سۆران عومەر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکی تایبەت بەخۆی کێشەکانی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی بە گوێرەی مانگەکان بەم جۆرە بڵاوکردەوە: موچەی مانگی تەمووز لە لیستی موچەی مانگی تەمووز ٦٨ ملیارو ١٦ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٣ ملیارو ١٥٠ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ٥٧ ملیارو ٧٤٦ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ٤٥٦ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە. موچەی مانگی حوزەیران لە لیستی موچەی مانگی حوزەیران ١٠٣ ملیارو ٨٨٧ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٢ ملیارو ٧٠٨ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ٨٨ ملیارو ٥١٩ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە بڕی ٢ ملیارو ٧٢٩ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە. وەزارەتی دارایی داوای موچەی بۆ ١٦٤ کەس کردووە کەوردبینی کراوە ناویان دوبارەیەو موچەکەیان ١١٨ ملیۆن دینارە. موچەی مانگی ئایار لە لیستی موچەی مانگی ئایار ١٥١ ملیارو ٥٥٧ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ١ ملیارو ٨٦٦ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ١٣٦ ملیارو ٩٨٧ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ١ ملیارو ٤١٣ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە. موچەی مانگی ئازار لە لیستی موچەی مانگی حوزەیران ٢٨ ملیارو ٨٧١ ملیۆن دینار بڕدراوە بەم جۆرە : بڕی ٣ ملیارو ٣٥٢ ملیۆن دینار دوبارەی ژمارەی وەزیفی بونی هەیە. بڕی ١٨ ملیارو ٢٨٦ ملیۆن دینار ژمارەی وەزیفی بونی نیە لە لیستەکانی موچە. بڕی ٣٨٥ ملیۆن دینار ناوی دوبارە لە لیستی موچەدایە
هاوڵاتی هاوڵاتییەکە خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆکە و لە شاری ئیستەمبووڵی وڵاتی تورکیا بە ١٢ کەسەوە بە چەقۆ لە دڵیان داوە و کوژرا. بەپێی زانیارییەکان شەڕەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،١ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە شاری ئیستەمبووڵ هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری دهۆک کوژرا بە ناوی حەکیم لوقمان، لە ڕووداوەکەشدا دوو کەسی دیکە بریندارن. تائێستا هۆکاری شەڕەکە دیار نییە، بەڵام بە ١٢ کەسەوە هێرشکراوەتە سەر هاوڵاتی حەکیم لوقمان و بە چەقۆیەک لە دڵیان داوە و مردووە، هەر لە کاتی شەڕەکەدا حەکیم لوقمان، ئامۆزایەک و برازایەکی لەگەڵدا بوو ئەوانیش بریندار کراون، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون و تۆمەتبارانی ڕووداوەکەش هەڵهاتوون. حەکیم لوقمان پێشانگەی ئۆتۆمبێلی هەیە و لە دووبەیەوە گەڕاوەتەوە ئیستەنبووڵ و لەوێ تووشی ئەو شەڕە بووە و کوژراوە، هەروەها کەسوکاری حەکیم لوقمان بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون، حەکیم لوقمان، خەڵکی شارەدێی کەلەکچی سنووری پارێزگای دهۆکە و تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە و خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە. سەرچاوە، ڕووداو
