هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، یەکەم گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆی هەولێر بۆ لەندەن دەستیپێکرد و هێڵی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانیی هەولێر- لەندەن کرایەوە و یەکەم فڕۆکە بە 125 سەرنشینەوە بەرەو لەندەن بەڕێکەوت. ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕاگەیاند، یەکەم جارە لە عێراقدا، گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی بۆ بەریتانیا دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی سیستەمێکی پێشکەوتووی دیجیتاڵی، هەردوو لایەن دەتوانن بە زووترین کات، ڤیزا و پاسپۆرتی ساختە بناسنەوە و ڕێگەی لێبگرن. بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەشڵێت، گەشتەکانی پێشووتری هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەریتانیا ڕاستەوخۆ نەبوون، بەڵکو وێستگە و گۆڕینی فڕۆکەیان هەبوو، بەڵام لەمەودوا گەشتەکان ڕاستەوخۆ دەبن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە یەکەم گەشتی ئەو هێڵەدا، 125 سەرنشین، لە شاری هەولێرەوە بەرەو لەندەن بەڕێکەوتن.  

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فه‌رمی ده‌ركرد، تێیدا به‌ گوێره‌ی پرنسیپی چۆن مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت ئاوا مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، دانپیانانی به‌ زانكۆ و كۆلیژه‌ ئه‌هلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 14 حوزه‌یرانی 2024، لیژنه‌ی خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی عێراق، هۆكاره‌كانی دانپێدانه‌نانی به‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا كرد. له‌م باره‌یه‌وه‌ حه‌یده‌ر ئه‌لمه‌تێری ئه‌ندامی لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ لێدوانێكیدا بۆ "به‌غداد ئه‌لیوم" رایگه‌یاند،"له‌ ماوه‌ی رابردوودا، لیژنه‌كه‌مان په‌یوه‌نیدی كرد به‌ یاریده‌ده‌ری ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بۆ كاروباری زانستی، بۆ زانینی ئه‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه‌، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ عێراق، دان به‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ ئه‌هلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌نێت. ئه‌مەش لە کاتێکدایە، ‌ دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی دوو مانگه‌، له‌ لایه‌ن خوێندكارانی پارێزگا جیاوازه‌كانی عێراقه‌وه‌، داواكاری و سكاڵایه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌شتووه‌ته‌ لیژنه‌كه‌مان". حه‌یده‌ر ئه‌لمتێری ئەوەیخستۆتەڕوو، وه‌زاره‌ت وه‌ڵامی داینه‌وه‌ ناته‌واوییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وان رازینابن دان به‌ هه‌ندێك زانكۆ و كۆلێژی ئه‌هلیدا بنێن كه‌ له‌لایه‌ن به‌غداد‌ه‌وه‌ دانیان پێدانراوه‌، خۆی مه‌سه‌له‌كه‌ وا ده‌خوازێت، پێویسته‌ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ عێراق دانیپێداده‌نێت، هه‌رێم پێوه‌ی پابه‌ندبێت". حه‌یده‌ر دەشڵێت. "له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت ئاوا مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای فیدراڵی، نووسراوێكی فه‌رمی ده‌ركرد، تێیدا به‌ گوێره‌ی پرنسیپی چۆن مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت ئاوا مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، دانپیانانی به‌ زانكۆ و كۆلیژه‌ ئه‌هلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ ناوه‌ند، ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی هه‌رێم بوو، به‌ڵام هه‌رێم وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌". لێره‌وه‌ له‌ به‌رواری 23ی ئابی ساڵی 2023، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ناوه‌ند، به‌ ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی فیدراڵی راگه‌یاند رازی نییه‌ ده‌رچووانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرێنێت، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پابه‌ند نه‌بێت به‌ دانپیانان به‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی عێراق كه‌ هه‌ولێر رازینابێت ئیعتیرافیان پێبكات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌، له‌ژێر رۆشنایی ناكۆكییه‌كی چاره‌سه‌رنه‌كراوی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دێت كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر. به‌و پێیه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێم، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دان به‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی عێراقدا بنێت. ئه‌مه‌ وایكرد وه‌ خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێكه‌وتنێك واژۆ بكات كه‌ تێیدا هه‌ردوولا دان به‌یه‌كتردابنێن. واته‌ به‌غداد دان به‌ زانكۆكانی هه‌رێمدا ده‌نێت، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌ولێر دان به‌ زانكۆكانی عێراقدا بنێت. هه‌رچه‌نده‌ به‌غداد دانی به‌ سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمداناوه‌، كه‌چی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ خۆغافڵكردن و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ دان به‌ زانكۆ ئه‌هلییه‌كانی عێراقدا بنێت. ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای فیدراڵی، رێگری ده‌كات له‌وه‌ی له‌ میانه‌ی ئه‌نجومه‌نی راژه‌ی فیدراڵی، هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن. ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا دروست ده‌كات.

