جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێ، رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ کێشەیەکی نییە و نوێ دەکرێتەوە. د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەمڕۆ شەممە 20-12-2025  لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهاتنی کاتەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدانییە. نەوتی هەرێمی کوردستان هەر وەک خۆی دەڕوات. ئێستا هەناردەکردن رۆژانە  200 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە  و پشتیوان بەخوا بڕی هەناردەکراو زیاتریش دەبێت". د. حەمدی شنگالی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 13-10-2025  بڵاوکرایەوە لەبارەی ماوەی رێککەوتنەکە گوتی: "رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگ دیاریکراوە و لە 31ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت، بەڵام بەپێی یاسای بودجە و بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی، دواتر نوێ دەکرێتەوە تاوەکو کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن." حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان لە پێشابوور رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق دەکرێ، ئەوانیش لە رێگەی بۆرییەوە نەوتەکە دەگەیێننە بەندەری جیهان.  کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و زۆربەی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکەن، چونکە بەهۆی نزیکیی شوێنی جوگرافییەوە، تێچووی گواستنەوە کەمترە و نەوتەکە بە خێرایی دەگاتە دەست کڕیار. جێگری بەڕێوەبەری سۆمۆ گوتی، دوای گفتوگۆیەکی زۆر و هەوڵێکی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمپانیاکانی نەوت رازی بوون بە رێککەوتنەکە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراوە. حەمدی شنگالی ئاماژەی بەوەدا، گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازن لە گرێبەستەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، چونکە لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆمپانیا خۆی پارە خەرج دەکات بۆ گەڕان و بەرهەمهێنان و دواتر قازانجی خۆی وەردەگرێ، بەڵام لە باشووری عێراق حکومەت پارە خەرج دەکات؛ گوتیشی: "تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، چونکە ناوچەکە شاخاوییە و کێڵگەکان دژوارترن. بۆیە ئەو 16 دۆلارەی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە، بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیە."

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرای دەکات، لە ئەنجامی هێرشە چڕەکەی شەوی ڕابردووی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، ژمارەیەک چەکدار کوژراون کە سەرکردەیەکیان تێدایە. ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە بۆردوومانەکانی ئەمریکادا لە پارێزگای دێرەزوور، لانی کەم پێنج چەکداری داعش کوژراون. ئاماژەی بەوەش داوە کە یەکێک لە کوژراوەکان سەرکردەی شانەیەک بووە و "بەرپرسی درۆن" بووە لە ناوچەکە. سەرچاوەیەکی ئاسایشی سووریا ڕوونی کردووەتەوە، هێرشەکان ئاسمانی بوون و ئۆپەراسیۆنی زەمینی تێدا نەبووە. ناوچە بەئامانجکراوەکان بریتی بوون لە بیابانی "بەدیعیە" لە پارێزگاکانی (حومس، دێرەزوور و ڕەقە). زۆربەی ئامانجەکان لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری تەدموور بوون کە بەرەو دێرەزوور درێژ دەبنەوە. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی چاوی هەڵۆ"دایە کە ڕۆژی هەینی دەستیپێکرد. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە تۆڵەی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی لە هەفتەی ڕابردوودا، 70 پێگەی داعش لە سووریا کراونەتە ئامانج. لەبارەى بکەری ئەو هێرشەی لە تەدموور هێزەکانی ئەمریکای کردە ئامانج، دوو گێڕانەوەی جیاواز هەیە: واشنتن: جەخت دەکاتەوە کە هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە. دیمەشق: حکومەتی سووریا دەڵێت هێرشەکە لەلایەن سەربازێکی سوپای سووریاوە کراوە کە "بیری توندڕەویی هەبووە" و بەنیازبوون لە ڕیزەکانی سوپا دووری بخەنەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ناسنامەی چوار شەڕڤانی ئاشکرا کرد، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا بەدیهێنانی خەونەکانیان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵی شەهیدمان 'شوکری حامی بەشار'، بەردەوام دەستپێوەگری بەها نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکانی بووە