هاوڵاتی فەرماندەیەکی حوسییەکان بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی کەتائیبی حیزبوڵا لە پارێزگای بابل کوژراوە. سێشەممەی رابردوو لە میانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە جورفولسەخر، حوسێن عەبدوڵا مەستوور شبل فەرماندە لە حوسییەکانی یەمەن کوژراوە. سەرچاوەیەکی عێراقی ئاشکرای کردووە تەرمی ئەو فەرماندە حوسییە لە گۆڕستانێکی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پارێزگای نەجەف بە خاک سپێردراوە. بەوتەی سەرچاوە عێراقییەکە، حوسێن عەبدوڵا مەستوور لە رێگەی دەروازە زەمینییەکان لە خاکی ئێرانەوە هاتووەتە عێراق، بەڵام پاسپۆرتی فەرمی نەبووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو کۆبووەوە و لەئێستادا کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەیە. کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکردووە و سووننەکان شەڕی تێپەراندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن، کە ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا گیراون ئازاد بکرێن". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرامبەردا شیعەکانیش شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن کە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری  پێشوەخت و مەزهەب گەرایی تووندتر دەکاتەوە". وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی لێوەدەکات لەم نێوەندەدا کورد تونها دەبێت تەماشاكەر بێت و سووننە و شیعەکان هەریەکە و لە بەرژەوەندیی خۆی کاردەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی ڕابردوودا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەتیانکردەوە کە یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە داوایانکرد پێشنیازەکە ڕەتبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەمواری یاساکە بووەوە بە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە.  

هاولاتی دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە، ئەمڕۆ قایمقامی سلێمانی دەستگیردنی کەسێکی ڕاگەیاند بە تۆمەتی سووتاندنی چیاکە. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە، "کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی چیای گۆیژە دەستگیرکراوە". تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا پێنج جار ئاگر لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە و دەوروبەری کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 500 سەد دۆنم زەوی و هەزاران دار سووتاون.  

هاوڵاتی بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، هەروەها ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پاڵاوگە یاساییەکان کەموکوڕی پارێزگاری لە ژینگە چارەسەر بکەن".' زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن تا ئێستا 26 یان داخراون. پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد: 1. 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری هەولێر دادەخرێن. 2. ماوەی 10 ڕۆژ بۆ پاڵاوگە یاساییەکان دادەنرێت تاوەکو سەرجەم مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، هەر کەم و کوڕییەکی ژینگەیی هەبێت مەرجە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. 3. تەواوی کارگەکانی سنووری هەولێر، دەستبەجێ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن. 4. موەلیدەی گەڕەکەکان نابێت گازی خراپ بەکاربهێنن گازەکە سەرجەن گازەکەیان دەپشکێنرێت، نابێت دووکەڵ بکەن و یەک هەفتە لەبەردەمیانە موەلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ. 5. هەر ئۆتۆمیلێک دووکەڵی پیس بڵاوبکاتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت. 6. داوا لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان دەکەین مەرجە ژینگەییەکان لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکرێن. 7. لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، هەر بەرپرسێک لە کارەکەی کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت  و هەر بەرپرسێک لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت پاداشت دەکرێت.