هاوڵاتی راوێژکاری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات پێشوازیی لە لاهور شێخ جەنگی کرد و لەدیدارێکدا گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کرد. رۆژی چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، شێخ سوڵتان بن حەمید ئال نەهیان، راوێژکاری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات پێشوازیی لە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل کرد. لە دیدارێکدا گفتوگۆکرا دەربارەی رێوشوێنەکانی هاریکاری ئابووری و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیر و را ئاڵوگۆڕکرا دەربارەی بواری وەربەرهێنا و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە توانا و ئەزموونی هەردوولا لە بوارە جیاوازەکاندا.

هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی وڵاتەکەی لە راپۆرتی نوێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دەربارەی بڕیاری ئێران بۆ دانانی سانتریفیوژی نێ لە وێستگەی ناوەکی "فێردۆ" دەربڕی و رایگەیاند ئەمریکا وەڵامی گونجاومان دەبێت. رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، "ئێران وەک وەڵامدانەوە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، بەخێرایی ژمارەیەکی نوێ سانتریفیوژی IR_6 ی لە دامەزراوەی ناوەکی "فێردۆ" دامەرزاندووە". مەتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیاندنێکدا وتی، "راپۆرتی ئەمڕۆی ئەژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم ئەوە ئەخاتەڕوو ئێران دەیهەوێت بەردەوام لە پەرەپێدان بە بەرنامە ناوەکییەکانی خۆی بە شێوازێک کە وا دەرئەکەوێت ئامانجی ئاشتیخوازانەی لە پشت نییە". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم کارانەی کۆماری ئیسلامی پلانی پێشتری لە پشتە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامییە کە باس لەوە ئەکەن چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران مەبەستی ئاشتیخوازانەی لە پشتە  و وا دەرئەکەوێت کۆماری ئیسلامی مەبەستی تری هەبێت لە چالاکییە ئەتۆمی و ناوەکییەکانی. ئەم بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا وتی :" ئەگەر ئێران ئەم بەرنامەیەی خۆی جێبەجێ بکات و سانتریفیوژەکان دامەرزێنێت، وەڵامی گونجاومان بۆی ئەبێت". مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :" ئێران ئەبێ دەستبەجێ و بێ هیچ بیانوییەک لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم هاوکاری بکات و پێبەند بێت بەو سنوور دارکردنانەوە کە بۆی دیاری کراوە". وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی خۆی لەو چوارچێوە یاساییەی بۆ دانراوە جێبەجێ نەکات، ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، بەردەوام ئەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ناچارکردنی ئێران بە وەڵامدانەوە بە چالاکییەکانی. مەتیۆ میلەر هەروەها وتی :"ئێمە هاوئاهەنگی تەواومان هەیە لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان و ئامادەین ئەگەر پێویست بکات و لە ئەگەری ئەوەی ئێران وەڵامدەرەوە نەبێت بە ئاژانس، گوشارەکانمان بۆ سەر ئێران زیاتر ئەکەین و وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستمان هاوئاهەنگن لەگەڵمان". ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند:" ئێران رۆژەکانی 9  و 10ی حوزەیران، ئاژانسی ئاگار کردۆتەوە  لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە 3 بۆ 4 حەوتووی داهاتوودا، 174 سانتریفیوژی IR-6    لە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فێردۆ دادەمەرزێنێت. ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە ٥ی حوزەیرانی 2024،  بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد دەستبەجێ وەڵامی ژمارەیەک لە پرسیارەکانی پشکێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم بداتەوە دەربارەی سەرچاوەی گەردیلەی یۆرانیۆمی دۆزراوە لەو وێستگانەی پێشتر رانەگەیەندرابوون. ئێران لە رابردوودا بە ناڕەزایەتی بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ساڵی 2022 ئاستی یۆرانیۆمی پیتنراوی خۆی گەیاندە 60 لە سەد کە نزیکە لە ئاستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ چەکی ئەتۆمی. بڕیارنامەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم رۆژی ٥ی حوزەیران بە 20 دەنگی بەڵێ و 12 دەنگی سپی پەسەند کرا. چین و رووسیا دژی ئەم بڕیارنامەیە بوون.

  هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی هەرێم رایگەیاندوە، بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی پلەی گەرما و ئەگەری ئاگرکەوتنەوە و ڕوداوی خنکان لە چەمو ڕوبارەکان، پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ئەم رێنماییانە بن: 1- نابێت به هيچ شێوەیەك ئاگر لە پوش و پەڵاشی پێش ماڵ ياخود له دەشتودەر و و گۆڕستان و باخ و بێستانەكان بەر بدەن. 2- نابێت له كاتى گەشت و سەيران ئاگر له دەشت و چيا و شوێنی گشتی بكرێتەوه، كه قەبارەى ئاگرەکە گەوره بێت يان پاشماوەى ئاگر بەجێ بھێڵین، چونكه بەھۆی (با)وە ئەو ئاگرە بڵاو ده‌بێتەوە. 3-فڕێنەدانی جگەره و بەجێنەھێشتنی پاشماوەی خەڵوزى نێرگەلە. 4- بەكارنەھێنانی ياريی ئاگرین له كاتى سەيران، به‌تايبەتى لە لایەن منداڵانه‌وه‌. 5- نيشانەدانەنان و تەقەنەكردن به چەكى ئاگرین، به تايبەت له دەشتەکان. 6- فڕێنەدانى بتڵی شوشه و دەبەى ئەو پاشماوه ياخود مادده سوتێنەرەكان، وەک گاز و بەنزين و نەوت و ئەو مادده جەلییانەی بۆ گەشانەوەى خەڵووز (ڕەژوو) به‌كاردێت. 7- شۆفێری دەڕاسە نابێت له ناو دەغل و پاوان دەڕاسەكەی چاك بكات يان لەحيم و كۆسەرە بەكار بھێنێت، ياخود ئاگر بكاتەوە به مەبەستى خواردن دروست كردن. 8- نابێت ئەوانەی دەچنە نزیك چەم و ڕووبار و بەست و بەنداوەكان، مەلە بكەن يان ڕێگه‌ به منداڵەكانيان بدەن مەله بكەن. 9- ئاگه‌داری ئەو منداڵانە بن كه خاوەنپێداویستیی تايبەتن، يان نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە؛ نزیك نەكەونەوه له ئاوی چەم و ڕووبارەكان. 10- گەشتيارى بيانى و خوارووی عێراق دەبێت ئاگه‌داری ئەو شوێنانە بن كه گەشتى بۆ دەكەن، يان سەردانى دەكەن، تاكوو تووشى ھەڵدێران و خنكان نەبن، چونكه ئاوی كوردستان سارده هەر چەنده مەلەوانيش بن، بە ھۆی ساردیی ئاوەکان، دەبێتە ھۆی گرژبوونی دەمار و خنكانيان. ‌

