بەگوێرەى میدیاکانى یەکێتى، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 11-10-2025، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵا کۆببێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی مووچە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نەوتی. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگاتە بەغداد و راستەوخۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی نێوان هەولێر و بەغداد. بەپێی زانیارییەکان، ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، کە بە ئەندازیاری رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغداد دادەنرێت، بریتییە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لە بەردەمیدا، بە ئامانجی زیاتر لێک نزیککردنەوەی هەردوو حکومەت. هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی، داوای ناردنی بەپەلەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات. هەروەها داوا دەکات کە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە رێکبخرێتەوە، بە جۆرێک کە مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق پێکەوە و لە یەک کاتدا مووچەکانیان وەربگرن. جگە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارە لەم سەردانەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی چاوی بە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حیزبی و حکومیی دیکە لە بەغداد بکەوێت.
دانیشتوانی شاری غەززە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ پشکنینی ماڵەکانیان کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە وێران بوون، تووشی شۆک بوون: "ناتوانین ماڵەکانمان بناسینەوە و شەقامەکان هێماکانی خۆیان لەدەستداوە". هەر لەو ساتەوەی کە سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، دواى زیاتر لە دووساڵ هەزاران ئاوارە لە باشوورەوە بەرەو باکوور گەرانەوەو پشکنینیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان مابووەوە، کە لە داروپەردوودا کورتکرابووەوە. تەنانەت هەندێکیان بە پێ شەقامی ڕەشیدیان تێپەڕاندووە، گەشتێک کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێی ڕاهاتوون. بەگوێرەی ئاژانسەکانى هەواڵ هەندێکی دیکەش لەهاوڵاتیانى غەززە گەڕاونەتەوە بۆ وێرانەکانی ماڵەکانیان لە خان یونس لە باشوور. هەموو دانیشتوانی باکووری غەززە ئاوارە بوون لە دوای هێرشی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە بووە هۆی شەڕی ئیسرائیل لەو ناوچەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە بۆ داروپەردوو بچووک بووەتەوە. گرتە ڤیدیۆییە ئاسمانییەکان بەشێکی بەرفراوانی زەوی نیشان دەدەن کە جگە لە وێرانە هیچی تریان نییە. ژێرخانی نییە و کارەبا و ئاوی خواردنەوە نییە. ئەحمەد ئەبو وەتفا دەڵێت: "دوعا دەکەم خوای گەورە خەم و ناڕەحەتیمان لابدات و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەگەر خانووەکانیش وێران بکرێن، ان شاءاللە دەگەڕێینەوە". لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕانەوەی خەڵک بۆ باکوور، دۆزینەوە تاریکەکان لەوێ چاوەڕێیان دەکرد. گرتە ڤیدیۆییەکانی شارەکە دەریدەخەن کە زۆرێک لە بینا فرە نهۆمیەکان بە تەواوی تەخت بوون و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی تەقینەوەکانەوە لەیەکتر جیابوونەتەوە. وا دیارە تەواوی ناوچەکە بە تۆزی خۆڵەمێشی داپۆشراوە، زۆربەی کات هیچ ڕەنگێکی دیکە دیار نییە. محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە باکور بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی تەرمی لانیکەم ٣٣ فەلەستینی لە شاری غەززە دەرهێنراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی ئەو شارە کشایەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت ناسنامەی بەشێک لە تەرمەکان دەستنیشان بکرێت، هەر بۆیەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و تیمەکانی پزیشکی دادوەری دەتوانن پشکنینیان بۆ بکەن هاوکات مەحمود باسال وتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە ئێوارەی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە "نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەن کە گەڕاونەتەوە باکوور". وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگە بە خەڵک دراوە لە باشوورەوە بەرەو باکوور لە ڕێگەی شەقامی ئەلڕەشیدی کەنار دەریا و ڕێگای سەڵاح الدین لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە جوڵە بکەن.
