ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکارییەکانی هێرشەکانی سەر ئێرانی ئاشکرا کرد، کە ناوی "ساڵی کلاڤی"ی لێنراوە و لە 12ـی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هێرشە دەرئەنجامی ئامادەکارییە ستراتیجییە درێژخایەنەکان بووە. کاتز وردەکارییەکانی بۆ ڕۆژنامەی ئیسرائیلی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت خستەڕوو و گوتی: ڕەوتی ئامادەکارییەکان بۆ هێرشەکەی سەر ئێران، هەموو شتێک لە کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی لە تشرینی دووەمی 2023 دەستیپێکرد، بڕیارێکی سەرەتایی درا بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی سنووردار دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ، کە ناوی کۆدی 'ئۆپەراسیۆنی شین و سپی'ـی لێنراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لەو قۆناغەدا ئیسرائیل هێشتا ئەو توانایە تەواوەی نەبووە کە بتوانێت بچێتە قووڵایی ناو جەرگی ئێران و چەندان جار لێی بدات، کاتز ئەمەی بە ڕۆڵی ئەڵتەرناتیڤ وەسف کردووە، ئەوەش بەهۆی توانای مووشەکەکانی ئەمەریکا. باسی لەوەش کرد، هەواڵگری سەربازی بە بە هاوبەشی پلانی یارمەتیدەر دادەڕێژێت. یەکەمیان ئۆپەراسیۆنی 'نارنیا' بوو کە زانایانی بەشدار لە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران کردە ئامانج. دووەمیان پلانێک بوو بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن بۆ ئەوەی ئێران لە توانای هەماهەنگی و وەڵامدانەوەی دەستبەجێ پەکبخات. سێهەمیشیان هێرشی سەرەتا بوو لەدژی دیارترین سەرکردە ئەمنییەکانی ئێران. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بیرۆکەی بە ئامانجکردنی سەرکردایەتی بۆ تێکدانی مۆڕاڵ و تواناکانی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەیەکدا وروژێندرا، ئەوەش لە مانگی کانوونی دووەمدا بەڕێوە چوو. ئەمەش لە ئۆپەراسیۆنی 'زەماوەندی سووردا' بەرجەستە بوو کە چەندان فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانیان کوشت، لەوانە فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەمیر عەلی حاجی زادە. کاتز گوتیشی: "لە مانگی کانوونی دووەم، لە میانی کۆبوونەوەیەکی رۆتین بە ناوی 'هێلا'، ئامانجی سیاسی ئۆپراسیۆنەکە داڕێژرا: بۆپەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی و خۆپاراستن تاکوو سەقامگیریی لە ناوچەکە درێژ بکاتەوە. لەم خاڵەدا ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر و بوێرانەتر، ناوی لێنرا 'پلانی ئەلتورنادۆ'، ئامانج لێی دروستکردنی کاریگەرییەکی لەناکاو و توند لە قووڵایی تاران دەستیپێکرد.
