هاوڵاتی بڕیارە کامێرای چاودێری تیژڕەویی لە سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر دابنرێن و لەئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، پرۆسەی دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە شەقامەکانی 40 مەتری، 60 مەتری و 100 مەتری هەولێر دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەونە کار. هەربەپێی زانیارییەکان ئەم سیستەمە جیاوازە لە کامێرای پۆینت توو پۆینت. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی جێبەجێکردنی دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەویی و سیستەمی پۆینت توو پۆینتە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەسەرەتادا ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوەو لەسلێمانی سەرەتای ئەمساڵ چەند کامێرایەک شکێنران.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، کێشەی هێڵی 33 کەی ڤی (دوکان – پرۆژەی ئاو) چارەسەرکراوە و کارەبایان بۆ پڕۆژەکە گێڕاوەتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمی هۆبەی چاکسازیی هێڵەکان و هۆبەی وێستگەکان بە هاوکاری هۆبەی ئامێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی، کێشەی هێڵی 33 کەی ڤی (دوکان – پڕۆژەی ئاو)یان چارەسەرکرد و کارەبایان بۆ پرۆژەی ئاوی سلێمانی گێڕایەوە". ئەوەش لەكاتێكدایە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی شهوى رابردوو ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی بڕانی چەندجارەی کارەبا، دابەشکردنی ئاو بۆ زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی بە تایبەتی قڕگە و کوردسات و هەواری شار دوادەکەوێت".
هاوڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سبەینێ کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەک دەدات. راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، سبەینێ سێشەممە 6ی ئابی 2024، ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە، بەپێی خشتەی کار بێت، لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساى تۆمارکردنى لەدایکبووان و مردووان، پێشنیازە یاساى هەموارى یەکەمى یاساى بنەماى هاوتاکردنى بڕوانامە و پلە زانستییە عەرەبی و بیانییەکان، پڕۆژەیاساى پەیوەندیکردنى عێراق بە رێککەوتنى نێودەوڵەتى بۆ زەیتوون و رۆنی زەیتوونى خواردن دەدرێت. وەک لە کارنامەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی پێدراوە، لە کۆبوونەوەی سبەینێ، خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازە یاساى سەندیکاى پڕۆگرامسازانى عێراقى دەکرێت.
هاوڵاتی شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە، بناری چیای گۆیژە بکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون. لە ڕوونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانی هاتووە:"چەند ڕۆژێکە لەدوای سوتانی بەشێک لە شاخی گۆیژە، هەندێک پەیج و ڕاگەیاندنی نافەرمی باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون دەکەن لە سەر ئەو شاخە و دامێنی شاخەکە کە دارستانی فەرمیە و ساڵانە خزمەت دەکرێت". "لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین و "ڕایدەگەیەنین کە هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە"، ئەو دەنگۆیانەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی و دروستی نیە". شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق، نهێنییەکانی پاش رێککەوتننامەی وهزارهتی نهوتی عێراق لهگهڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی ئاشكرا كرد و لەمەودوا وەبەرهێنان لە غازی کەرکووک دەکەن. ڕۆژی پێنجشهممهی ڕابردوو عێراق ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لهگهڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی واژۆ کرد، ڕێکەوتنەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەریەکه لە کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و جەمبوور و بای حەسەن و خەباز بوون لە کەرکووک. لەوبارەیەوە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: دەمانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک له 300 ههزار بهرمیل نهوتی ڕۆژانه زیادبکەین بۆ بهرزترین ئاست. وتیشی: بهپێچهوانهی گرێبهستهكانی پێشو كهتهنیا ئامانج لێیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بوو, لهمهودا لهكهركووك گرنگی به وەبەرهێنانی غاز دهدهین.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەند بەرپرسێکی گۆڕی، ئەمڕۆ لەمەراسییمێکدا بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی لە وەزارەتی دارایی دەست بەکاربوون. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە بارەی ئاڵوگۆڕی چەند پۆستێکی باڵای وەزارەتەکەیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندنداوەکادا هاتووە، ئەمڕۆ لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی فەیسەڵ عەلی و ڕێباز عەباس ڕاوێژکارانی وەزارەت و یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی ئەنجامدرا. ئاماژە بەوەشکراوە، کەمال ڕەوف لە شوێنی ساماڵ عەبدول ڕەحمان وەک بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و جەوهەر مەحمود لەشوێنی عەبدول قادر عەبدوڵا وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەست بەکاربوون. لەمەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیاندا و بەناوی وەزیری داراییەوە هەموو پشتیوانیەکیان بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپات کردەوە.
