هاوڵاتی دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم باجی لەسەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان لابرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە‌لێخۆشبوون لە باجی سەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان بڵاوکردووەتەوە. لە نوسراوەکەدا هاتووە، بەفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان و پیشەوەران له هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتییەکان و سەمونخانە و نانەواخانەکان و زەوییە بەتاڵەکان. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، کە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدابوو هەولێر سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە سەرەتادا هەرێم ڕازی نەبوو بەپێدانی ئەو داهاتانە بە‌ بەغدا، بۆیە چەند جارێک کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم درووست بوو و موچەکانیان دواکەوت. دوای چەند سەردانێکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم ناچارکرا سەرجەم داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، لەبەرامبەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا.  

هاوڵاتی ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاری لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی تەمووزی 2024، ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند ، کە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون و ئەو داعشانە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کامپی تایبەتی سەربازیی مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێن. لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی تۆماری بەڵگەشدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا ئەو داعشە سوورییانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆی کردوونەتەوە، لەبەرامبەر بەڵێنی پارە و پێدانی چەک و هاوکاریی، ڕازی کردوون بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ باشووری کوردستان و بەکارهێنانیان لە داگیرکردنی باشووری کوردستاندا. لە ڕاپۆرتەکەدا لەبارەی ژمارە و ناسنامەی ئەو داعشانەوە ئەوە خراوەتەڕوو، زیاتر لە 300 داعشن و لە ناوچەی بەرواری باڵا و سنووری پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، لەناو بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیادا جێگیر کراون.  

هاوڵاتی سەرۆكی لیستی بەرەی گەل، كار و چالاكییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان چردەكاتەوە. لاهور شێخ جەنگی دەستی بە جووڵە سیاسیەكانی كردووە بە هەردوو ئاڕاستەی ناوخۆیی و دەرەكی، هاوڵاتی زانیویەتی كە هەفتەی رابردوو لاهور شێخ جەنگی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیای كردووە و لە نزیكەوە چەند بەرپرس و كاربەدەستێکی ئەو دوو وڵاتەی بینیوە. لەناوخۆی كوردستانیش كەوتۆتە جووڵە و خەڵك بینین. هەروەها هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە كە بەرەی گەل بڕیاری داوە لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگاكەی كوردستان هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی فراوان دەستپێبكەن. لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ لەشاری هەولێر بەشێكی زۆری هەوادار و خەڵكی ئاسایی ئەو شارەی بینیوە.

هاوڵاتی نوسراوێك كه‌ له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا له‌ ئەمینداریێتیی‌ گشتیی ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق ده‌رچووه‌، داوا لە فەرمانگەکان دەکات لە نوسراوەکانیاندا پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان (پەکەکە) وەک رێکخراوی قەدەغەکراو ناوبهێنن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش نوسراوێكی دیكه‌ له‌ 14ی تەمموزی‌ 2024 به‌ واژووی فەلاح عەبودی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ کارگێڕی‌ لە ئەمینداریێتیی‌ گشتیی‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌رچووه‌ و تیایدا ناوه‌رۆكی بریاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراقی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی سه‌ربه‌ په‌رله‌مان و نوسینگه‌ی راوێژكاره‌ن كردوه‌ و له‌سه‌ر نوسراوه‌ "گرنگیی پێ بدرێت". ناوه‌رۆكی نوسراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: لە سەر بنەمای‌ نوسراوێکی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و لیژنەکان لە ئەمینداریێتی‌ گشتیی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، کە لە 28ی ئایاری‌ 2024 دەرچووە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی‌ گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە کاتێک لە نوسراوەکاندا ناوی پەکەکە دەهێنرێت بنوسن "پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستانی‌ قەدەغەکراو. ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب‌ تەیب‌ ئەردۆغان سەرککۆماری تورکیا هاتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوویەوە، هەردوولا نزیکە 25 یاداشتنامەی لەیەکتێگەیشتیان واژۆکرد، هەروەها تورکیا داوای لە عێراق‌ کرد، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.

  هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئیدلب بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای تورکیا. ئاماژە بەوەکراوە، "بە هۆی هێرشەکەوە چەند کۆگایەکی سوتەمەنی ناو خاڵە سەربازییەکە گڕیان گرتووە"، بەڵام زانیاری دەربارەی ئەگەری زیانی گیانیی ڕانەگەیەندراوە. سوپای تورکیا بە بیانووی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنیی لە نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەکانی باکووری سووریادا گرتووە و تا ئێستا چەندین جار حکومەتی دیمەشق داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیای کردووە، بەڵام تورکیا داواکارییەکەی پشتگوێ خستووە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شارەزایەکی کەشناسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زانیاری دەخاتەڕوو. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند، "سەڕەرای ئەوەی پلەی گەرما ئەمرۆ سێشەممە و سبەی چوارشەممەش بەبەرزی دەمێنەوە لە زۆربەی ناوچەکان ئەویش بەهۆی مانەوەی تۆپەڵە هەوای گەرمی هاتووی باکووری ئەفریقی، بەڵام لە کۆتایی هەفتە و بەولاوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەهۆی کشانەوەی تۆپەڵە هەوای خەماسینی باکووری ئەفەریقیاوە و کاریگەری بارستەهەوایەکی لاوازی فێنکی باکووری تورکیاوە پلەی گەرما لە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەڕێژەی 2  تا 3  پلەی سیلیزی  نزم دەبێتەوە لەسەرجەم ناوچەکان". بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە بێت، ئەگەر گۆڕانکاریی گەورە ڕوونەدات و تێکنەچێت لە نزیک کۆتایی مانگ و بەتایبەتی لە 29ی تەموزی ئەم مانگەو بەولاوەو بۆ ماوەیەک بەهۆی هاتنە خوارەوە تەوژمە هەوایەکی تری فێنک لە ڕووسیاوە و کارتێکردنی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 تا 4 پلەی سیلیزی تر دادەبەزن ئەمەش وادەکات پلەکانی گەرما بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ئاستێکی خوار ئاسایی ساڵانە و تا ئاسایی ساڵانەی خۆیدا بێت، کەشێکی فێنکتر دێتە ئاراوە، هەروەها  لە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆو بەولاوە و بەتایبەت رۆژانی داهاتوو بای شەماڵ باڵادەست دەبێت بەخێرایی 15 تا 25 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سندوقی خانەنشینی نییە و مانگانە لە 7%ی مووچە لە فەرمانبەران دەبڕێت. سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم 32 ساڵە مانگانە لە 7%ی مووچەی لە فەرمانبەران بڕیوە بۆ سندوقی خانەنشینی، بەڵام تاوەکو ئێستا سندوقی نەبووە و نازانرێت ئەو پارەی چی لێکردووە". ئاماژە بەوەشدەدات، "کاتێک بەبڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینی هاوتای عێراق دەکرێ لە سندوقی خانەنشینی عێراق مووچەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی دەدرێت، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم پارەی لێبڕینی چەندین ساڵی ڕابردوی فەرمانبەران تەسلیمی سندوقی خانەنشینی عێراق بکات، جگە لەوە وردبینی لە دۆسێی خانەنشینان دەکرێت بەتایبەت سەربازی کە پڕە لە ناموستەحەق و نایاسایی". دەشڵێت، "بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014) یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مانگانە %25ی موچەی فەرمانبەران دەخڕیتە سندوقی خانەنشینی %10ی لەموچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت و %15 حکومەت تەمویلی سندوقەکە دەکات، لەسەرەتای ئەمساڵەوە کەمووچە لەعێراقەوە هاتووە ئەو لێبڕینەی خانەنشینی عێراق لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕیوە و داخڵی سندوقی خانەنشینی کردووە".

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەست بەسەر 44 پەرتوکی ڕووپۆشکراو بە مادەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ) دەگرێت و تۆمەتبارێک دەستگیردەکات. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەمەبەستی پشکنینی زانستی لە تاقیگەی پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی پشکنین بۆ پەرتوکەکان دەکات، لە ئەنجامەکانی پشکنینەکانی تاقیگە دەریخست پەرتووکەکان (مەلزەمە) ڕووپۆشکراون بە مادەی (ئەمفیتامین) کریستاڵ.  ئاماژە بەوەشدراوە، "ئەم چالاکییە لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری پێشوەخت و پاش بەدواداچوون و چاودێری ووردی بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئەنجامدرا، بازرگانان ویستویانە بە تەکنیکێکی نوێ مادە هۆشبەرەکان بەشێوەی ترانزێت بیهێننە کوردستان و بیگوازنەوە بۆ وڵاتی بەریتانیا، بەڵام بە لێهاتووی هێزەکانی ئاسایش و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە توانر تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت و سەرجەم پەرتوکەکان دەستیبەسەردابگیریت". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەئێستادا تۆمەتبار بە مادەی 26 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە".  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی بەهۆی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان گردبوونەوە و داوا دەکەن هاوردەکردنی بەرهەمی خەیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران بۆ هەرێمی کوردستان رابگیرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی لە بەردەم بینای پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و شەقامی سەرەکی سلێمانی - راپەڕین-یان داخست بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە و دەڵێن، "حکومەت پلانی نییە بۆ جوتیاران و ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان". عەتا محەمەد، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند، "هۆکاری گردبوونەوەی ئەو کاسبکارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمی خەیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران دێتە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وادەکات بەرهەمەکانیان سا‌غ نەبێتەوە لە بازاڕدا و تووشی زیان بن". ئاماژەی بەوەشدا، "داواکراوە هاوردەکردنی خەیار رابگیرێت لە عێراقەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە بەردەوامە و ئەمەش بۆتە زیان بۆ کاسبکارانی عەلوەکانی سلێمانی، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت بەرهەمەکانیان خراپ دەبێت و ناچار دەبن فڕێی بدەن".

هاوڵاتی بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی داهاتوویدا تاوتوێی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سزای سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بکات. فاتن قەرەغۆلی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، "لە ماوەی رابردوودا سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانین کردووە و لەبارەی گەمارۆی سەر ئەو فڕۆکەخانەیە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینه‌وه‌”. ئاماژەی بەوەکردووە، “ئه‌و سزایه‌ى توركیا خستوویه‌تیه‌ سەر فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى گه‌مارۆیی سیاسییە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایکردووە بەشێوازی دیپلۆماسی پرسەکە چارەسەربکرێت”. هەر لەسەر هەمان پرس، محەمەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌هه‌مان رۆژنامه‌ى وتوە، “لە دانیشتنەکانی ئایندەدا ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆی زیاتر لەبارەی لەشکرکێشی تورکیا دەکات بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک”.  

هاوڵاتی بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری بەیاننامەیەکی لەبارەی رێگرییەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ئاسایشی سلێمانی فەرمانەکەی تورکیای جێبەجێکرد. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە بڕیاربوو لە باخی گشتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەلایەن کۆمەڵێک ڕیکخراوەوە ئەنجام بدرێت بەمەبەستی ڕاگەیاندنی( بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری)، بەڵام ئەم کارە بەر لە کۆبوونەوەی خەڵکی ڕووبەڕووی پەلاماردان بونەوەو تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندنیشیان دەرکرد و پێیانڕاگەیاندن کە ڕێگەپێدراو نین هیچ جۆرە ڕووماڵ و زانیاریەک لەبارەی گردبوونەوەکە ئەنجام بدەن". ئاماژە بەوەشکراوە، "کار بەمەشەوە نەوەستاو کەسانێک کە بە مەبەستی بەشداریکردن هاتبوون ڕووبەڕووی پەلامار و ڕێلێگرتن بوونەوە، بۆیە دواجار لیژنەی سەرپەرشتی (بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری) دەستبەجێ بڕیاریدا کە کۆنگرە ڕۆژنامەگەریەکە بباتە بەردەرکی سەراو لەوێ ئەنجامی بدەن... بۆیە بە گەشتنی بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ڕێکخراوانە لەبەردەرکی سەرا دەستکرا بە ڕاگەیاندنی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەو سەرەتا بەهادین حاجی بکر دارتاش قسەوباسێکی کرد لەسەر ئەنجامدانی ئەم کۆنگرە ڕۆژنامەگەریە و مامەڵە و ڕێگریەکانی ئاسایشی سلیمانی، دواتر دەستکرا بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندنە هاوبەشەکە لە لایەن دڵسۆز زەنگەنەوە، لەپڕ هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی دڕندانەو ناشیرین پەلاماری بەشداربووانیاندا، بەڵام هەڵسوڕاوان شوێنەکەیان جێنەهێشت و بە دروشم وتنەوە دژ بە داگیركاری و هاوكارانی داگیركەران بەرگریان كرد، لەبەرامبەر بە پەلاماردانەکانی ئاسایشدا وەستانەوە و دواتر کەوتنە ئازارو ئەشکەنجەدانی هەلسوڕاوان، بۆیە سەرباری بریندارکردنی هەلسوڕاوێکمان كە پیشەی پارێزەرە بە ناوی نەریمان ئەحمەد بە جۆرێك كە لوتی بە زەبری هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی شكێندراوە، هەروەها دەستیانگرت بەسەر کەرەستە ڕۆژنامەوانییەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزدا". لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، "لەم دەڤەرەدا کە ساڵەهایە لافی ئازادی و دیموکراسی لێدەدرێت، ئەمڕۆ لەبری ڕوبەڕووبونەوەی پۆلیس و ئاسایشی تورکیا، کەوتنە وێزەی دەنگی ئازادیخوازان، لەبری ڕاوەستانەوە دژ بەم داگیرگاریە كە زیاتر لە ٤٠ كیلۆمەتر خاكمان داگیركراوە و هەر ڕۆژێك مەترسیەكانی داگیركاری زیاتر دەبن، دێن و پەلاماری کەسانێک دەدەن کە دژ بە کردەوە فاشیستیەكانی دەوڵەتی توركیا خاوەن هەڵوێستی نیشتیمان پەروەرین، بۆیە ئێمە لە بەرەی یەکڕیزی دژ بە داگیرکاری، كە نوێنەرایەتی دەیان گروپ و ڕێكخراو و كەسایەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، سەرباری ئەوەی بە تووندی سەرزەنشت و ئیدانەی ئەم کارە قێزەونەی ئاسایشی سلیمانی دەکەین کە بەوجۆرە هاودڵی و هاوکاری خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا دەربڕی، هاوکات داوا لە خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز دەکەین کە سەرباری ڕیسواکرنی ئەم سیاسەتەی ئاسایشو دەسەڵاتی سلیمانی، پێویستە بەتووندی ڕاوەستینەوە دژ بەم داگیرکایەو نائارام کردنی ژیانی خەلکی کوردستان! ئێمە بەردەوام دەبین و دەنگی هەموو نیشتیمانپارێزان و نەتەوەپارێزان دەگەیەنینە حكومەتی ناوەند و ناوەندە جیهانییەكان، ئەم هەوڵانەمان بۆ پاراستنی ژینگە و خاك و قەوارەكەمانە كە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید بەرهەم هاتووە". لە کۆتایی بایەننامەکەدا بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری داوا لە دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەكان دەکات هاوكاریان بن نەك بەربەستیان بۆ دروست بكەن.