رۆژنامەى سەباح بڵاویکردەوە، لە گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد پێشکەوتن بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرسە بخرێتە بەرنامەی کارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران، کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامبدرێت. رۆژنامەکە لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردووەتەوە، لە (48) کاتژمێری رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک و گفتوگۆ ئەنجامدراوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکان، ئەوەش بە گوێرەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان. رۆژنامەکە بڵاویشیکردەوە، لەو چوارچێوەیە، رۆژى دووشەممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەبدولـلەتیف رەشید کۆبوونەوە، کە گفتوگۆکانیان لە کۆبوونەوەکە بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە بووە. نووسینگەی سودانی لەبارەى کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، تاوتوێی دۆسیەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرۆککۆماریش باسى لە دۆزینەوەی رێگەچارەی دەستووریی بۆ کێشەکان کردووە. بەگوێرەى رۆژنامەکە، سەردانى رۆژى یەکشەممەى رابردووى مەحمود مەشهەدانى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى پارتیی دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى بە گفتوگۆکانى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى مووچەوە بووە. هاوکات سەباح سوبجى پەرلەمانتارى عێراق لە پشکى پارتی قسەى بۆ رۆژنامەى سەباح کردووە و دەڵێت، لەو رەشنووسەى ئامادەکراوە بۆ ئەوەى هەولێر و بەغداد لەسەرى رێکبکەون، حکومەتی هەرێم رۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ). ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، لە بەرامبەردا هەرێم رۆژانە (46) هەزار بەرمیل وەردەگرێت بۆ بەکارهێنان و پاڵاوتنی ناوخۆیی و پڕکردنەوەى پێداویستییەکان. سوبحی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایەک هەیە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رێککەوتنەکە رابگەیەندرێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆبکرێت و لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پەسەندبکرێت.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) راگەیاند. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی "بارودۆخی ئەمنی"، رێوڕەسمەکە راستەوخۆ پەخش ناکرێت و رۆژنامەڤانانیش ناتوانن ئامادە بن. رۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی راگەیاندنی کەجەکە رایگەیاند، رێوڕەسمەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام "تاکە رێگە بۆ ئاگادارکردنەوە"ی رای گشتی و میدیاکاران، دانانی شاشەیەک دەبێت لە نزیک شوێنی مەراسیمەکە، کە دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، تۆمارە ڤیدیۆییەکان پەخش دەکات. کەجەکە داوای لێبووردنی لە میدیاکاران و ئامادەبووان کردووە و رایگەیاندووە: "بە تەواوی لە بڕیاری ئەو کەسانە تێدەگەین کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە بڕیاری ئامادەنەبوون دەدەن و رێزی لێدەگرین، هەروەها داوای لێبووردن بۆ هەر ناڕەحەتییەک دەکەین." ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" چەک دابنێن. بەگوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە 80 کەسایەتیی سیاسی، رۆشنبیر و ئەکادیمی لە تورکیا، ئەورووپا و ئەمریکاوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە بانگهێشت کراون و هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت کراون. لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت. 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
بەگوێرەی یاداشتێک کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکراوەتەوە، ئیدارەی ترەمپ ڕۆژی دووشەممە بەرەی نوسرە کە بنکەکەی لە سوریایە، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی هەڵوەشاندەوە. بەپێی ئاگادارییەکی فیدراڵی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئەمریکا دەستنیشانکردنی بەرەى نوسرەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش گۆڕانکاری لە هەڵوێستی فەرمی بەرامبەر بەو گروپە دەردەخات کە ساڵانێک بوو وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی هاتووە. بەگوێرەی یاداشتێك كە رۆژی 23ی حوزەیران لەلایەن ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە دەرچووەو لە تۆماری فیدراڵی ئەمریكادا بڵاوبووەتەوە، بڕیار رۆژی 8ی تەموز واتا سبەینێ بڕیاری هەڵگرتنی (بەرەی نوسرە) لە لیستی تیرۆر كارا بكرێت. (بەرەی نوسرە) كە ئێستا بووە بە (دەستەی تەحریر شام)؛ لەلایەن ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی)ی سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سوریاوە سەرۆكایەتیی دەكرێت. شەرع ئەم رۆژانە لە دانوستاندایە لەگەڵ ئیسرائیل، بەنێوەندگیریی سعودیەش چاوی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كەوت.
پاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، تێبینی و پێشنیازەکانی خۆمان سەبارەت بە قۆناخی نوێی پرۆسەی چارەسەری و ئەو کارانەی لەمەودوا دەکرێن گەیاندە ئەردۆغان. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی (پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان) لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە ئەنكەرە، بۆ ماوەى کاتژمێرێک کۆبوونەوە. شاندەکە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بە نووسراوێک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. "ئەمڕۆ ئەندامانی شاندی ئیمراڵی پارتی دەم، پەروین بوڵدان و میتات سانجار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوونەوە، شاندەکەمان بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆی سەبارەت بە قۆناغی نوێی پرۆسەکە و ئەوەی لێرەوە بەدواوە دەکرێت، هاوبەشی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە ئیرادەی هەردوولا بۆ درێژەدان بە پرۆسەکە بەردەوامە. وەفدی ئیمراڵی پێكهاتووە لە (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار)، لەلایەن ئەردۆغانیشەوە هەریەكە لە (ئیبراهیم کاڵن) سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی میت و (ئەفکان ئالا) سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو دوای رۆژێك دێت لە دیداری وەفدی (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی. بڕیارە لەدوای ئەم كۆبوونەوەیەوە ئیتر پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا بچێتە قۆناغێكی نوێوە.
دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ 7ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی یەکەمی ڕاوێژکاریی بە سەرۆکایەتییە تازەکەی و ئامادەبوونی ئەندامەکانی کرد، بە مەبەستی گفتوگۆ دەربارەی شێوازی کاری دادگا. ئامادەبووان جەختیان لەسەر ئەم بنەمایانە کردەوە: یەکەم: پابەندبوونی دادگای باڵای فیدراڵی بە پسپۆڕییە دەستووریەکانی وەک ئەوەی لە ماددەی (32 و 93) دەستوور و ماددەی (4) ی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005 ی دادگا و ڕاستکراوە بە یاسای ژمارە (25) ی ساڵی 2021 و فراواننەکردنی ئەم پسپۆڕییانە، ئەوەش بە مەبەستی جەختکردنەوە لە سەربەخۆیی دادگا لە وەرگرتنی بڕیارەکان و ڕێگەنەدان بە دەستوەردانی سیاسی لە کارەکانی دادگادا. دووەم: جەخت کردنەوە لە پابەندبوونی دادگای باڵای فیدراڵی لە بێلایەنی و بە یەکچاو تەماشاکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان؛ مەبەست و مەرامی بنەڕەتیی دادگا پاراستنی سیستەمی سیاسی لە عێراق و ڕێزگرتنە لە مافە دەستوورییەکانی گشت پێکهاتەکانی گەلی عێراق. سێیەم: دەستوەرنەدان لە کارەکانی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و ڕێزگرتن لە ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەی دەستوور بۆیانی دیاریی کردووە، دەری دەکەن؛ مەگەر ئەوەی پێچەوانەی دەستوور بێت، ئەوەش بە تۆمارکردنی سکاڵای دەستووریی تایبەت، ڕێگریی لێ دەکرێت. هەروا پتەوکردنی جیاوازیی لە نێوان دەسەڵاتەکاندا. چوارەم: جەختکردنەوە لەوەی ڕۆڵی دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی پەرلەمان، بە گوێرەی ئەوەی لە ماددەی (93/حەوتەم)ی دەستووردا بۆی دیاری کراوە دەبێت و دادگا تێکەڵی کێشە سیاسییەکانی تایبەت بەو بابەتە نابێت. پێنجەم: جەختکردنەوە لەوەی کە دادگای باڵای فیدراڵی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری بە گوێرەی حوکمەکانی ماددەی (89) ی دەستوور و لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پێکهاتەکانی دیکەی دەسەڵاتی دادوەریدا بۆ پتەوکردنی بنەمای داد و ڕێزگرن لە حوکمەکانی دەستوور و یاساکان، کار دەکات. شەشەم: جەختکردنەوە لە هاوکاریی لەگەڵ لایەنە پسپۆڕەکاندا لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و گفتۆگۆ لەگەڵ موفتی و مامۆستایانی یاسای دەستووری، بە جۆرێک کە خزمەتی کاری دەستووری دادگا بکات.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا ڕۆژی دووشەممە دوای کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی ئەمنی لە شاری ئەلبومال و لادێکانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێران ڕاگەیاند. فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای دێرەزوور، عەقید زەرار ئەلشەملان لە بەیاننامەیەکدا کە وەزارەتی ناوخۆ لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوان و گشتگیریان لە شاری ئەلبوکامال و دەوروبەری ئەنجامدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەسی داواکراو بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکران. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەو دەستگیرکراوانە بەتۆمەتى هەڵگرتن و بازرگانیکردن بە چەکی نایاسایی، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتیان. ئۆپەراسیۆنەکەى ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قۆناغی دووهەمی هەڵمەتی ئەمنی کە دوێنێ (یەکشەممە) بۆ بنبڕکردنی پاشماوەکانی ڕێژیم و میلیشیاکانی سەر بە سپای پاسدارانی ئێران بەتایبەت فەوجەکانی ٤٧ کە لە ناوچەکانی سەکاریە و حەمدانی ئەلبومال جێگیرکراون، دەستیپێکردوە. عەقید زەرار ئەلشەملان، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەو پارێزگایە، ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک کەسی داواکراو کە تێوەگلاون لەو تاوانانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری دەکەن، دەستگیرکراون.