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ شەممە 15ی حوزەیرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ: هەولێر : 43   سلێمانی : 38   دهۆک : 40 کەرکوک : 44 هەڵەبجە : 43  زاخۆ : 42   سۆران : 40 حاجی ئۆمەران : 28 گەرمیان : 46

هاوڵاتی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تەواوی دادەخرێت. ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە، "لە 30 مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای سلێمانی بە تەواوی دادەخرێت کە لە ئێستدا تەنها سێ هەزار خێزانی تێدا ماوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا رێگری لە بەردەمان بوونی هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی هەولێر و دهۆک بەو پێیەی کارمەندانی وەزارەتەکەمان ناتوانن بچنە ناو کەمپەکان بۆ ئەوەی فۆڕمێکی تایبەت بە ئاوارەکان پڕ بکەنەوە کە تێیدا خێزانەکان سەرپشک دەکرێن بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان یاخود مانەوە". وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "28 هەزار ئاوارە لە عێراقدا بونی هەیە کە سەرجەمیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن".

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری سەرژمێری ئەزموونی دانیشتوانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی ئەندامانی خێزانی هەیە كە ژمارەیان چوار كەسە. وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەشڵێت، قۆناغی ئەزموونی سەرژمێری دانیشتوان لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و كوردستان كۆتاییهات و تیایدا ئاماری زیاتر لە 45 هەزار خێزان كۆكرایەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامیشدا دەركەوت 91%ی سەرۆك خێزانەكان پیاوبوون و 9%ی تریشیان ژن بوون، هەروەها 50.1%ـی خێزانەكان لە رەگەزی نێر و 49.9% شیان لە كچان و ژنان پێكهاتوون. شوان جەبار یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێری ئەزموونی تێكڕای قەبارەی خێزان لە عێراق شەش كەسە، كە بەرزترینی لە پارێزگاكانی باشوری عێراقە و تێكڕای قەبارەی خێزان لەوێ حەوت كەسن. وتیشی، پارێزگای سلێمانیش لەسەر ئاستی عێراق كەمترین قەبارەی خێزانی هەیە كە بە چوار كەس پێوانەكراوە.

هاوڵاتی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی پێنج شەممە 13ی حوزەیران، چەند جار زەنگی ئاگادار کردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە شارەکانی باکووری ئیسرائیل لێ دراوەو دوانیوەڕۆی پێنج شەممە 40 مووشەک لە سنوورەکانی لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژراوە. رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە راگەیاندووە، حزبوڵڵای لوبنان بەربڵاوترین و گەورەترین هێرشێ درۆنی کردۆتە سەر ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگەوە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئیسرائیل ( کان تی ڤی) چەند گرتە ڤیدیۆیەکی لە خستنەخوارەوەی درۆنەکان بڵاو کردۆتەوە لە شارەکانی ئیسرائیل، بە تایبەت لە " سەفد" لە 12 کیلۆمەتری سنووری ئیسرائیل- لوبنان. هەروەها بەشی خزمەتگوزاری خێرای ئیسرائیل رایگەیاند بە هۆی بەرکەوتنی پارچەوە 2کەس بریندار بوون و لە چەند ناوچەیەک ئاگر کەوتۆتەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکەکان. هاوکات حزبوڵڵای لوبنان، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی ئەکرێن، رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردۆتە سەر 9 بنکەی سەربازی ئیسرائیل. دوای ئەوەی درەنگانی شەوی سێ شەممە 11ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵا و ٤ فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵا لەوانە "تالب سامی" ناسراو بە " ابوطالب" کوژران، حزبوڵڵا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئیسرائیل تۆختر کردۆتەوەو ئەمڕۆ دووهەم رۆژی هێرشە چڕەکانی حزبوڵڵا بوو بۆ سەر ئیسرائیل بە درۆن و مووشەک. تەلەفیزیۆنی "المنار" کەناڵی فەرمی حزبوڵڵا راگەیاند زیاتر لە 100 مووشەکیان هاوکات بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە. بە مووشەکی کاتیۆشا و فەلەق 6 بنکەی سەربازی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج. حزبوڵڵای لوبنان دوای 7ی تشرینی یەکەم و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هێرشی حەماس، رایگەیاند بۆ پشتیوانی لە حەماس بەردەوام ئەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.

