هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریری سەربە پارێزگاری هەولێر و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو فڕۆکەخانەکە بیستراوە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە دوێنێوە چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانان تێکشکێنراون. سەرچاوەیەک لە قەزای هەریری سەربە هەولێر وتى: کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2026، هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر، بەهۆیەوە دەنگی بەهێز بیسترا و دووکەڵ لە فڕۆکەخانە بەرز بووەوە، بەڵام دیار نییە بە درۆن یان مووشەک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانە. فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر کەوتووەتە سنووری ناحیەی هەریر سەر بە پارێزگای هەولێر و هێزی هاوپەیمانانی لێیە.
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردووە و بە تووندی وەڵامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بە کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕووخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی خۆیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، "ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سووتاند، ئێمەش بە هەمان شێوە دڵی ئەوان دەسووتێنین". لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی "ئیستعمارگەر" کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن. لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان دوو بژاردەی "خۆبەدەستەوەدان" و "بەرگری"، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت. لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی داڕووخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بە مردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بە هەڵەدا چووە". هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتووترن لە جاران.
وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دهرفهتی رێككهوتنی پێدرا و رهتیكردهوه و باجی رێكنهكهوتن دهدات؛ دەشڵێت هێرشه ئاسمانیهكانمان زۆر ورد و كوشندهن یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بە فەرمانی سەرۆک ترەمپ، وەزارەتی جەنگ ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury - تووڕەیی داستان ئاسا"ی دەستپێکردووە، کە بە "کوشندەترین، ئاڵۆزترین و وردترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە مێژوودا" وەسفی کرد. وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوە کرد ئێران دەرفەتی رێککەوتنی پێدرا، بەڵام رەتیکردەوە، بۆیە ئێستا دەبێت بەرگەی لێکەوتەکان و باجی ئەو بڕیارە بگرێت. گوتیشی: بۆ ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵە ئێران ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، بەڵام سەرۆک ترەمپ، بە پێچەوانەی هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی، دەستی کردووە بە بنبڕکردنی ئەم شێرپەنجەیە. سەبارەت بە ئامانجە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزیری جەنگ جەختی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ موشەکێکی بەهێز گەلی ئەمریکا بکاتە ئامانج، بۆیە تەواوی موشەکەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانیان تێکدەشکێنن. هەروەها رایگەیاند: هێزی دەریایی ئێران لەناو دەبرێت و وەک چۆن سەرۆک ترەمپ هەمیشە وتوویەتی، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە پەیامێکیدا بۆ تاران، وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم ململانێیەی دەستپێنەکرد، بەڵام ئێمە کۆتایی پێدەهێنین. ئەگەر لە هەر شوێنێکی جیهان ئەمریکییەکان بکوژن یان هەڕەشەیان لێ بکەن، ئەوا ڕاوتان دەکەین و دەتانکوژین."
ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند بەرپرسێکى ئیسرائیلى ئاشکرای کردووە، کاتێک هێرش بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران لە کۆبوونەوەدا بووە، لەگەڵ کەسە نزیکەکانى و ئەو کاتە بەدەرفەت زانراوە، تاوەکو هێڕشەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسى رۆیتەرز، رونیکردۆتەوە، دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل، ئاگادارى کۆبوونەوەى عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران بوون، لەگەڵ کەسە نزیک و گەورە یاریدە دەرەکانى، لە شوێنی مانەوەی لە تاران لە گەڕەکی پاستۆر، بۆیە ئەو دەرفەتەیان قۆستوەتەوەو بەخێرایى هێرشکەیان ئەنجامداوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، خامنەیى لەکاتى هێرشەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە یاریدەدەرانى گوژراوە، لەوانە عەلى شەمخانى، ئەمیندارى پێشووى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و محهمهد پاکپوور، فهرماندهی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران. رۆیتەرز