كۆبوونەوەی وەفدی ئیمرالی و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لە کۆشکی سەرۆک کۆمار لە ئەنكەرە، دەستیپێكرد. وەفدی ئیمراڵی پێكهاتووە لە (پەروین بوڵدان)و (مەدحەت سانجار)، لەلایەن ئەردۆغانیشەوە هەریەكە لە (ئیبراهیم کاڵن) سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی میت و (ئەفکان ئالا) سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەن. کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەدەچێت و دوای رۆژێك دێت لە دیداری وەفدی (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵا ئ.ۆج.الان لە دورگەی ئیمرالی. بڕیارە لەدوای ئەم كۆبوونەوەیەوە ئیتر پرسی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیا بچێتە قۆناغێكی نوێوە. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و ئەندامێتی میدحەت سانجار و ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ لە زیندانی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکیی زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد. هەروەها بڕیارە لەم هەفتەیەدا هەم ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی هەبێت، هەم ژمارەیەک لە چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە چەکەکانیان دابنێن.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك كادیری پارتی؛ هاوكات لەگەڵ دانوستانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بەغداد لەبارەی نەوت و موچەوە قسەیکرد. لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. مەسرور بارزانى وتی: هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی دا، لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش ، جێگری سەرۆکی پارتی، دەڵێت: کێشەی ئێمە لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەوەک تەکنیکی ، چونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری ، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت . جەختیشی کردەوە، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش ، قەوارەیەکی دەستووریی هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت. ئاماژەشی بەوە دا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانیی خوای گەورە، خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت
ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سێیەم گەشتی خۆی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامدەدات، لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ كۆشكی سپی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا. دەستەی ئێزگەی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، ناتانیاهۆ، داوای گڵۆپی سەوز لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئێران بدات. بەوتەی سەرچاوەكە: لەکاتێکدا ترەمپ و ناتانیاهۆ ئاهەنگ دەگێڕن سەبارەت بە ئەنجامی شەڕەکەیان دژی ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی تاران بەردەوام نابێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەگەر هەر بەڵگەیەک بە پێچەوانەی ئەمە دەربکەوێت، ئەوا بژاردەی دەستپێكردنەوەی شەڕ وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات، بۆ سێیەمین حار سەردانی بۆ کۆشکی سپی دەکات، لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر. دەزگای پەخشی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە کە ناویان نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە بۆ ئەوەی لە دوای ماوەی 60 ڕۆژەکە شەڕ لە غەززە دەستپێناکاتەوە ئەگەر گونجاو بێت، هەروەها پرسی هاوکاری و دابەشکردنی لە غەززە ئاستەنگ دروست ناکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. لەلایەکی دیکەوە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل لە سەختی گەیشتن بە "ئامانجە دووانەکانی جەنگ کە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماسە لە یەک کاتدا"، پلە سیاسییەکانی ئاگادارکردووەتەوە. سوپا داوای لە حکومەت کردووە کە یەکەم شت دیاری بکات کە دەبێت چی بکرێت، هەروەها "پێی وایە گەڕانەوەی بارمتەکان لە غەززە دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە بێت".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ سەربازی دیکەی بەهۆی بەرکەوتەی گازی میسانەوە راگەیاند و دەڵێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەشت سەرباز. دوێنێ یەکشەممە 06-07-2025 وەزارەتەکە رایگەیاند تیمێکیان ئۆپراسیۆنێکی گەڕانیان بۆ تەرمی سەربازێک لە ئەشکەوتێکی ناوچەی ئۆپراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام نەیانتوانیووە تەرمەکەی بدۆزنەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لەوەش کردووە، لەکاتی گەڕان 19 سەربازیان گازی میسیانیان هەڵمژیوە و بەهۆیەوە دەستبەجێ پێنج کەسیان گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش چارەسەریان بۆ کرا، بەڵام ئەمڕۆ مردنی ئەو سێ سەربازەی دیکەی راگەیاند. بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، تیمەکە بۆ تەرمی نوری مەلیح بۆزکورت گەڕاون کە لە 28-05-2022 لە هەمان ناوچە کوژراوە.
