هاوڵاتی فەلەکناسەکان بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێب توانیان چاودێری شەش تەنی گەردوونی بکەن کە بەدەوری ئەستێرەکاندا ناسوڕێنەوە. تەلەسکۆپی وێب چاوێکی خستە سەر سحرێکی دروستکەری ئەستێرە، ناوی NGC 1333، کە دەکەوێتە دووری 960 ساڵی ڕووناکی لەناو هەورێکی گەورەتری گازی و تۆزدا کە پێی دەوترێت هەوری گەردیلەیی پەرسیۆس، ئەمەش گێژاو لەناو سحولەکەدا دروست دەکات کە دەبێتە هۆی لەدایکبوونی ئەستێرەکان . لە داهاتوودا، تیمەکە وێب بەکاردەهێنن بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو تەنانە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ڕەنگە سیستەمی هەسارە بچووکەکانی خۆیان پێکبهێنن. بڕیارە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٧دا بخرێتە ڕوو، تەلەسکۆپی بۆشایی ئاسمانی ڕۆمانی نانسی گرەیس لە ناسا دەتوانێت سەدان هەسارەی نەدۆزراوە بدۆزێتەوە و یارمەتی فەلەکناسان بدات نهێنییەکانی ئەو جیهانە کۆچەرییانە ئاشکرا بکەن.
هاوڵاتی ڕۆژی 23ـی ئەم مانگە لە سەر رێگەى سەیدسادق- هەڵەبجە، بە درۆن ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە دوو ژنە رۆژنامەنووس گیانیانلەدەستدا و کەسێکی دیکە برینداربوو، هەواڵگری تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەکە ڕاگەیاند. دەزگای هەواڵگریی تورکیا 'میت" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:"لە هێرشێکی درۆنیدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 'گوڵستان تەکیک"یان کوشتووە". میت دەڵێت "هەنگاو بە هەنگاو بەدوای گوڵستان تەکیکەوە بوون تاوەکو ئەو کاتەی لە ساتێکی گونجاودا بەئامانجیان گرتووە". بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی میت " گوڵستان تەکیک یەکێک بووە لە متمانەپێکراوهكانی بهرپرسانی باڵای پهكهكه". وەک میت ئاماژەی پێکردووە " تەکیک بانگەشەی بۆ پەکەکە و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە کردووە، هاوکات کاری بۆ زیادکردنی بەشدارییەکان بۆ نێو پەکەکە کردووە". هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە"تەکیک لە ساڵی ١٩٩٨وە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کردووە". ئەوەی جێگەی سەرنجە لە راگەیەندراوەکەی میتدا، "ئاماژە بە هێرۆ بەهادین نەکراوە کە لهههمان ئۆتۆمبێلدا بووه و بههۆی هێرشهكهوه گیانیلهدهستدابوو".
هاوڵاتی فادل ئەلغەراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداریدا لەوەی ملیارێک دۆلار عێراق بەجێدەهێڵێت بەهۆی یارییەکەی (PUBG) و یارییە شەڕکەرەکانی دیکە، لەڕێگەی کڕینی کارتی بارگاویکردنەوە و پاڵپشتی و ئەکاونتەکانەوە. بەهای قازانجی کۆمپانیای “PUBG” لە عێراق لە ساڵی 2023 بۆ 2024 گەیشتە 60 ملیۆن دۆلار، كە بەرزترین هەژماری فرۆشراویش بڕی 25 هەزار دۆلار بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین کێشەکانی ئاڵوودەبوون بە یاری “PUBG” لە عێراقدا کێشەی خێزانییە چونکە زۆرێک لە هاوسەرەکان و منداڵەکانیان لەناو فەزای یارییەکەدا دەژین، دوور لە خێزان. ئەلغەراوی داواشی لە حکومەتی عێراق کرد ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بۆ قەدەغەکردنی یارییەکانی PUBG و یارییە شەڕکەرەکانی تر بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی یارییە شەڕانگێزەکان.
هاوڵاتی دەزگای سینەما و شانۆی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ ڕاگەیاند، فیلمی "مێسی بەغدا" لە دەرهێنانی سوهەیم عومەر خەلیفە، بەشداری فەرمی عێراق دەبێت بۆ خەڵاتی ئۆسکاری 2025. فیلمەکە باسی ساڵی 2009 لە بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، و لە ژیانی حەموودی دەکات، کە کوڕێکی تەمەن 10 ساڵە و یاریزانی تۆپی پێیە و خەونی ئەوە دەبینێت ببێتە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ وەک ئەستێرە دڵخوازەکەی کە لیۆنێل مێسییە. بەڵام شتەکان کاتێک دەگۆڕدرێن کە کوڕە گەنجەکە لە تەقەی یەکتربڕینی پێکدادانێکی چەکداریدا گیر دەبێت و لە ئەنجامدا قاچی لەدەست دەدات. ئەو دەرهێنەرە کوردە کە ئێستادا لە وڵاتی بەلجیکا نیشتەجێیە، وتی: “ئەم چیرۆکە زۆر لە دڵمەوە نزیکە کاتێک لە کوردستان بووم تۆپی پێ بۆ من زۆر گرنگ بوو. فیلمی “بەغداد مێسی” ڕکابەری سەدان فیلمی دیکەی جیهان دەکات، لەنێویاندا تەنها پێنج فیلم کە لە 97ەمین خەڵاتی ئۆسکاردا وەک پاڵێوراوانی کۆتایی بۆ بەشی باشترین فیلمی درێژی نێودەوڵەتی هەڵدەبژێردرێن. دوو لە کورتە فیلمەکانی خەلیفە پێشتر گەیشتبوونە لیستی کۆتایی 10 فیلم بۆ بەشی کورتە فیلمی لایڤ ئەکشن لە پێشبڕکێی ئۆسکار، کە ئەو تاکە دەرهێنەرە لەعێراق توانیوێتی بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنەکان.11:54
هاوڵاتی یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی مانگی تەمموز لەلایەن عێراقەوە دەڵێت، "ئەوەی بەغدا بەرامبەر هەرێم دەیکات سیاسییە". ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواکەوتنی مووچە. ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ 2024/8/27 وەزارەتی دارایی عێراق برى (549) مليار و (572) مليون ديناری خستە سەر هەژماری وەزارەتى دارايى وئابوورى کە تايبەته به مووچه ى مانگى ئاب، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەرێیی پارەی تەواوی موچەخۆران بوو بۆ مانگی تەمموز. ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی موچەی مانگی ئابی ڕەوانەی بەغداد نەکردووە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی ئابی نارد، کاتێک پرسیاریان لێکرا وتیان ئێمە لەسەر لیستی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 مان بۆ ناردوون، ئەمە باشترین بەڵگەیە کە بەغدا ئەمەی بەرامبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسی و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێری و یاسایی نییە. ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی 7 کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی مووچەی مانگی 7 مووچەی مانگی 8 نارد؟ بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت. ناوبراو ئاشکرای کرد، سبەی 8/28 شاندێکی هونەری و دارایی لە هەردوو بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بودجە و چاودێری دارایی هەرێم بۆ بابەتی مووچەی مانگی 7 دەچنە بەغدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق .
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆك بڵاویکردەوە، كە لە سبەینێوە كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لە چەند شەقامێكی شارەكە دەخرێنەكار. ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ چوار شەممە 28ی ئابی 2024، كامێرا جێگیرەكانی تۆماركردنی خێرایی لە چەند شەقامێك دەكەونەكار. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە كامێرەكان لەم شوێنانە دانراون: – ڕێگای گەڤەركێ 60كیلۆمەتر/ كاتژمێر. – شەقامی چاكسازی زركا 60 كیلۆمەتر/ كاتژمێر. – شەقامی ئەڤریك 60 كیلۆمەتر/ كاتژمێر. – شەقامی چەڕە 60 كیلۆمەتر/ كاتژمێر. – ڕێگای سەرەكی هەولێر- دهۆك لە ئۆڤەرپاسی سێگردكا 40 كیلۆمەتر- كاتژمێر. – ئۆڤەرپاسی باعەدرێ بۆ ترافیك لایتی چوارڕێیانی شێخان (بۆ ئۆتۆمبێلی بچووك 100 كیلۆمەتر/ كاتژمێر) بۆ (ئۆتۆمبێلی گەورە 80 كیلۆمەتر/ كاتژمێر). لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 23ی ئەم مانگە هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە، 33 كامێرای نوێی تۆماری سەرپێچییەكان و تیژڕۆیی هاتووچۆ لە چەند شەقامێكی سەرەكیی هەولێر دانراون و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.
هاوڵاتی کۆمپانیای ئەپڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەی خستنەبازاڕی ئایفۆن ١٦ و تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکەی بڵاوکردەوە. کۆمپانیای ئەپڵ وادەی خستنەبازاڕی ئایفۆن ١٦ی لە ڕۆژی ٩ی ئەیلوول ڕاگەیاند لە مەراسیمێکدا بە ناوی “It’s Glowtime” بە شێوەی ئۆنلاین و ڕووبەڕوو. پێشبینی دەکرێت تایبەتمەندی مۆبایلە نوێیەکەی ئەپڵ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد- AI بێت تێیدا، کە تایبەتمەندی سیری هەیە و لە ڕێگەیەوە دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە سەبارەت بە خشتەی کارەکەت و چی لە ئیمەیڵەکەتدا هەیە و کەی گەشتی کەسە ئازیزەکەت دەنیشێتەوە. پێشتر ئایفۆن ١٥ پرۆ ماکس لە هەندێک تایبەتمەندی زیرەکی دەستکرد سوودمەند دەبوون، بەڵام مۆبایلە نوێیەکەی ئەپڵ بەتەواوی پشت بە زیرەکی دەستکرد دەبەستێت، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت بەراورد بە مۆبایلەکانی پێشتر نرخەکەی گران تر بێت.
هاوڵاتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوێکدا، زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانمان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بڵاودەکاتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان کە لەلایەن یەکەی شەهید ئاچین موشەوە ئەنجام دەدرێن؛ ١- ڕۆژی 26ی ئاب، کاتژمێر 12:47، یەکەی شەهید ئاچین موش ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان ئەنجامدا دژی داگیرکەرانی ئامادەبوو لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی، لە ناوچەی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ئۆتۆمبێلی سەربازی تۆیۆتا و برینداربوونی سەربازێکی سوپای داگیرکەری تورکیا. ٢- لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ٢٤ی ئاب کاتژمێر ٠٦:٥٠ چەکدارانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد دەستوەردانیان لە جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیادا کرد، کە هەوڵی دەدا بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی بەرەو تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی بەرەو تونێلەکانی شەڕ چون و کاتژمێر ٩:١٥خولەکە گەریلاکان دەستیان بەسەر تەقەمەنی سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیادا گرت. - لە ٢٥ی ئاب کاتژمێر ٠٥:٤٥ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی تاکەکەسی ڕێپێوانێکی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی خستە خوارەوە. -لە 24ی ئاب، کاتژمێر 1:10 خولەکی پاشنیوەڕۆ، هێزەکانمان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی کردە ئامانج، و گورزێکی توندیان لە مۆڵگەکانی داگیرکەر وەشاندوە . - ڕۆژی 24ی ئاب کاتژمێر 16:20 چەکدارانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدی ئۆپەراسیۆنێکی قەناس بەدەستیان دژی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەنجامدا و لە ئەنجامدا سەربازێکی تورک بریندار بوو. - ڕۆژی ٢٦ کاتژمێر ١٢:٢٠ هێزەکانمان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامیدیە کردە ئامانج. - لە ٢٦ی ئاب کاتژمێر ١٥:٢٠ هێزەکانمان بە چەکی قورس سەربازانی دوژمنیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لەسەر گردی ئامێدی کردە ئامانج، هەروەها هێرشەکانیان ئاراستەی شوێنێکی سەر بە داگیرکاری تورکیا کرد. ڕۆژی 26ی ئاب کاتژمێر 1:15 خولەکی پاشنیوەڕۆ، هێزەکانمان بە چەکی تاکەکەسی ڕێپێوانێکی پڕ لە تەقەمەنی لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهاریان خستە خوارەوە . 3. هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو؛ - لە ٢٤ و ٢٦ی ئاب سوپای داگیرکەری تورکیا ٦ جار بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی و فۆسفۆڕ تونێلەکانی شەڕ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم بۆردومان کرد. - لە ٢٤ی ئاب سوپای داگیرکەری تورکیا ٣ جار بە چەکی قەدەغەکراو کیمیاوی تونێلەکانی جەنگی لە گۆڕەپانی خۆڕاگری لە گردی جودی بۆردومان کرد. 4. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ - لە ڕۆژانی 24 و 25 و 26ی ئاب، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا جارێک گۆڕەپانی مەسکانی لە ناوچەی خواکوڕکی بۆردومان کرد، 4 جار گۆڕەپانی بەرخۆدانیان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل ڕۆژئاوای زاب، جارێک گۆڕەپانی سانین لە دەڤەری قەندیل، 3 جار دەشتی کافیایان بۆردومان کرد ، و گردی کون لە ناوچەی کاری، کە جارێک چوارگۆشەی بەرگری بووە لە سری متینا لە متینا، واتە بە گشتی 10 هێندە. - لە ٢٥ی ئابدا مەیدانەکانی بەرخۆدان لە چیای مەتینا، دارکێل و بیشیل لە ناوچەی متینا بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کران.
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی عێراق کۆتا هۆشداری خۆیدا ئایا جارێکی دیکە بەغدا مووچە بۆ هەرێم دەنێرێت؟ ئەمڕۆ ترسناکترین زەنگی مووچە لێدرا، کاتێک دەرکەوت بەهۆی بوونی كێشەوە لە لیستی مووچەی مانگی حەوتدا، بەغدا هێشتا مووچەی ئەو مانگەی نەناردووە و مووچەی مانگی هەشتی ڕەوانە كردووە. بەپێی زانیارییەكان، مانگی حەوت بەهۆی بوونی كێشە لە لیستەكەیدا تەنیا 34 ملیار بۆ هەرێم ماوەتەوە و بەغدا ئەو پارەیەی پیشتر بە زیادە ناردوویەتی بڕیویەتی، ئێستاش لیستەكە كێشەی تێدایە. ئەمەش ڕاستەوخۆ وادەردەکەوێت کە یەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی بفەوتێت، چونکە هەرێم دانبەوەدا نانێت ئەو پارەیەی بۆ هەرێم نێردراوە زیادە بووبێت. بەڵام ئەمە کێشە گەورەکە نییە، بەڵکو (محەمەد شیاع) سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت ئەم مانگە کۆتا مانگە بە لیستی مووچەی لەم شێوەیە ئامادەبم بەرپرسیارێتی ناردنی مووچە هەڵبگرم و ئەگەر لیستەکە بەم شێوەیە خراپ بێت ئامادە نیم مووچە بنێرم. لە کۆبوونەوەی دوێنێدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جگە لەوەی بڕیاری ناردنی مووچەیدا، بە بەرپرسانی کوردی وتووە، چیتر ئامادە نییە بە لیستی لەم شێوەیە مووچە بۆ هەرێم بنێرێت و دەبێت تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق چارەسەر بکرێت. هەر لەبەر هەبوونی کێشە لە لیستەکەدا (تەیف سامی) وەزیری دارایی ئامادە نەبوو ئیمزای ناردنی مووچەی هەرێم بکات و دوای دواکەوتنی دواجار دوێنێ سەرۆکوەزیران ئیمزای لەسەر ناردنی مووچە کرد و خۆی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرت. بەم شێوەیە قەیرانێکی قوڵی مووچە سەرهەڵدەداتەوە، هەرچەندە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەوەیە لە ژێر هیچ پاساوێکدا مووچە دوانەکەوێت، بەڵام دوور نییە ناردنی مووچە بە ئاسانی بەڕێوەبچێت، چونکە هەرێم جگە لە چارەسەری پرسی تۆماری بایۆمەتری تا ئێستا بە تەوتین ڕازی نییە، ئەمە جگە لەوەی جارێکی دیکە ڕێگای دادگاکان دەگیرێتەوەبەر و ئەمساڵیش مووچە خۆران لانیکەم مووچەیەکیان دەفەوتێت و تا ئێستاش دیار نییە ئەم قەیرانانە چۆن چارەسەر دەکرێن.
هاوڵاتی کۆمپانیایەکی جیهانی ئاشکرای دەکات ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا فرۆشی زیادیکردوە و لەئەمساڵدا پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێل بووە لە عێراقدا. ئەمڕۆ 27ی ئابی 2024 کۆمپانیای Focus2Move کە کۆمپانیای جیهانی زیرەکی و ڕاوێژکاری ئۆتۆمبێلە، لە ڕاپۆرتێک ئاشکرایکردووە، تۆیۆتا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا پێشەنگی فرۆشی بازاڕەکانی عێراق بووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 فرۆشی ئۆتۆمبێل لە عێراق بە ڕێژەی 26.4% زیادی کردووە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023. ئەو کۆمپانیایە باسی لەوەشکردوە،ساڵی 2024 فرۆشی ئۆتۆمبێل بەڕێژەی 26,7% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 107 هەزار و 990 ئۆتۆمبێل، ئەمەش گەورەترین قەبارەی ساڵانەیە لە هەشت ساڵی پێشوودا.
