کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت بەشداریی هاوپەیمانیی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەکەین و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات. ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە سەبارەت بە بەشداری لە هاوپەیمانی کوردستان کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان، دۆستان و دڵسۆزانی یەکگرتوویی گەلی کورد، هەموان لە تێکۆشانی چەندەها ساڵەی ئێمە لە پێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئاگادارن. لە درێژەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەدا بوو کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشدارییەکی چڕ و پڕمان لە ناوەندی دیالۆگدا کرد. ئەوەشتان لێ شاراوە نییە کە ئێمە بە تایبەت لەسەر ڕوونتر کردنەوەی زۆرتری دوو بابەت، واتا هێزی یەکگرتووی پێشمەرگەی کوردستان و هەروەها بەرێوەبەریی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی گوزاردا پێداگریمان دکرد و خوازیاری دیاریکردنی میکانیزمگەلی کردەیی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بابەتانە بووین. ئەو بابەتانە ئێستاش و لە داهاتووشدا بە گرینگ دەزانین و وەکوو ئامانجێک هەوڵیان بۆ دەدەین. بەڵام هەموان دەبینین کە لە ڕۆژانی ڕابروودا قۆناغێکی بەتەواوی نوێ هاتۆتە ئاراوە. تەوژمی گۆڕان زیاتر لە هەموو کات ڕووی لە ناوچەکەی ئێمە کردووە و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی زۆر هەستیار و مێژوویی کە ئەوەش لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی، هەماهەنگی و کاری هاوبەشە. هەروەها زۆرێک لە دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان لەم ماوەیەدا پەیوەندییان پێوە کردووین و لەسەر ڕۆڵ و نەخشی کاریگەری کۆمەڵە لە پتەوترکردن و کارامەترکردنی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دواون و داواکاری بەشداریمان لە هاوپەیمانی بوون. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە و لەو سۆنگەیەوە کە کۆمەڵە هەمیشە ئەرکە مێژوویی و بەرژەوەندە نەتەوەییەکان دەخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بڕیاری دا لەمڕۆوە بەشداری هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان بکات و ئەو بابەتانەی بۆ بزووتنەوەکە و بۆ داهاتووی کوردستان بە گرینگیان دەزانێ لە ناوخۆی هاوپەیمانیەکە و بە دیالۆگی هاورێیانە چارەسەر بکات. بڕووخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بژی کوردستان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەفتەری سیاسی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١٤ی هەتاویی ٤ی مارچی ٢٠٢٦ی زایینی
پیت هێگسەت وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکانی ئەمەریکادا بە تەواوی لەناوچوون. هێگسەێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی چوارشەممە لە پنتاگۆن ڕایگەیاند، دوای چوار ڕۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، ئێستا سوپای ئەمەریکا هەموو دەریا و ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵکردووە. هێگسەت گوتیشی "تەنها ئەمەریکا دەتوانێت سەرکردایەتی ئەم کارە بکات. تەنها ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین. بەڵام کاتێک هێزی بەرگری ئیسرائیل (IDF) زیاد دەکەیت، کە هێزێکی زۆر بەتوانایە، ئەوە دەبێتە وێرانکارییەکی تەواو بۆ نەیارە ئیسلامییە توندڕەوەکانمان لە ئێران." وەزیری جەنگی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو سەرکردە سەرەکییەی ڕێژیمی ئێران کە پیلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکای دانابوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە. گوتیشی "ئێمە دەمێکە دەزانین کە ئێران دەیەوێت سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا بکاتە ئامانج، بەڵام لە کاتێکدا بە ئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە پیلانیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گێڕابوو، گرنگی سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەبوون، بەڵام دڵنیا بوومەوە لەوەی ئەو کەسانەش بە هەمان شێوە دەکرێنە ئامانج." هێگسەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و تا گەیشتن بە ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت.
عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی دەم، ناوەڕۆکی دیدارەکەی ڕۆژی 26ی شوباتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئاشکرا کرد. ئۆجەلان لەو دیدارەدا ڕایگەیاندووە، پێگەی ئەو گرنگە و دەبێت یەکلاییبکرێتەوە، چونکە "پێگەی ئەو، پێگەی کوردە". ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرچەندە پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەک بۆ سیاسەتی دیموکراسی ڕەخسێندراوە. عومەر ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا کرد و باسی لە ناوەڕۆکی دیداری ٢٦ـی شوبات کرد. بنەماڵەکان لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و ئەرگین ئاتابای و مەحمود یامالاک دیداریان ئەنجامدا. عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند دیدارەکەیان نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، تا ئێستە شەش جار دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداوە و ڕەوشی تەندرووستی باشە. عومەر ئۆجالان گوتی: "لە دیدارەکەدا چەندین بابەتی هەڵسەنگاند، بابەتی ئێران و سووریا و عێراقی هەڵسەنگاند و پێشبینییەکانی خستەڕوو". عومەر ئۆجالان گوتی: ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی پێشوو گوتی، پێویستە گەلی کورد و ڕێکخراوەکانی ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر، چونکە عێراق لەدەستچووە و سووریا هەڵوەشاوەتەوە، گەر ئێرانیش ڕەچاوی دۆخەکە نەکات و دیموکراتیک نەبێت، دەستوەردان لە ئێران دەکرێت. ئێمە لە قۆناغی دووەمی دەستوەردانەکانین. دەستوەردانی یەکەم لە شەڕی دوانزە ڕۆژە دەستی پێ کرد. دەستوەردانی دووەمیان فراوانترە، لە جوگرافیایەکی فراوانتر تەشەنەی کردووە و دەستوەردانێکی گەورە دەکرێت". 'پێویستە گەلەکەمان بپارێزین' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ لەڕووی ئازادی و ئەمنییەوە لە پرسەکەی ڕوانیوە و گوتویەتی: " چۆن ئاسایشی گەلەکەمان بپارێزین و چۆن گەلەکەمان ئازاد بکەین؟ پەیوەندییەکی هاوژیانی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا هەیە. ئەگەر ئاسایشی گەل بپارێزیت، هەنگاوێکی گرنگ دەنێن لەسەر ڕێگای ئازادی. پاشان ئازادی بەهادار دەکەن و مانای پێدەبەخشن. بەڵام ئەو زیهنیەتانە چین کە زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی گەورە لە جوگرافیای ئێمە و لە کوردستان و لە وڵاتدا خۆش دەکەن؟ پێویستە زۆر بە ڕوونی ئەمە بڵێین؛ پڕۆژە گوتاری شۆڤێنی و ڕێبازی هەڕەشەئامێز خەریکە زیاتر دەبن. گەل باجی ئەمە دەدات". عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بواری سیاسەتی دیموکراتیک لە هەوڵدایە و دەبێت وتوێژەکانی ئێستە بچنە قۆناغێکی ترەوە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی پرۆسەکە بە زەحمەت بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەمینەیەکی ڕەخساندووە و تا ئاستێک ڕێی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک کردووەتەوە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'ئێمە هەموو شتێکمان وتووە، لێرەوە کاتی هەنگاوی پراکتیکییە'". عومەر ئۆجالان دووپاتی کردەوە کە ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوە کردووە، سیاسەتێکی ڕوون پێویستە، دەبێت ئەنجامێک بەدەست بێت و ئەمەش ئەرکی هەردوو لایەنەکەیە. 'پێویستە قەیوم نەمێنێت' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ تیشکی خستووەتە سەر ئیدارەی خۆجێیەکان و لە درێژەدا گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پێویستە هەمواری یاسایی بکرێت سەبارەت بە ئیدارەی ناوەندی و خۆجێی. بۆ ئەوەی ئیدارە خۆجێیەکان چالاکتر بن، دەبێت هەموارکردنەوەی یاسایی بکرێن. ڕێبەر ئاپۆ باسی شارەوانی مێردین و بەڕێز ئەحمەد تورکی کرد، جەختی کردەوە دەبێت ئەو بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی. ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێت لە کۆتاییهێنان بە قەیوم". دەربارەی 'مافی هیوا' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی مافی هیوا قسەی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی؛ 'مافی هیوا گرنگە. لە پەرلەمان باسی ستاتۆی من کراوە. بێگومان ستاتۆی من گرنگە و دەبێت ڕوون بکرێتەوە. ستاتۆی من، هاوکات ستاتۆی کوردە'. لەم کاتەدا محەمەد ئۆجالانی برای قسەی کردووە و وتویەتی؛ 'گەلەکەمان ئیتر دەیەوێت لێرە دەربچن و ئازاد بژین'. ڕێبەر ئاپۆ وتی 'ئازادبوونی من لێرە، ئازادبوونی گەلە. ئازادبوونی گەلیش، ئازادبوونی منە'. ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە لەم ڕووەوە هەموارکردنەوەی یاسایی هەبێت. نەک تەنها تایبەت بە خۆی، بەڵکوو چەند جارێک تیشکی خستەسەر گرنگیی مافی هیواش". 'خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا گرنگە' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئیدارە خۆجێیەکان لە ڕۆژئاوا، خۆبەڕێوەبردنی کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات؛ گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ لە سەرەتاوە بۆ خۆڕاگرتنی کوردانی سووریا تێدەکۆشێت. تێکۆشانێکی گەورەی کردووە. هەوڵدەدات لەم هەلومەرجە سەختانەشدا دیپلۆماسییانە کاربکات. لە دوایین ڕێککەوتندا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا. هەڵسەنگاندنی گرنگیشی لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا خستەڕوو. دەڵێت دەبێت دەوڵەتانی ئێستا هەڵبوەشێنرێنەوە. هەندێک لایەن پڕوپاگەندەی دەوڵەتی بڵاودەکەنەوە و شەڕێکی دەروونی بەرفراوان لە دژی تەڤگەری ئازای و سیاسەتمەداران بەڕێوەدەبەن. بەڵام ئەو شتانە بێمانانن. گەلەکەمان قوربانی زۆر دەدات و ڕەنجێکی مەزن دەدرێت". هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ڕێبەر ئاپۆ سڵاوی ناردووە بۆ ئەو چالاکییانەی لە ئەورووپا بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا کراون، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند پەیوەست بە کوردانی ئەورووپا بە نیازی خەباتێکە، چاوەڕێی هەمواری یاساییە و دواتر بۆ ئەمە کاردەکات. گوتی 'سڵاوی تایبەتم بگەیەنە بە گەلەکەمان لە ئەورووپا'. هەروەها سڵاوی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کوردانی ئەنادۆڵ هەبوو. ڕێبەر ئاپۆ جەختی کردەوە کە پرۆسەی چارەسەر بۆ ئەوانیش گرنگە. گوتی: "ئەوان تا ئێستە هەبوونی خۆیان پاراستووە. ئێمە تەنها بە ئەنادۆڵی ناوەڕاستەوە سنووردار نابین'. سڵاوی خۆی نارد بۆ هەموو ئەو کوردانەی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە لە سەرانسەری ئەنادۆڵ کۆچبەر بوون. گوتی 'ئامرازی نوێی سەردەم، سیاسەتە، سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایە. دەبێت ئەوانیش بێن و لەژێر چەتری دەم پارتییدا سیاسەت بکەن". 'هێشتا کوردییەکەم لە هی ئێوە باشترە' هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ هەڵوەستەی لەسەر زمانی کوردی کردووە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ گوتی 'زمانی کوردی زۆر گرنگە'. هەروەها گوتی 'ئەگەر زیهنێک دابەشکرابێت، زمانەکەشی دابەش دەکرێت. ئەگەر هێزی سیاسییان نەبێ، هێزی کەلتوورییشیان نابێت. ئەگەر هێزی ڕێکخراویان نەبێت، ئەوا ناتوان زمانەکەیان بپارێزن'. پێویستە سەرەتا هێزی زیهنی و سیاسی چالاک بکەین و بتوانین لەڕووی کەلتوور و ناسنامەوە بەهاکانمان بپارێزین. پێویستە خاوەنداری لە زمانەکەمان بکەین. تا ئێستە ئێمە لێرە بە کوردی دەدوێین. گوتی؛ 'ئەمە ٢٧ ساڵە لێرەین. ٣٠ ساڵە لەگەڵ کەسدا بە ڕاست و درووستی بە کوردی لەگەڵ کەس قسەم نەکردووە. بەڵام کوردییەکەم هێشتا لە هی ئێوە باشترە'".
