هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، کە بڕی 274 ملیۆن و 734 هەزار  232 دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە. دەشڵێت، لەو بڕە پێنج ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو بڕە پێنج ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و 279 ملیۆن و 484 هەزار و 232 دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.  

هاوڵاتی لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک لە ئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی تانکییەکی گاز، دوو منداڵی تەمەنی هەشت ساڵان و نۆ ساڵان سووتان، ڕێژەی سووتاوی یەکێکیان %90  زیاترە. ئەمڕۆ پێنجشەممە،25ی تەمووزی 2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک بە میدیاکانی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەمان لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سەربانی ماڵێک، کە هۆکارەکەی تەقینەوەی تانکییەکی گاز بووە ،دەشڵێت، تیمەکانمان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئاگرەکەوە دوو منداڵ سووتاون. دەشڵێت، ڕێژەی سووتانی یەکێك لە منداڵەکان زیاترە لە 90% و ئەوەی دیکەیان ڕێژەی سووتاوییەکەی %25 و هەردووکیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. لەبارەی چۆنێتی ڕووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، ئەو دوو منداڵە لە سەربانی ماڵەکەیاندا یارییان کردووە و دەستکاریی حەنەفیی تانکیی گازەکەیان کردووە و ئاگریان کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئەو کارەساتە.    ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و دانانی تانکی نەوت لەبەر تیشکی خۆر جۆرە گازێک دروست دەکات و دەبێتە هۆی خێرا گڕگرتن و تەقینەوەی.

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا، پیرۆزبایی ئاراستەی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەکە کردووە دەڵێت، لەم ياده‌دا پێزانينم بۆ ڕۆڵى ديارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ژيانى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سياسيى عێراقدا ده‌رده‌بڕم، هه‌روه‌ها به‌ رێزه‌وه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانم.   دەقی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان:   له‌ يادى پازده‌ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز عومه‌ر سه‌يد عه‌لى و به‌ڕێزان هه‌ردوو جڤاتى نيشتمانى و گشتى و ته‌واوى ئه‌ندامان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.   وێڕاى داكۆكى له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكاريى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگيى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌م ياده‌دا پێزانينم بۆ ڕۆڵى ديارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ژيانى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سياسيى عێراقدا ده‌رده‌بڕم، هه‌روه‌ها به‌ رێزه‌وه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانم.   نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  

هاوڵاتی لە کاتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی سەعد لە شارۆچکەی تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە کە 14ڕووفاتی تێدا بوو، تا ئێستا ناسنامەیان نەزاندراوە. میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە، دوێنێ لە کاتی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەیەک لە گەڕەکی سەعد لە شارۆچکەی تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە، کە 14 ڕووفاتی تێدا بووە. دەشڵێن، تا ئێستا ناسنامەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە نەزاندراوە و لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. جێگەی ئاماژەیە، لە ساڵی 2014 کاتێک چەکدارەکانی داعش ڕوویان لە سنوری پارێزگای نەینەوا و ناوچەکانى دیکەى عێراق کرد، چەندین کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا و تەرمی ئەو هاوڵاتییانەى کۆمەڵکوژ کران چەکدارەکانی داعش لەچەندین گۆڕی بە کۆمەڵدا شاردوونییەتەو و لەدوای ئازادکردنى ئەو ناوچانە ئێستا ناوە ناوە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەدۆزرێنەوە.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، دەبێت ئەو نەوتەی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکراوە بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی سوریا. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، ڕایگەیاند، سەبارەت بە به‌ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان، نیازى په‌لاماردانى نه‌شاردوه‌ته‌وه‌ و دەڵێت، دەبێت سوریا لەو چه‌كدارانه‌ پاکبکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە عەرەبیانییەی پەکەکە داگیریکردون، پەکەکە دەستی بەسەر دامەزراوە نەوتییەکاندا گرتوە، ئەمەش واتە داگیرکردنی سەرچاوەی بژێویی‌و داهاتی خەڵکی سوریا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێویستە شەڕی ئەو گروپە بکرێت بۆ ئازادکردنی ناوچە نەوتییەکان‌ و سەرچاوەی وزەی‌و گەڕاندنەوی بۆ خەڵکی سوریا، چونکە بەدڵنیاییەوە پەکەکە فرۆشتنەوەی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەو داهاتەکەی شەڕی دژی خەڵکی سوریاو حکومەتی تورکیا کردووە. هاکان فیدان ئەوەشی خستۆتەڕوو، تورکیا هاوشێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەبەرزترین ئاستی سیاسیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو پرسەکان بۆ چارەکردنی کێشەو ناکۆکییەکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن، ئەمەش داواکارییەکی گرنگ‌و بەنرخە، هەربۆیە پێویستە کۆبونەوەو گفتوگۆ بۆ چارەکردنی کێشەکان بکرێت.        

هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە، بە تۆمەتی بە قاچاغبردنی نەوت لە كەركوكەوە بۆ پاڵاوتگەی كار لە هەرێمی كوردستان، چوار تۆمەتبار لە كەركوك دەستگیركران و وەک گاڵتەپێکردنێکیش دەڵێت، "بە قاچاغبردنی نەوت بوونی نیە". مستەفا سەند، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی: بە تۆمەتی بە قاچاغبردنی نەوت لە كەركوكەوە بۆ پاڵاوتگەی كار لە هەرێمی كوردستان هێزێكی بەغدا چوار تۆمەتباریان لە كەركوك دەستگیركردووە، لای خۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی بە قاچاغبردنی 21 ملیۆن لیتر لە پێكهاتە نەوتیەكان پوچەڵ بكاتەوە. لەم بارەیەوە، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، دۆسیەی بە قاچاغبردنی پێكهاتە نەوتیەكان لە گرنگترین ئەو دۆسیانەن، كە فەرماندە ئەمنیەكان كاری لەسەر دەكەن بە تایبەت پۆلیسی وزە. میقداد میری ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە نیوەی یەكەمی ئەم ساڵدا، وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی بە قاچاغبردنی 21  ملیۆن لیتر لە پێكهاتە نەوتیەكان پوچەڵ بكاتەوە. ئاماژەشی بەوەداوە، ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەت گرتویەتیەبەر بۆ ڕێگرتن لە پرۆسەكانی بە قاچاغبردن، بۆ هۆی كەمكردنەوەی بە ڕێژەی 98%، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەشی كە لەو شەش مانگەدا دەستی بەسەرداگیراوە و لە پرۆسەی بە قاچاغبردندا بەكارهێنراون، گەیشتووەتە 404 ئۆتۆمبیل، لەگەڵ ئاشكراكردنی 532 شوێندا.

هاوڵاتی چوار لەو کەسانەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون، بە بڕیاری دادگایەکی بەغدا ئازادکران. بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دوێنێ سێشەممە 23ی تەموزی 2024 لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا دەرچووە، دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی چوار کەسی دەرکرد کە تۆمەتبارن بە هێرشەکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی. ئەو کەسانەی ئازادکراون لە هێزەکانی حەشدی شەعبین و لەو هێزەدا بەرپرسیاریێتییان هەیە، نیشتەجێی پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدینن، ئەوانەی ئازادکراون پێکدێن لە: - موحسین سەلمان مەجید حەسەن - عەلی جەعفەر مستەفا شەهبار - محەممەد هاشم کازم ئیبراهیم - عەباس جاسم محەممەد عەلی دادگا ئاماژە بەوەدەدات، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دراوەتە پاڵ ئەو چوار کەسە، هەڵدەوەشێتەوە و ئازاد دەکرێن. جێگەی ئاماژەیە، ئەمساڵ چەند جارێک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکان بە مووشەک و درۆن بوون، لەوانە هێرشەکانی 25ی کانوونی دووەم و 26ی نیسان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراوبوون و ئازادکراون، بەهۆی هێرشەکەی 26ی نیسانی ئەمساڵ بووە، کەگیانلەدەستدانی چوار کارمەندی کێڵگەکەی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی لە کەناری مۆریتانیا کەشتییەک کە 300 سەرنشینی هەڵگرتبوو ژێر ئاوکەوت، لە ئەنجامدا 15 کەس خنکان و 150 کەسیش بێسەروشوێنن. ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، "ئەمڕۆ لە کەناری مۆریتانیا کەشتییەک کە 300 سەرنشینی تێدابووە ژێرئاوکەوتووە، لە ئەنجامدا 15 کەس خنکاون و زیاتر لە 150 کەسیش بێسەروشوێن بوون". ڕێکخراوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی مۆریتانیا 120 کەسیان ڕزگارکردووە، کە 10یان بەخێرایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان، هاوکات هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی کەسە ونبووەکان.

هاوڵاتی زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی مەتینا: ڕۆژی ٢٣/٧ کاتژمێر٢:٣٠ی دوای نیوەڕۆ، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە کۆلکا کردە ئامانج و بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی  جموجۆڵەکەیان ڕاگرت. ڕۆژی ٢٣/٧  کاتژمێر ١٠:٣٠ی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان لە جموجۆڵی کۆپتەرە هێرشبەرەکانی تورکیادا کرد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە شیلازێ و هەلیکۆپتەرەکانیان ناچارکرد بۆ پشتەوەی بەئامانجکردنەکە هەڵبێن. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: رۆژی ٢٢/٧ کاتژمێر٩:٠٠ ی بەیانی، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سوپای داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی کردە ئامانج. لە ٢٣/٧ کاتژمێر ١:١٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد، دوای چاودێریکردنی جوڵەی سەربازانی داگیرکەر، بۆ ئاشکراکردنی ناوچەکەیان لە ڕێگەی تاکتیکی قەناس بەدەستەکانەوە، پەردەیەکی سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و سەربازێکی داگیرکەریان لەناو برد. لە ٢٣/٧  کاتژمێر٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، چەکدارانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد دوای چاودێریکردنی جموجوڵەکانی سەربازانی داگیرکەر، لە ڕێگەی تاکتیکی قەناس بەدەستەکانەوە، سەربازێکی داگیرکەریان کردە ئامانج. لە ٢٢/٧  کاتژمێر ٧:٤٨ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی پاراستنی گەل بە بەکارهێنانی تاکتیکی مینچاندن، سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٢٣/٧، کاتژمێر ٠٤:٤٥، قەناس بەدەستەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی سوپای داگیرکەریان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێکی داگیرکەر کوژرا. ڕۆژی ٢٣/٧ کاتژمێر ٩:٤٥ خولەکی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەردا کرد. دوای بە ئامانجگرتنیان ناچاربوون لە ناوچەکە دوور بکەونەوە. ٣. ناوچەی کاری: ڕۆژی 23/٧ کاتژمێر ١٠:٠٠ ی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی حەفتاباخ دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی سوپای داگیرکەردا کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە بۆمبی قەدەغەکراو: ڕۆژی ٢٢/٧ سوپای داگیرکەری تورکیا تونێلەکانی بەرخۆدانی لە گردی ئامێدی بە بۆمبی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٥. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣/٧، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ٦ جار هێرشی ئاسمانیان کردە سەر ناوچەکانی شەهید شەریف، لۆلان، سەنینە و بەربەزنە لە خاکورکە. لە دەشتا کافیا، زینکڵ و کانی سارکییش لە کاری ٤ جار هێرشیان کرد، لە گردی بەهاریش لە ناوچەی شەهید دەلیل جارێک هێرشیان کرد، لە لیفجی و گردی هیواش لە قەندیل ٤ جار هێرشیان کرد و لە ناوچەی بیشیلیش لە مەتینا جارێک هێرشیان کرد، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٦ هێرشی ئاسمانی. ئەم هەڵمەتانە بووە هۆی  ئاگرکەوتنەوە لە زۆربەی ناوچەکان، کە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ڕۆژانی ٢٢ و ۲۳/٧، هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ناوچەکانی دەشتا کاڤیا و حەفتاباخیان لە کاری، ناوچەکانی شەهید شەریف و شەهید کەریم لە خاکورکە، ناوچەی سێری مەتینا لە مەتینا و گردی بەهاریان لە ناوچەی شەهید دەلیل، لە ڕۆژئاوای زاب بۆردومان کرد. ٢٤/٧/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی لاهوور شێخ جەنگى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لیو جیون کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، دەمانەوێت گۆڕانکاری و چاکسازی گەورە لە دەسەڵات و حکومڕانی ئەنجامبدەین، کە پێشتر نەتوانراوە بکرێت. ئەمرۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، لاهوور شێخ جەنگی پێشوازییکرد لە لیو جیون، کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بیرورایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان. هەروەها باس لە، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستانکرد و گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنمان دووپاتکردەوە لە وادەی دیاریکراودا. ئاماژەیان بۆ ئەو پرۆژە و پلانانەکرد کە وەک بەرەی گەل ئامادەمانکردووە کە دەمانەوێت بیکەینە بەرنامەی لیستەکەمان بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە گۆڕانکاری و چاکسازی گەورە  لە دەسەڵات و حکومڕانی ئەنجام بدەین کە پێشتر نەتوانراوە بکرێت. لە کۆتایی دیدارەکەدا گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستانمان لە بوارەکانی کەلتوری بازرگانی و ئابوری و تەواوی بوارەکانیتر دووپاتکردەوە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ن بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەدەکات. د.سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی  رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەکراوە، بڕیارەکە بەو جۆرەیە لەمەودوا لە جیاتی کیسەی نایلۆن دەبێت کیسەی کاغەز بەکاربهێنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رووی زانستییەوە کیسەی نایلۆن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە". جێی ئاماژەپێدانە، لەبەر ئەم هۆکارانە لە ئێستادا لە جیهان کیسەی کاغەز وەک و جێگرەوەیەک لە جیاتی کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنرێت . 

هاوڵاتی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەڵکی شاری مەهابادە و نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوەچووە. پەخشان عەزیزی، ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت،  تەنها لە سنووری كەركوك 531 حەوزی ماسى، کە مەترسیبوون لە سەر ڕووبارەکان و 171 حەوزی ماسی دیكەش، مەترسیبوون لەسەر ئاوی ژێر زەوی پڕكرانەوە. ئەمڕۆ چورشەممە، 24ی تەمووزی 2024، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە بارەی ئەنجامدانی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕووبارەكان و پڕكردنەوەی سەدان حەوزی ماسی نایاسای لە كەركوك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، لە سەرەتایی دەستپێكردنی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر ڕووبارەكانەوە تا ئێستا، تەنها لە سنووری كەركووك 531 حەوزی ماسى، کە مەترسیبوون لە سەر ڕووبارەکان پڕكرانەوە، هەروەها  171 حەوزی ماسی دیكەش، مەترسیبوون لەسەر ئاوی ژێر زەوی پڕكرانەوە. ئەوەش خراوەتەروو، هەماهەنگییەكی ئاست بەرز لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان هەیە بە مەبەستى پاڵپشتیكردن لە تیمەكانی لابردنی پێشێلكارییەكان. ئەو لیژنەیەی، كە ئەركی لابردنی سەرپێچییەكانی پارێزگای كەركوكى لە ئەستۆیە بەردەوامە لە كارەكانی پڕكردنەوە و لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر ئاوی ژێر زەوی. جێگای ئاماژەیە، لە دوای گۆڕانی كەشو هەوا و گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی د توركیاوە، حكومەتی عێراق بۆ دەربازبوون لە مەترسییەكان، دەستیكرد بە لابردنی ئەو سەرپێچیانەی كە لەسەر ڕووبارەكان درووستكراون، هەڵمەتەكە نزیكەی دوو ساڵە بەردەوامە.  

هاوڵاتی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دایە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە. میدیاكانی توركیا سەبارەت بە ناردنی هاوكاری سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، زانیاری بڵاو دەكەنەوە. میدیاكان ئاماژەیان بەوە كردووە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە، ناو بە ناو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە لەو بنكەیەكەدا دەمێنێتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوكارییە سەربازییەكە لە عێراقەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە و لە 40 ئۆتۆمبێل پێك هاتووە كە زرێپۆشی جۆری Bradleyیشیان لەنێودا بووە، هەروەها كاروانە سەربازییەكە چەك و تەقەمەنی، كابینە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری Avenger ی لەخۆ گرتووە. ئاماژە بەوەشكراوە، چوار جۆرە لەو سیستەمەی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی ئەو بنكە سەربازییە كراون، ئەم جۆرە سیستەمانە ئامانجەكەیان لە دوری 443 كیلۆمەتر دەپێكێت، زیاتر لە دژی دۆرن، ئەو فڕۆكانەی نزم دەفڕن و هەلیكۆپتەر بەكار دەهێندرێت. میدیاكانی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكەن، سیستەمەكە بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، پێشتریش باس لەوە دەكرا كە گوایە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، بەڵام هیچ لێدوانێكی فەرمی لە لایەن ئەمریكاوە لەسەر ئەو بابەتە نەدرا. ڕەوانەكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان تا ئێستا بەردەوامە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەسەدە كوژراون، هەر لەماوە پێشتریش توركیا هەوڵی دا لە ڕێگای هێرشێكی درۆنییەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی مەزڵوم كۆبانێ بكوژێت.

هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان کرایەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی تەمووزی 2024، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی ئارەزووی چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەیە دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بكات. دەشڵێت، داواكار دەتوانێت سەردانی نووسینگەی دەستەی هەرێم لە هەولێر بكات یاخود لە رێگای ماڵپەری كۆمسیۆنەوە فۆرم و تەواوی پێداویستییەكان وەربگرێت. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاریکردووە و هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت. پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامدا 13 پارتی سیاسی، دوو هاوپەیمانی، 124 كاندیدای تاكەكەسیی كە 19یان لە پێكهاتەی مەسیحین و 20یشیان توركمانن، تۆمار كراون.