ئەوەشى خستۆتەڕوو، رۆژى شەممە 28ى شوباتى 2026، کەمێک پێش هێرشەکە، عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران، لەگەڵ هەریەک لە عەلى لاریجانى، ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و عەلى شەمخانى بۆ ماوەیەکى زۆر کورت کۆبووەتەوە. بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، بە فەرمی کوژرانی عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران و سێ ئەندامی نزیکی خێزانەکەى لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران پشتڕاست کردەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکە، کچێکی خامنەیی و نەوەیەکی و زاوایەکی لەو بۆردوومانانەدا گیانیان لەدەستداوە. پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، بە فەرمى کوژرانى عەلى خامنەیى رابەرى باڵاى ئێرانى لە هێرەشەکاندا پشت راستکردەوەو لە نوسینێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕى "تروس سۆشیال " دەڵێت: "خامنەیى دیارترین کەسایەتییە شەڕانگێزەکان لە مێژوودا، مرد. "
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی ئیفتاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەستەنبوڵ: 🔹هەست بە دڵتەنگی و نیگەرانییەکی قووڵ دەکەم سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکاوئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی دراوسێمان، بە هاندانی ناتانیاهۆ. 🔹ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری ئێران و بە ئامانجگرتنی ئاسایشی گەلی ئێرانی دۆست و برامانن. 🔹پاساوەکان هەرچییەک بن، ئەو هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە دژی دەوڵەتە براکانی کەنداومان ئەنجامیانداوە، رەتدەکەینەوە. 🔹تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە. 🔹هیچ کێشەیەکمان نییە سەبارەت بە ئاسایشی سنوور و ئاسمانی خۆمان؛ هێزەکانمان لە بەرزترین ئاستدا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر. 🔹هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. 🔹ئەم قۆناغە هەستیارە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەبەین لە ڕێگەی سیاسەتێکەوە کە ئاسایشی نەتەوەکەمان و گەلەکەمان لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.
لەکاتێکدا میدیاکانى ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە چانسی رزگاربوونی خامنەیی نزیکە لە سفر لەدواى هێرشەکانى ئەمرۆ، بەڵام وەزیرى دەرەوەى ئێران دەڵێت رابەر سەلامەتە. میدیاى ئیسرائیل دەلێن بە هەڵسەنگاندنى ئێمە عەلى خامنەیی رابەرى باڵاى ئێران کۆتاییهاتوەو کوڕەکەى خامنەیش کراوەتە ئامانج بەڵام رزگارى بووە. عەباس عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران بۆ كەناڵی (NBC NEWS) قسەیکردوەو وتویەتى بە گشتی فەرماندەکانمان سەلامەتن رەنگە یەک دوو فەرماندەمان لەدەستدابێت. عەباس عێراقچی: رابەری باڵا و سەرۆککۆمار سەلامەتن * دۆخی ئێران لەژێر کۆنترۆڵدایە * بە گشتی فەرماندەکانمان سەلامەتن رەنگە یەک دوو فەرماندەمان لەدەستدابێت * لە بەرگریکردن لە خۆمان بەردەوام دەبین * هێرشی ئێمە بۆسەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرگریکردنە لە خۆمان
راگەیەندراوی كۆبوونەوەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازی و ئەمنییەكان، لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆن هاوبەشەكان، بەبەشداری (وەزیری ناوخۆ- سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی- سەرۆكی دەزگای هەواڵگری- سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی- سەرۆكی ئەركانی سوپا- سەرۆكی دەزگای روبەڕووبونەوەی تیرۆر- جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان): 🔺باسی دۆخی ئەمنی كرا، پاش دەستدرێژییەكان بۆسەر چەند پێگەیەكی عێراق، ئەمە لەپاڵ پەرەسەندنی رووداوەكان و ئاڵۆزییەكان هاوتا لەگەڵ دەستدرێژییەكان بۆسەر كۆماری ئیسلامی. 🔺كۆبوونەوەكە جەختی كرد لەسەر هەڵوێستی عێراق بە حكومەت و گەلەكەیەوە، دژ بە لۆژیكی جەنگ و دەستدرێژیی بە هەموو شێوازەكانییەوە، هۆشداری دا لە لێكەوتنەكانی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایەی کە ژمارەیەک شوێنی عێراقی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە. 🔺کۆبوونەوەکە دەستدرێژیی ناڕەوا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو ئەو هێرشانەی کە گەل و سەروەری و دامەزراوە دەستوورییەکانی کردۆتە ئامانج، شەرمەزار کرد. 🔺کۆبوونەوەکە هۆشداریی خۆی دووپاتکردەوە لەهەمبەر هەرچەشنە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسمانی و خاکی عێراق، یان بەکارهێنانیان وەک ڕێڕەو یان شوێنی هەڵدانی هێرش بۆ سەر ئێران. 🔺كۆبوونەوەكە هەر هەوڵێکی بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆ ململانێ ڕەتکردەوە، لەرێگەی بەکارهێنانی خاکەکەی یان ئاوە هەرێمایەتییەكانی وەک بیانوویەک بۆ ئەو جۆرە کارانە. حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری خۆی پەنا بۆ هەموو ئەو ڕێگایانە دەبات کە یاسا و نۆرمەکانی نێودەوڵەتی ڕێگەی پێداوە. 🔺لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عێراق دووپاتکرایەوە سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی كردەوە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتیانە کە یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەی پێداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان. 🔺لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە هەموو ناوچەکە بەرەوڕووی دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان دەبێتەوەو جەختی لەسەر پێویستیی ئەوە كردەوە وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بەشداری کاریگەرانە بکەن لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان و، دوور بکەونەوە لە کردەوەی سەربازی. 🔺کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر هەڵوێستی چەسپاو و دەستوری عێراق كردەوە لە ڕەتکردنەوەی ڕێگەی نائاشتیخوازانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و قەیرانەکاندا.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەكان و كارەبا رایانگەیاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رادەگرن، بەڵام هەوڵ دەدەن کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە. بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکەی ئەو دوو وەزارەتە، بەهۆی ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە پێش، کۆمپانیای دانەگاز هەناردەی گازی سرووشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا رادەگرێت، "بەهۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 2500 - 3000 مێگاوات کەم دەبێتەوە." دەی راگەیێندراوەکە: ڕاگەیاندنی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبا بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا ڕوویداوە و لەبەر پاراستنی گیانی كارمەندانی كێڵگەی كۆرمۆر؛ كۆمپانیای داناگاز، هەناردەکردنی گازی سروشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت. بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە. وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بەو سەرچاوانەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، هەوڵ دەدات كاریگەرییەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كەم بكاتەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزارەتی كارەبا 28ی شوباتی 2026
وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان چوار رۆژ پشوویان راگەیاند، کە لە 1ی ئادار تاوەکو 4ی ئادار دەبێت. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی سەلامەتیی مامۆستایان، قوتابیان و خوێندکاران، لە یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 تاوەکو چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (حکومی و ناحکومی و تایبەت و نێودەوڵەتیەکانیش) پشوو دەبێت." ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکان بە هێرش کردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە بە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رژێمی ئێران خوێنی ئێمەیان رشتووە، نابێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها دەڵێت سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران، بەسیج و شوێنەکانی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا. نەتەنیاهوو بە گەلی ئێران دەڵێت: "ئێوە دوژمنی ئێمە نین، ئێمە دووژمنی یەکتر نین. دووژمنی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش رژێمی ستەمکاری ئایەتوڵاکانە." ئەو ئاماژە بە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو ئێران دەکات، لەوانە: فارس، کورد، ئازەری، بەلوچ و ئەهوازییەکان، و داوایان لێدەکات کە ئەمە هەلیانە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان بەدەست بهێنن و وڵاتەکەیان ڕزگار بکەن. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەوتەیەكدا: 🔹دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران رادەگەیەنین. 🔹بە گەلی ئێران دەڵێم ئەمە چانسی ئێوەیە بۆ ئازادی. 🔹هەرکەسێک چەک دابنێت، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە رژێم، پارێزبەندی پێدەدرێت. 🔹ملیۆنان ئێرانی رژانە سەر شەقامەکان، ئێستاش دەرفەتیان پێدراوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. 🔹ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر بەهێزترە لە ئۆپەراسیۆنی پێشوومان. 🔹رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی لە ژێر زەویدا شاردۆتەوە و دەبێ لە ئێستادا رابگیرێت. 🔹سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا دەکەین بۆ پاڵپشتی و سەرکردایەتییەکەی. 🔹ئێران هەڕەشەیەکی وجودی و رژێمێکی تیرۆریستییە. 🔹نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. 🔹ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو هەلومەرجە دەخوڵقێنێت کە گەلی ئێران بتوانێت بڕیار لە چارەنوسی خۆی بکات. 🔹رژێمی ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. 🔹هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی مەترسی هەڵدەگرێت، بەڵام مەترسی ئەنجامنەدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاترە. 🔹ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە وجودییەی کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دروست بووە دەست پێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی لە ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند و ئامانجی هێرشەکەش بۆ لەناوبردنی "هەڕەشە دەستبەجێکان" و پاراستنی گەلی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە. ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردوومانی چڕیان بۆ سەر تاران دەستپێکردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: پێش ماوەیەکی کەم، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی لە ناو خاکی ئێران دەستپێکرد؛ ئامانجمان پاراستنی گەلی ئەمریکایە لە ڕێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دروست دەبن. ئێمە مووشەکەکانی ئێران تێکدەشکێنین، پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین و هێزی دەریاییەکەشیان بەتەواوی لەناو دەبەین. ترەمپ دەشڵێت: ئەوان گرووپێکی دڕندەی کەسانی زۆر توند و خراپن، چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانیان مەترسیی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان. ئەم ڕژێمە تیرۆریستە نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دووبارەی دەکەمەوە: هەرگیز ڕێگە نادەین چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت. ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە: مووشەکەکانیان تێکدەشکێنین و پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین؛ هەمووی بەتەواوی لەناودەبرێت و دەسڕێتەوە. ترەمپ لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران: ڕەنگە قوربانیمان هەبێت، ئەوە لە جەنگدا زۆر ڕوودەدات، بەڵام ئێمە ئەمە لە پێناو ئایندەدا ئەوە دەکەین. ترەمپ هۆشداریی کۆتایی دەداتە هێزە چەکدارەکانی ئێران: پەیامم بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە چەکدارەکان و پۆلیس ئەوەیە؛ یان دەبێت چەکەکانتان دابنێن و پارێزبەندیی تەواوتان هەبێت، یان ڕووبەڕووی مردنی مسۆگەر ببنەوە. ترەمپ پەیامێک ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات: کاتێک کارەکانمان تەواو دەکەین، دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن، چونکە ئەو کاتە دەسەڵات هی خۆتان دەبێت. ئەمە ڕەنگە تەنها دەرفەتتان بێت بۆ چەندین نەوەی داهاتوو.
بەیانى ئەمڕۆ شەممە هێزەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەڕێگەى چەند هێرشێکى ئاسمانیەوە چەند ئامانجێکى جیاوازیان لەشارەکانى ئێران کردە ئامانج و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن هێرشیان بۆ ئێران دەستپێکردووە. سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "کەمێک پێش ئێستا هێرشمان کردە سەر ئێران، هێرشەکان بۆ بەرگریکردنە لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دژی گرووپێکی مەترسیدار و دڵڕەق." لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە لە ناوچەکە، ترەمپ گوتی: ئەوانە تیرۆریستی راستەقینەن. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکردووە و واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە لێدانی ئامانجەکان لە نێو ئێران دەکات. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئێستا لە ئارادان و دەستیانپێکردووە. هاوکات، ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی کردەیی بەشداری لەو هێرشانەدا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. میدیای ئێران بڵاویکردەوە:" دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە تاران بیستراوە". میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، چەند مووشەکێک لە شەقامی زانکۆ و دەوروبەری شەقامی جمهوری کەوتوونەتە خوارەوە. هاوکات ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لە ناوچەی سەید خەندانی تاران کەوتوونەتە خوارەوە بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئارادان بە هاوئاهەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکرێن. فەرماندەیی ناوخۆی ئیسرائیلیش رێنماییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێدراوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری هێرشی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە؛ داواش دەکات خەڵک بچنە پەناگەکان.
شەوی رابردوو خەو لە چاوی خەڵکی ئەفغانستان و پاکستان زڕا، شەڕێکی چڕ و قورس لە هەندێک ناوچەی سنووری نێوان هەردوو وڵات روویدا، بەڵام ئەم شەڕە چۆن دەستیپێکرد؟ سەرەتا شەڕەکە بە هێرشی چەکدارانی تاڵیبان لە هەندێک ناوچەی سنووری دەستیپێکرد. چەکدارانی تاڵیبان هەڵیان کوتایە سەر چەند بنکە و بارەگایەکی پاکستان لەسەر سنوور. هەر زوو کابول بانگەشەی ئەوەی کرد، دەیان سەربازی پاکستانیان کوشتووە و دەیانی دیکەش بەدیل گیراون و چەند بنکەیەکیشیان کۆنترۆڵ کردووە. بەڵام ئسلامئاباد هەر زوو بە خەبەر هات و هاوکێشەکە گۆڕا. سوپای پاکستان هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و لە چەند ناوچەیەکی سەر سنوور، چەندین بنکە و بارەگای تاڵیبانیان بەئامانج گرت، هاوکات توانییان چەند بنکەیەکیش کۆنتۆڵ بکەن و ئاڵای پاکستانی تێدا هەڵبکەن. هاوکات درەنگانی شەوی رابردوو بە فڕۆکەی جەنگی ناوجەرگەی هەر یەک لە کابول، قەندەهار و پاکتیای کردە ئامانج. سیناریۆکان لەبارەی هەڵگیرسانی جەنگەکەوە جیاوازن. کەناڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری هێرشەکەی تاڵیبان بۆ ئەو هێرشانەی هەفتەی رابردووی پاکستان دەگەڕێتەوە کە کردبوویە سەر چەند کەمپ و بنکەیەکی چەکدارانی تاڵیبان و بەهۆیەوە لانیکەم 18 کەس کوژران. بەڵام ئیسلامئاباد ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە. خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، چیتر سەبریان نەماوە و لە ئێستادا لە جەنگێکی کراوەدان لەگەڵ تاڵیبان. ئیسلامئاباد کابول بە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆستی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، تەنها لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 700 کردەوەی تیرۆرستییان لە پاکستان ئەنجام داوە و هاوکات داڵدەی ئەو گرووپە تیرۆرستییانە دەدات کە لەنێوخۆی پاکستاندا کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن. پێدەچێت گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات وا بە ئاسانی چارەسەر نەبن، زمانی تووندی هەردوو وڵات بەرامبەر یەکدی گەیشتووەتە لوتکە، کابول لە وەڵامی هێرشە کوشندەکانی پاکستاندا دەڵێت، ئەگەر مەترسیی جدی بۆسەر ئەفغانستان دروست بکەن، ئاوا شەڕەکە دەبەینە ناوجەرگەی ئیسلامئاباد.
کەناڵی " ABC News"ی ئەمریكی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، درەنگانی شەوی رابردوو، وردەكاری لەبارەی بژاردە سەربازییەكان دژی ئێران داوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران پەرەدەسێنن. بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ، کە قسەی بۆ کەناڵەكە کردووە، لە دیدارەكەدا جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی دیکەی سەربازیش ئامادەی بوون. هاوكات كەناڵەكە، لە زاری دوو سەرچاوەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك لە کۆماریخواز و بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بیرۆکەی ئەوەیان وروژاندووە، کە سەرەتا ئیسرائیل هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات. بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەو کەناڵە ئەمریکییە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیل هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەتایبەتی كە واشنتۆن بوونی خۆی لە ناوچەكە بەهێزكردووە بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی و فڕۆکەی جەنگی نزیک لە ئێران.
