ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی "هەوڵ و سەرکردایەتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاگربەست. ئەردۆغان لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "تورکیە بەردەوام دەبێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەی دامەزراندنی ئاشتییەکی دادپەروەر و هەمیشەیی کە هەمووان قبوڵیان بکات". شەوى ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرنگترین خاڵەکانی پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئاشکرا کرد . لەوانە چەکداماڵینی حەماس و ئازادکردنی زیندانییە ئیسرائیلییەکان لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا دوای پەسەندکردنی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە یارمەتییەکان دەستبەجێ لەگەڵ وەرگرتنی یارمەتییەکان بۆ ناو کەرتی ناوچەکە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئاگادار بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، قەتەر و میسر پلانی ترەمپیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە گەیاندووەتە شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی حەماس، ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکە بەڵێنی بە ناوبژیوانان داوە "بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە دیراسەی ئەو پێشنیازە بکەن". هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لێبوردنی لە قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە و پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە لە داهاتوودا هیچ پێشێلکارییەکی سەروەری قەتەر دووبارە نەکاتەوە. لەسەر زەویدا هێزەکانی داگیرکەر بەردەوام بوون لە هەڵمەتەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە و پشتێنی ئاگرکوژێنەوەیان جێبەجێ کرد. سەرچاوەکانی نەخۆشخانەکانی غەززە ڕایانگەیاند کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەوە 39 فەلەستینی بەهۆی ئاگری ئیسرائیلەوە کوژراون و لە نێویاندا 28 فەلەستینی لە شاری غەززە لە کاتی خراپتربوونی کارەساتی برسێتیدا.
ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئاشکرای کرد، لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بە مووشەکەکانیان 16 فڕۆکەوانی ئیسرائیلیان کوشتووە. دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای سەربازیی ڕێبەری باڵای ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە میانەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە ماوەی 12 ڕۆژدا، زیاتر لە 500 مووشەکمان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە. ئەو ڕاوێژکارە باڵایە دەڵێت: ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو جەنگەیان بەسەر ئێمە سەپاند، بەڵام بە ئامانجەکانیان نەگەیشتن و شکستیان هێنا و ئێران سەرکەوتن. لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل هەوڵی دا جەنگەکە زیاتر درێژ بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا رووبەڕووی شکستێکی چاوەڕواننەکراوبووەوە، بۆیە ناچار بوو لە ڕێگەی ئەمەریکاوە داوای ئاگربەست بکات، ئەمەش نیشانەی بێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە لە بەرانبەر تواناکانی ئێران. جەختی لەوەش کردەوە، مووشەکەکانیان زیانێکی زۆری بە دامەزراوەکنی ئیسرائیل گەیاندووە، هەروەها ناوەندیی مەشق و ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی ئیسرائیلیشیان کردبووە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی 16 فڕۆکەوانی ئەو وڵاتە. ڕەحیم سەفەوی، هەر لە باسی مووشەکەکانی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، مووشەکەکانیان بە جۆرێک بەهێز بوون کە بوونە هۆی وێرانکارییەکی گەورەی بوومەلەرزە ئاسا، تا ئێستاش کاریگەری لە سەرجەم ئەو ناوچانەی کە بە ئامانج گیراون و ناوچەکانی دەوروبەریشیان جێهێڵاوە. بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون. دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە ڕاگەیاند. کۆشکی سپی پلانی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی پلانەکە غەززە دەبێتە ناوچەیەکی "بێ تیرۆر بۆ ئەوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی دروست نەکات" و بۆ سوودی خەڵکەکەی کەرتەکە نۆژەن دەکرێتەوە. لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا دوا ى کۆبونەوەکەیان ترەمپ و ناتانیاهۆ قسەیان لەسەر چەند تەوەرەیەکى جیاوازکرد, بەشێک لەوتەکانى ناتانیاهۆ,, ـ من پشتگیری لە پلانی ترەمپ دەکەم بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتەکان دەگەڕێنێتەوە و دڵنیای دەدات لەوەی کە غەززە جارێکی دیکە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نابێتەوە. ـ پلانی ترەمپ بریتییە لە ئیدارەیەک بۆ کەرتی غەززە کە حەماس و دەسەڵاتی فەلەستین بەدەر بکات. ـ پلانی ترەمپ هەموو بارمتە زیندوو و مردووەکان دەگەڕێنێتەوە و حەماس چەک داماڵێت. ـ ئێمە هەڵوێستی ترەمپ بەرز دەنرخێنین کە دەسەڵاتی فەلەستین هیچ ڕۆڵێکی لە غەززەدا نابێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵێک مەرج جێبەجێ نەکرێت. ـ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی مەترسی لەسەر بوونی ئیسرائیل دروست دەکات. ـ ده سه ڵاتی فه له ستین ده بێت واز له هاندان به دژی ئیسرائیل و هه وڵه کانی له دادگا نێوده وڵه تییه کان بهێنێت. ـ هەنگاوێکی نوێ دەنێین بۆ سەرکەوتن لە شەڕ و گەیشتن بە ئاشتی. ـ ترەمپ گەورەترین هاوڕێیە کە تا ئێستا لە کۆشکی سپی هەمانبووە. ـ کاتێک دەتوانین مەحاڵەکان بەدەست بهێنین کاتێک شانبەشانی ئەمریکا بوەستین. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، جیهان "زۆر نزیکە لە چارەسەرکردنی کێشەیەکی کۆن"، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، چیتر قسەکانی تەنها لە وەستاندنی شەڕی غەززەدا سنوردار نەبووە، بەڵکو بە "ئاشتی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا سنوردار بووە. ترامپ ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بەم نزیکانە پرەنسیپی هەمەلایەنە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت. ترامپ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و هەروەها هاوپەیمانان لە ئەوروپا دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆ پرەنسیپە پێشنیار کراوەکانی ئەمریکا. هەروەها سوپاسی ناتانیاهۆی کرد کە ڕازی بووە بە پلانی ئاشتی. وتەکانى دۆناڵد ترەمپ: ـ ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ ئاشتی. ـ سوپاسی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكەم بۆ پشتیوانیكردنی پێشنیازەكەم بۆ ئاشتی. ـ ناتانیاهۆ رازیبووە لەسەر پێشنیازی ئاشتی و كۆتایهێنان بە جەنگی غەززە ـ ئەگەر حەماس رازیبێت بە پێشنیازەكە شەڕ كۆتایی دێت و لەماوەی (72) كاتژمێردا دیلەكان ئازاد دەكرێن. ـ غەززە دەبێتە ناوچەیەكی خاڵی لە تیرۆرو نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی. ـ بەپێی خشتەیەكی زەمنی سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە دەكشێتەوە. ـ ئەگەر حەماس پێشنیازەكە رەتبكاتەوە ئەوا رێگری لە ناتانیاهۆ ناكرێت ئەوەی پێویستە بیكات. ـ دەستەیەكی نێودەوڵەتی نوێ بە سەرۆكایەتی من چاودێری لیژنەی ئیدارەدانی غەززە دەكات. ـ تونی بلێر دەبێتە ئەندام لەو دەستە نێودەوڵەتیە نوێیەی چاودێری لیژنەی ئیدارەی غەززە دەكات. ـ حەماس هیچ شوێنێكی نابێت لە لیژنەی ئیدارەدانی غەززە. ـ ئەم رێككەوتنە دەبێتە مایەی هێنانەكایەی ئاشتی هەمیشەیی. ـ رۆژێك لە رۆژان ئێران دەبێتە بەشێك لە رێككەوتنی ئیبراهیمی. ـ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێرانمان بە تەواوی لەناوبرد. ـ كاتی ئەوە هاتووە حەماس ئەو مەرجانە قبوڵبكات، ئێستا دۆخی جیاوازە. ـ سەركردەكانی حەماس و (20) هەزار چەكداری كوژراون، دەبێت ئەو مەرجانە قبوڵبكات.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبار 'جمهور ڕۆستەم محەمەد' کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو له ڕووداوی کوشتنی دوو هاوڵاتى له شارۆچکەی کفری، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کردووە. دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا. بەرەبەیانى ٢٤ى ئەم مانگە، باوک و کوڕێکی عەرەب لە ماڵەکەی خۆیاندا کوژران. تۆمەتی کوشتنەکە دراوەتە پاڵ عەمید جمهور ڕۆستەم، برای ئەکبەری حاجی ڕۆستەم. دوای ڕووداوەکە بەچەند کاتژمێرێک، لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ جمهور حاجی ڕۆستەم دەرچوو. ناوبراو کە پلەی عەمیدی پێشمەرگەیە و پێشتر فەرماندەی لیوای 3ـی پێشمەرگە بووە، گومان دەکرێت دوای ڕووداوەکە بۆ هەولێر هەڵهاتبێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان: ڕای دەگەیەنین کە تۆمەتبار ( جمهور ڕۆستەم محمد) لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٤ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کرد. کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوو له روداوی کوشتنی دوو هاوولاتى له شارۆچکەی کفری لە رێکەوتی ٢٤/٩/٢٠٢٥ لە ئێستادا ناوبراو بە بڕیاری بەڕێز داوەری لێکۆلینەوە ڕاگیراوە
پێش کۆبونەوەکەى ئەمشەویان، لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ بنیامین ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە میرى قەتەر کرد لەسەر هێرشەکەی دۆحە کە کرایە سەر سەرکردەکانى حەماس لە چەند هەفتەى ڕابردوودا. پێگەیەکی هەواڵی ئەمەریکی ڕایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەبەرانبەر هێرشەکانی بۆ سەر دەوحە، داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە. دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر بە تەلەفۆن قسەی کردووە. بەگوێرەی ئەو پێگە ئەمریکییە، ناتانیاهۆ لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی وڵاتەکەی بۆ سەر دەوحە داوای لێبوردنی لە میری قەتەر کردووە، بەهۆی ئەوەی سەرەوەی ئەو وڵاتەی بەزاندووە، هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ کوژرانی ئەفسەرێکی قەتەری لە هێرشەکەدا پیشانداوە. لەلایەکى دیکەوە، کەناڵی ١٢ ئیسرائیل بڵاویکردەوە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی ڕەخنەی وەزیرە ڕاستڕەوەکانی دەبێتەوە بەهۆی داوای لێبوردنەکەی لە قەتەر، هاوکات ئەوەشى خستوتەڕوو سوپا خۆی بۆ ئەگەری چۆڵکردنی گەڕەکەکانی غەززە ئامادە دەکات ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت. هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و بڕیاری پرسی پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە تاوتوێ بکەن. ڕۆژەی سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، کە تێیدا شاندی دانوستانکاری حەماسی کردە ئامانج. ئەم هێرشانەی ئیسرائیل کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، تەنانەت ئەمەریکا هێرشەکانی بە قبووڵ نەکراو زانی، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ بڕیاری ئەو هێرشانەی داوە، نەوەک من."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاترياركى كهنيسهى رۆژههڵاتيى ئاشوورى و ژمارهيهك له مهترانهكانى ئهو كهنيسهيه له كوردستان، عێراق و جيهان کۆبووەوە و دۆخی کەنیسەکە و پەیڕەوانی تاوتوێ کرا. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، هەمیشە پارێزەری ماف و ئازادییەکانی هەمووان دەبن. پاشنيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 29ی ئەیلوولی 2025 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازیی له پاتريارك مار ئاوا، پاترياركى كهنيسهى رۆژههڵاتيى ئاشوورى و ژمارهيهك له مهترانهكانى ئهو كهنيسهيه له كوردستان، عێراق و جيهان كرد. له كۆبوونهوهيهكدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دۆخى كهنيسهى رۆژههڵاتيى ئاشوورى و پهيڕهوانى له ههرێمى كوردستان، عێراق و جيهان تاوتوێ كرا؛ ههروهها تيشكيان خستهسهر رهوشى پێكهاته ئايينييهكان، ئازادييهكان و بهتايبهتى ئازاديى ئايينى له ههرێمى كوردستان و عێراق. دەفى ڕاگەیەندراوەکە.. پاشنيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 2025/9/29، بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له قهداسهتى پاتريارك مار ئاوا، پاترياركى كهنيسهى ڕۆژههڵاتيى ئاشوورى و ژمارهيهك له مهترانهكانى ئهو كهنيسهيه له كوردستان و عێراق و جيهان كرد. له كۆبوونهوهيهكدا دۆخى كهنيسهى ڕۆژههڵاتيى ئاشوورى و پهيڕهوانى له ههرێمى كوردستان، عێراق و جيهان تاوتوێ كرا، ههروهها تيشكيان خسته سهر ڕهوشى پێكهاته ئايينييهكان، ئازادييهكان و بهتايبهتى ئازاديى ئايينى له ههرێمى كوردستان و عێراق. قهداسهتى پاتريارك مار ئاوا باسى له كۆنفرانسى یادی 1700 ساڵەی (کۆمەڵەی نیقییە) كرد كه ماوهى سێ ڕۆژى ڕابردوو له ههولێر ئهنجام درا. ههروهها ههر يهكێك له مهترانهكان پوختهيهكى دهربارهى كهنيسهكهيان له وڵاتانى جيهان خسته ڕوو و ستايشى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و ئارامى و سهقامگيريى ههرێمى كوردستانيان كرد. لاى خۆيهوه سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵى به ئهنجامدانى چالاكييهكانى كهنيسهى ڕۆژههڵاتيى ئاشوورى له ههولێر، سوپاسى كردن كه ساڵانه له چوارچێوهى كار و بهرنامهكهياندا، ژمارهيهك له گهنجانى ههندهران، بۆ سهردان و ئاشنابوون به وڵات و كولتوورهكهيان دههێننهوه كوردستان. بهڕێزيان ههروهها دووپاتى كردهوه كه ههرێمى كوردستان شانازى به كولتوورى پێكهوهژيان و يهكترقبووڵكردن و لێبوردهيى لەنێوان پێكهاتهكاندا دهكات و ههميشه پارێزهرى ماف و ئازادييهكانى ههمووان دهبێت. خستنهڕووى چهندين ديد و سهرنجى جيا دهربارهى ژيان و دۆخى پێكهاتهكان له ههرێمى كوردستان و عێراق، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو.
ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری دوو سەرچاوە لەناو كەرتی نەوتەوە ئاشكرایكرد، لەدوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەوە، رۆیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا لەنێوان 150 بۆ 160 هەزار بەرمیلی رۆژانەدایە. رۆژی 27ی ئەم مانگە، دوای دوو ساڵ و نیو لە راوەستان هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێكردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەشت كۆمپانیای نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدادو حكومەتی هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی رێككەوتنەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی خۆی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نیشتمانی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكات و كۆمپانیایەكی سەربەخۆی بازرگانی لە بەندەری جەیهان پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەكە بە نرخی فەرمی كۆمپانیای "سۆمۆ" ئەنجام دەدات و؛ بۆ هەر بەرمیلێك نەوت كە رادەستی "سۆمۆ"ی دەكەن و بە میكانیزمی ئەو كۆمپانیایە دەفرۆشرێت، كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوتیش بڕی 16 دۆلار وەردەگرن. رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، لەكاتێكدا كرا كە ئێستا وڵاتانی كۆمەڵەی (ئۆپێك +) كار لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشكی زیاتری بازاڕی جیهانی نەوت. لەلایەکى دیکەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئاژانسی "ئۆیڵ پرایس" رایگەیاند، گەیشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەندەری جەیهان یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دابەزینە. ئاژانسەکە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی نرخەکان دەستنیشان کردووە: دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان: دوای وەستانێکی دوو ساڵە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە 27ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردەوە. ئێستا رۆژانە 190 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو بۆ 230 هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە. چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس لە مانگی تشرینی دووەمدا بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنان بدات، فشارێکی دیکەی خستووەتە سەر نرخەکان. مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور پێشتر راگەیاندبوو، کە پێشتر بەرمیلێک نەوت لە ناوخۆدا بە 30 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا بە نرخی جیهانی دەفرۆشرێت.
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بەوەدەدات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا داهاتی نانەوتی مانگی هەشت بۆ بەغدا بنێردرێت. ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دوێنێ لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیە دەست بە کۆکردنەوەی داهات بکرێت و 120 ملیار دینار ڕەوانەی بەغدا بکرێت، وەک داهاتی نانەوتی مانگی هەشت و مووچەی مانگی هەشتیش ئامادەکاری بۆ بکرێت. سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوت، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە وەزیری دارایی عێراق هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکەی بۆ نەبوونی سویلە گەڕاندووەتەوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆئەوەی ئەمڕۆ یان بەیانی پارەکە خەرج بکرێت. دوای ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەمساڵ گەرەنتی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی ئامادەکارییەکانی چڕکردووەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە. کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە "تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت."
دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، “مۆسکۆ پێویستی بە شەڕ نییە لەگەڵ هیچ کەسێک، بە ئەوروپاشەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ڕووسیا هەمیشە وەک ڕزگارکەرێک هاتۆتە ئەوروپا نەک داگیرکەر”. هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر سەرکردەکانی هەڵەی دەستپێکردنی شەڕێکی لەو شێوەیە بکەن، ئەوا دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵکشانی مەترسیدار کە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێ بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ. ناوبراو لە هەژماری تێلێگرامی خۆیدا جەختی لەوە کردەوە کە "وڵاتانی ئەوروپی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد "سەرکردە ئەوروپییەکان بیرکردنەوەی ستراتیژییان نییە". مێدڤێدێڤ زیادی کرد: شەڕ لەگەڵ ئەوروپا پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیایەو نابێت ڕووبدات. جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە "وڵاتانی ئەوروپا لاواز و دابەشبوون و بە سادەیی توانای شەڕیان لەگەڵ ڕووسیادا نییە. ئەوروپا ناتوانێت بە تەنیا شەڕ لەگەڵ ڕووسیا دەستپێبکات". هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردەکانی ئەوروپا "لێهاتوویی پێویستیان نییە بۆ بڕیاردانی سەربازی سەرکەوتوو". ئەمەش لە کاتێکدایە کە کرێملین هۆشداریدا لەوەی "دابینکردنی ئۆکرانیا بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی بەرەکانی شەڕدا ناکات". لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە وەڵامی لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مێدڤێدێڤ هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ڕووسیا جبەخانەی چەکەکانی خۆی ئازاد بکات، خۆ شاردنەوە لە پەناگەی بۆمبدا هیچ سوودێکی نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەتۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوای ئەوەی هێزەکانمان زانیاریان لەسەر چەند تۆمەتبارێک کۆکردەوە کە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای شوێنەواردا، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتبار دەستگیربکرێن. هەروەها لەکاتی پشکینی ماڵی تۆمەتباراندا دەستگیرا بەسەر بەردێکی بەنرخی ئاساریی و مستیلەیەکدا کە مستیلەکە بۆ ئەو بەردە بەنرخە ئامادەکرابوو. ڕاشیگەیاند، ئێستا هەریەك لەتۆمەتباران (ش، ع، أ لەدایکبووی 1980- ک، غ، م لەدایکبووی 1985- ن، س، ر لەدایکبووی 1985 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 24/4 لەیاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2021ـی ئاسار ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لهگهڵیاندا بەردەوامه.
