قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: رێككەوتون لەسەر كارپێكردنەوەی موەلیدە ئەهلییەكان و بەگوێرەی ئەو كاتەی بۆیان دیاریكراوە، لە كاتژمێر چوار ئێوارەوە بۆ كاتژمێر یەكی شەو، لەكاژمێر چواری بەیانیش بۆ پێنح و نیوی بەیانی. قایمقامیەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: میكانیزمی كاركردنی موەلیدەكان هاوشێوەی رابردوو دەبێت و قایماقامیەت و فەرمانگەی كارەبا سەرپەرشتی دیاركردنی نرخەكان دەكات. ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ئەوەی ئەم كێشانە دووبارە نەبێتەوە لەكاتی بڕانی كارەبادا ئەم كۆبونەوانە بەكراوەیی دەهێڵینەوە، بۆ ئەوەی هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا بە هەر هۆكارێك، موەلیدە ئەهلیەكان كاری خۆیان بكەن. داواشیكرد هەر هاوڵاتیەك پێویستی بە كارەبای موەلیدەكان نییە، پێشتر خاوەنی موەلیدەكە ئاگادار بكات.
بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەکتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوەیە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تا ئێستا نزیکەی 750 کەشتیی گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووەکە بپەڕنەوە. نرخی نەوتی خاوی برێنت تا کاتژمێر 01:07 بە کاتی گرێنتش بە 78 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام رۆژی دووشەممە گەیشتە، 82.37 دۆلار، کە بەرزترین ئاست بووە لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە. هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا 74 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 1% بۆ 71.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پەرەیان سەندووە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان ئێران ژێرخانی وزەی لە وڵاتانی کەنداو و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گەرووی هورمز کردۆتە ئامانج. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکان لەسەر وزەی جیهانی دەکەن، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە لەوەی فشاری سەر بازاڕەکان بەردەوام دەبن. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند، تێچووی بەکرێگرتنی کەشتی گازی سروشتی شل (LNG) لە دەریای ئەتڵەسی بە رێژەی 100% زیادی کردووە و بۆ هەر کەشتییەک رۆژانە 200 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی کۆریای باشوور بە بلومبێرگی راگەیاند، "سیئۆل کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی گاز، چونکە قەتەر بەرهەمهێنانی راگرتووە."
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بارەگای فیرقەی 11ـێ پێشمەرگە لە ناحیەی دێگەڵە بۆردوومان کرا و بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرماندەیی یەکی پێشمەرگە، چەند کەسێک برینداربوونە. لە ڕاگەیێنراوەکەی فەرماندەیی دەڤەری یەکدا هاتووە، "بەهۆی هێرشەکەوە چەند کەسێک برینداربوون لە ئێستادا هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە." لە ڕاگەیێنراوەکەدا، وردەکاریی هێرشەکە باس نەکراوە و تا ئێستا نازانرێت هێڕشەکە لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژی بووە یان هێرشی مووشەکی، هاوکات زانیاریی لەبارەی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە. سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی دەڤەری یەک بە ئاڤای وت، "ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا دوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکییان لە کاتژمێر 3:00 ی سەرلەبەیانی بووە ئەوەی دیکەشییان کاتژمێر 8:30 خولەک بووە و زیانی گیانی نەبووە و تەنیا کەسێک بە سوکی برینداربووە و هەندێک زیانی ماددی هەبووە." ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی 1ی ئازاری 2026 بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەورووبەری ناحیەی دێگەڵە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە بۆردومانکرا. ئەمڕۆ بەیانی، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی سنووری کۆیە و لەناو لەمپەکەدا بنکەیەکی تەندروستی و جبەخانەیەکی چەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بە سووکی بریندار بووە. دوای هێرشەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، داوای لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتیی هێزەچەکدارەکان کرد، سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە ڕووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستییانە بێ وەڵام نابێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە ڕێگای سێ درۆنەوە کەمپێکی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی لە کۆیە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک برینداربوو. تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن کەمپی ئازادی کە دەکەوێتە لێوای شاری کۆیە و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە کرایە ئامانج، کەمپەکە کەمپێکی مەدەنیە و تاک و تەرا بنکە و بارەگای حزبی دیموکراتی تێدایە." وتیشی،" درۆنەکان بەر نەخۆشخانەیەک و کۆگایەکی تەقەمەنی و ناو کەمپەکە کەوتووە و لەئەنجامدا کەسێک برینداربووە، هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمە دووەمجارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر کەمپەکە، جاری یەکەم لەئاسماندا تەقیوە و ئیدی نەمانزانی خۆیان کێشەیان تێدا بووە یاخود فڕیدراونەتە خوارەوە." قایمقامی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پریشکی ئەم شەڕە تەنها کۆیەی نەگرتووەتەوە بەڵکو سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی، پەنابەرانی ڕۆژهەڵات ئێستا زۆرینەیان کەمپەکەیان چۆڵکردووە و دابەشبوونە بۆ نێو شارەکان.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ ئارام نابێتەوە، تاوەکو گەرەنتى ئەوە نەکات، ئێران بۆ هەتاهەتایى چەکى نەماوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵى فوکس نیوزى راگەیاندووە، ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت یان ماوەیەکی زۆر درێژە بەردەوامبێت لە جەنگ دژی ئێران. جەی دی ڤانس، ئاماژەى بەوەشداوە، وێرانکردنى دامەزراوەی فۆردۆ ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکى داماڵینى چەکى ئەتۆمی ئێرانە بۆ هەتاهەتایى. سەبارەت بە داهاتووى ئێرانیش جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتى، واشنتن کەسێکی دەوێت دەسەڵات لە ئێراندا بگرێتە دەست، کە ئامادەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات . جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختى کردەوە، ئامانجی ئێمه ڕێگرتنه له وەى ئێران بۆمبى ئەتۆمى دروست بکات، به بێ گوێدانه ئەوەی چی بەسەر ڕژێمی ئێران دێت.
ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ئادارى 2026، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە عێراق ئەنجامداوە، سەبارەت بە برسى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێکەوتەکانى. بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەى ئەکسیۆس، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لەگەڵ هەر یەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانى کوردستان بووە، ئەو پەیوەندییەش دواى یەک رۆژ بووە لە هێرشەکانى ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس، گرنگی ئەو پەیوەندییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنى هەزاران چەکدارە لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ ئێران و خاوەنى ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژییە و پەیوەندییەکى بەتین هەیە لەنێوان کوردانی عێراق و ئێران. ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانەوە ئاشکرایکردووە، ئەو پەیوەندییە زۆر هەستیار بووە و ڕەتیکردووەتەوە وردەکاریی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو. ئەکسیۆس ئاماژەى بەوەشکردوە، کاتێک پرسیار لە کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی کرا لەبارەى ئەو پەیوەندیبە تایبەتەوە، ڕەتیکردەوە وردەکارییەکان باس بکات و تەنها ڕایگەیاند، ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ "زۆرێک لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە" لە پەیوەندیدا بووە.
زۆرترین کاریگەریی لەسەر چ ووڵاتێک دەبێت؟ گەرووی هورمز، ناوچەیەکی بچوکى 33 كیلۆمهترییه دهكهوێته نێوان ئێران، عەممان و ئیمارات. رێڕەوێکی باریکە کە 20%ى كۆى نەوتی جیهانی پیادا تێپەڕدهبێت. رۆژانه 17 ملیۆن بەرمیل نەوتى ههشت وڵاتى پیایدا تێپەڕدەبێت لهوانه ئێران، عێراق، كوهیت، بەحرەین، قەتەر، سعودییە و ئیمارات، كه دهكاته رێژهى 90%ى ههناردهى نهوت بۆ وڵاتانى جیهان. داخستنى گهرووهكه لهلایهن ئێرانهوه، زۆرترین زیان بهم وڵاتانه دهگهیهنێت: هیندستان: بۆ دهستخستنى نهوتى پێویست بهرێژهى 85% نهوت هاورده دهكات، كه لهو بڕه 60%ى له رۆژههڵاتى ناوهڕاسته و له وڵاتانى وهك عێراق، سعودییە، کوێت و ئیمارات-هوهیه. داخستنی گەرووی هورمز واتە بەخێرایی بەرزبوونەوەی نرخەکان، پەککەوتنی پیشەسازی، بێکارییەکی فراوان و داڕمانی ئابووریی ئەم ووڵاتە. چین: به دووهم وڵاتى زهرهرمهند دادهنرێت، رۆژانه 15 ملیۆن بهرمیل نهوت كه دهكاته 40% هاوردهى وڵاتهكهى دهكات. چین نهوت له روسیا و ناوهڕاستى ئاسیاوه وهردهگرێت، ئهوهش تهنها 20%ى وزهى پێویستى وڵاتهكه پڕدهكاتهوه. به داخستنى گهرووى هورمز زیانێكى زۆرى پێدهگات. ئەگەر ئابووریی چین-یش کێشەی تێبکەوێت، کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت. ژاپۆن: دهبێته سێیهم وڵاتى زهرهرمهندى داخستنى گهرووهكه. ژاپۆن بهڕێژهى 90% نهوت هاورده دهكات، كه 75%ى لهڕێى گهرووى هورمزهوهیه. سعودیه: چوارەم وڵاتی زیانلێکەوتوو سعودییە دەبێت، چونكه بهڕێژهى 80 تا 90%ى نهوتى ههناردهكراوى لهڕێگهى هورمزهوهیه، تهنها 10%ى به دهریاى سووردا رهوانهى وڵاتانى ئهوروپا دهكات. وێناى بكه وڵاتێك رێژهى 80 تا 90%ى وزهى وڵاتهكهى لهدهستبدات، چى بهسهردێت؟! پاكستان: %90ى نهوتى پێویست له گهرووى هورمزهوه هاوردهى وڵاتهكهى دهكات. بۆیه تێكچوونى ئهو دۆخه زۆر بهخێرایى دهبێته هۆى بهرزبوونهوهى