سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند،  هیوادارن لە زوترن کاتدا هیزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا یەکبگرنەوە و پاڵپشتی لە سوریایەکی یەکگرتوو بکەن، جەختیشی کردەوە، ئەوانەی هەوڵدەدەن ململانێکان لە سوریادا هەڵگیرسێننەوە، هیوای خێر بۆ کورد و دروز و عەلەوییەکان ناخوازن. ئەمڕۆ سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، بەردەوام هۆشداری دەدەینە هەسەدە، بە رێی هەڵيدە نەڕۆن و داواشیان لێدەکەن پشتیوانی لە یەکگرتویی خاکی سوریا بکەن بە چونە ناو سوپای سورایوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی هەوڵدەدەن ململانێکان لە سوریادا هەڵگیرسێننەوە و تۆخی بکەنەوە لەنێوان پێکهاتەکاندا،  هیوای خێر بۆ کورد و دروز و عەلەوییەکان ناخوازن. جەختیشێکردەوە ئەوانەی روو لە ئەنقەرە و دیمەشق بکەن، سەردەکەون و ئەوانەشێ بەدوای پارێزەری تردا بگەڕێن دەدۆڕێن و نوقم دەبەن. باسی لە پەیوەندی وڵاتەکەی و دیمەشقیش کردوە و دەڵێت؛ بەردەوامن لە پەیوەندییە هەمەلایەنەکانیان لەگەڵ سوریا لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو بوارەکاندا. جەختیش لە بەرزکردنەوەی هەماهەنگی و هاوکاریەکان  بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی سوریا و ناوچەکە کردەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، هەسەدە و سوپای سوریا زۆر نزیکن لە رێککەوتن بۆ تێکەڵاوکردنی هێزەکانیان و دوێنێش بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی ئیدارەی خۆسەری لە دیمەشق بون.

لە کاتێکدا شەقامەکانی کەرتی غەززە پڕن لە داروپەردوو و پاشماوەى ڕوخاوى خانوو بینا بەرزەکان،، لەگەڵ سەدان تەرم کە لە وێرانکارییەکاندا داپۆشراون، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) تێچووی ئاوەدانکردنەوەی غەززەی بە ٧٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە. هەر لەو ڕاپۆرتەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا کە ئەمرۆ ڕۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە خەمڵاندنەکان ئاماژە بە بوونی لانیکەم ٥٥ ملیۆن تۆن داروپەردوو لە گەرەک و شوێنەجیاوازەکانى غەززە دەکەن. بەڵام جەختی لەوەش کردەوە  هەر لەئێستاوە ئاماژەی زۆر باش هەیە سەبارەت بە دابینکردنی بودجە بۆ بوژانەوەی غەززە، لە وڵاتانی عەرەبی و هاوبەشە ئەوروپییەکان و ئەمریکاوە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوونی کردەوە کە ئەم پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەتوانێت بۆ ماوەی دە ساڵ یان زیاتر درێژ بێتەوە. لای خۆیەوە بەرپرسێکی فەلەستینی لە شارەوانی غەززە ئەوەى ئاشکراکردووە کە ئیسرائیل نزیکەی 95%ی بارهەڵگر و ئامێرە قورسەکانی ناو کەرتی غەززەى لەناوبردووە،  هەروەها باسى لەوەشکرد، 193 هەزار بینا بە تەواوی بەهۆی شەڕەوە وێران بوون , و 16 نەخۆشخانە ئێستا بە شێوەیەکی سنووردار کاردەکەن. ئەمڕۆ پێنجەمین ڕۆژی ئاگربەستە، 735 ڕۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر شەڕی کەرتی غەززە، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی میسر، تورکیا و قەتەر، واژۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی غەززە کرد، کە بووە هۆی ڕاگرتنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاڵوگۆڕکردنی سەرجەم بارمتەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان.

نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردييەكان لە حەلەب دەڵێت: سەرەڕای وەستانی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هێشتا دۆخی گەڕەکە کوردییەکان ئارام بەخش نین.  ئاماژەی بە بەردەوامی دۆخی گەمارۆ و هەڵكشانی گرژییە ئەمنییەکانیش كردووە لەگەڵ توندكردنەوەی گەمارۆی سەربازی لە دەوری ئەو گەڕەکانە. نوری شێخۆ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی راگەیاندووە: لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران دە خاڵی سەربازییان زیادکردووەو چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە دیوی باکور و رۆژهەڵات و باشورو رۆژئاوا جێگیركردووە،  جگە لە زیادکردنی ژمارەی دەورییە ئاسمانییەکان لە دەرەوەی بازگە هاوبەشەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە: حەوت دەروازەی چوونە ژوورەوە بە داخراوی ماونەتەوە، لەکاتێکدا تەنها سێ دەروازە لە دوای وەستانی پێکدادانەکان کراونەتەوە.  جەختیشیکردەوە: گەمارۆدانەکە بەردەوامەو رۆژانە دانیشتوان روبەڕوی پەڵپگرتن دەبنەوە، لەوانە سوکایەتیکردن، دەستگیرکردن و پشکنینی جانتای ژنان. بەوتەی ناوبراو، گەڕەکە کوردییەکان بوونەتە زیندانێکی کراوە، دەشڵێت، دۆخی گرژی و دنەدان بەردەوامە سەرەڕای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکان، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لای هاوڵاتیان زیاتر كردووە.

ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، دەڵێت: هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاشتی غەززە زۆر قورس دەبێت. دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی غەززە، قەتەر، کە یەکێک بوو لە نێوەندگیرە سەرەکییەکان، ڕایدەگەیەنێت کە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی ڕێککەوتنەکە قورس و پڕ لە ئاستەنگ دەبن. ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند کە دەبێت واقیعییانە سەیری دۆخەکە بکرێت. ئەو وتی: "ئەمە شەڕێک بووە کە دوو ساڵی خایاندووە و کاریگەرییەکانی بۆ دەیان ساڵی دیکە دەمێننەوە." سەرەڕای قورسیی قۆناغی داهاتوو، ئەنساری ئاماژەی بە لایەنە گەشەکانی قۆناغی یەکەم کرد، کە بریتین لە: گەڕانەوەی بارمتە زیندووەکان بۆ لای خێزانەکانیان. ڕادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکانی دیکە بۆ ئەوەی بە شکۆوە بەخاک بسپێردرێن. ئەوەی کە خەڵکی غەززە دەتوانن "هەناسەیەکی قووڵ هەڵبمژن" بەهۆی وەستانی شەڕ و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی کردەوە کە "گفتوگۆ سەختەکان ئێستا دەستپێدەکەن." ئەو وتی کە گفتوگۆکانی قۆناغی دووەم بە ئەنقەست دواخران بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم. ئاستەنگەکانی داهاتوو بریتین لە: چۆنیەتیی پاراستن و بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە. دڵنیابوونەوە لەوەی شەڕ جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە. بەردەوامیدان بەو گفتوگۆیانەی کە لە شەرم شێخەوە دەستیان پێکردووە. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر لە لوتکەی شەرم شێخ واژۆ کرا. وڵاتانی واژۆکەر بریتی بوون لە ئەمریکا، میسر، قەتەر، و تورکیا. ڕێککەوتنەکە لەلایەن ئەم سەرکردانەوە واژۆ کرا: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا

ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو ناوانە ئاشکرا دەکات کە دوای هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدن، هاوکات باس لە دابەشبوونێکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت. موختار موسەوی، ئەندامی لیژنەکە، رایگەیاند، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، عەدنان زوورفی، قاسم ئەعرەجی، حەمید شەترانی، عەبدولحسێن عەبتان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، کاندیدە دیارەکانن. ناوبراو وتیشی، کێبڕکێکە زیاتر لەنێوان مالیکی و زوورفیدایە، بەتایبەت کە عەدنان زوورفی پەیوەندی فراوانی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات هەیە، بەڵام چانسی سوودانی بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتێکی دیکە کەمە. سەرچاوەیەکیش لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە ئاشکرای کردووە، چوارچێوەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە؛ یەکێکیان پشتیوانی مالیکی دەکەن و بەرەکەی دیکە پشتیوانی سوودانین.