هاوڵاتی لە ڕێگەی دوو بازگەوە ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 4ی ئابی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق دوو بازگەی داناوە و ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق". وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەین، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئەم بارودۆخە". بە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەو کارگانە تووشی زیانی دارایی دەبن و دوورنییە بەشێکیشیان دابخرێن.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی شیعەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەوڵێک هەیە یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959ی عێراق بگۆڕن و پرۆژە یاسایەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوە و لەئێستادا پرۆژە یاساکە ڕاگیراوە، چونکە بەپێی وتەی یاساناسان بێت جێبەجێکردنی هەمواری ئەو یاساییە مەترسیدارە. دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، " لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ی ساڵی 1959 هەموار بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی گفتوگۆکرا لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدار و بەشێک لە پەرلەمانتارانەوە نزیکەی 120  واژۆ کۆکرایەوە و ئەو بڕگەیە لە خشتەی کاری دانیشتنی ڕۆژی 23ی تەموزی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەران لابرا. ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە  لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا دووبارە ئەم بڕیارە بێتە پێشەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، دیارە ئەمەش یەکێکە لەو پرۆژە یاسایانەی کە بیروبۆچوونی جیاوازی لەسەرە، هەندێک کەس پێیان وایە کە ئەم یاسایە لەم قۆناغەدا پێویست ناکات هەموار بکرێتەوە، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژە یاسایە گیانی مەزهەبی لە عێراقدا تۆخ دەکاتەوە و پێویستە هاوڵاتییان ئازادبن لەوەی کە بە چ شێوەیەک و چ مەزهەبێک پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن". بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە بێت، تا ئێستا نازانرێت کە ئایا ئەو پرۆژە یاسایە دەخرێتەوە ناو بەرنامەی دانیشتنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانەوە یاخود نا، هەروەها نازانرێت کە پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت یان نا.  دارا سێکانیان جەختیشی لەوە کردەوە،  پێویستە بڕیارێک بدرێت کە هەماهەنگی دروست بکات لەنێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکاندا، چونکە عێراق فرە پێکهاتە و فرە نەتەوەییە. پەیوەست بە هەمان پرسەوە؛ پارێزەر ئەشواق نەجیب، بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: "پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی لە ئێستادا ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی لایەنەکان ڕازی نین، بەڵام ترسی ئەوە هەیە هەمواری ئەو یاسایە بە ڕای زۆرینە بڕوات". ئاماژەی بەوەشدا: "ئەم هەموارە زیاتر باسی ئەوە دەکات لەکاتی هاوسەرگیریدا هەردوولا سەرپشکن لەوەی کە ئەحکامی یاسایی یان ئەحکامی مەزهەبی پەیڕەو دەکەن، هەروەها ئەگەر ژن و پیاوەکە مەزهەبیان جیاوازبوو مەزهەبی پیاوەکە بەسەر ژنەکەدا دەسەپێندرێت". دواتر ناوبراو وتی "خاڵێکی دیکەی یاساکە ئەوەیە کە هەندێک مەزهەب پێیان وایە کچ لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە باڵغ دەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکات، ئەم خاڵانەی باسمانکرد هەمووی مەترسیدارن بۆسەر داهاتووی عێراق بە تایبەتی بۆ ژنان". ئەشواق نەجیب، لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە: "هەمواری ئەم یاساییە ترسی ئەوە دروستدەکات کە