هاوڵاتی کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران (UNHCR) رۆژی پێنج شەممە 13ی حوزەیران لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچار ئاوارە بوون گەیشتۆتە 117 میلیۆن و 300 هەزار کەس. فیلیپۆ گراندی، کۆمیسەری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران بە میدیاکانی راگەیاند:" ئەو کەسانەی ئاوارە بوون، پەنابەر، پەناخواز، ئاوارەی ناوخۆ و ئەو کەسانەن کە بە هۆی شەڕەوە، یان بە هۆی ئازار و ئەشکەنجە و کێشەی جیاوازەو ئاڵۆزترەوە لە وڵاتەکەی خۆیان هەڵهاتوون. گراندی لە وتەکانیدا جەختی کردەوە:" جەنگەکان سەرەکیترین هۆکاری ئاوارەبوونی خەڵک بوون". کۆمیساریای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کار و باری پەنابەران لە راپۆرتەکەی خۆیدا دەربارەی رەوتی جیهانی ئاوارەبوونی ناچاری رایگەیاند، لە 12 ساڵی رابردوودا ، هەموو ساڵێک ژمارەی ئەو کەسانەی بەناچار ئاوارە ئەبن، رووی لە زیادبوونە. ئەم دامەزراوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو باوەرەیە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە چوار مانگی یەکەمی 2024 ئاوارە بوون، روو لە زیادبوونەو پێدەچێت ژمارەی ئەو کەەسانەی ئاوارە بوون تا کۆتایی ئاپریلی ئەمساڵ 120 میلیۆن کەسی تێپەڕاندبێت. گراندی بە ئاماژە بە جەنگە نوێیەکان وتی :" بە داخەوە تا گۆڕانێک لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا روو نەدات، بەردەوام ئەم ژمارەیە روو لە زیادبوون ئەبێت."

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لەگەڵ رێبوار حامید حاجی غالی دەرکەوت. دەرکەوتنی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ رێبوار حامید حاجی غالی لە کاتێکدایە ئەمڕۆ 100 پاسەوانیان لە لالەزارەوە ئیزنداوە کە سەر بە هێزەکەی رێبوار حامید بوون. بەپێی سەرچاوەکان، لە لالەزارەوە باس لەوە دەكەن بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەستیان بە جوڵەكردووە لەناو پاسەوانەكان، بۆیە ژمارەیەك پاسەوان چەكەكانیان لێوەرگیراوەتەوە ئیزن دراون و رۆیشتوون بەرەو دەباشان. لە رووداوەكانی 8ی تەمووزی 2021 لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی لەناو یەكێتی دوورخرایەوە، یەكێتی ساڵی رابردوو كۆنگرەی كردو بافڵ تاڵەبانی كرا بە سەرۆكی یەكێتی. جێگای ئاماژەیە، لاهور شێخ جەنگی لە ئێستادا حزبی (بەرەی گەل)ی راگەیاندووەو بە لیستی بەرەی گەلی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات.

