هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی رایگەیاند "وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بە هۆکاری ناردنی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە دژی ئیسرائیل و ئۆکراین، هەروەها لە لایەن حووسییەکانەوە لە دەریای سوور دژی کەشتییەکان بەکار ئەبرێن، کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانەوە". پێشتر لەلایەن دیپلۆماتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە راگەیەندرابوو کە محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران لە لیستی گەمارۆکاندایە، بەڵام رۆژی هەینی 31ی ئایار راگەیەندرا، ئیسماعیل قائانی، فەماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبەر ئەوەی دەور و نەخشی بووە لە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ حزبوڵڵای لوبنان کە دژی ئیسرائیل بە کاری دەبات و هەروەها ناردنی مووشەک بۆ حووسییەکان کە بازرگانی ئازاد لە دەریای سووری خستۆتە مەترسییەوە لە لیستی گەمارۆکاندایە. فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە پێشتر قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەکرد، دەورێکی بەرچاوی هەیە لە فێرکردن و پڕچەککردنی هێزە بریکارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێتی ئەوروپا هەروەها ناوەندی "خاتم الانبیا"ی سوپای پاسداران و فەرماندەکەی " غولامعەلی رەشید" خستۆتە لیستی گەومارۆکانەوە. ناوەندی "خاتم الانبیا" دیارترین ناوەندی جەنگی کۆماری ئیسلامییە. هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش بە هەمانشێوە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها کۆمپانیای "کاوان ئیلکترۆنیک بێهراد" لەگەڵ "مەهدی دێهقانی محەممەد ئابادی" بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایەو حسێن هاتفی ئەردەکانی، جێگری بەڕ‌ێوبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆکاندان. بە هەمانشێوە ئەفشین خواجە فەرد، بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی پیشەسازی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانەوە. بەپێی ئەم گەمارۆیانە، دارایی ئەم کەسانە و ئەم رێکخراوانە لە یەکیەتی ئەورووپا دەستی بەسەردا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە سەفەر بکەن بۆ یەکێتی ئەوروپا.  