نرخ له وڵاتهكهدا. لهگهڵ ئهوهشدا بههۆى ئهوهى ههردوو حكومهتى پاكستان و ئێران هاوپهیمانن، ئیسلام ئاباد لهئێستادا 35%ى سووتهمهنى له تارانهوه وهردهگرێت. لهدواى داخستنى هورمز پاكستان بۆ پڕكردنهوهى پێویستییهكانى بهتهواوى دهگهڕێتهوه بۆ ئێران. ئیمارات: ئیمارات یهكێكى دیكهیه له وڵاته زیان لێكهوتووهكان كه 72%ى ههنارهكانى لهڕێگهى هورمزهوهیه، بهڵام ئهو وڵاته رێگهى جێگرهوهى ههیه و لهدواى خستنى گهرووهكه دهتوانێت رێژهى 12%ى ئهو بڕه لهو رێگا جێگرهوهیهوه ههنارده بكات. دواى سهرجهم ئهو وڵاتانه، وڵاته ئهوروپپهكانى وهك فهرهنسا، ئهڵمانیا و ئیتاڵیا دێن كه 10%ى هاوردهى نهوتیان لهدهستدهدهن. بەپێی راپۆرتی ئابووریی جیهانی بههۆى داخستنى گهرووى هورمز نرخى بهرمیلێك نهوت بۆ 100 تا 150 دۆلار بهرزدهبێتهوه. کەواتە ئەم گەرووە کە تەنها ٣٣ کیلۆمەترە هێزی هەژاندنی تەواوی جیهانی هەیە.
به شەشەمین هێزی ئەتۆمیی دادەنرێت و توانای وەشاندنی کڵاوەی ئەتۆمی لەڕێگەی مووشەکەوە ههیه. لهمساڵدا پلهى 15ههمینى لهنێو 145 وڵاتدا گرتووه لە پێوەرەکانی global firepower. نزیکەی 170 ههزار سەربازی چالاکی هەیە و نزیکەی 65 ههزار هێزی یەدەگی هەیە، کە لە کاتی جەنگدا ئەم ژمارەیە زیاد دەکات. ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین هێزە ئاسمانییەکانی جیهانە. نزیکەی 340 بۆ 350 فڕۆکەی جەنگیی هێڵی پێشەوەی هەیە کە بریتین لە: نزیکەی 50 بۆ 70 فڕۆکەی جۆری F-351 (كه فڕۆکەی نادیارن) 85 بۆ 100 فڕۆکەی F-15 (بۆ مەودای دوور و هەڵگرتنی بۆمبی قورس بهكاردێت) نزیکەی 175 بۆ 200 فڕۆکەی جۆری F-16 (بڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانییە) فڕۆکەی مەشق و راهێنان نزیکەی 150 دانە وەک M-346 فڕۆکەی گواستنەوە و بارهەڵگر نزیکەی 50 دانە وەک C-130 Hercules فڕۆکەی تانکەر نزیکەی 10 بۆ 15 دانە، بۆ لێدانی ئامانجە دوورەکان فڕۆکەی سیخوڕی و ئاگادارکردنەوە (AEW&C) نزیکەی 10 بۆ 15 دانە تایبەتمەندیی فڕۆکەکانی وایە لە سیستەمێکی فرەچین پێکهاتووە کە بۆ مووشەکەی کورتمەودا و ناوەند مەودا و هەروەها تایبەتمەندیی بەرپەرچدانەوەی موشەکی بالیستی لە دەرەوەی بەرگەهەوا هەیە. توانا زەمینی و دەریاییەکانی: نزیکەی 1300 تانک کە تانکی Merkavaى دروستکراوی ناوخۆ بربڕەی پشتێتی و بە یەکێک لە پارێزراوترین تانکەکانی جیهان دادەنرێت. زیاتر لە پێنج هەزار بۆ نۆ هەزار ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرباز و زرێپۆش. خاوەنی پێنج بۆ شەش ژێر دەریایی جۆری دۆلفینە، کە دروستکراوی وڵاتی ئەڵمانیان و توانای هەڵگرتنی چەکی ستراتیژییان هەیە. بەپێی مەزەندەکانی پەیمانگای SIPRI و ناوەندی توێژینەوەی FAS پێدەچێت خاوەنی 90 بۆ 300 کڵاوەی ئەتۆمی بێت. توانای وەشاندنی ئەم کڵاوانەی هەیە لەڕێگەی مووشەکی Jeicho lll (بالیستی) یان فڕۆکە جەنگییەکان یان ژێر دەریاییەکان. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2026 و راپۆرتە داراییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، بودجەی وڵاتی ئیسرائیل 35 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە پەنا دەباتە بەر بودجەی تەواوکاریی بە بڕی 2.9 ملیار دۆلار وەک بوودجەی فریاگوزاری. جگه لهوهى ساڵانە ملیاران دۆلار هاوکاری سەربازی وەردەگرێت، بهجۆرێك تهنها ساڵانى 2025-2026 ئەمریکا چەندین ملیار دۆلاری بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی نوێ بۆ ئیسرائیل تەرخان کردووە.