کاوە شێخ عەبدوڵڵا ئێوارەی 30ی ئاب، جەوهەر نامیق لەسەر مێزی نانخواردن لە ماڵی خۆیان وەڵامی پرسیاری هەندێک لە میوانەکانی دەداتەوە کە سەبارەت بە دوایین هەواڵەکانی شەڕ و ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی لێی دەپرسن. یەکێک دەڵێ: کاک جەوهەر هەست بە جموجوڵێکی سەربازیی پارتی دەکرێ لە دەوروبەری شەقڵاوە و سەڵاحەدین، دەوترێ پارتی دەیەوێ ئەمجارە هەولێر ئازاد بکات. جەهەر نامیق کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، بە پێکەنینەوە دەڵێ: لە شەڕدا جوڵاندنی هێز شتێکی ئاساییە، بەڵام ئاگام لە هەواڵی دیکە نییە. جارێ باوەڕ ناکەم بۆ هەولێر بێ، مەسەلەی ئازادکردنی هەولێر شتێکی ئاڵۆز و موعەقەدە. رۆژی 31ی ئاب، بەیانییەکەی زوو جەوهەر نامیق بەبێ ئەوەی بزانێ چی ڕوویداوە بە پەلە خۆی دەگەیەنێتە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی و بە خەڵکە خرۆشاو و شادمانەکەی ناو بارەگاکە دەڵێ: هەولێر زۆری نەماوە بە تەواوی ئازاد بکرێ! بەڵام پاش چەند سەعاتێک کە بۆی ڕوون دەبێتەوە ئازادکردنی هەولێر بە یاریدە و هاوکاری سوپای سەدام حسێن بووە، خێرا وەکو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دەنووسێ و ئیدانەی داگیرکردن و کاولکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان دەکات لەلایەن حەرەس جمهووری سەدامەوە. جەوهەر نامیق دەقی بەیاننامەکەی دەنێرێ بۆ ڕۆژنامەکانی پارتی، بەڵام بۆی بڵاو ناکەنەوە. لەوانە (ڕۆژنامەی برایەتی) کە ناوی خۆی وەکو خاوەن ئیمتیاز بەسەر ڕۆژنامەکەوە بووە! رۆژی دواتر جەوهەر نامیق بۆ دۆست و هاوڕێکانی ڕووندەکاتەوە، ئەو بۆیە دژی داگیرکردنی بینای پەرلەمانی کوردستان بووە، چونکە یەکەم سەرۆکی یەکەم پەرلەمانی کوردە؛ سوێندی خواردووە کە دژی شکاندن و بەزاندنی حەرەمی پەرلەمان بێت لەلایەن هێزی چەکدارەوە. جا ئەو هێزەش حەرەس جمهووری بەعس بێ! حەرەس جمهووری ژووری سکرتێری پەرلەمانیان کردووە بە تەوالێت، هەموو بەڵگەنامە و کەرەستەکانی سەرۆکی پەرلەمانیان بردووە بۆ بەغدا، ئیتر چۆن دژی ناوەستمەوە. من ئامادەم لەم پێناوەدا باجی گەورە بدەم، بەڵام ئامادەنیم ئەم داگیرکارییە قبوڵ بکەم. چوار ڕۆژ دوای 31ی ئاب، جەوهەر نامیق وەک سەرۆکی پەرلەمان، ئەم ناڕەزاییەی خۆی کردە عەمەل و یەکەم کۆبوونەوەی پاش ئەو ڕووداوانەی بردە (مزگەوتی گەورەی شەقڵاوە) و نەیبردە بینای داگیرکراوی پەرلەمانی کوردسانەوە لە هەولێر. لەو کۆبوونەوەیەی مزگەوتی گەورەی شەقڵاوەدا، فرەنسۆ حەریری وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هەستا و بەنیگەرانییەوە وتی: پێم سەیرە لەم شوێنەدا پەرلەمان کۆبووەتەوە، ئەی ئەوە نییە بینای پەرلەمانی کوردستان ئازادکراوە؟ ئەم هەڵوێست و کردەوانەی جەوهەر نامیق کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و کەسێکی نزیک و تێکەڵاوی بنەماڵەی بارزانی بوو، شتێکی زۆر ئازایانە و مەبدەئیانە بووە بۆ ئەو کات و ساتە هەستیارە. ئەوێک کە حزبەکەی گەیشتووەتە لوتکەی سەرکەوتن و نەیارەکەی خۆی لە هەموو کوردستان دەرپەڕاندووە، بەڵام نەکەوتە ژێر کاریگەری دڵخۆشییەکان و لەناو گەرمەی هەیەجان و دڵخۆشییەکانی سەرکەوتندا، دەنگی ناڕەزایی لە پاڵنەرە سەرەکییەکەی ئەو سەرکەوتنە دەربڕی کە هێنانی سوپای سەدام حسێن بوو بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی لە هەولێر! جەوهەر نامیق وەک پێشبینیکردبوو، لە ساڵانی داهاتوودا باجی گەورەی دا، بەڵام هەڵوێستەکەی و ناڕازیبوونەکەی لە هێنانەوەی سوپای سەدام حسێن بۆ هەولێر و کوردستان، وەک هەڵوێستێکی ئازایانە و جوامێرانە بۆ هەمیشە لکاند بە ناوەکەی خۆیەوە. خۆزگە سەرکردایەتی هەموو حزبەکان، نموونەی وەک نەوشیروان مستەفا و جەوهەر نامیقی زۆرتر تێدا بوایە، تا سەرکردەکان نەیانتوانیایە بە ئارەزووی خۆیان