هاوڵاتی دەسەڵاتدارانى ئێران، لە بەردەوامى لێکۆڵینەوەکانیان لە ڕووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە و ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانەى روویانداوە، 20 بەرپرس و کارمەندیان دەستگیرکردووە. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز کە ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024، بڵاویکردووەتەوە، ئێران لێکۆڵینەوەى چڕ و فراوانى لە رووداوى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى حەماس و پێشێلکارییە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان کە بوونە هۆى کوشتنى هەنییە دەستپێکردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، 20 ئەفسەرى هەواڵگریی و کارمەندى کۆشکى میوانداری لە باکوورى تاران دەستگیرکراون. سوپاى پاسداران لە دواى کوشتنى ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەى ورد و گشتگیر دەکات و ئەنجامەکانى ئاشکرا دەکات"، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانى رانەگەیەندراون. بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024،  ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، "سبەیةی یەکشەممە 4ی ئابی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سووک لە هەندێک ناوچەی باشووری هەرێم و پلەکانی گەرماش نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 43   سلێمانی : 41   دهۆک : 41  کەرکوک : 43 هەڵەبجە : 42  زاخۆ : 42  سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 30 گەرمیان : 44

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد کەمێک پێش ئێستا ئاگر لە وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بەڕێگەوەن بۆ شوێنی ڕووداوەکە. لوقمان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی چەمچەماڵ بە هاوڵاتی ڕایگەیاند، "ئاگر لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای چەمچەماڵ کەوتەوە و تەیمەکانیان بەڕێگاوەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە". هەروەها رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە هاوڵاتی وت، "ئاگرەکە لە لە چێشتخانەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای چەمچەماڵ کەوتووەتەوە و لەكاتی تێكردنەوەی بوتڵی غازی چێشتخانەكە رووداوەكە دروستبووە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگرەکە تەنها لەو بەشی چێشتخانەکەیە و تەشەنەی نەکردووە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان".  

هاوڵاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی و قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو، کۆدەبێتەوە. فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، کاتژمێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 3ی ئابی 2024 ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی سێ پرۆژە یاسا کۆدەبێتەوە. تەوەری یەکەمیان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری دووەمی پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتیی ساڵی 2016ـە و تێیدا لیژنەکانی ئاسایشی و بەرگریی، مافی مرۆڤ و یاسایی، ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەوە پێشکەش دەکەن. یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بریتییە لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسایی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو. سێیەم تەوەریش پرۆژەیاسای تایبەتە بە حوکمدان. تێپەڕاندنی پرۆژەی اسای لێبووردنی گشتی یەکێک بوو لە مەرجی سوننەکان بۆ بەشداریی لە حکومەتەکەی سودانی، لە ڕابردوودا چەند جارێک هەوڵ دراوە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژە یاسایە بکات، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە نەکراوە.

هاوڵاتی بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلار بەو کۆمپانیا فڕۆکەوانی و گەشتیارییانە قەدەغە دەکات کە لە لیستی کۆمپانیا سزادراوەکاندان.   بەپێی نووسراوێکی بانکی ناوەندیی عێراق بێت کە ئاراستەی بانکەکانی رافیدەین، رەشید، TBI و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لەبارەی پێدانی دۆلار بەشێوەی نەختینەیی بە گەشتیاران کردووە تیادا هاتووە، "ئەو کۆمپانیایانەی لە لیستی سزاکاندان، ئیدی ئەگەر سزای نێودەوڵەتی بن یان عێراقی، پێویستە لە پێدانی دۆلاری کاش بێبەش بکرێن".   نووسراوەکە رۆژی 31ی مانگی تەمووزی ئەمساڵ لەلایەن عەمار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە واژۆ کراوە.   جێگەی ئاماژەیە، پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکان بۆ ڕێگریکردنە لە بە قاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزایان لەسەرە و نابێت دۆلاری ئەمەریکییان پێبگات.

هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024، لە دوو ڕووداوی جیادا لە سنووری ئیدارەی سۆران و قەزای چەمچەماڵ کچ و کوڕێک خنکان. بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە بوونی حاڵەتێکی خنکان لە ناوچەی خەلیفان، دەرکەوت پێنج کەس کەوتوونەتە نێو ئاو، لە ئەنجام دا کچێک بە ناوی (لانە حەمەدئەمەین سۆفی) تەمەن 14 ساڵ خنکا و تەرمەکەی دەرهێنراوە". ئاماژە بەوەکراوە، "دوو کەسی تر بە ناوەکانی (ئاشنا حمدامین سۆفی) تەمەن 17 ساڵ و (سیما حەسەن) تەمەن 19 ساڵ بردران بۆ نەخۆشخانە، (ئاشنا sۆفی) ئێستا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە و دوو کەسی تر بە سەلامەتی ڕزگارکران کە هەموویان خەڵکی ناوچەکە بوون".  بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکراشی کرد، "ئەمساڵ ئەمە 12یەمین حاڵەتی خنکانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تۆماردەکرێت، بەهۆکاری نەشارەزای و نەزانی مەلەوانی و چەندین هۆکاری تر، کە هەمیشە ئێمە هۆشیاری بڵاودەکەینەوە و ڕێنمای بە گەشتیار و خەڵکی ناوچەکە دەدەین بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتەکانی خنکان. لە ڕووداوێکی دیکەدا ئەمڕۆ هەینی لە قەزای چەمچەماڵ کوڕێکی تەمەن 13 ساڵان کەوتە ماو زیێ گۆپتەپە و خنکا، لەلایەن تیمی غەواسی گۆپتەپەوە تەرمەکەی دەرهێنرایەوە.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی،2ی ئابی 2024، ئاژانسی بەغداد ئەلیوم لە زاری چەند سەرچاوەیەک کە ناوی بردووە بڵاویکردۆتەوە، محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق فشاری خستۆته‌سه‌ر لایه‌نه‌كان بۆ ته‌واوكردنی دۆسیه‌ی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك. لەم بارەیەوە ئاژانسەکە دەڵێت، محەمەد شاع سودانی فشاری خستۆتە سەر لایەنەکان بۆ بۆ ته‌واوكردنی دۆسیه‌ی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوک لە دوایی كلایكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی پارێزگای دیاله‌ و پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی ئه‌و پارێزگایه. بە گوێرەی وتەی سەرچاوەکان بۆ ئاژانسەکە، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆده‌بێته‌وه‌، دانیشتنه‌كه‌ش له‌ 72 كاتژمێری‌ داهاتوو زیاتر دواناكه‌وێت و ڕێككه‌وتنیش هه‌یه‌ پۆستی پارێزگار له‌نێوان كورد و عه‌ره‌بدا دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ به‌ڕێوه‌ببردرێت. دەشڵێت، دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی دیكه‌ش به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ توركمانه‌كان، پارێزگاریش دوو جێگری ده‌بێت، یه‌كێكیان بۆ توركمانه‌ شیعه‌كان و یه‌كێكی دیكه‌یان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌بێت. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجامدرا، به‌ڵام هێشتا حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكه‌ پێكنه‌هێنراوه‌و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كان ڕێكنه‌كه‌وتوون.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 2ی ئابی 2024، بەهۆی گرژیەکان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرت. لەم بارەیەوە لە ڕاگەندراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس هێڵی ئاسمانی هیندستان بڕیاریدا گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب ڕابگرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە، لای خۆیەوە “لوفتانزای ئەڵمانی” گەورەترین گروپی هێڵی ئاسمانی ئەوروپی، ڕاگرتنی سەرجەم گەشتەکانی بۆ تەلئەبیب ڕاگەیاند، ئەم ڕێوشوێنانەش دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە دێت. لوفتانزا ئەڵمانی ڕایگەیاند، لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە تا ڕۆژی 8ی ئاب گەشتە ئاسمانییەکان بۆ تەلئەبیب ڕاگیرا، هەروەها ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەیروت تا 12ی ئاب درێژکرایەوە. هۆکاری ڕاگرتنی گەشتەکانیشی بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەمەش هێڵی ئاسمانی ئیتاڵیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتەکانی لەگەڵ تەلئەبیب تا 6ی ئاب ڕادەگرێت. جێگەی ئاماژەیە، کۆمپانیای ئەڵمانی “لوفتانزا” خاوەنی هێڵی ئاسمانی سویسری و هێڵی ئاسمانی نەمساشە.  