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە 28ـی شوباتەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و بەهۆیەوە پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمبووەتەوە. ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە هیچ شوێنێک ناتوانین لە پێنج کاژێر زیاتر کارەبا بدەین". لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی كارەبا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا روویداوە، كۆمپانیای دانەگاز هەناردەکردنی گازی سرووشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە". ئەمڕۆ دووشەممە ئەندازیارێکی وەزارەتی کارەبا کە ئاگاداری دۆخەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا دابەزیوە بۆ تەنیا 1400 مێگاوات بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وایکردووە پێدانی کاژێرەکانی بە یەکجاری کەم بێتەوە". 28ـی شوباتی 2026، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەم بارودۆخەدا دەتوانین رۆژانە تەنیا 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین." ئەو ئەندازیارەی وەزارەتی کارەبا گوتی: "داتاکانی وەزارەت کەمێک پەلەی تێدا کرابوو، چونکە لەم دۆخەدا ئەو ناوچانەی زۆرترین بڕی کارەبایان بۆ دابیندەکرێت پێنج کاژێر تێپەڕ ناکات، هەندێک ناوچە کەمتر لە یەک کاژێر کارەبای بۆ دابیندەکرێت". حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبا زۆر خراپە و کەمترین کارەبا دابیندەکەین، کە لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێرە، هەندێک ناوچەمان دەگاتە پێنج کاژێر". هەروەها ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر 150 مێگاوات کارەبا پشکی کارەبامان بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 50 مێگاوات، بەوەش لە 24 کاژێردا تەنیا چوار کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدەین". گوتەبێژی کارەبای گەرمیان گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەت هیچ پەیامێکی پێنەداون، کەی هەناردەی گاز بۆ وێستگەکان دەستپێدەکاتەوە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە. ئەندازیارەکەی وەزارەتی کارەباش لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخەکەوە گوتی: "دیارنییە و هیچ ئاماژەیەکمان بۆ نەهاتووە بۆ ئێستا بەرهەمی کارەبا زیاد بکات".
كوشتنى عهلى خامنهیى به سهركهوتنێكى گهوره بۆ ئیسرائیل و ویلایهته یهكگرتووهكان دادهنرێت، بهڵام بهماناى كۆتاییهاتنى خێراى جهنگ نایهت، بهپێى میدیا ئهمریكى و ئیسرائیلییهكان نیشاندانى ئهو توانا سهربازییه بۆ گهیاندنى پهیامێكى راستهوخۆیه بۆ روسیا و چین، بهبێ ئهوهى پهیامهكه رووبهڕوو بێت. ماوهى سێ رۆژه شهڕى ئیسرائیل و ئهمریكا بهرامبهر ئێران دهستیپێكردووه و نازانرێت كۆتاییهكهى كهى دهبێت. بهپێى شیكارییهكى رۆژنامهى هائارێتسی ئیسرائیلى، بۆردومانهكانى یهكهم رۆژى شهڕهكه كه بووه هۆى كوشتنى عهلى خامنهیى، رابهرى ئێران و ژمارهیهك له گهوره بهرپرسانى رژێمهكهى، به یهكێك له پرۆسه سهربازییه سهركهوتووهكان دادهنرێت، بهڵام ماناى بهزوویى كۆتایی هاتنى جهنگهكه ناگهیهنێت. ئێران، كه پێشتر ئامادهكارى بۆ ئهم سیناریۆیه كردووه، پلانى گواستنهوهى دهسهڵاتى كردووهته بوارى جێبهجێكردنهوه و، وا دهردهكهوێت دهیهوێت درێژه به شهڕ بدات لهبرى قبوڵكردنى خۆڕادهستكردن. سهرهڕاى زیانهكان، ئێران