هاوڵاتی مامۆستایانی وانەبێژ سەرجەمیان بەپێی پێویستی دانراون، وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە مامۆستایانی وانەبێژ ھەیە و (30%) میلاکی پەروەردە پێکھاتووە لە مامۆستایانی وانەبێژ. لە ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ (37,774) وانەبێژە، کە ساڵ بە ساڵ ئەم ڕێژەیە لە زیاد بووندایە، بۆیە پێویستە بەدەم دواکاری نوێنەرانی دەستەی مامۆستایانی وانەبێژەوە بێن، کە دامەزراندن و کردنیانە بە ھەمیشەیی. پێویستە کەیسی مامۆستایانی وانەبێژ پێش هەڵبژاردنی مانگی 10ی 2024 بە دامەزراندنیان بە شێوازی هەمیشەیی یەکلایی بکرێتەوە. کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ تەنها پێویستی بە (9) ملیار دینارە بۆ ئەوەی دابمەزرێن و ببن بە ھەمیشەیی. لە ساڵی (2014)وە تا ئێستا، دامەزراندن نەبووە لە وەزارەتی پەروەردە! کەچی وەزارەتی پەروەردە ھەموو ساڵێک پێویستی بە دامەزراندنە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ دابمەزرێن. مامۆستای وانەبێژ ھەیە (15) ساڵە وانەبێژە؟! مامۆستای وانەبێژ ھەیە (13) ساڵە وانەبێژە. ئایا دوای ئەو هەموو ساڵە لە وانەبێژی، کەی حکومەت دەمانکاتە ھەمیشەیی؟ دوای (١٥) بۆ (١٦) ساڵ وانەبێژی کەی بەدەم داواکاری مامۆستایانی وانەبێژەوە دێن!؟ مامۆستایانی وانەبێژ گەنجێتی خۆیان، تەمەنی خۆیان، پێشکەش بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، ھیوادارم حکومەتی ھەرێم پاداشتی مامۆستایانی وانەبێژ بداتەوە بە دامەزراندن و کردنیان بەھەمیشەیی. ..... عەلی رەئووف مستەفا نوێنەری گشتی وانەبێژان دووشەممە ٢٢ی ٧ی ٢٠٢٤  

هاوڵاتی نوێنەرانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە ڕەوشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بڕینی شاخی گۆیژە، سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکیی فەرمانگەی داواکاری گشتییان کرد و ڕایانگەیاند لیژنە لەسەر ئەو زەویانەی شاخی گۆیژە پێکهێنراوە کە کاریان تێدا دەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، نوێنەرانی دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی ڕاگەیندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی ئەوە کراوە؛ بە مەبەستی بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە ڕەوشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بڕینی شاخی گۆیژە، سەردانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و فەرمانگەی داواکاری گشتییان کردووە لە سلێمانی. ئەوەشیان خستۆتەڕوو، “لە میانەی چاوپێکەوتن و سەردانەکەوە بۆیان دەرکەوتووە کە داواکاری ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بە خودی وەزارەتی داراییشەوە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر ئەو زەویانەی کە لەشاخی گوێژە کاری تێدا دەکرێت”. باس لەوەشکراوە، لیژنەی لێکۆلینەوەی کارگێڕی لەلایەن چەند لایەنێکی حکومییەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە و داوا کراوە داواکاری گشتیی سلێمانی، ئەندامی خۆیان بۆ ناو لیژنەکە دیاری بکەن.

هاوڵاتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەبارەی کەمئاوی عێراقەوە هۆشداری ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت؛ عێراق له‌ ماوەی داهاتوودا رێژه‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت، ناتوانێت بڕی ئاوی پێویست بۆ بەکارهێنان دابین بكات. ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی ته‌ممووزی 2024، غولام محه‌ممه‌د ئیسحاق، رێكخه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخه‌ری كاروباره‌ مرۆییه‌كان له‌ عێراق له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا لەبارەی کەم ئاوی لە عێراق هۆشداری دا. دەشڵێت، عێراق له‌ ساڵی 2025دا ته‌نیا ده‌توانێت 15%ی رێژەی ئاوی پێویست دابین بكات. باسی لەوەشەکرد، عێراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی وشكه‌ساڵی و كه‌می ئاوەوە بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌م بارەیەوە هاوكاریی عێراق ده‌كات. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی سێشه‌ممه‌ 20ی كانوونی یه‌كه‌می 2022، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی دووه‌می كۆنفرانسی به‌غدا بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسی لە پرسی كه‌مئاوی کرد له‌ عێراقدا. سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق وتی، به‌هۆی كه‌مئاوییه‌وه ئێمه‌‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌داین، پشكی عێراق له‌ ئاو كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و ئێمه‌ له‌ كێشه‌داین له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا لەسەر ئەم پرسە، بۆیە داوایان لێده‌كه‌ین پشكی عێراق رەچاو بکەن و له‌رێگه‌ی سنووره‌وه‌ بڕی ئاوی پێویست بۆ عێراق به‌ربدرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه‌پێدان و سه‌قامگیری له‌ وڵاته‌كه‌مان به‌رده‌وامبێت". باسی لەوەشکرد، داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌هه‌ده‌ردانی ئاو كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و ده‌ست بەم سامانە نیشتیمانشیەوە بگرن، وشكه‌ساڵی گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی باشوور، داواش له‌ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌كه‌ین سوود له‌ ئاو وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری كاره‌با پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییان بكه‌ن.  

هاوڵاتی بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوانی سلێمانی بڕیار بوو دژی لەشکر کێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت بەڵام لەلایەن هێزەئەمنییەکانی سلێمانی رێگری لە گردبوونەوەکە کراو و دەم و لووتی دوو کەسیشیان بە لێدان بریندار کرد. ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، بڕیار بوو "بەرەی یەکڕیزی دژی داگیرکاری"ى گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتى دژی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان  لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی ئەنجام بدات، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان بە گردبوونەوەکە نەدا و هاوکات دوو لەو چالاکوانانەشیان بریندارکرد کە بەشداربوون لە گردبوونەوەکە و دەستیشیان بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنووسی ئاژانسی رۆژنیوزدا گرت. پاشان چالاکوانان بۆ خوێندنەوەى بەیاننامەی ناڕەزایەتییەکە چوونە بەر دەرکی سەرای شاری سلێمانی، بەڵام دیسان هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و بە زۆر کۆتاییان بە بەشداربووانى گردبوونەوەکە هێنا و رێگە نەدرا تەواویی بەیاننامەکە بخوێندرێتەوە. جێگەی ئاماژەیە، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشداربووانى گردبوونەوەکە و دوو کەسیان بە لێدان لە دەم و لوت بریندار کرد.