هەپەگە-نەڕەچە یادی شەش گەریلایی کردەوە کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون و گوتی: "بەڵێن دەدەین ببینە ڕێچکەگریان و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانیان دەگەیەنین بە ئامانجی سەرکەووتن." ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە)، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی شەش گەریلای ئازادیی کوردستانی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە کات و شوێنی جیاوازدا شەهیدبوون. ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە: "بەڕێز و پێزانینەوە یادی هاورێیانمان ڤەژین زەریان، فلیز دێرسیم، ئارمانج نسێبین، باهۆز ماوا، سمکۆ سەرهەڵدان و تێکۆشەر دۆرشین دەکەینەوە، کە لە تێکۆشانی ساڵی ٢٠١٩دا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهیدبوون. هاوڕێیانمان لە دژی هێرشە قڕکارییەکان، بۆ بەرگریکردن و پاراستنی هەبوونی گەلی کورد و بەدیهێنانی ئازادی گەلەکەمان بەشداری نێو ڕێزەکانی گەریلا بوون. لە چیاکانی کوردستان بە پێشکەوتن، بەهێزبوون و پسپۆربوون لە تەکیکی گەریلایادا بوونە میلتینانی عەگید. بۆ ئازادی گەلەمان ڕەنجیان دا و هەوڵیاندا بەوپەڕی شایستییەوە ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن. هاورێیانمان ڤەژین زەریان، فلیز دێرسیم، ئارمانج نسێبین، باهۆز ماوا، سمکۆ سەرهەڵدان و تێکۆشەر دۆرشین پەیوەیست بە بنەماکانیانەوە هیچ فیداکارییەکیان پشتگوێ نەخست و گیانی خۆیان فیدای دۆزی ئازادی گەلەکەمان کرد و بە بوێرییەوە تێکۆشان. هاوڕێییانمان بوونە میلتانانی بژارە، بە هەڵوێست، پراکتیک و ژیانیانەوە تێکۆشانێکیان بەڕێوەبرد کە دەبێت گەنجانی کورد بە نموونەی وەرگرتن. میلیتانانی فیدای ئاپۆیی و ڕۆڵەی عەگیدی گەلی کوردستانمان ڤەژین، فلیز، ئارمانج، باهۆز، سمکۆ و تێکۆشەر، بە نووسینەوەی مێراتێک لە تێکۆشانی مەزن گەیشتن بە شەهادەت. لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێزدارییەوە یادی هاوڕێیانمان دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین ببینە ڕێچکەگری ئامانجەکانیان و خەون و بە دڵنیاییەوە خەون و ئاواتەکانیان دەگەیەنین بە ئامانجی سەرکەووتن. زانیارییەکان دەربارەی ناسنامەی هاوڕێیانی شەهیدمان بەم جۆرەیە: ناسناو: ڤەژین زەریان ناو و پاشناو: ڕۆژبین چاکماک شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: فەتحیە - موقداد کات و شوێنی شەهیدبوون:١١ـی ئابی ٢٠١٩ / ئاڤاشین *** ناسناو: فلیز دێرسیم ناو و پاشناو: جەلیلە تورک شوێنی لە دایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: زەکیە - داود کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ـی ئابی ٢٠١٩ / زاپ *** ناسناو: ئارمانج نسێبین ناو و پاشناو: ئەسرا شاهین شوێنی لە دایکبوون: مەلەتی ناوی دایک و باوک: نوریە - ئیبراهیم کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٨ـی ئابی ٢٠١٩ / زاپ *** ناسناو: باهۆز ماوا ناو و پاشناو: عەزیز تونچ شوێنی لە دایکبوون: مانیسا ناوی دایک و باوک: هاجەرە - سەعید کات و شوێنی شەهیدبوون: ١ـی ئایاری ٢٠١٩ / قەندیل *** ناسناو: سمکۆ سەرهەڵدان ناو و پاشناو: فەرهاد تورسون شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ ناوی دایک و باوک: حەلیمە – ئیسماعیل کات و شوێنی شەهیدبوون: ١٦ـی ئابی ٢٠١٩ / ئاڤاشین *** ناسناو: تێکۆشەر دۆرشین ناو و پاشناو: ڕزوان چەلەنک شوێنی لە دایکبوون: ئامەد ناوی دایک و باوک: دڵناز - موحەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٢ـی تەممووزی ٢٠١٩ / زاپ.
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایدەگەیەنێت کارەکانی تایبەت بە دانانی دیواری کۆنکرێتی لەلایەن فەرماندەییەکەی ئەوانەوە سەرپەرشتی دەکرێ. دەشڵێت، پلانەکە سەرجەم رووبەری سنووری عێراق – تورکیا – سووریا دەگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دیواری کۆنکرێتی لە سنووری باشوور و رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات. ئەمڕۆ دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق راگەیاند، دانانی دیوارە کۆنکرێتییەکان لە سنوورەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا "لەلایەن فەرماندەیی پاسەوانی سنوورەوە سەرپەرشتی دەکرێ." بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی: "پلانەکە بەو جۆرەیە کە لە سنووری رەبیعەوە بۆ پێشابوور و سەرجەم سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق – تورکیا – سووریا بە دیواری کۆنکرێتی تووند و تۆڵ بکرێ." عەمید حەیدەر کەرخی ئاماژە بەوە دەکات "بۆ دانانی دیوار و پرۆسەکانی چاودێریکردنی سنوورەکانی تورکیا و بەشێکی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا، هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە." ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دانانی دیوارێکە بە بەرزیی 3 مەتر و پانی 75 سانتیمەتر لە سنووری باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان. عێراق لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر، لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر و لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
سەرچاوەکان لە بەغداد و وەزارەتی دارایی عێراقەوە رایانگەیاند، تەمویلکردنی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان تا رۆژی سێشەممە دوادەکەوێت، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا دەگەڕێننەوە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت دواکەوتنی ناردنی پارەکەوە هەن: سەرقاڵبوونی وەزارەتی دارایی عێراق: وەزارەتەکە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی خۆیەتی، کە لە 21ی مانگەوە دەستیپێکردووە. کێشەی نەختینە: کەمبوونەوەی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، پرۆسەی تەمویلکردنی دوخستووە. سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردووەتەوە، کە "تاوەکو رۆژی سێشەممە تەمویلی مووچەی مانگی تەمموزی هەرێمی کوردستان دەکرێت." لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و رایگەیاندووە، هەر کاتێک پارەکە بگات، بە هەمان لیستی مانگی حوزەیران و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکات. هاوکات، هەر لەم مانگەوە لێبڕینی 3%ی بەشداریی خانەنشینی دەستپێدەکات و سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێتەوە. بەمەش کۆی لێبڕینی خانەنشینی لەسەر مووچەی بنەڕەتی لە 7%ـەوە بۆ 10% بەرزدەبێتەوە و هاوتای سیستمی عێراق دەکرێت. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە رۆژی شەممە، بۆ یەکەمجار دوای دوو ساڵ و نیو، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دابەشکردنی مانگانە لە کاتی خۆیدا.
لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى گەلى سوریا (پەرلەمان) ڕایدەگەیەنێت ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە هەزار و ٥٧٨ کاندید، کە ژنان لەسەدا ١٤یان پێکهێناوە، ئەم ڕێژەیە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. سەرۆکی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەلی سوریا، محمد تەها ئەلئەحمەد، ئێوارەی دوێنێ، داخستنی کاندیدەکانی ئەندامبوون لە ئەنجومەنی گەل لە هەر پەنجا قەزاکەی سەرتاسەری سوریای ڕاگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە هەزار و ٥٧٨ کاندید، کە ژنان لەسەدا ١٤یان پێکهێناوە، ئەم ڕێژەیە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاوازە. بە گوتەی ئەلئەحمەد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و ئێوارەی هەینی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەو بۆ سانا ڕوونیکردەوە. ڕۆژی شەممە وەک ڕۆژی بێدەنگی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت. سیستمە نوێیەکە جەخت لە پێکهێنانى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردن دەکاتەوە کە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ئەندامەکانى دیارى دەکرێن و سەرپەرشتى پڕۆسەى هەڵبژاردن دەکەن، بە جۆرێک سێیەکى ئەندامەکانى پەرلەمان کە لە 210 ئەندام پێکدێت، لە رێگەى هەڵبژاردنى ناوخۆییەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەوەى دیکەشى کە دەمێنێتەوە بەمەرسومى کۆمارى و لەلایەن سەرۆکەوە دیاریدەکرێن. کورسییەکانیش بەپێی ژمارەى دانیشتووانى هەر پارێزگایەک دیاریدەکرێت. بەپێی مەرسومەکە، ئەو کەسانەى خۆیان کاندید دەکەن دەبێت پێش ساڵى 2011 بیسەلمێنن کە هاووڵاتى سورین، هەروەها پشتیوانى رژێمى پێشوو، سەر بە گروپەتیرۆریستییەکان نەبووبن. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو دەنگدان بەیانی یەکشەممە ٥ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی تا داخستنی دەنگدان ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوە ژماردنەوەی دەنگەکان کاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دەست پێدەکات. دەرکردنی هەندێک ناو لە لیستی کۆتایی ئۆرگانەکانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی گەل مشتومڕی لە سۆشیال میدیادا دروستکردووە، بەتایبەتی کە کەسانی دەرکراو مەرج و زەمینەی تانەدانیان تێدا نییە. لە ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیدا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل دووپاتی کردەوە کە "خستنە ناو ناوەکان لە لیستە بەراییەکان و دەرکردنیان لە لیستە کۆتاییەکان، بە هۆی هۆکاری کەسی و پێگە و ناوبانگەوە نییە ئەو ڕوونیکردەوە کە لابردنی هەندێک ناو بەهۆی "بابەتی تەکنیکی پەیوەست بە دابەشبوونی دانیشتووان، هەمەجۆریی کولتووری و پسپۆڕی ئەکادیمی" بووە. پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا رایگەیاند، بەهۆی "ئاڵنگاریی ئەمنی"، هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیان لە پارێزگەکانی حەسەکە، رەقە و سوەیدا دواخستووە. پەرلەمانى داهاتووى سوریا سێ ئەرکى سەرەکى دەبێت کە بریتین لە، دانانى یاسا، نوێنەرایەتیکردنى گەلى سوریا، لێپرسینەوە و چاودێریکردنى کارەکانى حکومەت.
حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەزانێت ئێران نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی نزیک لە پلەی چەک لە کوێدا هەڵدەگرێت. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "بە دڵنیاییەوە دەزانین لە کوێیە، زانیارییەکەی زۆر باشمان هەیە کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە کوێیە". گوتی: "پێویستە گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان لەسەر ئێران بپارێزین، بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە بەرگەی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناگرین." بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران لە سەرەتای هاویندا خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم بووە کە تا 60% پیتێنراوە، پێش دەستپێکردنی ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە دژی دەستیپێکردووە. بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە پیتاندنی زیاتر هەیە لە 90%. ئێران ڕەتیدەکاتەوە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت. هێشتا ڕوون نییە ئێران ئەم کۆگایەی 60%ی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا چەند دەهێڵێتەوە و ئایا تواناکانی پیتاندنی ئەو وڵاتە لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیران وەک خۆی دەمێنێتەوە. کاتێک پرسیار لە ناتانیاهۆ کرا کە ئایا ئیسرائیل، بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی نهێنی بێت، پلانی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی هەیە، ئەو وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەدایەوە. لە دوای 10 ساڵ لە ڕێککەوتن دوێنێ یەکشەممە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران سەپێندرانەوە. دوا وادەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان تاران و هاوبەشە دانوستانکارەکانی (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) تێپەڕیبوو. سێ وڵاتی ئەورووپا دەستپێشخەری سەپاندنەوەی سزاکانیان کرد و ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، بەتایبەتی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی کە بۆ مەبەستی مەدەنی پێویستە.