وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: کەناڵی (یەکى عێراقی - قناة الأولى العراقية) هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەدات کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە بارەگای لیوای (50)ی حەشدی شەعبییان لە پارێزگای نەینەوا بۆردومان کردووە. ​ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم هەواڵە، ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەری هەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە. هێزەکانی پێشمەرگە لەم بارودۆخەدا هاوشان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەیان نەکردووە. ​وەزارەتی پێشمەرگە بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵا لەسەر کەناڵی (یەکى عێراقی) تۆمار بکات، لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، کە هەوڵی نانەوەی فیتنە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدات لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.

ن: ئیسراء جەمال و: ئاراس سعید عەلی خامنەیی.. پیاوی یەکەمی ئێران، سەری ڕژێم و «ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی». ناوی تەواوی: عەلی جەواد حوسەینی خامنەیی--یه‌. * لە شاری مەشهەد لە پارێزگای خۆراسان لە ٨ی ئەیلوولی 1939 لەدایکبووه‌ * باوکی تورکێکی ئازەری بوو کە لە تەبریزەوە کۆچی کردبوو بۆ مەشهەد، هەر بۆیە ڕێبەر زۆر بە باشی زمانی تورکی دەزانی و باپیرەشی یەکێک بوو لە زانایانی شیعەی ئازەری لە نەجەف. * منداڵییەکی سەختی بەڕێکردووه‌؛ ئاماژەی بە شەوانێک دەکرد کە هیچیان نەبووە بیخۆن. دەیگوت دایکی لە جلە کۆنەکانی باوکی، جلی بۆ ئەو و براکانی دەدووری. * لەگەڵ براکانی لە گەڕەکێکی هەژاری مەشهەد لە ماڵێکدا گەورەبوو کە رووبەرەکەی تەنیا 70 مەتری چوارگۆشە بووه. * لە ساڵی 1964 هاوسەرگیری کرد كردووه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ى شه‌ش منداڵه‌ بەناوەکانی (مستەفا، موجتەبا، مەسعوود، مەیسەم، بوشرا و هودا). *  لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەستی بە خوێندن و، و دواتریش دەستی بە لەبەرکردنی قورئان كردووه‌. *  دایکی (خەدیجە میردامادی) کە خۆی حافزی قورئان بوو، لە منداڵییەوە شیعر و ئەدەبی فارسی و هونەری ئیسلامی ئێرانی فێر کردووه‌. * لە ساڵی 1958 لەگەڵ باوکی چووه‌ته‌ نەجەف و ساڵی 1959 چووه‌ته‌ قوم، لەوێ بووه‌ته‌ قوتابیی چەندین شێخ کە دیارترینیان «خومەینی» بوو. * لە سەرەتای شەستەکاندا دەستی كردووه‌ بە بڵاوکردنەوەی بیری رووخاندنی ڕژێمی شا لە نێو قوتابییەکانیدا. *  یەکەم جار لە ساڵی 19657 خومەینی بینیووه‌ و کاریگەر بووه‌ بە بیرۆکەکانی و، ببووە یەکێک لە رەمزەکانی ئەو فەقیهە شیعانەی بەرگرییان لە «ویلایەتی فەقیهـ» دەکرد. * شەش جار دەستگیر کراووه‌، یەکەم جاریان لە ساڵی 1962 بوو بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی بۆ پشتگیریکردنی دۆزی فەلەستین. *  دەزگای هەواڵگریی شا (ساڤاک) لە ساڵی 1965ەوە بۆ ماوەی 10 ساڵ  گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کرد. * لە ساڵی 1978 گه‌ڕایه‌وه‌ مەشهەد بۆ رێبەرایەتیکردنی جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی لەو پارێزگایە. * یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشی 1979 و دانوستانکارێکی سەرەکی بوو لە قەیرانی بارمتەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران. *  خومەینی ئەوی لە لیژنەی شۆڕشدا دانابوو. یەکێک لە بڕیارە گرنگەکانی دروستکردنی «سوپای پاسداران» بوو، کە خامنەیی سەرپەرشتی دەکرد. * لە کاتی شەڕی ئێران-عێراقدا ساڵانى (1980-1981)، بە شێوەی خۆبەخش لەبەرەی جەنگ لە ناوچەی «ئەهواز» بووه. *  لە 26ی حوزەیرانی 1981دا رووبەڕووی هەوڵێکی تیرۆرکردن بووەوە. بۆمبێکیان لەناو ئامێری تۆمارکردنی دەنگدا بۆ چاند، به‌ڵام رزگاری بوو، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەوە دەمارەکانی دەستی راستی پچڕان و ئیفلیج بوو. *یەکەم سەرۆکی سوپای پاسداران، ئیمامی جومعەی تاران و سێیەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو بۆ ماوەی 8 ساڵ. * لە 3ی حوزەیرانی 1989، دوای کۆچی دوایی خومەینی، وەک رێبەری باڵای کۆمار هەڵبژێردرا. * چەندین کتێبی نووسیووه‌، هەروەها چەند کتێبێکی وەرگێڕاوه‌ لەوانە وەرگێڕانی کتێبەکانی (سەید قوتب) بۆ سەر زمانی فارسی. * جگە لە فارسی، عەرەبیی بە باشی دەزانی. دەگوترا زیندانییەکی ئەرمەنی زمانی ئینگلیزی فێرکردووە. * زۆر حەزی لە خوێندنەوەی رۆمان و چیرۆکی جیهانی دەکرد. پەیوەندیی لەگەڵ زۆرێک لە شاعیران هەبوو، لەوانە محەممەد مەهدی جەواهیری. *  ئالێکس فاتانکا دەڵێت: «ئەو زۆر کەللەڕەق بوو، بەڵام زۆر وریایش بوو، هەر بۆیەش هێندە لە دەسەڵاتدا مایه‌وه‌». * «موجتەبا»ى كوڕى وەک جێگرەوەی باوکی دەبینرا و پەیوەندییەکی توندی لەگەڵ سوپای پاسداران هەبوو. * لە گەنجیدا پێش شۆڕش جگەرەی کێشاوه‌، دوای 1979 رووی لە کێشانی "پایپ" کردووه‌، بەڵام لە ساڵی 1981 بە وەسیەتی خومەینی وازی لێهێناوه‌. * رۆژى شه‌ممه‌ 28ى شوباتى 2026 له‌ بۆردومانێكى هاوبه‌شى ئه‌مریكا و ئیسرائیلدا له‌ تاران كوژرا و به‌مجۆره‌،  فایلی ژیانی سیاسی و تایبه‌تى پیاوێک کە نیو سەدە بڕیاردەری یەکەمی تاران بوو، بۆ هەمیشە داخرا و ئێران دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێ و نادیارەوە.

فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، کە بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکە، سێ سەربازیان کوژراوە و ژمارەیەکى دیکەش بریندارن، کە برینى پێنجیان سەختە. سێنتکۆم لە تۆڕى ئێکس بڵاوى کردۆتەوە کە لە کاتژمێر 09:30 بەکاتى بەیانى رۆژهەڵاتى ئەمریکا، لە رۆژى 1ى ئایار، سێ سەربازیان لە کاتى ئەرکدا کوژراون و پێنجى دیکەش بەسەختى بریندارن، کە وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنى ئەپیک فیورى بەشداربوونە. لە راگەیەندراوەکەى سێنتکۆمدا هاتووە کە چەند سەربازێکى دیکەیان بە سوکى برینداربوونە بەهۆى پارچەى تەقەمەنى و لەرزەى مێشک، کە بەهۆى دەنگى بەرزەوە برینداربوونە. سێنتۆم دەڵێت، ئێستا ئەوان لە پڕۆسەى چارەسەرکردنى بریندارەکاندان و وەڵامیشیان بۆ هێرشەکە دەبێت. هەروەها لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بۆ رێزگرتن لە خێزانى کوژراوەکان زانیارى زیاتر بڵاوناکەنەوە و لە 24 کاتژمێرى داهاتوو ناسنامەى کوژراوەکان ئاشکرا دەکرێن، پاش ئەوەى خێزانەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.

هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران، مەترسیی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە دروستکردووە و رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێک کە ساڵانێکە نەبیندراوە، بەتایبەت دواى ئەوەى ئەمرۆ ئێران کەشتییەکى نەوت هەڵگرى لە گەرووى هورمز کردە ئامانج. بەپێی رێکخراوی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، گەرووی هورمز رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیلی پێیدا تێپەر دەبێت، کە دەکاتە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان و بەوەش گەروی هورمز بە شادەماری هەناردەی نەوت ناسراوە. میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی 28-02-2026 بڵاویکردەوە، جموجووڵی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەرووی هورمز راگیراوە و ئەروپییەکان داوایان لە کەشتییە نەوت هەڵگرەکانیان کردووە بە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ نەکەن. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە گەورە کۆمپانیاکانی نەوت و بازرگانی، گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنییان لە گەرووی هورمزەوە راگرتووە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران. ئەمرۆ یەکشەممە 1ى ئادارى 2026، تەلە فزیۆنى فەرمى ئێران بڵاویکردەوە، کەشتییەکى نەوت هەڵگریان لە گەرووى هورمز کردوەتە ئامانج و ژێر ئاو کەوتووە، بەهۆى ئەوەى گوێى بە هۆشدارییەکانى سوپاى ئێران نەداوە. ئەندامێکى دیارى رێکخراوى ئۆپیک دەڵێت، مەترسییەکان زۆر جدین، گرفتى گەورە بۆ گواستنەوەى نەوت بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروست دەکات ، ئەگەر دۆخەکەش بەردەوام بێت، ئابوورى جیهان دووچارى داکشانەوە دەبێت. بۆپ ماکنالی، راوێژکارى کۆشکى پێشووى کۆشکى سپى بۆ کاروبارى وزە رایگەیاندووە، ئەگەرى هەیە بە هۆى داخستنى گەرووى هورمزەوە نرخى بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار بەرز بێتەوە. ئاماژەى بەوەشدا، ئێران خاوەنى ژمارەیەکى زۆر لە مین و مووشەکى کوورت مەودایە، بەوەش دەتوانێت رێگرى لە هاتوچۆکردنى کەشتیی نەوتى و جوڵەى کەشتیەوانى لە گەرووى هورمز بگرێت. بە گویرەى داتاکان، لە سالى 2025دا  رۆژانە 14 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووى هورمزەوە گوازراوەتەوە، ئەوەش یەک لەسەر سێى نەوتى جیهانە کە بە رێگەى دەریا دەگوازرێتەوە، لەو بڕەش 75%ى بۆ وڵاتانى ئاسیا رۆشتووە، بەتایبەتى چین، هندستان، ژاپۆن، و کۆریاى باشوور. لەلایەکى ترەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئاماژەیان بە پێویستیی کارکردنی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی کردە سەربازییەکان کردووە؛ هەروەها "جەختیان لە گرنگیی پاراستنی رێڕۆ ئاوییە گرنگەکان، بەتایبەتی گەرووی هورمز کردەوە، بەهۆی ئەو بایەخە ستراتیژییەی بۆ ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە هەیەتی."  فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیی شەڕ دەبێتەهۆی تێکچوونی بازاڕی وزە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی بازاڕی جیهانی دەبێت.

وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت، بنکە سەربازییەکانمان لە قوبرس لەلایەن دوو مووشەکی ئێرانییەوە کراوەنەتە ئامانج. جۆن هێلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، دوو مووشەکی ئێران روەو قوبرس ئاڕاست کراون، هەزاران سەربازی بەریتانی لەو بنکەیە جێگیر کراون. وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی سەربازی کردووە، سیستمی بەرگریان لە ناوچەکە بەهێز کردووە، داواش لە تاران دەکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستان. ئەم هێرشەی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی " لە ئاسمان بوون وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی بەرگریی هاوبەش لە ناوچەکە" لە دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنیان کردووە.  سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاندووە، ئەوە "بۆ پاراستنی گەلەکەمان، بەرژەوەندییەکانمان و هاوپەیمانەکانمان"ـە.

ڕاپۆرتێکی ئەمەریکایی دەڵێت لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا هەڵسانگاندنی کردووە بۆ هەنگاوەکانی چۆنیەتی یەکلاییکردنەوەی پرسی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، شازادەی جێنشینی سعودیە چەندین هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ هاندانی ئەمەریکا بۆ هێرشی سەربازی. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت زانیاری دەستکەوتووە کە محەمەد بن سەلمان لە مانگی ڕابردوودا چەندین پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەرۆک دۆناڵد ترامپەوە کردووە و داوای کردووە هێرش بکرێتە سەر ئێران، هەرچەندە لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکاندا داوای چارەسەری دیپلۆماسی دەکرد. حکومەتی سعودییە دوێنێ شەممە ڕایگەیاند کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە ڕیاز و چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە. هۆشداریشیدا کە مافی و تۆڵەسەندنەوەی هەیە. ڕۆژی 27ی یەکی 2026 محەمەد بن سەلمان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند حکومەتەکەی ڕێگە بە بەکارهێنانی خاکی سعودییە نادات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و داوای گفتوگۆی کرد بۆ گەیشتنە چارەسەر لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا. بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، محەمەد بن سەلمان هۆشداری داوەتە بەرپرسانی ئەمەریکای ئەگەر "بەم زووانە" هێرش ڕوونەدات، ئێران بەهێزتر و مەترسیدارتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران کوژرانی عەلی خامنەیی بە "خەمێکی جەرگبڕ" وەسف دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئاڵاکەی ناوبراو لەسەر زەوی نامێنێتەوە و دڵسۆزانی ڕێبازەکەی بەردەوام دەبن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند، نەمانی ڕێبەر خەسارەتێکی گەورە و خەمێکی جەرگبڕە بۆ وڵاتەکەی. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا درێژەدان بەو ڕێبازەی خامنەیی دەستیپێکردووە، بووەتە ئەرکێکی مێژوویی و بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی هەمووان. عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگای ڕێبەری باڵا ڕێگای ئیمان، بەرخۆدان و ئومێدە. وەزیری دەرەوە وتیشی: "ئەمە ڕێگایەکە کە بە خوێنی پاکی شەهیدان ئاو دەدرێت و بە ئیرادەی سەرکردەکانی داهاتوو بەردەوامی دەبێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی سیاسی و سەربازیی ئێران بە نەمانی کەسی یەکەم پەکیناکەوێت. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەباس عێراقچی دووپاتی کردەوە کە ئەو ئاڵایەی ڕێبەری ئێران هەڵیکردبوو، لەسەر زەوی نامێنێتەوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئاڵاکە لەلایەن دڵسۆزانی ڕێبەرەوە هەڵدەگیرێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ لوتکە بەرزەکان، تاوەکو هەموو ئەو ئامانجانە بەدیبهێنرێن کە ناوبراو لە ماوەی تەمەنیدا کاری بۆ کردوون.

مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق عەلی سیستانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کوژرانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاودەکاتەوە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و پەیامێک ئاراستەی خەڵکی ئێران و موسڵمانان دەکات. لە پەیامەکەیدا، عەلی سیستانی رایگەیاندووە، "بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشی لە گەلی خاوەن شکۆی ئێران و سەرجەم موسڵمانانی جیهان دەکەین بۆ شەهیدبوونی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی."    عەلی سیستانی ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆڵی عەلی خامنەیی  لە "بەڕێوەبردنی" کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی رابردوودا لای هەمووان روون و ئاشکرا بووە. مەرجەعی باڵای شیعەکان باس لەوە دەکات لە ئامانجی "دووژمنان لەم تیرۆرکردنە و هێرشە سەربازییە بەرفراوانە" لێدان لە وڵاتی ئێرانە. عەلی سیستانی لە پەیامەکەیدا داوا لە گەلی ئێران دەکات کە "لەپێناو رێگەنەدان بە سەرخستنی پیلانی دووژمنان، لەم دۆخە هەستیارەدا یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانیی خۆتان بپارێزن."  

لەگەڵ کوژرانی عەلی خامنەیی و لەپاڵ ئەگەری ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت، پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا کێ دەبێتە ڕابەری باڵا؟ میکانیزمی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی ڕابەر بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەرکی دیاریکردنی ڕابەری باڵا دەکەوێتە ئەستۆی "ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی". لە ئەگەری چۆڵبوونی پۆستەکە بە هەر هۆکارێک بێت، ئەنجومەنەکە دەستبەجێ کۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی جێنشینێک. ئەگەر پرۆسەی دیاریکردنی کەسێک بە خێرایی سەری نەگرت، ئەوا تا کاتی یەکلابوونەوەی پۆستەکە، "ئەنجومەنێکی کاتیی سەرکردایەتی" پێکدەهێندرێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. پاڵێوراوە چاوەڕوانکراوەکان بۆ پۆستی ڕابەری باڵا لە ناوەندە داخراوەکانی ئەنجومەنی شارەزایان و بەپێی شیکارییە سیاسی و میدیاییەکان، چەندین کەسایەتی وەک جێنشینی گریمانەکراو ناویان دەهێندرێت، کە نوێنەرایەتیی باڵ و ئاراستە جیاوازەکانی ناو سیستەمی ئێران دەکەن. دیارترین ناوەکانیش بریتیین لە: ١. موجتەبا خامنەیی (٥٦ ساڵ): کوڕی دووەمی ڕابەری پێشووە. سەرەڕای ئەوەی هیچ پۆستێکی فەرمیی دیاری نییە، بەڵام دەسەڵات و هەژموونێکی یەکجار گەورەی بەسەر سوپای پاسداران و ناوەندە ئایینی و سیاسییەکاندا هەیە و لە مێژە لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی هەیە و درێژەپێدەری سیاسەتە پارێزگارەکانی باوکییەتی. ئەوەی ناوی ئەم کاندیدە ڕووبەڕووی مشتومڕ دەکاتەوە، هەستیاریی بیرۆکەی "پشتاوپشتکردن (تەوریس)ـی دەسەڵاتە" لە سیستمێکدا کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی فیقهی دامەزراوە. ٢. عەلی ڕەزا ئەعرافی (٦٧ ساڵ): جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی و ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە. پێشنوێژی وتاری هەینییە لە شاری قوم و سەرپەرشتیاری گشتیی حەوزە زانستییەکانی سەرانسەری ئێرانە. کەسایەتییەکی زۆر کاریگەرە و خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا. ٣. هاشم حوسێنی بوشەهری: جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان و سەرۆکی کۆمەڵەی مامۆستایانی حەوزەی قومە، هەروەها پێشنوێژی هەینییە لە هەمان شار.  یەکێکە لە زانا دیارەکانی حەوزەی قوم و زۆر نزیک بووە لە خامنەییەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەسەری ئەوەیە کە دەرکەوتنی میدیایی کەمە و وا نەزانراوە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سوپای پاسداراندا هەبێت. ٤. غوڵام حوسێن موحسینی ئيژەیی: سەرۆکی ئێستای دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری پێشووی هەواڵگرییە. پەیوەندییەکی پۆڵاینی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و نوخبە سیاسییەکان هەیە و بە بژاردەی دڵخوازی باڵی توندڕەوەکانی ناو سیستمەکە دادەنرێت. ٥. سادق لاریجانی: سەرۆکی پێشووی دەسەڵاتی دادوەریی و ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە. زانایەکی فیقهییە و سەربە خێزانێکی دیاری سیاسی-ئایینییە، لەڕووی ئاراستەوە بە بەشێک لە ڕەوتی پارێزگارە نەریتییەکان (موحافیزکاران) هەژمار دەکرێت. ٦. محەممەد مەهدی میرباقری: پیاوێکی ئایینیی زۆر توندڕەوە و ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە. نوێنەرایەتیی باڵی هەرە کۆنەپارێز و داخراوی ناو دامەزراوە ئایینییەکان دەکات. بە توندی دژی ڕۆژئاوایە و باوەڕی وایە ململانێی نێوان "باوەڕداران و بێباوەڕان" شتێکی حەتمییە و لێی دەرباز نابین. ٧. حەسەن خومەینی: نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی (ڕوحوڵڵا خومەینی)ـیە. وەک ڕووخسارێکی نزیک لە باڵی ڕیفۆرمخوازەکان (ئیسڵاحییەکان) دەبینرێت. هەرچەندە شەرعییەتی مێژوویی هەیە، بەڵام چانسی دەرچوونی بە تەواوی بەندە بە ڕەزامەندیی باڵی پارێزگاران و هاوسەنگیی هێز لەناو ئەنجومەنی شارەزایاندا. ٨. عەلی خومەینی: نەوەیەکی تری خومەینییە کە لە حەوزەی زانستیی شاری نەجەف مامۆستایە. ئەویش خاوەنی شەرعییەتێکی ئایینی و شۆڕشگێڕییە و لەناو ناوەندەکاندا بەوە ناسراوە کە کەمتر توندڕەوە بەراورد بە زۆرێک لە هاوتەمەن و هاوتاکانی. نزیکایەتییەکیشی لەگەڵ خامنەیی هەبووە. ٩. ئەحمەد خاتەمی: ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان و پێشنوێژی کاتیی شاری تارانە. یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی باڵی پارێزگارە توندڕەوەکان و ناوی لە شیکارییەکاندا بۆ پۆستەکە دەهێندرێت. ١٠. موحسین قومی: ڕاوێژکاری باڵایە لە نوسینگەی عەلی خامنەیی، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور و ئەنجومەنی شارەزایانە. هەڵبژاردنی ئەو دەبێتە هۆی نوێنەرایەتیکردنی بەردەوامبوونی هەمان پێکهاتەی ئایینی و سیاسیی ئێستا. ١١. موحسین ئەراکی: ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمە، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی زانایانی حەوزەی ئاینی قوم بووە. بەرپرسیارێتی جیاوازی هەبووە لەبواری فیقهی و ئاینییدا.  سەرچاوە: ماڵپەرى پەنجەرە

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنراوێکدا هەواڵی کوژرانی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاو کردەوە و بەم بۆنەیەشەوە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرانسەری عێراقدا راگەیاند. لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی عێراقدا هاتووە، "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و تەواوی نەتەوەی ئیسلامی دەکەین بەهۆی شەهیدبوونی زانا و موجاهید، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی".  عەوادی رایگەیاند، "رێبەری باڵای ئێران لە ئەنجامی دەستدرێژییەکی ئاشکرا و کردەوەیەکی مەحکومکراودا شەهید کرا و کردەوەکە پێچەوانەی هەموو دابونەریتە مرۆیی و ئەخلاقییەکانە و پێشێلکردنێکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە". لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، حکوومەتی عێراق داوای راگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات. عەوادی هۆشداری دا، "بەردەوامیی ئەم دۆخە ناوچەکە بەرەو ئاستێکی مەترسیدار و بێ پێشینە لە توندوتیژی دەبات، ململانێکان پەرە پێ دەدات و ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە". ئێوارەی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی راگەیاند. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەش، 01ـی ئاداری 2026، میدیای فەرمیی ئێران هەواڵەکەی پشتراست کردەوە. 

هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریری سەربە پارێزگاری هەولێر و دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنێو فڕۆکەخانەکە بیستراوە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە دوێنێوە چەندین جار بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان  و لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانان تێکشکێنراون. سەرچاوەیەک لە قەزای هەریری سەربە هەولێر وتى: کاتژمێر 8:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 1-3-2026، هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر، بەهۆیەوە دەنگی بەهێز بیسترا و دووکەڵ لە فڕۆکەخانە بەرز بووەوە، بەڵام دیار نییە بە درۆن یان مووشەک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانە.  فرۆکەخانەی سەربازیی هەریر کەوتووەتە سنووری ناحیەی هەریر سەر بە پارێزگای هەولێر و هێزی هاوپەیمانانی لێیە.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردووە و بە تووندی وەڵامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بە کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕووخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی خۆیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، "ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سووتاند، ئێمەش بە هەمان شێوە دڵی ئەوان دەسووتێنین". لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی "ئیستعمارگەر" کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن. لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان دوو بژاردەی "خۆبەدەستەوەدان" و "بەرگری"، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت.   لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی داڕووخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بە مردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بە هەڵەدا چووە". هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتووترن لە جاران.

وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران ده‌رفه‌تی رێككه‌وتنی پێدرا و ره‌تیكرده‌وه‌ و باجی رێكنه‌كه‌وتن ده‌دات؛ دەشڵێت هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانمان زۆر ورد و كوشنده‌ن یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: بە فەرمانی سەرۆک ترەمپ، وەزارەتی جەنگ ئۆپەراسیۆنی "Epic Fury - تووڕەیی داستان ئاسا"ی دەستپێکردووە، کە بە "کوشندەترین، ئاڵۆزترین و وردترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە مێژوودا" وەسفی کرد. وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوە کرد ئێران دەرفەتی رێککەوتنی پێدرا، بەڵام رەتیکردەوە، بۆیە ئێستا دەبێت بەرگەی لێکەوتەکان و باجی ئەو بڕیارە بگرێت. گوتیشی: بۆ ماوەی نزیکەی پەنجا ساڵە ئێران ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، بەڵام سەرۆک ترەمپ، بە پێچەوانەی هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی، دەستی کردووە بە بنبڕکردنی ئەم شێرپەنجەیە. سەبارەت بە ئامانجە سەربازییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزیری جەنگ جەختی کردەوە کە رێگە نادەن هیچ موشەکێکی بەهێز گەلی ئەمریکا بکاتە ئامانج، بۆیە تەواوی موشەکەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانیان تێکدەشکێنن. هەروەها رایگەیاند: هێزی دەریایی ئێران لەناو دەبرێت و وەک چۆن سەرۆک ترەمپ هەمیشە وتوویەتی، ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە پەیامێکیدا بۆ تاران، وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم ململانێیەی دەستپێنەکرد، بەڵام ئێمە کۆتایی پێدەهێنین. ئەگەر لە هەر شوێنێکی جیهان ئەمریکییەکان بکوژن یان هەڕەشەیان لێ بکەن، ئەوا ڕاوتان دەکەین و دەتانکوژین."

ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند بەرپرسێکى ئیسرائیلى ئاشکرای کردووە، کاتێک هێرش بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران لە کۆبوونەوەدا بووە، لەگەڵ کەسە نزیکەکانى و ئەو کاتە بەدەرفەت زانراوە، تاوەکو هێڕشەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسى رۆیتەرز، رونیکردۆتەوە، دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل، ئاگادارى کۆبوونەوەى عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران بوون، لەگەڵ کەسە نزیک و گەورە یاریدە دەرەکانى، لە شوێنی مانەوەی لە تاران لە گەڕەکی پاستۆر، بۆیە ئەو دەرفەتەیان قۆستوەتەوەو بەخێرایى هێرشکەیان ئەنجامداوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، خامنەیى لەکاتى هێرشەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە یاریدەدەرانى گوژراوە، لەوانە عەلى شەمخانى، ئەمیندارى پێشووى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و محه‌مه‌د پاکپوور، فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران. رۆیتەرز ئەوەشى خستۆتەڕوو، رۆژى شەممە 28ى شوباتى 2026، کەمێک پێش هێرشەکە، عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران، لەگەڵ هەریەک لە عەلى لاریجانى، ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و عەلى شەمخانى بۆ ماوەیەکى زۆر کورت کۆبووەتەوە. بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، بە فەرمی کوژرانی عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران و سێ ئەندامی نزیکی خێزانەکەى لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران پشتڕاست کردەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکە، کچێکی خامنەیی و نەوەیەکی و زاوایەکی لەو بۆردوومانانەدا گیانیان لەدەستداوە.  پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، بە فەرمى کوژرانى عەلى خامنەیى رابەرى باڵاى ئێرانى لە هێرەشەکاندا پشت راستکردەوەو لە نوسینێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕى "تروس سۆشیال " دەڵێت: "خامنەیى دیارترین کەسایەتییە شەڕانگێزەکان لە مێژوودا، مرد. "

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە میانی ئیفتاری پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەستەنبوڵ: 🔹هەست بە دڵتەنگی و نیگەرانییەکی قووڵ دەکەم سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکاوئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی دراوسێمان، بە هاندانی ناتانیاهۆ. 🔹ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری ئێران و بە ئامانجگرتنی ئاسایشی گەلی ئێرانی دۆست و برامانن.  🔹پاساوەکان هەرچییەک بن،  ئەو هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە دژی دەوڵەتە براکانی کەنداومان ئەنجامیانداوە، رەتدەکەینەوە.  🔹تورکیا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە. 🔹هیچ کێشەیەکمان نییە سەبارەت بە ئاسایشی سنوور و ئاسمانی خۆمان؛ هێزەکانمان لە بەرزترین ئاستدا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرنەبەر. 🔹هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان. 🔹ئەم قۆناغە هەستیارە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەبەین لە ڕێگەی سیاسەتێکەوە کە ئاسایشی نەتەوەکەمان و گەلەکەمان لە پێشینەی کارەکانیدا بێت.