و ئەمەی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەشی گواستەوە، بەجۆرێک کە چەندین ڕۆڵەی لە ڕێڕەوی شۆڕشگێڕیماندا شەهید بوون، یەکێکی تریان لە یەکێک لە شەڕەکاندا بریندار بوو و بووە برینداری جەنگ، و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانماندا بەردەوامن لە کارەکانیان. هەروەها هەڤاڵمان 'ئەبو حەجی/ محەمەد حەنان بیلال'، ئەویش باوکی چەندین شۆڕشگێڕە کە لە سەرەتای شۆڕشەوە چوونەتە ناو ڕیزەکانەوە. ئەو ڕۆحیەتە نیشتمانییەی لە ناو خێزانەکەیدا چاندبووی بووە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی دەیناسن. سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوچەکانی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداری کرد و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی چەتەکان بووەوە، لە کاتێکدا خۆی و کوڕەکانی پێکەوە لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون و هەمیشە سەرچاوەی ورە و ئیلهام بوو بۆیان. هەروەها هەڤاڵمان 'عەلی / حوسێن عەلی حوسێن'، لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانمانەوە پەیوەندی پێوە کرد و لێهاتوویی خۆی لە کار و خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی سەلماند. ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی باوەڕی پێیان هەبوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە تیرۆر و داگیرکاری. هەروەها هەڤاڵمان 'عەگید تۆڵهەڵدان'، هەرچەندە بەم دواییانە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە کردبوو، بەڵام بەرگرییەکی گەورەی لە بەنداوی تشرین کرد و لە هێزی دوژمن و چەتەکان نەترسا، بەڵکو هێزی خۆی لە باوەڕبوونی بە دۆزە ڕەواکەی وەردەگرت. ئەزموونێکی فراوانی لە کاتی کارکردنی لە ناو هێزەکانی پاراستن لە چەندین شاردا هەبوو و لە تاکتیکەکانی شەڕی ناو شاردا شارەزا بوو. ئەوەی باوەڕی ئەوی بە شۆڕش قووڵتر کردەوە، کاریگەریی براکانی و خزمەکانی بوو کە لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدابوون". لە کۆتاییدا قەسەدە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکە هەموو بنەماڵەی شەهیدان کردووە و بەڵێنی دووپاتکردۆتەوە کە تێکۆشان بەردەوام بێت تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان.

بەهۆی سەرقاڵبوون بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، پێشبینی دەکرێت عێراق بۆ ساڵی 2026 یاسای بودجەی نەبێت و کار بە سیستەمی 1/12 بکرێت، لەم دۆخەشدا هەرێمی کوردستان داوای هەموو پشکەکەی دەکات نەک تەنیا مووچە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەهۆی ئەوەی حکومەت بووەتە کاربەڕێکەر، هیچ ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 نەکراوە. بۆیە خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای 1/12ـی بودجەی ساڵی 2025 دەبێت، کە ژمارەکان بەم شێوەیەن: کۆی گشتیی بودجە: 211 تریلیۆن و 86 ملیار دینار. بودجەی بەکاربردن: 156 تریلیۆن دینار. بودجەی وەبەرهێنان: 55 تریلیۆن دینار. لە چوارچێوەی ئەو بودجەیەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %12.67 دیاری کراوە، کە دەکاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینار. هەرێمی کوردستان پێیوایە هەموو لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی بودجە و مووچەی چارەسەر کردووە و دەبێت ساڵی داهاتوو پشکی تەواوەتی بۆ بنێردرێت، بەو پێیەی: ئامادەیە هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەست بکات. تەنیا 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ گلدەداتەوە. لە ئێستادا هەناردەی نەوت نزیک بووەتەوە لە 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم دۆخەدا، پەیوەندیی دارایی هەولێر و بەغدا بۆ ساڵی 2026 لەبەردەم دوو ئەگەردایە: سیناریۆی یەکەم: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا (ناردنی تەنیا مووچە)، کە هەرێمی کوردستان ئەمەی ڕەت کردووەتەوە. سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و وەرگرتنی پشکی تەواوەتی (12.67%)، کە ئەمە ئامانجی هەرێمی کوردستانە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت: كۆمەڵێك گروپی توندڕەو لەناو حكومەتی دیمەشق چارەسەرو رێككەوتنیان ناوێت، بە تایبەت ئەو گروپانەی كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیا كاریان كردووەو ئێستا تێكەڵاوی هێزەكانی حكومەت بوون، لە نمونەی، ئەوانەی ناویان لە خۆیان نابوو "سوپای نیشتمانی" ئەوانەی عەفرینیان و عەزازو ناوچەكانی