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و بە پشتیوانیکاری "تیرۆر" ناوی ئەمەریکا دەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەم 2025، لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەربارەی ئێران لە شەرم شێخ ئاماژەی داوە "ئەمەریکا کە وەک گەورەترین دروستکەری تیرۆر و پشتیوانی ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، هیچ مافێکی تۆمەتبارکردنی وڵاتانی نییە." وەزارەتەکە، ڕایگەیاندووە، ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل و پێدانی لەڕادەبەدەری چەک بەو ڕژێمە، وایکردووە ئەمەریکا ببێتە گەورەترین هۆکاری ناسەقامگیری و تێکدەری ئاسایشی ناوچەکە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە ڕۆڵی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە و قاسم سولەیمانی بە نموونە هێناوەتەوە، هاوکات ئەمەریکاشی بە دروستکاری داعش تۆمەتبار کردووە. هەروەها هەڵوێستی ئەمەریکای لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بە بانگەشەیەکی بێنبەما ناوبردووە و ئاماژەی داوە، هەرگیز بەم قسانە ناتوانن تاوانە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پەلاماردانی خاکی ئێران و کوشتنی ڕۆڵەکانی ئێران، بشارنەوە؛ بە پێچەوانەوە بەرپرسیارەتی ئەمەریکا بۆ ئەو هەموو تاوانە قورستر دەکات و ڕق و کینەی قووڵی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمەریکا بەرانبەر گەلی ئێران دەردەخات. هەروا ڕەخنەی لە هەوڵ و ڕۆڵی ترەمپ گرتووە و ڕایگەیاندووە، ئارەزووی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و گفتۆگۆ، پێچەوانەی ڕەفتارەکانییەتی بەرانبەر گەلی ئێران، بۆ ئەمەش ئاماژەی داوە "چۆن دەکرێت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانی سیاسیدا هێرش بکرێتە سەر شوێنی دانیشتووان و دامەزراوەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی وڵاتێک و زیاتر لە هەزار کەس، لەوانەش ئافرەت منداڵی بێتاوان بکوژرێن و پاشان بانگەشەی دۆستایەتی ئاشتیی بکرێت" لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئیرانییەکان بە پشتبەستن بە کولتوور و مێژووی دەوڵەمەندی خۆیان، خاوەن لۆجیک، گفتوگۆ و هەڵسوکەوتن، لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی شکۆمەندی و بەرژەوەندییە باڵاکانی ئێران، بە ئازایەتیی و بێدوودڵی، بەرگریی لە سەربەخۆیی دەکەین."

سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە سوریا شایستەیە لە ئاسایش و ئارامیدا بژی و ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات". ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "60 خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، وتی: ئێمە لە دوای گەیشتنمانەوە بۆ دیمەشق ئیسرائیلمان وروژاندووە و نامانەوێت مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە و هیچ وڵاتێکی دیکە دروست بکات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ناردنی پەیام نییە، "بەڵکو مەبەست لێی ڕاگەیاندنی شەڕە". بەڵام ڕوونیکردەوە کە دیمەشق "نایەوێت شەڕ بکات".  ئەوەشى خستوەتەڕوو کە "ئیسرائیل دەبێت لە هەر خاکێک بکشێتەوە کە لە دوای ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردبێت". ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا کراوە دەبێت بەڕووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕێز لە سەروەری وڵاتەکەی بگرن. جگە لەوەش، شەرع باسى لەوەکردووە کە ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی کە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە وێرانکرابوو، لە پێشینەی کارەکانی دەوڵەتە، ئەوەش ئاشکرایکرد کە تێچووی ئەم پرۆسەیە لە نێوان ٦٠٠ بۆ ٩٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. ئەو پێی وابوو "جیهان ماوەی ١٤ ساڵە سەیری ئەم کارەساتە دەکات و نەیتوانیوە ڕێگری لەم تاوانە گەورەیە بکات، بۆیە دەبێت ئەمڕۆ پشتیوانی سوریا بکات". هەروەها ڕوونیکردەوە کە "گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراون، ڕێگرن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە". گوتیشی، "تەواوی نەوەکانی سووریا تووشی زەبرێکی دەروونی گەورە بوون لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە ڕژێمی پێشوو بەڕێوەی بردووە، کە زیاتر لە ملیۆنێک سووری کوشتووە و چەندین ناوچە و ژێرخانی وێران کردووە، ملیۆنان کەسیش وەک پەنابەر لە دەرەوەی وڵات و ئاوارە ناوخۆییەکانی ئاوارە کردووە".

