دروست دەکات لە چەند کاتژمێرێکدا کەسی توشبو بکوژێت.
هاوڵاتی لە زاپ و مەتینا 17 سەربازی دیكەی سوپای توركیا كوژراون و سەربازەكانی ئەردۆغان لە دۆخێكی خراپدان. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە ئەنجامی چەند چالاكیەك لە هەرێمەكانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشین ١٧ سەربازی سوپای توركیا كوژراون و دوو چادری سەربازیی و دوو كامێرای چاودێریی سەربازییش تێكشكێندراون. هەروەها ئەوەشخراوەتەڕوو، سوپای توركیا ٢٣ بەفڕۆكە و ٢٥ جاریسش بە هێلیكۆپتەرهێرشیان كردووەتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و١٣ جاریش كازی ژەهراویان بەكار هێناوە. گەریلاكان لە زاپ و مەتیناو ئاڤاشین ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە سەربازانی سوپای تورك لە دۆخێكی خراپدان و ئامارمیان لەدەستداوە" گەرانەوەی سەربازەكان بۆ توركیا نییە، تەنها تەرمەكانیان دەگەرێتەوە". لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە، سوپای توركیا هێرشی بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و لەوكاتەوە تائێستا جەنگێكی قورس لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكەدا لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، هەولێر لەبەردەم كارەساتێكی مرۆیدایە، بەیەكجاری بێ ئاو دەبێت. عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان نوسیویەتی:"هەولێر لەبەردەم گەورەترین كارەساتدایە، چونكە قوڵایی بیر لەماوەی 26 ساڵدا لەهەولێر لە 120 مەترەو هاتووە بۆ 700 مەتر، پارساڵیش 500 مەتر بوو، دوو ساڵی دیكە قوڵایی بیر دەگاتە نزیكەی هەزار مەترو دواتر بەیەكجاری نیوەی هەولێر بێ ئاو دەبێت". هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكردووە، "ئێستا بەشێكی زۆری هەولێر پشت بەئاوی ژێر زەوی دەبەستێت، هۆكاری سەرەكیش، لێدانی بیرێكی ئێجگار زۆرە لەم ماوەدا، شوقەو پڕۆژەكانی نیشتەجێبون تێكڕا پشتیان بەئاوی ژێر زەوی بەستووەو بەویستی خۆیان قوڵیان كردووە، ژمارەیەكی زۆریش لەباخ (مەزرعە) لەدوروبەری هەولێر بەویستی خۆیان بیریان لێداوە". بۆ چارەسەری ئەو مەترسییو كارەساتەش عەلی حەحەساڵح دەڵێت:"پێویستە پەلەبكرێت لەڕاكێشانی بۆری ئاو بۆ سەرجەم ئەو گەڕەكو پڕۆژە نیشتەجێبونانەی پشتیان بەئاوی ژێر زەوی بەستوە، لەنێوخۆش تۆڕی ئاو دابندرێت، پاشان دروستكردنی هۆشیاریی بۆ بەفیڕۆدانی ئاو". هاوكات، لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا عەلی حەمەساڵح وتویەتی:"دوو زەوی نایاب هەن تەنیشت هۆتێل ڕۆتانا (200 دۆنم) زەوی بەهاكەی (700 ملیۆن دۆلارە)، زەوی دوەم (77 دۆنم) لەنێو شاری خەونەكان بەهاكەی (267 ملیۆن دۆلارە)، ئایا لەو دەیان هەزاران دۆنم زەویە ناكرێت دوو پارچە زەوی بۆ خەڵكی هەولێر بێت؟".
هاوڵاتی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند:" لە هێرشە ئاسمانییەكەی دوێنێی دەوڵەتی توركدا لە شارۆچكەی كەلار، فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەهیدبووە". ئەمڕۆ 18ی حوزەیرانی 2022، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاڤای كوردستان) ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" دوێنێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیاوە كرایە ئامانج، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەڕێز فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆكانی ئەنجومەنی جێبەجێكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، كە بۆ ئەنجامدانی پشكنین و چارەسەری پزیشكیی سەردانی سلێمانی كردبوو". هەروەها ئەوەشی تێدا هاتووە كە" ئەم كارە شەڕانگێزەی ئەردۆغان لە چوارچێوەی بەئامانجكردنی ئیدارەی خۆسەر و تێكدانی ئەزموونەكانییەتی لەڕێگەی لەناوبردنی بەرنامە بۆداڕێژراوی گەلەكەمانەوە". ئیداری خۆسەر ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە بە تووندترین شێوە ئەم كارە ترسنۆكانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك ئیدانە دەكەن كە بەشێكە لە تیرۆری دەوڵەت و جینۆساید. هاوكات، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەرببڕن،" داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، ڕۆڵی خۆیان بە فشار خستنە سەر دەوڵەتی تورك بگێڕن، بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، كە سەقامگیریی ناوچەكە تێكدەدات، بەبێ ئەوەی هیچ پاساوێك هەبێت، سەروەریی وڵاتانی سەربەخۆ پێشێل دەكەن و دژایەتیی هەموو ستاندارد و جاڕنامە نێودەوڵەتییەكان دەكەن". لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، تورکیا ئوتومبێلێکی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار کەس شەهید بوون، تەقینەوەکە لە باکوری کەلار، لە پشت سایلۆی دانەوێڵەی گەرمیان و لە رێگای نێوان گوندی (بەرلوت) و (قاسم ئاغا)ی کەلار بووە. ئۆتۆمبیلەکە پێنج سەرنشینی خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستانی تێدا بووە، چواریان شەهید بوون کە دوانیان ژنن و یەکێکی دیکەش بریندارە. پێشتر نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان ئاماژەى بەوە كرد لەسەر هەموو كوردێك واجبە بەرخودان بكات دژی سوپای ئەردۆغان وتى:" تەنها نیەتی قڕكردنی گەلی كوردە لەباشور بێت یان رۆژئاڤای كوردستان. ئەڤین سوێد، نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتندا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ لەشكركێشی و داگیركاری لە رۆژئاڤای كوردستان جدییەو وتی:» هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان».
هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و سەر بەدەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی ڕایگەیاند:"چوارچێوەی هەماهەنگی بەهاوكاریی هاوپەیمانەكانی لەیەكێتییو سیادە و سەربەخۆمان توانای ئەوەمان هەیە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنین". كازم حەیدەری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند:"لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو ژمارە پەرلەمانتارە نوێیە ئاشكرادەبن كە دەچنە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگییەوە". هەروەها راشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگیو هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بەشێك لەهاوپەیمانی سیادە و سەبەخۆكان دەتوانن ژمارەی پێویست بۆ دروستكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمانو تێپەڕاندنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن. لەئێستادا پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای پشووی یاسادانانی خۆیدایە، بوتەی ئەو پەرلەمانتارە بەو هۆیەوە ناكرێت لەئێستادا پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرێتەوە.