عێراق دەوڵەتێکی شێوە ئیسلامی وەربگرێت، چونکە حزبە ئیسلامییەکان دەیانەوێت بەرگ بۆ یاساکەدا بدوورن، هەروەها خاڵێکی دیکەش ئەوەیە لە دوای جیابوونەوەی هاوسەران منداڵ بدرێت بە باوک، ئەگەر پیاوێک مرد ژنەکەی هاوسەرگیری کردەوە ئەوا منداڵەکانی دەدرێتەوە بە ماڵی باوکی پیاوەکە". لای خۆشییەوە مافپەروەر سەرکار مەحمود، لەسەر ئەم بابەتە دوا و بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: " لەگەڵ کردنەوەی دەرگای پەرلەمان بۆ وەرزی دووەمی یاسادانانی ئەمساڵ، شیعەکان دوو پێشنیاری یاسایان کرد، دوو یاسا، کە کتومت هی شیعەکان خۆیان بوو، کە ئەوانیش بریتیبوون لە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسێتی  ساڵی ١٩٥٩، بەشێوەیەک کە ئەوەی پەیوەندیدارە بە شیعەوە لەو یاسایەدا جێبەجێکراوە، بۆ ئەمەش لەلایەن ١٠ پەرلەمانتاری پیاوی شیعەوە واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو پێشنیازە یاسایە بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هەروەها پێشنیازە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبیش  کە لە ٢٤ی تەموزدا خوێندنەوەی بۆ کرا". وەک سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، بەپێی ئەو پێشنیازەی کراوە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، گۆڕانکاری گەورە لە ئەحکامەکانی یاسای باری کەسێتیدا کراوە کە ئەوانیش بریتین لەوەی هەرکەسێک کە هاوسەرگیری دەکات سەرپشک بێت لەوەی کە لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە بێت یان سوننە، تاوەکو سەرجەم حوکمەکانی ئەو مەزهەبە بیگرێتەوە کە کەسەکە دیاریکردووە، ئەوانەشی کە پێشتر هاوسەرگیریان کردووە دەتوانن گرێبەستەکە بگۆڕن لە سوننەوە بۆ شیعە و بە پێچەوانەشەوە. هەروەها ئەگەر هەردوو هاوسەرەکە هەریەکەیان سەربە مەزهەبێکی جیاواز بوون ئەوا مەزهەبی پیاوەکە یەکلاییکەرەوە دەبێت و قسەی ژنەکە ناخوات، هەروەها ئەوانیشی کە هاوسەرگیری دەکەن بەسە کە تەنها باڵغ بووبێتن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یاسا تەمەنی ١٨ ساڵیی دیاریکردووە بۆ هاوسەرگیری و هەموارە نوێیەکە یاسای پشتگوێ خستووە، ئەگەر وەقفی شیعە یان سوننە ڕێگەپێدانی بدەنێ پێویستە دادگا ئەو هاوسەرگیرییە پەسەند بکات کە تەمەنیان هەرچەندێک بێت، ئەمەش بە ڕوونی پەراوێز خستنی ڕۆڵی دادگایە و گەڕانەوەیە بۆ حوکمی کۆنی مەزهەبە جیاوازەکان و ئاڵۆزی و ناکۆکی زۆری تێدایە، بۆیە ئەگەر ئەم هەموارە جێبەجێ بکرێ لەناو مەزهەبی شیعەدا کچان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە دەتوانن شوو بکەن. ئەوەشی خستەڕوو: "کە ئەمە یەکەم هەوڵ و یەکەم جار نییە شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاسای باری کەسێتی باسبکەن بە جۆرێک کە سەرجەم مەرامەکانی خۆیانی تێدا جێگیر بکەن، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن (حەسەن شەمری) وەزیری دادی ئەوکاتەوە، پڕۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسی جەعفەریی ئامادەکرد، کە ئەویش ڕووبەڕووی ناڕەزایی زۆر بووەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بەوەی کە کچێکی تەمەن ٩ ساڵ بدرێت بە شوو، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧ جارێکیتر کۆمەڵێک پەرلەمانتاری شیعە پێشنیازی هەمواری یاسای باری کەسییان هێنایەوە ناو ناوان، ئەمیش بە هەمان دەردی ئەوەی پێشوو چوو، کە شیعەکان وایدەبینن ١٤٠٠ ساڵە ڕیشەکێشکردن لە دژی شیعە هەیە بۆیە بە مافی خۆیانی دەزانن بگەڕێنەوە بۆ فقهی (جەعفەری)". یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو، زیاتر لە ١٥ جار هەموار کراوەتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کە گۆرانکاریەکانیش بەجۆرێک بوون هەمیشە بەلەبەرچاو گرتنی پاراستنی خێزانی عێراقی بووە لەپێناو پەرتەوازە نەبوون و ئاسایشی باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراقی تێدا پارێزراو بێت. لە درێژەی قسەکانیدا سەرکار مەحمود وتی: "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ سێ لایەن بۆیان هەیە و دەتوانن پڕۆژە یاسا پێشکەش بە پەرلەمان بکەن یان داوای هەموارکردنەوەی بکەن؛ ئەوانیش  حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار، یان١٠ پەرلەمانتار زیاتر واژۆ کۆبکەنەوە بۆ پڕۆژە یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی، پاشان دوو جۆر ڕێکاری (شکلی و موضوعی)هەیە، کە شکڵییەکان ئەوانەن، کە دەبێت بزانن ئاڕاستەی لایەنەکان و ڕێکارەکان دروستە بۆ پێشنیارەکەیان یان نا، پاشان لەڕووی ناوەڕۆکەوە دەبێت ڕەوانەی لایەن و لیژنەی تایبەتمەند بکرێن". بەپێی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەموارکراو لە مادەی یەکەم بڕگەی دوو، دەڵێت، "ئەگەر هاتوو دەقێکی یاسایی نەبوو تا جێبەجێ بکرێت ئەوا لەم حاڵەتەدا بەپێی ئەو بنەمایانەی شەریعەتی ئیسلامی حوکم دەکرێت کە زۆرترین و گونجاوێتیان هەیە لەگەڵ دەقەکانی ئەم یاسایەدا". لە بڕگەی سێیەمیشدا دەڵێت: "دادگاکان لە هەموو ئەمانەدا ئەو حوکمانە دەکەنە ڕێنمونیکاری خۆیان کە قازی و فیقهی ئیسلامی لە عێراق و وڵاتانی ئیسلامی دیکە بڕیاریان لێداوە یاساکانیان نزیکە لە یاساکانی عێراقەوە، کە ئەمە لە یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراویشدا بەهەمان شێوەیە، بەتایبەت کە لە مادەی ١ دا، بڕیاری لەسەر دراوە". ئەو مافپەروەرە ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە لایەنە باشەکانی یاسای باری کەسێتی  ئەوەیە کە خۆی نەبەستووەتەوە بە هیچ مەزهەبێکەوە، بەڵکو لەگەڵ ئەوانەدایە کە زۆرترین گونجاوێتیان هەیە و ئەو ڕایەی باشتر و چاکتر و نزیکترە، دادگا کار بەوەیان دەکات، واتە بەهیچ جۆرێک خۆی نەبەستووەتەوە بە مەزهەبێکەوە و مەجالی دادوەری داوە کە (اجتهاد) بکات، کام ڕایە پەسەند بێت حوکم لەسەر ئەوە دەردەکات، بەڵام ئەم پڕۆژەی هەموارە بواری بۆ ئەوە نەهێشتووەتەوە و مەزهەبەکەی دیاریکردووە، بەپێی ئەم هەموارە نوێیە دەسەڵات دەدرێت بە دەرەوەی دادگا تا گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام بدات پاشان دادگا پەسەندی ئەو گرێبەستە دەکات کە ئەمەش تەنها ڕۆڵی شکلی دادگا دەمێنێتەوە". لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەکەدا هاتووە دەڵێت: "پێویستە دادگا پابەند بێت  بەو بڕیارانەوەی کە دەردەچێت لەلایەن دیوانی وەقفی شیعە و دیوانی وەقفی سونییەوە (تلتزم المحکمە المختصە بتطبیق الاحکام  مدونە الاحکام شرعیە ‌فی مسائل الاحوال الشخصیە) دەبێت دادگا کار بە بڕیارە نووسراوەکان بکات کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە هیچ ڕۆڵێکی بۆ دادگا نەهێشتووەتەوە و شوێنی یاساکەی گرتووەتەوە و دەستی دادگای گرتووە و بەجۆرێک پابەندی دەکات بە بڕیارە نووسراوەکانەوە، کە لە لایەن دیوانی وەقفی شیعی و دیوانی وقفی سونییەوە دەرچوون، مەزهەبەکانی زەق کردووەتەوە کە ئەمیش مەترسی گەورەیە بۆ پێکەوە ژیانی ئایینی لە عێراق، کە زۆرجار زۆربەی شەڕ و ناکۆکییەکان شەڕی تائیفی و مەزهەبی بووە چجای ئەوەی کە بە یاسا بۆیان جیا بکرێتەوە و شەرعیەتی پێبدرێت". سەرکار مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "عێراق  وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە مەزهەبە ئەم هەموارە عێراق بەرەو ئاڕاستەیەکی تائیفی دەبات، تەنانەت مەزهەبەکانی شیعەش لەناو خۆیاندا ڕای جیاجیایان زۆرە و زۆر کارئاسانی دەکەن و گۆڕانکاری لە ئەحکامەکاندا دەکەن، بۆیە ناکرێت کە ئەم نووسراوانە  جێی دادگا بگرنەوە و خۆیان گرێبەست بۆ هاوسەران بکەن و بینێرن بۆ دادگا و لە دەرەوەی دادگا هەموو بڕیاڕێک درابێت، چونکە بەپێی یاسای باری کەسێتی ئێستا ئەگەر گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا بکرێت هەر دەبێت لە چوارچێوەی یاسای باری کەسێتیدا بێت و حوکمەکانی جێگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا سزا و ‌‌غەرامەشی بۆ گرێبەستەکانی دەرەوەی دادگا داناوە کە زۆرجار لەبەر پاراستنی تێکنەچوونی خێزان ‌غەرامە دەکرێن، لە ئێستاوە ئەم پڕۆژە پێشنیازە ڕاگیراوە کە  دەیانەوێت وەکو مەسەلەیەکی تائیفی شیعەکان جێی ڕا فقهیەکانی خۆیان بکەنەوە لەناو یاساکەدا، لە داهاتووشدا لە حاڵەتی تێپەڕبوونی هەموارەکە و پەسەندکردنیدا ئەوا تەنها ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق دەگرێتەوە". لەبارەی ئەوەی ئەو یاسایە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا سەرکار مەحمود ڕوونیکردەوە، "ئەو هەموارە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمی کورستان خاوەن پەرلەمانی خۆیەتی و دەسەڵاتی یاسادانانی خۆی هەیە، هەر یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربچێت بۆ کارپێکردنی لە هەرێمی کوردستان دەبێت پەرلەمانی کوردستان (انفاذ)ی بکات، پاشان کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەم پڕۆژە هەموارە لە حاڵەتی تێپەراندنیشیدا هەرێم ناگرێتەوە، بەڵام کێشە و گرفت دروست دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا کە یەک هەرێمی هەیە، دوو یاسای جیاواز هەبێت، چونکە لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و کاتێک هاوڵاتییەکی هەرێم بچێت لە بەغدا یاخود شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیری بکات ئەوا یاسای باری کەسێتی کارپێکراوی ئەوێی بەسەردا جێبەجێدەکرێت، ئەوکات ئەحکامەکان جیاواز دەبن و کێشە و گرفت دروستدەکات، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییەکی شارەکانی خوارووی عێراق بێتە هەرێم جیاوازی یاساکان و ئەحکامەکانی گرفت و کێشە دروستدەکات". لە ئێستادا لەسەر داوای زۆریینەی پەرلەمانتاران، خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ڕاگیراوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە بۆ ئەوەی کە ئەم پرۆژە یاسایە دووبارە نەخرێتەوە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و گفتوگۆی لەسەر نەکرێتەوە.  

هاوڵاتی شەوی ڕابردوو هێزێکی هاوپەیمانی پڕچەککراو لە سەربازگەی "کەی وەن"ی شاری کەرکوک جێگیرکران. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزێکی هاوپەیمانی کە پێکهاتووە لە 60 سەرباز و پلەداری سوپای ئەمەریکا گەیشتوونەتە شاری کەرکوک و لە سەربازگەی "کەی وەن" جێگیرکراون. هەر بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، ئەو هێزە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە کەرکوک و لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ‌سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی، حەویجە و ناوچەکانی وادی شای و زغیتۆن و چەمی ڕۆخانە بەشداری دەکەن. سەربازگەی کەی وەن دەکەوێتە دووری 16 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کەرکوک، ئەمە بۆ جاری یەکەمە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لێ جێگیردەکرێت.

هاوڵاتی لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان لە سلێمانی کۆبووەوە و نرخی موەلیدەی بۆ مانگی تەموز دیاریکرد. ئه‌مڕۆ یەكشه‌ممه‌ 4ی ئابی 2024، لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (42) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان (15.000) بۆ (16.000) دیناره‌، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (365 بۆ 380) کاتژمێر کاریان کردووە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.  هاوكات، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ بۆ مانگى ته‌مموز (24) كاتژمێری دەبێت واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته‌ موه‌لیده‌كان كارەبا بدەن به‌ هاوڵاتییان.    