ڕۆژنامەی دى زێتى ئەڵمانى بە ڕاپۆرتێک وردەکارى ژیانى شاراوەى بەشار ئەسەد سەرۆکى پێشووى سوریاى لەشارى مۆسکۆى پایتەختى ڕوسیا ئاشکرادەکات، بەپێى ڕاپۆرتەکە ئەسەد بە ئازادی بەدەوری مۆسکۆدا دەسوڕێتەوە، سەردانی مۆڵێک دەکات و چەندین کاتژمێر یاری کۆمپیوتەر دەکات. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا بەشار ئەسەد دیکتاتۆری سوریا بەرەو مۆسکۆ هەڵهات ، ئەمەش لە ناوەڕاستی کودەتایەکدابوو لە وڵاتەکەیدا کە ئەحمەد شەرعی هێنایە سەر دەسەڵات . ئێستا دوای نزیکەی ١٠ مانگ، ڕۆژنامەی دی زەیت ئەڵمانی توانیویەتی بگاتە شوێنی مانەوەو خۆ حەشاردانی ئەسەد لە پایتەختی ڕووسیا - کە ئاسمان ڕوتێکی لوکسە، کە خێزانەکە خاوەنی نزیکەی ٢٠ (یەکە) شوقەن لە سێ نهۆمدا. ئیستا بە تەواوی لە ژێر دەسەڵات و چاودێرى ڤلادیمێر پوتین و حکومەتى ڕوسیادا، بەگوێرەی زانیارییەکان، پوتین "کۆنتڕۆڵى تەواوى لەسەر جموجوڵ و زانیاریەکانى داناوە ئەمەش بە وتەی ڕۆژنامەنووسێکی عەرەب کە قسەی لەگەڵ رۆژنامە ئەڵمانیەکە کردووە. ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە قسەی لەگەڵ خ. کردوەو باسى ئەوەى کردووە کە ئەو لە "خێزانێکی کاریگەری سوریی" لەدایک بووە و لە منداڵیدا زۆرجار میوانی ماڵی بنەماڵەی ئەسەد بووە. لە تەمەنی گەورەییدا وەک ئەفسەرێکی پلە باڵا لە سوپادا کاری کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەسەد لە ساڵی 2012 هەوڵیدا لەناویببات، ژمارەیەک پاسەوانی کوژراون، پاشان بڕیاریداوە سوریا بەجێبهێڵێت، بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە هێشتا ڕژێمی نوێ وەک بەشێک لە "نوخبەی کۆن" سەیری دەکات. خ ـ بەرپرسە سوریەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زانیاریانەی لەگەڵ ڕۆژنامەکە ئاڵوگۆڕ کردووە لە "سەرچاوەی متمانەپێکراو"ەوە وەریگرتووە هەروەها ووتوشیەتى: ئەو و خێزانەکەی دەتوانن بە ئازادی لە مۆسکۆ جوڵە بکەن، ئەوان پاسەوانی کۆمپانیایەکی تایبەتی ئاسایش دادەمەزرێنن، کە لەلایەن حکومەتی ڕووسیا پارەی بۆ دابین دەکرێت. ئەو وتویەتى: ئیستا بەشارو بنەماڵەکەى لە سێ شوقەدا دەژین لە تاوەرێکدا کە مۆڵێکی بازرگانی لە ژێرەوەیە، ناوبەناو سەردانی ئەو شوێنە دەکات. جگە لەوەش هەمان کەس ئاشکرایکردووە کە "ئەسەد چەند کاتژمێرێک بە یاری ڤیدیۆیی ئۆنلاین بەسەر دەبات". بەوتەى هەمان سەرچاوە، باری تەندروستی ئەسمای هاوسەری ئەسەد لەڕادەبەدەر خراپە. لە ساڵی ٢٠١٨ تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و چاکبووەتەوە، بەڵام لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤ نەخۆشییەکە گەڕایەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بارودۆخی بە "ناجێگیر" دادەنرێت. جگە لەوەش، خ ئاماژەی بەوەشکردووە، ماهیر، برا بچووکەکەی ئەسەد، لە هۆتێلی فۆڕ سیزن لە شارەکەدا دەژی و "کاتەکانی بە سەرخۆشبوون و جگەرەکێشانی نێرگەلە بەسەر دەبات". سەرەڕای ئەو نهێنییە گەورەیەی کە لە دەوری حەشارگەی دیکتاتۆرە شاراوەکەدا هەبوو، ستافی ڕۆژنامەکە توانیان بچنە ناو بیناکەو لەوێ بریکارێکی خانووبەرەی ناوخۆییان ناسیوە کە بەناوی ساختەی ناتاشا خۆی ناساندوە. ئاماژە بەوەکراوە، ناتاشا لە هۆڵی چوونە ژوورەوە چاوەڕێی ستافى ڕۆژنامەکەى کردوەو چەند شوقەیەکى پیشان داون لەڕووی بەرزی و دیزاینەوە هاوشێوەی شوقەی بنەماڵەی ئەسەدبووەو بە گوتەی ئەو، "زۆرێک لە سیاسەتمەداران بیانییەکان لەم تاوەرانەدا دەژین. لە نهۆمی ٦٧، ناتاشا بە کارت و کۆدەکەی کردەوە. "شووقەکە مۆبیلیاتی تێدایە و بە تەواوی گونجاوە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕۆژێک چێژیان لە کۆشکەکانی دیمەشق، ئەبوزەبی یان دوبەی وەرگرتووە. دولابی جل و بەرگ لەگەڵ چوارچێوەی زێڕین، دارە بەنرخەکان و قەنەفەی فراوان، هەروەها جێگەی نوستن و جێگەی شەوانە و ئاوێنەی ماکیاژ هەموویان مۆدێرن." بەپێی ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە، "چێشتخانەکەى بریقەدار و مۆدێرن بووە، لەگەڵ چەندین ئامێری دروستکراوی ئەڵمانی. هەموو ژوورەکان تەلەفزیۆنی گەورە و بڵندگۆی ناوەوە و پەنجەرەی ئەرز تا سەقفیان لەسەر ئاستی هەورەکان هەیە، ئەوەی جێگەی سەرنجە، حەمامەکەیە. هەمووی مەڕمەڕی کارارایە. بانیۆیەکی زەبەلاح و گەرمکراوی سیرامیک لەبەردەم پەنجەرەکەدا هەیە کە بەرزییەکەی چوار مەتر دەبێت". لە مانگی شوباتدا، لە هەنگاوێکی نائاساییدا، کوڕەکەی حافز کورتە ڤیدیۆیەکی لە مۆسکۆوە بڵاوکردەوە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە - ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فۆڵۆوەرەکانی هەوڵبدەن بە تەواوی بزانن لە کوێی شارەکەدایە. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە حافز بەناو گەڕەکێکی ئاست بەرزی مۆسکۆدا دەڕوات، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە دوای هەڵهاتنی، و باسی ساتەکانی پێشووی دەکات. ئیدیعای کرد: هیچ پلانێک نەبوو، تەنانەت یەدەگیش نەبوو بۆ ئەوەی دیمەشق بەجێبهێڵێت، چ جای سوریا. دوای ئەوەی باوکی سەدان هەزار خەڵکی خۆی کۆمەڵکوژ کرد، ئەسەد جونیۆر وتی: لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا سوریا بە هەلومەرجێکی سەختدا تێپەڕیوە کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا بەسەریدا تێپەڕیوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە پێش ئەوەی ئەو ڕووداوانەی کە بوونە هۆی ڕووخانی ڕژێم دەستپێبکات، بۆ تەواوکردنی تێزی دکتۆرای خۆی گەیشتە مۆسکۆ، لە کاتێکدا دایکی ئەسما لەو کاتەدا دوای چاندنی مۆخی ئێسک لە پایتەختی ڕووسیا بوو. ڕوونیشیکردەوە، بڕیاربوو بۆ ماوەیەک لەو شارە بمێنێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بە بڕوانامەکەی، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی سوریا، لە 1ی کانونی یەکەمدا گەڕایەوە دیمەشق بۆ ئەوەی لەگەڵ باوکی و کەریمی برای بێت. دایکی بۆ تەواوکردنی چارەسەرەکەی لە مۆسکۆ مایەوە و خوشکەکەی بەناوی زەین ئەسەد لەگەڵیدا مایەوە. نووسیویەتی، لە ٧-٨ی کانوونی دووەم، ئەو ڕۆژانەی کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستبەسەرداگرتنی شارە سەرەکییەکانی سووریا و دیمەشقیان تەواو کرد، ئەو هێشتا لەو وڵاتە بوو و تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکرد کە کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە خێزانەکەی پێشتر هەڵاتوون، وێنەی خۆی لە پارکێکی ناوخۆیی گرتووە و وێنەکەی بڵاوکردووەتەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە هیچ ئامادەکارییەک و هیچ شتێک نەکراوە کە ئاماژە بە ڕۆیشتنیان بکات، تا "بەرپرسێکی ڕووسی" هاتە ماڵەکەیان و داوای کرد سەرۆک ئەسەد بچێتە لازقییە - کە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا هەڵکەوتووە. لە پۆستەکەدا نووسیویەتی "بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق بەڕێکەوتین، نزیکەی کاتژمێر ٣ی بەیانی گەیشتینە فڕۆکەخانەکە لە کارمەندان چۆڵ بوو، لەنێویاندا تاوەری کۆنترۆڵ". "پاشان بە فڕۆکەیەکی سەربازی ڕووسیا چووینە لازقییە، لەوێ پێش بەیانی لە فڕۆکەخانەی خمەیمیم نیشتوینەتەوە".
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: بەمنزیکانە لیژنەیەکی سەربازیمان سەردانی دیمەشق دەکات، گفتوگۆ لەسەر گرێدانی هەسەدە بە هێزەکانی سوریا دەکەین. لە یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، یەکینەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر(YAT) نمایشێکی سەربازییان ئەنجامدا و تیایدا مەزڵوم عەبدی باسی گرنگی خەباتی هەسەدەی کرد و جەختی لەسەر پاراستنی گەل و نیشتمان کردەوە. مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: هێزەکانمان رۆڵێکی کارا دەگێڕن لە چوارچێوەی سوپا بۆ روبەڕوبونەوەی نیرۆر لە سەرتاسەری وڵات و دەبنە سەرچاوە هێز بۆ سوپا. لە 10ـین ساڵیادی دامەزراندنی هەسەدە کە دەکاتە 10ی 10، مەزڵووم عەبدی پەیامێکی بڵاوکردەوە و پابەندبوونی خۆی بۆ بوون بە بەشێک لە سوپای سووریا و بەرگریکردن لە ناوچەکە دژی تیرۆریستان دووپات کردەوە. ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، ئاگربەستی دەستبەجێی بەدرێژایی هەموو هێڵەکانی پێشەوە لەگەڵ هەسەدە لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، ئەوەش دوای دیداری مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا و ئەبو قەسرە لە دیمەشق.
ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان ڕایگەیاند چاوەڕندەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا شاندێک کە لە پێنج کەس پێكدێت سەردانی ئیمراڵی بکات، ئاماژەی بەوەشدا ڕێبەر ئاپۆ چاوەڕیی ئەوەیە کۆمیسیۆن دەستبەجێ بچێتە لاى ئەوو هاوکاری لە خێراکردنی پرۆسەکە بکات. پەیوەست بە ئێستای پرۆسەکە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بەشداری بەرنامەی 'گوندەم'ـی مەدیا خەبەر تیڤی بوو. بوڵدان دەربارەی دیدارەکەی ٣ـی تشرینی یەکەم کە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام درا زانیاری خستەڕوو. پەروین بوڵدان گوتی: "وەک شاندەکە سەردانی ئیمراڵیمان کرد. بەڕێز ئۆجالان چالاک، بە مۆراڵ و بە خۆ باوەڕبوو. دیدارێکی درێژ و بەرهەمدارمان ئەنجام دا. ئۆجالانێکی تەندرووست، بە بڕیار و بە جۆشمان بینین." بوڵدان ڕایگەیاند لەگەڵ زیندانیانی دیکەی ئیمراڵییدا دیدارێکی کورتیان پێکهێناوە و ئەمەی گوت: "هەڤاڵ حامیلی یەڵدر نەشتەرگەرییەکی بچووکی تێپەڕکردبوو، بەڵام کاتێکی هاتنی ئێمەی بیست بەشداری دیدارەکە بوو. تەندرووستی زیندانییەکانی دیکەش باش بوو. لە هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالاندا هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە." بوڵدان لە هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە ئەمەی گوت: "ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن پرۆسەکە پەکی کەوتووە دوورن لە ڕاستییەوە. هەرچەندە لەسەرخۆیش بێت، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە. باشترکردنی هەلومەرجی کارکردنی بەڕێز ئۆجالان زۆر گرنگە. کاتێک هەلومەرجەکە گۆڕا دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەشدری پرۆسەی ئاشتی ببێت." 'دەبێت هەردوولا بە خێرایی پێکەوە هەنگاو بنێت' بوڵدان باسی لەوەکرد ڕێبەر ئاپۆ لە کۆتا دیداردا گوتی پرۆسەکە لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە و ئەمەی گوت: "بەڕێز ئۆجالان گوتی پێویستە پێکەوە هەنگاوی گرنگ بگیرێتەبەر، بە گرنگی تیشکی خستەسەر بابەتەکە. هۆشداریشیدا لەوەی گەر پێکەوە هەنگاوەکان نەگیرێتەبەر، ئەوا گرووپ و لایەنە دژەکانی پرۆسەکە بەهێزتر دەبن، هەموو کاتێک ئەم هۆشدارییە ئەدات. هەڵسەنگاندنی ئەوانەی کە دەیانەوێت پرۆسەکە تێکبدەن و ڕێگری بۆ درووستکەن و تا ئاستی کودەتاش دەکرێت بڕوات. دەمەوێت بڵێم نابێت پرۆسەکە دوابخرێت، پێویستە پێکەوە هەنگاوی خێرا بنرێت و ئاوا خاو بەڕێوەچوونی پرۆسەکە جێگەی 'مەترسییە'. لە دیدارەکاندا هەمیشە جەخت لەسەر ئەمە کراوەتەوە. شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆن ڕەخنە دەکەین. هەمووکات دەڵێین دەبێت هەنگاوی پێویستی یاسایی بنرێت و گرنگە بۆ هەموارکردنەوەی یاساییش راوەستە بکات. پێویستە هەستیارییەکانی پرۆسەکە تێپەڕ بکرێت. ڕەنگە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم هەستیارایانە پرۆسەکە بە هێواشی بڕوات، بەڵام دەبێت هەم لە هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالاند گۆڕانکاری بکرێت و هەمیش پرۆسەی کۆمیسیۆن خێراتر ببێت و کارەکانی بە کۆتا بهێنێت. هاوکات کەوتووینەتە قۆناغێکەوە کە دەبێت چوارچێوەی یاسایی داڕێژرێت. بێگومان کۆمەڵگەیش لە نزیکەوە ئەم گۆڕاکاریانە دەبینی. لە لایەکەوە بێباوەڕەییەک بە پرسەکە هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لە کۆمەڵگە هەن ڕەنخەی توند دەکەن. دەیڵێمەوە دەبێت هەردوو لایەن پێکەوە هەنگاوی خێرا بنێنن." "پێویستە کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی" پەروین بوڵدان ڕایگەیاند، ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا لە پەرلەمان دامەزرا، بەرەو کۆتایی قۆناغی گوێگرتن دەچێت و لەوانەیە هەفتەی داهاتوو بە گوێگرتن لە ژنان و گەنجان، ئەم قۆناغە بە تەواویی کۆتایی پێ بێت. بوڵدان ئاشکرای کرد، کە کۆمیسیۆن لە بەردەوامییدا جارێکی تر گوێ لە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن دەگرێت و وتی: "دوای ئەوە باس لەوە دەکرێت، کە قۆناغی گوێگرتن کۆتایی دێت. هیوادارین دواتر کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا بکات. لەو بارەیەوە بەڕێز ئۆجالانیش خاوەن هیوایەکی گەورەیە. لە دوایین دیدارماندا جارێکی تر بۆچوونەکانی لەسەر کۆمیسیۆن و ئەرکەکانی و چوونی بۆ ئیمراڵی خستەڕوو. ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە زۆر گرنگە. لە چەند دیداری ڕابردوودا ئەمەی بە شێوەیەکی بەردەوام باسکرد. ئەو لە نزیکەوە چاودێریی کارەکانی کۆمیسیۆن دەکات. لە هەموو دیدارێکدا، بەتایبەت لە شاندەکەی ئێمەوە، زانیاری لە بارەیەوە وەردەگرێت. لە کۆتا دیداردا ڕایگەیاند، کە ئەو ئاگادارە کە کات زوو تێدەپەڕێت و وتی، 'پێویستە کۆمیسیۆن بێتە ئیمراڵی.' بەڕێز ئۆجالان داوای ئەوە دەکات، کە ڕیتمی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری خێرا بکرێت. ڕایگەیاند، کە چوونی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی دەتوانێ ئەم ڕیتمە خێرا بکات. پێویستە کۆمیسیۆن دوای گوێگرتنەکان دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا بکات، بەڕێز ئۆجالانیش چاوەڕێی ئەوەیە. تاوەکو ئێستا بەروارێکی ڕوون بوونی نییە. هیوادارین کە دوای یەک بۆ دوو هەفتەی تر، دوای کۆتاییهاتنی گوێگرتنەکان، شاندە پێنج کەسییەکەی