درێژه به هێرشه مووشهكییهكانى دهدات له بهئامانجگرتنى ناوچهكانى نیشتهجێبوون له ئیسرائیل، بهمهبهستى خستنهوهى زۆرترین زیان و پهكخستنى ژیانى رۆژانه. له بهرامبهریشدا ئیسرائیل دووپاتیدهكاتهوه كه كۆنتڕۆڵى تهواوى بهسهر ئاسمانى ئێرانهوه ههیه و چهندین بۆردومانى وردى ئهنجامداوه، هاوشانى ئهو ههماههنگییهكى لهگهڵ ویلایهته یهكگرتووهكاندا ههیهتى و ئهو باشبوونهى له رووبهڕووبوونهوهى مووشهكه ئێرانییهكاندا هێناویهتیهدى. بهپێى رۆژنامهكه بڕیارى دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكى ئهمریكا به رهزامهندى نیشاندان لهسهر ئهنجامدانى هێرشهكان پاش شكستى رێڕهوى دیپلۆماسى بووه، رهنگیشه هۆكارى كهسى پاڵنهر بووبێت. پرسیاره بنهڕهتییهكه لێرهدا ئهوهیه، ئایا درێژه به فشاره سهربازییهكان دهدات بۆ رووخانى رژێم، یان به سنوورداركردنى تواناى ئهتۆمى رازى دهبێت بهبێ گۆڕانكارییهكى بنهڕهتى له دهسهڵاتدا؟ له دوورمهودادا، رۆژنامهكه هۆشداریدهدات لهوهى شوێنگرهوه پێشبینیكراوهكانى خامنهیى، پهرگیرهكانى سوپاى پاسداران دهبن، كه زۆر دهستهواژه ئایینییهكان بهكارناهێنن ئهوهنده تهركیزیان لهسهر ململانێكانه لهگهڵ ئیسرائیل و رۆژئاوا و وڵاتانى عهرهبیى سوننى. سهرهڕاى ئهوهى لهئێستادا كه عهلى لاریجانى بهشێوهیهكى كاتى رووكارى سهرۆكایهتى وڵاتهكهى وهرگرتووه، مهترسیی زیاتربوونى توندوتیژییهكان زیاتر لهئارادان، لهنێویشیاندا ههوڵدان بۆ بهدهستهێنانى چهكى ئهتۆمى پاش نهمانى ئهو كۆت و بهندانهى خامنهیى سهپاندبوونى. پێشیوایه لهگهڵ ئهوهى كوشتنى خامنهیى ههواڵێكى خۆشه بۆ ركابهرهكانى، بهڵام نابێتههۆى زامنكردنى رۆژههڵاتێكى ناوهڕاستى زیاتر سهقامگیر، بهڵكو یهكلاكردنهوهكه دهكهوێته سهر بڕیارى كۆتایى واشنتن، لهنێوان جهنگێكى درێژ بۆ گۆڕینى هاوسهنگییهكه یان یهكلاكردنهوهیهكى كهموكورت كه "باند"ى دهسهڵاتدار له تاران دههێڵێتهوه. ئامانجى ترهمپ لاى خۆیهوه رۆژنامهى وۆل ستریت جۆرناڵى ئهمریكى پێیوایه "ئامانجى پشتهوهى ترهمپ" خۆى دهبینێتهوه له درێژهدان به وهڵامهكان لهڕێى لێدانى یهكلاكهرهوه و دیاریكراو بهرامبهر هاوبهشانى روسیا و چین. له پێشیشیانهوه ئێران. رۆژنامهكه پێیوایه لێدانه هاوبهشهكهى ئهمدواییهى ئهمریكا-ئیسرائیل بووهته خاڵێكى گۆڕانكاریی ههرێمایهتى پاش ساڵانێك له شكستهێنانى ههوڵى سنوورداركردنى بهرنامهى ئهتۆمیی ئێران. رۆژنامهكه دهڵێت، ئیدارهى دۆناڵد ترهمپ پشتى به تێكهڵهیهك له فشارى سهربازیی توند و مانۆڕى جیۆسیاسى بهستووه: رووبهڕووبونهوهى ئێران، فشار لهسهر ئهوروپا بۆ بهرزكردنهوهى خهرجییه بهرگرییهكان، ئیدارهدانى ركابهرى لهگهڵ چین بهشێوهیهكى ههستیار، پاڵپشتیی ئۆكرانیا به پشتیوانیی دارایى. بهپێى ئهمهش بێت، رێگاچارهكهى ئهمریكا دهسهڵات و قهڵهمڕهویی مۆسكۆ و پهككین لاواز دهكات لهڕێى بهئامانجگرتنى هاوبهشه ئاشكراكانیان (ئێران، فهنزوێلا و كوبا). دووپاتیشیدهكاتهوه، بهكارهێنانى ئهو توانا سهربازییه ناوازهیهى ئهمریكا له بۆردومانى ئامانجه ستراتیجییه دوورمهوداكان، جهنگى ئهلیكترۆنى و تا لێدان له ناوهندهكانى سهرۆكایهتى، پهیامێكى بهرپهرچدانهوهى راستهوخۆ دهگهیهنێته روسیا و چین بهبێ چوونه ناو رووبهڕووبوونهوهى راستهخۆوه. [02/03/2026 07:06 م] Shirwan Sharif: رۆژنامهكه پێشیوایه لێدان لهژێرخانى مووشهكى و سهركردایهتیی ئێرانى، به پاڵپشتیی ئیسرائیل، تواناى "میحوهرى مقاوهمه" و رژێمى پهكخستووه، ئهمهش دهرگاى بۆ ناڕهزایى ناوخۆیى كردووهتهوه.