ڕێکخراوی خێرخوازی هالۆ تراست کە بنکەکەی لە بەریتانیایە بە بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئێستا سەرقاڵى ئەوەیە تیمێکی 100 کەسی پسپۆڕی هەڵگرتنەوەو تەقاندنەوەى بۆمب کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بچنە ناو غەززە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕە زۆرە تەقەمەنییە نەتەقیوانەی کە لە دوو ساڵ شەڕدا بەجێماوەو بوونەتە مایەى مەترسى بۆ سەر دانیشتوانى شارەکە. ئەمڕۆ دووشەممە قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى غەززە چووە بوارە جێبەجێکردنەوە و قۆناغى دووەم لە رێگایە کە چەکدانان و بەرێوەبردنى غەززە لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چەندین خاڵى ناکۆک هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە. لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە ئازادکران ئەمڕۆ فەلەستینییەکان دوای ٧٣٧ ڕۆژ لە جەنگ جارێکی دیکە گوێیان لە ژیانێکى ئاسایی دەبێت، بۆ ماوەی دوو ساڵە دەنگی گریانی کۆرپەکانیش بەهۆی زەنگی بێکۆتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و بۆمبڕێژکراوەکانی ئیسرائیل و تەقینەوە و هاوار و گریانی بریندارەکانەوە نەدەبیسترا، هاوڵاتیان خەریکە ئەو دەنگە نیشتمانیانە فێر دەبنەوە کە ژیان دروست دەکەن. لە کۆی دەیان هەزار بۆمب کە هالۆ دەڵێت فڕێدراونەتە سەر خاکەکەو نەتەقیوەنەەوە، ئەوان دەڵێن لە 10%یان نەتەقیونەوە - بەڵام تەنها کاتێک ژمارەی ڕاستەقینەی دەزانێت کاتێک شانبەشانی کرێکارانی بیناسازی دەست بە کارکردن دەکەنەوە ئامارى دروستیان بۆ دەردەکەوێت. کارەکە مەترسیدارە، بەرپرسانى ئەو ڕێکخراوە  پێیان وایە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری غەززە لە ژێر داروپەردوودا نێژراوە، شارەزایانی فڕێدانی بۆمبەکانیان پێویستیان بە کارکردن دەبێت لەسەر سیستەمێکی بەهێزو پێشکەووتوو وەک ئەوەی لە سوریا ئەوکارەیان کردووە. بەهۆی ئەوەى پێدەچێت بەشێکى جەستەو تەرمى دانیشتوانى شارەکە کەوتبنە ژێر داروپەردوە ڕوخاوەکانەوەو نێژرابن لەژێرخاکدا، ڕێکخراوەکە لەگەڵ ئیمامێکدا کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ڕەچاوی هەڵگرتنەوەى تەرم و لاشەکانیش بکەن و بۆ ڕێوڕەسمى پێویستى ئیسلامییان بۆ دەکرێت. ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات کە گەیاندنی شارەزاکانی بۆ ناو هەموو قوتابخانە و نەخۆشخانە و کەمپێک و پاککردنەوەیان لە تەقەمەنی ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیۆن پاوەندى تێدبچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتە شاری هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخی میسر، لەوێ سەرۆکایەتی مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستى ئاگربەستى شەڕى غەززە دەکات کە کۆمەڵێک سەرکردەی وڵاتانى جیهان بەشداریان تێدا کردووە . هێزی ئاسمانی یەک و فڕۆکە جەنگییەکانی میسریی یاوەریی فرۆکەکەى ترەمپیان کردوە کاتێک گەیشتوەتە ئاسمانى ناوچەکە. شەرم شێخ ئەو شوێنەیە کە هەفتەی ڕابردوو نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس و ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە تێیدا کۆبوونەوە. هەر پەیوەست بەجێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى پرۆسەکە، باڵی سەربازی حەماس کە لیواکانی ئەلقەسامە، ناوی چوار بارمتەی کوژراوی بڵاوکردەوە کە بە وتەی خۆی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمەکانیان ڕادەستى ئیسرائیل دەکاتەوە. خاچی سوورى نێودەوڵەتىیش ڕایدەگەیەنێت تیمەکانیان لە ڕێگادان بۆ خاڵێکی کۆبوونەوە لە باشووری غەززە، کە "چەند تابووتێکی بارمتە کوژراوەکان" لە لایەن حەماسەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنەو ڕادەستى ئەوان دەکرێت، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئەمنی شین بێت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازاد کران، چاوەڕوانیش دەکرێت 48 بارمتە ئازاد بکرێن لەو ژمارەیەش 20 بارمتەیە زیندوون.   سەرجەمیان جگە لە یەکێک لە بارمتەکان نەبێت لە نێو ئەو 251 کەسەدا بوون لە هێرشی چەکدارانی حەماسدا بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 رفێندرابوون و نزیکەی 1200 کەسی دیکە تێدا کوژران.