هاوڵاتی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستبەسەر کارگەیەکی پێکەوەنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە دەگرێت و دەستگیرکردنی 10 تۆمەتباریش ڕادەگەیەنێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و چاودێری وورد، لەچالاکییەکەدا ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2024، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بازگەکان، توانیان لەناوچەی ( چیمەن )ی نزیک شاری کەرکوک، دەستبگرن بەسەر کارگەیەکی پێکەوەنان و لەحیمکردنەوە. دەشڵێت، 17 ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و بڕاوە بەڕێگای نایاسایی لەشاری بەسرەوە هێنرابوون و تۆمەتباران بەنیازبوون دوای چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە کوردستان ساغیبکەنەوە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم تۆمەتباران دەستگیرکران. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 240 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

  هاوڵاتی بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك بنكەی پۆلیسی عەربەت سێ‌ تۆمەتباری دەستگیركرد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە گوندی خەراجیان مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی عەربەت ئاگادار كرانەوە لە بوونی تەرمێك لەناو ئۆتۆمبێلێكدا ، دەستبەجێ‌ مەفرەزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێلكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كرا. دەشڵێت، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران بەردەوام بوو تا ئەوەی گومان خرایە سەر هاوسەرو دوو منداڵی كوژراوەكە ، سەرنجام و كەمتر لە چوار سەعات لێكۆڵینەوەكان دەریان خست كە هاوسەرو دوو منداڵی كوژراوەكە بكەری تاوانەكە بوون و لە بەردەوام دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا هەرسێ‌ تۆمەتبار ( ج،ف،ح لەدایكبووی 1987 ، ه،ه،م لە دایكبووی 2008 ، ه،ه،م لە دایكبووی 2006 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون .

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان لەڕێگەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچە لە رێگەی هەژماری منەوە رایگەیاند” لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی 50 هەزار فەرمانبەری کەرتی گشتی لە پارێزگاری هەولێر مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لەڕێگەی پرۆژەی ‘هەژماری من’ـەوە وەرگرت، ژمارەی سودمەندان دوو هێندەی مانگی ڕابردوو بوو، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەماوەی ڕابردوودا خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن تۆمارکردبوو. دەشڵێت،”ئامانج لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە کەوا هەژمارێکی بانکی پارێزراو و سەلامەت بۆ فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە شێوازێکی هاوچەرخ دابین بکات کە خۆیان خاوەندارییەتی تەواوییان بەسەریەوە هەبێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فراوانبوونی زیاتری پڕۆژەکە، هاوڵاتییانمان خۆیان دەتوانن ئەزموونی ئەو کارئاسانییە بکەن و متمانەیەکی زیاتر لایان درووست ببێت، چونکە پرۆژەی هەژماری من دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە لەژێر ڕەزامەندی و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق، هەڵدەستن بە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و بەرهەمە بانکییەکان بە هەرزانترین تێچوو لەسەر ئاستی عێراقدا. ئاماژەی بەوەشکرد،”تا کۆتایی ئەمساڵ و لەڕێگەی پرۆژەی هەژماری من، سەرجەم مووچەخۆران کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار دەکرێن، هەربۆیەش بەوپەڕی توانامانەوە هەموولایەک هان دەدەین تاوەکو لەم گۆڕانکارییە وەچەرخانەی “هەرێمی کوردستان بەشداربن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رێنمایی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڵاوكردەوە و دەڵێت، هەر خوێندكارێك رەفتاری نابەجێ ئەنجامبدات رێكاری لەدژ دەگیرێتەبەر، ئەو ساڵەشی بە كەوتوو بۆ هەژماردەكرێت.  راشیگەیاند، "دەستدرێژیکردن بۆ سەر مامۆستا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، بە دەستدرێژیکردن سەر فەرمانبەری دەوڵەت دادەنرێت".   ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە سەرپەرشتیار، بەڕێوەبەر و یاریدەدر چاودێریی هۆڵەکانی خوێندن بکەن و کەشێکی گونجاو بۆ قوتابییان و خویندکاران دابین بکەن".   لە خاڵێکی رێنماییەکاندا هاتووە، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن قەدەغەیە، هەروەها پێویستە سەرپەرشتیار و مامۆستایانی چاودێریش لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەدا كەشێكی گونجاو بۆ خویندكاران دابینبكەن. بڕیارە رۆژی 23ی ئەم مانگە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.