هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، تەواوی سنووری نێوان باشووری غەززە و میسریان کۆنترۆڵکردووە. سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە بتوانێت زیاتر هێزی خۆی بەسەر حەماسدا بسەپێنێت. رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوەتی سنووری غەزەیان لەگەڵ حەماسدا کردووە، کە سوپای ئیسرائیل بە گەرووی فلادیلفیا ناوی برد. هاگاری گوتی، "گەرووی فیلادلفیا وەک هێڵێکی ئۆکسجین وابوو بۆ حەماس، کە لە رێگەیەوە چەکی بۆ ناو غەززە دەهێنا". ئەو سنوورەی غەززە و میسر تەنیا سنووری غەززە بوو کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردبوو. سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح کە ئێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانە 2 ملیۆن و 300 هەزارییەکەی غەززەی تێدا ئاوارەن. ئەمە لەکاتێکدایە دادگەی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە هەفتەیەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە، هێرشەکانی رابگرێت. هەروەها رۆژی چوارشەممە 29ی ئەم مانگە، ئیسرائیل بۆ جاری یەکەم تانکی بۆ ناوەندی شاری رەفەح نارد، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لێکردبوو کاری لەو جۆرە نەکات. لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت. دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاگاداری دەنگدەران دەکاتەوە، بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە سەردانیکردنی نزیکترین بنکەی تۆمارکردنی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ تۆمارکردنی داتای بایۆمەتری. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر رایگەیاند، "لە دوای 2ی6ی2024 ناتوانیت داتای بایۆمەتری خۆت تۆمار بکەیت و بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانى – عێراق 2024 پێش ئەو وادەیە خۆیان تۆماربکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "رۆژی هەینی 31ی5 و رۆژی شەممە 6ی1 دەوامی فەرمییە لە بنکەکانی تۆمارکردنی سەر بە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و ئامادەبوونى بریکار، راوێژکاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو و چەند بڕیارێکی گرنگی تێدا درا. بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان درا. یەکێکی تر لە بڕیارەکان برتیبوو لە زیادکردنی کارەبا و لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین. وەزارەتى کارەبا دەشڵێت، "تیمەکانی هێڵەکانی پاڵەپەستۆی بەرز وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، هەرلە کۆبوونەوەکەشدا بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دراوە".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دوای نزیکەی مانگێک لە بێسەروشوێنی نەجمەدین محەمەد تەمەن 75ساڵ لە شاخی قەرەداغ، تەرمەکەی درایەوە دەستی کەسوکارەکەی. جێگای ئاماژەیە، نەجمەدین محەمەد تەمەن 75ساڵ نزیکەی مانگێک لە بێسەروشوێن بوونی لە شاخی قەرەداغ، دوێنێ 29ی ئایاری 2024 لە رێگەی دوو هەنگەوانەوە تەرمەکەی دۆزرایەوە و ئەمڕۆش گەیەندرایە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی و درایەوە دەست کەسوکارەکەی. پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بەناوی (نەجمەدین محەمەد ساڵح) تەمەن 75 ساڵ لەڕۆژی 1ی ئایاری 2024ەوە لەماڵ چوبوە دەرەوەو چارەنوسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاووڵاتییەکە و سەرەنجام 29ی مانگ تەرمی هاووڵاتییەکە لەقۆپییەکانی قەرەداغ دۆزرایەوە. وتیشی، لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە. هاوكات ئهمڕۆ پێنجشهممه 30ی ئایاری 2024، كوڕی، هاووڵاتییه كۆچكردووهكه لە بەردەم پزیشکی داد، رایگهیاند: باوکیان لە 1ی ئایارەوە لە باخەکەی خۆیانەوە رووی لە کەژوکێوی ناوچەی قەرەداغ کردووە، دوای پچراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا و بەدواگەڕانێکی زۆر بۆماوەی 29 رۆژ، دوێنێ چوارشەممە ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێک لەو ناوچەیە کە گوماندەکرا باوکیان بێت، دواتر بەهاوکاری قایمقامی قەرەداغ و لایەنەپەیوەندیدارەکانی توانراوە ئەو تەرمە لە شاخەکە بهێنرێتە خوارەوە چونکە لە شوێنێکی سەختدا بووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان رایگەیاند، لە پارێزگاكانی هەرێم زیاتر لە 143 هەزار دەنگدەر كارتی دەنگدانیان نوێكردووەتەوە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكەن. جومانە غەلای، وتیشی، كۆمسیۆن كارتی بایۆمەتری ئەو دەنگدەرانەی هەرێمی كوردستانی چاپكردووە كە لە ماوەی 1ی شوبات تا 10ی ئازاری رابردوو داتاكانیان نوێكردۆتەوە. ئەوشی خستەڕوو، ئەو دەنگدەرانەی كارتی بایۆمەترییان بۆ چاپكراوە گەیشتووەتە 143 هەزار و 632 كەس كە بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی، هەولێر و دهۆك دابەشبوون. سەبارەت بە ژمارەی کارتەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیبەوەکرد، كارتەكان بەپێی پارێزگاكان، سلێمانی 42 هەزار و 856 كارت، هەولێر 67 هەزار و 476 و دهۆكیش 33 هەزار و 300 كارتە. دەشڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكرێت بە دابەشكردنی كارتەكان لە 173 ناوەندی تۆماركردن.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 ئایاری 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەدەکات بۆ ئەوەی چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکات". دەشڵێت،"لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆیدا مەسرور بارزانی تەوەری مێزی گفتوگۆکردنی بریتی دەبێت لە چارەسەری ڕیشەیی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، موچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان و پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت و گەنمی جوتیاران و چەند دۆسیەیەکی دیکە". ئەوەشی خستۆتەڕوو، "هەرێمی کوردستان نیەتی جددی و ڕاستگۆیانەی هەیە بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و هەروەها پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییە لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربونی کابینەکەی لەم روانگەیەشەوە بۆ هەموو گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە دەستپێشخەرین".
هاوڵاتی دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، راپۆرتێكی له بارهی وهرگرتنی مووچهی نایاسایی لهلایهن پهرلهمانتارانی كوردستان بڵاوكردهوه و رایگهیاند، پهرلهمانتارانی كوردستان 30 ملیۆن دینار مووچه بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە چوار ملیار و 265 ملیۆن و 500 هەزار دینار. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، دامهزراوهی پهی بۆ پهروهرده و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن. راپۆرتهكهی دامهزراوهی پهى رایگەیاند، ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا تێدەپەڕێت، كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستووری داناو لە ئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەشیخستۆتەڕوو، "بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن". دهشڵێت، "پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا". دهشڵێت: "هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن!". دهقی راپۆرتهكهی دامهزراوهی ئینستتیوتی پەی: ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادیدا تێدەپەڕێت كە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بە نادەستوری داناو لەئەنجامدا بەبێ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت كۆتایی بەتەمەنی خولەكە هات و هەرێم كەوتە بۆشایی یاساییەوە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت شوێنەوارەكانی بڕیارەكە سەبارەت بە ماف و ئیمتیازات نەك جێبەجێ نەكراوە بەڵكو چەندین پێشێلكاریش ئەنجامدراوە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی دەبوایە ئەزموونی لێ وەربگرن. یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمان یاسادانانە، ئەو یاسایانەی دایدەنێت هاووڵاتییان و دامودەزگاكانی تری وڵات مولزەم دەكات جێبەجێی بكەن، لەهەمان كاتدا ئەركێكی تری چاودێری كردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەوەی تا چەند پەیوەستبوونە بەیاساوە یا پێشێلكاریان كردووە، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات. بەڵام بەداخەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان سەرباری ئەوەی لەساتی ئاسایی خولەكەدا كەمترین ئەركە یاساییەكانیان ئەنجامداوەو زۆرترین پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویان كردووە، دوای تەواو بوونی ماوەی یاسایی خولەكەش دەستبەرداری ئیمتیازەكانیان نەبوون و بەشێوەیەكی نایاسایی درێژەیان پێداوە، لەلایەن دەسەڵات و دامەزراوەكانی تریشەوە یا پشتگیری كراون، یا بێدەنگی هەڵبژێردراوە لە ئاستیاندا، دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕیان بكەینەوە: یەكەم: وەرگرتنی مووچە بە شێوەی نایاسایی: دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بەپێی بڕیاری دادگەی ئیتیحادی لە (6/11/2022)ەوە وەك پەرلەمانتار نەمان و كۆتایی بە خولەكە هاتبوو، بەڵام بۆ ماوەی هەشت مانگ مووچەو ئیمتیازاتی پەرلەمانتاریان وەرگرتووە، كە هەر یەكێك لە پەرلەمانتارەكان بە تێكڕا بڕی زیاتر لە 30 ملیۆن دیناریان بە زیادەو بەنایاسایی وەرگرتووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 4.265.500.000 چوار ملیار و دووسەد و شەست و دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار، لەو كاتەدا چەندین یادداشتمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دامەزراوەكانی تر نارد، بەڵام بێدەنگیان هەڵبژارد و بەردەوامبوون لەسەر ئەم پێشێلكارییە و هیچ ئیجرائاتێكیان نەكرد، كەچی ئێستا ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە خۆیان كاندیدكردوەتەوەو بەڵێنی ئاڵ و واڵا بە هاووڵاتییان دەدەن گوایە ئەو مووچە خوراوانەیان بۆ دەگێڕنەوە كە بە نایاسایی لێیان بڕاوە، لەكاتێكدا