هاوڵاتی سوپای داگیرکەری تورکیا و ئامڕازەکانی میدیای جەنگی تایبەت، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە بەرگرییە ڕەواکان دەستپێدەکەن. کە پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە داتاکانیاندا لەخۆ دەگرێت و هەموو ڕۆژێک زیانەکانمان وەک هەواڵێکی نوێ دەخەنە ڕوو. ئێستا، سوپایەکی تورکیا هەیە لە ناوچە بەرگرییە ڕەواکان گیری خواردووە، چونکە لە ڕووی تاکتیکییەوە بێدەسەڵات بووە و توانای گەیشتن بە ئامانجەکانی نییە و ڕۆژانە لە لایەن چەکدارانی گەریلاوە لێیان دەدرێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەمەش پەنایان بردە بەر کەمین و خیانەت، بەڵام ئەمە چارەسەرێک نەبوو بۆ دەرچوون لە دۆخە سەختەیان، هەر لەبەر ئەمەشە کە سوپای داگیرکەری تورکیا پەنا بۆ درۆی شەڕی تایبەت و هەواڵی هەڵبەستراو دەبات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانی گەریلادا خەسارە هەیە. با گەل و نیشتیمان و ڕای گشتیمان بزانن کە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە زیان گەیاندنی بە ئێمە دەکەن لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا، درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە. ئێمە لەم بۆردومانەدا هیچ زیانێکمان پێ نەگەیشتووە و بە پشتبەستن بەو ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە، هێزەکانی ئازادیی کوردستان توانیان میتۆدێکی جووڵە و ڕێسای بەهێز بۆ تێکشکاندنی هەموو هێرشەکان بگرنەبەر. لەکاتێکدا سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و بە یەکجار زۆر ناوچەی بۆردومان کرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ڕووبەڕووی ئەمانە بووینەوە و هیچ زیانێک بە ئێمە نەگەیشت. زانیاری ورد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٠٩:١٥ ی بەیانی شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج و ناوچەیەکی داگیرکەریان وێران کرد. لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٨:٤٢ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی پاراستنی گەل سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج کاتێک بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی دەستیان کرد بە جموجۆڵ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەکانی سوپای دوژمن. لە ٢٧/٧ هێزەکانمان ڕێگرییان لە هەلیکۆپتەرێکی دوژمن کرد کە دەیویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بنیشێتەوە. ٢. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو: لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی ٣ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرگری لە گردی ئامێدیە جارێک بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. ٣. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧/٧، فڕۆکە جەنگییەکان ٥ جار گۆڕەپانی ئاسکۆلوک، گردی ڕۆژ، گردی شەهید جیهان و بۆبلیسکانیان لە دەڤەری قەندیل بۆردومان کرد، هەروەها ١٧ جار گۆڕەپانی کانی سارک، دەشتی کافیا، کۆزە، سیدار، دیراش، میران، مێروک و دێریکیان لە ناوچەی کاری بۆردمان کرد، کە بە گشتی دەکاتە ٢٢ جار بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی باسکران. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ٢٧/٧ ٢٠٢٤
هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی دەڵێت، به نرخی نیو ملیار دینار دهستكاری له گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکانی تەندروستی کەرکوک کراوە. ئەمڕۆ شهممه، 27ی تهمووزی 2024، فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگهیاند، گهندهڵییهك له بهڕێوهبهرایهتی تهندروستیی كهركوك ئاشكرا بووه، كه تێیدا دهستكاری له گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکان كراوه و نرخەکەی بریتی بووه له 447 ملیۆن دینار و 980 ههزار ملیۆن دینار. دەشڵێت، دوابهدوای بهدواداچوونهكان دوو گهندهڵییان له دوو گرێبهستی دابینكردنی 10 ئامێر بۆ نهشتهرگهری و ئەندۆسکۆپ (ناظور) ئاشكرا كردووه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایهكی دەرمانسازی بە بڕی 287,500,000 ملیۆن دینار گرێبهستی كردووه و ئهو كهرستانهی دابین كراون، كوالێتی و سهرچاوهكهیان خراپ بووه و هەندێک لە پارچەکانی بە خێرایی بە کار دەهێنرێن و لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەردەست نین جگە لە ڕێگەی نووسنگهی تایبەتمەندەوە. باسیلەوەشکرد، توانیوانه گهندهڵییهكی دیكه به بهنرخی 63,000,000 ملیۆن دینار ئاشكرا بكهن و تایبهت بووه به دابینكردنی ئامێره پزیشكییهكان پرۆسەی دابینکردنەکە بە سەرپێچی ئەو کۆنتڕۆڵانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کاری پێ دهكرێت. لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گومانیان ههبووه له گرێبهستێكی دیكه كه بههای 88,000,000 ملیۆن دینار بووه و تایبهت بووه به دابینكردنی ئامێری كیمیایی و تاقیگهیی به شێوهیهك لیژنهی كڕین گرێبهستهكهی له یهكێك له فهرمانگهكانیان كردووه، له كاتێكدا ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتییەکە نووسراوی كڕینهكهی ئاراستهی یهكێك له كۆمپانیاكان كردووه. وتیشی: لە ئاستێکی پەیوەندیداردا، ستافی فەرمانگەکە تێبینی ئەوەیان کردووه کە دەستکاریكردنهكه لە کڕینی کەرتی یەکەمی حەویجەدا بووه، بەو پێیەی پسوڵەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەرچووە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی، دەستکاری کراوە، هەروەها پسوولەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگە دەرچووە، دهستكاری كراوه، به شێوهیهك 7،9900 پارچه كراوهته 79،000 پارچه، كه ئهمهیش زیانی به سامانی گشتیی گهیاندووه. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە، ئهم دۆسیانه خراونهته بهردهم دادگهی لێكۆڵینهوهی كهركوك و گرتنهبهری ڕێوشوێنی یاسایی له بهرانبهریاندا.
هاوڵاتی زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی تەموزی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ئاشکرادەکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات و بڕیارە پێش کۆتایی ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانە بکات". بەپێی وتەی ئەوە سەرچاوەیە بێت، "بەم نزیکانە دەست بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بۆ مانگی تەموز دەکەن و ئەگەر لیستەکەش ھاوشێوەی مانگی حوزەیران بێت، پرۆسەی وردبینییەکە لە دوو رۆژدا کۆتایی دێت". ئاماژەی بەوەشداوە، "لەکاتی بوونی ھەر جیاوازییەکیش لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا، ئەوکات مووچەی ئەو وەزارەتانە رەوانە دەکرێت کێشەیان نییە، بەڵام پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو وەزارەتەی گۆڕانکاری لە لیستی مووچەیدا کراوە کاتی زیاتری پێویست دەبێت، وەک ئەوەی لە مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روویدا". رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغدا کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەم مانگە لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی خانەنشینانی عێراق رەوانە کردووە".
هاوڵاتی ژمارەیەک کۆچبەر کە بەشێکیان کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانن لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بە رێکەوتوون و چارەنوسیان نادیارە. ئەمڕۆ شەممە 27ی تەموزی 2024، رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچ رایگەیاند، "لە کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زیاتر لە 60 کۆچبەر کە بەشێکی زۆریان کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانن، لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەرێکەوتوو و تائێستا چارەنووسیان دیار نییە". ئاماژەی بەوەکرد، "بەشێک لەو کۆچبەرانە لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندییان بە کەسوکارییانەوە کردووە و داوای بەھاناوەچوونیان کردووە". ئەوەش لە کاتێکدایە ھەر ئەمڕۆ پۆلیس و ھێزی دەریاوانی فەرەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران، شەش بەلەمی چوپی کۆچبەرانیان کونکردوسە و نەیانھێشتووە بڕۆن.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەدەدات، بەشێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەخۆریان زیادیانکردووە و بەشێکی دیکەش کەم. وەزارەتى دارایی عێراق، لە نووسراوێکدا جیاوازییەکانى لیستى میلاکاتى وەزارەتەکانى ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان کردووە و دەردەکەوێت هەندێک لە وەزارەتەکان مووچەخۆریان زیادیکردووە و هەندکێشیان کەم. وەک لە نووسراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، وەزارەتەکانى پێشمەرگە، ناوخۆ، خوێندنى باڵا و تەندروستى، زۆرترین ژمارەى میلاکاتیان زیادبووە و بەتەنیا لە وەزارەتى پێشمەرگە 23 هەزار و 790 زیادیکردووەو کۆى گشتیى سەرجەم وەزارەت و دەستەکان 35 هەزار و 334 مووچەخۆر بۆ میلاکات زیادبووە. ئەوەش هاتووە، دەردەکەوێت وەزارەتەکانى پەروەردە، کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، رۆشنبیرى، گواستنەوە و گەیاندن، لە ریزبەندى سەرەوەى ئەو وەزارەتانەن کە میلاکاتیان کەمیکردووە و بەتەنیا لە وەزارەتى پەروەردە چوار هەزار و 316 کەس کەمیکردووە. وەزارەتەکان بەرێژەى جیاواز وەزارەتەکان میلاکاتیان کەم و زیادیکردووە، ئەم وەزارەتانە ئەوانەن کە زۆرترین گۆڕانکاریى بەسەر میلاکاتیاندا هاتووە: - وەزارەتى پێشمەرگە 23790 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى ناوخۆ 1882 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى خوێندنى باڵا 846 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى تەندروستى 385 کەس زیادیکردووە. - وەزارەتى پەروەردە 4316 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى کارەبا 417 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو 414 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى رۆشنبیرى 367 کەس کەمیکردووە. - وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن 314 کەس کەمیکردووە.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد قایمقامی قەزای ماوەت رایدەگەیەنێت، بەهۆی بۆردوومانەوە ئاگر لە گوندی گەڵاڵە کەوتووەتەوە و تائێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە. ئەمڕۆ شەممە 27ی تەموزی 2024، کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بە هاوڵاتی راگەیاند، "شەوی ڕابردوو بۆردوومانی گوندی گەڵاڵە لە سنووری قەزای ماوەت كرا و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگرەکە تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی گوندەکە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین". قایمقامی قەزای ماوەت ئەوەشی خستەڕوو، "ئاگرەکە لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانەوە دوورە و تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نییە".
هاوڵاتی بهپێی ئامارهكانی ئهنجومهنی باڵای دادوهریی عێراق، تهنیا له مانگی حوزهیرانی ئهمساڵ 4779 حاڵهتی جيابوونهوه تۆماركراون و 23324 پرۆسەی هاوسەرگیریش ئەنجام دراوە. ئهنجومهنی باڵای دادوهریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی لە مانگی شەشی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە بێت لەو مانگەدا 23324 پرۆسەی هاوسەرگیری لە 15 پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە، لهو ژمارهیهش 21168 حاڵهت له دادگا کراون و ڕێژهیان بهراورد بهو گرێبهستانهی له دهرهوهی دادگا تۆماركراون، دهگاته 90.75% و 2156 حاڵهتیش له دهرهوهی دادگا تۆماركراون و دواتر له دادگا پهسهند كراون، ڕێژهیان بهراورد به هاوسهرگیریهكانی ناو دادگا دهگاته 9.25%. هەر وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، ئەو هاوسەرانەی لە مانگی حوزەیران جیابوونەتەوە 4779 هاوسەرە، له كۆی ئهو ژمارهیهش 1251 حاڵهت به بڕیاری دادوهر جیابوونهتهوه، له كاتێكدا 3528 حاڵهت له دهرهوهی دادگا جیابوونهتهوه دواتر لهلایهن دادگاوه پهسهند كراون. جیابوونهوه له دهرهوهی دادگا نزیكه لهوهی دوو ئهوهندی جیابوونهوه بێت به فهرمانی دادوهر و ڕێژهكهی دهگاته 64.55%، له بهرامبهردا ئهوانهی به فهرمانی دادوهری جیابوونهتهوه، ڕێژهیان 35.45%ە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، زۆرترین رێژەی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە پارێزگای بەغدا بووە، هەروەها بهراورد به ههمان مانگی ساڵانی پێشوو، ڕێژهی جیابوونهوه بهشێوهیهكی مەترسیدار بهرز بوونهتهوه.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 27ی تەموزی 2024، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزینکرد، بەمشێوەیەی خوارەوە: - نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 24 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. - نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمەریکاش 1 دۆلار و 12 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 77 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە ئاستی هەفتانەدا نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 1% و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمەریکا نزیکەی 3%ی نرخیان دابەزیوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، نەبەرد ئەکرام سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی هەزار و 169 کەس خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووە و ئەم هەفتەیە ناوی بەربژێرەکان بە مەبەستی وردبینی ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش گۆڕانکاری لە کورسیی پەرلەمانی کوردستاندا کردووە لە 100 کورسییەوە بۆ 95 کورسی بۆ گشتی و پێنج کورسیش بۆ کۆتاکان. جیگەی ئاماژەیە، دوو ھاوپەیمانی و 13 حیزب و 85 بەربژێری سەربەخۆ ناوی خۆیان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، یارییەکان دەرفەتێکی گەورەن بۆ پێشاندانی یەکگرتوویی جیهان. دەشڵێت، پاریس جارێکی دیکە گیانی سرووشبەخشی خۆی بۆ کۆکردنەوەی جیهان پێشاندا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، خۆشحاڵم کە لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئۆڵمپیادی پاریس، چاوم بە سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن و بریجیت ماکرۆن، خانمی یەکەم[ی فەرەنسا] کەوت. جێگەی ئاماژەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیاتر لە 85 سەرکردەی دیکەی جیهان ئەمڕۆ لە ئیلیزێ لە لایەن سەرۆککۆمار و خانمی یەکەمی فەرەنساوە پێشوازییان لێکرا بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی گەورەترین ڕووداوی وەرزشی جیهاندا بکەن.
هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، سائیر مەخیف ئەندام پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەشکرکێشی تورکیا بۆ هەموو عێراقییەکان جێگای نیگەرانییە، ترسیشمان هەیە کە ببێتە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی سیاسی شاراوە لەگەڵ هەندێک لایەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بێدەنگییەی کە پرسیاری زۆر دروست دەکات. دەشڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی عێراق و دامەزراندنی بنکە و وێستگە و ئاوارەکردنی خەڵک هێڵی سوورە و سەروەری نیشتمانی پێشێل دەکەن، ئێمەش قبوڵیان ناکەین. سائیر مەخیف ئەوەشی خستۆتەڕوو، تورکیا لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری کردووە کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی 10 ساڵدا، لە سەرانسەری 4 ناوچەوە بەرەو دهۆک بەردەوامە لە بۆردومان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی و تۆپخانە، کە بووەهۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان و زیانگەیاندن بە دەیان گوند و چۆڵبوونیان. وتیشی، بێدەنگی بەغدا وای لە ئەنقەرە کرد بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، هۆشداریشی دا لە مەترسی دروستکردنی سێگۆشەیەکی ئاگرین لە سنووری عێراق، دەشڵێت، لە ژێر ڕۆشنایی چاودێریکردنی ئەنقەرە بۆ هەڵوێستەکانی عێراق، سوود لە نەبوونی وەڵامدانەوە وەردەگرێت. ئەم ئەندام پەرلەمانە ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی تورکیا دەیکات سێگۆشەی بڵێسەدار دروست دەکات، بە ئاماژەدان بە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک کە خەڵک لە ڕووی ئاوارەیی و وێرانکاری و ئاژاوەگێڕییەوە باجەکەی دەدەن. باسیشی لە پێویستی گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک کرد بۆ پاراستنی زەوی و زار و خەڵک و ڕێگریکردن لەوەی ئەو ناوچانە بە بیانووی شەڕکردن ببنە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
هاوڵاتی تەنها لە لەماوەی 25 ڕۆژی ڕابردوودا 11 ڕووداوی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆماركراون کە کۆی گشتی حاڵەتەکانی خنکانی گەیاندووە بە 51 حاڵەت و بەم چوار حاڵەتەی ئەمڕۆشەوە گەیشتووە بە 55 حاڵەتی خنکان. ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، چوار حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، یەکەمیان لە بەنداوی خاسەی کەرکوک گەنجێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ خنکا، دووەمیان ژنێکە لە زێی بچوک لە سنووری ئاغجەلەر خنکاوە، سێیەمیان پیاوێکی تەمەن 55 ساڵە لە سنووری زاخۆ خنکاوە. چوارەمیشان گەنجێک بوو کە نزیک کاتژمێر چواری دوانیوهرۆی ئهمرۆ ههینی بەمەبەستی مەلەکردن ڕۆشتبۆوە ناو زێی گەورە لە ناوچهی ئەبوشیتە نزیک گوێر، بهڵام لەکاتی مەلەکردندا خنکا. گهنجه خنکاوەکە ناوی ئەحمەد محەمەدە و تەمەنی 30 ساڵه، دانیشتووی گەڕەکی حەی شورتەی شاری هەولێرە، تائێستا تەرمەکەی نەدۆزرایتەوە. جێگەی ئاماژەیە، تەنیا ئەمساڵ هەشت کەس لە زێی گەورەدا خنکاون و لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا 40 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان تۆمار کراون.
وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هاوڵاتی ١. ناوچەی مەتینا: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٢:١٠ و ٣:١٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ، هێزەکانی پاراستی گەل بە چەکی قورس داگیرکەریان لە گۆڕەپانی گوڵکا کردە ئامانج و زیانیان بە دوو بەربەستی بەرگری گەیاند. ڕۆژی ٢٥/٧ کاتژمێر ٥:١٠ی ئێوارە هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی سەریی مەتینا دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر کرد و ناچاریان کردن لە ناوچەکە دوور بکەونەوە. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٨:٢٥خولەکی بەیانی، هێزەکانی پاراستنی گەل لەکاتی دانانی کامێرای چاودێریدا لە لایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە لە گردی جودی، یەکینەکانی ژنانی ئازاد، چاودێری داگیرکەریان کرد و بە چەکی قورس کردیاننە ئامانج و جموجۆڵەکانیان ڕاگرت. لە ٢٥/٧ کاتژمێر ٤:٣٠ ی عەسر، شەرڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - بولدۆزەرێکی داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامیدیە بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی کردە ئامانج و چالاکییەکانیان وەستان. ٣.، ناوچەی حێفتانین: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی نیوەڕۆ شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس بنکەی کاریارشی سوپای تورکیایان کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرەکانی تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ و ٢٥ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەکانی شەهید شەریف، لولان، گۆشینا، گردی شەهید هاوار و گردی شەهید هێمن لە خاکورکە ١٠ جار بۆردومانیان کرد، لە سپیندارە، دێرشە و ماجی لە کارا ٨ جار جار بۆردومانیان کرد، لە گردی بەهار و گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب ٥ جار و زیرکلی پۆبلیسکان و لە قەندیلیش دووجار بۆردومانیان کرد، کە بە گشتی کۆ هەموویان دەکاتە ٢٥ هێرشی ئاسمانی. هەروەها ئەم هەڵمەتانە بوون بە هۆی سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوە لە چەند ناوچەیەک. لە ٢٤/٧، داگیرکەران گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریان لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب، لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردومان کرد. ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل
هاوڵاتی سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان دەڵێن، جارێکی دیکە بە مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بۆردومان کراوە. لەم بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە سەرچاوە ئەمنییەکانی بڵاویان کردەوە، چوار مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کراوە بەڵام ئاماژەی بە زیانەکان نەکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیا عێراقییەکان، مووشەکەکان لە نزیک بنکە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. جێگەی ئاماژەیە، شەوی سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024 لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، هێرشەکە لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ئەنجامدراوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون و پێشتر گرووپەکانی سەر مقاوەمەی ئیسلامی چەندین هێرشیان کردبووە سەر ئەو بنکەیە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، ئەحمەد مازن بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەكەم ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، لە كۆی لیستە تۆمارکراوکان بۆ بەشداریى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 121 لیست، لەنێویاندا دوو هاوپەیمانی، 13 حزب، 19 كاندیدی پێكهاتەی مەسیحی، 14 كاندیدی توركمان و 85 كاندیدی سەربەخۆ هەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ڕێگەی 53 ناوەندمانەوە لە شارى هەولێر و هەروەها، 85 تیمی گەڕۆكەوە كارتی بایۆمەتری دەنگدەران دابەش دەكرێت. باسی لەوەشکرد، بەپێى کۆتا ئاماریش تا ڕۆژى 11ی تەمووز حەوت هەزار و 924 كارتی دەنگدەر دابەشكراون. ئەوەشی بە میدیاکان ڕاگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی بریكاری حزبە سیاسییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیكاكان، تۆڕەكانی چاودێری هەڵبژاردن، دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، كەناڵەكان، ڕادیۆكان، ڕۆژنامەكان لە بارەگای فەرمانگەكەیان ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بۆ بەشداریكردن لە چاودێریكردن و ڕووماڵكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم. جێگاى ئاماژەیە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.