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغداد، ئامانجی سەردانی شاندەکە بۆ رێککەوتنە لەگەڵ بەغداد لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت شاندەکە وەڵامی رەشنووسی حکومەتی عێراقی بۆ رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت هێناوە بۆ بەغداد، شاندەکە کاتژمێر 11 لەگەڵ نووسینگەی سودانی کۆدەبێتەوە، شاندەکە وەڵامی کۆتایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق دەدەن. شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رەشنوسی كۆتایی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ كۆتایی بێت و رێكبكەون. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكان ڕاگەیاند: گفتوگۆكان ئەمڕۆ لەبەغداد بەردەوام دەبێت لەسەر رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، ژمارەو داتاو پرسەكان بەردەوام بەپێی گفتوگۆكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت بەڵام ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت زیاتر لەسەر دۆسیەی نەوت چڕ بووەتەوە بەم شێوەیەیە: - هەرێمی كوردستان رۆژانە (280) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت. - بڕی (200) هەزار بەرمیلی رادەست دەكات و بڕی نزیكەی (70 – 80) هەزار بەرمیلی لا دەمێنێتەوە بۆ ناوخۆ - بڕی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت خەرج دەكرێت. - داهاتی ناوخۆ مانگانە رادەست دەكرێت پوختەی نزیكەی (90 – 100) ملیار دینار رادەست دەكرێت - تەوتینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەڵام لەرێگەی ئەو پرۆسەیەی حكومەتی هەرێمەوە كردوویەتی كە "هەژماری من"ە - گفتوگۆی چڕ دەكرێت لەسەر قەرزی كۆمپانیاكان كە (میارێك) دینارە. لەبەرامبەردا هەرێم داوا دەكات: - خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێم مانگانە - بودجەی تەشغیلی مانگانە نزیكەی (120) ملیار دینار - بودجەی وەبەرهێنان. ئەم ژمارەو داتایان و پرسانە لە هەر گفتوگۆیەكدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و رەنگە ئەمڕۆ تا ئێوارە گۆڕانكاری لەسەر چەند بابەتێكی تر و ژمارەیەكی تر بكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق كە رەشنوسەكەی ئامادەكردووەو ئەمڕۆ وەفدی هەرێم دەیباتەوە بەغداد و لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، هەندێك گۆڕانكاری تیاكراوەو چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ بگەنە رێككەوتنی كۆتایی و سبەینێ دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر هیچ رووداوێك نەیەتە پێشەوە. - شاندەکەی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەبەغداد پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
وەزارەتی بەرگریی توركیا ڕایدەگەیەنێت، لە میانی چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین بۆ گەیشتن بە تەرمی ئەفسەرێك کە لە ساڵی 2022 لە عێراق گیانی لەدەستدا، 19 سەرباز بەر گازی میسان کەوتوون و بەو هۆیەوە پێنجیان گیانیان لەدەستداوە. ئێوارەى ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتى بەرگرى دەڵێت: لە ساڵی 2022 لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ قوفڵ لە باکوری عێراق (هەرێمى کوردستان) ئەفسەرێكی هێزی پیادە (نوری مێلیح بۆزکورت) گیانى لەدەستداوە، لە میانی چالاکییەکانی گەڕان و پشکنین بۆ گەیشتن بە تەرمەکەى 19 سەرباز بەر گازی میسان کەوتوون. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەکەدا، هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕەنگە تەرمەکەی تێدا بدۆزرێتەوە، لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە بە وردی گەڕان بەردەوام بوو، لە ٦ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە ئەشکەوتێک لەسەر گردێک بە بەرزی ٨٥٢ مەتر کە پێشتر وەک نەخۆشخانەیەک بەکارهێنرا ئەو ١٩ سەربازە بەر گازەکە کەوتون و دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکە، بەڵام بەهۆى زۆرى برین و کاریگەریەکەیەوە پێنجیان لەو سەربازانە گیانیان لەدەستدا. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە ئەو ئەفسەرەى کە دەگەڕان بەدواى تەرمەکەیدا، لەلایەن شەڕڤانانى پەکەکەوە کوژراوە، لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٢وە لەچەند جارێک ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینیان بۆ تەرمەکەى کردوە، هێشتا تەرمەکەمان نەدۆزراوەتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هاوڕا بوون لهسهر گرنگيى گهيشتن به ڕێگهچارهيهكى گونجاو بۆ كێشهى مووچهى مووچهخۆرانى ههرێمى كوردستان، بهتايبهتى لهم قۆناغه ههستيارهدا. هاوکات دووپاتیان کردەوە، چارهكردنى پرسهكان لهگهڵ ههرێم له بهرژهوهنديى تهواویی عێراقدايه. ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيى له مهحموود مهشههدانى، سهرۆكى پەرلەمانی عێراق و شاندێكى ياوهرى كرد. بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. هەروەها "جەخت لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی بەدوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان کرایەوە". لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جدی دەربارەی ئەم قەیرانە دەربڕی، و ئەوەی کە ئەنجومەنی نوێنەران رۆڵێکی سەرەکی هەبێت لە کۆکردنەوەی لایەنەکان لەسەر ئەو چارەسەرانەی کە حکومەتی هەولێر و حکومەتی ناوەند پێشکەشی دەکەن؛ بۆ گەیشتن بە پەیوەندییەکی کارگێڕیی هاوئاهەنگ کە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی کێشە سیاسییەکان. هەروەها گەیشتوونەتە چەند چارەسەرێک کە لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت". لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، مەشهەدانی جەختی کردەوە "لە ئێستادا و لەم بارودۆخە هەستیارەدا پێویستیمان بە یەکڕیزی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، حکومەتی ناوەند بە جیدی مامەڵە لەگەڵ هەر پێشنیازێکی کرداری بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەکات". ئەمە بەگوێرەی نووسینگەکەی. هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەش کردووە، "ئێمە لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردستانین؛ چونکە بەشێکە لە گەلی عێراق، هەروەک چۆن لەگەڵ هاووڵاتییانی هەموو پارێزگاکانی عێراقداین."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 90 بارهەڵگر چەک و پێداویستیی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرد، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتێکى روانگەی سووری. روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 70 بارهەڵگر لە چەک و پێداویستیی سەربازیی لەڕێگەی دەروازەی وەلید کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە، رەوانەی بنکەی خەراب جیر لە رمێلانى رۆژئاوای کوردستان کردووە. ئەوەشهاتووە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 20 بارهەڵگری دیکەی چەک و تەقەمەنی بەهەمان شێوە لە هەرێمی کوردستانەوە بردووەتەوە بارەگای قەسرک لە حەسەکە. ئەوە لەکاتێکدایە، ئێستا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا هەزار و 500 سەربازە و پێشتریش 500 سەربازی دیکەی لە سووریا کشاندبووەوە، لەکاتێکدا لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سووریا ژمارەی سەربازانی ئەمریکا زیاتر لە دوو هەزار سەرباز بووە.