سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان دەڵێن: لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت کە ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە تێوەگلاون لە بۆردومانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی، تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەوەی کێ لەپشت هێرشەکەوە بووە، تەنها گەیشتووەتە ئەوەی بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەكە ئەنجامدراوە.  بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە قسەیان بۆ رۆژنامەی (العربی الجدید) كردووەو داوایان كردووە ناویان نەهێنرێت، رایانگەیاندووە: راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا رادەستی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، بۆ بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەو ئەو رێوشوێنانەی دواتر دەگیرێنەبەر. سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، لیژنەكە زانیاری ئەوەشی دەستكەوتووە، هێرشەكە لە دووزخورماتوو لەسەر سنوری هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، کە چەند گروپێكی چەکدار تیایدا چالاکن، بەڵام تیمە تەکنیکیەکان نەیانتوانیوە رێڕەوی هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان یان لایەنی بەرپرسیار لە هەڵدانی دیاری بکەن.  لای خۆیەوە یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە: حكومەت پێداگرە لەسەر ئەوەی بە زووترین کات راستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، رەنگە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامە بەراییەکان سەبارەت بە سروشتی هێرشەکە رابگەیەندرێت.   ئاماژەی بەوەشکردووە: دیاركردنی ئەو لایەنەی ئەو كارەی كردووە لەم کاتەدا کارێکی قورسە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

دوای ماوەیەک لە وەستانی دانوستانەکان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکڕیزی لە بەغداد تاوتوێ دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری و ئەندامێتیی پشتیوان سادق و عەلی حسێن، دەچنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و لەلایەن شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێ دەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، شاندی پارتی "دەستپێشخەرییەکیان" بۆ یەکێتی پێیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەیەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان پرۆسەکە ڕاگیراوە. تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. پارتی دەیەوێت لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگ بچنە بەغداد. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندی پارتی سەردانی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییان کرد بۆ هەمان مەبەست. جێی وەبیرهێنانەوەیە دواین کۆبوونەوەی باڵای هەردوو حیزب لە 30-09-2025 لەنێوان مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەچوو.

لە دوای سەردانەکەی بۆ باکووری کوردستان دەنگۆی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان لە میدیاکاندا بڵاوبوویەوە.  کۆبوونەوە روویداوە؟  بەگوێرەی زانیاری و گەڕانەکانی هاوڵاتی، هیچ کام لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کورستان و  پارتی کرێکارانی کوردستان هەواڵیان لەبارەی کۆبوونەوە یان دیداری سەرۆک بارزانی و رێبەر ئۆجەلان  بڵاونەکردووەتەوە. بەشێک لە دەنگۆکان، تائێستا بەردەوامن، بەڵام، هیچ راگەیەنەدراوێکی فەرمی نییە لەوبارەیەوە. دوێنی سەرۆک بارزانی، سەردانی باکووری کوردستانی کرد و بەشداریی کرد لە سیمپۆزسمی مەلای جزیری لە شرناخ و دواتر گۆڕی هەریەک لە [ شەڕەفەدین ئەڵچی، مەم و زین، بەسەرکردەوە.

یاریدەدەری وەزیری تەندروستی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی تۆمەتی داواکاری بەرتیل دەستی لەکارکێشاوە رادیۆی نێودەڵەتی فەرەنسا/فارسی  ئەمڕۆ، دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنیانی راگەیاند. ناوبراو دوای بڵاوبوونەوەی نامەیەک لەلایەن دایکی نەخۆشێکەوە دەستی لەکارکێشاوەتەوە کە تێیدا نووسیبووی: جەلیل حوسەینی، بۆ نەشتەرگەری کوڕەکەم، داوای پێنج لیرەی زێڕی لێکردووم. دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی جەلیل حوسێنی، یاریدەدەری وەزیری تەندروستی، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەمەد ڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستیی ئێران، فەرمانێکی دەرکردووە و عەلی جەعفەریان، راوێژکاری باڵا و جێگری ئەو وەزارەتەی وەک یاریدەدەری وەزیری تەندرووستی بە وەکالەت دیاری کردووە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو بووەوە کە فەرهاد تیمورزادە، بەڕێوەبەری چاپی "تیمورزادە" و گۆڤاری "تەبیب"، وێنەیەکی دەستنووسی دایکێکی لە ئینستاگرامی خۆی بڵاوکردەوە و نووسیبووی: کاتێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی منداڵەکەی بۆ دیتنی جەلیل حوسێنی، یاریدەری وەزیری تەندروستی لە شاری تاران رۆیشتووە، داوای پێنج لیرەی ئاڵتوونی لێ کردووە. بە گوتەی دایکی نەخۆشەکە، جەلیل حوسێنی ئەم داوایەی لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهر لە تاران کردووە و گوتویەتی: ئەگەر پارەت نەبێت، دەبێت سێ بۆ چوار ساڵ چاوەڕێی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی حکومی تەجریش بکەیت.

فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند: بەشێوەیەکی سیمبوڵی چەکەکانمان سووتاند، بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکوری کوردستان کشاندەوە، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا کە لە ئەستۆی پەکەکە بوو، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە، لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە ئەویش هەنگاو بنێت. بە بۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، لە قەندیل مەراسیمێک رێکخرا، تیایدا ئامەد مەلازگرد فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باسی لە هەنگاوەکانی پەکەکە کرد لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی دەستیپێکردووە و لە سەر داواکاریی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەیان بەستووە و دواتر چەکەکانیان بە سیمبوڵی سوتاندووە، بەڵام تورکیا هەنگاوی پێویستی نەناوە. مەلازگرد، ئاماژەی بەوەکرد، پەکەکە کۆبووەوە و کۆنگرەی خۆی بەست، کۆتایی بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی خۆی هێنا. ماوەی پێنج ساڵ بەدژواری شەڕ لە هەرێمی زاپ بەڕێوەچوو، دەوڵەت هەموو دەرفەتەکانی خۆی بەکارهێنا تاکوو هێزی گەریلا لەو شوێنە کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام نەیتوانی. ئۆجەلان ووتی بۆ رێگرییکردن لە ئاژاوەگێڕی، پاشەکشە بکەن لەو هێڵانەی کە ئەگەری پێکدادان تێیاندا هەیە، هێزەکانیشمان لەو ناوچەیە کشاندەوە. ووتیان چەکەکانتان رادەست بکەن، ووتمان چەکەکان رادەست ناکەین، بەڵام بۆئەوەی مانادار ببێت بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانمان سووتاند. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی پێکدادان روونەدات هێزەکانمان لە باکووریش کشاندەوە. فەرماندەی هەپەگە ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئەرکەمان بەجێهێنا لە ئەستۆی پەکەکە بوو. بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەت هەنگاوێکی روونی نەناوە. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دەوڵەت دەکەین، چاوەڕێین ئەوانیش هەندێک هەنگاو بنێن. لەبەرئەوەی لەمەودوا ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێین. ئەگەر دەوڵەتی تورک بە ڕاستی باسی خوشک-برایەتیی کورد و تورک دەکات، پێویستە هەنگاو بنێت.  بەووتەی مەلازگرد چاوەڕاوانی دوو هەنگاوی کردەیین لە دەوڵەتی تورکیا ئەوانیش: "هەنگاوی یەکەم بریتییە لە ئازادیی ئاپۆ، پێویستە ئەمە لە یاسادا چارەسەر بکرێت. هەنگاوی دووەم، پێویستە کورد لەناو دەستووری بنەڕەتیی تورکیادا جێی بکرێتەوە." فەرماندەی هەپەگە ووتیشی: “تاکوو ئێستا ئاپۆ هەنگاوی ناوە، ئێمە چاومان لەسەر دەوڵەتی تورکیایە، ئەو هەنگاوانەی دەینێت گرنگە.”