دوا بەدوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، بە گومانن، لەوەی کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی لە ماوەیەکی نزیکدا ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێمەكە. هەر لەسەرەتای گرژییەكان، لەگەڵ ئێران و دوای هێرشەكانی رۆژی 28ی شوبات، بەرپرسانی ئەمریکا لە نێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەیان بەوەداوە، ڕوخاندنی ڕژێمی سەرکوتكەری تاران، یەکێکە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریکا، لەگەل پەکخستنی مووشەکی بالیستی و بەرنامە ئەتۆمییەكەی. لەنوێترین پێشهاتیشدا ترەمپ، یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 ڕایگەیاند، داوا لە هەموو ئەو نیشتمانپەروەرە ئێرانییەكان دەکەم، کە تامەزرۆی ئازادین، ئەم دەرفتە بقۆزنەوە و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی خەڵكی خۆپیشاندان بكەن و دژی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا راپەڕن. بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی، نزیك لە دەزگای هەواڵگری (سی ئای ئەی) بە ئاژانسی رۆیتەزیان وتووە، گومانی جددیان هەیە لەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، توانای ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە ئاینیەی هەبێت، كە لە ساڵی ١٩٧٩ەوە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەرپرسانی ئەمریكا نەیان شاردەوە، كە بەدووری نازانن، دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەكی ئەمساڵ و بەردەوامی هێرشە سەربازییەكان بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت، بەڵام زۆر بەدووری دەزانن كە وادەی روخانەكەی بەم نزیكانە رووبدات. ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، هەڵسەنگاندنەکانی سی ئای ئەی کە لە چەند هەفتەی پێش هێرشكردنە سەر ئێران، پێشکەشی کۆشکی سپی کرابوون، ئەوە بووە، لە ئەگەری مردنی خامنەیی، كەسایەتیەكی توندڕەوی سوپای پاسداران یان پیاوێكی ئایینی توندڕەو جێگای دەگرێتەوە. رۆیتەرز رونیكردوەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا بەدووری دەزانن لێپرسراوانی سوپای پاسداران بە ئاسانی خۆیان بەدەستەوە بدەن، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە لە ماوەی رابردوودا، سوودمەندی یەكەم لە سەروەت وسامانی ئەو وڵاتە ئەوان بوون. هەروەها لە هەڵسەنگاندەكانی سی ئای ئەیدا، تەنها یەك راپۆرت، ئاماژەی بەوە داوە لە ئەگەری دروست بوونی دووبەرەكی، دەتوانرێت دەسەڵاتەك برۆخێت، لێپرسراوانی ئەمریكا جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە مەرجی سەرەكی بۆ سەركەوتنی هەر شۆڕشێك، دروست بوونی دووبەرەكییە، بەڵام تا ئێستا ئەوە روینەداوە لە ئێران. پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە كردەوەتەوە، ئامانجی سەرەکیی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی تاران، دابینکردنی "ئازادی"یە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و گۆڕینی دەسەڵاتە، داواشی لە خەڵكی ئێران كرد، دوای وەستانی بۆردوومانەکان "دەست بەسەر حکومەتەکەیاندا بگرن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، لەنوێترین لێدوانیدا ترمپ دەڵێت ، دەیەوێت كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئێران بكاتەوە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی واشنتن پێشبینی دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت ناکات، یان نایەوێت ئەم حكوتەی ئێستا برۆخێت یان لانی كەم دەیەوێت بۆ ماوەیەكی كەم بمێنێتەوە. لەبەرامبەردا عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەن، ئەمریكاو ئیسرائیلیشی بەوە تۆمەتباركرد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی وڵاتەكەی دەدەن، لێپرسراوانی ئەمریكا ئەوەشیان خستۆتەڕوو لە مانگی كانوونی دووەمەوە تاوتوێی ئەگەرەكانی دوای كوشتنی خامنەیی كراوە، ئایا دەبێتە هۆی گۆڕانێكی گەورە و بتوانرێت لە رێگەی دانوستانەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بكرێت لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی. بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆیتەرزیان وتووە، لەكاتی ناڕەزایەتیەكانی كانوونی دووەمی ئەمساڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، چەند جارێك لەگەڵ رەزا پەهلەوی، كوڕی شا دەركەوت، ئەمەش پرسیاری بەدوای خۆیدا هێنا، ئایا دوای رۆخانی رژێمی ئێستای دەبێتە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام ئەو بەرپرسانە رەشبینی خۆیان نیشانداوە و جەختیات لەوە كردەوەتەوە، هیچ كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆن نییە كە لەلایین واشنتنەوە پاڵپشتیكراو بێت و ئەو توانایەی هەبێت بە كردەیی كۆنتڕۆڵی ئێران بكات. جۆناسان بانیكۆڤ، كە پێشتر لێپرسراوی باڵا بووە لە دەزگای هەواڵگری سی ئای ئەی، دەڵێت، لە كۆتاییدا ئەگەر هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل وەستان، گەلی ئێران رژانە سەر شەقامەكان، بۆ كۆتاییهێنان بەم رژێمەی ئێستا، ئەو كات سەركەوتنیان بەندە بە هەڵوێستی سەربازە ئاساییەكانەوە، ئایا پشتی خەڵك دەگرن یان دژیان دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەرێكی زۆرە پاشماوەكانی رژێم كە چەكیان بەدەستەوەیە، چەكەكانیان دژی خەڵك بەكار بهێنن بۆ پارێزگاریكردن لەم رژێمەی ئێستا.