هاوڵاتی وەزاره تی پلاندانانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان پرسیار دەربارەی نەتەوە یان مەزهەب بکرێت. دوای 27 ساڵ بڕیاروایه ئەمساڵ لە 24-11-2024 سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و تاوەکو 15ـ 12ـ2024 بەردەوام بێت. عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون تەنها دانیشتووانی نێوخۆی عێراق بە عێراق و غەیرە عێراقی دەگرێتەوە و هیچ پرسیارێک لەبارەی نەتەوە یان مەزهەبی تێدا نییە، وەزارەتی پلاندانانیش هیچ داتایەکی لەبارەی هیچ کام لە پێکهاتەکان لەبەردەست دا نییە.
هاوڵاتی بڕیاره چوارشەممەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی بكات، هۆکارەکەش کەمیی پارەی نەختینەیە. لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لە کەمی پارەی نەختینە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان دهدات، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی زیاتری بەهای دینار بهرامبهر به دۆلارێ ئەمریکی. لەوبارەیەوە ئیخلاس دلەیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئێستا عێراق کێشەی پارهی نەختینەیی هەیە، ئەمەش بانکی ناوەندیی ناچار کردووه دراوی زیاتر چاپ بکات بەتایبەتی له ههردوو جۆری 50 و 25 ههزاری. دلەیمی ئاماژهی بهوهش كردووە ئهم كێشهیه کاریگەری لەسەر دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران نابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ دهبێت . لهلایەن خۆشیەوە، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕدا, بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگی دراوی پیویستی لهبهردهسته . بۆ یهكلایكردنهوهی ئهم كێشهیه پهرلهمانی عێراق بڕیاره رۆژی چوارشهممهی داهاتوو میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بكات .
هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە زیاد کرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و دانیشتنەکە هەڵگیرا. نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 4-8-2024 کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 172 ئەندام دەستی پێکردو کارنامەی دانیشتنەکەش چوار بڕگەی لە خۆ دەگرت، لە میانی دانیشتنەکە بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسی زیاد کرا. لە دانیشتنی ڕۆژی 24-7-2024 بههۆی بوونی ناكۆكیی لەسەر هەمواری یاسایەکە، سهرۆكایهتی پهرلهمان خوێندنهوهی یهكهمی هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بەپێی هەمواری یاساکە، لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، پێویسته لهسهر ههردوو هاوسهر ئهو مهزههبه دیاریبکهن "شیعە یان سوننە" بۆ ئەوەی لە ژیانی هاوسەرگیریاندا پشت بە یاساکانی ببەستن، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت. هەمواری یاسای باری کەسێتی لە نێو پێکهاتەکانی پەرلەمان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان مشتومڕی دروستکردووە بەوپێیەی لە ماددەی دووـی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، دادگای باری کەسێتی ئەو گرێبەستی هاوسەرگیریانە پەسەند دەکات کە لەنێوان تاکی موسڵمانی پێگەیشتوو "الافراد البالغون" ئەنجام دەدرێن لەسەر دەستی لایەنێکی دادوەریی یان ئاینی یان لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە.
هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر دەكات. ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر كرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، "لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها دۆخی كەركووك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركووك ئاڵۆگۆڕ كرا". "لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بوژانەوەی كەركووك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگیی نیشتیمانی". بارەگای بارزانی وادەڵێت، کۆبوونەوەی بارزانی و بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لەکاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەک مۆڵەت ماوە بۆ دیاریکردنی پارێزگار و پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک، ئەگەرنا بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار ڕادەسپێرێت.
هاوڵاتی فەرماندەیەکی حوسییەکان بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی کەتائیبی حیزبوڵا لە پارێزگای بابل کوژراوە. سێشەممەی رابردوو لە میانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە جورفولسەخر، حوسێن عەبدوڵا مەستوور شبل فەرماندە لە حوسییەکانی یەمەن کوژراوە. سەرچاوەیەکی عێراقی ئاشکرای کردووە تەرمی ئەو فەرماندە حوسییە لە گۆڕستانێکی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پارێزگای نەجەف بە خاک سپێردراوە. بەوتەی سەرچاوە عێراقییەکە، حوسێن عەبدوڵا مەستوور لە رێگەی دەروازە زەمینییەکان لە خاکی ئێرانەوە هاتووەتە عێراق، بەڵام پاسپۆرتی فەرمی نەبووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو کۆبووەوە و لەئێستادا کۆبوونەوەکە بەردەوامی هەیە. کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکردووە و سووننەکان شەڕی تێپەراندنی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن، کە ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستیەکاندا گیراون ئازاد بکرێن". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرامبەردا شیعەکانیش شەڕی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی دەکەن کە رێگە دەدات بە هاوسەرگیری پێشوەخت و مەزهەب گەرایی تووندتر دەکاتەوە". وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی لێوەدەکات لەم نێوەندەدا کورد تونها دەبێت تەماشاكەر بێت و سووننە و شیعەکان هەریەکە و لە بەرژەوەندیی خۆی کاردەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، لە دانیشتنی ڕابردوودا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ڕەتیانکردەوە کە یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە داوایانکرد پێشنیازەکە ڕەتبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەمواری یاساکە بووەوە بە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە.
هاولاتی دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە، ئەمڕۆ قایمقامی سلێمانی دەستگیردنی کەسێکی ڕاگەیاند بە تۆمەتی سووتاندنی چیاکە. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە، "کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی چیای گۆیژە دەستگیرکراوە". تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا پێنج جار ئاگر لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە و دەوروبەری کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 500 سەد دۆنم زەوی و هەزاران دار سووتاون.
هاوڵاتی بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، هەروەها ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پاڵاوگە یاساییەکان کەموکوڕی پارێزگاری لە ژینگە چارەسەر بکەن".' زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن تا ئێستا 26 یان داخراون. پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد: 1. 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری هەولێر دادەخرێن. 2. ماوەی 10 ڕۆژ بۆ پاڵاوگە یاساییەکان دادەنرێت تاوەکو سەرجەم مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، هەر کەم و کوڕییەکی ژینگەیی هەبێت مەرجە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. 3. تەواوی کارگەکانی سنووری هەولێر، دەستبەجێ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن. 4. موەلیدەی گەڕەکەکان نابێت گازی خراپ بەکاربهێنن گازەکە سەرجەن گازەکەیان دەپشکێنرێت، نابێت دووکەڵ بکەن و یەک هەفتە لەبەردەمیانە موەلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ. 5. هەر ئۆتۆمیلێک دووکەڵی پیس بڵاوبکاتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت. 6. داوا لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان دەکەین مەرجە ژینگەییەکان لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکرێن. 7. لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، هەر بەرپرسێک لە کارەکەی کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت و هەر بەرپرسێک لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت پاداشت دەکرێت.
هاوڵاتی لە ڕێگەی دوو بازگەوە ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 4ی ئابی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق دوو بازگەی داناوە و ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق". وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەین، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئەم بارودۆخە". بە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەو کارگانە تووشی زیانی دارایی دەبن و دوورنییە بەشێکیشیان دابخرێن.
