عەلى حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و بڕیاردەرى ڕەوتى هەڵوێست، ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە پارێزەرەکان  بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە، تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سەیریان داوەتە پاڵی.   بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕۆژى 11-02-2025 لەڕاگەیەندراوێکیاندا، دەڵێن: چەند لایەنێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیانداوە، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پۆلیسى هەولێر ئەوەش دەخەنەڕوو: هەندێک لەو کەسانەی وەکو ئامرازی برەوپێدانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە دەستنیشان کران، یەکێکیان بەناوى ئادەم عوسمان دەستگیر کراوە. لەسەر پەرەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک، عەلى حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامى پەرلەمانى کورردستان ڕاگەیەندراوێکی  بڵاوکردوەتەوە. لەبەشێکى نوسینەکەیدا، دەڵێت: ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە.  دەقى نوسینەکە. هەرچەندە پارێزەرەکان(بەشدار حەسەن ،کامەران سارمەمی، سەعد سەید محێدین)  و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ هەوڵی تەواویانداوە بۆ ئازادکردنی، بەڵام هاوڕێمان ئادەم عوسمان ماوەی ٢٣ ڕۆژە بەبێ هیچ تاوانێک لە زیندانی ئاسایشی هەولێرە.  تۆمەتێکی ناڕەواو زۆر سیر داوەتە پاڵی!  ڕۆژی ٩ی ٢.. کە خۆپیشاندانی مامۆستایان بوو، ویستیان بێنە هەولێر.. کاک ئادەم لەگەڵ ئێمەدا بوەو شۆفێربوە، گوایە ئێمە ڤیدۆیەکمان تۆمارکردوە! دواتر کەناڵێکی عەرەبی بڵاوی کردوەتەوە!  ڤیدۆکە بچوکترین سەرپێچی یاسایی تێدانیە!  ئەو شوێنەش قەدەغەنیە!  ڤیدۆکەش پەیوەندی بە ئێمەوە نەبوو!  بۆ خاوەنداری ڤیدۆکەش کەناڵی KNN، ڕایگەیاند: ڤیدۆکە ڤیدۆیەکی ئاساییەو ئەوان تۆماریان کردوەو هیچ سەرپێچیەکی یاسایی تێدانیە.  ئێمە ئەمە بەزیندانیکردنێکی سیاسی دەزانین؛ داواکارین لایەنی پەیوەندیدار لەزووترین کاتدا کاک ئادەم ئازادبکات، کە بچوکترین تاوانی نییە.   

وەزارەتی دارایی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی بۆ مووچەی مانگی دوو لە بەغدان، دەڵێن ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە پارە بنێردرێت، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەش سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. ئەمڕۆش مووچەی مانگی دوو لەلایەن بەغدا نەنێردرا، ئەمە لەکاتێدایە کە هەشت ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کار لەسەر وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو دەکەن. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەو تیمە تەکنیکییەی لە بەغدایە بە ئاڤا میدیایان ڕاگەیاند، ئەگەری زۆر هەیە سبەی پێنجشەممە بەغدا پارەی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە پێچەوانەوە  ئەگەر نەنێردرا، دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. لەبارەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە و دابەشکردنی، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئامادەکردن و ڕاگەیاندنی لیست کاتێکی کەمی دەوێت، ئەگەر سبەی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ  لیستی مووچە ڕادەگەیێنرێ و شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام ئەگەر سبەش پارە نەنێردرێت، ناردنی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، واتە 9ی مانگ. لەبارەی درەنگ ناردنی مووچەی مانگی دووش کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە، ڕێککەوتنەکە وایە ئەبێ مووچەی مانگی دوو لە مانگی دوو بنێردرێت، واتا نابێت مووچەی مانگێک بکەوێتە مانگێکی تر. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق وتى: هۆکارەکەی لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی کوردستان بوو، درەنگ لیستی مووچەی مانگی دوویان بۆ ناردین، ڕۆژی 26ی مانگ لیست نێردراوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم مانگە 28 ڕۆژ بوو، واتە تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئەوەی مانگ تەواو بێت، چونکە ڕێککارەکانی وردبینیکردن لە لیستی مووچە وەکو خۆیان ماون، هەمان ئەو ڕێکارانەی پێشتر دەکران هەر ماون.