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق داخستنی ئاسمانی عێراقی بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە بەرووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتن و رۆیشتن و ترانزێت درێژکردەوە. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە، کە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، درێژ دەکاتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی گرژییەکانی ناوچەکە هاتووە، ئاماژەی بەوەشدا، پاش پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بۆ داتا پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەیان بەپێی هەر پەرەسەندنێکی نوێ دەردەچێت. دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق راشیگەیاند، هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە لە هەر نوێکردنەوەیەک کە لەم بارەیەوە دەربکرێت بەپێی پێویست. هاوکات دوێنێ یەکشەممەش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 24 کاتژمێری دیکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتوو و رۆشتن و ترانزێتەوە درێژکردەوە کە تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
رێکخراوی مانگی سووری ئێران نوێترین ئاماری قوربانییەکانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 555 کەس کوژراون. بەگوێرەی راگەیێندراوی مانگی سوور، "لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی دووژمنەوە 131 شار و شارۆچکەی ئێران تووشی زیان و رووداوی جۆراوجۆر بوون"؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ گواستنەوەی تەرمەکان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ بریندارانی هێرشەکان. مانگی سووری ئێران باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی ئەم جەنگە زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی فریاگوزاری و تیمەکانی رزگارکردن لە سەرتاسەری وڵاتدا خراونەتە "ئامادەیی تەواو"ەوە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن. لە سێ رۆژی شەڕدا، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیادیکردووە و بەو هۆیەوە لە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە زیانی گیانی و مادیی زۆر کەوتووەتەوە. هێرشکردنە سەر پارێزگای سنە لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 8 هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئێران لە سنووری شاری سنە. سەرلەبەیانی دوای 6 هێرشی یەک لە دوای یەک، قایمقامی سنە رایگەیاند، لانیکەم 3 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە. نزیک نیوەڕۆش دوو ناوچە لە نزیک چیای ئاویەری سنە کرانە ئامانج. بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی هێرشەکان و زەرەر و زیانەکانی رانەگەیاندووە. تەرمی 22 پاسەوانی سنوور لە ئیلام بە خاک سپێردران بەیانی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی جەماوەرییدا، تەرمی 22 ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردران. ئەو 22 کەسە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی پاسەوانی مێهران لە سنووری پارێزگاکە گیانیان لەدەستدابوو. لە سێ رۆژدا 8 کەس لە پارێزگای هەمەدان کوژراون بەڕێوەبەری گشتیی بنکەی شەهید و کاروباری خۆبەخشەکان لە پارێزگای هەمەدانی ئێران رایگەیاند، لە سێ رۆژی شەڕدا هەشت کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە کوژراون. بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، قوربانییەکان خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکەن، بەجۆرێک پێنج کەسیان دانیشتووی شاری هەمەدان، دوو کەسیان خەڵکی شارۆچکەی تویسرکان و یەک کەسی دیکەش خەڵکی شارۆچکەی بەهارە. لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کەسانەی لە هێرشەکاندا کوژراون لە توێژە جیاوازەکانن و هاووڵاتیی مەدەنی، ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و چەکدارانی بەسیجیان تێدایە. کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە لوڕستان پەیوەندییە گشتییەکانی لقی پارێزگای لوڕستانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، سێ ئەندامیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی ئەو پارێزگایە کوژراون. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هێرشەکە رۆژی 28ی شوبات ئەنجامدراوە و تێیدا یەکێک لە بنکە و بارەگاکانی سەر بە سوپای پاسداران لە لوڕستان کراوەتە ئامانج. سوپای پاسداران ناوی ئەو سێ ئەندامەی بڵاوکردووەتەوە کە لەو هێرشەدا کوژراون و بریتین لە "سەید محەممەد سادق حەیات غەیبی، سەید عەممار سەجادی و سەجاد مەنسووری." 27 کەس لە تەورێز کوژراون بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران (تەورێز) رایگەیاند، لە دەستپێکی ئەم جەنگە و لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە، 27 کەس کوژراون. بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، لە 48 کاژێری رابردوودا چەندین شوێن لە شارەکانی تەورێز، سەراب، مەراغە و شەبێستەر کراونەتە ئامانج. بەڕێوەبەری گشتیی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا لە هێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە، 2ی ئاداردا بۆ سەر شاری مەراغە، 15 کەس شەهیدبوون". لە پارێزگای فارس 35 کەس کوژراون بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای فارسی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئەو پارێزگایە، تاوەکو ئێستا 35 کەس کوژراون و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئامارەکەش هەیە. بەگوتەی ئیبراهیم بیانی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهیدانی پارێزگای فارسی ئێران، جگە لەو کەسانەی لە شاری لامەرد کوژراون، 13 کەسی دیکە لە شاری شیراز و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای فارس بوونەتە قوربانی؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوو کەسایەتیی دیاری پارێزگاکە لە تاران کوژراون و ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان و بەخاکسپاردنیان لە پارێزگای فارس. لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، بڕیارە کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی 20 قوربانیی شاری لامەرد بەڕێوەبچێت، کە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و هۆڵێکی وەرزشی لەو شارەدا گیانیان لەدەستدابوو. هێرشەکانی ئیسرائیل – ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە رۆژی شەممە 28-02-2026 دەستیپێکرد. ئەمریکا ناوی ئۆپەڕاسیۆنەکەی ناوەتە تووڕەیی ئەفسانەیی. ئیسرائیل ناوی ناوە نەڕەی شێر و ئێران بەڵێنی راستەقینە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایدەگەیێنێت، ڕژێمی ئێران بەرپرسیارەتیی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەستۆ دەگرێت و دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت و ئامادەیی خۆشی بۆ هاوکارییکردنی وڵاتانی کەنداو دەربڕی. شەڕ و ئاڵۆزیییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران پێی نایە ڕۆژی سێیەم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە نێو قۆناغێکی نوێی پڕ لە ناسەقامگیری و وڵاتانی جیهانیش لەبارەی دۆخەکەوە نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن. ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دەبێت بە زووترین کات کۆتایی بە پەرەسەندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئێمە لە هیچ هێرشێك ئاگادار نەکراوینەتەوە و بەشدارییمان لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نەکردووە." وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دەڵێت: دەبێت ئێران هێرشەکانی بۆ سەرناوچەکە ڕابگرێت، ڕژێمی ئێران بەرپرسیارەتیی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەستۆ دەگرێت. فەرەنسا ئامادەیە بۆ بەشداری و بەرگریکردن لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن. هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج، داوا دەکەین گرژی و ئاڵۆزییەکان کەمبکرێنەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکە، ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و بەبێ بنەما وەسفی کرد.
کەنەکە بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بانگەوازی لە هەموو پارت و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات کرد بە ڕۆحێکی نیشتیمانی و بە درووشمی "نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزی"ـەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن، دەسکەوتەکانی گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بپارێزن. کەنەکە دەڵێت: "نەورۆزی ناوەندیی ئامەد و تەواوی ئەورووپا بە ڕۆحێکی نەتەوەیی و ئیرادەی پتەوەوە، پێکەوە پیرۆز بکەن. هەروەها هیوادارین ئەمساڵ گەلەکەمان لە فرانکفۆرت و لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا و جیهان پێکەوە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن. پێویستە بە ئیرادە و یەکڕیزییەکی بەهێز پێکەوە جەژنی نەورۆز بگێڕین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئیرادەی گەلەکەمان بۆ هەموو جیهان نیشان بدەین و پەیامی ئازادی و یەکڕیزیمان بە جیهان بگەیەنین. بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو کوردستانیان بە ڕەنگ و سیمبول و ناسنامەی خۆیانەوە دەست بدەنە دەستی یەک و نەورۆزی ٢٠٢٦ بکەنە نەورۆزی ئازادی و یەکڕیزیی خۆیان. ئێمە پێمان وایە هەلومەرجی ناوچەیی و ئەو قۆناغەی کە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانی تێیدایە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی هەموومان. بۆیە جارێکی تر بانگەوازی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە بە یەکێتی و بەدیهێنانی یەکڕیزیمان دەتوانین هێزی گەلەکەمان زیاد بکەین و ئامانجەکانمان بەدی بهێنین".