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن هەردوو دەوڵەتى ئیسرائیل و میسرەوە بەرزترین خەڵات و ڕێزلێنانى مەدەنى پێشکەش دەکرێت، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی لە دەستەبەرکردنی ئاگربەستی غەززە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و گوتارێک لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پێشكێش دەکات و دواتر لەوێوە دەچێتە میسر و سەرکردایەتیی لووتکەیەکی ئاشتی دەکات.    فڕۆکەکەی ترەمپ لە فڕۆکەخانەی بنگۆریۆن لە تەلئەڤیڤ نیشتەوە و لەوێ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران؛ ئیسحاق هێرتزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای دیکەوە پێشوازی لێکرا.  ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نەک تەنیا هاوکار بوو بۆ هێنانەوەی ئازیزانمان بۆ ماڵەوە، بەڵکو بناغەیەکی بۆ سەردەمێکی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانا کە لەسەر ئاسایش و هاوکاری و هیوای ڕاستەقینە بۆ داهاتوویەکی ئارام بوونیادنراوە، ئەوە شەرەفێکی گەورە دەبێت بۆ من کە مەدالیای ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی ئیسرائیلی پێی ببەخشم". لەلایەکى دیکەوە بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی میسر، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر فەرمانی نیل بە ترەمپ دەبەخشێت، کە دواتر ڕۆژی دووشەممە سەردانی میسر دەکات، "بە پێزانینێک بۆ ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و هێورکردنەوەی ململانێکان و ڕۆڵی پێشەنگی لە وەستاندنی شەڕی غەززە". بزووتنەوەی حەماس رۆژی دووشەممە لیستی ناوی 20 بارمتەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ئاگربەستدا ئازاد دەکرێن. بارمتەکان سەرەتا رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و دواتر رادەستی سوپای ئیسرائیل دەکرێن کە دەیانباتە بنکەی سەربازیی "ریعیم" بۆ ئەوەی لەوێوە بگوازرێنەوە سێ نەخۆشخانەی ئیسرائیل. سەرۆکانی ئەمریکا و میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی جیهان دەکەن کە بە "لووتکەی ئاشتی" ناسراوە، بۆ پشتیوانیکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە، دوای گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست؛ هەروەها سەرکردەکانی تورکیا، ئوردن، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادەبوونی خۆیان راگەیاندووە.

 لەچوارچێوەى قۆناغى یەکەمى ئاگربەست و ئازادکردنى بارمتەکان، بڕیارە ئەمڕۆ حکومەتى ئیسرائیل لەچەند شوێنێکى جیاواز  هەزار و ٧١٦ فەلەستینی ئازادبکات. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا بەردەوامە، لەگەڵ رادەستکردنی حەوت بارمتەی دیکە لەلایەن حەماسەوە. هاوکات، لێدوان و هەڕەشەی دژبەیەک لەلایەن هەردوو لاوە، داهاتووی ئاگربەستەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، ٢٥٠ فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، لە کەرتی ڕۆژئاوا و قودس و دەرەوەی وڵات ئازاد دەکرێن.  پاسەکان بە یاوەریی کارمەندانی خاچی سوور دەستیان بە جووڵە کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانییە فەلەستینیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون و ئازاد دەکرێن. بزووتنەوەی حەماس حەوت بارمتەی دیکەی زیندووی رادەستی خاچی سوور کرد. میدیاکانی ئیسرائیلیش پشتڕاستیانکردەوە کە سوپا ئەو بارمتانەی وەرگرتووەتەوە. لە دیمەنێکدا ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەنێو فڕۆکەکەیەوە راستەوخۆ سەیری پرۆسەکەی کردووە. سەرباری رێککەوتنی ئاگربەست، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەسەر ئامانجە سەربازییەکانیان کردەوە و رایگەیاند، "حەماس لە چەک دادەماڵین و تونێلەکانی غەززە لەناو دەبەین." لێدوانەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە بزووتنەوەی حەماس رێککەوتنەکە بە سەرکەوتنی خۆی دەزانێت و دەڵێت، "ئیسرائیل نەیتوانی بە هێز بارمتەکان ئازادبکات و ناچاربوو رێککەوتن بکات."