ناو کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی." "پلان وایە شاندێکی پێنج کەسی بچێت" پەروین بوڵدان دەربارەی ئەندامانی کۆمیسیۆن کە چاوەڕوان دەکرێت بچنە ئیمراڵی هەڵسەنگاندنی کرد و وتی: "پلان وایە کە شاندێکی پێنج کەسی، کە لە نوێنەرانی پارتە خاوەن گرووپەکان پێک دێت بچێت. ئەو زانیارییانەی کە پێمان دراوە ئەوەیە. لە پەرلەمان ئەو پارتانەش هەن، کە گرووپیان نییە، ئەوانیش لە کۆمیسیۆندا بەشدارن. بەڵام ئەوەی کە داوا بکرێت لەو کەسانە ئاخۆ بچن یان نا، زانیارییەکی تەواو بوونی نییە. بەڵام لەبەرئەوەی نوێنەرانی پێنج پارتی سیاسی هەن، کە گرووپیان هەیە، بێگومان لە هەر یەک لەوان کەسێک دەچێت. ئەوەی کە ئاخۆ ئەوانەی گرووپیان هەیە بچن یان نا، دەمەوێت ڕایبگەیەنم کە هیچ شتێکی ئاشکرا لەم بارەیەوە بوونی نییە. ئەگەری چوونی بەڕێز نوعمان کورتولموش بۆ دوورگەکە بوونی نییە. شتێکی وەها باس نەکراوە. بەڕێز ئۆجالانیش باسی لەوە نەکرد. تەنها پلانی ئەوە هەیە، کە شاندە پێنج کەسییەکە، کە لە ئەندامانی کۆمیسیۆن پێکدێت، بچێت."
میدیاکانی ئێران ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە، کە باس لە تیرۆرکردنی ژەنەراڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەکەن. ڕاشیگەیاند، ئەو هەواڵانە لەلایەن چەند هەژمارێکی سۆشیال میدیای سەر بە ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک هەژماری سەر بە ئیسرائیل بڵاوبوونەتەوە "درۆن" و هیچ بنەمایەکیان نییە. بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە، ئەمە یەکەمجار نییە دەنگۆی لەو شێوەیە بڵاودەکرێتەوە و لە دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023وە، ئیسرائیل چەندان جار هەواڵی هاوشێوەی لەبارەی قائانییەوە بڵاوکردووەتەوە. تەسنیم ئاماژەی بەوەشکردووە، هەژمارێکی دیاریکراوی سەر بە مۆساد بە ناوی "ئاگاداریی تیرۆر" (Terror Alarm) بەشدارە لە تێکەڵکردنی هەواڵی ڕاست و درۆ بە مەبەستی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆنی دەروونی" بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، نەک تەنیا گەیاندنی زانیاری.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند بەڵێنی بە بنەماڵەی ئەو کەسانە داوە کە لەکەرتی غەززە بە دیل گیراون، بەبێ جیاوازی هەمووان دەگەڕێندرێنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە بەڵێنەکەمان جێبەجێ دەکەین". سەرۆکوەزیران نەتانیاهۆ جەختى کردەوە کە ئێمە لە هەموو لایەکەوە گەمارو فشارمان لەسەر حەماسەو دەستمان بەسەرداگرتووە تا قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە - حەماس بە هەر ڕێگەیەکی پێویست هەڵدەوەشێتەوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوە ئاسان نەبوو، لە ناوەوە و دەرەوەش ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بوومەوە، سەرنجم لە هەموو کاتێکدا ئاسایشی ئیسرائیل و گەڕانەوەی سەربازە ڕفێنراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانی ئێران و قۆڵەکەی حەماس بوو". ناتانیاهۆ کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمیشە وتوویەتی کە ناتوانرێت سەربازە ڕفێنراوەکان بگەڕێنرێنەوە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی حەماس ببنەوە ، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر حەماس بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە و "چەکداماڵینی". ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس) پێشتر ڕەتیکردۆتەوە دەستگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە و کاتێک هەستی کردووە پەتەکە لە دەوری خۆی توندتر دەبێتەوە، بەپێی ئیدیعای خۆی، بەو ڕێککەوتنانە ڕازی بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شتانەی لە سوپا و دەزگا ئەمنییەکان ناوی بردووە بە "پاڵەوان" بیری هێناوەتەوە، سڵاوی لە کەسوکاری کوژراوەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆیان ڕاگەیاندووە. لە هەمان کاتدا نەتانیاهۆ وتی، هەرکەسێک بڵێت ئەم گرێبەستە پێشتر لەسەر مێز بووە، تەنها درۆ دەکات. ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ئەمڕۆ لە زاری گێرشۆن باسکین، دانوستانکاری سەربەخۆی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو ڕێککەوتنەی دوێنێ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا، زیاتر لە ساڵێکە بە هەمان شێوە لەسەر مێزەکە بووە، هەروەها حەماس قبووڵی کردووە لەکاتێکدا نەتانیاهۆ ڕەتیکردووەتەوە. ناتانیاهۆ گوتی: تا ئێستا ئاڵنگاری گەڕاندنەوەی تەرم و بارمتەکانمان لەبەردەم دایە، دەشڵێت: هەموو دەرفەتەکانی بەردەم حەماسمان لەباربرد و غەززە لە چەک دادەماڵدرێت، حەماسیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە دانووستانەکانی ڕابردوو یاریی پێکردوون. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە و تیمەکەی کرد کە هاوکار و پشتیوانی ئیسرائیل بوون هەمیشە، دەشڵێت: جەنگ کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەداین لە ناوچەکەدا، سوپای ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە دەمێننەوە تا ئەو کاتەی حەماس چەک دادەنێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە سوودانی بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەران بدات و تەیف سامیش نووسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەربکات. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 7ـی 10ـی 2025 لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ سێ وەزیری کورد ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت دا. لیستی مووچەی مانگی نۆ ئامادەیە و وردبینی بۆ کراوە، لە هەفتەی داهاتووەوە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەستپێبکات، چاوەڕوانیش دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت. هەفتەی ئایندە لە شارەکانی دیکەی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکرێت. هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە مانگێکی ماوە دوو موچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. ئەگەر هەفتەی داهاتوو، بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت و ڕێکارەکان وەک مووچەی مانگی حەوت بن ئەوا ناردنی مووچە دەکەوێتە 10 ڕۆژی دیکە. ئەگەر بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سوودانی بڕیاری ناردنی مووچە بدات تا پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو مووچە دەگات.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥ بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا کە بە “خاتوونی ئاسنی ڤەنزوێلا” ناسراوە، هەروەها، ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢٤ خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیرکردنەوە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەرگرت ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵەکانی بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا نیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی راگەیێندراو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەڵاتەکەی پێنەدرا. لە بەرامبەردا، بەخشرایە ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزیولا. کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج دەڵێت، خەڵاتەکە دەبەخشرێتە ماریا کۆرینا ماچادۆ "لە پێناو تێکۆشانە بێوچانەکەی بۆ ئاشتی لە ڤەنزوێلا و جیهاندا، ئەمە دانپێدانانێکی دادپەروەرانەیە بە کەسێک کە نزیکەی سەرجەم ژیانی خۆی بۆ خەبات لە پێناو ئاشتی و رزگاری تەرخان کردووە". هەروەها دەڵێت، "لە پێناو سەرکردایەتییە ئازا و خۆنەویستەکەی، و پابەندبوونی بێ وچانی بە گەیشتن بە ئاشتی و بەها دیموکراسییەکان، کە سەرنج رادەکێشێتە سەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی رژێمی مادۆرۆدا" خەڵاتەکە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج راگەیێندرا. کێبڕکێکە تووند بوو، 338 بەربژێر کە 244 کەسایەتی و 94 رێکخراو بوون، رکابەرییان لەسەر بەدەستهێنانی کرد. دۆناڵد ترەمپ یەکێک بوو لەو ناوانەی کە ئەم ساڵ زۆرترین قسەی لەسەر دەکرا و لە لایەن هەریەک لە ماڵتا، کەمبۆدیا، رواندا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، ئیسرائیل و پاکستانەوە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە بەربژێر کرابوو. ترەمپ خۆیشی چەندین جار گوتبووی کە شایانی خەڵاتەکەیە. خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە یەکەم جار لە ساڵی 1901 بەخشرا، رێز لەو کەس و رێکخراوانە دەگرێت کە "گەورەترین یان باشترین کاریان بۆ پتەوکردنی برایەتیی نێوان نەتەوەکان، هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی سوپا چەکدارەکان و بەڕێوەبردنی کۆنگرەکانی ئاشتی" ئەنجامداوە. براوەی خەڵاتەکە مەدالیایەکی زێڕین، بڕوانامەیەک و خەڵاتێکی نەختینەیی وەردەگرێت، کە لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە رۆژی 10ی کانوونی یەکەم، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی ئەلفرێد نۆبڵ، دامەزرێنەری خەڵاتەکە، لە ئۆسلۆ پێشکێشی دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا داوا دەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سزاکانی سەر سووریا و نوێنەرانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێنتەوە. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕایگەیاند: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرانبەر داعش ڕێگاکەی بگۆڕێت، حکوومەتی سوریا خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی ئەم ڕێکخراوە بیکات. فیدان گوتی: بۆ ئەوەی دژی ئەم ڕێکخراوە ئۆپەراسیۆنی بەردەوام هەبێت پێویستە پاڵپشتی سووریا بکرێت، هەربۆیە تورکیا پاڵپشتییەکی بەهێز و بەردەوامی دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) بە بیانووی شەڕی دژی داعش خۆی لە سووپای سووریا جودا کردووەتەوە پێویستە واز لەم جودایە بهێنێت و تێکەڵ بە سووپای وڵاتەکەی بێتەوە. باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکانمان دا، بە شێوەیەکی گشتگیر هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەو هەنگاوانە کرد کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار ئازاردا دەگیرێنەبەر. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین سزاکانی سەر سوریا و نوێنەرانی وڵاتەکەی هەڵبوەشێننەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، میدیاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەی نێوان شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکوومەتی سووریا، کە لە دیمەشق لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بەرێوەچوو.