هاولاتی لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات لە چوارچێوەى کارەکانى لیستى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئابی 2024، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، سەردانى هەرێمى کوردستان بکات و بە هاوبەشى لەگەڵ بەشی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمى کوردستان، کارلەسەر ئامادەکارییەکانى لیستى مووچەى مووچەخۆران بکەن. بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانى لیژنەکەى وەزارەتى دارایى عێراق، کارکردنى هاوبەشە لەگەڵ وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، تاوەکو مانگانە لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگەکان کە ئامادەی دەکەن، هاوشێوەی ئەوە بێت وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات. هەروەها، لیژنەکە ڕاهێنان بە کارمەندانى بەشى ژمێریاریى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان دەکەن، بۆ چۆنیەتى ئامادەکردنى لیستى مووچە و وردبینى لە داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان.

هاوڵاتی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ڕووسیا داوا لە هاوڵاتییانیان دەکەن بەپەلە لوبنان جێبهێڵن. لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی درووسبوونی شەڕی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی ئه‌مریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، ڕووسیا ئەمڕۆ هۆشدارییان دا بە هاوڵاتییانیان، بۆ ئەوەی دەستبەجێ لوبنان بەجێبهێڵن. ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای لە هاوڵاتییانی کرد بەپەلە هەر بلیتێک کە بەردەستە بەدەستی بهێنن و لوبنان بەجێبهێڵن، بەهۆی مەترسییەکانی ڕوودانی پێكدادانی سەخت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی فراوانبوونی جەنگی غەزەوە. هەر ئەمڕۆش لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیا بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن، چونکە ئەگەری هەیە بەم نزیکانە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ لوبنان لە فڕۆکەخانەی بەیروتەوە ڕابگیرێن. هاوكات حكومەتی بەریتانیا هۆشداریدا بە هاوڵاتییانی و ڕایگەیاند، پێویستە هەر ئێستا بڕۆن و بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن. دواین وڵاتیش کە هۆشداری بە هاوڵاتییانی دەبێت ڕووسیایە و داوا لە هاوڵاتییانی دەکات بەپەلە لوبنان بەجێبهێڵن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی وەزارەتەکەی بڵاوکردەوە لە هەناردەکردنی نەوت و ڕایگەیاند، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی لە شەش مانگی یەکەمی 2024 گەیشتووەتە 618 ملیۆن و 44 هەزار و 445 بەرمیل. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بە تێكرای هەناردەی مانگانەی 103 ملیۆن و حەوت هەزار و 407 بەرمیل، لە ئاستی ڕۆژانەشدا سێ ملیۆن و 433 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە 3.77% بەرز بووەتەوە. وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوشوێنانەکردووە کە نەوتی بۆ هەناردەکردوون دەڵێت، 611 ملیۆن و 952 هەزار و 117 بەرمیل نەوت لە بەندەری بەسرە و ناوچەکانی ناوەڕاست بووە، لە کێڵگەی گەیارە سێ ملیۆن و 999 هەزار و 417 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، هاوکات دوو ملیۆن و 133 هەزار و 111 بەرمیل نەوت هەناردەی ئوردن کراو. بەپێی ئامارەکانیش، 65% نەوتی عێراق هەناردەی وڵاتانی ئاسیا و 20% هەناردەی ئەوروپا و 15% هەناردەی ئەمەریکا دەکرێت.

هاوڵاتی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، هێزەکانمان لە ماوەی 24 کاتژمێردا سەرکەوتوو بوون لە تێکشاندنی مووشەکێکدا. ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی مووشەکێکدا کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەکرابوو. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزەکانیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی مووشەکێکدا و شوێنی هەڵدانەکەی، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاراستە کرابوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم چەک و مووشکە نوێیانە هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. سێنتکۆم باس لەوەشدەکات، هێزەکانیان هەموو ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی کەشتیوان و پارێزراوترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەگرنەبەر.

هاوڵاتی لە دەیەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەکاتێکدا گەلی ئێزدیمان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە کۆمەڵکووژ دەکرا، هەموو جیهان بێدەنگیان هەڵبژارد و تەماشاکەری کۆمەڵکووژییەکە بوون، پێش هەر کەسێک، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەهانای گەلی ئێزدییەوە چوون، پاشان هێزەکانی یەپەگە- یەپەژەمان بەفریا کەوتن، گەلەکەمانیان لە کۆمەڵکووژییەکی گەورەتر ڕزگار کرد. لە ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە هەمووان بزانن کە لە کەسایەتی گەلی ئێزدیماندا لە دژی مرۆڤایەتی جینۆسایدێک ئەنجامدرا، بەرخۆدانی شەڕڤانانی ئازادیی ڕێگری لە دڕندەیی داعش کرد و مرۆڤایەتی لە کارەساتێکی گەورەتر ڕزگار کرد، داواش لە هەموو لایەک دەکەین لەبەرامبەر هێرشە جینۆسایدییەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرخۆدان بەرز بکەنەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتی تورکیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی گەلی ئێزدی، ئێمە ئامادەین بەرگریی لە گەلی ئێزدی خۆمان بکەین و دەشڵێت: بە هەموو هێزمانەوە گەلی ئێزدیمان دەپارێزین. یەپەگە باسلەوەشدەکات، بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە- یەپەژە، چەتەکانی داعش لە ڕۆژئاوا بێکاریگەر کران و ڕۆحی تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستەکانیان بۆ هەموو لایەک نیشاندرا، هێزە بکوژەکان کە نەیانتوانی لە ڕێگەی داعشەوە بگەنە ئامانجەکانیان، بە شێوازی جیاواز درێژەیان بە هێرشەکانیان دژ بە گەلەکەمان دا، بە تایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە تۆڵەکردنەوەی شکستی داعشدا، هێرشی کردە سەر گەلی ئێزدیمان لە شەنگال، لەو هێرشانەدا بەدەیان ئێزدی و شەرڤان گیانیان لەدەستدا، بەڵام لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە هیچ کاردانەوەیەکی جددی نیشان نەدرا. لە کۆتایی ڕاگەندراوەکەشدا هاتووە، پێویستە هەمووان بزانن کە هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر گەلی ئێزدیمان ڕوونە، ئێمە جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە ئەمڕۆش وەک 10 ساڵ لەمەوبەر بە هەموو هێزمانەوە گەلی ئێزدیمان دەپارێزین، ئێمە جارێکی دیکە بەڵێن دووبارە دەکەینەوە کە میراتی تێکۆشانی شەهیدانمان لە پاراستنی گەلەکەمان و شنگال دا دەپارێزین.

هاوڵاتی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، لەمیانی ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونی یاسای ژمارەی 8ی ژنانی ئێزدی. ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئابی 2024، موحسین مەندەلاوی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا لیژنەیەکمان پێکهێنا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای ژمارە 8ی ژنانی ئێزدی لە ساڵی 2021. دەشڵێت، داوا لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دەکەم تا ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێندرێتەوە کە تووشی کارەساتی کۆمەڵکوژی هاتوون و ئاوەدانبکرێنەوە، لە ڕێگەی دەستبەرکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بژێوی ژیانیان و هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەڕووی ماددی و مەعنەوی. جێگای ئاماژەیە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2021، ژنانی ئێزدی پەیوەندیدارە بە بە چارەسەرکردنی زیانەکانی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ماددییەوە ، کە بەهۆی تاوانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە درووستبووە.

هاوڵاتی بەرەی گەل لە دەیەمین ساڵ وەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا ڕاگەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک پێویست کار لەسەر دۆسیەی کۆمەڵکوژی شەنگالدا نەکراوە، دەشڵێت، لێرەوە بەرپرسیارێتی مێژووی دەخەینە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ودادگا هەرێمییەکانی مافی مرۆڤ ودادگا جیهانییە تاوانکارییەکان کە بێدەنگ بوون و وەک پێوسیت کاریان لەسەر ئەم دۆسیە نەکردووە بەتایبەت دەرهەق بە کەسانی تاوانبار و ئەو لایەن ودەوڵەتانەی کە بە هەرجۆرێک لەجۆرەکان لەپشت ئەم تاوانەوە بوون. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەک بەرەی گەل پێمان وایە دەبوو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵ هەر زوو هەنگاوی کرداریی و وردییان بنایە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی قوربانیان، وئاوەدانکردنەوەی ئێزیدخان وشنگال، ویەکخستنی ئاوارە وکچانی بەکەنیزەککراو وخێزانە پەرتبووەکان، وکۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکە وبە دۆکۆمێنتکردنیان، وکارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو دڕەندەییە لەسەرئاستی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لەڕێی ناوەندەکانی یاسادانان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وپاشان دادگاییکردنی بکەر وهاوکار وکەمتەرخەم وهەڵهاتووانی پشت ئەم تاوانە جیهانییە. دەقی ڕاگەیەندراوی بەرەی گەل لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدخان: ئەمڕۆ دەیەمین ساڵ وەگەڕی تاوانێکی شەرمەزارانەی سەدەی بیست ویەکە، کە لەلایەن گروپی تیرۆرستانی داعش وهاوکارانیەوە بەپلانێکی پێشەوەختە وبەبەرچاوی تەواوی جیهان ومرۆڤایەتیەوە لەسایەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا نەک بەرامبەر ئێزیدخان وکوردستان بەڵکو بەرامبەر تەواوی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. هەر بۆیە وەک بەرەی گەل پێمان وایە دەبوو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵ هەر زوو هەنگاوی کرداریی و وردییان بنایە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی تەواوی قوربانیان، وئاوەدانکردنەوەی ئێزیدخان وشنگال، ویەکخستنی ئاوارە وکچانی بەکەنیزەککراو وخێزانە پەرتبووەکان، وکۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکە وبە دۆکۆمێنتکردنیان، وکارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو دڕەندەییە لەسەرئاستی ناوخۆیی ونێودەوڵەتی لەڕێی ناوەندەکانی یاسادانان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وپاشان دادگاییکردنی بکەر وهاوکار وکەمتەرخەم وهەڵهاتووانی پشت ئەم تاوانە جیهانییە. لێرەوە بەرپرسیارێتی مێژووی دەخەینە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ودادگا هەرێمییەکانی مافی مرۆڤ ودادگا جیهانییە تاوانکارییەکان کە بێدەنگ بوون و وەک پێوسیت کاریان لەسەر ئەم دۆسیە نەکردووە بەتایبەت دەرهەق بە کەسانی تاوانبار و ئەو لایەن ودەوڵەتانەی کە بە هەرجۆرێک لەجۆرەکان لەپشت ئەم تاوانەوە بوون، لەهەمان کاتدا تائێستا پارێزبەندییەکی یاسایی ونێودەوڵەتیان بەدینەهێناوە بۆ کوردانی ئێزیدی کە بەدرێژایی مێژوو دەیان جار ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی وهێرش بوونەتەوە. لەم یادە پڕ ئازارەدا وەک بەرەی گەل جگە لە جەختکردنەوە لەسەر داواکارییەکانی پێشتر، داوادەکەین کە هێزەچەکدارەکانی هەرێم لەبری ئەوەی لەناوەندی شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری بکەن بهێنرێن لەژێر ناوی پێشمەرگە ڕێکبخرێن وبەنیشتمانی بکرێن تاوەکو لە داهاتوودا وەک ئەرکی نیشتمانی ونەتەوەیی خۆیان پارێزەری خاک وگەلی هەرێمی کوردستان بن و ڕێگەنەدەن کۆمەڵکوژییەکی تری هاوشێوەی ئیزیدخان دوبارە بێتەوە. وەهەروەها کاتی خۆیەتی بڵێین (تاوانی جینۆساید ومێژووی جینۆسایدی کورد) بکرێتە وانەیەکی زانستی ولەناو تەواوی ناوەندەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بخوێندرێت، بۆ ئاشنا بوونی نەوەکانی داهاتوو لەبارەی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی ودژەمرۆڤایەتی کە دژ بە باوانیان کراوە لەمێژووی کورددا هەر لە تاوانی دژ بە شۆڕشە کوردییەکان تاوەکو پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفال وکیمیابارانی هەڵەبجە وڕاگواستن وتۆببارانی ناوچەکان وکۆمەڵکوژییەکەی ئێزیدخان. بەرەی گەل ٣-٨-٢٠٢٤