  عەبدولڕەزاق ئەلخەتیب، سەرکردە لە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆى شارۆچکەى درعاى  باشوری سوریا ڕایگەیاند، تا ئێستاش پێکدادانەکان لەگەڵ گروپێکی چەکداری دەرەوەی یاسا لە گەڕەکی باشووری ڕۆژئاوای شاری ئەلسەنمەین لە لادێکانی باکوری دارا چڕن. ئەلخەتیب لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەڵێت پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارەکان لە شاری ئەلسەنمەین ڕوویداوە و لە ئەنجامدا بریندار و گیانلەدەستدانی هەردوو لایەن و هاوڵاتی مەدەنی ڕوویداوە. ئەلخەتیب دەشڵێت: دوابەدوای ئەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئامادەبوو لە شارەکە دەستبەجێ دەستوەردانیان کرد و خاڵی پشکنینیان لەناو شارەکەدا جێگیرکرد و یەکێک لە خاڵەکانیش بەر تەقەی ڕاستەوخۆ کەوت، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی ئەفسەرێکی ئاسایشی ناوخۆ. ئەو سەرکردەیەی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە "هێزە سەربازییەکانی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری بە یاوەری ئاسایشی ناوخۆ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە دەوروبەری شارەکە، بۆ هەڵکوتانە سەر بوونی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا".

بەرەی گەل ڕاگەیەنراوێکى بە بۆنەى ساڵیادى ڕاپەرینەوە بڵاوکردەوە، تیایدا دەڵێت حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. هەروەها هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە  بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە. دەقى ڕاگەیەندراوەکە هاونیشتمانیانی خۆشەویست کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان... ئەمرۆ ٣٤ ساڵ تێدەپەرێ بەسەر ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەباشووری کوردستان.  ئەو راپەرینەی کەبۆ یەکەم جار لەمێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا توانی دەسەڵاتی داگیرکاری و دیکتاتۆری ، حوکمی ملهوڕی و تاکرەوی رابماڵێت و ماناکانی ئازادی و سەرفرازی بۆ مرۆڤی کورد بگەرێنێتەوە. لەم روانگەوە، ئەگەر راپەرین سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بێت بۆ خەڵکی کوردستان کەتیایدا پایەکانی حوکمڕانی خۆماڵی لەپەرلەمان و دادگا و دامەزراوەی جێبەجێکردنی خستبێتە قاڵبی یاسایی و دەستووری و سەرەتای دانپێدانانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بێت بەدۆزی رەوای گەلەکەمان. ئەوا ئێستا بەهۆی تاکڕەوی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیەوە ئەو حکومەتەی کە ڕاپەڕین دروستیکرد کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە. حوکمرانی پارتی و یەكێتی لای خەڵک بەجۆرێک بەدناوبووە کە هەموو ساڵێک لەگەڵ یادکردنەوەی راپەڕیندا داوای راپەرینێکی تربکەن بۆ راماڵینی سەرانی دەسەڵات. ئەگەر پارتی و یەکێتیی پێیان وایە  بەرێکەوتنی دوو قۆڵی و بەتەنها دەتوانن درێژە بەم جۆرە حوکمرانیە بدەن و تەبایی خۆیان لەدزینی سەروەت و سامانی خەڵک ، لەدزینی دەنگی گەل ، لەسەرکوتکردنی دەنگی ئازادیخواز دەبیننەوە ، ئەوا دڵنیابن ئەم جۆرە سیاسەتە شکستی خواردووە و دەبێت لەریشەوە دەربهێنرێت. بەرزو پیرۆز بێت رۆحی شەهیدانی رێگای ئازادی و شکۆی گەلی کوردستان. بەرەی گەل

  سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو دانیشتنەی بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی و دواتریش لەکارلابردنی رێكخرا، بە نادروست و پێشێلکردنی یاساکان ناودەبات. ئەمڕۆ، ئەنجومەنى پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەى دەنگ “ئەحمەد حاسوود”ـی لە سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەتۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی دوورخستەوە، لەبەرامبەریشدا حاسوود تۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەکەی رەتدەکاتەوە. دوای بڕیارەکە، هاوپەیمانی (پەیمانی نیشتمانی) بەیاننامەیەکی بڵاوكردەوەو، تیادا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەحمەد حاسود، جەختدەكات، ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی دانیشتنی لێپرسینەوەوە روویدا، پێشێلکردنی بڕگەکانی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی (٢٠٠٨) هەموار کراو بووە، هەروەها مادەی(٣٠)ی پەیڕەوی ناوخۆ، کە بە روونی دیاری کراوەو دەبێت پرسیارەکان حەوت رۆژ پێش بەرواری دانیشتنەکە، بگاتە دەستی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکراوە، پرسیارەکانی پەیوەست بە لێپرسینەوە لەماوەی یاسایدا نەگەیشتونەتە بەردەم وەڵامدەرەوە، ئەوەش وا دەکات ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر پێشێلكاری یاسایى بن لەرووی فۆرم و بابەتیەوە. ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەكات، بەو پێیە هەر بڕیارێک یان رێکارێک لەو دانیشتنە دەربچێت، لە رووی یاساییەوە بە نادروست دادەنرێت، هەموو هەنگاوێكی یاسایش دەگرنەبەر بۆ زامنكردنی رێزگرتن لە یاسا و رێسا بەركارەكان.

  ڕووسیا ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران نیشاندا، لەئەگەرى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن و مۆسکۆ لەم دواییانەدا نزیکبوونەوە بە شێوەیەکی نافەرمی. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسیەکەی کردووە کە ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بکات سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمی و پرسەکانی دیکەی ئەمنی وەکو وەکیلەکانی ناوچەکە، بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین لە 12ی شوباتدا ئەو بیرۆکەیەی وروژاندووە. پاشان جارێکی دیکە بابەتەکە هاتە ئاراوە کاتێک مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ١٨ی شوبات لە سعودیە بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا کۆبوونەوە.  دواتر لاڤرۆڤ سەفەری ئێرانی کرد و دەگوترێ لەوێدا عەباس ئاراغچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی سەبارەت بە گفتوگۆ ئەگەرییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاگادار کردۆتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینەوە هاتووە کە “پێویستە ئەمریکا و ئێران هەموو کێشەکان لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکەن”، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مۆسکۆ “ئامادەیە هەموو هەوڵێک بدات بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە”. دانوستانەکان بە نێوەندگیری ڕووسیا حەوت ساڵ دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە خولی یەکەمی ترەمپدا تێدەپەڕێت. هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵدەدات سیاسەتی “زۆرترین فشار”ی خۆی بەسەر تاراندا زیندوو بکاتەوە لە ڕێگەی سەپاندنی قورسی سزاکان و هەڕەشە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە، بەڵام ئاماژەی بە ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە نوێکراوەکانی بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کردووە.  بەڵام ئێران و ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران تا ئێستا بە ئاشکرا دانوستانەکانیان لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دەرفەتێک لەگەڵ ڕووسیا – هاوپەیمانی تاران – چونکە نێوەندگیری دەتوانێت ئەو هەڵوێستە بگۆڕێت.

  تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە وەڵامی عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار کە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بانگەشەی ئەوەی کردبوو دەبێت تەواوی درێژکراوەکانی پەکەکە لە سوریا و عێراق جا بە هەر ناوێکەوە بن خۆیان هەڵبوەشێننەوە، دەڵێت: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". لە هۆڵی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە لەبارەی ئەو پرۆسە نوێیەی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەستی پێکردووە. هاتیمئۆغوڵڵاری لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئیدارەی خۆسەریش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەدا لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا باسی یەپەگە و هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری نەکراوە.  هاتیمئۆغوڵڵاری سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە نایەوێت لەمبارەیەوە لێدوان بدات و دەڵێت: "ناتوانین لەوبارەیەوە بدوێین. لە ئەگەری هاتنەدی ئاشتیدا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت. ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێت، دەبێتە مۆدێل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. گۆڕانکاری لە سوریا ڕووی داوە و کێشەی جدی دروست بوون. ئەگەر تورکیا هەنگاوێکی باش بنێت، کاریگەری دەکاتە سەر سوریایش. پرسی هەسەدە پرسێکی ناوخۆیی سوریایە و لە تێکستەکەی ئۆجەلان ناوی نەهێندراوە". لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکیشدا کە ئاماژەی بەوەدا ئەوەی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک وا لێکدانەوە بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بکات کە مەبەستی هەسەدەیشە ئەوەیە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا گوزارەی 'سەرجەم گروپەکان'ی بەکارهێناوە، باکرهان گوتی: "ئەوا عومەر چەلیکە ئاوای لێ تێگەیشتووە، نەک دەوڵەت". باکرهان جەختی لەوە کردەوە لە دوایەمین کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان کە چوار کاتژمێری خایاند تەنیا باسی پەکەکەی کردووە و بە هیچ جۆرێک باسی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای نەکردووە، دەڵێت: "پەکەکە ڕێکخراوێکە لە تورکیا و باکوری کوردستان و ئەو باسی لە کێشەیەک کردووە کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە. ئۆجەلان تەنیا باسی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردووە کە خۆی دامەزرێنەریەتی. بەڕێز ئۆجەلان  بنکەیەکی جەماوەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەنگاوەکانی بە دیموکراسیکردن، کاریگەریش دەکاتە سەر سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕاستیدا بەڕێز سری سورەییا ئۆندەریش ئەوەی گوت". باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وێڕای دانانی قەییوم بۆ ژمارەیەک لە شارەوانییەکان و دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان کەچی لەپێناو بە دیموکراسیکردنی تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و دەڵێت: "ئێمە تەنیا دیموکراسیمان بۆ کورد و مافی هاوڵاتیی یەکسانمان بۆ عەلەوییەکان ناوێت. وەک ئەوەی لە دەقی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا بەدی دەکرێت، ئۆجەلان تەنیا سەرنج ناخاتە سەر ناسنامەی کورد و لە خەمی بە دیموکراسیکردنی تورکیایە بۆ تەواوی هاوڵاتییان". باکرهان جەختی لەوە کردەوە هیچ شتێکی ژێر بە ژێر لەنێوان دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان و دەم پارتی و پەکەکەدا نییە و ئەوەی هەیە ڕای گشتی لێ ئاگادار کراوەتەوە، هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی ئەو زمانە ژەهراوییەی کاربەدەستانی تورکیا بەکار دەهێنن، زیانی زۆر بەو پرۆسە نوێیە دەگەیەنێت. باکرهان سەرنجی خستە سەر ئەوەی دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و بە دەمەوە هاتنی پەکەکە بۆ بانگەوازەکە، هیچ هەنگاوێک لە لایەن حکومەتی تورکیاوە نەنراوە و تائێستاش نازانرێت ئەگەر گەریلاکان چەکیان دانا دەبێت بۆ کوێ بچن و چۆن تێکەڵی کۆمەڵگا دەبنەوە. 

  سەرۆکی فه‌رمانگه‌ى دادوەری پارێزگای کوردستان (سنه‌) ڕایدەگەیەنێت لە مەرزی باشماخى شارى مەریوان لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، توانیویانە نزیکەى ٣٠ کەس بۆ تۆمەتى قاچاخچیەتى سوتەمەنی دەستگیربکەن. ماڵپەرى ئیرناى ئێرانى، لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت سەید حوسێن حوسێنی سەرۆکی دادوەری پارێزگای کوردستان، ڕایگەیاندوە: بەبڕیارى دادوەرى داواکاری گشتی مەریوان، لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا و پاسەوانانی سنووری شارەکە، و بە هاوکاری کۆمپانیای نەوتی پارێزگاکە، توانیویانە 35 ئۆتۆمبێلی بچوک کە سووتەمەنی بە قاچاخ هەڵدەگرن، بناسنەوەو دەستىیان بەسەردا بگرن لەکاتێکدا دەیانویست سوتەمەنى بگوازنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە لەژێر چاودێری ورد و ڕێوشوێنی هەواڵگری، پاسەوانانی سنوور ڕەوانەی شوێنەکە کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، دوای چەندین جارو  چاودێری باری قاچاخەکان، سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بە بەکارهێنانی تەکنیکی تایبەت. سەرۆکی دادوەری کوردستان، ئەوەشى خستوەتەڕوو لەو هەڵمەتەدا، ٣٠ کەسیان بۆتۆمەتى کارى قاچاخچیەتى سوتەمەنى لەمەرزى باشماخ دەستگیربکەن. بەپێى ئامارەکان لەماوەى 10 مانگی ڕابردوودا، 287 دۆسیەی یاساییان کردوەتەوە بۆ کارى قاچاخى سوتەمەنى، توانیویشیانە یەک ملیۆن و 503 هەزار و 693 لیتر سووتەمەنی قاچاخ بدۆزنەوەو دەستى بەسەردا بگرن لە ماوەی ئەو دە مانگەدا. حوسێنی جەختی لەوە کردەوە: بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، بەتایبەتی قاچاخی سوتەمەنی، بە تایبەتی لە کارنامەی دەسەڵاتی دادوەری پارێزگاکاندایە و ئەم پرسە بە شێوەیەکی جددی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت لەڕێگەی چاودێری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی و ڕێکخستنی چاودێری. مانگى ڕابردووش لەدەروازەى سنورى باشماخ، لەدیوى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە، بەرپرسانى فەرمانگەى دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر ٥٠ هەزار لیتر بەنزینیاندا گرتووە، کە لە چەند کۆگایەکدا لە مەرزى باشماخى مەریوان هەڵگیرابوو. هاوکات دەست بەسەر 15 ئۆتۆمبێلیشدا گیراوە کە چەندین دەبە بەنزینی قاچاخی تێدابووە و ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون و بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەى زیاتریان لێبکرێت. بەرپرسی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی قەزای مەریوان، جەختی لە بەردەوامیی سەردانە هاوبەشەکانیان کردەوە لەدژی قاچاخچییەکانی سوتەمەنی. هەروەها وتیشى: بە بە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو قاچاخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

  ڕۆژنامەی"وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کردوەوە، ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی جیهان، بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق بە لاوازی بمێنێتەوەو، دەوڵەتی نوێی سوریا بکرێتە دەوڵەتێكی ئۆتۆنۆمی لەسەر بنەمای نەتەوەیی، لەگەڵ ئەوەی ناوچە سنورییەکانی باشور لەلایەن ئیسرائیلەوە لە چەك داماڵراوبێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدەكات، بەدرێژایی دوو دەیەی رابردوو دراوسێی تەنیشت ئیسرائیل بەشار ئەسەد بووە، دیکتاتۆرێکی دوژمنکار کە بەهۆی دابەشبونە تائیفیەکانی سوریاوە لاواز ببوو، ئێستا ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئەو پرسە لە خۆی دوربخاتەوە كە بەرپرسانی ئەمنی وەک هەڕەشەی  دەبینن، كە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیا هەوڵدەدەن سوریا یەکبخەن. لە چەند رۆژی ڕابردوودا، سوپای ئیسرائیل ناوچەی زیاتری لە باشوری سوریا کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەی رێگریكردن لە گەیشتنی چەک بە دەستی حکومەتی دیمەشق یان هەر لایەنێکی دیکە. هەفتەی رابردوو بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد باشوری سوریا لە چەك دابماڵرێت، جەختیشی کردەوە: لەوەی رێگە نادەن رژێمی نوێی ئیسلامی توندڕەو لە سوریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت. رۆژنامەی ئەمریكییەكە ئەوەشی نوسیوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل هەوڵدەدات سنورەکانی خۆی بپارێزێت و ناوچەیەکی پارێزراو دروست بکات، بەڵام کردەوەکانی، ڕێگە خۆش دەکەن بۆ دیدی ئیسرائیل بۆ سوریایەکی فیدراڵی، کە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ژێر کۆنترۆڵی دروزەکاندا بەدرێژایی سنوورەکانی دەستەبەربكات. ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرج دەکات بۆ یارمەتیدانی دروزەکان لە باکوری ئیسرائیل، ئەوەش هەنگاوێکە کە شرۆڤەکارانی ئەمنی دەڵێن، بۆ رازیکردنی دروزەكانە تا حكومەتی نوێی سوریا رەتبكەنەوە.