روسیا ئەو دەوڵەتە زلهێزەی لەبەرامبەر لەدەستدانی هاوپەیمانەکانی، بێجگە لە پەیامی سەرکۆنە هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک و شەش مانگ، روسیا دوو هاوپەیمانی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەدەستداوە، نزیکە لەوەی هاوپەیمانێکی دیکەش لەدەستبدات بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا و نیوکۆلاس مادرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا دوو هاوپەیمانی سەرەکی روسیا بوون، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا لە دەسەڵات هێنرانە خوارەوە و هەڵوێستی مۆسکۆش تەنها پەیامی سەرکۆنە بوو. ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێواری رووخاندایە، رابەری باڵای کۆمارەکە کوژراوە و ئێران لە ژێر بۆردومانی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، دیسان هەڵوێستی روسیا لە چوارچێوەی دەرکردنی پەیامی سەرکۆنە تێنەپەڕیوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێران و روسیا دوو هاوپەیمانی ستراتیژین، ئێران لە جەنگی ئۆکراین هاوکاری زۆری روسیای کردووە، تەنانەت درۆنی شاهید، کە پێشکەوتووترین درۆنی وڵاتەکەیە، دراوەتە سوپای روسیا، مافی ئەوەشی داوەتە روسیا هەمان درۆن لەسەر خاکی خۆی دروستبکاتەوە. هەروەها چەندین جار مووشەک و تۆپهاوێژی بۆ روسیا ناردووە تاوەکو شەڕی ئۆکراینی پێبکات. هەڵوێستی ئێستای روسیا بەرامبەر بە جەنگی ئێران، وەک هەڵوێستێکی لاواز دەبینرێت، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا هۆکاری ئەوەی بۆ چەند پرسێک گەڕاندووەتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان، روسیا لە جەنگدایە، سزاکانی ئەوروپا توانای وڵاتەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک سنووردار کردووە، هەروەها خۆی پێویستی بە مووشەک و سیستمی بەرگری هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکراین کە بە چەکی ناتۆ دەکرێن. بەگوێرەی راپۆرتەکە، روسیا نایەوێت لاوازی مووشەک و سیستمە بەرگرییەکانی بەرامبەر چەکی ئەمریکا دەرکەوێت، هەروەها نایەوێت بەرەی راستەوخۆی جەنگ بەرامبەر ئەمریکا بکاتەوە و ترەمپ لە خۆی توڕە بکات. بەشێوەیەک ئەویش مووشەکی دوورمەوداو سیستمی بەرگری و زانیاری هەواڵگری بداتە ئۆکراین.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ماوەی کەمتر لە 100 کاژمێردا، زیاتر لە 2,000 ئامانجمان بە بەکارهێنانی زیاتر لە 2,000 مووشەک پێکاوە. بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەکارخراوە، سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاوێشتن و درۆنی ئێران لەناوبراون، 17 کەشتیی ئێرانی تێکشکێنراون، لەوانە ژێردەریاییە سەرەکییەکەی ئێران کە ئێستا بە تەواوەتی لەکارکەوتووە. فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 4ى ئادارى 2026، زیاتر لە 50,000 سەرباز، 200 فڕۆکەی جەنگی و 2 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئەمەش گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لەلایەن ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە 24 کاژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەشدا، قەبارەی هێرشەکان دوو هێندەی ئەو هێرشە مێژووییانە بووە، کە لە ساڵی 2003 کراونەتە سەر عێراق. (سێنتکۆم) جەختی کردەوە، بۆ چەندین دەیە رژێمی ئێران بارزگانیی دەریایی هەراسان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای عەرەب، گەرووی هورمز یان کەنداوی عوممان لە رێگەدا نییە و هەموویان ناچارکراون بگەڕێنەوە ناو بەندەرەکانی خۆیان. فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا باسى لةوةشكرد، لە ماوەی جەنگەکەدا ئێران 500 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 2000 درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە. سێنتکۆم دەشڵێت ، ئامانجی سەرەکییان، تێکشکاندنی توانای هاوێشتنی بەردەوامی مووشەکە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی تاران چیدیکە نەتوانێت مووشەکی بالیستی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاربهێنێت، لە هەموو قۆناغێکی ئەم جەنگەدا پێش پلانی پێشبینیکراوی خۆمانین و لە قووڵایی ئێران دا ئۆپەراسیۆن دەکەن و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئاسمانی تاران کۆنتڕۆڵ دەکەن.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەنێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دواین گۆڕانکارییە سەربازییەکان و گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. لەو گفتوگۆیەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی دیدگای یەکێتی خستەڕوو کە بریتییە لە هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیالۆگ لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەلایەن خۆیەوە، عەباس عراقچی ستایشی ڕۆڵی ئەرێنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان کردەوە.
قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت: پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی باقری، جێگری ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پێگەیشتووەو تیایدا رایگەیاندووە، تاران دەوڵەتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا، باڵیۆزخانە، کێڵگە نەوتییەکان، یان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکردووەتە ئامانج و نایکاتە ئامانج و هێرشەکان تەنها لە بنکەکانی ئەمریکادا سنوردارە. ئەعرەجی لە سەكۆی "ئێكس" نوسیوتی: باقری داوای لە عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی هەر گروپێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو سنوری نێوان هەردوو وڵات، پاڵپشت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران. ئەعرەجی رایگەیاندووە: عێراق بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و راگرتنی پەرەسەندنەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. پابەندبوونی تەواوی عێراقیشی بە رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و رێگرتن لە دزەکردنی هەر گروپێک یان بەزاندنی سنوری ئێران یان ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە خاکی عێراقەوە دووپاتكردووەتەوە. ئاماژەی بەوەشداوە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی زیاتری پێشمەرگەی رەوانەی پشتێنەی سنوری کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵكردنی کەرتی سنوری لەبەری هەولێرەوە.
ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی ڕومەیلە و کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆى لێکەوتەکانى شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ، عێراق ڕۆژانە 128 ملیۆن دۆلار زیانى لێ دەکەوێت. ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق ، ئەمڕۆ سێشەممە 3ى ئادارى 2026 ڕایگەیاند، کێڵگەی ڕومیلە ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، هاوکات توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەوەش کۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق، نزیکەى یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا . ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشتبەستن بە نرخى ئێستاى نەوت کە ٨٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، رۆژانە عێراق نزیکەی ١٢٨ ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت، ئەو دامەزراوە ئابوورییە، پێشبینیش دەکات، لە ئەگەرى فراوان بوونى پرۆسەى راگرتنەکە، زیانە داراییەکان زیاتر بەرز دەبنەوە. ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەستانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی یەک هەفتە نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار لە زیان لە خەزێنەی عێراق دەدات و ئەگەر بێت و دۆخەکەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بۆ یەک مانگ عێراق سێ ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیانى لێدەکەوێت. ڕوانگەی ئیکۆ-عێراق، رونیکردەوە، ئەم پێشهاتە فشارێکی ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر بودجەی گشتی عێراق، بەو پێیەى بۆ دابینکردنى بودجەکەى بەڕێژەى زیاتر لەسەدا 90 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی کورتهێنانی بودجە زیاد دەکات ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت. هاوکات هەر ئەمڕۆ سێ شەممە 3ى ئادارى 2026 کۆمپانیای نەوتی باکوور کە بارەگاکەی لە پارێزگای کەرکوکە، ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە وبڕیاری ڕاگرتنەکەش دوای ئەوە هات، کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەبوو. کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، پێش ڕاگرتنەکە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن. فراوانبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی سووتەمەنی و زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر پچڕانی دابینکردنی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە. مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایىی رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز ئاڵۆزییەکی قورسە بۆ ئابووریی عێراق، بەوپێیەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو رێڕەوە ئاوییە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی نەوت و 94% نەوتەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکرێت. حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنى پارەى مووچەی فەرمانبەران و خەرجیی وەزارەتەکان و پرۆژەکان، پێویستە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە تاوەکو 25 رۆژی دیاکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردە نەکرێت، ئەوا کارەساتی ئابووری روودەدات.
کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەها بەشێک لە کۆمپانیاکانى نەوت کارەکانیان لەهەرێم راگرت. کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە بارەگاکەی لە پارێزگای کەرکوکە، ئەمڕۆ سێ شەممە 3ى ئادارى 2026 رایگەیاند، بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەکردنى نەوتى هەرێم دوای ئەوە هات، کۆمپانیا نەوتییەکان کارەکانیان لە چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان ڕاگرت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر قەبارەی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا هەبوو. ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، کۆمپانیای نەوتی باکووری ئاگادارکردووەتەوە، کە پڕۆسەی هەناردەکردنەکە بەڕێوەدەبات، بۆ ئەوەی بە فەرمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە ڕاگرتنی هەناردەکردنەکە ئاگاداربکاتەوە، کە ئەمڕۆ بەتەواوی کارەکانی هەناردەکردن وەستاوە. کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەوەشى خستەڕوو، قەبارەی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، پێش ڕاگرتنەکە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و ئەم راگرتنەش پەیوەستە بە کاردانەوەی دۆخی هەرێم و پێشهاتە بەردەوامەکانى ناوچەکەوە. پێشتریش کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵییان راگەیاندووە، بەهۆی ئەم دۆخەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، ناتوانن کارەکانیان بەردەوامی پێبدەن و تاوەکو هێوربوونەوەی دۆخەکە کارەکانیان رادەگرن.
رۆژنامەی "The Sun"ی بەریتانی دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە کیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی گرتووە، كە رەتیکردەوە پشتگیری لە شەڕی واشنتۆن دژی ئێران بکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە، ستارمەر مەرایی بۆ دەنگدەرانی موسڵمان دەكات بە پشتگیرینەکردنی شەڕەکەی دژی ئێران، هۆشداریداوە لەوەی بەریتانیا ئەو وڵاتە نەماوە کە بناسرێتەوە وەك پێشتر. بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانییەكە، ترەمپ وتویەتی: ئەو هاوكار نەبوو(ستارمەر)..چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد ئەو هەڵوێستە لە بەریتانیا ببینم، هۆشداریشیدا لەوەی بەهێزترین هاوپەیمانی لە هەموو سەردەمێکدا لەژێر فشاردایەو جیهانێکی جیاوازەو پەیوەندییەکان جیاوازترن لەوەی پێشتر هەبووە. ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا راشیگەیاندووە: ئەمریکا چیتر پشت بە بەریتانیا نابەستێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵام دەبوو ستارمەر یارمەتیدەر بووایە، دەبوو یارمەتی بدایە. جەختیشكردووە لەوەی، ئێمە هێزێکی زۆر باڵادەستین، زۆر لە هەموو کەسێک باڵاتر و زۆر باش کار دەکەین، رەنگە تێبینیتان کردبێت.
قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: رێككەوتون لەسەر كارپێكردنەوەی موەلیدە ئەهلییەكان و بەگوێرەی ئەو كاتەی بۆیان دیاریكراوە، لە كاتژمێر چوار ئێوارەوە بۆ كاتژمێر یەكی شەو، لەكاژمێر چواری بەیانیش بۆ پێنح و نیوی بەیانی. قایمقامیەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: میكانیزمی كاركردنی موەلیدەكان هاوشێوەی رابردوو دەبێت و قایماقامیەت و فەرمانگەی كارەبا سەرپەرشتی دیاركردنی نرخەكان دەكات. ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی ئەم كێشانە دووبارە نەبێتەوە لەكاتی بڕانی كارەبادا ئەم كۆبونەوانە بەكراوەیی دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا بە هەر هۆكارێك، موەلیدە ئەهلیەكان كاری خۆیان بكەن. داواشیكرد هەر هاوڵاتیەك پێویستی بە كارەبای موەلیدەكان نییە، پێشتر خاوەنی موەلیدەكە ئاگادار بكات.
بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەکتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوەیە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تا ئێستا نزیکەی 750 کەشتیی گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووەکە بپەڕنەوە. نرخی نەوتی خاوی برێنت تا کاتژمێر 01:07 بە کاتی گرێنتش بە 78 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام رۆژی دووشەممە گەیشتە، 82.37 دۆلار، کە بەرزترین ئاست بووە لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە. هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا 74 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 1% بۆ 71.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پەرەیان سەندووە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان ئێران ژێرخانی وزەی لە وڵاتانی کەنداو و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گەرووی هورمز کردۆتە ئامانج. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکان لەسەر وزەی جیهانی دەکەن، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە لەوەی فشاری سەر بازاڕەکان بەردەوام دەبن. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند، تێچووی بەکرێگرتنی کەشتی گازی سروشتی شل (LNG) لە دەریای ئەتڵەسی بە رێژەی 100% زیادی کردووە و بۆ هەر کەشتییەک رۆژانە 200 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی کۆریای باشوور بە بلومبێرگی راگەیاند، "سیئۆل کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی گاز، چونکە قەتەر بەرهەمهێنانی راگرتووە."
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بارەگای فیرقەی 11ـێ پێشمەرگە لە ناحیەی دێگەڵە بۆردوومان کرا و بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی یەکی پێشمەرگە، چەند کەسێک برینداربوونە. لە ڕاگەیێنراوەکەی فەرماندەیی دەڤەری یەکدا هاتووە، "بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک برینداربوون لە ئێستادا هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە." لە ڕاگەیێنراوەکەدا، وردەکاریی هێرشەکە باس نەکراوە و تا ئێستا نازانرێت هێڕشەکە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژی بووە یان هێرشی مووشەکی، هاوکات زانیاریی لەبارەی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە. سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی دەڤەری یەک بە ئاڤای وت، "ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا دوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکییان لە کاتژمێر 3:00 ی سەرلەبەیانی بووە ئەوەی دیکەشییان کاتژمێر 8:30 خولەک بووە و زیانی گیانی نەبووە و تەنیا کەسێک بە سوکی برینداربووە و هەندێک زیانی ماددی هەبووە." ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئازاری 2026 بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەورووبەری ناحیەی دێگەڵە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بۆردومانکرا. ئەمڕۆ بەیانی، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی سنووری کۆیە و لەناو لەمپەکەدا بنکەیەکی تەندروستی و جبەخانەیەکی چەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بە سووکی بریندار بووە. دوای هێرشەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتیی هێزەچەکدارەکان کرد، سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستییانە بێ وەڵام نابێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگای سێ درۆنەوە کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو. تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە لێوای شاری کۆیە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کرایە ئامانج، کەمپەکە کەمپێکی مەدەنیە و تاک و تەرا بنکە و بارەگای حزبی دیموکراتی تێدایە." وتیشی،" درۆنەکان بەر نەخۆشخانەیەک و کۆگایەکی تەقەمەنی و ناو کەمپەکە کەوتووە و لەئەنجامدا کەسێک برینداربووە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کەمپەکە، جاری یەکەم لەئاسماندا تەقیوە و ئیدی نەمانزانی خۆیان کێشەیان تێدا بووە یاخود فڕیدراونەتە خوارەوە." قایمقامی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پریشکی ئەم شەڕە تەنها کۆیەی نەگرتووەتەوە بەڵکو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی، پەنابەرانی ڕۆژهەڵات ئێستا زۆرینەیان کەمپەکەیان چۆڵکردووە و دابەشبوونە بۆ نێو شارەکان.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ ئارام نابێتەوە، تاوەکو گەرەنتى ئەوە نەکات، ئێران بۆ هەتاهەتایى چەکى نەماوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵى فوکس نیوزى راگەیاندووە، ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت یان ماوەیەکی زۆر درێژە بەردەوامبێت لە جەنگ دژی ئێران. جەی دی ڤانس، ئاماژەى بەوەشداوە، وێرانکردنى دامەزراوەی فۆردۆ ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکى داماڵینى چەکى ئەتۆمی ئێرانە بۆ هەتاهەتایى. سەبارەت بە داهاتووى ئێرانیش جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتى، واشنتن کەسێکی دەوێت دەسەڵات لە ئێراندا بگرێتە دەست، کە ئامادەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات . جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختى کردەوە، ئامانجی ئێمه ڕێگرتنه له وەى ئێران بۆمبى ئەتۆمى دروست بکات، به بێ گوێدانه ئەوەی چی بەسەر ڕژێمی ئێران دێت.