تریان داگیركرد. مەزڵوم عەبدی لە چاوپێكەوتێندا لەگەڵ كەناڵی " aryen tv" وتیشی: ئەوانە ئێستا بوون بە بەشێك لە دەوڵەت و دژی ئێمەو دژی گەلانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن. وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك گروپی جیهادی هەن، ئەوانیش دیسان دژایەتیمان دەكەن و نایانەوێت ئارامی بەرقەراربێت. فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئاماژەی بەوەشكرد: زۆرێك لە نەیارەكانمان دەڵێن: رێككەوتنی (10)ی ئازارو كۆتایی ئەمساڵ، كۆتایی شۆڕشی رۆژئاواو هەسەدەیە، بەڵام ئێمە دەڵین، كۆتایی ئەمساڵ بۆ ئێمە سەرەتایە نەك كۆتایی، سەری ساڵی 2026 دەستپێكی نوێیەو پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوە دەبێت. ساڵی (2026) بۆ كوردان دەبێتە ساڵی یەكێتی نەتەوەیی، ئێمە لەهەموو كات زیاتر نزیكتر دەبین لەوەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان و دیاسپۆرا یەكێتی خۆیان رێكبخەن و كۆنگرەی نەتەوەیی خۆیان ببەستن و سیاسەتێكی هاوبەشیان هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان (2026) دەبێتە ساڵی ئازادی و ساڵی مسۆگەركردنی ستاتیۆی خۆی لە دەستوری سوریادا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وردەکارییەکانی کوشتنی عەقید زەید عادل، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی عەرەفەی شاری کەرکوک ئاشکرا دەکات و ئاماژەی بەوە دەكات، تاوانباران دوو برا بوون و لەگەڵ قوربانییەکە کاریان کردووە. وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەدواداچونی تیمی لێکۆڵینەوە، وردەكاری کوژرانی عەقید زەید عادل سوبەیح، لە پارێزگای کەرکوک ئاشکرا كراوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە پاڵنەرەکانی رووداوەكە تاوانکارییە، دوو كارمەندی پۆلیس کە هاوڕێی کوژراوەکەن، بەهۆی ناکۆکیان لەگەڵی، کوشتنەکەیان ئەنجامداوەو دواتر هەڵاتوون، دوای بڵاوکردنەوەی وەسفی ئۆتۆمبێلەکە و تۆمەتبارەکان، ناسنامەکانیان دیاریکرا، دەرکەوت کە یەکێکیان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی لە لەیلان خۆی کوشتووە، كەسی دووەمیش كە برایەتی دەستگیرکراوە و دان بەوەدا ناوە کە کوشتنەکەی ئەنجامداوە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لەوەكراوە: لە شوێنی تاوانەکە دەست بەسەر بەڵگەی مادیدا گیراوە، کە بەشداربووە لە ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی تاوانەکە و چارەسەرکردنی نهێنییەکەی، پشکنینی پزیشکی دادوەری ئەنجامدراو دەرەنجامەکان وەك یەك بوون.

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت." جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە بازنەی ئامەد، ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی بودجەی ساڵی 2026 رەخنەی لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت. چاندار، رووی دەمی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی کرد و گوتی: "داوا لە بەڕێز سەرۆککۆمار دەکەم، سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەت دابنێی. ئەو زمانەی بەڕێز وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، ئەو ئاماژانەی دەیکات و ئەو هەڕەشە ناڕاستەوخۆیانە، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت و نووسینەوەی ئەو داستانە ئەستەم دەکات کە بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان گوتی، هەموومان پێکەوە دەست بە نووسینەوەی دەکەین." هاکان فیدان، رۆژی پێنجشەممە 18-12-2025 لە لێدوانێکدا بۆ کەنالی TRT World ـی تورکی رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بکاتەوە، بەڵام هۆشداری دەدات کە بەهۆی دواکەوتنی پڕۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریا "ئارامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت." وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای کرد هەسەدە بگاتە ئەو خاڵەی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ـی ئادار جێبەجێ بکات و گوتی: "هەموو کەس چاوەڕێی ئەوە دەکات پابەندی ئەو رێککەوتنە بن بەبێ دواکەوتن و شێواندن، چونکە نامانەوێت هیچ لادانێک لەو رێککەوتنە ببینین." لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ (2025)، رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکهاتووە؛ یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا، کە تورکیا وەک مەرجێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دەستنەکردن بە ئۆپەراسیۆنی نوێ چاوی لێدەکات.

ئالدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)لە وەڵامی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا كە وتى، دان بەخۆگرتنیان بەرەو كۆتایی دەڕوات رایگەیاند: لەبنەمادا ئەگەر قسە لەسەر كۆتایهاتنی دان بەخۆگرتن بێت، ئەوا ئێمە جەخیتدەكەین لەوەی خەریكە دان بەخۆگرتنمان كۆتایی دێت، ئێمە دەیان ساڵە روبەڕوبەڕی ستەم و چەوساندنەوە دەبینەوە، دەمانەوێت سەرلەنوێ‌ وڵاتەكەمان بونیادبنێینەوە. ئالدار خەلیل، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "الحدث" رایگەیاند: وەزیری دەرەوەی توركیا وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیایە نەك وەزیری دەرەوەی توركیا، هێندەی ئەو دەستوەردان لەم پرسەدا دەكات و باس لە كۆتایهاتنی دانبەخۆداگرتن دەكات، وەزیری دەرەوەی سوریا قسەی لەسەرناكات. وتیشی: ئێمە هاوڵاتی سورییاین و دەتوانین لەنێوان خۆماندا كێشەكانمان چارەسەربكەین، بۆچی ئەو دەستوەردان دەكات، بۆچی دان بەخۆداگرتنی كۆتایی دێت، ئەو دەتوانێت وەك وڵاتێكی دراوسێتی رای خۆی بخاتەڕوو ئەگەر مەترسی هەبێت، بەڵام قسەكردن بەوشێوازە دەبێتە هۆی دروستكردنی بەربەست لەبەردەم چارەسەر، ئێمە دڵنیاین لەوەی ئەگەر دەستوەردانی توركیا نەبوایە تائێستا هەنگاوی گەورەمان بڕیبوو لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی (10) ئازار، بەڵام ئەوان دەستوەردان دەكەن بەشێوەیەكی نەرێنی.

سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت "مووشەکەکانی ئیسرائیل لە مووشەکە ئێرانییەکان بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بووە." ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیان لەبارەی جەنگی 12 رۆژی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە هێزی خەڵک بوو کە توانی لەو شەڕی 12 رۆژەدا دووژمنەکانمان زەلیل بکات و بێهیوایان بکات." پزیشکیان گوتی: "ئەوان [ئیسرائیل] هاتبوون وڵاتەکەمان پارچە پارچە بکەن، ئەوە خەڵک بوون کە وەستانەوە، راستە مووشەکەکانی ئێمە هەبوون، بەڵام ئەوان مووشەکەکانیان لە ئێمە زیاتر، بەهێزتر، وردتر و ئاسانتر بوو، بەڵام ئەوە خەڵک بوون بێهیوایان کردن." لە 13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوو وڵات کە 12 رۆژ بەردەوام بووە.  ئەمریکاش بۆ ماوەیەکی کورت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە جەنگەکەدا بەشداربوو.