دواى ڕادەستکردنى یەکەم گروپى بارمتەکان، بزوتنەوەى حەماس ڕایگەیاند ئێمە هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی دیلەکانی داگیرکەر لە کاتێکدا دوژمن قێزەونترین تاوان بەرامبەر بە دیلەکانمان ئەنجام دەدات. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە غەززەن، دەستیپێکردوەو کەتیبەکانی عیززەدین قەسامیش ناوی ئەو 20 بارمتە ئیسرائیلییەی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ ئازادیان دەکات. خاچی سووریش دەڵێت، 7 بارمتەی ئیسرائیلیان رادەست کراوە. کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور گەیشتنە غەززە بۆ وەرگرتنی بارمتەکان لە حەماس کە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن. حەماس ناوی 20 بارمتەی زیندووی ئاشکرا کردووە و ئەمڕۆ رادەستیان دەکاتەوە. ئیسرائیلیش دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی. بەرەبەیانى ئەمرۆ دووشەممە بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) بەیاننامەیەکى بڵاوکردەو تیایدا دەڵێت: داگیرکەری نەیتوانی بە زۆر دیلەکانی ئازاد بکات و ناچار بوو ملکەچی مەرجەکانی بەرخۆدان و گرێبەستی ئاڵوگۆڕکردن بێت. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕووو کە ئەوان ئێمە هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ بۆ پاراستنی دیلەکانی داگیرکەر لە کاتێکدا دوژمن قێزەونترین تاوان بەرامبەر بە زیندانییەکانمان ئەنجام دەدات. هەر لەو بەیاننامەیەدا حەماس دەڵێن: پرسی زیندانیان تا ئەوکاتەی دوایین زیندانی ئازاد دەکرێت، لە پێشینەی کارەکانمان دەمێنێتەوە.

تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سێ فیرقەو چەند لیوایەکی سەربازیی سوپا دەستپێدەكات بۆ ناو سوپای سوریا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تێکەڵ بەوەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت، هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوەو بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستنیش، هێزێک نامێنێت بە ناوی (هەسەدە)، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون. سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سوریا وردەکاری ئەو لێکتێگەیشتنانەی ئاشکرا کردووە کە لە نێوان حکومەتی سوریا و شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجامدراوە، لەمیانی کۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردوو كە لە دیمەشق بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لە دیدارەکەی دیمەشقدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریاو، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئامادەی بوون. دواتر دیدارێکی دیکە لە نێوان شاندی هەسەدەو، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی بەڕێوەچوو. ئەو سەرچاوەیە روونی کردووەتەوە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بە نێوەندگیری ئەمەریکا بووەو رێككەوتون لەسەر ئەوەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەڕێی تێکەڵکردنی سێ فیرقە و چەند لیوایەکی سەربازیی سوپای هەسەدەوە بێت بۆ ناو سوپا، کە لە حەسەکەو رەققە و دەیرزور بڵاوبونەتەوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)یش تێکەڵ بە هێزەکانی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەکرێت.  ئاماژەی بەوەشداوە: هەسەدە پۆستی فەرماندەی فیرقەو هێزە ئەمنیەكانی لەدەستدا دەمێنێتەوە لە ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، هاوشانی دامەزراندنی بەرپرس لەلایەن حکومەتی سوریاوە بە سازان، بەمەرجێک لە دانیشتوی ناوچەکە بن. بە تەواوبوونی پڕۆسەی یەکخستن، چیتر هێزێک نامێنێت بە ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یان ئاسایش، ئەو هێزانە ناوی ئەو فیرقە سەربازیی و هێزە ئەمنییانە هەڵدەگرن کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە پەسەندکراون. عەبدی و شەرع رێککەوتون لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ماوەیەكی كورتدا. سەرچاوەکە راشیگەیاندووە: لێکتێگەیشتنەکانی نێوان سوریاو ئەمریکا بووەتە هۆی رەزامەندی حکومەتی سوریا بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. وتوشیەتی: سوپاو هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا دەکەن، دوای تەواوبونی یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى لەڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستوەتەڕوو  حەماس بە ناوبژیوانان و ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە،   ٢٠ بارمتە زیندوون ئەمشەو لەچەند جێگەیەکى جیاواز دەستدەکات بە ئازادکردنیان، سەبارەت بە تەرمى بارمتە مردووەکانیش ئەوەیان خستوەتەڕوو کە شوێنی هەندێک لە بارمتە کوژراوەکان نازانن. وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.    ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا  دەڵێت: بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات".   سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن. ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس بە ناوبژیوانان و ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، شوێنی هەندێک لە بارمتە کوژراوەکان نازانێت، ڕەنگە بەزەحمەت ئەو خشتەیەی 72 کاتژمێری بۆ گواستنەوەی تەرمەکان جێبەجێ بکات. هەروەها ئیسرائیل پێی وایە دیاریکردنی شوێنی تەرمەکان کاتێکی زیاتری دەوێت. بە وتەی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل کە قسەی لەگەڵ کەناڵى N12 کردووە، گەڕانەوەی بارمتەکان هەوڵێک نییە لەلایەن حەماسەوە بۆ وەستان بۆ ماوەیەک، بەڵکو ئامادەکارییەکی ڕاستەقینەیە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی دیاریکردنی شوێنی بارمتە کوژراوەکان. هەمان بەرپرس ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی "گەورە"یە، لە ژێر نادڵنیایییەکی زۆردایە. بە وتەی ئەو، هەموو خشتە کاتییەکان بۆ ئیسرائیل ڕوون نین. مەزەندە دەکرێت کە قودس تەنها چەند کاتژمێرێک پێش گەڕانەوەی ڕاستەقینەیان زانیبێتی کەی بارمتەکان ئازاد دەکرێن. بەپێی یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن، بارمتەکان لە چەند خاڵێکەوە لە یەک کاتدا دەڕۆن. بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو بارمتە زیندووەکان بگەنە هەمان خاڵی کۆبوونەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بۆ وەرگرتنی هەموو بارمتەکان بە یەکجار .  خاچی سوور کە شەوی ڕابردوو سەرۆکی وەفدەکەی بانگەوازێکی هەماهەنگی ئەنجامدا لەگەڵ ڕێکخەری زیندانییەکان و بێسەروشوێنەکان، گال هیرش، ئامادەیە بە نێوان ٦ بۆ ٨ ئۆتۆمبێلەوە بگاتە خاڵی کۆبوونەوەکە بۆ کۆکردنەوەی بارمتەکانى لاى حەماس. 

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند کە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئیسرائیل دوای قۆناغی گەڕاندنەوەی بارمتەکان، وێرانکردنی تەواوی تونێلە تیرۆریستییەکانی حەماسە لە غەززە. بەپێی پلانی ترەمپ، لەگەڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل لە شارەکانی غەززە، هێزێکی فرەنەتەوە لە میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات جێگەی دەگرێتەوە، کە لەلایەن ناوەندێکی فەرماندەیی بە سەرکردایەتیی ئەمریکاوە لە ئیسرائیل هاوئاهەنگیی بۆ دەکرێت. کاتز ئاماژەی بەوەدا کە ئەم کارە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها لە رێگەی میکانیزمێکی نێودەوڵەتییەوە کە بە سەرۆکایەتی و چاودێری ئەمریکا دادەمەزرێت. وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە واتای سەرەکی جێبەجێکردنی بنەمای بێچەککردنی غەززە و پووچەڵکردنەوەی چەکەکانی حەماسە. کاتز راشیگەیاند: "رێنماییم بە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە ئامادە بکەن." ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەست بە ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکات، کە لە غەززە دەستبەسەرن، ئەمەش پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی لووتکەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی پلانی ئاشتییەکەی بۆ ناوچەکە لە میسر بکات. وەک بەشێک لە قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە، حەماس 20 بارمتە دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا لە ژیاندا ماون. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئیسرائیل دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.  ئوسامە حەمدان، بەرپرسی حەماس رۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "بەپێی رێککەوتنە واژۆکراوەکە، بڕیارە ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بەیانیی رۆژی دووشەممە وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە دەستپێبکات". سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، لە هاوینەهەواری شەرم شێخ لەسەر دەریای سوور، سەرپەرشتیی لووتکەی زیاتر لە 20 وڵات دەکەن.   رۆژی شەممە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەیرید کوشنەر، زاوای ترەمپ، سەردانی غەززەیان کرد.