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی دادگاییکردنی درێژخایەن بوەتەوە نوسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران بە رەسمی داوایەکی پێشکش کردوە بۆ ئەوەی لێی خۆشبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل بڵاوکردوەەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، بە رەسمی داوای کردوە لێی خۆش بن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیدا. نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو،  کە ئەمە داواکارییەکی ناوازەیە و کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت و دوای وەرگرتنی هەموو بۆچوونە پەیوەندیدارەکان، سەرۆک بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە داواکارییەکە لەبەرچاو دەگرێت.  ئەو داواکارییەی ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کراوە بۆ لێخۆشبون دوو بەڵگەنامەی لەخۆگرتوە، کە بریتین لە نامەیەک کە واژۆی پارێزەری سەرۆک وەزیران و نامەیەکی دیکەی کەسی، کە واژۆی خودی ناتانیاهۆی لەسەرە. لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، رایگەیاند؛ "کۆتاییهێنان بە دادگاییکردنی دەستبەجێ پاڵپشتی لە ئاشتەوایی نیشتمانی دەکات". لە پەیامێکی  ڤیدیۆیدا، ناتانیاهۆ رایگەیاندوە؛ لە بەرژەوەندی کەسی خۆیدایە، کە رێوشوێنە یاساییەکان تا کۆتایی تەواو بکات بۆ بەدەستهێنانی بێتاوانی، بەڵام "واقیعە سەربازی و نیشتمانییەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی بە پێچەوانەوە بڕیار دەدەن"، ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دادگاییکردنی بەتۆمەتی گەندەڵیی "دەبێتە هۆی دووبەرەکی لە وڵاتەکەدا". ئەمە لە کاتێکدایە، نەتانیاهۆ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی بەرتیلدان، ساختەکاری و شکاندنی متمانە لە پەیوەندی لەگەڵ سێ دۆسیەی جیاوازدا دادگایی دەکرێت و ناوبراو بەردەوام  رەتیدەکاتەوە هیچ کارێکی نادروستی کردبێت و تا ئێستاش دادگایکردنەکەی بەردەوامە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی توندوتیژییەکانی گوندی لاجانی کرد و داوایکرد بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە بدۆزرێنەوە و ڕادەستی دادگا بکرێن. دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە 29ـی تشرینی دووەم، دوای گردبوونەوەی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی لاجان لەبەردەم کۆمپانیای لاناز بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، "بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی گەنجێک و برینداربوونی چەند کەسێکی تر." راگەیەندراوی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ/ كوردستان؛ لەبارەی رووداوەکەی گوندی (لاجان) لە پارێزگای هەولێر: ڕۆژی شەممە ١٢/٢٩ دوای ئەنجامدانی گردبونەوەی ژمارەیەک خەڵکی گوندی لاجان لەسنوری شاری هەولێر لەبەردەم کۆمپانیای (لاناز) ڕێگەیان گرتبوون بۆ پێشکەشکردنی چەند داواکاریەک بەداخەوە توندوتیژی و تەقەی لێکەوتەوە بوە هۆی کوژرانی گەنجێک و بریندار بونی چەند کەسێکی تر لەخەڵکەکەو پاسەوانانی کۆمپانیاکە، هەروەها توندوتیژی بەرامبەر چەند کەناڵێک و ڕۆژنامەنوسێک بەکارهاتووە. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی هەر جۆرە توندوتیژیەک دەکات کە ببێتە هۆی بەکارهێنانی چەک و کوشتنی لێ بکەوێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بەفەرمانی بەڕێز سەرۆکی دەستە لەنزیکەوە تیمێکی تایبەتی دەستەی مافی مرۆڤ بەسەرۆکایەتی خاتو تاڤگە عمر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاساو پاراستنی مافی مرۆڤ و شاندێکی ناردە شوێنی ڕووداوەکەو لەوێ لەگەڵ چەند کەسێکی مەدەنی گفتوگۆیان کرد لەسەر ڕووداوەکە. دوای گفتوگۆی تیمی دەستە وهەریەک لەپارێزگاری هەولێرو بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆمان دەرکەوت کە لێکۆڵینەوە بەردەوامەو بەڵگەکان کۆکراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە وە ئاماژەیان بەوەداوە هەرکەسێک تەقەی کردبێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجام دەدرێ. دەستەی مافی مرۆڤ وێڕای پشتگیری کردن لەداواکاری هاوڵاتیان بۆ دابین کردنی ژیان و مافەکانیان لەهەمان کات پشتیوانی لەگردبونەوەکان دەکات بەڕێکاری یاسایی و مەدەنی دوور لەتوندوتیژی و هەمیشە دژی بەکارهێنانی چەک و توندوتیژین وە دڵنیاتان دەکەین کەبەردەوام دەبین لە چاودێری کردنی ئەم کەیسە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و پێویستە تەقەکەران و تۆمەتباران بەزوویی بدۆزرێنەوە بدرێنە دادگا. داواکارین خوای گەورە قوربانیەکە بەبەهەشتی خۆی شاد بکاو شیفای بریندارەکان بدات. دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم، دانیشتنی دادگاییکردنی ئارام قادر بۆ مانگی 1ـی ساڵی داهاتوو دواخرا، کە بڕیاربوو بۆ یەکەمجار لەدوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستگیرکردنی ببرێتە بەردەم دادوەر. بەکر حەمەسدیق پارێزەری ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی بە زوومی گوت، هەرچەندە بڕیاربوو، ئەمڕۆ ئارام قادر لە سلێمانی بهێرێتە بەردەم دادوەر و دادگایی بکرێت، بەڵام بە بیانووی نەخۆشی دانیشتنەکە بۆ رۆژی 13ـی یەکی ساڵی داهاتوو دواخرا. گوتیشی، ئاسایشی سلێمانی راپۆرتێکی هێنابوو لەبارەی ئەوەی کە ئارام قادر لە زیندان نەخۆشە و ناتوانێت لە بەردەم دادوەر ئامادەبێت، بۆیە دادوەر بڕیاریدا دانیشتنی دادگاییکردنەکە دوابخات، تا ئەوکاتەی تەندروستی باش دەبێت، چونکە بە نەخۆشی دادگایی ناکرێت. ئەحمەد ئارام قادریش بە زوومی گوت، باوکی دەبوو لە رۆژی 4ـی ئەم مانگە ببرێتە بەردەم دادوەر بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نەهێنرایە بەردەم دادوەر و دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا کە  بڕیاربوو بۆ یەکەمجار لەدوای دەستگیرکردنی، کاتژمێر 1ـی دوانیوەڕۆ بهێنرێتە بەردەم دادوەر و دادگایی بکرێت. لە رۆژی 12ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئارام قادر سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانی نیشتمانی دەستگیرکرا و تائێستا لە زیندانە. لەو ماوەیەی دەستگیرکراوە، پارێزەرەکەی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چەندینجار داوایانکردووە سەردانی بکەن، بەڵام هێشتا رێگە نەدراوە چاویان پێی بکەوێت. ئارام قادر پێشتر جگە لە هاوپەیمانی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەو حزبە بوو تا مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024، لە هەریەکە لە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی باڵای هەبوو. جگە لە دەستگیرکردنی ئارام قادر، هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانن، واتە لەئێستادا سێ سەرۆک حزب لە سلێمانی دەستگیرکراون کە هێشتا لاهور شێخ جەنگی لەدوای زیاتر لە سێ مانگ لە دەستگیرکردنی نەبراوەتە بەردەم دادوەر.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا نمەباران دەستپێدەکات و ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە هەیە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەمڕۆ لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵە پەستۆی لاواز بۆ سەر ناوچەکە، کەشوهەوا دەگۆڕێت و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، هەروەها  پێشبینی نمەباران لە سەر هەندێ ناوچەی شاخاویی هەیە بەشێوەی نمە بارانی پچر پچری کەم لە کاتەکانی ئێوارە و شەو . ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو نزمە پاڵە پەستۆ لاوازەی کە تا کاتەکانی نیوەڕۆ بەردەوامی دەبێت، پێشبینی دەکرێت سبەینێ ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور بێت، هەروەها پێشبینی باران دەکات لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای سڵێمانی،هاوکات ئەگەری دروست بوونی هەورە بروسکە هەیە، لە دوای نیوەڕۆ کەشەکە ئاسای دەبێتەوە و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور.

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی پێشنیاری دانوستان و بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردوون، ئەگەر ئاراستەی دانوستەکانیان لەگەڵ پارتی باش بێت. بورهان ڕەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هەفتەی پێشوو سەردانی کاک لاهورم کرد، دۆخی تەندروستی باش بوو، لەسەر زۆر بابەت قسەمانکرد، یەکێکیان بەشداریکردن بوو لە حکومەت. وتیشی: کاک لاهور پێشنیاری بەشداریکردنی لە حکومەت بۆ کردین، ئەگەر ئاقاری گفتووگۆکانمان لەگەڵ پارتی بەدڵ بوو، ئەگەر گفتووگۆکانیشمان بەدڵ نەبوو ناچینە حکومەتەوە. بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات، خاوەنی دوو کورسییە لەکۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.

وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی ببێتەوە. ئاماژەی بەوەش دا "ئەمجارە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە ئاسانی تێپەڕ نابێت." ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2025، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان (بە وەکالەت) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 2000 مێگاوات و پێشبینی دەکەن، تا کاتژمێر 04:00 بۆ 05:00ـی ئێوارە، ئاستەکە بۆ نزیکەی 4000-4500 مێگاوات بەرزببێتەوە و کارەبا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. کەمال محەممەد ساڵح گوتی: "پێش هێرشەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی کۆرمۆر، 530 ملیۆن مەتر سێجا بوو، تا ئێستا گەیشتووەتە 404 ملیۆن پێ سێجا، واتە 76%، چاوەڕێ دەکەین تا چەند کاتژمێرێکی دیکە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە." کەمال محەممەد ساڵح سوپاسی هەردوو وەزارەتی کارەبا و نەوتی عێراقی کرد و گوتی: "دوێنێ شەممە، 29ـی تشرینی دووەم، یەکەم کاروانی گازی ماڵان لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و بەسەر شارەکاندا دابەش کرا؛ تیرۆریستان دەیانویست لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کێشە بۆ گازی ماڵانیش دروست بکەن، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیمان شکست بەو پلانە بهێنین." وەزیری کارەبا دووپاتی کردەوە: "لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق و ئەندامێتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن و ئەمجارە، هێرشەکە بە ئاسانی تێناپەڕێت و پێویستە، هێرشکاران ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە." ناوبراو، جەختی لە پێویستیی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دژەدرۆن بۆ كێڵگەی کۆرمۆر کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆمپانیای دانە غازیش کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، هەمان داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە. ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ هەموو هاوپەیمان و دۆستەکانمان باس کردووە و ئەمجارە حکوومەتی عێراقیش بە جددی هاتوونەتە سەر هێڵ." نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.  بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە.  هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر و لە چەند کاژێری داهاتوودا کارەبا دەگەڕێتەوە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ پشوو درێژییان بەرانبەر ئەو هێرشەی کرایە سەر کێلگەی کۆرمۆر، ئەمە دەقی پەیامەکەیە: سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو بۆ سەر ژێرخانی گازی هەرێمی کوردستان، تووشی کەمیی کارەبا بوونەوە. خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان بەگشتی ئەم هێرشەیان شەرمەزار کرد کە دژی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بوو و بووە هۆی بڕینی کارەبای ملیۆنان کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. ئەمڕۆ لەدوای ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە قسەم کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و گشت کارمەندەکانم کرد بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزیان. ئەمە یازدەمین هێرشە بۆ سەر کێڵگەکە و ئامادەیی ئەوانیش بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەیان، نیشاندەری خۆڕاگرییانە. دڵنیاشم کردنەوە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانمان. ئەم هێرشە نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت هێرشەکان ببنە ڕووداوی ئاسایی. دیار بوو کە دوژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک هەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم هێرشەیان کرد و دژی ڕووناکی وەستانەوە و هەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر لایەن و گروپێک بن و لە هەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕادەستی یاسا بکرێن. ئەوە تاکە ڕێگرییە و چاوەڕوانین ڕێوشوێنی جیددی و کردارەکی بگیرێتەبەر. چونکە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و مافیا گەندەلەکان بە بێ هیچ سزا و لێپێچینەوەیەک، هێرش بکەنە سەر ژيرخانی ئابووری وڵات و دڵیان بە ئازاری خەڵکی کوردستان خۆش بکەن. سوپاسی تیمی تەکنیکیی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا و هێزە ئەمنییەکان دەکەم بۆ کارکردن و ماندووبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هێرشە ترسنۆکانە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان نامانوەستێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و درێژەدان بە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەیان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

مارك ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە عێراق دەڵێت: ئەمڕۆ جیهان عێراق وەک وڵاتێک دەبینێت رۆلێكی گەورەترو کاریگەتر لە ناوچەکەدا بگێڕێت، بەمەرجێك پرسی چەك له دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت به تەواوی چارەسەربکات و شکۆی دامودەزگا فەرمییەکان بپارێزێت. ساڤا لە سەكۆی "ئێكس" نوسویەتی: هیچ ئابورییەک ناتوانێت گەشە بکات و هیچ هاوبەشییەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، لە ژینگەیەکدا کە سیاسەت لەگەڵ دەسەڵاتی نافەرمیدا تێکەڵ بووە، عێراق دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە بۆ هەڵدانەوە ئەم دۆسییەو بەهێزكردنی وێنەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە لەسەر سەروەری یاسا بونیاد نراوە نەک دەسەڵاتی چەک. راشیگەیاندووە: بە هەمان شێوە گرنگە، دامەزراندنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و رێزگرتن لە چوارچێوە دەستورییەکان و رێگریکردن لەو دەستوەردانانەی کە دەكرێت دروستكردنی بڕیاری سیاسی پەكبخات یان سەربەخۆیی دەوڵەت لاواز بکات.  ساڤایا لە بەشێكی تری نوسینەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە:  عێراق لە بەردەم دوڕیانێكی یەكلاكەرەوەدا وەستاوە،  یان بەرەو دامەزراوەی سەربەخۆ هەنگاو دەنێت کە توانای جێبەجێکردنی یاسا و راکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت، یان دەگەڕێتەوە ناو ئەو سوڕە ئاڵۆزییەی کە بارگرانی لەسەر هەموو لایەک دروستکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە پشتیوانیكردن لە كاروانی وڵات و رێزگرتن لە دەستورو بەهێزکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پابەندبونێکی پتەو كە وابەستەی دوورخستنەوەی چەک بێت لە سیاسەت، ئەمە رێگای بونیادنانی عێراقێکی بەهێزە کە رێزی جیهان بەدەست بهێنێت.

ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)، ئەوە دەخاتەڕوو دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەبێ روونکردنەوەی هۆكارەكانی وەستاون، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەى  دەكرێت هاوپەیمانی تورکیا بین، بەڵام وەک بەشێک لە سوریا دەمێنینەوە.  لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی " ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی: ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) ڕایدەگەیەنێت مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبێ رەزامەندی تورکیا نەیدەتوانی بەشداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆکی کوردستانی عێراق بکات. هاوکات ئەوەش باسدەکات کە گفتوگۆکانی ئەنكەرە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت. ئەوەش دەڵێت کە دیمەشق دەستی دەستی دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدات بەبێ ئەوەی بەڵێنێكی کۆنکرێتی پێشکەش بکات.  بەشێکى دیکە لە پەیامەکانى ئاڵدار خەلیل لە چاوپێكەوتنەکەدا.. ــ دوای کۆبونەوەی ئەحمەد شەرع لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، لە واشنتۆن، گفتوگۆکان راگیراون.  ــ دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەبێ روونکردنەوەی هۆكارەكانی وەستاون.  ــ گفتوگۆکانی ئەنكەرە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا دەبێت. ــ دیمەشق دەستی دەستی دەكات و هەوڵی بەدەستهێنانی کات دەدات بەبێ ئەوەی بەڵێنێكی کۆنکرێتی پێشکەش بکات.  ــ لایەنی سوری وەهمێکی دروستكرد بەوەی  پێشکەوتن لە دانوستانەكان هەیەو رازیبون بە پێکهێنانی فیرقەیەك و سێ لیوا لە هەسەدە. ــ سەرەڕای لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو کە بریتی بوون سەرلەنوێ‌ رێكسختنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەستنەوەی دەزگا ئەمنییەکان بە ئیدارەی ناوەندی لە دیمەشق. ــ ئەمە یاریكردنە بە زاراوەكان بەبێ هیچ پابەندبونێکی راستەقینە. ــ سەرۆکی سوریا نەرمی نواندووە لە پرسی نا ناوەندیدا نیشانداوە، بە مەرجێک بەو ناوە ئاماژەی پێ نەکرێت. ــ یەكسختنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو وەزارەتی ناوخۆی دیمەش قو دانانی جێگری وەزیری ناوخۆ لە ئیدارەی خۆسەر، و پێدانی سەرۆک ئەرکانی سوپای سوریا بۆ کورد. ــ ئیدارەی خۆسەر داوای واژۆکردنی فەرمی لەسەر هەر رێککەوتنێک دەکات. ــ لەو کاتەوە وەڵامیان نەداوینەتەوە، تەنانەت داواکارییەکانیشیان نەخستۆتەڕوو. ــ ئێمە واتێگەیشتوین تەنها ویستوویان پێش کۆبونەوەکەیان لەگەڵ ترەمپ وای نیشانبدەن كە لە گفتوگۆكاندا پێشکەوتن هەیە. ــ تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا لە گرنگی ئەم ساتەوەختە تێدەگات و جەختیكردووە کۆبونەوەی داهاتوو بەردەوام بێت تا رێککەوتن، منیش بە تەواوی لەگەڵیدا هاوڕام، بەڵام سەرەتا پێویستمان بە کۆبونەوەیە. ــ سەبارەت بە پەرەسەندنی ناوچەکانی وەک رەقە و دێرحافر، سوپای سوریا هەوڵدەدات ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر وەک ناسەقامگیر پیشان بدات، لەکاتێکدا واقیعەکە ئەوەیە کە ناوچەكانی تری سوریا ناسەقامگیرە. ــ دەكرێت هاوپەیمانی تورکیا بین، بەڵام وەک بەشێک لە سوریا دەمێنینەوە. ــ سەبارەت به ئەگەری هەڵكشانی دۆخەكەش، دەتوانم پاش مانگێک وەڵامێکی روونتر بدەمەوە. ــ لە ناوچەکەماندا نوێنەرایەتییەکی فەرمی رژێم نییە، لە کاتێکدا ئێمە لە دیمەشق دوو نوێنەرایەتیمان هەیە، پەیامەکە روونە: سوریا بەجێبهێڵن، جیاببنەوە، بە ڕێگای خۆتان بڕۆن. ــ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەرگای هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنكەرە دەکاتەوە. ــ پێشهاتەکانی تورکیاو بەتایبەتی دانوستانه بەردەوامەکانی لەگەڵ عه بدوڵا ئۆجەلان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەنووسی ناوچەکه دەبێت.  ــ دیداری ئەم دواییە لەگەڵ ئۆجەلان سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، چیتر بە سەرۆکی تیرۆریستان ناونابرێت، بەڵکو بە سەرکردەی کورد ناودەبرێت، ئەمەش بە رەزامەندی دەوڵەتی تورکیا روودەدات و  دیمەشقیش هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت. ــ کۆتایی بە فشارەکانی لەسەر حکومەتی شەرع دەهێنێت بۆ رێگریكردن لەوەی  کورد مافەکانی بەدەستبهێنێت. ــ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەبێ رەزامەندی تورکیا نەیدەتوانی بەشداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆکی کوردستانی عێراق بکات. ــ سەبارەت بە داواكانی چەکداماڵینی هێزەکانی هەسەدە، وەک پارتی کرێکارانی کوردستانیش، چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەرگای هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئەنكەرە دەکاتەوە.

دوای هاتنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران، بڕیارە ئەم هەفتەیە مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە دابەش بکرێت. عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن. ڕۆژی شەممە وەزارەتی دارایی عێراق، گوژمەی 941 ملیار و 874 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی نۆ خستە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.  ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستی سەربە وەزارەتی پەروەردە 37 هەزار و 933 کەسن، هەروەها چوار هەزار و 100 مامۆستای گرێبەستیش سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵان، واتە کۆی گشتی 42 هەزار و 33 مامۆستای گرێبەستن. ئەو مامۆستایانەی بڕوانامەی دیبلۆمیان هەیە مووچەکانیان 400 هەزار دینارە، هەروەها مووچەی ئەو مامۆستایانەش کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە 500 هەزار دینارە. خەرجی مانگانەی 42 هەزار و 33 مامۆستا گرێبەستەکە لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، 24 ملیار دینارە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.