هاوسەرۆکی دەبەپە، ڕایدەگەیەنێت داواکاری درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەت دوای ڕاگەیاندنی هەڵوێستی ئەرێنی لەلایەن پەکەکەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پرۆسەی ئێستا، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت. کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دۆخی نێودەوڵەتی و هاوکێشە ناوچەییەکان و هاوسەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای هەڵسەنگاندووە و لە کاتێکی مێژووییدا ئەو بانگەوازەی کردووە. هاوسەرۆکی دەبەپە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەوپێش بچێت، پێویستە دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە زەمینە بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان دروستبکرێت، دەشڵێت: دەبێت هەلومەرجێک بۆ ئۆجالان دروستبکرێت کە بتوانێت بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و بازنەی جۆراوجۆر دروست بکات".  کەسکین بایندر وتیشى: هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت وەک هەنگاوی یەکەم هەلومەرجی ئازادی ئۆجالان دروست بکرێت. گەورەترین گەرەنتی سەلامەتی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە چالاکانە سەرکردایەتی بکات، گەورەترین بەرپرسیارێتی لەم بابەتەدا لە ئەستۆی دەوڵەت و ئەوانەی دەسەڵاتدان". بایندر ئاماژەی بەوەدا کە لە تورکیا، کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان پشتیوانییەکی زۆر بۆ ئەو بانگەوازە هەیە و وتی: پێش هەموو شتێک؛ بەڕێز ئۆجالان ئەم بانگەوازەی بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە و تورکیا کرد. دووەم؛ لە سەردەمێکدا کە سیاسەتی جەنگ لە سەرانسەری جیهاندا خەریکی پەرەپێدانی فۆرمولەکانە، نەخشەڕێگای چارەسەری جیهانی و ناوچەیی و نیشتمانیی زۆر جیاواز هاتۆتە ئاراوە. "هەر بۆیە زۆر ژاوەژاوی دروست کرد." هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) بەردەوام بوو لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ بەرنامەی ئەو دیدارانەی کە بڕیارە لە زیاتر لە ١٠٠ ناوەند لەگەڵ خەڵکدا ئەنجام بدرێت و وتی: دەمانەوێت بانگەوازەکەی ئۆجالان بە تەندروستترین شێوە لەگەڵ خەڵکدا هاوبەش بکەین.  وتیشى: لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ خەڵک کۆدەبینەوە. ئەم کارە هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات. ئەم هەشتی مارس و نەورۆزە بۆ ئێمە کەمێک جیاواز دەبێت لە چاو ئەوانەی پێشوو. پێویستە زیاتر حەماسەتیان هەبێت. نەورۆز نەورۆزێکی ئاشتی و ئازادی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دەبێت. بەڕای من نەورۆزی ٢٠٢٥ دەبێتە نەورۆزی چارەسەری پرسی کورد و ئازادی کاک ئۆجالان و دەربڕینی ئیرادەی ملیۆنان کەس. هەمووان بەم بەرپرسیارێتییە لە گۆڕەپانی نەورۆز دەبن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕۆژی ٢٧ی مانگى ڕابردوو لە ڕێگەی شاندی ئیمرالی پارتی دەمەوە، "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی"ی بڵاوکردەوە. بانگەوازەکە کە بە "بانگەوازی سەدە" وەسف کراوە، پشتیوانی ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا، ئیسرائیل، یەکێتی ئەوروپا (یەکێتی ئەوروپا)، ئەمریکا و چەندین بازنەی جیاوازی دیکەی وەرگرتووە. دوای ئەو بانگەوازە، پارتی ئاگربەستیشی ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی دەربڕی.

  مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە. بە بۆنەی 34ـەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ـی خەڵکی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە. سەرۆک وەزیران دەڵێت: یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد.  دەقی پەیامەکە لە (34)ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم. یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشداریان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتییشەوە، پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە . ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لە سەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بە هۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت. شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 . سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان .

هاوڵاتى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت:ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. هەر لەوپەیامەیدا بارزانى دەشڵیت: ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت. دەقى پەیامەکە پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم. ڕاپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ڕاپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا.  ڕاپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت. لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی. مسعود بارزانی 5ـی ئاداری 2025

  باسم محەمەد خزەیر، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان دەڵێت، لایەنی تورکیا ئاگاداری کردوینەتەوە، بەندەری جەیهان ئامادەیە بۆ وەرگرتنی نەوت، پشکنینی بۆری هەناردەکردنی نەوتی خاویش لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری تورکیا تەواو بووە. خزەیر، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنانەی (الصباح) وتی: وەزارەتی نەوت هەموو پابەندییەكانی جێبەجێ کردووە، چاوەڕێین هەرێم گڵۆپ سەوز هەڵبكات بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ هەناردەکردنی نەوت بە تێكڕای (١٨٥) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، تا دەگاتە ئەو توانایانەی کە دەبێت دواتر هەناردە بکرێت، بەپێی ئەو بڕەی کە لە بودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2)ی شوباتدا، هەمواری بودجەی پەسەند کرد، کە بڕی قەرەبووی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دیاری کرد، هەموارکە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەند دەکات بە گواستنەوەی بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە بەڕێوەدەبرێت. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوکیش، بریكاری وەزارەتی نەوت رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی)ی بەریتانی گرێبەستی پەرەپێدانی چوار کێڵگەی کەرکوکمان تەواوکردووە و، خراوەتە بەردەم کۆمپانیای راوێژکاری (کلڤن لاین) بۆ پێداچوونەوە بە مۆدێل و مەرجی گرێبەستییەکان، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت. بریكاری وەزارەتی نەوت رونیشیکردەوە، گرێبەستەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی (بای حەسەن، کەرکوک بە دوو قوبەکەی "بابا و ئاڤانا"، جەمبور، و خەبات) بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی بەرهەمهێنانی (420) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵدا، هەروەها وەبەرهێنانی (400) ملیۆن پێ سێجا لە غازی هاوەڵ و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی غاز لە باکورو، دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای (٤٠٠) مێگاوات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 34ەمین ساڵیادی راپەڕینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دۆخەکە لە هەموو لایەک دەخوازێت بە گیانی بەرپرسیارێتیی هاوبەشەوە کار بکەین.   نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "فيدراڵى و ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كان و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌‌ مه‌زنه‌ن. بۆیه‌، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان‌ و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به‌ یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت‌."   لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارييه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له‌ وانه‌كانى رابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی گه‌له‌كه‌مان بپارێزين."   دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:   ئه‌مڕۆ به‌ شكۆدارييه‌وه‌ یادی سی و چوار ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینی ئاداری 1991 ده‌که‌ینه‌وه‌. به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و ته‌واوى گه‌لی کوردستان، به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانییه‌وه‌ ده‌که‌م.   ڕاپه‌ڕين، وێستگه‌یه‌کی مێژوویی و چاره‌نووسساز و ويستى پۆڵایینی كوردستانييان بوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیكتاتۆرى و سته‌مكاریدا. گه‌لى كوردستان به‌ باوه‌ڕێکی پته‌و به‌ دادپه‌روه‌ریی دۆزه‌که‌ی، يه‌كڕيز و یه‌کگرتوو، له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، شكۆ و‌ دادپه‌روه‌ری، ڕاپه‌ڕى و ده‌رگاى به‌ ڕووی داهاتوویه‌کی نوێدا كرده‌وه‌. به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور و درێژ و قوربانیدانی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى كوردستان بوو به‌ره‌و چه‌سپاندنی مافه‌ ڕه‌واکانی له‌ عێراقی نوێدا.   