هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆی لە تیکتۆک داناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بوو کامپەینێکی فراوانی دژی تیکتۆک راگەیاند و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. لە یەکەم ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ دانا وایت، سەرۆکی یو ئێف سی دا دەردەکەوێت. لە ڤیدیۆکەدا وایت دەڵێت، "سەرۆک ئێستا لە تیکتۆکە"، پاشان ترەمپ دەڵێت، "جێگەی شانازیمە". لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تیکتۆک باجی فەرمیی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ڤیدیۆی تێدا بڵاوکراوەتەوە. تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 650 هەزار شوێنکەوتووی لە خۆی کۆکردووەتەوە و ڤیدیۆکەش کە بڵاویکردووەتەوە 6 ملیۆن جار بینراوە. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، بەشداریکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تیکتۆک بۆ ئەوەیە پەیامی، تێڕوانینی " ئەمریکا یەکەمینە"ی ترەمپ بگەیێننە هەموو سووچێکی وڵاتەکە. تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەلایەن 170 ملیۆن ئەمریکییەوە بەکاردەهێنرێت. لە پێشوودا ترەمپ دژی بەکاربردنی تیکتکۆک بوو و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. دروستکردنی لاپەڕەی تیکتۆک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکاوە تاوانبارکرا بەوەی، لەو کاتەدا ویستوویەتی کامپەینی بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، پارەی داوەتە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو پەیوەندیی نێوانیان بشارێتەوە.
هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەدڵنیایەوە پارێزگاری کەرکوک کورد دەبێت و بەدڵی هەمووان دەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە دڵنیایەوە پارێزگاری کەرکووک کورد دەبێت و بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆ دان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پارێزگارێک دیاری دەکەن کە بە دڵی هەمووان بێت. سەبارەت بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا، سەردانێکی زۆر سەرکەوتووبووە. دەشڵێت، لە بەغدا هەموو لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بابەتی مووچە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، سەرۆکی حکومەت زۆر سوورە لەسەر ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوو وەزیری راستڕۆی ئیسرائیلی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا قایل بێت، دەست لەکاردەکێشنەوە. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی هەینی جۆ بایدن پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی "تەواوەتی" کرد. رۆژی یەکشەممە 6-2-2024، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایش و بیزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی دژی ئاگربەستن. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە هێشتا ئامادەی ئاگربەست نین. بیزالێل سمۆتریک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە، "ئەوەم بۆ [بنیامین ناتانیاهو] روونکردووەتەوە، کە نابم بە بەشێک لەو حکومەتەی بە پێشنیازی ئاگبەستەکە رازیبێت و پێش لەناوبردنی حەماس و گێڕانەوەی تەواوی بارمتەکان جەنگ رابگرێت". هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بە "لەرزۆک" و "سەرکەوتنی تیرۆر" ناوبردووە و دەشڵێت، قایلبوون بەو ئاگربەستە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئیتامار کە سەرۆکی پارتێکی هاوپەیمانی ناتانیاهووە و بەیەکەوە حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیان پێکهێناوە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە قایلبێت، پارتی ئۆتزما یەهوودی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم کاتەدا بنیامین ناتانیاهو لە ژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. هەرچی ئیسرائیلە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان دەڵێن نابێت ئاگربەستەکە قبوڵ بکرێت و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە. بزوتنەوەی حەماس هەرزوو رایگەیاند، پێشنیازەکەیان بە ئەرێنیانە لێکداوەتەوە و ئامادەی هەر گفتووگۆیەکن لەبارەی ئاگربەستی هەمیشەییەوە بکرێت. رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ قۆناخیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 8 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد. قۆناخەکان بریتین لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان، دواتر گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لە دروستنەبوونی پێکدادانی دیکە لە داهاتوودا و پاشانیش پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.
هاوڵاتی تیمی گۆیژە بپارێزە، زۆر بەتوندی ئیدانی تێکدانی سروشتی شاخی گۆیژە دەکەین، کە ماوەی چەند رۆژێکە لالیەن هەندێک کۆمپانیا زەویەکەی هەڵدەکەندرێت و بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەکاردەهێنرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، تیمی گۆیژە بپارێزە، کە پێکدێن لە چەندین چالاکوانی ژینگەی و نوسەر و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، لە رێگەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، لە شوێنی ئەوەی شاخی گۆیژە زیاتر سەوز پۆش بکرێت و بۆ خزمەتی گشتی بەکاربهێنرێن لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی سەر بەدەسەڵات دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون. دەشڵێن، دوای ئەوەی ئەم شاخە بەم شێوازە دەشێوێنرێت و سیمای شاری سلێمانی ناشرین دەکەن و دەیکەن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون دواتر دەیخەنە خزمەتی چینە سەرمایەدارەکانی شارەکە. ئەوەشیانخستەڕوو، سەرجەم بڕگەکانی یاسای دادگای فیدراڵی و هەرێم کوردستانیش تایبەت بە زەوی و نیشتیمان لە کاتێکدا بەکاردەهێنرێن، کە لە خزمەتی گشتی و هاوڵاتیاندا بێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین لە شاخی گۆیژە تەنها داگیرکاری شاخەکە و زەویەکەیە لە لایەن چەند لایەنێکە و پێچەوانەی یاسا و رێساکانە. جێگەی ئاماژەیە ، ماوەی چەند رۆژێکە شاخی گۆیژە لە لایەن چەن لایەنێکەوە دەکرێن بە پرۆژەی نیشتەجێبوون و سروشتەکەی تێکدەدرێت ئەمەش نارەزایەتی چین و توێژەکانی شاری سلێمانی لێکەوتۆتەوە و داوادەکەن بەزووترین کات پرۆژەکە رابگیرێت.
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لەبارەى چالاکییى گەریلاکانیى ئازادیی کوردستان لە دژى تورکیا و هێرشەکانی راگەیاندراوێکى بڵاو کردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە رایگەیاند، "لە 16 چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژی 30ی ئایار تا 2ی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلى رۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی و لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی میسکای بە چەکی قورس، چەکی نیو ئۆتۆماتیک و قەناس لە داگیرکەرانیان داوە لە ئەنجامدا گورزیان لە داگیرکەران وەشاندووە". ئاماژە بەوەش کراوە، "لە 30 و 31ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ لەسەر تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم، 21 جار گازی کیمایی ژەهراویی بەکار هێنراون". ئەوەش هاتووە، "30ی ئایار لە هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی بە درۆن بۆردوومان کراوە، 29ی ئایار و 1ی حوزەیران هەرێمی شەهید دەلیل رۆژئاوای زاپ تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی هەشت جار بە تەقەمەنی قەدەغەکرا و بۆردوومان کراون". ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "31ی ئایار و 1ی حوزەیران لە هەرێمی گارێ لە گۆڕەپانەکانی دەشتی کافیا، شاخی زنگەل، دەرگای ورچ و دێرەشێ، لە هەرێمی مەتینا لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بازێ، سەری مەتینا و دەگەل، لە گۆڕەپانی سنینی هەرێمی خواکوڕک جارێک، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، بە گشتی 18 جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون".
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین رایدەگەیەنێت بەهۆی نەبوونی کادرەوە کورد ناتوانێت بەشێک لە پۆستەکان لە قەزای دوزخورماتوو وەربگرێت، ئاماژە بەوەشدەکات باڵانسی دەسەڵات بەلای کوردا نییە. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە هاوڵاتی راگەیاند، "لە ئێستادا سەرقاڵی دابەشکردنی پۆستین لە شاری تکریت و کار لەسەر وەرگرتنی پۆست دەکەین بۆ کورد و پۆستەکانی بەڕێوەبەری راوێژکار و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانمان لە پارێزگای سەڵاحەدین وەرگرتووە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لەئێستادا لە هەوڵداین چەندین پۆستی دیکە لە تکریت وەربگرین و دواتر لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان گفتوگۆ دەکەین لەبارەی پۆستەکانی قەزای دوزخورماتوو، کە بەپێی ئەو رێژەی کە ئێستا هەیە لە %12ی پۆستەکانی دوزخورماتوو بۆ کوردە و لە %64ی لای شیعە و تورکمانە و لە %24یش لای عەرەبی سوننەیە". یاسین داودی باسی لە کێشەیەکی دیکە کرد و وتی، "یەکێک لە کێشەکانی کورد لە قەزای دوزخورماتوو ئەوەیە کە کادیری کورد کەمە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، هەروەها رەنگە هەندێک پۆستمان بەرکەوێت لە ئێستادا نەتوانین وەکو پێویست ئیدارەی بدەین، چونکە باڵانسی هێز بە لای ئێمەدا نییە". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین وتیشی، "لە قەزای خورماتوو داوای پۆستەکانی بەڕێوەبەری پەروەردە و شارەوانیمان کردووە". ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنها یەک نوێنەری کوردە، ئەویش یاسین داوودییە لە یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان، هەروەها قەزای دوزخورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی رووداوەکانی خنکان لە بەنداوی خاسەی پارێزگای کەرکوک بەردرەوامە و ئەمڕۆش گەنجێک لەکاتی مەلەکردندا خنکا. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، دوو گهنج به مهبهستی مهلهكردن، چوونه سهر بهنداوی خاسهی نزیك كهركوك یەکێک لە گەنجەکان خنکاوە و تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا. لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا ئەم دووەمین رووداوی خنکانە کە لە بەنداوی خاسەی پارێزگای کەرکوک روودەدات.
هاوڵاتی دەستەی خانەنشینی عێراق خانشینان ئاگاداردەکاتەوە کە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیرانی 2024، حسام عەبدولسەلام بریکاری سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ کارەکانی ناردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینان تەواودەکرێت و دەدرێت بە بانکەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای وردبینیکردن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە ئەمشەوەوە بە شێوەی پلەبەندی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات و داواش لە ئەو خانەنشینانە دەکەین کە لەرێگەی کورتەنامەوە ئاگاداردەکرێنەوە سەردانی بانکەکان بکەن و مووچەکانیان وەربگرن". ئەمەش لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە.
هاوڵاتی لە ماوەی مانگی رابردوودا لایەنی کەم سزای سێدارەی 67 بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی چوار کە 77 بەندکراو لە سێدارە درابوون،10حاڵەت واتا %13 کەمی کردووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئایاری 2024 لایەنی کەم سزای سێدارەی 67 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە، شایەنی باسە کە، ناسنامەی 66 کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. بەپێی ئەو راپۆرتەی رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی ئایاردا لایەنی کەم سزای سێدارەی 25 بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە %37ی سەرجەم حاڵەتەکانە، هەروەها لەو مانگەدا 15 بەندکراوی تورک، پێنج بەندکراوی بەلووچ و سێ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە سێدارە دراون. لە مانگی ئایار سزای سێدارەی دوو بەندکراوی مەزهەبی و ئایینیی کورد بە ناوەکانی خەسرەوە بەشارەت و ئەنوەر خزری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. هەروەها سزای سێدارەی منداڵێکی کوردی تاوانبار و خەڵکی شاری میاندواو بەناوی ڕامین سەعادەت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێ کراوە. لە مانگی رابردوودا لایەنی کەم سزای سێدارەی چوار ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە، فەریبا محەممەدزەهی بەندکراوی خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی کرمان، رەزیە خەڵکی مەشهەد لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد، پەروین مووسەوی خەڵکی مەراغە لە بەندیخانەی ئورمیە و فاتمە عەبدوڵڵاپوور خەڵکی نەیشابوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئەو چوار ژنەن کە لە مانگی رابردوودا لە سێدارە دراون.
هاوڵاتی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆکرا لەبارەی راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بە بڕی خەرجی زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار و مانەوەی دەقی ماددەکانی بودجەی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024، 2025، کە پارساڵ پەسەندکرا. وتیشی، بودجەی ئەمساڵ هیچ تەرخانکراوێکی تێدا نییە بۆ گەشەپێدانی هەرێمەکان و پترۆ دۆلار. ئەوەشی خستوەتەڕوو، پشکی هەرێم لەگەڵ بڕی تەرخانکراو بۆ تێچوی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە، و لەم بڕە زیاتر لە 11 تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پشکی هەرێم و بەتەواوی بەدەرکراوە لە مەرجی خەرجی کرداری(الانفاق الفعلي)، بەوەش دابەشکردنی مانگانەی مووچە لە هەرێم بە تەواوی مسۆگەرکراوە.
هاوڵاتی ئەپیکۆر، ڕێکەوت لەگەڵ هەرێم و بەغدا و ئامادهیی دهربڕی له ئهگهری رێككهوتن له نێوان ههرێم و بهغدا گۆرانکاری لە گرێبەستەکانی نەوتدا بکات. ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، ئەپیکۆر، له تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێكس رایگەیاند، ئهگهر رێككهوتن له نێوان حكومهتی ههرێمی كوردستان، وهزارهتی سامانه سروشتییهكان و حكومهتی عێراق، وهزارهتی نهوت، واژۆ بكرێت و گرێبهستهكان پێویستییان به گۆڕانكاری ههبێت، كۆمپانیاكانی ئهندام له ئهپیكۆر ئهوه لهبهر چاو دهگرن. ئهوهش لهكاتێكدایه كه پێشتر مایڵز كاگینز، وتهبێژی كۆمهڵهی پیشهسازی نهوتی كوردستان رایگهیاند، ئهپیكۆر پێشوازی له پێكهێنانی ئهو لیژنه هاوبهشهی نێوان ههولێر و بهغدا دهكات، كه لهلایهن وهزیری نهوتی عێراقهوه راگهیهندرا. ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەپیکۆر به ئامانجی دهستپێكردنهوهی ههناردهی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بۆری نهوتی عێراق و توركیا. ئەوەشی خستبۆوەڕوو، وهك كۆمپانیا نێودهوڵهتییهكانی بواری نهوت، چاوهڕێ دهكهین به شێوهیهكی فهرمی ئاگادار بكرێینهوه، بۆ ئهوهی رۆڵی خۆمان لهو دانووستانانه بگێڕین.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە ژمارەیەک پەلاماری تورکیادا بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان چوار شەڕڤان شەهید دەبن و 12 هاونیشتمانیی سڤیلیش بریندار دەبن. رۆژی شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە رایگەیاند، لە پەلامارێکی درۆنیی تورکیادا بۆ سەر کانتۆنی جزیری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، چوار شەڕڤان شەهیدبوون و 12 هاونیشتمانیش برینداربوون. بە گوێرەی راگەیێنراوەکەی هەسەدە، هێرشەکە بە درۆن بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک کراوە کە چوار شەڕڤانی تێدابوون. هەروەها هێرشکراوەتە سەر ئامبوڵانسێکی مانگی سوور کە هەوڵیداوە بە هانای قوربانییەکانەوە بچێت. ئاژانسی هاوار لە دوای رووداوەکە گوتەی قوربانییەکانی لە نەخۆشخانەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر وەرگرتووە و بەم جۆرە باسی رووداوەکەیان کردووە. کاتێک بە ئاگاهاتوون بەشێک لە کێڵگەکانیان لە گوندی تەل حەمیس ئاگریان گرتووە، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام لەو کاتەدا لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە پەلاماریان دراوە. زۆربەی ئەوانەی برینداربوون ئەندامی یەک خێزانن و تەمەنیان لە 10 بۆ 60 ساڵدایە. لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین جار باس لەوە کراوە، سوپای تورکیا بە ئەنقەست ئاگر لە کێڵگەی هاووڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان بەردەدات. بەڕێوبەرایەتی خۆسەر هەرزوو سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەمە تاوانێکی دیکەی جەنگە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا. ئەمە بەردەوامی سیاسەتی جینۆسایدخواز و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیایە". هێرشەکە دوای یەک رۆژ لە گوتارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دێت کە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بە "تیرۆرستان" ناوبرد و وەک هەڕەشە بۆ سەر تورکیا باسی کردن. بە گوێرەی ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا لانیکەم 103 جار پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی داوە و لەو هێرشانەدا 28 هاونیشتمانی کوژراون و 44 کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 49 ساڵیادیی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی حزبەکە کرد و دەڵێت، یەکێتی خاوەن مێژوویەکی دیار و بەرچاوە و لە زۆر قۆناغی جیاوازی مێژووی گەلەکەماندا، ڕوڵی دیار و کاریگەری هەبووە. دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی: پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەڕێزتان و ئەندامان و لایەنگرانتان دەکەم. یەکێتی خاوەن مێژوویەکی دیار و بەرچاوە و لە زۆر قۆناغی جیاوازی مێژووی گەلەکەماندا، ڕوڵی دیار و کاریگەری هەبووە. لەم رۆژەدا یادی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خوالێخۆشبوو بەڕێز مام جەلال دەکەینەوە و هیوادارم لە تێکوشان و خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکان و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و هەروەها لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و هەر سەرکەوتوو بن. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بنیامین ناتانیاهو دەڵێت، هیچ ئاگربەستێکی تاهەتایی ناکەن تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئەویش تێکشکاندنی توانای سەربازی و بەڕێوبەرایەتی حەماس و ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانیانە. رۆژی هەینی، 1-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئاگربەست ناکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە ئەوان ئاگربەستەکە پەسەند دەکەن ئەگەر ئیسرائیلیش وابکات. قسەکانی ناتانیاهو دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 3 قۆناخیی بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە کرد و داوای لە حەماس و ئیسرائیلیش کرد پەسەندی بکەن. لە راگەیێنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "هیچ شتێک لەبارەی کاتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە". ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئامانجەکانیان بەدەستن نەهێنن دەست لە جەنگ هەڵناگرن، ئەوانیش، "لەناوبردنی توانای سەربازی و بەڕێوەبردنی حەماس، ئازادکردنی تەواوەتی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیدیکە هەڕەشە نابێت لەسەر ئیسرائیل". باسم نەعیم، گوتەبێژی حەماس لە قەتەر بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، ئەوان پێشوازیان لە پێشنیازەکە کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر ئیسرائیل. باسم ئەوەشی گوتووە، "ئەگەر ئەو [ناتانیاهو] هەوڵبدات بەردەوام بێت، هیچی دەستناکەوێت جگە لە ئامادەیی خەڵکی فەڵەستینییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکە". تاوەکو ئێستا لە پێکهاتەکانی دیکەی حکومەتەکەی ناتانیاهوەوە هیچ قسەیەک نەکراوە، بەڵام یایر لاپید، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، پاڵپشتی ناتانیاهو دەکات ئەگەر ئاگربەستەکە پەسەند بکات. ئەمریکا، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس چەند مانگێکە لە قاهیرە گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە. جەنگی ئیسرائیل و حەماس دوابەدوای پەلامارەکەی حەماس هات بۆ سەر ئیسرائیل، کە تێیدا 1200 هاووڵاتی ناوخۆیی و بیانی و پۆلیس کوژران و 252 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر غەززە، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە دوای شەش هەفتە و حەوت قۆناخی جیاواز کۆتایی هات. ئەنجامە بەراییەکان وای نیشاندەدەن، نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی هیندستان. رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان کە نزیکەی 1 ملیار کەس تێیدا مافی دەنگدانیان هەبوو کۆتایی هات. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دوو ئاژانسی ئەو وڵاتە، مۆدی لە 543 کورسی پەرلەمانی هیندستان توانیویەتی زیاتر لە 350 کورسی بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەی هەر پارتێک بتوانێت دەسەڵات لە هیندستان بگرێتە دەست، پێویستی بە 272 کورسییە. پارتەکەی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنی 2019دا 353 کورسی بەدەستهێنابوو. پێشبینی دەکرێت پارتی ئیندیا، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنە نزیکەی 120 کورسیی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەو ئەنجامانە رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندە ناوی دەبەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە 19ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و شەش هەفتەی خایاند. لە هەلبژاردنەکەدا نزیکەی یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. دەنگدان بە حەوت قۆناخی جیاواز بەڕێوەچوو. ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەگەر مۆدی لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە، ئەوە دەبێتە دووەم سەرۆکوەزیران لە مێژووی هیندستان کە توانیبێتی 3 جار لەسەر یەک حکومەتی هیندستان بەڕێوەبەرێت. مۆدی لە بانگەشەکانیدا بەردەوام باسی ئەو دەستکەوتانەی دەکرد لە 10 ساڵی رابردوودا بەدەستی هێناوە و یەکێک لەو تۆمەتانەش کە دەیدایە پاڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبوو، ئەو پارتە لایەنگری پێکهاتەی موسڵمانان لە هیندستان دەکات. ئەمڕۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە کۆتا قۆناخی هەڵبژاردنەکەدا دەنگیاندا، لەبەر بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما بۆ 48 پلەی سلیزی، لانیکەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە.