هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیارانی 2024، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، دوو رۆژە ئاگر لە پارێزگای چاناککالێی تورکیا کەوتۆتەوە تا ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە و 540 کارمەندی بەرگری شارستانی ڕەوانەی شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کراون بۆ کوژاندنەوەی. دەشڵێت، سەرەڕای هەوڵەکان ڕووبەری 575 هێکتار لە پووش و پەڵاش و دارستان سووتاوە و بەهۆیەوە هاتووچۆی گەرووی چاناککالێ ڕاگیراو. ئاماژەی بەوەشداوە، دانیشتووانی دوو گوند بۆ شوینێکی دیکە گواستراونەتەوە، ژمارەکەیان 530 کەسە و ئێستا لە میوانخانەی سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوان دەمێننەوە و هیچ حاڵەتێکی کێشەی تەندروستی یان برینداربوونیش نییە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، سەرەڕای هەوڵەکان ڕووبەری 575 هێکتار لە پووش و پەڵاش و دارستان سووتاوە و بەهۆیەوە هاتووچۆی گەرووی چاناککالێ ڕاگیراو. باسی لەوەشکردووە، بەرگری شارستانیی تورکیا بە نۆ فڕۆکە، شەش هێلیکۆپتەر و 94 تیمی ئاگرکوژێنەرە کە 540 کارمەندی پێکهاتوون هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن. ئەمە دووەم ساڵە ئاگر لە ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگای چاناککالێی باکووری رۆژئاوای تورکیا دەکەوێتەوە، مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بەهۆی سووتانی دارستانەکانی ئەو پارێزگایە تیمەکانی فریاکەوتن دانیشتووانی 10 گوندیان بەرەو ناوچە پارێزراوەکان ڕاگواست تا دوای کۆنترڵکردنی ئاگرەکە.
هاوڵاتی لە دوو بەلەمە نقوومبووەکەی کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیادا چارەنووسی 75 کۆچبەر دیار نییە. بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکا. ئەمڕۆ چورشەممە 19ی حوزەیرانی 2014، تیمێکی فریاگوزاریی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە 61 کۆچبەری تێدا بووە، لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپەدووسا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و توانیویانە 51 لەو کۆچبەرانە رزگار بکەن و 10 کۆچبەریش خنکاون. جێگای ئاماژیە، پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا رۆژی دواتر رایگەیاند، بەلەمێکی دار کە 72 کۆچبەری تێدابووە، لە نزیک نیمچەدوورگەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا تێکشکاوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیان 60 کۆچبەر بێسەر و شوێنن.
هاوڵاتی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە هیندستان پێنج کەس گیانیان لە دەستدا. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، میدیاکانی هیندستان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە نیودەلهی پایتەختی هیندستان، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. لەم بارەیەوە زانایان رایانگەیاند، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤەوە دۆخەکە خراپتر بووە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، بەردەوام دەبین لەكاركردن لەگەڵ عێراق و هاوبەشەكانمان لە ناوچەكەدا. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، جەنەڕاڵ پاتریك رایدەر, وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزە چەكدارەكانی عێراق, بەشداریكردووە لە سنورداركردنی توانای رێكخراوی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستی. ئەوەشی خستۆتەڕوو، كاردەكەین لەگەڵ حكومەتی عێراق و هاوبەشەكانی ترمان لە ناوچەكە, بە هێزی پێشمەرگەشەوە, بۆ دەستنیشانكردنی ئەو هەڕەشانەی داعش دروستی دەكات و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی. سەبارەت بەتواناکانی پێشمەرگە و ڕۆڵیان لە لاوازکردنی داعشدا ئاماژەی بەوەدا، بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق, چالاك بووە بۆ لاوازكردنی تواناكانی داعش, ئەوەش گوزارشت لە توانای چالاكی ئەو هێزانە دەكات كاتێك پێكەوە كاردەكەن. دەشڵێت، زامنی پێدوایستیەكانی هاوبەشەكانمان دەكەین بۆ ئەوەی رێكخراوی داعش جارێكی تر نەگەرشێتەوەو بەتەواوی لەناوببرێت.
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی بەغداد هەشت ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە و بەمەش فشار بۆسەر خزمەتگوزارییەکان دروستبووە. ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی بەغداد هەشت ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش فشاری بۆ خزمەتگوزارییەكان دروستكردووە و پێویستە كەرتی خزمەتگوزاری لە شارەكەدا زیاتر گەشەی پێبدرێت. سودانی، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی بەغداد ئەوەی خستەڕوو، گرنگە كەرتی خزمەتگوزاری لە شاری بەغداد گەشەی زیاتری پێبدرێت بە جۆرێك لەگەڵ گەشەی دانیشتوانی شارەكە بگونجێت كە لەئێستادا 8 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.
هاوڵاتی بڕیارە ڤلادیمیر پوتین ئیمزا لەسەر رێککەوتنی ستراتیژی گشتگیر لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور بکات. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە پیۆنگ یانگ و لەگەڵ کیم جۆن ئون رێبەری کۆریای باکوور کۆبووەوە. ئامانج لە سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور بەو پێیەی لە راگەیەندراوەکەی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیادا هاتووە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگە. کۆشکی سپی لەی خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە، کە نیگەرانن لەسەردانی سەرۆکی رووسیا بۆ کۆریای باکوور و داوای لە رژێمی پیۆنگ یانگ کرد خۆی بەدووربگرێت لە هاوکاریکردنی سەربازی رووسیا. دوێنێ سێشەممە 18ی حوزەیران، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا کرملن بڵاوی کردەوە، کە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە کۆریای باکوور و دواتریش بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە ڤییەتنام. کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لەسەر بانگهێشتی کیم جۆن ئون ڕێبەری باڵای کۆریای باکوورە و بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 10 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. جێگای ئاماژەیە، کە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا نزیکەی 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 67 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەمەش لە کاتێکدایە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا رۆژی سێشەممە نزیکەی 1 دۆلار بەرزبوونەوە دوای ئەوەی ئۆکراینا تێرمیناڵێکی نەوتی رووسیای بە درۆن کردە ئامانج و هەروەها لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریی دا بە لوبنان لەسەر ئەوەی شەڕێکی گەورە لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان دەست پێدەکات.
هاوڵاتی بەرگریی شارستانیی هەولێر و پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر روونکردنەوە دەدەن و هۆشداری دەدەن. ئەمشەو سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، موقەدەم شاخەوان محەمەد، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمشەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە چەند رۆژێکە چەندین ئاگری نەخوازراو لەناو هەولێر و دەوروبەری دەکەونەوە، هەندێکیان بەدەستی ئەنقەستن و هەندێکیشیان بەهۆی کەمتەرخەمی دەکەونەوە، ئەمڕۆش لە چیای سەفین چەند گەشتیارێک ئاگریان کردەوە و کارەساتی لێکەوتەوە". وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، هۆشداریدا لەوەی هەندێک کەس لە بری تیمەکانی شارەوانی هەڵدەستن بە سووتاندنی پووش و پاشماوە و خاشاک، ئەمانەش هەمووی کاری خراپن، پێچەوانەی ڕێنماییەکانن و پێویستە هاونیشتمانیان خۆیان لەم کارانە بەدووربگرن. لای خۆشییەوە، نەقیب کارزان ساڵح، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "هەر کەسێک پووش و پەڵاش بسووتێنێت، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و سەرجەم ئەو کەسانەی ئەمڕۆ پوش و پەڵاشیان سووتاند دەستگیرکراون".
هاوڵاتی كەشناسیی عێراق پێشبینیدەكات لە كۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو شەپۆلی گەرمایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە بەرەو نزمبوونەوە بڕوات. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق رایگهیاند، "ئەو شەپۆلی گەرمایەی عێراقی گرتووەتەوە پەیوەندیدارە بەو نزم پاڵەپەستۆ گەرمییە وەرزییەی كە لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە هاتوەو بەوەش بەرزترین پلەكانی گەرما لەنێوان 45 بۆ 51 پلەی گەرمیدان لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات". ئاماژەی بەوەکرد، "لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا كاریگەی ئەو شەپۆلە گەرمایە كەمببێتەوە"، هەروەها پێشبینی كردوە كە لە دو رۆژی داهاتودا پلەكانی گەرما لە بەغدا 50 پلەی سەدی بن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا چەند رۆژی داهاتو خۆڵبارینی تێدا نابێت.
هاوڵاتی پارێزەری نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی 2023، و چالاکی مافی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییە، رایگەیاند، سزایەکی نوێ بۆ ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بڕاوەتەوەو جگە لە سزایەک کە پێشتر بۆی بڕابووەوە، یەک ساڵیتر زیندان بە سزاکەی زیاد کرا. مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەمەدی رۆژی سێشەممە 18ی حوزەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "نێرگز محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ بە تۆمەتی چالاکی دژی دەسەڵاتلە لایەن لقی 29ی دادگای شۆڕشی تارانەوە یەک ساڵی دیکە سزاکەی زیادکرا". باسی لەوە کردووە، هۆکاری ئەوەی یەک ساڵ زیندان بە سزای ئەم چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵە زیاد کراوە ئەوەیە کە نێرگز محەمەدی باسی لە دەستدرێژی سێکسی بەرپرسانی زیندان کردووە بۆ سەر " دینا قاڵیباف" رۆژنامەنووسی دەستبەسەرکراو، هەروەها لە زیندانەوە داوای لە خەڵک کردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە 1ی ئازاری 2024 بەڕێوەچوو بایکۆت بکەن. هەروەها نامەی بۆ پەرلەمانی سوید و نۆروێژ نووسیوە دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران. بەپێی وتەی پارێزەرەکەی، دانیشتنی دادگایی کردنی ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ بە بێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکەی رۆژی 8ی حوزەیران بەڕێوە چووەو 1 ساڵ زیندان بە سزاکەی زیاد کراوە. نێرگز محەمەدی لە سێ ساڵی رابردوودا شەش جار دادگایی کراوەو بە گشتی سزای 13 ساڵ و3مانگ زیندانی و 154 قەمچی و دوورخستنەوە و 4 مانگ خۆڵڕێژی و کەناسی لە سەرشەقامەکانی بەسەردا داسەپاوە. نێرگز محەمەدی بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و باسکردن لە دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەی زیندانییە سیاسییەکان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە 4 جار دادگایی کراوە. نێرگز محەمەدی دوای دەستگیرکردنی دینا قاڵیباف لە نیسانی 2024 دا بە ناردنە دەرەوەی نامەیەکی دەنگی لە زیندانەوە وتبووی، "دینا قاڵیباف، رۆژنامەنووس، تۆزێ لەوەپێش بە جەستەی شین هەڵگڕاوەوە لە حاڵێکدا دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەری، هێنرایە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین".
هاوڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە 19ی ئایاری 2024 لە رووداوی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەر گیانی لە دەستدا، چەند رۆژیتر و رۆژی 28ی حوزەیران بەڕێوەئەچێت. 80 کەس خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناونووس کردبوو، بەڵام لە کۆی ئەو 80 کەسە تەنها شەش کەس لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەندکراون. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی لەوانە مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران پەسەند نەکران. لە ئێستادا باس لەوە ئەکرێت ئەم 6 کەسە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران دەیەوێت سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکات. لە بابەتەدا باس لە پەیوەندی هەرکام لە 6 پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران و جۆری پەیوەندییەکانیان، ئەوەی ئاشکرایە ئەم 6 کەسە کە ناویان هاتووە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. کەسانێکیان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپا هەبووەو خۆیان پێشتر ئەندامی سوپای پاسداران بوون. ئەوانیتریشیان ئەگەر خۆشیان ئەندامی سوپا نەبن، بەرپرسی کاروباری بانگەشەکردنیان، پاسدار بوە، وانەی بە پاسدارەکانی سوپا وتۆتەوە یان ئەوەیە لە دەسەڵاتی پێشتریدا جێگرەکەی پاسدار بووە. هەرچەند رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سوپای پاسداران دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وەرنادات، بەڵام یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسی سوپا پاسداران لە سمینارێک لە ژێرناوی " سمیناری روونکردنەوەو لێکدانەوەی پرسەکانی هەڵبژاردن" بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وتی، "هەر کەس لەم هەڵىژاردنەدا براوە بێت، ئەنجامەکەی ئەکرێ 2 شت بێت؛ یەکەم ببێت بە هۆکاری بەرهەمهێنانی هێز، دووهەم هۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئالنگاری"، سوپای پاسداران تەنها هێزێکی سەربازی نییە. سوپای پاسداران و بەسیج وەک بەشێک لە سوپا، لە راستیدا دەسەڵاتی باڵان لە ئێران". لەم راپۆرتەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەر کام لە 6 پاڵێوراوەکان ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران. - محەممەدباقر قاڵیباف قاڵیباف کەسێکە هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵ بە سوپای پاسداران بووە. لە تەمەنی 19 ساڵییەوەو ساڵی 1979 تا 2005 بە فەرمی لە سوپا بووە. ئەمیرعەلی حاجیزادە، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، ئازاری 2024، قاڵیبافی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شارە مووشەکییەکانی سوپاسداران ناوبرد و وەک کەسێک کە بەردەوام لە هەوڵدایە و ماندوو نەناسە ناوی برد و باسی لەوە کرد ئابووری وڵات پێویستی بە کەسی وەک قاڵیباف هەیە. قاڵیباف ساڵی 2005 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاریکرا، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی شارەوانی تاران بوو. لە سەردەمی ئەودا، سوپای پاسداران و بەتایبەت کۆمپانیای " هۆڵدینگ یاس" سەر بە سوپای پاسداران بەشداری راستەوخۆیان هەبوو لە چالاکییە ئابوورییەکانی شارەوانی تاران. تەنانەت ساڵی 2023، ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان بوو، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانی لە بەرژەوەندی سوپای پاسداران گۆڕی. - عەلیڕەزا زاکانی عەلیڕەزا زاکانی هاوشێوەی قالیباف، سەرۆکی شارەوانی تاران بووە. زاکانی 8ی ئابی 2021 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاری کرا. بەڵام جۆری پەیوەندی زاکانی لەگەڵ سوپای پاسداران جیاواز بووە لە جۆری پەیوەندی قاڵیباف. لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق ئەندامی سوپای پاسداران بووەو بەشداری لە جەنگدا کردووەو بریندار بووە، لە سەردەمی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ساڵی 1999 ، کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار کوژران و بێسەروشوێن بوون، ئەندامی بەسیجی خوێندکاریبووەو بەشدار بووە لە سەرکەوتی خوێندکارەکان. ساڵی 2013، ئیسماعیل کەوسەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران پشتیوانی لە زاکانی کرد و وتی :" زاکانی لە سەردەمی ریفۆرمخوازەکاندا ( سەردەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی) یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی بەسیجی خوێندکاری و ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێکرد، ئێمەش پشتیوانیمان کرد لەبەر ئەوەی لە سەردەمی جەنگی 8 ساڵەی عێراق- ئێرانەوە ئەمانناسی. ساڵی 2021، ئەو کاتەی گومان هەبوو لەوەی زاکانی وەک سەرۆکی شارەوانی تاران هەڵبژێردرێت، ماڵپەڕی فارس نیوز، ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسداران، هێرشی کردە سەر رەخنەگرەکانی زاکانی و نووسی :" بە دڵنیاییەوە زاکانی ئەبێت بە سەرۆکی شارەوانی"، نیسانی 2022 زاکانی رایگەیاند ، 5 بنکەی لە تاران دامەرزاندووەو سوپا و بەسیج تێیدا چالاکن. زاکانی، لوتفوڵڵا فرووزەندەی وەک بەرپرسی ناوەندی بانگەشەکردنی خۆی هەڵبژاردووە. فرووزەندە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵی " خۆبەخشانی شۆڕشی ئیسلامی" کە فەرماندە پێشترەکانی سوپای پاسداران تێیدا چالاکن و لە سەرەتای دەیەی 2000 لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دەورێکی گرینگیان هەبوو و بەتایبەت لە دیاریکردنی مەحموود ئەحمەدینژاد وەک سەرۆککۆمار لە ساڵی 2005. - سەعید جەلیلی سەعید جەلیلی بەوە ناسراوە کە کەسێکی توندڕەوەو لە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، بەڵام هاوشێوەی قاڵیباف یان زاکانی پەیوەندی راستەوخۆ و رێکخراوەیی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. بەدەر لەمەش قسەیەک لە زاری قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسدارانەوە دەگێڕدرێتەوە کە وا دەرئەکەوێت قاسم سلێمانی شێوەی بەڕێوەبردنی سەعید جەلیلی بەلاوە پەسەند نەبووە. لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری 2013، سەعید جەلیلی یەکێک بوو لەو کەسانەی پاڵێوراو بوو. موجتەبا زولنوور یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە زاری قاسم سلێمانییەوە گێڕابوویەوە کە وتوویەتی :" ئەگەر جەلیلی ببێت بە سەرۆککۆمار، من یەک رۆژ لە سوپای قودسدا نامێنمەوە." سلێمانی وتبووی ئەو دەیهەوێت هەموو شتەکان لە بەردەست خۆیەوە دەرچێت و ئاگاداری هەموو شتەکان بێت و چەکی بانکی چایچییەکانیش خۆی واژۆی بکات. بە هەموو ئەمانەوە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران پەیوەندییەکای باشیان لەگەڵ سەعید جەلیلی بووەو هەیە. ماڵپەڕەکانی فارس و تەسنیم، رۆژنامەی جەوان و کەناڵی تەلەفیزیۆنی "افق" کەناڵی سوپای پاسداران، لایەنگری لە جەلیلی ئەکەن. هەموو ئەم ماڵپەڕ و رۆژنامە و تەلەفیزیۆنانە سەر بە سوپای پاسدارانن. موحسن مەنسووری، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی سەعید جەلیلی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مەنسووری لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی و بۆ ماوەی زیاتر لە 1 ساڵ، لە تشرینی یەکەمی 2021 ەوە تا تشرینی دووهەمی 2022 ، پارێزگاری تاران بوو و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی وەک بەرپرسەکانی پارێزگا دیاری ئەکرد. - پوورمحەممەدی مستەفا پوور محەممەدی لە دەیەی 1980 و هاوینی 1988 یەکێک بوو لەو کەسانەی بە "لێژنەی مەرگ" ناویان ئەبرا و لەو هاوینەدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران. پوورمحەممەدی لە دەوری یەکەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاد، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو کاتە محەممەد باقر زولقەدری وەک جێگری خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ دیاریکرد. محەممەد باقر زولقەدر لە ئێستادا کەسی دووهەمە لە ناو سوپای پاسداران و جێگری فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانە. - قازی زادە ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، یەکێکیتر لە پاڵێوراوەکانی سەر بە باڵی بناژۆخوازە. لە 6 پاڵێوراوەکە تەنها "پزیشکیان" لە لایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت. ئەمیرحسێن قازی زادە پێشتر بەرپرسی " رێکخراوی شەهید و خۆبەخشەکان" بووە کەسەر بە سوپای پاسدارانە. بێگومان پەیوەندی باشی بووە لە گەڵ سوپای پاسداران. محەممەد رەزا میرشەمسی، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی قازی زادە، پێشتر جێگری بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی زانکۆی " ئیمام حسێن" بووە کە زانکۆیەکە سەر بە سوپای پاسداران. - پزیشیکیان مەسعوود پزیشکیان، پاڵیوراوێکی ئازەرییە کە لە مەهاباد لە دایکبووە، باوکی پزیشکیان دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە بە بەرپرسی سەربازی شارەکە. پزیشکیان کوردییەکی زۆر باش ئەزانێت. بەڵام زۆر دژە کوردە و هەڵوێستەکانی وەک کەسێکی دژە کورد دەرکەوتووە. پزیشکیان تەنها پاڵێوراوێکە لە لایەن باڵی ریفۆرمخوازەوە پشتیوانی ئەکرێت. پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. پزیشکیان بۆ ماوەی 5 دەورە نوێنەری پەرلەمان بووە. لە سەردەمێکدا کە سوپای پاسداران کەوتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، وەک هەموو نوێنەرەکانی پەرلەمان جلی سوپای کردە بەر و لە پەرلەمان ئامادە بوو. کانوونی یەکەمی 2022 لە کاتی وتاردانێکی لە زانکۆ تاران، لە وەڵامی خوێندکارێکدا کە رەخنەی گرتبوو بۆچی جلی سوپای لە بەر کردووە وتی :" ئێستەش جلی سوپا لەبەر ئەکەم، ئەگەر سوپا نەبوایە ئەم وڵاتە دابەش ئەبوو، وڵات نەدەما". پزیشکیان لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێراق – ئێراندا لە بەرەی شەڕ بووەو جلی سوپای لەبەر بووە.
هاوڵاتی لە رووباری خەلان بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان گەشتیارێکی خەڵکی باکووری کوردستان خنکا. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە میدیاکانی راگەیاند، "گەشتیارێکی خەڵکی باکووری کوردستان بەناوی ساوس بەشار کە بۆ گەشتوسەیران هاتووەتە ناوچەکە لە رووباری خەلان بیاو لەسنووری قەزای خەلیفان خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد، "گەشتیارەکە کوردە و تەمەنی 49 ساڵە، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە".
هاوڵاتی له شارى بهسره له باشوورى عێراق كرێكارێك چوار هاوڵاتی کوشتووە و پارچە پارچەی کردوون و فڕێی داون. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "پاش ئهوهى جهستهى پارچه پارچهكراوى دوو كرێكار لهنێو دوو زبڵدانى ناوچهكانى ئەلتوەیسە و دور ئەلنەفت دۆزرانهوه پۆلیسى بهسره دهستیانكرد به پشكنین بهمهبهستى لێكۆڵینهوه له تاوانهكه، پاشان توانرا بهڵكهى تایبهته به تاوانهكه بدۆزرێتهوه”. ئاماژە بەوەشکراوە، "پاش بهدواداچوون دهركهوتووهته كه چوار كرێكار بهههمان شێوهى یهكترى كوژراون و تهرمهكانیان فرێدراوه، كرێكارهكان ههرچواریان ههڵگرى رهگهزنامهى میسرین و له پرۆژهیهكى بیناسازیدا كاريان كردووە، پێشتر كونسوڵخانهى میسر لهسهر دیارنهمانیان زانیارى پێشكهش به پۆلیس كردووه”. ئەوەشخراوەتەڕوو، "تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دانى بهوهدا ناوه كه ئەو چوار کەسەی کوشتووە و تەرمی ئەوانی پارچەپارچە کردووە و لە ناوچە جیاجیاکانی ناوەندی شاری بەسرە حهشاری داون".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، میلیشیای"ئەنساروڵای ئەوفیا"ی عێراقی و حەیدەر غەڕاوی ئەمینداری گشتی میلیشیاكەی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، "بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیای عێراقی, میلیشایەكی هاوپەیمانی ئێرانە و بەشێكە لە گروپی بەرهەڵستكارانی ئیسلامی لە عێراق". ئاماژەی بەوەشکردووە، "واشنتۆن پابەندە بە لاوازكردن و پەكخستنی توانای ئەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بە بەكارهێنانی سەرجەم كەرەستە بەردەستەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پشتیوانیكردنی ئێران لە تیرۆر".
هاوڵاتی بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی ناحکومی لە شاری رەشتی ئێران نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی دیکەش. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە و رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە نەخۆشخانەی قائیمی ئەهلی لە رەشت کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و مانگی سووریش ئامادەی شوێنی ئاگرەکە بوون و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن و نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن". ئاماژە بەوەکراوە، "لە نەخۆشخانەکە 142 نەخۆش هەبوون کە 109 کەسیان لە بەشی ئاسایی و 33 کەسی دیکەیان لە بەشی چاودێریی چڕدابوون، لە ئەنجامی رووداوەکە نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و نەخۆشەکانی دیکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە. ئەوەشخراوەتەڕوو، 26 تیمی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ 75 فریاکەوتن لەگەڵ 26 ئۆتۆمبێل (11 ئەمبولانس، 3 کیتی فریاگوزاری، 12 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری) ڕەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.