هاوڵاتی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 550 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ئەو پارەیەی عێراق ناردویەتی بۆ مووچەی مانگی ٨ە نەک مانگی ٧. د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بۆ مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەران دەنێرێت و بڕی ٥٥٠ ملیار دیناریش وەک مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی بۆ مانگی ئاب بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناردوە، مووچەی مانگی 7 خراوەتە بری ئەو پارە زیادانەی، كە لە مووچەی مانگەكانی پێشوو بۆ هەرێم نێردراوە. ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو پارەیەی ئەمڕۆ نێردرا بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ٨ی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی كوردستانە، نەک مانگی ٧. ئەوەشی خستوەتەڕوو، عێراق تەنیا بڕی ٣٥ ملیار و ٤٢٦ ملیۆن دینار بە شایستەی هەرێم دەزانێت بۆ دابینکردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم. ئەمە لە کاتێکدایە دوو مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە بەشێک لە فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەکانی سلێمانی دەوامیان کەمکردەوە و بەشێکیشیان بایکۆتیان دەستپێکرد. بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دەوامی بەڕێوەبەرایەتیمان ڕۆژانە لە یەک شەممە تاوەکو پێنچ شەممە، لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی بۆ کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەبێت. پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە پێویستە سەرجەم هاووڵاتییان پێش کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ سەردانمان بکەن تاوەکو فریای تەواوکردنی مامەڵەکانیان بکەون. کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکان لەکاتێکدایە هێشتا فەرمانبەران مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە و لە بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانیش بایکۆت دەستیپێکردووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٧ ئابی ٢٠٢٤، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هەواڵی دەستگیرکردنی 17 تۆمەتباری بڵاوکردەوە، کە یەکێکیان بە 250 کارتی ماستەرکاردەوە دەستگیرکراوە. میدیاکانی فەرماندەیی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەپێی ماددەی یاسایی جۆراوجۆر 17 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا تۆمەتبارێک کە 250 کارتی ماستەرکاردی پێبووە، لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکەش کە کاری جادووگەری کردووە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، دەستیانگرتووەبەسەر 3 دەمانچە و 11 تفەنگ و بڕێک ماددەی هۆشبەر و دەرمانی ماوە بەسەرچوو وەک دەرمانەکانی ئەلکەرخ و ئەلروسەفە.
هاوڵاتی هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" لە بەغدا بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە عێراق. نوور زوهێر، وەک یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی دۆسیەکە ناسێنراوە، بڕیاربوو ڕۆژی 14ی ئاب دادگایی بکرێت، بەڵام بەهۆی ئامادە نەبوونی لە دادگا، دادگای ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا پرۆسەی دادگاییکردنی نوور زوهێری بۆ 27ی ئاب دواخست. پێش هاتنی وادەی دادگاییکردنەکە، نوور زوهێر لە دیمانەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئامادەیی خۆی پیشاندا بوو كە ڕۆژی 27ی ئاب لە بەردەم دادگا ئامادە دەبێت. ئاماژەی بەوەشدابوو"زۆر شت ئاشكرا دەكەم ئەگەر بێت و دادگاییکردنەکە بەشێوەیەكی ئاشكرا بەڕێوە بچێت". ڕۆژی شەممە، 24ی ئەم مانگە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆی گوماناوییەوە لە بەیروتی پایتەخی لوبنان بە سەختی بریندار کراو دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا. بۆیە پێشبینی دەکرێت داوایەک لەلایەن پارێزەرەکەیەوە پێشکەش بە دادگا بکرێت بۆ دواخستنی دادگاییکردنەکە.
هاوڵاتی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دوو کاروانی چەک و تەقەمەنییان ڕەوانەی سووریا کرد. هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بە ناردنی دوو کاروانی چەک و تەقەمەنی، بوونی سەربازی خۆیان لە شاری حەسەکەی سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. ڕۆژی شەممە و یەکشەممە، هەردوو کاروانی چەک و تەقەمەنی لە عێراقەوە ڕەوانەکراوە و گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەی خێرابجیر لە نزیک ناحیەی ڕیمەلان لە باکووری پارێزگای حەسەکە. ڕەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ سووریا لە کاتێکدایە، مەترسی شەڕ و گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە لە پەرەسەندندایە. هاوکات جۆری کەرەستە سەربازی و لۆجستییەکان کە لە کاروانەکاندا هاتووە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە بەرز دەکاتەوە.