هاوڵاتی ڕۆژنامەی بانگی کوردستان ڕۆژنامەیەکی 6 لاپەڕەی بوو، هەفتەی جارێک دەردەچوو لە ڕێکەوتی 2ی ئابی 1922یەکەم ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024، 102ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەی بانگی کوردستان ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتیی، و نەتەوەیی سەربەخۆ بوو، کە لە ڕێکەوتی 2ی ئابی 1922لە شاری سلێمانی یەکەم ژمارەی بڵاوکرایەوە. موستەفا پاشا یاموڵکی سەرنووسەری ڕۆژنامەی بانگی کوردستان بوو، ئەم ڕۆژنامەیە بۆ ماوەی چوار ساڵ خزمەتی کرد، و ناوەڕۆکەکەی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، و تورکی بوو، تاوەکو لە ساڵی 1926ڕاگیرا. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژنامەی بانگی کوردستان ڕۆژنامەیەکی 6 لاپەڕەی بووە و هەفتەی جارێک دەرچووە. ڕۆژنامەی بانگی کوردستان‌ بووه‌ ڕۆژنامه‌ی فەرمی زمانحاڵی حکومه‌تی دووەمی کوردستان، سەردەمی شێخ مەحمودی حەفیدی مەلیکی کوردستان له‌ پاش هاتنەوەی شێج مه‌حمودی حەفید لە هندستان.

هاوڵاتی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و وردبینییەكە بە كۆتاهاتووە، چاوەڕواندەكرێت داهاتوو بەغدا پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت. سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی وربینی کردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و وادەی ناردنی مووچەی مانگی تەمووز، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا زانیاری نوێی خستەڕوو. سیپان عەزیز ڕایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتوون وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەو تێبینییانەی هەبوون چارەسەركراون، وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكان بە كۆتا هاتووە و كێشە لە لیستەكاندا نەبووە. وتیشی، چاوەڕواندەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو حكومەتی عێراق پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت. جێگەی ئاماژەیە، چەند مانگی ڕابردوو بەهۆی بوونی ناوی دووبارە و ناڕاست لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا، ناردنی مووچە لەلایەن بەغدا چەندین ڕۆژ دوا کەوت.

هاوڵاتی کەجەکە دوایی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر هێرش و داگیرکاریییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بۆسەر شەنگال دەڵێت، قڕکردنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو هێزانەی لەم قڕکردنەدا ڕۆڵییان هەبوو، جارێکی دیکە بە توڕەیەکی زۆرەوە شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکدا گیانیان لەدەستدا یاد دەکەینەوە. ئەمڕۆ هەینی، 2ی ئابی 2024، هاوسەرۆکایەتى کۆنسەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە ساڵیادی فەرمانی 3ی ئابی 2014ی شەنگال و کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەک تەڤگەری ئازای کورد هەر وەک دوێنێ، لە ئەمڕۆشدا لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەبین و بە بەرپرسیارێتی مێژووی، مرۆڤانە و نەتەوەیی-وڵاتپارێزی هاوبەشی ئازارەکانیان دەبین.   لە ڕاگەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، لە 3ی ئابی 2014دا بە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە شەنگال لە دژی گەلەکەمان فەرمانی پێکهێنا، ماوەی 10 ساڵ بەسەر ئەم فەرمانەدا تێپەڕبوو، قڕکردنی شەنگال یەکێکە لە هەرە دڕندانەترین قڕکردنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو هێزانەی لەم قڕکردنەدا ڕۆڵییان هەبوو، جارێکی دیکە بە توڕەیەکی زۆرەوە شەرمەزار دەکەین، بە ڕێزدارییەوە هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژییەکدا گیانیان لەدەستدا یاد دەکەینەوە. دەشڵێت، ئەم ئازارەی کە خەڵکی شەنگال و هەموو گەلی کورد هەستی پێدەکەن، ئێمەش لە قوڵاییەوە هەستی پێدەکەین و تێماندا دەژیت، وەک تەڤگەری ئازادی کورد هەر وەک دوێنێ، لەمڕۆشدا لەگەڵ خەڵکی شەنگال دەبین و بە بەرپرسیارێتی مێژووی، مرۆڤانە و نەتەوەیی-وڵاتپارێزی هاوبەشی ئازارەکانیان دەبین. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەموو ئەو کەسانی کە دەڵێن لە دژی قڕکردنین و لە پێش هەموویانەوە دەوڵەتی عێراق، پێویستە لەگەڵ تێکۆشانی ڕەوا و دیموکراتیکی خەڵکی شەنگالدا بن و پێویستە ئیرادەی خەڵکی شەنگال و داخوازە دیموکراتیک و ڕەواکانیان لە بەرچاو بگرن و بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەربکەن، زۆر درووستە کە کێشەکانی خەڵکی شەنگال لەسەر بنەمای دیالۆگ و مافەکانی دیموکراتیک چارەسەر بکرێن. لە ڕاگەندراوەکەی کەجەکە باسلەوەشدەکات، بەداخەوە کۆمەڵکوژی شەنگال بە بەرچاوی جیهانەوە ئەنجامدرا، کەچی جیهان بەرامبەر ئەم دڕندایەتیە بێدەنگ و بێ هەڵوێست ماوەتەوە، چ لە منداڵ، چ لە بەتەمەن بە هەزاران ئێزیدی بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن ڕژێمی ئاکەپە، داعشەوە کوژران، دەستدرێژی کرایە سەر هەزاران ژن و هەزارانیش فرۆشران، چەندین ژنی ئێزدی خۆیان کوشت بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو دۆخە دڕندانەیەوە، هێشتاش بە هەزارن ژنی ئێزدی بێسەر و شوێنن و نازانرێت لە کوێن، لە دەستی کێدان. هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، خەڵکی ئێزدی کۆمەڵکوژی شەنگالی وەک فەرمانی 74هەمین پێناسە دەکات، ئەم کۆمەڵکوژییە وەک یەکێک لە کۆمەڵکوژییە هەرە گەورەکان لە دژی گەلی ئێزدیمان دەربازی ناو مێژووبوو،  ئامانج لە کۆمەڵکوژییەدا بە تەواوەتی لەناوبردنی گەلی ئێزدیمان بوو، بۆیە قڕکردنێکە. هەروەها کەجەکە ئەوەشی بەبیر هێناوەیەوە کە لە ئەنجامی دەستورەردانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و بەرخۆدانی خەڵکی شەنگالدا ڕێگری لەو لەناوبردنە بەرفراوانە کرا، گەر دەستوەردانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و پشتیوانی هێزەکانی یەپەژە- یەپەگە نەبوایە، سەدان هەزار ئێزدی دەکوژران و گەلی ئێزدیمان بە تەواوەتی لەناو دەبران، ئامانجی قڕکردنەکە ئەمەبوو.  

هاوڵاتی داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو دوو ملیار و 447 ملیۆن و 23 هەزار دینار زیادیکردووە. ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە27ی تەمووز تاوەکو ئەمڕۆ 2ی ئاب ، بڕی داهات 22 ملیار و 629 ملیۆن و 955 هەزار و 766 دیناربووە. دەشڵێت، داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی 22 ملیار و 50 ملیۆن و 37 هەزار دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 97% و 579 ملیۆن و 647 هەزار و 334 دینار بەشێوەی چەک بووە و ئەوەی دیکەشی 270 هەزار و 500 دینارە بەشێوەی مقاسە بووە. جێگەی ئاماژەیە، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو دوو ملیار و 447 ملیۆن و 23 هەزار دینار زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 20ی تەمووز تاوەکو 26ی تەمووز داهاتی سلێمانی 20 ملیار و 182 ملیۆن و 932 هەزار و 625 دیناربووە، ئەوەش بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت.  