هەموو بڕیارێکیان دەربکردایە و بەبێ لێپرسینەوە و ڕاگرتنیان بچن بۆ بڕیارێکی تر و سەپاندنی خواستێکی تر بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەنجامە ترسناکەکانی بڕیارەکانیان. لە ڕۆژی 31ی ئابی هەموو ساڵێکدا، پێویستە ئەم هەڵوێست و کارەی جەوهەر نامیق وەک سەرۆکێکی ئازا و سەرڕاستی پەرلەمانی کوردستان یاد بکرێتەوە و ڕێزی لێ بگیرێت. تێبینی: زانیارییەکانی ئەم نووسینە، لە کتێبی بیرەوەرییەکانی فەرهاد عەونی بەناوی " ڕۆژگارم ئاوا تێپەڕی" وەرگیراوە. فەرهاد عەونی لە ڕۆژانی 31ی ئابدا سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی بووە و دواتر بوو بە نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشە دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: لە ١٥ چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژانی ٢٧ تا ٣١ـی ئاب لە لە گۆڕەپانی بەکتۆریا لە هەرێمی هەفتانین، لە گۆڕەپانی گۆلکا لە هەرێمی مەتینا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، لە ئەنجامدا داگیرکەرێک بریندار کرا و گورز لە حەفارەیەک وەشێندرا. هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٧ تا ٣٠ـی ئاب تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم سێ جار و گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون. ئەوەشی خستەڕوو، لە نێوان ٢٧ تا ٣١ـی ئاب گۆڕەپانی شاخی شەهید جیهانی هەرێمی قەندیل، گۆڕەپانەکانی شاخی قەلە، کەندەکۆڵا، شەهید شەریف، سنین، لۆلان و بەربزن لە هەرێمی خواکورک، گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شێلازێ، سەرێ مەتینا و بێشیلی لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، گۆڕەپانەکانی مێرانێ، مام نێجیر، هەفتەباخ، شاخی کون، دەشتی کافیا، یەکماڵ، سێدارێ، دێریک، دێرەشێ، شاخی عەگید، کانی سارکی هەرێمی گارە؛ بە گشتی ٤٩ جار بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان کراون. هەروەها ٢٨، ٢٩، ٣٠ و ٣١ـی ئاب گۆڕەپانی بەرخودانی سەرێ مەتینای هەڕێمی مەتینا و گۆڕەپانەکانی لۆلان، شاخی شەکیف، شەهید شەریف و سنینی هەرێمی خواکورک بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراون.15:54
هاوڵاتی لەم دواییانەدا، دیاردەیەکی سەیر و سەمەرەی پەیوەست بە زیادبوونی پارەی گومان لێکراو لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، چونکە چەند بانکێک، وەک بانکی ڕافیدەین، بانکی ئەلڕەشید، بانکی بازرگانی. کە پارە بە ملیۆنان دەچێتە دەرەوە و بە سەدان ملیۆن دێتە ناو حسابەکانی بەغدا و بەسرە و هەرێمی کوردستان و هەولێر. وەزارەتی ناوخۆ دەرکەوتە نائاساییەکانی سەروەت و سامانی زۆری لە بەغدای نوێ و ئەلمەنسور و ناوچەکانی دیکەی بەدیکرد. وەزارەتی ناوخۆ بە هاوکاری لەگەڵ بانکەکان چاودێری ناوی هەندێک کەسی کرد کە هەژماری بانکییان بە شێوەیەکی نالۆژیکی گەشەی کردووە و لە بەدواداچوونەکانیشدا دەرکەوت کە سامانی ٦٦ کەسی تەنها لە بەغداوە بۆ زیاتر لە یەک ملیار دینار ئاوساوە، لەنێویاندا فەرمانبەرانی حکومەت کە مووچەی مانگانەیان لە ملیۆنێک دینار و نیو تێنەپەڕیوە. وەزیری بازرگانی و وەبەرھێنان دووپاتی کردەوە کە بازرگانیکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان مەترسی دارایی بە دواوەیە. هاوکات ڕیگەیاند، ئەو سیستەمەی لەم کۆمپانیایەدا بەکاردەھێنرێت بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی سەرچاوەی داهاتی وەبەرھێنەران .
هاوڵاتی هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە جیهاندا بە ڕێگەیەکی ئاسان دەزانن بۆ بەدەستهێنانی زەردەخەنەیەکی درەوشاوە، بەڵام پسپۆڕانی پزیشکی ددان هۆشداری دەدەن لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی مەعجونی سپیکردنەوەی ددان. دکتۆر هیس فرایزەر پزیشکی نەشتەرگەری ددانی ئوسترالی لە کلینیکی ڕیفکیندێنتاڵ لە نیویۆرک هۆشداریدا، مەعجونی سپیکردنەوەی ددان "ددانەکانت سپی ناکاتەوە، بەڵکو لاوازیان دەکات.” ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێکهاتە بڕینەکانی دەبێتە هۆی لاوازبوونی ددان و زەردتر و هەستیارتری دەکات". کۆمەڵەی پزیشکی ددانی ئەمریکی (ADA)، پێشنیاری ئەوە دەکات کە پێش ئەوەی هەر بەرهەمێکی سپیکردنەوەی ددان تاقی بکەیتەوە لەگەڵ پزیشکی ددان قسە بکەیت، چونکە دەبێتە هۆی هەستیاری بۆ ددان و دەرئەنجامەکانی زیانبەخش دەبن
هاوڵاتی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش لە سلێمانی و ئەنبار ڕاگەیاند. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، هێزەکانی دژە تیرۆر چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازیان لە پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدا، چەکدارێکی داعش لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکرا، کە بەڕێوبەری بەرهەمە نەوتییەکانـی چەکدارانی داعش بوو. بە هاوکاری و هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چەکدارێکی داعش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراوە. دژە تیرۆری عێراق لە هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا پێنج حەشارگەی چەکدارانی داعش لە چیای حەمرین دۆزیوەتەوە و تەقێنراونەتەوە. دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دژی چەکدارەکانی داعش لە پارێزگای ئەنبار، حەوت سەربازی ئەمریکا برینداربوون و 15 چەکداری داعش کوژران.
هاووڵاتی ئەمڕۆ 30ی ئابی 2024 لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 618 حاڵەتی بێسەروشوێنبوونیان لە عێراق تۆمارکردووە. کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور،لە یادی ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنەکاندا ڕایگەیاند، “لە عێراق، خەڵکێکی زۆر لە خولە جیاوازەکانی ململانێکاندا دیارنەماون و بێشومار کەسانیش بێسەروشوێنن”. لە کەسانی ونبوو لە ماوەی مانگی یەک تا حوزەیرانی 2024. ڕێکخراوەکە داوای لە هەموو دەسەڵاتداران کردووە میکانیزم و سەرچاوەکان بۆ ئەم ئەرکە بەهێزتر بکەن، ڕێزگرتن لە مردووەکان مسۆگەر بکەن و ئەو زانیاری و پاڵپشتییە پێشکەش بە خێزانەکان بکەن کە پێویستیانە بۆ چارەسەرکردنی نادڵنیاییەکانیان. بەپێی ئاماری لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، لەمساڵدا چارەنووس و شوێنی 208 کەسی بێسەروشوێن دیاری کراوە. و لە ساڵی ڕابردوو، ئەو لیژنەیە زیاتر لە هەزار و 500 حاڵەتی دیارنەمانی تۆمارکرد و چارەنووسی 361 حاڵەتی دیارنەمانییان دۆزییەوە.
هاووڵاتی ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی دووكەسی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن لە ژنان ڕاگەیاند بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە بەناوی سەنتەری جوانکارییەوە هەڕەشەیان خستبووە سەر ژیانی چەند ژنێك و ڤیدیۆ و وێنەیان تۆماركردوون. ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: دوو کەسیان دەستگیرکردووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەژمارێکی ساختەیان داناوە بەناوی "سەنتەری جوانکاری سام"، لەڕێگەی ئەو هەژمارەوە وێنە و ڤیدیۆی چەند ژنێكیان لای خۆیان تۆمارکردووە، دواتر هەڕەشەی ئەوەیان لە ژنەكان کردووە، ئەگەر پارە نەدەن ڤیدیۆکانیان بڵاودەکەنەوە. ئاسایشی هەولێر دەڵێت: دوای لێکۆڵینەوەی ورد، ناسنامەی دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (أ ، ج ، م) و( هـ ، أ ، م) ئاشکرا بوون و بەهەماهەنگی لەگەڵ (بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران) دەستگیر کران.
هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سزای ئەو کاندید و لایەنانە دەدات پێش وادەی دیاریكراو دەستیان بە بانگەشە كردووە. ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و ڕۆژی 16-9-2024 وادەی دەستپێكردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنە و ژمارەیەك کاندید و حیزب لەئێستاوە دەستیان بە بانگەشە كردووە. كۆمسیۆن لیژنەیەكی باڵای بۆ چاودێریكردن كاندید و هاوپەیمانی و حیزبەكان هەیە بە ناوی تۆماركردنی سەرپێچییەكان، هەر كەس و لایەنێك پێش وادەی دیاریكراو دەست بە بانگەشە بكات، تۆمار دەكرێت و بەپێی ڕێنماییەكان سزای دارایی دەدرێت. جگە لەوە لیژنەیەكی دیكە هەیە بۆ وەرگرتن و تۆماركردنی سكاڵاكان، هەر كەسێك كە سەرپێچییەكی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشە دەبینێت دەتوانێت سكاڵاكەی بگەیەنێتە ئەو لیژنەیە.
هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە تێپەرینی ٢٨ساڵ بەسەر خیانەتی ٣١ی ئابدا ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردوە ڕایدەگەیەنێت :پارتی دەستکاری مێژوو و زەوتکردنی سەروەرییەکانی خەباتی هەمەلایەنەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەکات . لە بەیاننامەکەدا هاتووە : بیست و هەشت ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕ دەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگێشتی رەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەبەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە : دەرەنجامی ئەو خیانەتە هەر زیان گەیاندن بە خەباتگێڕانی کوردستان نەبوو،بەڵکو برینێکی قووڵی لە جەستەی میللەتی جینۆساید دیدە و قوربانیدەری کورد دروستکرد، ناوبانگ و ناوەرۆکی ڕەوا و ئازادیخوازانەی کوردایەتی لە دونیا لەکەدار کرد. لە بەیاننامەکەدا دەڵێت : لە نزیکەی سێ دەیەدا میللەتی بەسەبر و دانبەخۆداگرتووی کوردستان ،لەبەر ئەم ئایندە و ئەم رۆژە ناخۆشەی کوردستانی بە هەڵسەنگاندنی بە مێژوو سپاردووە و لە زۆر مافی خۆی خۆشبووە، بەڵام پارتی لە هەر دەرفەتێکی بچوکی ناکۆکی خۆماڵیدا خوێ بە برینی نەتەوە و نیشتماندا دەکا، پشتبەستوو بە بەڵانسی ناڕەوای هێز و هەژموونی بە دەستهاتوو لە کەینوبەینەکانی دوای 31ی ئاب گەرەکێتی مێزی خیانەت و ناپاکی بەسەر خەڵکی تردا قڵپ بکاتەوە. هەروەها بەیاننامەکەیدا هاتووە : لەم یادەوەرییە خەمناک و تاڵ و پڕ سوێیەی ٣١ی ئابدا ، کە سەرچاوەی ماکی ئەم هەموو ناجۆرییەیە، بە تایبەتی لە سایەی فەرهەنگێکی بێ مۆڕاڵی دواکەتوودا کە تا ئێستاش ئەم شەرمەزارییە سیاسییە بە دەسکەوتی گوایە نەتەوەیی و نیشتمانی دەناسێنێ و بێ شەرمانە داکۆکی لێ دەکات و خۆی پێوە بادەدات. بانگەوازی خەباتێکی بەرپرسانە و دیموکراتیانە دەکەین .
هاوڵاتی دوێنێ پێنجشەممە، 29ی ئابی 2024، هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، گروپێکی تیرۆرستی مەترسیداریان دەستگیرکردووە، کە بەنیازبوون بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە بکەنە ئامانج. هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەشیان خستەڕوو، هێزەکانمان لە ئاسایشی گشتی و هێزە تایبەتەکان (HAT) دوو ئۆپەراسیۆنی وردی ئەمنییان لە ناوچەکانی (حەسەکە و جەل ئاغا) ئەنجامدا، کە گروپە تیرۆرستییە مەترسیدارەکانی کردە ئامانج کە پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەر بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە. باسلەوەشدەکەن، ئۆپەراسیۆنەکە دوای نیوەشەوی ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە، لەو کاتەدا ناسنامەی سەرۆکی گروپەکە لە گوندی ئەلمیزاری سەر بە حەسەکە دەستنیشانکراوە. ئەپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە لە دژی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە نەهێشتنی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەیە کە شانەکانی داعش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و بازرگانانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دروستی دەکەن.
