هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ن بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەدەکات. د.سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی  رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەکراوە، بڕیارەکە بەو جۆرەیە لەمەودوا لە جیاتی کیسەی نایلۆن دەبێت کیسەی کاغەز بەکاربهێنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رووی زانستییەوە کیسەی نایلۆن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە". جێی ئاماژەپێدانە، لەبەر ئەم هۆکارانە لە ئێستادا لە جیهان کیسەی کاغەز وەک و جێگرەوەیەک لە جیاتی کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنرێت . 

هاوڵاتی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەڵکی شاری مەهابادە و نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوەچووە. پەخشان عەزیزی، ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت،  تەنها لە سنووری كەركوك 531 حەوزی ماسى، کە مەترسیبوون لە سەر ڕووبارەکان و 171 حەوزی ماسی دیكەش، مەترسیبوون لەسەر ئاوی ژێر زەوی پڕكرانەوە. ئەمڕۆ چورشەممە، 24ی تەمووزی 2024، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە بارەی ئەنجامدانی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر ڕووبارەكان و پڕكردنەوەی سەدان حەوزی ماسی نایاسای لە كەركوك، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەڵێت، لە سەرەتایی دەستپێكردنی هەڵمەتی لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر ڕووبارەكانەوە تا ئێستا، تەنها لە سنووری كەركووك 531 حەوزی ماسى، کە مەترسیبوون لە سەر ڕووبارەکان پڕكرانەوە، هەروەها  171 حەوزی ماسی دیكەش، مەترسیبوون لەسەر ئاوی ژێر زەوی پڕكرانەوە. ئەوەش خراوەتەروو، هەماهەنگییەكی ئاست بەرز لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان هەیە بە مەبەستى پاڵپشتیكردن لە تیمەكانی لابردنی پێشێلكارییەكان. ئەو لیژنەیەی، كە ئەركی لابردنی سەرپێچییەكانی پارێزگای كەركوكى لە ئەستۆیە بەردەوامە لە كارەكانی پڕكردنەوە و لابردنی زیادەڕۆییەكانی سەر ئاوی ژێر زەوی. جێگای ئاماژەیە، لە دوای گۆڕانی كەشو هەوا و گرتنەوەی پشكی ئاوی عێراق لەلایەن دەوڵەتی د توركیاوە، حكومەتی عێراق بۆ دەربازبوون لە مەترسییەكان، دەستیكرد بە لابردنی ئەو سەرپێچیانەی كە لەسەر ڕووبارەكان درووستكراون، هەڵمەتەكە نزیكەی دوو ساڵە بەردەوامە.  

هاوڵاتی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دایە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە. میدیاكانی توركیا سەبارەت بە ناردنی هاوكاری سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، زانیاری بڵاو دەكەنەوە. میدیاكان ئاماژەیان بەوە كردووە، لەچوارچێوەی كاروانی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا لە لە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی بنكەی سەربازی خۆی كردووە، ناو بە ناو مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی هەسەدە لەو بنكەیەكەدا دەمێنێتەوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوكارییە سەربازییەكە لە عێراقەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە و لە 40 ئۆتۆمبێل پێك هاتووە كە زرێپۆشی جۆری Bradleyیشیان لەنێودا بووە، هەروەها كاروانە سەربازییەكە چەك و تەقەمەنی، كابینە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری Avenger ی لەخۆ گرتووە. ئاماژە بەوەشكراوە، چوار جۆرە لەو سیستەمەی بەرگریی ئاسمانی ڕەوانەی ئەو بنكە سەربازییە كراون، ئەم جۆرە سیستەمانە ئامانجەكەیان لە دوری 443 كیلۆمەتر دەپێكێت، زیاتر لە دژی دۆرن، ئەو فڕۆكانەی نزم دەفڕن و هەلیكۆپتەر بەكار دەهێندرێت. میدیاكانی توركیا بانگەشەی ئەوە دەكەن، سیستەمەكە بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، پێشتریش باس لەوە دەكرا كە گوایە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەسەدە ڕەوانە كراوە، بەڵام هیچ لێدوانێكی فەرمی لە لایەن ئەمریكاوە لەسەر ئەو بابەتە نەدرا. ڕەوانەكردنی ئەو هاوكارییانە لە كاتێكدایە، هێرشە درۆنییەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان تا ئێستا بەردەوامە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەسەدە كوژراون، هەر لەماوە پێشتریش توركیا هەوڵی دا لە ڕێگای هێرشێكی درۆنییەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی مەزڵوم كۆبانێ بكوژێت.

هاوڵاتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵاوی كردەوە، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان کرایەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی تەمووزی 2024، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، دەرگای پێشكەشكردنی داواكاری و ناو تۆماركردن بۆ تیمەكانی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، هەر لایەنێكی نێودەوڵەتی ئارەزووی چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی هەیە دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بكات. دەشڵێت، داواكار دەتوانێت سەردانی نووسینگەی دەستەی هەرێم لە هەولێر بكات یاخود لە رێگای ماڵپەری كۆمسیۆنەوە فۆرم و تەواوی پێداویستییەكان وەربگرێت. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دیاریکردووە و هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت. پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، لە ئەنجامدا 13 پارتی سیاسی، دوو هاوپەیمانی، 124 كاندیدای تاكەكەسیی كە 19یان لە پێكهاتەی مەسیحین و 20یشیان توركمانن، تۆمار كراون.  

هاڵاتی بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە، فەرمانبەرانی کارەبای سلێمانی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بایکۆتی دەوام بکەن. به‌هۆى وه‌رنه‌گرتنى موچه‌كانیان، فه‌رمانبه‌رانى كاره‌باى سلێمانى بڕیاریانداوه‌ سبه‌ینێ بایكۆتى ده‌وام بكه‌ن، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تى كاره‌با ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا هیچ هه‌واڵێكى دڵخۆشكه‌ر له‌باره‌ى موچه‌كانیانه‌وه‌ نییه‌. سەرچاوەیەک لە کارەبای سلێمانی ڕایگەیاندووە، وا نزیك ده‌بێتە‌وه‌ له‌دوو مانگ، فەرمانبەرانی کارەبای سلێمانی مووچه‌مان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌شى بۆ چاره‌سه‌رى موچه‌ دراون، هیچ ئه‌نجامێكیان نییه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ سبه‌ینێ بایكۆتى ده‌وام بكه‌ین. لەم بارەیەوە، سیروان محه‌مه‌د وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاره‌باى سلێمانى ڕایگه‌یاند، ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ وه‌كو كاره‌با بزانین، لیژنه‌یه‌ك له‌به‌غداوه‌ هاتوه‌ته‌ هه‌رێم‌و وردبینى له‌لیستى موچه‌ى وه‌زاره‌تى كاره‌بادا كراو دواتر لیسته‌كان برانه‌وه‌ به‌غدا، ئیتر ئێمه‌ هیچ زانیاریه‌كى دیكه‌مان نییه‌، هه‌ر زانیارییه‌كى نوێ هه‌بێت لاى وه‌زاره‌تى داراییه‌. سەرچاوە، شارپرێس

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی تەمووزی 2024، سامان نادر بەرپرسى سەنتەرى فریاکەوتنى سلێمانى ڕیگەیاند، لە ڕووداوێکى هاتوچۆدا کەسێک گیانیلەدەستدا وچوار کەسی دیکەش برینداربوون. سامان نادر، دەشڵێت، ڕووداوەکە لەسەر رێگاى سلێمانى-عەربەت روویداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ گواستنەوەی تەرمەکە و بریندارەکان. بە پێی زانیارییەکان،رووداوەکە لەنێوان تەکسییەک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا بووە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی تەمووزی 2024، یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 81.14 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. دوای سێ رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی نەوت بەرزبووەوە. لە سێ رۆژی ڕابردوودا نەوتی خاوی برێنت 5٪ی بەهاکەی لەدەستداوە.    هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو دەگەڕێتەوە کە لەلایەن پەیمانگەی نەوتی ئەمریکاوە بڵاوکرانەوە و تێیدا دەرکەوتووە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی ڕابردوو کەمیکردووە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی شاندی دانووستانکاری هێزەکانی ئەمەریکا داواکارییەکانی شاندی عێراق دەباتەوە واشنتن بۆ ئەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تاوتووێ بکەن. ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی تەمووزی 2024، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، چوار سەرچاوەی عێراقی ئاشکرایان کردووە، عێراق دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵدا دەست بە کشانەوە هێزەکانیان بکەن و تا مانگی ئەیلولی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە کارەکانی هاوپەیمانان بهێنن. جێگەی ئاماژەیە، دوێنێ دووشەممە، 22ی تەمووزی 2024، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی سەربازی عێراق، کە نوێنەری پێشمەرگەشی تێدا بووە بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوە دابوو لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمەریکا بەدواداچوونیان بۆ جموجووڵ و تواناکانی داعش کردووە، لەگەڵ توانای هێزەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش. وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ئەوەشی خستۆتەڕوو، کۆبوونەوەی ئەمنیی ئەمەریکا و عێراق ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی هەردوو وڵاتە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی ئەمنی لەسەر بنەمای کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمەریکا و عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا و وەک ڕێزلێنانێکە بۆ یادی 10 ساڵەی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق. بە گوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان و کاربەدەستانی ئەمەریکا، گوایە هەڵوێستی عێراق لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە واشنتن گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی یان دانانی خشتەیەکی پەیوەندیدار بە کشانەوەی هێزەکان نەکراوە.

هاوڵاتی وتەبێژی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، له کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەکەیان سێ ڕۆژ مۆڵەتی بە هێزە سوننەکان داوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان (سالم عیساوی - مەحمود مشهەدانی). حوسام ڕوبەیعی وتەبێژی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوە ئەمڕۆی چوارچێوەکەیان بۆ میدیا عێراقیەکان دەدوێت. حوسام ڕوبەیعی ڕایگەیاند، چوارچێوەکەیان گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەرگیز بەڕێوەناچێت، بەبێ ئەوەی پێکهاتەی سوننە لەسەر کاندیدی سەرۆک پەرلەمان ڕێکبکەون. ئاماژەی بەوەشکرد، هەموارکردنەوەی مادەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و کردنەوەی دەرگای کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕەتدەکرێتەوە چونکە لەگەڵ بڕگەکانی دادگای فیدراڵیدا ناکۆکە. ئەوەشی خستەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی سێ ڕۆژ مۆڵەتی بە هێزە سوننەکان داوە بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکان (سالم عیساوی - مەحمود مشهەدانی). جێگای ئاماژەیە، 18ی ئایار دانیشتی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی دوو كاندیدی سەرەكی ئەو پۆستە بوون، لە دانیشتنەكەدا دوو خولی دەنگدان بەڕێوەچوو، تیایدا دەنگەكانی سالم عیساوی لە پێش دەنگەكانی مەحمود مەشهەدانییەوە بوو، دواتر پەرلەمانتارانی تەقەدووم لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزییان درووست كرد، نەیانهێشت كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆیە دانیشتنەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

هاوڵاتی دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێم باجی لەسەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان لابرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوێکی فەرمی سەبارەت بە‌لێخۆشبوون لە باجی سەر چەند  چەند کار و پیشەیەکی هاوڵاتیان بڵاوکردووەتەوە. لە نوسراوەکەدا هاتووە، بەفەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاوڵاتییان و پیشەوەران له هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە ڕاگرتنی وەرگرتنی باج لەسەر چێشتخانە و هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتییەکان و سەمونخانە و نانەواخانەکان و زەوییە بەتاڵەکان. ئەم بڕیارەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، کە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدابوو هەولێر سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات، لە سەرەتادا هەرێم ڕازی نەبوو بەپێدانی ئەو داهاتانە بە‌ بەغدا، بۆیە چەند جارێک کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم درووست بوو و موچەکانیان دواکەوت. دوای چەند سەردانێکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی عێراق، لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم ناچارکرا سەرجەم داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، لەبەرامبەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا.  

هاوڵاتی ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاری لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون. ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی تەمووزی 2024، ناوەندی تۆماری بەڵگەی پێشێلکاریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند ، کە دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خۆیدا سەدان داعشی هێناوەتە ناو خاکی باشووری کوردستان و لە سنووری پارێزگای دهۆک جێگیری کردوون و ئەو داعشانە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لە کامپی تایبەتی سەربازیی مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێن. لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی تۆماری بەڵگەشدا هاتووە، دەوڵەتی تورکیا ئەو داعشە سوورییانەی کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆی کردوونەتەوە، لەبەرامبەر بەڵێنی پارە و پێدانی چەک و هاوکاریی، ڕازی کردوون بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ باشووری کوردستان و بەکارهێنانیان لە داگیرکردنی باشووری کوردستاندا. لە ڕاپۆرتەکەدا لەبارەی ژمارە و ناسنامەی ئەو داعشانەوە ئەوە خراوەتەڕوو، زیاتر لە 300 داعشن و لە ناوچەی بەرواری باڵا و سنووری پارێزگای دهۆک لە باشووری کوردستان، لەناو بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیادا جێگیر کراون.  

هاوڵاتی سەرۆكی لیستی بەرەی گەل، كار و چالاكییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان چردەكاتەوە. لاهور شێخ جەنگی دەستی بە جووڵە سیاسیەكانی كردووە بە هەردوو ئاڕاستەی ناوخۆیی و دەرەكی، هاوڵاتی زانیویەتی كە هەفتەی رابردوو لاهور شێخ جەنگی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیای كردووە و لە نزیكەوە چەند بەرپرس و كاربەدەستێکی ئەو دوو وڵاتەی بینیوە. لەناوخۆی كوردستانیش كەوتۆتە جووڵە و خەڵك بینین. هەروەها هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە كە بەرەی گەل بڕیاری داوە لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگاكەی كوردستان هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی فراوان دەستپێبكەن. لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ لەشاری هەولێر بەشێكی زۆری هەوادار و خەڵكی ئاسایی ئەو شارەی بینیوە.

هاوڵاتی نوسراوێك كه‌ له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا له‌ ئەمینداریێتیی‌ گشتیی ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عێراق ده‌رچووه‌، داوا لە فەرمانگەکان دەکات لە نوسراوەکانیاندا پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستان (پەکەکە) وەک رێکخراوی قەدەغەکراو ناوبهێنن. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش نوسراوێكی دیكه‌ له‌ 14ی تەمموزی‌ 2024 به‌ واژووی فەلاح عەبودی‌، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ کارگێڕی‌ لە ئەمینداریێتیی‌ گشتیی‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌رچووه‌ و تیایدا ناوه‌رۆكی بریاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراقی ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی سه‌ربه‌ په‌رله‌مان و نوسینگه‌ی راوێژكاره‌ن كردوه‌ و له‌سه‌ر نوسراوه‌ "گرنگیی پێ بدرێت". ناوه‌رۆكی نوسراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: لە سەر بنەمای‌ نوسراوێکی‌ فەرمانگەی‌ کاروباری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و لیژنەکان لە ئەمینداریێتی‌ گشتیی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، کە لە 28ی ئایاری‌ 2024 دەرچووە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی‌ گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی داوە کاتێک لە نوسراوەکاندا ناوی پەکەکە دەهێنرێت بنوسن "پارتی‌ کرێکارانی‌ کوردستانی‌ قەدەغەکراو. ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا ڕەجەب‌ تەیب‌ ئەردۆغان سەرککۆماری تورکیا هاتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوویەوە، هەردوولا نزیکە 25 یاداشتنامەی لەیەکتێگەیشتیان واژۆکرد، هەروەها تورکیا داوای لە عێراق‌ کرد، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.

  هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەموزی 2024، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕژێمی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئیدلب بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازیی سوپای تورکیا. ئاماژە بەوەکراوە، "بە هۆی هێرشەکەوە چەند کۆگایەکی سوتەمەنی ناو خاڵە سەربازییەکە گڕیان گرتووە"، بەڵام زانیاری دەربارەی ئەگەری زیانی گیانیی ڕانەگەیەندراوە. سوپای تورکیا بە بیانووی دروستکردنی پشتێنەی ئەمنیی لە نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەکانی باکووری سووریادا گرتووە و تا ئێستا چەندین جار حکومەتی دیمەشق داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیای کردووە، بەڵام تورکیا داواکارییەکەی پشتگوێ خستووە.