هاوڵاتی تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە لە ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 2024، لە یەختەکەی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتبوون ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. ئه‌مڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024، تەرمی 13 کۆچبەری کورد، کە لە یەختەکەى ئیتاڵیا ژێرئاو کەتبوون و بە تەواوى ناسراونەتەوە، لە ئیتاڵیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمى کوردستان و لە زێدى خۆیان بەخاکدەسپێردرێن. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 17ى حوزەیرانی 2024، ، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن خنکاون. دواىی گەڕانێکى چەند ڕۆژى تیمەکانى فریاگوزارى، هەشت تەرمى کوردى هەرێمى کوردستان و پێنج تەرمیان خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن و ئەمڕۆ دەگەرێنرێنەوە هەرێمى کوردستان.

هاوڵاتی تورکیا بەکارهێنانی پلاتفۆرمی ئینستاگرامی ڕاگرت و لە ئێستادا هاوڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا ناتوانن پلاتفۆرمەکە بەکاربهێنن. ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024، ئینستاگرام کە یەکێکە لە گەورەترین پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا لە جیهاندا لە تورکیا بلۆکرا و بەکارهێنەرانی کێشەیان هەیە لە چوونە ناو پلاتفۆڕمەکە، سەبارەت بە هۆکاری ئەو بلۆککردنە، تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن کاربەدەستانەوە نەدراوە.  هاوکات، دامەزراوەی پەیوەندی و زانیارییە تەکنۆلۆژییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە بڕیاری دامەزراوەکەمان، لە ئەمڕۆ هەینی 2ی ئابەوە، ڕێگری لە کارکردنی ئینستاگرام دەکرێت و دامەزراوەکە و هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی فەرمیی تورکیا، هۆکاری ڕێگرتن لە کارکردنی ئینستاگرامییان ڕووننەکردووەتەوە. کاتێک هاوڵاتییەک لە تورکیا دەیەوێت بچێتە ناو پلاتفۆرمی ئینستاگرام لە تورکیا، ئۆتۆماتیکی لە ماڵپەڕەکەدا نووسراوە "instagram.com" بە بڕیاری دامەزراوەی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری لە 02/08/2024 و ژمارە 490.05.01.2024.-608983 رێگری لێکراوە.  ئەمەش لە کاتێکدایە فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە ڕۆژی 31ی تەمووزی 2024 ڕایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی ئینستاگرام دەکەین کە بەبێ پیشاندانی هیچ پاساوێک، ڕێگریی لە پرسەی هاووڵاتییانمان دەکات کە بەبۆنەی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنییەوە بڵاویدەکەنەوە، ئەم کارە هەوڵێکی سانسۆرکردنی زۆر ڕوون و ئاشکرایە".

هاوڵاتی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆ دووەم جار ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە.  ئەمشەو پێنجشەممە 1ی ئابی 2024، جارێکی دیکە ئاگر لە چیای گۆیژەی شاری سلێمانی کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی چوونە شوێنی رووداوەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. دوای کاتژمێرێک لە رووداوەکە گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "ئاگرەکەی چیای گۆیژە کۆنترۆڵکراوە". ئەمە دەبێتە دووەمجار لەم هەفتەیە ئاگر لە چیای گۆیژە بکەوێتەوە و تائێستا زیانەکانی رووداوەکەی ئەمشەو ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە جاری یەکەمدا 200 دۆنم زەوی لە چیای گۆیژە سووتا کە ژمارەیەکی زۆر داری تێدابوو.