چی لە ماڵی فوئاد حسێن ڕوویدا؟ مەترسییە گەورەکەی مانگی ١١ و ١٢ چییە؟ قەیرانی مووچە، ئەو قەیرانەی کە زوو زوو سەرهەڵدەداتەوە، دواجار دۆخێکی مەترسیدارتری لە خۆگرتووە کە هەڕەشە لە مووچەی دوو مانگی هەرێم دەکات. وەزیری دارایی عێراق لە ڕێگەی وهفدى وەزارەتهكهیهوه ڕازیی بووە بە خەرجکردنی موچەی مانگی حەوتی موچەخۆران، بهڵام بۆخۆى دواى ئهوهى چووهته ماڵى (د.فوئاد حوسێن)ی وهزیرى دهرهوهى عێراق، پاش كهمێك مانهوه، كۆبوونهوهكهى بهجێهێشتوه. کۆبوونەوە باڵاكهى وهفدى هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا لە ماڵی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق ڕاپۆرتی خۆیان خستەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایە وهفدهكهى دارایی عێراق ڕەزامەندییان نیشانداوە بە خەرجکردنی موچەی مانگی حەوت، کە بەمزووانە ڕێکارەکان تەواو بکرێن. تەیف سامی لە ژێر فشارێکی گەورەدایە بۆیە ڕازی بووە بە ناردنی مووچە، گەرنا خۆی باوەڕی وایە تا هەرێم پابەند نەکرێت و کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر نەکرێت پارە نەنێرێت، پێیوایە پێویست ناکات لەگەڵ شاندی هەرێم دانیشێت و کەی هەرێم پابەندی چارەسەری کێشەکان بوو ئەوکات لەگەڵیاندا کۆدەبێتەوە. بەڵام دۆسیەیەکی نوێ سەری هەڵداوە ئەویش دۆسییەی قەرزەکانی هەرێمە، كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کێشەی زۆر لە نێوان هەرێم و بەغدا کەڵەکە بووە، ئێستا بەغدا بە هۆی قەرزەوە پارە نانێرێت، کە ئێستا حکومەتی هەرێم پابەند نابێت، ناکرێت مووچەی خەڵکی هەرێم بە بارمتە بگرێت، ئەمەی حکومەتی عێراقیش دروست نییە و زۆربەی هۆکاری کێشەکان نەهاتنە پێشەوەی حکومەتی هەرێمە، من ترسم هەیە ئەمە ببێتە قەیرانی مووچە و بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر. کاروان یاروەیس لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دەڵێت: گومان دەکەم حکومەتی عێراق بە هۆی قەرزەکانی هەرێمەوە مووچەی مانگی ١١ و ١٢ی فەرمانبەران ببڕێت و نەینێرێت. هەرچۆنێک بێت بەغدا پارەی دیکەی بۆ هەرێم نارد و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم بەم شێوەیەی ئێستا ڕازی نەبن ئەو تێبینییانەی بەغدا چارەسەر بکەن و دۆسیەی تەوتین حل بکەن، ئەوا قەیرانی گەورە بۆ مووچە خۆران بەڕێوەیە.
هاوڵاتی دوای شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە عێراق لەلایەن تورکیاوە ناڕەزایەتییەکان لە ئەوروپا سەریهەڵدا و داوای کۆتایهێنان بەتوندوتیژی دژی ژنان دەکەن. ئەمڕۆی ٢٠٢٤/٨/٢٩، لە ناوچە جیاجیاکانی ئەوروپا خۆپیشاندانی لەلایەن ئەوروپێکان سەریهەڵدا، دوای ئەوەی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە سەیدسادق بە بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا شەهیدکران. ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئەوروپا لەسەر شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆ سەر شاری سەیدسادق لە کوردستانی عێراق سەریهەڵدا. خۆپیشاندەران لە شارەکانی شتوتگارت و میونشن و برێمن هێرشەکەیان شەرمەزار کرد و داوای هاوپشتی جیهانییان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها داوای دەستوەردانی نێودەوڵەتییان کرد بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان.