هاوڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران کە 19ی ئایاری 2024 لە رووداوی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەر گیانی لە دەستدا، چەند رۆژیتر و رۆژی 28ی حوزەیران بەڕێوەئەچێت. 80 کەس خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە ناونووس کردبوو، بەڵام لە کۆی ئەو 80 کەسە تەنها شەش کەس لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەرانی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەندکراون. ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێشتری کۆماری ئیسلامی لەوانە مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران پەسەند نەکران. لە ئێستادا باس لەوە ئەکرێت ئەم 6 کەسە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە و سوپای پاسداران دەیەوێت سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران دیاری بکات. لە بابەتەدا باس لە پەیوەندی هەرکام لە 6 پاڵێوراوی سەرۆک کۆماری ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران و جۆری پەیوەندییەکانیان، ئەوەی ئاشکرایە ئەم 6 کەسە کە ناویان هاتووە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. کەسانێکیان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ سوپا هەبووەو خۆیان پێشتر ئەندامی سوپای پاسداران بوون. ئەوانیتریشیان ئەگەر خۆشیان ئەندامی سوپا نەبن، بەرپرسی کاروباری بانگەشەکردنیان، پاسدار بوە، وانەی بە پاسدارەکانی سوپا وتۆتەوە یان ئەوەیە لە دەسەڵاتی پێشتریدا جێگرەکەی پاسدار بووە. هەرچەند رەمەزان شەریف، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند، سوپای پاسداران دەست لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری وەرنادات، بەڵام یەدوڵڵا جەوانی، جێگری سیاسی سوپا پاسداران لە سمینارێک لە ژێرناوی " سمیناری روونکردنەوەو لێکدانەوەی پرسەکانی هەڵبژاردن" بە ئاماژە بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار وتی، "هەر کەس لەم هەڵىژاردنەدا براوە بێت، ئەنجامەکەی ئەکرێ 2 شت بێت؛ یەکەم ببێت بە هۆکاری بەرهەمهێنانی هێز، دووهەم هۆکارێک بێت بۆ دروستبوونی ئالنگاری"، سوپای پاسداران تەنها هێزێکی سەربازی نییە. سوپای پاسداران و بەسیج وەک بەشێک لە سوپا، لە راستیدا دەسەڵاتی باڵان لە ئێران". لەم راپۆرتەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەر کام لە 6 پاڵێوراوەکان ئەکرێت لەگەڵ سوپای پاسداران. - محەممەدباقر قاڵیباف قاڵیباف کەسێکە هەر لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵ بە سوپای پاسداران بووە. لە تەمەنی 19 ساڵییەوەو ساڵی 1979 تا 2005 بە فەرمی لە سوپا بووە. ئەمیرعەلی حاجیزادە، یەکێک لەفەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، ئازاری 2024، قاڵیبافی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی شارە مووشەکییەکانی سوپاسداران ناوبرد و وەک کەسێک کە بەردەوام لە هەوڵدایە و ماندوو نەناسە ناوی برد و باسی لەوە کرد ئابووری وڵات پێویستی بە کەسی وەک قاڵیباف هەیە. قاڵیباف ساڵی 2005 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاریکرا، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی شارەوانی تاران بوو. لە سەردەمی ئەودا، سوپای پاسداران و بەتایبەت کۆمپانیای " هۆڵدینگ یاس" سەر بە سوپای پاسداران بەشداری راستەوخۆیان هەبوو لە چالاکییە ئابوورییەکانی شارەوانی تاران. تەنانەت ساڵی 2023، ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان بوو، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانی لە بەرژەوەندی سوپای پاسداران گۆڕی. - عەلیڕەزا زاکانی عەلیڕەزا زاکانی هاوشێوەی قالیباف، سەرۆکی شارەوانی تاران بووە. زاکانی 8ی ئابی 2021 وەک سەرۆکی شارەوانی تاران دیاری کرا. بەڵام جۆری پەیوەندی زاکانی لەگەڵ سوپای پاسداران جیاواز بووە لە جۆری پەیوەندی قاڵیباف. لە سەردەمی جەنگی ئێران-عێراق ئەندامی سوپای پاسداران بووەو بەشداری لە جەنگدا کردووەو بریندار بووە، لە سەردەمی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە ساڵی 1999 ، کە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار کوژران و بێسەروشوێن بوون، ئەندامی بەسیجی خوێندکاریبووەو بەشدار بووە لە سەرکەوتی خوێندکارەکان. ساڵی 2013، ئیسماعیل کەوسەری یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران پشتیوانی لە زاکانی کرد و وتی :" زاکانی لە سەردەمی ریفۆرمخوازەکاندا ( سەردەمی سەرۆککۆماری محەممەد خاتەمی) یەکێک بوو لە بەرپرسەکانی بەسیجی خوێندکاری و ئەرکی خۆی بە باشی جێبەجێکرد، ئێمەش پشتیوانیمان کرد لەبەر ئەوەی لە سەردەمی جەنگی 8 ساڵەی عێراق- ئێرانەوە ئەمانناسی. ساڵی 2021، ئەو کاتەی گومان هەبوو لەوەی زاکانی وەک سەرۆکی شارەوانی تاران هەڵبژێردرێت، ماڵپەڕی فارس نیوز، ماڵپەڕی فەرمی سوپای پاسداران، هێرشی کردە سەر رەخنەگرەکانی زاکانی و نووسی :" بە دڵنیاییەوە زاکانی ئەبێت بە سەرۆکی شارەوانی"، نیسانی 2022 زاکانی رایگەیاند ، 5 بنکەی لە تاران دامەرزاندووەو سوپا و بەسیج تێیدا چالاکن. زاکانی، لوتفوڵڵا فرووزەندەی وەک بەرپرسی ناوەندی بانگەشەکردنی خۆی هەڵبژاردووە. فرووزەندە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵی " خۆبەخشانی شۆڕشی ئیسلامی" کە فەرماندە پێشترەکانی سوپای پاسداران تێیدا چالاکن و لە سەرەتای دەیەی 2000 لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا دەورێکی گرینگیان هەبوو و بەتایبەت لە دیاریکردنی مەحموود ئەحمەدینژاد وەک سەرۆککۆمار لە ساڵی 2005. - سەعید جەلیلی سەعید جەلیلی بەوە ناسراوە کە کەسێکی توندڕەوەو لە بناژۆخوازە توندڕەوەکانە، بەڵام هاوشێوەی قاڵیباف یان زاکانی پەیوەندی راستەوخۆ و رێکخراوەیی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. بەدەر لەمەش قسەیەک لە زاری قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشتری سوپای پاسدارانەوە دەگێڕدرێتەوە کە وا دەرئەکەوێت قاسم سلێمانی شێوەی بەڕێوەبردنی سەعید جەلیلی بەلاوە پەسەند نەبووە. لەهەڵبژاردنی سەرۆککۆماری 2013، سەعید جەلیلی یەکێک بوو لەو کەسانەی پاڵێوراو بوو. موجتەبا زولنوور یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە زاری قاسم سلێمانییەوە گێڕابوویەوە کە وتوویەتی :" ئەگەر جەلیلی ببێت بە سەرۆککۆمار، من یەک رۆژ لە سوپای قودسدا نامێنمەوە." سلێمانی وتبووی ئەو دەیهەوێت هەموو شتەکان لە بەردەست خۆیەوە دەرچێت و ئاگاداری هەموو شتەکان بێت و چەکی بانکی چایچییەکانیش خۆی واژۆی بکات. بە هەموو ئەمانەوە میدیاکانی سەر بە سوپای پاسداران پەیوەندییەکای باشیان لەگەڵ سەعید جەلیلی بووەو هەیە. ماڵپەڕەکانی فارس و تەسنیم، رۆژنامەی جەوان و کەناڵی تەلەفیزیۆنی "افق" کەناڵی سوپای پاسداران، لایەنگری لە جەلیلی ئەکەن. هەموو ئەم ماڵپەڕ و رۆژنامە و تەلەفیزیۆنانە سەر بە سوپای پاسدارانن. موحسن مەنسووری، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی سەعید جەلیلی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مەنسووری لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی و بۆ ماوەی زیاتر لە 1 ساڵ، لە تشرینی یەکەمی 2021 ەوە تا تشرینی دووهەمی 2022 ، پارێزگاری تاران بوو و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی وەک بەرپرسەکانی پارێزگا دیاری ئەکرد. - پوورمحەممەدی مستەفا پوور محەممەدی لە دەیەی 1980 و هاوینی 1988 یەکێک بوو لەو کەسانەی بە "لێژنەی مەرگ" ناویان ئەبرا و لەو هاوینەدا زیاتر لە 15 هەزار کەس لە چالاکانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دران. پوورمحەممەدی لە دەوری یەکەمی سەرۆککۆماری مەحموود ئەحمەدی نژاد، وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو کاتە محەممەد باقر زولقەدری وەک جێگری خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ دیاریکرد. محەممەد باقر زولقەدر لە ئێستادا کەسی دووهەمە لە ناو سوپای پاسداران و جێگری فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانە. - قازی زادە ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی، یەکێکیتر لە پاڵێوراوەکانی سەر بە باڵی بناژۆخوازە. لە 6 پاڵێوراوەکە تەنها "پزیشکیان" لە لایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە پشتیوانی ئەکرێت. ئەمیرحسێن قازی زادە پێشتر بەرپرسی " رێکخراوی شەهید و خۆبەخشەکان" بووە کەسەر بە سوپای پاسدارانە. بێگومان پەیوەندی باشی بووە لە گەڵ سوپای پاسداران. محەممەد رەزا میرشەمسی، بەرپرسی ناوەندی بانگەشەی قازی زادە، پێشتر جێگری بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی زانکۆی " ئیمام حسێن" بووە کە زانکۆیەکە سەر بە سوپای پاسداران. - پزیشیکیان مەسعوود پزیشکیان، پاڵیوراوێکی ئازەرییە کە لە مەهاباد لە دایکبووە، باوکی پزیشکیان دوای رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە بە بەرپرسی سەربازی شارەکە. پزیشکیان کوردییەکی زۆر باش ئەزانێت. بەڵام زۆر دژە کوردە و هەڵوێستەکانی وەک کەسێکی دژە کورد دەرکەوتووە. پزیشکیان تەنها پاڵێوراوێکە لە لایەن باڵی ریفۆرمخوازەوە پشتیوانی ئەکرێت. پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداران نەبووە. پزیشکیان بۆ ماوەی 5 دەورە نوێنەری پەرلەمان بووە. لە سەردەمێکدا کە سوپای پاسداران کەوتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، وەک هەموو نوێنەرەکانی پەرلەمان جلی سوپای کردە بەر و لە پەرلەمان ئامادە بوو. کانوونی یەکەمی 2022 لە کاتی وتاردانێکی لە زانکۆ تاران، لە وەڵامی خوێندکارێکدا کە رەخنەی گرتبوو بۆچی جلی سوپای لە بەر کردووە وتی :" ئێستەش جلی سوپا لەبەر ئەکەم، ئەگەر سوپا نەبوایە ئەم وڵاتە دابەش ئەبوو، وڵات نەدەما". پزیشکیان لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی عێراق – ئێراندا لە بەرەی شەڕ بووەو جلی سوپای لەبەر بووە.
هاوڵاتی لە رووباری خەلان بیاو لە سنووری قەزای خەلیفان گەشتیارێکی خەڵکی باکووری کوردستان خنکا. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە میدیاکانی راگەیاند، "گەشتیارێکی خەڵکی باکووری کوردستان بەناوی ساوس بەشار کە بۆ گەشتوسەیران هاتووەتە ناوچەکە لە رووباری خەلان بیاو لەسنووری قەزای خەلیفان خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد، "گەشتیارەکە کوردە و تەمەنی 49 ساڵە، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە".
هاوڵاتی له شارى بهسره له باشوورى عێراق كرێكارێك چوار هاوڵاتی کوشتووە و پارچە پارچەی کردوون و فڕێی داون. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "پاش ئهوهى جهستهى پارچه پارچهكراوى دوو كرێكار لهنێو دوو زبڵدانى ناوچهكانى ئەلتوەیسە و دور ئەلنەفت دۆزرانهوه پۆلیسى بهسره دهستیانكرد به پشكنین بهمهبهستى لێكۆڵینهوه له تاوانهكه، پاشان توانرا بهڵكهى تایبهته به تاوانهكه بدۆزرێتهوه”. ئاماژە بەوەشکراوە، "پاش بهدواداچوون دهركهوتووهته كه چوار كرێكار بهههمان شێوهى یهكترى كوژراون و تهرمهكانیان فرێدراوه، كرێكارهكان ههرچواریان ههڵگرى رهگهزنامهى میسرین و له پرۆژهیهكى بیناسازیدا كاريان كردووە، پێشتر كونسوڵخانهى میسر لهسهر دیارنهمانیان زانیارى پێشكهش به پۆلیس كردووه”. ئەوەشخراوەتەڕوو، "تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دانى بهوهدا ناوه كه ئەو چوار کەسەی کوشتووە و تەرمی ئەوانی پارچەپارچە کردووە و لە ناوچە جیاجیاکانی ناوەندی شاری بەسرە حهشاری داون".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، میلیشیای"ئەنساروڵای ئەوفیا"ی عێراقی و حەیدەر غەڕاوی ئەمینداری گشتی میلیشیاكەی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، "بزووتنەوەی ئەنساروڵای ئەوفیای عێراقی, میلیشایەكی هاوپەیمانی ئێرانە و بەشێكە لە گروپی بەرهەڵستكارانی ئیسلامی لە عێراق". ئاماژەی بەوەشکردووە، "واشنتۆن پابەندە بە لاوازكردن و پەكخستنی توانای ئەو گروپانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بە بەكارهێنانی سەرجەم كەرەستە بەردەستەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پشتیوانیكردنی ئێران لە تیرۆر".
هاوڵاتی بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی ناحکومی لە شاری رەشتی ئێران نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش گواستراونەتەوە نەخۆشخانەکانی دیکەش. بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویکردەوە و رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە نەخۆشخانەی قائیمی ئەهلی لە رەشت کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و مانگی سووریش ئامادەی شوێنی ئاگرەکە بوون و توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن و نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن". ئاماژە بەوەکراوە، "لە نەخۆشخانەکە 142 نەخۆش هەبوون کە 109 کەسیان لە بەشی ئاسایی و 33 کەسی دیکەیان لە بەشی چاودێریی چڕدابوون، لە ئەنجامی رووداوەکە نۆ نەخۆش گیانیان لەدەستداوە و نەخۆشەکانی دیکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە. ئەوەشخراوەتەڕوو، 26 تیمی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ 75 فریاکەوتن لەگەڵ 26 ئۆتۆمبێل (11 ئەمبولانس، 3 کیتی فریاگوزاری، 12 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری) ڕەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
هاوڵاتی كارهبای ههولێر، سهرباری جهژن و پشوو، تیمهكانیان توانیان كارهبای نیشتمانی بۆ 53 گوندی سنووری مهخمور بگهڕێننهوه. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، بهڕێوهبهرایهتی گشتی كارهبای ههولێر رایگەیاند، له یهكهم رۆژی جەژنی قوربان بایەكی بەهێز چوار تاوەری 33 كەی ڤی قەراج لە كونە سیخوڕە كەوت و بەهۆیەوە 53 گوند و ناحیەیەك لەگەڵ پڕۆژەی ئاوی مەخموور بێ كارەبا بوون. ئەوەشی خستۆتەڕوو، "لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر و بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی مەخموور، ئەمڕۆ دووشهممه 17ی حوزهیرانی 2024، سەرباری جەژن و پشوو، توانرا كارەبا بۆ 53 گوند و پرۆژەی ئاوی مەخموور بگەڕێندرێتەوە، ئەویش بە دابینكردنی 30 ستوون لەگەڵ كەل و پەلەكانی دیكەی پێویست".
هاوڵاتی بەلەمێکی کۆچبەران بە 61 سەرنشینەوە لە نزیک کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا، زۆرینەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، یەختێک بە 61 سەرنشینەوە لە بۆدروومی تورکیا بەڕێکەوتووە و درەنگی شەوی رابردوو بەهۆی بەرزیی شەپۆلی دەریاوە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە." ئەوەشی خستەڕوو، 61 سەرنشین لەنێو یەختەکەدا بوون و لەو ژمارەیە 12 کەس لەلایەن پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیاوە رزگارکراون. باسی لەوەشکرد، دوای چەند کاژێرێک یەکێک لە رزگاربووەکان گیانی لەدەستدا و 11 کەسەکەی دیکە لە نەخۆشخانەی رۆسێلا لۆنیکای ئیتاڵیا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان." بەکر عەلی ئاماژەی بەوەشدا، 49 سەرنشینەکەی دیکە بێسەروشوێنن و تاوەکو ئێستاش پۆلیسی دەریاوانیی ئیتاڵیا بەدوایاندا دەگەڕێت. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانه ئەوروپا، لەبارەی ناسنامەی سەرنشینەکانی ئەو بەلەمەوە دەڵێت،زۆربەی سەرنشینەکان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن و ژمارەیەکی کەم خەڵکی ئەفغانستانیشیان لەگەڵدا بووە. بەگوتەی بەرپرسانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ و دوێنی دوو بەلەمی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاون، بەهۆیەوە 10 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 60 کۆچبەریش بێسەروشوێنن، هەروەها زیاتر لە 60 کۆچبەر رزگار کراون.
هاوڵاتی پۆلیسی هەولێر، ئەو ماتۆڕسکیلانەی لە چەند گەڕەکێکی هەولێر خەڵکییان بێزار دەکرد، دەستییان بەسەردا گیرا. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئیمپایەر و دریم ستی پێیان ڕاگەیاندراوە چەند ماتۆڕسکیلێک سیستەمی هاتوچۆی ناو شاریان تێکداوە و ی هاووڵاتیانیان بێزار کردووە، تیمەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر چوونەتە شوێنی ناوبراو و دەستییان بەسەر ماتۆڕسکیلەکاندا گرتووە و ئاشکرای دەکات، ماتۆڕسکیلەکان بێ سەرەتابوون. دەشڵێت، دەشڵێت، وەک پۆلیسی هەولێر جەخت دەکەینەوە، هەر ماتۆڕسکیلێک بێ سەرەتا بێت شیرازەی شەقامەکان تێک بدات وهاووڵاتیان بێزاربکات دەستی بەسەردا دەگیرێت .
هاوڵاتی بڕیاره سبهینێ ڤلادیمێر پوتن سهرۆكی روسیا به سهردانێكی دوو ڕۆژه بگاته كۆریای باكوور، كه یهكهم سهردانی ناوبراوه بۆ ئهو وڵاته له ماوهی 24 ساڵی رابردوودا. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی ههواڵی ناوهندی كۆریای باكوور رایگەیاند، كه رۆژانی سێشهممه و چوارشهممه ڤلادیمێر پوتن سهرۆكی روسیا لهسهر بانگهێشتی كیم جۆنگ ئون سهردانی وڵاتهكه دهكات، بهبێ ئهوهی وردهكاریی زیاتر سهبارهت به سهردانهكه بخهنهڕوو. جێگای ئاماژەیە سەبارەت بە سەردانەکە روسیاش له راگهیهندراوێكدا سهردانهكهی پوتنی پشتڕاستكردهوه. ئەم سەردانەی پوتن بۆ کۆریای باکوور له كاتێكدایه، كه نیگهرانییه نێودهوڵهتییهكان له زیادبووندان سهبارهت به ڕێكهوتنی چهك كه تیایدا پیۆنگ یانگ تهقهمهنی زۆر پێویست دهدات به مۆسكۆ بۆ شهڕ له دژی ئۆكرانیا له بهرامبهر هاوكاری ئابووری و گواستنهوهی تهكنهلۆژیا كه مهترسییهكانی چهكی ئهتۆمی و بهرنامهی مووشهكی كیم زیاتر دهكات. هاوكارییه سهربازی و ئابووری و هاوكارییهكانی دیكهی نێوان كۆریای باكوور و روسیا به شێوهیهكی بهرچاو زیادی كردووه لهو كاتهوهی كیم له مانگی نۆی ڕابردوودا سهردانی رۆژههڵاتی دووری روسیای كرد و لهگهڵ پوتن كۆبووهوه، ئهمهش یهكهم كۆبوونهوهیان بوو له ساڵی 2019هوه. چاوهڕوان دهكرێت لهمیانی سهردانهكهیدا ڤلادیمێر پوتن سهرۆكی روسیا لهگهڵ كیم جۆنگ ئون رێبهری كۆریای باكور كۆببێتهوه و له گفتووگۆكانیاندا تیشك بخرێته سهر فراوانكردنی هاریكارییه سهربازییهكان له كاتێكدا كه هاوپهیمانێتییهكهیان بهرامبهر ئهمریكا قووڵتر دهكاتهوه.
هاوڵاتی هونەر جەمال، لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا وەزیری دارایی هەرێم سێ جار دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند” ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا سێ جار بە رەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشکردووە. دەشڵێت، دواهەمین جار لە مانگی یەکی ساڵی 2023دا بوو. لەم بارەیەوە، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای وتووە" نەمبیستووە لەماوەی ئەو ساڵ و نیوەدا ئاوات شێخ جەناب لەو هەڵوێستەی پەشیمان بوبێتەوە و تا ئێستا لەسەر ئەو بڕیارەی خۆی سوورە کە دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو” داوای دەستلەکار کێشانەوەکەی هەم لە بزوتنەوەی گۆڕان و هەم لە حکومەتیشە و داوای پڕکردنەوەی پۆستەکەی بە کەسێکی تر لە بزوتنەوەکە کردووە
هاوڵاتی بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، رێکكەوتنیان کردووە لەگەڵ کونسوڵی عێراق لەوڵاتی سعودیه، بۆ دۆزینەوە و سۆراغکردنی ئەو هاونیشتمانییانەی مردوون یاخود ونبوون لە وڵاتی سعودیە. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەرێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، رێکكەوتنیان کردووە لەگەڵ کونسوڵی عێراق لەوڵاتی سعودیه، بۆ دۆزینەوە و سۆراغکردنی ئەو هاونیشتمانییانەی مردوون یاخود ونبوون لە وڵاتی سعودیە. دەشڵێت، هەرکەسێک خزمێکی نزیکی یاخود کەسێکی مردووە یان ونبووە لە سعودیە، با پەیوەندی بکات بە بەڕێوەبەری حەج و عومرەی ناوچەکەی خۆی، بۆ سۆراغكردنیان. پێشتریش نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی رایگەیاندبوو، تاوەکو دووەم رۆژی جەژنی قوربان، 10 حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیانلەدەستداوە، تەنیا یەک حاجییان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە چووەتە سعودیە و ئەوانەی دیکە بە ڤیزای گەشتیاریی یاخود یەکساڵی چوونەتە ئەو وڵاتە. هاوكات، رۆژگار جەعفەر، بەپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە ئەوەی خستۆتەڕوو، سێیەم رۆژی جەژن مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان دێت و لە دوای 20ـی ئەم مانگەوە، یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی وشکانییەوە دەست بەگەڕانەوە بۆ ھەرێمی كوردستان دەكەن .
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، مارتن گریفیتس یاریدهدهری سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان رایگەیاند، "خهڵكی مهدهنی و ژێرخانی غهززه زیانێكی زۆریان بهركهوتووه، ههروهها كارمهندانی مرۆیی و نهتهوه یهكگرتوهكان له غهززه به ژمارهیهكی زۆر كوژراون". ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆردومانكردنی غهززه له دوای 7ی ئۆكتۆبهرهوه، ئهو ناوچهیهی بۆ ههژارهكان كرده دۆزهخی سهر زهوی. یاریدهدهری سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان ئەماژەی بەوەشکرد، سهركردهكانی جیهان شكستیان هێناوه له راگرتنی هێرشهكانی ئیسرائیل، ههندێكیشیان پشتگیری بێ مهرجیان پێشكهش به هاوپهیمانهكانیان كردوه سهرهڕای بهڵگهی ئهوهی كه یاسا مرۆییهكانیان پێشێل كردوه. دەشڵێت، "سهرهڕای كاریگهرییه ترسناكهكانی شهڕهكه، چهك له واشنتن و وڵاتانی دیكهوه بهردهوام دهڕوات بۆ ناو ئیسرائیل و لهسهر هاوڵاتیانی مهدهنی له غهززه تاقیدهكرێتهوه". ئهو بهرپرسهی نهتهوهیهكگرتووهكان جەختی لەوەشکردەوە، "بهسیاسیكردنی هاوكارییهكان له نێوان بڵاوبونهوهی برسێتی و نهخۆشیدا ههیه، له ههمانكاتدا گهیاندنی مرۆیی و یارمهتیدانی دانیشتوانی كهمپهكان كه لهسهر لێواری برسێتی نزیكه له مهحاڵهوه بهتهواوی راگیراون و بهگشتیش كهرتی غهززه بههۆی بۆردومانهكانهوه بۆته دۆزهخی سهر زهوی".
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران رایانگەیاند، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وەکو رێزگرتنێک لە بۆنەکانی جەژنی قوربان و غەدیر، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ زیاتر لە 2600 زیندانیی لە وڵاتەکەیدا دەرکردووە. بەگوێرەی بڕیارێکی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە ئاژانسی میهری ئێران بەشێکی لێ بڵاوکردووەتەوە، بڕیاری لێخۆشبوونەکە 2650 زیندانیی لێی سوودمەند دەبن، کە تاوانی جۆراو جۆریان لە ساڵانی رابردوودا ئەنجامداوە و لە زیندانەکانی ئێراندان. دەشڵێت، بڕیارەکەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وەڵامی داخوازیی نامەیەکی موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بووە کە لەماوەی رابردوودا داوایکردبوو بڕیاری لێبووردن، کەمکردنەوەی ماوەی سزا و گۆڕین و سوککرندی سزا بۆ ژمارەیەکی زۆری زیندانیان دەربچێت. لەلایەن شوێنکەوتووانی ئاینزای شیعە، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بڕیارە 17 رۆژی دیکە جەژنی ئەلغەدیر لەلایەن شیعە مەزهەبەکانەوە بەڕێوەبچێت، کە یەکێکە لە رۆژە پیرۆزەکان و لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکان پشووی فەرمییە.
هاوڵاتی چالاکوانی بواری کۆچبەران، بەھۆی ژێرئاکەوتنی بەلەمێک کە 70 کۆچبەری ھەڵگرتبوو لە ئاوەکانی ئیتاڵیا 60 کۆچبەریان خنکان کە 35 یان کوردن. ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، رەنج پشدەری رۆژنامەنوس و چالاکوانی بواری کۆچبەران رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی رابردوو 70 کۆچبەر لە دوورگەی بۆدروم لە تورکیا بەرەو یۆنان بەرێککەوتن، لە رۆژی سێشەممە ئەو کۆچبەرانە شوێنی جوگرافی بەلەمەکەیان بڵاوکردەوە کە بەسەلامەتی ئاوی یۆنانیان تێپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵام دوای ئەوە بەلەمەکە دیار نەماوە و رۆژی پێنج شەممە دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی ئیتاڵیا، دەرکەوتووە کە بەلەمەکەیان نوقوم بووە، لە ئەنجامدا 60 کەسیان خنکاون. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەو ژمارەیە 35 کۆچبەریان کوردن، ئەوانەی دیکە ئێرانی و ئەفغانین، 10 کەسیش رزگارکراوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024، ئاری هەرسین, بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دژی هەڵبژاردن نەبووین بەڵكو دژی پیلانگێڕی بووین. دەشڵێت، ھەوڵی ئێمە لە ڕابردوو دژی ھەڵبژاردن نەبوو، بەپێچەوانەوە دژی ئەو پیلانگێڕیە بوو، ھۆکارەکانمان دیاری کردبوو، وتمان بەو شێوەیە بەشداری ھەڵبژاردن ناکەین. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆک لەسەر بنەمای خۆ نەچەماندن, چەندین جار ئەمەی بەرجەستە کردووە لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی خۆیدا و سەرکەوتنی بەدەستھێناوە. باسی لەوەشکرد، زۆر کەس گرەوی لەسەر ئەوە کردبوو ئەگەر پارتی بەشداری ھەڵبژاردن نەکات ھیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ و ھەڵبژاردن ھەر دەکرێت، دواجار سەلمێنرا کە پارتی وەکو گەورەترین پارتی سیاسی لە کوردستان ژمارەیە و بەبێ پارتی ھیچ ناکرێ و ئەو ئەنجامەی دەستکەوت سەرکەوتنێکی گەورەبوو، پشکی شێری ئەو سەرکەوتنەش بەر جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەوێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دادگای فیدڕاڵی بە حیساباتی خۆیدا چوویەوە و چووە ناو گۆڕانکارییەکان و دەبینین ئێستا چاوەڕێی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دیاری کردنی وادەی نوێی ھەڵبژاردن.