هاکان فیدان وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لەبارەی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا دەڵێت:  هیوادارین دۆخەکە لەڕێی دیالۆگ و دانوستانەوە بە ئاشتی چارەسەر بێت. نامانەوێت هیچ پێویستییەک ببینین بۆ پەنابردن لە بەرکارهێنانی رێگەی سەربازیی.، دەبێت هەسەدە لەوە تێبگات ئارامی لایەن پەیوەندیدارەکان خەریکە نامێنێت. پیویستە هەسەدە رێز لە رێککەوتننامەی 10ـی ئازار بگرێت و تێکەڵ بە سوپای سوریا ببێت. تەواوی قسەکانی هاکان فیدان لەبارەی هەسەدە و ئەگەری دووبارە بەکارهێنانەوەی هێز دژی رۆژاڤا    

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، میدیاكانی توركیاو نزیك لە دەسەڵاتی دیمەشق، تەپۆزێكی میدیایی گەورەیان دروستكردووە بەبڵاوكردنەوەی جۆرەها پڕوپانگەندەی جیاواز بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ملدان بە مەرجەكانی دیمەشق، هەر لە تۆمەتباركردنی بەردەوامی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم و عەبدی ئەحمەد شەرع، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جوڵانی هێزی توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیمەشق و هەڕەشەی پەلاماری سەربازی بۆ سەر ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، وێڕای بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جیاواز و تەمومژاوی لەبارەى ئەو دانوستانە نهێنیانەی لە ئێستادا لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "Türkiye Today"  لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی كۆتایهاتنی جێبەجێكردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، دیمەشق دوا پێشنیازی خۆی پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کردووە، کە بریتیە لە نەخشەڕێگایەك بۆ یەکگرتن (13) خاڵ لەخۆدەگرێت. لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا ٣١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەك دوا  وادە بۆ جێبەجێکردنی دیاریکراوە. بەوتەی سەرچاوە توركییەكە، دیمەشق لە دوایین پێشنیازی خۆیدا کە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو چەقبەستووییە كردوویەتی، پێشنیاری ئەوە دەکات هێزەکانی سوریای دیموکرات لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا یەکبخرێن. هاوشانی ئەوەش، پێشنیازە نوێیەکە بڕگەیەکی لەخۆگرتووە کە تێیدا هاتووە فیرقەکانی دیکەی سوپای سوریا دەچنە ناو باکووری رۆژهەڵاتی سوریا. لەبەرامبەردا هێزەكانی سوریا دیموكرات پێداگری دەکات کە تەنها ئەو سێ فیرقە لە هێزەكانی پێکهاتوون، لە باکوری سوریا جێگیر بکرێن، رێگە نادات هێزەکانی حکومەتی سوریا بچنە ئەو ناوچانە. سەرچاوەكە دەڵێت: بۆ دیمەشق زۆر گرنگە هەڵوێستێکی بونیادنەر بۆ ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشان بدات بەوەی کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە. گەیشتووەتە ئەو ئاستەی دیمەشق ئەنكەرە رازی بکات کە نەرمی لە هەندێک وردەکاریدا نیشان بدات، سەرەڕای ئەو سازانەش، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە لە پێداگری لەسەر پاراستنی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدان. میدیا توركییەكە باس لەوەش دەكات، دوای ئەوەی هەسەدە پێشنیازێکی پێشوی رەتکردەوە، دیمەشق ئەم پێشنیازە نوێ (13)خاڵیەی ئامادەکرد، ئەم پێشنیازە گرنگە، چونکە ڕێگە بە هێزەکانی هەسەدە دەدات خۆی لە سێ فیرقە لەناو سوپای سوریادا رێکبخاتەوە. بەڵام پێدەچێت خاڵی سەرەکی مشتومڕەكە لەبارەی سنورەکان بێت، هەسەدە پێداگری دەکات لەسەر سنوردارکردنی بوونی سوپای سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و داوای ئەوە دەکات سێ فیرقەکەی تەنها لە رۆژهەڵاتی روباری فورات جێگیر بکرێن، ئەمەش هێڵی سورە بۆ  دیمەشق و ئەنكەرە. ئاماژە بەوەشدەكات: خاڵی دووەمی سەرەکی ناكۆكى نێوانیان پەیوەندی بە فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنەوە هەیە، دیمەشق پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو سێ فیرقەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریدا بن، لەکاتێکدا هێزەکانی سورياى دیموکرات هەوڵدەدات پێکهاتەیەکی فەرماندەیی سەربەخۆ بپارێزێت، ئەمەش بەشێوەیەکی کاریگەر سوپایەک لەناو سوپایەکدا دروستدەکات. لەلایەكی ترەوە، كەناڵی "روناهی" لەزار سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەرەوە ئاشکرای کردووە، حکومەتی کاتی، بۆ یەکەمجار، لە چوارچێوەی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازار، رەشنوسی نوسراوی دانوستانی پێشکەش کردووە. سەرچاوەکانی ئیدارەی خۆسەر ئەو رەشنووسەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پرۆسەی دانوستانەکاندا زانیووە، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی کاتی دیمەشق پێداگری لەسەر حوکمڕانی ناوەندی دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو رووبدات لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی دانوستان کە لە رێککەوتنی ١٠ی ئازاردا یان هەر پێشنیازێکی جەوهەری سەبارەت بەو خاڵانە.

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دەڵێت، ئێستا تەنیا چوار ناو وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە کێبڕکێدا ماونەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی، ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەک تاکە کاندید بۆ ئەم پۆستە ناوی دەهێنرێت. سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی 29ـی ئەم مانگەی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاریکردووە، بەپێی یاسا بەرکارەکان لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت؛ سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی سووننەکان و دوو جێگرەکەی کە یەکێکیان لە پشکی شیعەکان و ئەوی دیکەش لە پشکی کورد دەبێت. دکتۆرە ئایات موزەفەر نووری، ئەندامی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە: بازنەی کاندیدەکانی سەرۆکوەزیران بۆ چوار کەس کەمبووەتەوە، بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش لە پشکی شیعەکان، ئەحمەد ئەسەدی کاندیدی دەرچوو، سەرکردە لە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی و وەزیری ئێستای کاروباری کۆمەڵایەتی تاکە ناوە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە. دکتۆرە ئایات موزەفەر ناوی چوار کاندیدەکەی باس نەکردووە، بەڵام پشێتر ناوی نۆ کاندید بڵاوکرایەوە، بەر لە چەند ڕۆژێکیش ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە کێبڕکێکە لەنێوان ئەم چوار کاندیدەدایە: ٠ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی ئێستا. ٠ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر. ٠ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر. ٠ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق. عەلی بەیدەر، چاودێری سیاسی دەڵێت، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش کە پشکی سووننەکانە، مووسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم بەهێزترین کاندیدە و بەئەگەری زۆر ئەو دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، ئەویش بەهۆکاری ئەوەی لە ئاستی جەماوەری پشتیوانی دەکرێت و لای هەمووان قبووڵکراوە، جگەلەوەش ناوبراو خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددینە کە تاکە پارێزگای سوونییە هیچ سەرۆک پەرلەمانێکی پێشتر خەڵکی ئەو پارێزگایە نەبووە، بە ئەگەری زۆریش هەفتەی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی دەکرێتەوە.

مارک ساڤایا و جۆی ویڵسن، پێکەوە ئاڵای عێراق بەرزدەکەنەوە و رایدەگەیەنن: جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەنەوە. ماراک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوی کردەوە، چاوی بە جۆی ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا کەوتووە و کۆبونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە. ساڤایا نوسیویەتی: "کۆبونەوەیەکی زۆرباش بوو، جارێکی دیکە عێراق مەزن دەکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە، جۆی ویڵسن لە تۆڕی ئێکس نوسیوویەتی: خۆشحاڵ بووە بە میوانداریکردنی مارک ساڤایا نێردی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق لە نوسینگەکەم و کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەبارەی عێراقەوە ئەنجامداوە. ویڵسن، کە بە لێدوانە سەرنجڕاکێشەکانی لەبارەی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناسراوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات بۆ هێنانەدی خۆشگوزەرانی بۆ عێراق و رزگارکردنی لە ژێر کاریگەریی ئێران، وتووشیەتی: "هیچ کەسێک لەخۆی شایستەتر نییە کار لەسەر ئەو بابەتە بکات بۆ سەرۆک ترەمپ".  جۆی ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لەگەڵ نێردەی ترەمپ بڵاوکردەوە، هەردووکیان ئاڵای عێراقیان بەدەستەوەیە، ئاڵای ئەمەریکا و ئاڵای نوێی سوریاش لە پشتیانەوە دیارە. جۆی ویڵسن: دەبێت عێراق رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت رۆژی چوارشەممەی رابردوو (10ـی تشرینی یەکەمی 2025)، جۆی ویڵسن لە بڵاوکراوەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نویسیویەتی: "پێزانینم بۆ سەکردایەتی دۆناڵد ترەمپ و مارک ساڤایا هەیە کە دەیەوێت عێراق مەزن بکاتەوە و بە روونی ئەوەی راگەیاندووە چیتر پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران قبوڵ ناکرێت،" هەروەها نوسیویشیەتی: "کاتی ئەوە هاتووە عێراق لە دەستی ئێران ئازادبکرێت." جۆی ویڵسن داوا دەکات هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێت و نوسیویەتی: "عێراق دەبێت رێز لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگرێت و کۆتایی بە رێگەدان بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بهێنێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان." ئاماژەی بەوەکردووە: "عێراق دەرفەتێکی هەیە بۆ گەشەسەندن ئەگەر رەفتارەکانی بگۆڕێت،" سەبارەت بە رۆڵی کۆنگرێس لە پشتیوانیکردنی ساڤایا و سنوردارکردنی ئێران نوسیویەتی: "کۆنگرێس ئامادەیە پشتیوانی لە ترەمپ بکات بە زیادکردنی بڕگەیەکی نوێ لە یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتیمانی، ئەگەر عێراق هەنگاوی پێویست نەگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان، ئەوا پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق رابگیرێت، ئەوەش یەکەمجارە بڕگەیەکی هاوشێوە لە کۆنگرێس پەسەند بکرێت." وەک ویڵسن ئاماژەی پێدەکات، ئەوەش لە پێناو راگرتنی پارەی ئەمەریکییەکانە بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. سەبارەت بە رۆڵی مارک ساڤایا، کۆنگرێسمانەکە نوسیویەتی: "سوپاسگوزارم بۆ سەرکردایەتی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، کە دڵنیام ئەو یاسایانە جێبەجێدەکات، بە پێچەوانەی ئیدارەی شکستخواردووی جۆ بایدن کە بەرپرسە باڵاکانی ئیدارەکەی وەک برێت مەکگۆرک وەک پارێزەری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کاری دەکرد." سەبارەت بە هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، جۆی وێڵسن نوسیویەتی: "وەک لە چەندین بۆنەی دیکەدا ئاماژەم پێکردووە، عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە، ئاسایشی عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە سیستمی دادوەرییەکەی لەلایەن دادوەری گەندەڵ فایەق زێدان-ەوە بەڕێوەدەبرێت، پۆلیسەکەی لەلایەن گرووپەکانی بەدر و سیستمە سیاسییەکەی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بەڕێوەدەبرێن." "کاتێک ئەوە دۆخی عێراق بێت، گرنگ نییە کێ هەڵبژاردنەکان دەباتەوە یان کێ حکومەت دروست دەکات، چونکە ئێران رۆچووەتە نێو هەموو جومگەکانی عێراقەوە،" هەروەها نوسیویەتی عێراق دەبێت ئەم هەلە بقۆزێتەوە و رەفتارەکانی خۆی بگۆرێت، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، دەبێت هەنگاوی راستەقینە بۆ چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بگیرێتەبەر" ویڵسن وای نوسیوە.

ئەمریکا هۆشداریداوە و مارک ساڤایاش هەڕەشە دەکات واشنتن دەستی بە جموجوڵی نوێ کردووە بۆ جڵەوکردنی ئەو میلیشیایانە ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمجارە هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر میلیشیاکانی ئێران لە عێراق جیاوازە و بەراوشکاوی بە بەرپرسانی بەغدای گوتووە، رازی نابن ئەو میلیشیایانە هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێت، ئەگەر نا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەمدا کراوەیە و هێرشی ئاسمانیش یەکێک دەبێت لەو بژاردانە. واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتی داهاتووی عێراق بەبێ دەستوەردان و هەژموونی ئەو میلیشیایانە پێکبێت. رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێت، واشنتن کۆمەڵە سزایەکی تووندی ئامادەکردووە و لیستێکی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە کە ناوی کۆمەڵێک کەسی بەناوبانگی تێدایە کە ئێستا پەرلەمانتاران و نزیکن لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.  فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەمان شتی لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی حەدەس پستڕاستکردەوە و گوتی، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گروپە چەکدارەکانی رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات، بەڵکو بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات. پێش هەڵبژاردنی عێراق، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی هۆشداری بە بەغدا داوە بەهیچ جۆرێک دان بە حکومەتی نوێی عێراقدا نانێت ئەگەر تەنها یەک وەزارەتیش بدرێت بە میلیشیاکانی ئێران. مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ باسی لەمە کرد و پەیامێکی تووندی ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی عێراق کرد کە نەکەن بەهیچ شێوەیەک حکومەتی داهاتووی عێراق رادەستی میلیشیاکانی ئێران بکەن. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، مارک ساڤایا لە تۆڕی ئێکس نووسی: هیچ دەوڵەتێک سەرکەوتوو نابێت لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکان بەربەرەکانێی حکومەت بکەن و لە دەسەڵاتی دەربچن.  مارک ساڤایا بەراشکاوی پەیامی بۆ سەرکردە عێراقییەکان نارد و گوتی: بڕیاری داهاتووی عێراق لەدەست خۆتانە و ئێوە بڕیار دەدەن وڵاتەکە بەرەو سەروەری هەنگاو بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ پەرتبوون و لاوازی. ئەگەر بڕیارێکی دروست و عاقڵانە بدەن ئەوا عێراق پێگەیەکی سەقامگیر و رێزلێگیراوی لەنێو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەڵام ئەگەر وانەکەن رووبەڕووی داخزانی ئابووری، شپرزەیی سیاسیی و پەراوێزبوونی نێودەوڵەتی دەبنەوە.  میلیشیاکانی عێراق لە مارک ساڤایا تووڕەن و بە "خیانەتکار" ناویدەبەن. لەم هەفتەیەدا ئەبو عەلی عەسکەری، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵا هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی عێراقدا کە مامەڵە لەگەڵ "ساڤایای خیانەتکار" نەکەن، ئەگەر نا خەڵک وەک داردەستە و ئامرازی ئەمریکا سەیرتان دەکەن. گرووپەکە پێشتریش هەڕەشەی ناردنەوەی ساڤایای بۆ ئەمریکا کردووە. هەر ئەمەش نییە، ئەکرەم ئەلکەعبی، سەرۆکی حەرەکاتی نوجەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کرد و گوتی: ئەگەر ساڤایا بێدەنگ نەکەن، خۆمان دێین و بەردێک دەخزێنینە ناو دەمی. پێشتر پیت هێگسس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تووندترین هەڕەشەی لە حکومەتی عێراق کرد و گوتی: هەر دەستوەردانێکی گرووپە میلیشیاکان لە کاروبارەکانی ئەمریکادا، وەڵامەکەی هێرشی تووند دەبێت و ئێستا ئەو گرووپانە لەبن دەستماندان.  هێگسس لە پەیوەندییەکی تەلەفونی 11 خولەکیدا ئەمەی بە هاوتا عێراقییەکەی گوت و لە کۆتە قسەشیدا گوتوویەتی: ئەمە دواین ئاگادارکردنەوەیە و خۆت باش دەزانیت ئیدارەی ئێستای ئەمریکا وەڵامی چۆن دەبێت.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای راگەیاند، سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی شەش گەریلای ئاشکرا کرد کە خەڵکی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوای کوردستانن و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیادا لە ناوچەی زاپ گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە، ناسنامەی ئەو گەریلایانە بەمشێوەیەیە: - میلاد شێرکۆ زێڕین (دەنگتاڤ گیڤارا) - لەدایکبووی سنە - سەما داڵچیچەک (راپەڕین کاراز) - لەدایکبووی ئامەد - دیلشاه ئەحمەد (نوژیان ئاگیت) - لەدایکبووی تربەسپی - ئەحمەد فورکان کایا (رۆنی چیا ئالیداش) - لەدایکبووی ئامەد - حەسەن عەلی ئالیسوو (باوەڕ قامشلۆ) - لەدایکبووی قامشلۆ - مستەفا سەیدۆ (دڵسۆز کۆبانێ) - لەدایکبووی کۆبانێ ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو گەریلایانە تێیدا گیانیان لەدەستداوە، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (چنگ - قوفڵ) کە سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردبوو. راگەیاندنی ناسنامەی ئەم گەریلایانە لەکاتێکدایە، تورکیا و پەکەکە لە قۆناخێکی نوێی "پرۆسەی ئاشتیدان". رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پرۆسەکە دەستیپێکرد و دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت. وەک وەڵامێک بۆ ئەو داواکارییە، پەکەکە لە ئایاری 2025ـدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری، رۆژی 6ـی ئابی 2025، کۆمسیۆنی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە ئەندامێتی 51 پەرلەمانتار لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنرا و تاوەکو ئێستا دەیان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.