لە شەوی رابردووە شەڕ و پێکدادانەکان لەسەر سنووری پاکستان و ئەفغانستان زیاتر پەرەی سەندووە و هەردوولا زیانی گیانی زۆریان ڕاگەیاندووە و وەزیری بەرگری پاکستانیش دەڵێت: وڵاتەکەی لە "جەنگی ئاشکرادایە" لەگەڵ دراوسێکەی. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کە قەبارە و توانا سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەراورد دەکات، نیشاندانی دەدات کە لە رووی هێزی سەربازی و جبەخانەوە پاکستان باڵادەست ترە بەسەر ئەفغانستاندا. • ژمارەی هێزە چالاکەکانی ئەفغانستان کە سوپا و هێزی ئاسمانی و دەریایی لە خۆدەگرێت 660 هەزار کەسە، کە 560 هەزار لە سوپای زەمینی، 70 هەزار لە هێزی ئاسمانی و 30 هەزار لە هێزی دەریایییە. سوپای تاڵیبانی ئەفغانستان بچووکترە و تەنها 172 هەزار کەسی چالاکیان هەیە، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان پلانی خۆی بۆ زیادکردنی هێزی چەکداری بۆ 200 هەزار ڕاگەیاندوە. • پاکستان زیاتر لە 6 هەزار ئۆتۆمبێلی شەڕکەری زرێپۆش و زیاتر لە 4600 تانکی هەیە. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئەفغانستان ئەو زرێپۆش و تانکانەی لەبەردەستە کە لە حکومەتی سوپای رژیمی پێشووی ئەفغانستان دەستی کەوتوە کە ژمارەیان نادیارە. • لە رووی هێزی ئاسمانییەوە پاکستان خاوەنی 465 فڕۆکەی جەنگی لەوانە فڕۆکەی( JF-17) و زیاتر لە 260 هێلیکۆپتەرە، کە بریتین لە هەلیکۆپتەری فرە ئەرک و هێرشبەر و گواستنەوە. لە بەرامبەردا ئەفغانستان فڕۆکەی جەنگی نییە و هێزی ئاسمانی ڕاستەقینەی کەمی هەیە و بە گوێرەی راپۆرتەکە لانیکەم شەش فڕۆکەی هەیە کە هەندێکیان سەردەمی سۆڤیەتن و ٢٣ هێلیکۆپتەریشیان هەیە، بەڵام نازانرێت چەندیان ئامادەی فڕینن. • پاکستان خاوەنی چەکی ئەتۆمی و 170 سەری ئەتۆمییە، لە کاتێکدا ئەفغانستان جبەخانەی ئەتۆمی نییە و ئەمەش یەکێکە لە جیاوازییە بنەڕەتییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات. • بودجەی سەربازیی پاکستان زۆر زیاترە لە بودجەی ئەفغانستان، هەروەها پیشەسازییەکی بەرگری بەرچاوی هەیە کە بەشێک لە ئامێرەکانی بەرهەم دەهێنێت یان بەرزی دەکاتەوە. • لەروی بودجەی سەربازییەوە لە نوێترین ئاماری فەرمی بودجەی ساڵی 2025 بۆ 26ی پاکستان، ئەو وڵاتە نزیکەی 2.55 تریلیۆن ڕوپیەی پاکستانی بۆ خەرجییە سەربازییەکان تەرخان کردووە، ئەم بودجەیە بە نزیکەیی یەکسانە بە 9 ملیار دۆلاری ئەمریکیی، ئەم بڕە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 20% زیادی کردووە، کە یەکێکە لە گەورەترین زیادبوونەکانی دەیەی ڕابردوو. لە کاتێکدا ئەفغانستان ئاماری فەرمی و شەفاف لەسەر بودجەی سەربازی خۆی بڵاوناکاتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرت و داتا نێودەوڵەتییەکانی بانکی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی چاودێری: • لە نیوەی یەکەمی ساڵی دارایی (2025) هێزەکانی تاڵیبان نزیکەی 96.9 ملیار ئەفغانی واتە نزیکی 1.5 ملیارد دۆلاری ئەمریکییان بۆ خەرجییە ئەمنی و سەربازییەکان خەرجکردووە، کە نزیکەی نیوەی کۆی خەرجییەکانی حکومەت لەو ماوەیەدا بووە. ئەم ژمارەیە نوێنەرایەتی خەرجییە ڕاستەقینەکان دەکات لە یەک قۆناغدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاماری ساڵانەی فەرمی بڵاوناکرێتەوە، بەزۆری کۆی بودجەی ساڵەکە زۆر کەمترە لە بودجەی پاکستان و وردبینی دارایی بەراوردکاری نییە. • پاکستان و ئەفغانستان 2 هەزار و 574 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیە کە هەمووی شاخ و ناوچەی کوێستانییە.