هاوڵاتی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداریی بەبەغدا دەداتو ڕایگەیاند:" زۆركەسی بەهێزتر لەمانەی ئێستا بونیان هەیە خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان تاقیكردەوەو سەرنەكەوتن، ئێمە تەسلیم نابین"، راشیگەیاند:" لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریت هەركەسێك نەیبەستێت تەسلیمی دوژمن بووە". ئەمڕۆ شەممە 18ی حوزەیرانی 2022، لەمیانی بەشداری ناساندنی چەند كتێبێكی شۆڕشەكانی بارزان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڕایگەیاند: "مێژوی خەباتی گەلەكەمان لەلایەن دوژمنانەوە شێوێندراوە، وا نیشاندراوە كە خەباتی چەند عەشیرەتێكە، چەندجارێكیش بەڕێگرو چەتە ناوبراوە". هەروەها راشیگەیاند:"ڕێبازی بارزان ڕێبازێكی پیرۆزە، ئەو ڕێبازە لەسەر بنەمای خوداپەرستیو مرۆڤدۆستی بونیادنراوە، تێكۆشان فەرزە لەدژی زۆرداران، بۆیە منیش شانازی دەكەم قوتابیەكی بچوكی ئەو قوتابخانەیە گەورەیەم". هاوكات، مەسعود بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە لەساڵانی (1931 ـ 1932) بارزانیەكان چوونە توركیا، ئەوكات ئەوەی وڵاخی هەبوایە توانیویەتی بڕواتو ئەوی دیكەش ماوەتەوە، هەر ئەوكات لەهەموو كوردستان مشكی هەبووەو سێ ڕەنگ بووە، دواتر شێخ ئەحمەد ڕۆژێك بەڕێكەوت جامانەیەكی ڕەنگ سوور دەكڕێتو دەیبەستێت، لەخۆشی شێخ، هەموان جامانەی سوریان بەست". دەشڵێت:"دواتر بڕیارێك دەرچوو لەلایەن حكومەتی ئەوكاتەوە، هەركەس جامانەی سور ببەستێت دەبێت لەسێدارەبدرێت، هەر بەو هۆیەشەوە منداڵێك كە جامانەی سوری لەسەردابوو خنكێندراو بەدوای ئۆتۆمبێلدا ڕاكێشرا، ڕۆژێك دواتریش 12 پیاوی بارزانی بەبەرچاوی خەڵكەوە گولەبارانكران". مەسعود بارزانی جەختیشیكردەوە، "ئێستا لەناو بارزانیەكان جامانەی سور بووەتە نەریتو هەركەسیش نەیبەستێت واتە تەسلیمی دوژمن بووە، كەواتە جامانەی سوور بووەتە تەحەداو نەریتی بارزانیەكان". مەسعود بارزانی ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عێراقیش كردو ڕایگەیاند، "بەداخەوە لەكۆنەوە تائێستا خۆشباوەڕبوینو بەدوو قسەی خۆش قەناعەتمان بەهەموو شتێك كردووە، من خۆزگە دەخوازم ئەوەی ئیسَستا دەیزانین زۆر زوتر بمانزانیایە". ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە هیچ كات لەگەڵ شەڕ ننو نەیانویستووە، بەڵام وتیشی:" لەبەرامبەر هەر شەڕێكیش ئێمە تەسلیم نابین، ئەم هەرێمە بەخوێن هاتۆتە بەرهەمو بەخوێنی ڕۆڵەكانیشمان دەیپارێزین". سەبارەت بەقەیرانی سیاسیی لایەنەكانیش وتی:"نەیانهێشت ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆی بڕوات، ئێستا عێراق لەقەیرانێكی گەورەو قوڵدایە، ئەوەی بەئێمە بكرێت هەوڵی چارەسەری كێشەكانی عێراق دەدەین، ئەگەر بەغداش جدی بێتو ئیرادەو مەیلی ڕێكەوتنی هەبێت بەگوێرەی دەستور، ئێمە ئامادەین". هۆشداریی بەبەغدا داو تەئكیدیكردەوە، "ئەگەر بەغدا بیەوێت بەمیزاج بڕیاری نایاسایی دژی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدەنو ئەو مافەی لێ بسەننەوە كە دەستوور پێیداوە، ئەوە پێویستە بزانن قابیلی قبوڵ نییە". مەسعود بارزانی لەبارەی دەنگۆی نەمانی هەرێمی كوردستانیش بارزانی تەئكیدیكردەوە، "لێرەو لەوێ زۆر كەس هەن دەڵێن، هەرێمی كوردستان بەرەو نەمان دەچێت، پێویستە بزانن، ئەگەر زۆر ئێستا زۆركەس هەبن هەڕەشەی چەكو تەحەدا بكەن، پێویستە ئەوە بزانن، خەڵكی لەوان بەهێزتر هەبووەو خۆیان تاقیكردۆتەوەو دەرەنجامەكەشی ماڵوێرانی بووە".
هاوڵاتی لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی بەڵینەكەی حكومەت و دابین نەكردنی بەنزینی 800 دیناریی، ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی شۆفێران دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە. دوێنێ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا بڕیاردرا، ڕۆژانە لە 33 بەنزینخانەی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، دەست بە دابەشكردنی بڕی زیاتر لە ملیۆنێك لیتر بەنزین بكرێت و لەسەرەتای ئەم پڕۆسەیەدا ئەولەویەت بە دابینكردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تاكسی و هێڵی گواستنەوەی گشتیی بێت و دواتر هەموو ئۆتۆمبیلێك دەگرێتەوە. شۆفێران لە نیوەشەوی ڕابردووەوە سەرەیان گرتووە بۆ دەستكەوتنی بەنزینی 800 دیناریی، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە بەنزینێك نەگەشتووەتە بەنزینخانەكان. لەبەرامبەردا شۆفێرانی تاكسی لەبەردەم بەنزینخانەیەك لەسەر شەقامی شەست مەتریی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین كردووە و شەقامەكەیان داخستووە و تا ئێستا بەردەوامە.
