لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی سی‌ئێن‌ئێن، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا گورزی کەمەرشکێنیان لە هێزی دەریایی ئێران داوە و 25 کەشتییان تێکشکاندووە، گوتیشی: سێ کاندیدی بۆ رابەرایەتییکردنی ئێران هەیە و کێشەی لەگەڵ رابەرێکی ئایینی نییە بەو مەرجەی دادپەروەر بێت. هەینی 6ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی، بە سی‌ئێن‌ئێن راگەیاند، هێزی دەریایی ئێران نزیکە لەوەی بەتەواوی لەناو بچێت. ترەمپ گوتی: هێزی دەریایی ئەوانمان لە کار خستووە. دەتوانن وێنای ئەوە بکەن؟ گەیشتووینەتە ئاستی 25 کەشتی، 25 کەشتی نقووم بوون و کارەکانمان زۆر باش دەڕۆن. سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر گەرووی هورمز، ترەمپ دڵنیایی داوە کە ئەو بابەتە چارەسەر کراوە، چونکە بە گوتەی خۆی کاتێک هێزی دەریایی دوژمن تێکدەشکێنیت، ئیتر ناتوانن ئەوە بکەن کە پلانیان بۆ داناوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە قۆناغی گۆڕینی دەسەڵاتیی ئێران کرد و رایگەیاند کە سێ کەسایەتیی لە خەیاڵدایە بۆ شوێنگرتنەوەی رابەری ئێران پرۆسەکە زۆر بە ئاسانی دەڕوات، هاوشێوەی ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردمان. ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە کێشەی لەگەڵ رابەرێکی ئایینی نییە بۆ ئێران، بە مەرجێک ئەو کەسە دادپەروەر بێت و مامەڵەی باش لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە بکات.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و تێیدا جەختیان لە رەتکردنەوەی هەموو ئەو هێرشانە کردەوە کە دەکرێنە سەر خاک و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026،  نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لەسەر عێراق تاوتوێ کرد. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە "رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییانە کردەوە کە دەکرێنە سەر چەندین شاری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛" هەروەها سوودانی و نێچیرڤان بارزانی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ." هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دووپاتکردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکە. تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسی ناوخۆی عێراق بووە. سوودانی و نێچیرڤان بارزانی جەختیان لە پێویستیی "رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا کردەوە، ئەوەش لە رێگەی یەکخستنی هەڵوێستی هێزە نیشتمانییەکان و گوتارەکان، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی وڵات، سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی."

ئامانجە هەرە پڕبایەخەکە لە نێوان هەموو ئەو ئامانجانەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی رۆژی شەممە 28ى شوباتدا پێکران، "کۆمەڵگەی رێبەرایەتی" لە دڵی تاراندا کاریگەرترین و پڕبایەخترین خاڵ بوو. ئەم شوێنە کە بۆ چەندین دەیە وەک ناوەندی بڕیاری سیاسی و سەربازی و هێزی رەهای ئێران ناسرابوو، پێکهاتبوو لە نیشتەجێبوون و جێگای کارکردنی فەرمیی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵات. هێرشەکە بە جۆرێک بوو کە ئەم ناوەندە ستراتیژییەی لەگەڵ مزگەوت و نەخۆشخانەکەی ناویدا بە تەواوی وێرانکرد و تەختی زەوی کرد، بەمەش کۆتایی بەو شوێنە هێنا کە بۆ چل ساڵ جومگەکانی دەوڵەتی لێوە بەڕێوەدەبرا. ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury): گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژوودا ئەم هێرشە بەشێک بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ناوی (Epic Fury)، کە بە یەکێک لە گەورەترین و ئاڵۆزترین هێرشە ئاسمانییەکانی مێژوو دادەنرێت. ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە هه‌زار ئامانجی جیاوازی لە سەرانسەری ئێران پێکا، بە ئامانجی ئیفلیجکردنی تەواوەتیی سیستەمی بەرگری و ژێرخانی سەربازیی سوپای پاسداران (IRGC).  سوپای ئەمریکا رایگەیاند، توانیویانە بارەگای سەرەکیی سوپای پاسداران و "ماڵی رێبەری" لە تاران تێکبشکێنن، ئەمەش وەک گورزێکی کەمەرشکێن بۆ تانوپۆی سەربازیی رژێمەکە هەژماردەکرێت. نەخشەی ژیانی ڕۆژانەیان کێشاوە كوشتنى خامنەیی رووداوێکی لەناکاو نەبوو، بەڵکو بەرهەمی ساڵانێک چاودێریی هەواڵگریی ورد بوو. ئیسرائیل ساڵانێک لەمەوبەر توانیبووی سیستەمی کامێراکانی هاتوچۆی تاران هاک بکات، بە تایبەت کامێرایەکی دیاریکراو کە بۆ چەندین ساڵ چاودێریی وردی گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی ماڵی رێبه‌رى دەکرد. لەڕێگەی ئەم چاودێرییەوە، هەواڵگریی موساد و (CIA) توانییان "نەخشەی ژیان"ى خامنەیی و پاسەوانەکانی بکێشن. هاوکات لەگەڵ سیخوڕیی ئەلیکترۆنی و گوێگرتن لە پەیوەندییە رادیۆییەکان. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا سەرچاوەیەکی مرۆیی ناوخۆیی زانیاریی کۆتایی دابوو، کە بەیانیی رۆژى شەممە خامنەیی و راوێژکارە باڵاکانی لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا دەبن. کاتژمێری سفر: کاتێک تاران کوێر کرا جێبەجێکردنی پلانەکە لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا بوو، كاتژمێر 6:00ـی بەیانی، فەرماندەیی سایبەری و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا بە هێرشێکی ئەلیکترۆنیی فراوان، سیستەمی بینین و پەیوەندییەکانی ئێرانیان پەکخست و وڵاتەکەیان کوێر کرد. دواتر لە كاتژمێر 9:40 خوله‌كى بەیانی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە مووشەکی مەودادرێژ و زۆر ورد، "ماڵی رێبەر"یان لەو کاتەدا پێکا کە خامنەیی و سەرکردەکان پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌. ئەم هێرشە راستەوخۆیە هیچ دەرفەتێکی بۆ رزگاربوون نەهێشتەوە. پشتڕاستکردنەوە و کاردانەوە تێکەڵەکان دوای چەندین کاتژمێر لە گومان و نکۆڵیکردنی بەرپرسانی ئێران، دۆناڵد ترامپ لە ناو فڕۆکەی "Air Force One"ـەوە هەواڵەکەی راگەیاند و خامنەیی بە "یەکێک لە خراپترین کەسەکانی مێژوو" ناوبرد. دواجار تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بە ماتەمینییەوە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە. کاردانەوەکان لە ناوخۆی ئێران بۆ لایه‌نگرانى ئاڵۆز بوون. مردنی ئەو تراجیدیایەکی نەتەوەیی بوو بۆ کەسێک کە 40 ساڵ پارێزەری ناسنامەی شیعە بوو، بەڵام بۆ نەیارانی، ئەمە کۆتایی رژێمێکی سەرکوتکەر بوو، کە بووە هۆی ئاهەنگگێڕانی بەشێکی زۆری خەڵک. دەرەنجام: لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوو کوشتنی عەلی خامنەیی لە ناو جەرگەی تاراندا، نەک هەر کۆتایی بە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەی ئەو هێنا، بەڵکو لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە. ئەم رووداوە نیشانیدا کە هیچ شوێنێک لەسەر زەوی لە دەستی تەکنەلۆژیا و هەواڵگریی پێشکەوتووی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزراو نییە.

کێشەی هەڵبژاردنی رابەری  باڵای کۆمای ئیسلامیی ئێران ماڵی ئێرانی پەرتەوازە کردووە، سوپای پاسداران فشار دەکات دەستبەجێ موجتەبا خامنەیی وەک رابەری باڵا، هەڵبژێردرێت بەڵام بەشێک لە ئەندامەکانیش دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.  کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو مەجلیسی شارەزایانی ئێرانەوە ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران فشارەکانی بۆسەر ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران چڕکردووەتەوە و داوایان لی دەکات دەستبەجێ بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بدەن و وەک جێنشنی خامنەیی باوک دانی پێدا بنێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێران ئینتەرناشناڵ، موجتەبا خامنەیی لەنێو ئەنجومەنی شارەزایان کۆدەنگی لەسەر نییە و لانیکەم هەشت ئەندامی ئەنجومەنەکە دژی ئەوەن موجتەبا خامنەیی ببێتە رابەری باڵا و دژی سەرکردایەتیی بۆماوەیین.  سەرچاوەکان بە کەناڵەکەیان وتووە، عەلی خامنەیی پێش کوژرانی بە بیرۆکەی هەڵبژاردنی کوڕەکەی وەک جێنشینی ئەو دڵخۆش نەبووە و هەرگیزیش رێگەی نەداوە ئەم بابەتە بوروژێنرێت.  پێدەچێت ئەم رۆژانە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر سەختتر ببن. هێرشە بەردەوامەکان ئەمریکا و ئیسرائیل و ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران، رەنگە قەیرانەکانی وڵاتەکە قووڵتر بکاتەوە و ناوەندەکانی بڕیار لە وڵاتەکەکدا بخاتە بەردەم تەحەدای جدییەوە.

سەرەڕای ئەوەی هەریەك لە ئەمریكا و ئیسرائیل جەخت لەوە دەكەنەوە، ئەو جەنگەی لەگەڵ ئێران دەستی پێكردووە، چەند هەفتەیەك دەخایەنێت، بەڵام راپۆرتێكی رۆژنامەوانی دەڵێت، پێدەچێت ململانێكان درێژە بكێشێت بۆ چەند مانگێك درێژ بێتەوە. ماڵپەڕی رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا (پنتاگۆن) پێشبینی دەكات، ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێران دەست پێكردووە، زیاتر لە 100 رۆژ دەخایەنێت و ئەگەرییش هەیە درێژ بێتەوە، بۆ مانگی ئەیلولی داهاتوو، هەروەها پنتاگۆن دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی زانیاری و پشتیوانیی هەواڵگری سەربازیی بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست ئەو ڕۆژنامە ئەمریکییە کەوتووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوای لە پنتاگۆن کردووە، ئەفسەری هەواڵگری سەربازیی زیاتر بنێرێت بۆ بارەگاکەی لە شاری تامپا لە ویلایەتی فلۆریدا، بۆ ئەوەی لانیکەم بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بکەن، کە ئەگەری هەیە تا مانگی ئەیلولیش بەردەوامی هەبێت. رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) باسی لەوە كردووە، ئەمە یەکەمین جارە ئیدارەی ئەمریکا داوای پشتیوانیی هەواڵگریی زیاتر بکات، بۆ جەنگەكەی لەگەڵ ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پنتاگۆن لە ئێستاوە دەستیکردووە بە تەرخانکردنی بودجە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، کە ئەگەری هەیە ماوەكەی زیاتر درێژببێتەوە لە ماوەی ئەو چوار هەفتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاریکردبوو، بۆ كۆتاییهانی جەنگەكەی لەگەڵ ئێران. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، داواكردنی زیادکردنی خێرای کارمەند و كەرەستەكان لەلایەن پنتاگۆنەوە بۆ پشتیوانیکردن و درێژە پێدانی پرۆسە سەربازییەكان،  بۆماوەیەكی دوورمەودا، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی  تیمی ترەمپ پێشبینی دەرئەنجامە دوور مەوداکانی ئەو شەڕەی نەکردووە، کە ئەمریکا شان بەشانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی رابردوو دەستیپێکرد. رەخنەگران ترەمپ تۆمەتبار دەکەن، بەوەی بەبێ پلانێکی روون و بەبێ ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس، وڵاتەکەی خستووەتە ناو جەنگێکەوە کە نازانرێت چۆن و كەی کۆتایی دێت. رۆژنامەی (پۆلەتیكۆ) لە زاری بەرپرسانیی ئەمریكیەوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، پنتاگۆن هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر بۆ ناوچەکە رەوانە بکات، بەتایبەتی ئەو سیستمەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووک و هەرزان دروست كراون. هەروەها رۆژنامەكە رونیكردوەتەوە، واشنتن بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەكی بێفڕۆکەوانی ئێرانی كە نرخێكی زۆر هەرزانی هەیە،  مووشەکێك بەکاردەهێنێت، کە تێچووی ملیۆنان دۆلارە، هاوکات ئەو سیستمی دژە فرۆکەی بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا هێشتا لە شەڕدا تاقی نەکراونەتەوە. دوای ئەوەی لە 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، لەسەرەتای ئەو شەڕەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ماوەی دوو تا سێ ڕۆژدا ئامانجەکانیان بەدی دێنن، پاشان دوای یەک ڕۆژ لە شەڕەکە ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە شەڕەکە تا چوار هەفتە بەردەوام بێت بەهۆی قەبارەی فراوانی ئێرانەوە. هاوكات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەرچەندە ماوەیەکی دیاری نەکرد بۆ كۆتاییهاتنی شەڕەكە بەڵام ڕایگەیاند، بەشداری شەڕێکی درێژخایەن ناکات، بەڵام شەڕەکە ڕاناگرێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەكانی ئێران لەسەر وڵاتەکەی نەهێڵێت. لەلایەكی ترەوە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاندووە، واشنتن هەرگیز چوارچێوەیەکی کاتی بۆ ئۆپەراسیۆنی ئێران دیاری ناکات، وتیشی، ئێران عێراق نییە و ئەمە شەڕێکی بێکۆتاییش نییە، ئەمە بە شەو و رۆژێكیش کۆتایی نایەت، گۆڕەپانێكی جەنگی فراوانمان هەیە، جگە لەوەش ئێران خاوەنی توانای هێرشی دوور مەودایە، بۆیە کاتی پێویستی خۆمان وەردەگرین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێمە سەرکەوتوو بووین.

لە رۆژی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران، پریشکی ئاگری جەنگەکە عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام دووکەڵی چڕی جەنگی ئێران، رووداوەکانی عێراقی داپۆشیوە. ناوبەناو، مووشەک و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل ئامانجێک لە نێو خاکی عێراق دەپێکێت، بەڵام هێشتا ئەو دوو وڵاتە، بە وشەیەک باسی هێرشەکانی سەر عێراقیان نەکردووە.  میدیا جیهانی و تەنانەت نێوخۆییەکانیش زیاتر سەرقاڵی دۆخی ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداون. شەوی رابردوو، ئەبو حەسەن فەریجی، فەرماندەی دیاری کەتائیبی حزبوڵای عێراق لە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەی جورف سەخر لە بابل کرایە ئامانج. ئەوەش سێیەمین هێرشی لەو شێوەیە بۆسەر سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق. پێشتریش لە دیالە و قائیم دوو سەرکردەی دیکەی گرووپەکان بەئامانجگیرابوون. سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی وتووە، لە دوو رۆژی رابردوودا ئەنجامدانی هێرشی نێوخۆیی و دەرەکی و بەئامانجگرتنی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەوەش عێراق بەرەو کێشەی ئەمنی گەورە دەبات. بەشێوەیەک لە چەند رۆژی رابردوودا، هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە قائیم، بابل، دیالە، موسەنا، کەربەلا و چەند ناوچەیەکی دیکە روویانداوە. لەبەرامبەردا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق رایگەیاندووە، تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٩ هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە عێراق و ناوچەکە،لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی ڤیکتۆریا لە نێو فڕۆکەخانەی بەغداد.  هاوکات گرووپە چەکدارەکان، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و هەر وڵاتێک دەکەن کە لەجەنگی دژ بە ئێران بەشدار بێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی جوڵەی ئەو گرووپانە بکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران دوێنێ تەواوی بەرپرسانی  دەزگای هەواڵگری لە نەینەوا دوورخستەوە، لەبەرامبەر کەمتەرخەمییان بۆ رێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان. پسپۆڕێکی ئەمنی بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، ئەمریکا پرۆسەی لەناوبردنی سەرکردە مەیدانییەکانی گرووپە چەکدارەکانی بەچڕی دەستپێکردووە، ئەوەش وادەکات گرووپەکان بەرەو جەنگێکی کراوە دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڕۆن، چوونکە دوای نەمانی سەرکردەکانیان، هیچیان نامێنێت لەدەستی بدەن.  

ئێران ستراتیژییەکەی لەسەر بنەمای "چەندێتی مرۆیی" و "پێگەی جوگرافی" داڕشتووە؛ خاوەنی سوپایەکی گەورە و هێزێکی یەدەگی زۆرە کە لە کاتی شەڕی وشکانیدا دەبنە هێزێکی کاریگەر. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە "جۆرایەتی تەکنەلۆژی" دەبەستێت؛ سوپاکەی بچووکترە بەڵام بە پێشکەوتووترین چەکی جیهانی وەک F-35 پڕچەک کراوە، کە رێگەی پێدەدات بەبێ تێوەگلانی راستەوخۆ، گورزی کوشندە بوەشێنێت. هێزی ئاسمانی و بەرگریی موشەکی: لەم بوارەدا جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە: • ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە خاوەنی هێزێکی ئاسمانی کۆنە، بۆیە ئەم بۆشاییەی بە دروستکردنی گەورەترین جبەخانەی موشەکی بالیستی و درۆنی خۆکوژ لە ناوچەکەدا پڕکردووەتەوە. لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی باڵادەستیی رەهای ئاسمانییە. هەروەها خاوەنی تۆڕێکی بەرگریی چەند چینییە، لەوانە: • قوبەی ئاسنین: بۆ موشەکە بچووک و نزیکەکان. • فلاخەی داود: ئەمە وەک "نێوەندگیر" وایە؛ ئیشی ئەوەیە ئەو موشەکانە بپێکێت کە قوبەی ئاسنین پێی ناوێرێت (چونکە گەورەتر و خێراترن) و سیستەمی "تیر"یش کاتی بۆ سەرف ناکات (چونکە هێشتا نەگەیشتوونەتە بۆشایی ئاسمان). وەک راوچییەکی زیرەک وایە بۆ موشەکی مامناوەند و فڕۆکە. • تیر (Arrow): بۆ ئەو موشەکانەی لە دوورەوە و لە بەرزایی زۆرەوە دێن. شەڕی ناڕێکخراو و بریکارەکان: ئێران لە رێگەی ستراتیژی "بەرگریی پێشوەختە" و پشتگیری هێزە وەلائییەکانی لە ناوچەکەدا (وەک حیزبوڵا و گروپەکانی تر)، شەڕەکە لە سنوورەکانی خۆی دووردەخاتەوە. ئەمە وایکردووە ئێران توانایەکی زۆری هەبێت لە بەڕێوەبردنی شەڕی ناڕێکخراو (Asymmetric Warfare). لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پشت بە هەواڵگرییەکی قووڵ (وەک مۆساد) و جەنگی سایبەری دەبەستێت بۆ تێکدانی ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران لە ناوخۆدا. پشتیوانیی نێودەوڵەتی و رێگریی ئەتۆمی: ئیسرائیل سوودمەندە لە پشتیوانیی بێسنووری سەربازی و دارایی ئەمریکا، هەروەها وەک هێزێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی (ڕانەگەیەندراو) دەبینرێت کە ئەمە وەک گەورەترین هێزی رێگری کاردەکات. له‌ به‌رامبه‌ردا ئێران، هەوڵدەدات لەڕێگەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ روسیا و چین، هاوسەنگییەکە رابگرێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌یسه‌لمێنن كه‌ جه‌نگه‌كه‌ نابه‌رامبه‌ر و كۆتاییه‌كه‌ى ناڕوونه‌.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هۆشداری دەدات لە چالاکییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ناو خاکی ئێران و ڕایدەگەیێنێت، ئەم گرووپە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و دامەزراوەکانیان چاودێریی وردی دۆخەکە دەکەن. وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، چالاکییەکانی پژاک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی ئێران و تەواوی ناوچەکە هەیە. وەزارەتەکە کارەکانی ئەم پارتەی بە مەبەستی خۆشکردنی "ئاگری دابەشخوازیی ئیتنیکی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە نەک هەر سەقامگیریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپیشی لەسەر خۆشگوزەرانیی گەلانی ناوچەکە دەبێت. لە ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پژاکی وەک "قۆڵی ئێرانی پەکەکە" وەسف کردووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی هەماهەنگ و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان و جموجوڵە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو هێزە لە ناو خاکی ئێراندا دەکەن. ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی "هاوپەیمانیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەکات. ئەمەش نیشانەی بایەخپێدانی تورکیایە بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سەر سنووری وڵاتانی دراوسێ لەم بارودۆخەدا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە گوایە بەشێکن لە پلانی پڕچەککردنی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران. پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " تۆمەتانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێمە بەشێکین لە پلانی پڕچەککردن و ناردنی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو خاکی ئێران، بە تەواوی بێ بنەمان. ئێمە بە توندترین شێوە ئەمە ڕەتدەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە بە مەبەست و بۆ زیانگەیاندن بڵاودەکرێنەوە." وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی نە حکومەتی هەرێم و نە لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت "بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە." دەشڵێت "به پێچه وانه وه داوای ئاشتی و سه قامگیری" لە ناوچەکەدا دەکەن. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە، هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج، هەرچەندە بەشێکی زۆری مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئەمەریکاوە پوچەڵکراوەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات " دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و پاراستنی خاک و گەلەکەمان و هەرێمەکەمان." ڕۆژی چوارشەممە گوتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلاین لڤیت، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەشداری کورد لە شەڕەکەدا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئەمەریکا هێزە کوردییەکان پڕچەک دەکات بۆ بەشداری کردن لە شەڕ. ئەو گوتی سەرۆک ترامپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانەدا کردووە کە بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئێران و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش قسەی کردووە چەنکە بنکەمان لە هەولێر هەیە.

دارایی هەرێم دەڵێت: ئەم بڕە پارەیە وەک بەشێک لە تەمویلی موچەی مانگی شوبات هاتووە و تەرخانکراوە بۆ موچەی ئەم توێژانە؛ خانەنشینان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی گرێبەست، و مینحەی زیندانییانی سیاسی. سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی خشتە و دابەشکردنی موچەش، وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەدات و جەخت دەکاتەوە کە چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی رەسمی لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، تەواوی تەمویلی موچە بخرێتە سەر هەژمارەکەیان.  هەرکە تەواوی پارەکە گەیشت و وەرگیرا، راستەوخۆ خشتەی موچەی مانگی شوبات رادەگەیەنرێت و پرۆسەی دابەشکردنی موچە دەست پێدەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ، مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا. بەپێی زانیارییەکان بە گەیشتنی پارەی مووچە و وەرگرتنی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی سێ ڕۆژ مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.  هەموو ئەو مووچەخۆرانەی ئەم مانگە مووچە وەردەگرن دەبێت لە هەژماری من تۆمار کرابن و کارتی بانکییان وەرگرتبێتەوە، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، مووچەیان ڕادەگیرێت. خەرجکردنی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، دوێنێ  چوارشەممە، 4-3-2026 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی مانگی دووی خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی. - پێشتریش لە ڕۆژی 23-2-2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی دوو و میزان موراجەعەی مانگی یەکیان بردە وەزارەتی دارایی عێراق.

ساڵانێکە پرسی هەڵبژاردنی جێنشینی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک چرکەساتێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە لێکدەدرێتەوە. زۆرینەی شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وابووە، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییوە چیتر ئێران ئێرانی پێشوو نابێت. ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمە بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری پێکردووە. بەشێوەیەک رابەی باڵا (عەلی خامنەیی) بڕیاردەری یەکەمی بڕیارە ستراتیجی و گرنگەکانی وڵات بووە. هەر بۆیە نەمانی ئەم پایە گرنگەی کۆمارەکە وەک بوومەلەرزەیەک تەماشا کراوە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی فارسی، مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتاکانی جەنگەکەوە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە هەردوو وڵات دەیانەوێت لە رێگەی لەنێوبردنی رابەری باڵاوە سیستمە مەرکەزییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی بوومەلزەیەک بکەن کە چیتر نەتوانێت خۆی بە پێوە رابگرێت.  بەڵام پێدەچێت هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە بێت، بی بی سی دەڵێت، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییەوە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی لەگەڵ نەمانی عەلی خامنەییدا خۆی بگونجێنێت و بە توانایەکی زۆرەوە بەردەوام بێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکە و ئیسرائیل. لێرەوەیە ئاڵۆزیی رژێمەکە ئاشکرا دەبێت. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی بەشێوەیەکی تاکڕەوانە رژێمەکەی بەڕێوەدەبر، کۆمەڵێک دامەزراوەی بیناکردبوو، ئێستا لە غیابی ئەودا درێژە بە پاراستنی سیستمەکە دەدەن. ئەو سیستمە تاکڕەهەندەی کە ساڵانێکە هۆکاری داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئێستا ئەم دامەزراوانە بوونەتە فریادڕەسی. ئایا ئەم خۆڕاگرییە رژێمی کۆماری ئیسلامیی بەربەستی جدی بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دروست دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟  وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا ئەستەمە. پێدەچێت چاوەڕوانییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بۆ ئەم خۆڕاگرییە رژێم لە دوای نەمانی خامنەییەوە کورتبینانە بووبێت. هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەشی زۆری بنکە و سەکۆ مووشەکییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، زیانی زۆری بە توانای رژێمەکە گەیاندووە، بەڵا بۆ بردنەوەی گرەوەکە رەنگە واشنتن و تەلئەبیب ناچاربن هێزێکی زیاتر و توانایەکی زیاتر بخەنە کار بۆ بردنەوەی گرەوەکە و هەڵوەشندنەوەی پلانەکانی خامنەیی بۆ دوای نەمانی خۆی.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕیندا جەخت لە خاوەندارێتی حزبەکەی بۆ ئەو دەستکەوتە دەکاتەوە و داوای یەکگوتاریی لایەنەکان دەکات بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە. بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاپەڕین کە لە ڕانیەوە بڵێسەی سەند، سەرەتای وەرچەرخان و سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلی کورد. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێتی شانازیی خاوەندارێتی ئەم دەستکەوتە مێژووییەی پێبڕاوە و وەک "ئەندازیاری ڕاپەڕین" یادی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەنەوە کە شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند. سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی هەمووانە بە پێکەوەیی و ڕۆحیەتێکی نیشتمانیی دوور لە دروشم، هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بونیادنانەوەی یەکدەنگی و یەک گوتاری. ڕاشیگەیاند، پێویستە حکومەتێک دروستبکرێت کە خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاست داخوازی و پێویستییەکانیاندا بێت، کە ئەمە بە باشترین وەفا بۆ خەڵک و تێکۆشەرانی ڕاپەڕین دانا. لەبارەى بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بەو دۆخە هەستیار و ناسەقامگیرە کرد کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت. ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی ململانێ و شەڕەکانە لە خاکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو خەڵک و خاک لە مەترسییەکان پارێزراو بن. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی دا کە هەمیشە لەسەر ڕێبازی تێکۆشەران بەردەوام بێت بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک. بە وەفادارییەوە سەری ڕێزی بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان چەماندەوە و سڵاوی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان نارد.

مانگی سووری ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە دەستیان پێکردووە، 105 دامەزراوە و ناوەندی مەدەنیی وڵاتەکەیان کردۆتە ئامانج و زیانیان پێگەیشتووە. مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەشدا، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە 174 شاری ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کراوەتە سەر"، باسی لەوەشکرد، "هەزار و 332 هێرش کراوەتە سەر 636 شوێنی ئێران." مانگی سووری ئێران لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، هێرشەکان "زیان بە 14 بنکەی تەندروستی"ش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە سەرەتای شەڕەوە وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج. ەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتدا هێرشیان کردە سەر پێگە سەربازی و سەکۆ مووشەکییەکان و بارەگاکانی ئێران، کە لەئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران کوژران. دواتر ئێران هێرشی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و سعوودیە و عێراق.

سەرۆک بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی راپەرینی ئاداری 1991 پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەکەین. گوتیشی: هیوادارین هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بێت. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دەستپێكی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و هەموو ئەو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە بەدیهاتنی ئەو دەستكەوتە بەهادارەی گەلەكەماندا هەبووە. ڕاپەڕین بەرهەم و درێژكراوەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو. ئەو ڕووداوە پڕ لە شانازییە بۆ تاك تاكی كوردستانیان لە ئێستا و داهاتوودا هەڵگری پەیامی خۆبەدەستەوەنەدان و ئازادیخوازی و ئیرادەی ژیانی سەربەرزانەیە. ئێستا ناوچەكەمان بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری. ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت. لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان دەنێرین.