فيدراڵى و ده‌ستکه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كان و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى ئه‌مڕۆی کوردستان، به‌ری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌‌ مه‌زنه‌ن. بۆیه‌، پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌كان‌ و مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌وه‌کانی داهاتوومان، به‌ یه‌کڕیزی، یه‌کگرتوویی و لێکگه‌یشتنى هه‌موو هێز و پێکهاته‌کان ده‌كرێت‌. دۆخی هه‌رێمی و ئاڵنگارييه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان، له‌ هه‌موومان ده‌خوازێت به‌ گیانی به‌رپرسیارێتيی هاوبه‌شەوە کار بکه‌ین، له‌ وانه‌كانى رابردوو فێر ببین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتيی گه‌له‌كه‌مان بپارێزين.   له‌م بۆنه‌ پيرۆزه‌دا جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بين له‌ کارکردن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ باڵاكانى ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ئاشتییانه‌ و دیپلۆماسی بۆ پاراستنی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان‌. بۆ ئه‌وه‌ى خواست و ئاواته‌کانی كوردستانييان بۆ داهاتوویه‌کی باشتر و پێشكه‌وتن به‌دیبهێنین، ده‌بێ بنه‌ماکانی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌، به‌هێزکردنی کولتووری يه‌كترقبووڵکردن، چه‌سپاندنی دیموکراسی و کاری هاوبه‌ش به‌ گیانی به‌رپرسیاريه‌تيی نیشتمانی پته‌و بكه‌ين. هه‌مووان، نه‌وه‌ى دواى ڕاپه‌ڕين، نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووش ده‌بێ به‌ پێزانين و سوودوه‌رگرتن له‌ ڕابردوو، به‌ بڕوا و ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێن.   سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و هه‌موو شه‌هیدانی کوردستان. هه‌ر به‌رز و شكۆدار بێت يادى ڕاپه‌ڕين.   نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان 5ی ئاداری 2025

  ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کار لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات لەگەڵ کورتهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەشێکن لەبەربەستەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و دەشڵێت،" هەوڵەکان و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی بەربەستەکان، بەڵام هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێت." دکتۆر ئاسۆ فەریدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی ڕێکەوتوون وەک سەرەتایەک ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکەن تا سۆمۆش لە ڕێگای تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردەی بکات، تەبعەن ئەمە بەشێکە لە جێ بەجێکردنی یاسای بودجە کە دەبێت هەرێم پابەند بێت بەهەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی سۆمۆوە." وتیشی،"ئێستا هەرێم توانای تەنها 300 هەزار بەرمیلی نەوتی هەیە، 185 هەزاری ئامادەیە بۆ هەناردەکردن و 46 هەزار بەرمیلیش وەکو پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دانراوە، لەگەڵ ڕادەستکردنی 69 هەزار بەرمیل نەوتی ڕەش بە خامی بەو کۆمپانیا ئیماراتیەی کە کێڵگەی نەوتی کۆر مۆر بەڕێوە دەبات وەکو حەق دەست، ئەم 69 هەزار حکومەتی عێراقی لێی ئاگادار نیە کە دەدرێت بەو کۆمپانیایە و لە یاسای بودجەدا نەچەسپاوە." ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات ئەم ژمارانە هەمووی دەقیقن و کێشەیەکی تر لەپێش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان ئەوەیە 100 هەزار بەرمیلی دیکەی نەوت کورتهێنان هەیە و دەشڵێت،" پێویستە گفتوگۆی زیاتر بکرێت و کێشەی ئەو 100 هەزار بەرمیلە و ئەو 69 هەزار بەرمیلەی کە دەدرێتە ئەو کۆمپانیایە چارەسەر بکرێت، بۆیە کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کەی نەوتی کوردستان دەست بەهەناردەکردنی دەکرێت." کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادر کەرەم ی سەربە قەزای چەمچەماڵ، بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی گازو کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەلایەن کۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی بەڕێوەدەبرێت. بڕیاربوو ئەمڕۆ سێ شەممە 4ی مانگی سێی 2025 کۆبوونەوەی باڵای نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو کۆمپانیایەی کە کار لە دەرهێنانی نەوتی کوردستان دەکات کۆببنەوە و بەشێک لەبەربەستەکان چارەسەر بکەن، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار کۆبوونەوەکە دواخرا. گەرچی ڕۆژی شەممە 01-03-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا، بانگهێشتی کۆمپانیا بیانییە جیهانییەکانی سەر بە (ئەپیکور)ی کردووە کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش کە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە 04-03-2025 لە بەغدا ئامادەبن. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە،کۆبوونەوەکە بە مەبەستی گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێک کە خزمەت بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بکات بە باشترین شێواز و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.