باس لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار، لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا و دۆخی ئەم دوایەی حەلەب کراوە. ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین پێکهاتبوو، شاندەکەی حکوومەتی سووریا لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پێکهاتووە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ئاگربەست ئەمشەو کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەوەشى زیاد کرد کە هێرشە ئاسمانییەکان وەستاون، ئەمەش بەپێى ڕاپۆرتى بەپێی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل. هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە "بەم نزیکانە هێزەکانی کشانەوەی خۆیان بۆ هێڵی زەردی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەگوێرەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تەواو دەکەن". هاوکات پەیامنێری ئەلعەرەبییە پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بە کشانەوە کردووە لە کەمپی کەناری باکووری غەززە. ئەوەشى خستەڕوو فیرقەی 36 (لیوای گۆڵانی) دەستیکردووە بە کشاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانی لە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ پشکنینی ماڵە وێرانبووەکانیان لە کەمپی کەناری باکوور. لەلایەکى دیکەوە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رایانگەیاندووە، تیمێکی 200 سەربازیی ئەمریکی لە چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاو دەکرێنەوە، بەمەبەستی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە پاش واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوانیان بە نێوەندگیریی سەرۆکی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە میدیای ئەمریکیان راگەیاندووە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە قۆناخی یەکەمدا 200 سەربازیی ئەمریکی لەبەردەست دەبێت بۆ چاودێرییکردنی ئاگربەستەکە و دڵنیابوون لەوەی ئاگربەستەکە پێشێل نەکرێت. شەوی پێنجشەممە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەو باوەڕەدایە، بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند بڕیارێکی قورسی دا تاوەکو لەگەڵ حەماس بگەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیێندرێت و ئەگەر کەسێکی دیکە بووایە، باوەڕناکات بگەیشتنایە ئەم قۆناخە. ویتکۆف لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نەتەنیاهوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "سەرۆکوەزیران بڕیارێکی قورسی دا. ئەو ئەرکی پاراستنی ئەم وڵاتەی لەبەردەست بوو. ئەرکی بوو بڕیاری قورس بدات، لەبارەی تا چەندە لەگەڵ حەماس تووند بێت و کەی نەرم بێت." ویتکۆف دەڵێت، هەندێک جار پێیوابوو ئیسرائیل دەبوو "نەرمتر" بێت. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کاتێک تەماشای رووداوەکانی رابردوو دەکەیت "پێموانییە بەبێ سەرۆکوەزیران بگەینە ئەم قۆناخە."
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاگربەست بۆ کەرتی غەززە، بەڵام یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل دووپاتیکردەوە کە سوپای ئیسرائیلی ڕاسپاردووە کە "بە هێزێکی زۆرەوە توندەوە وەڵام بداتەوە" بۆ هەر هەوڵێکی حەماس بۆ زیانگەیاندن بە هێزەکانی ئیسرائیل لەناو کەرتی غەززە، وەک خۆی دەڵێت. ئێوارەى ئەمڕۆ پێنج شەممە نووسینگەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کاتز "ئاڕاستەی سوپاى ئیسرائیلی کردووە کە بە هێزێکی زۆرەوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک یان هێرشێکی حەماس بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل بداتەوە لە ماوەی کاتی پێش بڕیارەکەی حکومەت و تا ئەو کاتەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت". ئەمەش دوای ئەوە هات کە کاتز هەڵسەنگاندنێکی بارودۆخی لەگەڵ هەرزی زامیر سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک ئەفسەری باڵای ئەنجامدا، پێش کابینەی ئاسایش و کۆبوونەوە تەواوەکانی حکومەتی ئیسرائیل کە بڕیارە ئێوارەی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت، کە بڕیارە ڕێککەوتنی ئاگربەست پەسەند بکەن. لەلایەکى دیکەوە پەیامنێری ئەلعەرەبیە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە ئاوارە گەڕاوەکان کردووە لە نزیک نەتزەریم، سەرچاوەیەکی پزیشکیئەوەى خستەڕوو، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 17 کەس بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون. لەدوای راگەیاندنی ئاگربەست، میدیای ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، سوپا دەستیکردووە بە هەڵوەشاندنەوەی کەمپە سەربازییە گەورەکانی لە غەززە و کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانی. هەر بەگوێرەی ئەو میدیانە بێت، بزووتنەوەی حەماسیش ئێستا ئامادەکارییەکانى بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەستپێکردووە. هاوکات ئێوارەى ئەمڕۆ نوێنەرەکانی ترەمپ، ویتکۆف و کوشنەر، گەیشتنە ئیسرائیل و بڕیاریشە ڕۆژى یەکشەمە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا سەردانى ئیسرائیل بکات.
میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ڕؤژى یەکشەممەى داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دەگاتە ئیسرائیل هاوکات خشتەى بەرنامەو چۆنیەتى چالاکى و کۆبونەوەکانیشیان ئاشکراکردوە. سەردانە چاوەروانکراوەکەى سەرۆکى ئەمریکا لەکاتێکدایە، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ بڕیار لەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە دەدات. بەرپرسێکی حەماسیش دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە تەواوی شارەکانی غەززە دەکشێتەوە. کابینەی حکومەتی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە دەدات. ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "دوای دەنگدانی کابینەکە، ئەمشەو ئاگربەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە." ئوسامە حەمدان، بەرپرسێکی حەماس لە قەتەر رایگەیاند، رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی غەززە دەکشێتەوە، لەنێویاندا خان یونس، رەفەح و شاری غەززە بەپێى ئەو خشتەیەى کە بڵاوکراوەتەوە بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ فرۆکەى سەرۆک و شاندى یاوەرى لەفرۆکەخانە دەنیشنەوە، مەراسیمەکان لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن، کنێست و دیواری ڕۆژئاوا، مانەوەی کورت لە هۆتێلێک لە قودس دەبێت. بەپێى بەرنامەکەى بەمجۆرەیە.. - گەیشتن لە ڕۆژی یەکشەممە و نیشتنەوە کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ - لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن مەراسیمێک بەڕێوەدەچێت - ئاهەنگێک لە کنێست - مەراسیمێک لە دیواری ڕۆژئاوا - کە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی قودس بوو - ڕۆشتن لە کاتژمێر ١١:٠٠ی شەو لەوانەیە خشتەکە بگۆڕێت. وەک باسکراوە، ئەمە خشتەی سەرەتاییە کە لە نێوان کۆشکی سپی و نووسینگەی نەتانیاهۆدا هەماهەنگ کراوە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال رازیبوونی حەماسی بە ئاگربەست راگەیاند. قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بەمشێوەیەیە: - بڕیارە دوای 72 کاژێر تەواوی بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازادبکرێن. - ترەمپ و نەتەنیاهوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام بدەن. - قەتەر و میسر و تورکیا نێوەندگیری جێبەجێکردنی پلانی رێککەوتنەکە بوون. - دەروازەی رەفەح دەکرێتەوە و هاوکاری دەگاتە نێو غەززە. جەنگی غەززە و ئامارەکان رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2024 جەنگی غەززە بە هێرشێکی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی سەر سنووری ئیسرائیل دەستیپێکرد. 250 کەسی بە بارمتە گرت و نزیکەی 1200 کەسی کوشت. رۆژی دواتر ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی غەززە کرد. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 67 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، تاوتوێی هاریکاریی هاوبەشیان کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پاتەختی تورکیا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "جەختمان کردەوە لەسەر گرنگیی هەوڵە هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە جێگەی بایەخی هاوبەشن و بۆ پێشخستنی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "ههردوولا جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ برهودان به پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا كردهوه، ههروهها دهربارهى چۆنيهتيى فراوانكردنى بوارهكانى هاريكاريى هاوبهش، بيروڕايان گۆڕييهوه." بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان باسیان له پرسى ئاو لهنێوان توركيا و عێراقدا كرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "نێچيرڤان بارزانى داكۆكیى له پێويستيى ههماههنگيى نێوان عێراق و توركيا كردهوه، به شێوهيهك، بهڕێوهبردنى ئاو ههموو پێداويستييهكانى ههردوولا دابين بكات." دۆخى ناوچهكه و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە. بەگوێرەی بەرنامەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، دڵخۆشم بە ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس، گوتیشی: یەکەم هەنگاوی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی بە ئەرێنی کۆتایی هات، بۆیە داواکارم تەواوی پلانی ئاشتی بە بێ دواکەوتن جێ بەجێ بکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەم، کە لە قۆناغی یەکەمدا هەردوولا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکاوە سەرچاوەی گرتووە. ستارمەر ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەند بن بە جێ بەجێ کردنی تەواوی پلانەکە، هەروەها نابێ پڕۆسەکە دوا بخرێت، لە هەمان کاتدا دەبێت سەرجەم ئەو ڕێگریانەی لە لایەن ئیسرائیلەوە دانراون بۆ گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی بە کەرتی غەززە هەڵبگیرێن، ئەمەش لە پێناوی ڕزگارکردنی ژیانی ئەو خەڵکەی کە لە غەززەدا ماون. بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' ڕایگەیاند، بە خۆشاڵیەوە پێتان ڕادەگەیەنم ئیسرائیل و حەماس واژۆیان لە سەر بەشی یەکەمی پلانی ئاشتی کردووە و ڕێککەوتوون، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بارمتەکان بەمزووانە ئازاد دەکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێزەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هێڵانەی کە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە. ترەمپ جەختیشیکردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ تەواوی جیهان، بە تایبەتی جیهانی ئیسلامی، هەروەها بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێی، لە هەمان کاتدا سوپاسی نێوەندگیری میسر، قەتەر و تورکیا دەکەین بۆ بەرەوپێش بردن و هاوکاریی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی کەرتی غەززە.