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سکرتێتی گشتیی ناتۆ داوا لە ئەندامانی ناتۆ دەکات، لەمەودوا ساڵانە بە لایەنی کەمەوە 40 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکراینا دابین بکەن. ئەوەش بۆ بەردەوامبوونی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا و بەرگریکردن لە خاکەکەی کە رووسیا بەشێکی کۆنترۆڵکردووە. رۆژی هەینی 31-5-2024، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "لە دوای داگیرکاریی گشتگیری رووسیاوە،  هاوپەیمانان بە نزیکەیی 40 ملیار یۆرۆ هاریکاریی سەربازییان داوەتە ئۆکراینا بۆ هەر ساڵێک. پێویستە لەو ئاستەدا پاڵپشتی خۆمان ساڵانە بۆ ئۆکراینا بهێڵینەوە، تا ئەو کاتەی پێویستە". لەکاتێکدا رووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و لەم دواییەشدا چڕی کردووەتەوە، بەرپرسانی ناتۆ لە پراگ ئامادەکاری بۆ لوتکەی تەمموز دەکەن. لەو لوتکەیەدا ناتۆ ئاهەنگی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت و پلان بۆ هاریکاریکردنی داهاتووی ئۆکراینا دادەنێت. ستۆڵتەنبێرگ دەڵێت، دەبێت لە لوتکەکەی ئەم جارەی واشنتندا ئەوە دڵنیابکەنەوە کە ئۆکراینا لەمەودوا توانای پلاندانانی هەبێت و توانای هێرشکردنی پێشوەختەی لەکاتی مەترسی هێرش بۆ سەری هەبێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پیاوێک لە ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژمارەیەک چالاکڤان کە خۆیان وەک دژ بە "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا دەناسێنن. هێرشبەرەکە ریشدارە و پۆلیس تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاین و ناسنامەی ئاشکرانەکردووە. نیوەڕۆی رۆژی هەینی 31-5-2024، لە شاری مانهاینی ئەڵمانیا هێرشبەرێک بە چەقۆ پەلاماری گرووپێکیدا کە کامپەینێکیان دژی "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەو شارە راگەیاندبوو. پۆلیس راگەیاندووە، هێرشبەرەکە شەش کەسی بە چەقۆ بریندارکردووە کە یەکێکیان پۆلیسێک بووە لەکاتی رووداوەکەدا هەوڵی پاراستنی گیانی قوربانییەکانی داوە. هێرشەکە نزیکەی کاژێر 11:30 خولەکی بەیانی لە ناوچەی مارکپلاز، لە ناوەندی شاری مایهان کراوە. ئەوانەی کامپەینەکەیان راگەیاندووە، رێکخراوی پاکس ئەوروپان، کە وەک گرووپێکی دژە "ئیسلامی سیاسی" خۆیان دەناسێنن. لە شوێنە گشتییەکاندا لەبارەی "مەترسی زیادبوون و کاریگەریی ئیسلامی سیاسی" بۆ خەڵک دەدوێن. پۆلیس دەڵێت پێنج کەس و ئەفسەرێکی پۆلیس کە چەند جارێک چەقۆ بەر سەر و ملی کەوتووە بریندارکراون. یەکێکی دیکەش لە بریندارەکان مایکڵ ستورەنبەرگەر، چالاکڤانی دژە ئیسلامە کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەو رێکخراوە. ئەوە چەند کاژێرێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە و بەرپرسان رایانگەیاندووە، جارێ ناتوانن زانیاری لەبارەی سەختی بریندارەکانەوە بدەن و ناسنامەی هێرشبەرەکەش هێشتا دیار نییە. نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریرکردنی دنەی هێرشەکە دەستیپێکردووە. ئەوەی باسکرد، "ئەگەر لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنن دەستێکی ئیسلامی لە پشتەوە هەبووە، ئەوە دەبێتە دڵنیاییەکی دیکە لە توندوتیژی ئیسلامی" لە ئەڵمانیا. ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی لەبارە هێرشەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوەی لە مانهایم روودەدات زۆر خراپە و توندوتیژی لە ناو دیموکراسیی ئێمەدا قبوڵکراو نییە".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ ئاگربەست لە جەنگەکەی دژی حەماس بەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل راگەیاندووە؛ هەروەها داوا لە حەماس دەکات پێشنیازەکە قبوڵبکەن. رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاتی ئەوە هاتووە ئەم جەنگە کۆتایی بێت و رۆژی دوای ئەو دەستپێبکات". راگەیێنراوەکەی جۆ بایدن لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیکە و بایدن لە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. گفتووگۆکانی ئاگربەستی غەززە بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر و میسر تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە. هەریەک لە حەماس و ئیسرائیلیش یەکدی بە دانانی مەرجی قورس و هەنگاونەنان بۆ ئاگربەست تۆمەتباردەکەن. تاوەکو ئێستا حەماس و ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر قسەکانی جۆ بایدن نەداوە. بایدن رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان رادەستدەکاتەوە و ئیسرائیلیش بەندکراوە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات. خەڵکی غەززە دەگەڕێنەوە فەڵەستین و ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە، هەروەک رۆژانە 600 بارهەڵگری خۆراک و هاریکاریی مرۆیی دیکە دەگەیێنرێنە دەست خەڵکی غەززە. بایدن دەڵێت، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەدا حەماس و ئیسرائیل دەچنە سەر مێزی گفتووگۆ و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن دەکەن تاوەکو چیدی توندوتیژی روونەدات. ئەوەشی بە روونی گوت، "لەو ماوەیەدا کە گفتووگۆ دەکرێت، ئاگربەستەکە بەردەوامی دەبێت". ئەوەشی گوت، قۆناخی سێیەم بریتی دەبێت لە داڕشتنەوەی پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە. هەروەها بایدن داوای لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کرد کە وەک خۆی دەڵێت، هەوڵی دروستکردنی جەنگێکی "تاهەتایی" دەدەن، بیروڕای خۆیان بگۆڕن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی رۆچوونی پردێکەوە لە کۆڵۆمبیا دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک دەکەونە خوارەوە و چوار کەس گیان لەدەست دەدەن. هۆکاری داڕووخانی پردەکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بارانی زۆر دەگەڕێتەوە. رۆژی هەینی 31-5-2024، جولیۆ ئۆلایا، سەرۆکی پۆلیسی شاری بارانکیلای کۆڵۆمبیا رایگەیاند، بەهۆی بارانی زۆرەوە پردێک داڕووخاوە و دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکی تێکەوتوون. لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسی دیکەش برینداربوون. حکومەتی کۆڵۆمبیا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن دیاردەی ئەل نینۆ وابکات رووداوی زیاتری لەم جۆرە لە داهاتوودا رووبدەن، چونکە بارانی بەخوڕتر دەبارێت و زەوی تەڕتر دەبێت. بۆیە هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان وریابن. رووداوە سرووشتییەکان لە جیهاندا ژمارەیان روو لە زیادبوونە، هەفتەی رابردوو لە نیو گینی زەوییەک رۆچوو و لانیکەم 2000 کەسی ژێر زەوی کرد و تا ئێستا نزیکەی 700 کەس گیانیان لەدەستداوە. رووداوی لافاوی بەهێز و تۆڕنادۆش بەشێک لە وڵاتانی جیهانی وەک ئەمریکا و ئەفغانستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان کەس لەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 19 مانگ رۆڵی یۆنامی لە عێراق درێژکردەوە، واتە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت. نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکى نێردەکە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە.  پێشتر، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 8ی نیسانى 2024 لە نامەیەکی کە بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.    

هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەرێم وردەكاریی مەرج و رێنمایی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و بەپێی رێنماییەكان، ئەو كەسانە سودمەنددەبن كە پێشتر شووقە یان زەوییان لە دەوڵەت یان كۆمەڵەكانی هەرەوەزیی نیشتەجێكردن وەرنەگرتبێت. بەپێی رێنماییەكانی ژمارە 2ی ساڵی 2024 كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمیی كوردستان بڵاویكردووەتەوە و تێیدا وردەكاریی رێنماییەكانی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەران خستەڕوو, هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئەو داواكارییە لەلایەن ئەو فەرمانبەرانەوە پێشكەشدەكرێت كە خزمەتیان لە 8 ساڵ بەرەو سەرەوەیە.

هاوڵاتی بەتۆمەتی فێڵکردن تۆمەتبارێک لە لایەن، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق دەستگیرکرا، کە بەفێڵ پارەی لەچەند کەسێک وەرگرتبوو. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی سێ هاوڵاتی سکاڵایان لەسەر تۆمەتبارێک تۆمارکرد کە بڕی 40 هەزار دۆلار ( 4 دەفتەر دۆلار)ی بەناوی ئیشکردنەوە لێ وەرگرتوون، بەڵام دواتر تۆمەتبار فێڵی لێکردون و پارەکەی خواردووە. ئەوەشیخستۆتەڕوو، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق توانیان تۆمەتبار بدۆزنەوەو دەستگیری بکەن. دەشڵێت، لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە بەفێڵ پارەی لەچەندین کەس وەرگرتووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، ف) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

هاوڵاتی بە هۆی ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەرووی 45 پلە، 54 کەس لە هێندستان گیانیانلەدەستدا. میدیاکانی هێندستان رایانگەیاند، بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتەدا، 54 کەس مردوون و هاوکات دادگای ئەیالەتی راجستان، داوای لە دەوڵەتی هێندستان کردووە دۆخی کوتو پڕ رابگەیەنێت . میدیاکانی هێندستان رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024، رایانگەیاند، لە رۆژەکانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەروی 45 پلەوە و بەو هۆیەوە 54 کەس مردوون . ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەندێ شوێن پلەکانی گەرما بەرز بوونەتەوە بۆ سەروی 47 پلە.

هاوڵاتی کەناڵی تەلەفیزیۆنی حووسیەکانی یەمەن رایگەیاند، کە بە هۆی هێرشی ئاسمانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە لە شەو و رۆژی رابردوودا 14 کەس کوژراون و 30 کەس بریندار بوون. سێنتکۆم ، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەم هێرشانە لە تۆڵەی هێرشێ حووسییەکاندا بووە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. سێنتکۆم وتیشی، بە مووشەک 13 شوێن لە یەمەن کە بە دەست حووسییەکانەوە بووە کراوەتە ئامانج، هەروەها 8 درۆنی حووسییەکان خراوەتە خوارەوە. لە چەند مانگی رابردوودا، حووسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. رۆژی چوار شەممە 29ی ئایار حووسییەکان رایانگەیاند درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-19یان لە پارێزگای مەعاریب لە باشووری رۆژهەڵاتی یەمەن خستۆتە خوارەوە، هاوکات راشیانگەیاند، هێرشیان کردە سەر 6 کەشتی لە دەریای سوور.

هاوڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر لەسێدارەدانی 8 کەسکردووە كه‌ تاوانی تیرۆیان به‌سه‌ردا ساغبووه‌ته‌وه ‌و سه‌ربه‌ رێكخراوی داعش بوون. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی و ته‌ندروستی عێراقه‌وه‌ رایگەیاند سزای له‌سێداره‌دانه‌كانی دوێنێ پێنج شه‌ممه 30 ی ئایاری 2024، ‌ به‌سه‌رپه‌ره‌شتی تیمی وه‌زاره‌تی داد له‌ گرتوخانه‌ی حوت له‌ شاری ناسریه‌ی پارێزگای زیقاری باشوری عێراق، جێبه‌جێ كراون. سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی به‌ ئاژانسه‌كه‌ی راگەیاندووە، ته‌رمی له‌سێداره‌دراوه‌كان راده‌ستکراوەنەوە. به‌گوێره‌ی یاسای عێراق، تاوانه‌كانی تیرۆر و كوشتن، سزاكه‌یان له‌سێداره‌دانه‌، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان ده‌بێت سه‌ره‌تا سه‌رۆك كۆمار ئیمزای له‌سه‌ر بكات و ئه‌و 8 كه‌سه‌ی، كه‌ سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كراوه‌، به‌گوێره‌ی مادده‌ی 4ی یاسای روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر حوكمدراون. ئەمەش لە کاتێکدایە له‌ مانگی رابردووه‌وه‌، ئه‌مه‌ سێیهەمین گروپی تاوانباری تیرۆرن، كه‌ له‌ عێراق سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت، له‌ 22 نیسانی رابردوودا ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق سزای له‌سێداره‌دانی 11 كه‌س له 6ی ئایاریشدا سزای له‌سێداره‌دانی 11 كه‌سی تر جێبه‌جێ كرد. جێگای ئاماژەیە، کە دادگاكانی عێراق له‌م ساڵانه‌ی دوایدا سه‌دان حوكمی له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تاییان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ سه‌ربه‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان بوون، ئه‌مه‌ش تۆمه‌تێكه‌ كه‌ سزاكه‌ی ده‌گاته‌ ئاستی له‌سێداره‌دان ئه‌گه‌ر هاتوو تۆمه‌تباری بكوژ له‌ ریزی ئه‌و گروپانه‌دا بێت. له‌ماوه‌ی رابردووداشدا ، عێراق له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌ روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌وه‌، تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی پرۆسه‌ی دادگایكردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌داندا، دانپێدانان له‌ ده‌ستگیركراوان وه‌رده‌گرێت.  

هاوڵاتی کەشناسی هەرێم، سبەی شەممە پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە و ئاسمانیش ساماڵ دەبێت. ئه‌مڕۆ هه‌ینی 31ی ئایاری 2024، كه‌شناسی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان ساماڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ بوونی تۆزێكی سووك، سبەی شەممەش پله‌كانی گه‌رما نزیك ده‌بنه‌وه‌ و ئاسمان ساماڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆز و خۆڵ، له‌ تۆماركراوه‌كانی دوێنێ. دەشڵێت‌، رۆژی شه‌ممه‌ 1ی حوزه‌یرانی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەکانی گەرما نزمتر دەبێتەوە بە رێژەى چوار بۆ پێنج پله‌ لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ. دەستەى گشتى کەشناسیى عێراقیش لای خۆیەوە رایگەیاند، "ئەمڕۆ هەینى پلەکانى گەرما بەراورد بە رۆژانى پێشتر لەناوچەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق نزمدەبنەوە، بەڵام لەهەرێمى کوردستان هاوشێوەى رۆژانى پێشتردەبێت، بۆ رۆژی شەممەو یەکشەمەش دەڵێت، رۆژى شەممە، پلەکانى گەرما لەتەواوى وڵات نزمدەبنەوە، خێرایی با زیاد دەکات و تۆز و خۆڵ لەهەوادا دەبێت و رۆژى یەکشەممە پلەکانى گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی لە هەرێمی کوردستان، هەولێر: 35 سلێمانى: 35 دهۆک: 33 زاخۆ: 34 هەڵەبجە: 37 کەرکوک: 37 سۆران: 33 حاجی ئۆمەران: 24 گەرمیان: 39.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی، رایگەیاند، بەرنامەی کارکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024, دەگۆڕێت و دەبێت بە 24 کاتژمێری. ئەمڕۆ هەینی30 ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان ئاگاداردەکاتەوە و دەڵێت، کە بەرنامەی کارکردنی موەلیدەی گەڕەکەکان لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 2024, دەگۆڕێت و دەبێت بە 24 کاتژمێری. ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرکاتێک کارەبای نیشتیمانی کوژایەوە دەبێت کاربکەن و کارەبا بەهاوڵاتیان بدەن.  

هاوڵاتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، تێچووی رۆژانەی جگەرەکێشان لە عێراق 6 ملیار دینارە، له‌سه‌دا 20%ئه‌و کەسانەشی جگەرەکێشن له ‌سه‌رووی ته‌مه‌نی 18 ساڵیه‌وه‌یە. ئەمڕۆ هەینی31ی ئایاری 2024، وه‌سیم گه‌یلان یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جگه‌ره‌ كێشان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، "تێچووی رۆژانەی جگەرەکێشان لە عێراق 6 ملیار دینارە، به‌ رێژه‌ی له‌سه‌دا 40% بۆ 50% عێراقییه‌كان به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی جگه‌ره‌كێش و دوكه‌ڵی جگه‌ره‌وه‌ زیانی زۆریان به‌رده‌كه‌وێت". ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پیاوان زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری جگه‌ره‌ كێشانن له‌ عێراق، تێچووی رۆژانه‌ی جگه‌ره‌كێشان له‌ عێراق شه‌ش ملیار دیناره‌ و پێشبینی ده‌كرێت له‌ هه‌ر 10 خوله‌كێك كه‌سێك له‌ عێراق به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ ده‌مرێت".

هاوڵاتی لە پارێزگای كەركوك ژنێكی  تەمەن 25 ساڵ بەهۆی  نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەستدا. ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری كەركوك رایگەیاند، "ژنێكی تەمەن 25 ساڵی خەڵکی پارێزگای کەرکوک بەهۆی  نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانیلەدەستدا، هەڵمەتێكی چڕیش بۆ ڕشتنی دەرمان لە گوند و كێڵگەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە ئەنجامدەدرێت.". دەشڵێت، "لەدوای ئەنجامدانی پشکنین بۆی دەرکەوتووە ئەو ژنە توشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە بەهۆیەوە گیانیلەدەستداوە". هاوكات د.سەباح نوری لە بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ڤێرتەرنەری فێركاری لە كەركوك ڕایگەیاند، "هەڵمەتێكی چڕ بۆ ڕشتنی دەرمان لە گوندەكان دەستپێدەكەن، بە تایبەت لە گوندی مەقام، كە ئەو حاڵەتی تێدا دەركەوتووە". راشیگەیاند، "هۆشداری لەبارەی نەخۆشییەكە و ڕێگەكانی خۆپارێزی بڵاودەكەنەوە".