خۆیان بەنایاسایی هەشت مانگ لەسەر حیسابی خەڵكی كوردستان مووچەیەیان وەرگرت و بۆ خەزێنەی گشتیان نەگێڕایەوە. دووەم: یەكێك لە بیانووەكانی حكومەت و وەزارەتی دارایی گێڕانەوەی مووچە نایاساییەكاندا كە بە پەرلەمانتاران درابوو، پێیانوابوو چونكە مووچەكە دابەشكراوە وەرگرتنەوەی ئاسان نیە، ئێمە پێشنیازی ئەوەمان بۆ كردن كە لەساتی خانەنشینبوونیاندا ئەو ئیكرامیەی بڕیارە پێیان بدرێت رابگیرێت و بڕی ئەوپارەیان لێ بگێڕنەوە، پێیان باش بوو، بەڵام دیسانەوە پەیوەست نەبوون و نەك نەیانگێرایەوە ئەوەتا لەم هەفتەیەدا بڕی 52 ملیۆن دینار ئیكرامیە بۆ هەر یەك لە پەرلەمانتارەكان خەرج كراوە. سێیەم: لە دوای بڕیارەكەی دادگەی ئیتیحادییەوە هیچكام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خەسلەتی یاساییان نەماوەو هەر بۆیەش دەبوایە هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی بەو ناوەوە وەریاندەگرت لێیان رابگیرێت، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆرینەیان شوققەو خانووەكانی پەرلەمانیان چۆل نەكردووەو بەكاری دەهێنن. چوارەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی دوای تەواو بوونی ماوەی یاساییان ڤیلاكانی پەرلەمانیان چۆل نەكرد، ئۆتۆمبێلەکانیان رادەست نەکردەوە، پاسەوان و فەرمانبەرانی پەرلەمانیان بۆ خزمەتی خۆیان لە حزبەکانیاندا بەکار دەهێنا، (لەم هەفتەیەدا سکرتێر ڤێللا و ئۆتۆمبێلەکان و جێگری سەرۆکیش ئۆتۆمبێلەکانی رادەست کردەوە بەڵام هێشتا ڤێللاکانی رادەست نەکردۆتەوە)، سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت هیچ کام لە ڤێللاکان و ئۆتۆمبێلی رادەست نەکردوەتەوە، جگە لەمانە تەنانەت ئەندام هەبووە لە دەستەی سەرۆكایەتی نەك هەر خۆی بەڵكو (هاوسەر)ەكەیشی كە هیچ پەیوەندییەكی بە پەرلەمانەوە نەبووە، كەچی لە ماوەی پێنج ساڵ و نیوی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای پەرلەمانی لابووە، بەكاری هێناوەو لەم هەفتەیەدا دوای فشارێکی زۆر لێی وەرگیراوەتەوە! پێنجەم: پێنج كاندید كە دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردبوو، تەنها سێ مانگ لەماوەی نایاسایی پەرلەماندا وەك پەرلەمانتار دەستبەكار ببوون، بەنایاسایی هەوڵی خانەنشینكردنیان درا، هەرچەندە وەك دامەزراوەی پەی لە راپۆرتێكدا رای گشتیمان لێ ئاگادار كردەوەو لەمبارەیەوە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كرد و بڕیاربوو پرۆسەكە رابگیرێت، كەچی لە ئێستادا جارێكی تر نوسراویان بۆ كراوەتەوەو ئەنجوەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی خەریكی خانەنشینكردنیانن! پەندێكی كوردی هەیە دەلێت "ئەگەر خەڵك شێت بن دەچن بۆسەر ئۆمەرمەندان، بەڵام ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو بچێت بۆ كوێ؟"، پەرلەمانیش لە بری ئەوەی رێگری لەئەنجامدانی كاری نایاسایی بكات، كەچی خۆی زۆرترین یاساشكێنی كردووەو لەسەریشی بەردەوامە! حكومەت لەبری ئەوەی خاوەنی ئەو پەیامەبێت كە هەڵی گرتووەو باسی چاكسازی دەكات، كەچی رێخۆشكەر و هاوكار و جێبەجێكارە لەم دۆسیانەی بەشێوازی گەندەڵی بەڕێوەدەچن. لێرەدا پرسیارێك رووبەڕووی سەرۆكی حكومەت دەبێتەوە كە هەمیشە وتوویەتی كابینەی نۆیەم كابینەی چاكسازییە! دەكرێت پێمان بڵێت ئەو هەموو گەندەڵی و لەیاسادەرچوون و بەهەدەردانانە لەكام بڕگەی چاكسازیی كابینەكەیدان؟ دەكرێت جێگری سەرۆكی حكومەت پێمان بڵێ ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكەی كردیان و دەیكەن لەگەڵ كام بەڵێن و كام بڕگەی بانگەشەی ساتی هەڵبژاردنەكانیدا دێتەوە؟ دەكرێت وەزیری دارایی پێمان بڵێت ئەو كارەنایاسایی و رێخۆشكردنانەی بۆ گەندەڵی لەگەڵ كام لە پرەنسیپەكانی بزوتنەوەكەی (بزوتنەوەی گۆڕان)دا وێك دێنەوە؟ هەموو ئەو كارانەی دەكرێن نایاسایین و هیچ كەس و دامەزراوەیەكیش نیە لێپێچینەوەو رێگرییان لێ بكات، لەچەند مانگی رابردوودا دامەزراوەی پەی بەفەرمی چەندین یادداشتی لەبارەی هەریەك لەم دۆسیانە پێشكەشی دامەزراوەكانی (دیوانی چاودێری دارایی) و (دەستەی دەستپاكی) و (داواكاری گشتی) كردووە ئاگاداركراونەتەوە، بەڵام ئەم دامەزراوانە لەبری ئەوەی ئیجرائاتی پێویست بكەن و رێگربن لێیان، بەداخەوە هیچ كامیان لەئاست ئەو ئیلتیزامە یاسایی و مۆڕالییەدا نەبوون كە سوێندیان لەسەری خواردبوو و بە ئەركی خۆیان هەڵنەستان، هەر بۆیەش هەموویان بێدەنگیان هەڵبژارد و متەقیان لێوە نەهات! رەوشەكە مەترسیدارە، هەرێمێك لەبۆشایی یاساییدایە، قەیرانی دارایی و بێ موچەیی بەرۆكی گرتووە، پەیوەندییەكی ئاڵۆز لەگەڵ دەوروبەر و بەغدا هەیە، موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا نادرێت و دەیان موچەیان پاشەكەوت كراوە، بوونی ناعەدالەتی و یاساشكێنی و گەندەڵیش لەولاوە بووەستێ، ئەمە لەكاتێكدایە هەڵبژاردن لەبەردەمدایە، ئاخۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە چی دەگوزەرا؟ هەرچەندە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكیش دواخرا، بەڵام خۆ هەر دەبێت بكرێت، هەموو ئەمانە هاوڵاتیان توڕەتر دەكەن، لەبەر هەموو ئەم هۆكارانە لەسەر كۆی هێزە سیاسییەكان پێویستە هەڵوەستەیەك بكەن و بەخۆدابچنەوەو رێز لە یاسا بگرن. بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی نادیاری مەترسیدار چاوەڕێی خۆیان و هەرێمەكەمان دەكات. دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان 30/5/2024
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024،مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق گەیشتە بەغدا. حكومهتی ههرێم بڵاویكردهوه، لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت. دەشڵێت، "هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان"، ئهمهش بهپێی راگهیهندراوهكهی حكومهتی ههرێم”.
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، کاتژمێر 1:30 لە شاری بەغدا لە دوو هێرشی جیاوازدا، كۆمپانیایەكی ئەمریكی و پەیمانگایەكی بەریتانی لەلایەن چەند کەسانێکی نەناسراوەوە کرانە ئامانج. هێرشەکان لە ناوچەی جادریەی بەغدا بینای كۆمپانیای كەتەربلەری ئەمریكی بە بۆمبێكی دەستكرد و پاش كەمتر لە پێنج خولەكیش لە شەقامی فەڵەستین پەیمانگای كامبرجی بەریتانی هێرشەکان روویانداون. هێرشەکان زیانی گیانیان نەبووە و تەنها زیانی مادیان هەبووە، لە دوای هێرشەکان هێزەئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکان و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بەردەوامە. ئەم دوو هێرشەش لەكاتێكدایە كە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە سێ چێشتخانەی ئەمریكی لە ناوەندی بەغداد كرانە ئامانج، كە بەهۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرماندەی لیوایەكی دوورخستەوە و ژمارەیەك گومانلێكراویشی دەستگیركرد.
هاوڵاتی سبەینێ هەینی 31ی ئایاری 2024، لە 18 پارێزگای عێراق سەرژمێری گشتی دانیشتوانی ئەزموونی بەڕێوەدەچێت، کە ماوەی 14 رۆژ دەخایەنێت و 764 لێكۆڵەرەو كارمەندی هونەری و كارگێڕی لە فەرمانبەرانی سەربە دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەشداری تیادا دەكەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 30 ئایاری 2024، رۆژنامەی الصباح، بڵاوی کردەوە، کە سبەینێ هەینی سەرژمێری دانیشتوانی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت, كە لە 86 ناوچەی جیاواز 18 پارێزگا ئەنجامدەدرێت. راشیگەیاند، پرۆسەكە ماوەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت, 764 لێكۆڵەرەو كارمەندی هونەری و كارگێڕی لە فەرمانبەرانی سەربە دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەشداری تیادا دەكەن. لەم بارەوە محەمەد تەمیم, وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، لێكۆڵەرو ژمێركارەكان لەنێوان كاتژمێر 8 بۆ 9ی بەیانی دەگەنە ئەو ناوچانەی كە سەرژمێرییەكە دەیگرێتەوە, كارەكەیان تا كاتژمێر 4 پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت, بە درێژایی رۆژانی سەرژمێری ئەزموونی. وەزیری پلاندانان، ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاوكاریكردنی خێزانەكان بنەمای سەركەوتنی پرۆژەكەیە, جەخت لە پابەندبوون دەكەین بە نهێنی بوونی داتاكان و پاراستنی تایبەتمەندی كەسەكان, بۆ هیچ مەسبەستێكی تر بەكارناهێنرێت جگە لە ئامانجەكانی گەشەپێدان. ئەو ناوچانەی سەرژمێری ئەزموونی دەیانگرێتەوە, ژمارەیان 86 گەڕەكە و 450 بلۆك, كە بەسەر سەرجەم پارێزگاكانی عێراقدا دابەشبوون, كە هەر لە پارێزگایەك 20 بۆ 30 بلۆك لە خۆدەگرێت. لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغداد و بەسرە 6 گەڕەك, نەینەوا 5 گەڕەك, زیقار 8 گەڕەك, كەركوك 4 گەڕەك, لە هەریەك لە نەجەف و بابل 6 گەڕەك, دیالە 3 گەڕەك, میسان 7 گەڕەك, كەربەلا 3 گەڕەك, دیوانیە 2 گەڕەك, ئەنبار 7 گەڕەك , موسەننا 4 گەڕەك. ئەمەش لە کاتێکدایە، بە کۆی گشتی هەرسێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە 19 گەڕەک پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوانی ئەزموونی ئەنجامدەدرێت، زیاتر لە 750 کارمەندی وەزارەتی پلاندانان بەشدار دەبن تێیدا.
هاوڵاتی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە رەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەتۆمەتی کوشتن دەستگیرکرد. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک لە دەورووبەری هەولێر دەکوژرێت و دوای رووداوەکە و لەماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێردا، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر تۆمەتباریان دەستگیرکرد". ئاماژە بەوەشکراوە، "تۆمەتبار لەسەر مادەی هۆشبەر بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر ئامۆزاکەی خۆی و کووشتوویەتی، دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکرا".
هاوڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە نوسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکوومەتی فیدراڵ لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژۆ کرا". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ی مانگى ئايار لێژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته". دوێنێ سێشەممە 28ی ئایاری 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە پەرۆشین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دەکەین بە زووترین کات لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بکرێت". ئاماژەی بەوەشدا، "کۆبوونەوەکە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رێککەوتن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەپێی ئه و بڕه ی له یاسای بودجەدا جێگیركراوه".
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر پرسی پارێزگاری کەرکوک کۆبووەوە و کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەکە کۆتایی هات. بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی پۆستەکان پەسەندکراوە و پێداچوونەوە بە هەندێک بڕگەی کراوە، هەروەها بڕیاردراوە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆببێتەوە. هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە دەست بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکرێت. بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو، کورد حەوت کورسی بەدەستهێنا، یەکێتی پێنج کورسی و پارتی دوو کورسی، هەروەها عەرەب پێنج کورسی و تورکمانیش دوو کورسیان بەدەستهێنا لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیانەکان.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار وچالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانکاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیار کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە. هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ، دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت. دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جدیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات. ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکومەتە و داوای سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت. بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، راپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن. لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندوقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان. ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت. لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن ، راپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەو بانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.
هاوڵاتی مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ تەرمی ئەو هاوڵاتییەیان دۆزییەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە چارەنووسی نادیار بوو. ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەک بەناوی (نەجمەدین محمد ساڵح) تەمەن 75 ساڵ لەڕۆژی 1ی 5ی 2024وە لەماڵ چوبووە دەرەوەو چارەنووسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییەکە، سەرەنجام ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەکە لەقۆپییەکانی قەرەداغ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکە".